Skip to Content

64 Views

( شیعر و فەلسەفە ) یان ( فەلسەفە و شیعر ) … ناڵە حەسەن

( شیعر و فەلسەفە ) یان ( فەلسەفە و شیعر ) … ناڵە حەسەن

Be First!
by November 10, 2017 General, Literature, Slider
image_print

شیعر و فەلسەفە دوو چەمکن پەیوەندی بەهێز و توندوتۆلیان لەگەڵ یەکدا هەیە ، زۆرجاران وەک دوو هێڵی تەریب هەندێکجاریش پێجەوانە و دژ ، پەیوەندییەکە تا ئاستی ئەوەی ، هەندێکجار شاعیران بیرۆکەی فەلسەفی لە نێو شیعرەکانییان بەرجەستە دەکەن ، یان هەندێک لە فەیلەسوفەکان بە زمانی شیعر بابەت و فەلسەفەکانییان دەنووسنەوە ، هەندێک لە نووسەران و ڕەخنەگران هاوڕانین لەگەڵ ئەم پەیوەندییەدا و پێیانوایە ، شیعر و فەلسەفە لە دوو کایەی تەواو جیاواز ئیش دەکەن و نابێت تێکەڵاوی یەکترییان بکەین ، بە مانایەک ، لەگەڵ بە ( شیعرکردنی فەلسەفە ) و یان ( بە فەلسەفەکردنی شیعردا ) نین .
ئێمە لەم وتارەماندا ، هەوڵدەدەین لە ڕووبەرێکی فراوان باس لە شیعر و زمانی شیعر و پەیوەندییەکانی فەلسەفە و شیعردا بکەین ، لەم ڕاستایەش ، وەڵام بە زۆرێک لە پرسیار و ناڕۆشنییەکان بدەینەوە . بەر لەهەرشتێک ، شیعر مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە ، لە سەردەمی ( سۆمەرییەکان ) دا ، ( داستانی گلگامێش ) ، وەک دەقێکی زۆر کۆنی شیعری بە فۆڕمی ئیپیک نووسراوە ، دەگەڕیتەوە بۆ سەدەی سێیەمی پێش زایین ، بەڵام بە بڕوای من ، مێژووی شیعر لەم بەروارەش کۆنتر و دێرینترە ، مێژووی شیعر / دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی مرۆڤ ، پێش پەیدابوونی نووسین ، لەوکاتەی مرۆڤ توانای بیرکردنەوەی پەیدا کرد ، توانای ئەوەی پەیدا کرد ، لە ئاکامی بیرکردنەوە بە نێو خەیاڵدا ڕۆبچێ ، یان قسەبکات و گۆرانی بڵێ ، لەوکاتەدا شیعر پەیدا بووە .. بەڵام ، لەم وتارەماندا کاری ئێمە ساغکردنەوەی مێژووی شیعر نییە ، لێرەدا واز لەم مێژووە کۆنە دەهێنین و لە یۆنانی کۆنەوە دەست پێدەکەین .. لە سەردەمی یۆنانی کۆن ، شیعر دوو جۆر بووە ،

یەکەم / شیعری ئیپیک
دووەم / شیعری لیریک

ئەم دوو جۆرە شیعرەش ، دوو جۆر لە فۆرمی شیعرین ، ( ئیپیک ) فۆڕمێکە بەم جۆرە شیعرە درێژانە گوتراوە ، کە چیڕۆک و ئەفسانە و داستان و بەسەرهاتە تراژیدییاکان و مێژوویەکانی پێنووسراوەتەوە ، پێشەنگی ئەم فۆڕمە شیعرییەش ( هۆمیرۆس ) بووە ، کە لە سەردەمی ( سەرەتای سەدەی هەشتەم و تا ناوەڕاستی سەدەی نۆیەمی پێش زایین ژیاوە ) باشترین دوو دەقی هۆمیرۆس ( ئەلیادە و ئۆدیسە ) ن کە بە فۆڕمی ئیپیک نووسراون .. هەروەها ( لیریک ) / بەمجۆرە شیعرانە دەگوترێن ، کە مامەڵە لەگەڵ هەستەکان و غەریزەکانی مرۆڤ دەکەن . بۆ شێوازێکی ڕۆمانسییانە و بە زمانێکی سادە و لەزەتبەخش و ئیرۆسییانە ، بە هارمۆنی و مۆسیقایەکی هەست بزوێن .

پێشەنگی شیعری لیریکیش ( ئارکیلۆکەس و سافۆ و ئالکمان و ئالسییەس ) بوون ، ( سافۆ ) ژنە شاعیرێکی نێوداری شیعری لیریکە و لە مێژووی شیعردا ، بە یەکەمین شاعیری ( مێ ) دەژمێردرێ . دەتوانین بڵێین لەم سەردەمەی یۆنانی کۆن ، سەردەمی زێڕینی شیعر بووە . زمانی شیعر لەم سەردەمەدا ، زمانی فەلسەفە و مەعریفە و زمانی ئایین و بە کورتییەکەی / زمانی دەربڕین بووە .. لەم سەردەمەدا ، شانۆگەری بە هەردوو جۆرەکانییەوە ، واتە ( کۆمێدی و تراژیدییەوە ) لە هەناوی شیعردا پەیدا بوون .

ئەوەتا هەردوو فەیلەسوفی ناودار ( ئیپمادۆکلیس و پارمەنیدس ) ، لە سەدەی پێنجەمی پ ز ، بە شیعر بۆچوونە فەلسەفییەکانییان دەربڕیوە و کاریگەرییان لەسەر شاعیراندا هەبوو ، بەڵام هەردووکییان لە بنەڕەتدا ، فەیلەسوف بوون نەک شاعیر ، هەروەها دوو کەسایەتی دیاری نێو فەلسەفەی کۆنی یونانی بوون ، بۆ نموونە ، ( ئیپمادۆکلیس ) فەلسەفەکەی دەربارەی چوار پێکهاتەی سەرەکی گەردوونی بوون وەک / ( زەوی ، هەوا ، ئاو ، ئاگر ) لە هەمانکاتیش ، شیعرەکانی ( هۆمیرۆس و سۆفۆکلێس ) ناوەڕۆکی فەلسەفییانەیان هەبوو ، هەر لەم سەردەمەدا ، زۆرێک لە فەیلەسوفان قسەیان لەسەر شیعردا کردووە ، ( ئەفلاتوون ) لە ڕاستای بۆچوونە میتافیزیکی و ڕامیارییەکانیدا لە جەوهەر و چۆنییەتی هونەر و شیعری کۆڵیوەتەوە و قسەی لەسەر کردوون ، شیعری بەکردەیەکی لاساییکرنەوە پێناسە کردووە ، بە بڕوای ئەو / هەر هونەرێک مامەڵە لەگەڵ هەست و سۆزدا بکات ، مامەڵە لەگەڵ فیکر و عەقلدا نەکات ، بە هونەرێکی ئاست نزم پێناسەی دەکات ..! بەڵام ( ئەرستۆ ) بیرکردنەوە و تێڕوانینەکانی بۆ شیعر جیاواز بوون ، هەروەک لە کتێبی شیعر باسی دەکات ، ئەرستۆ پێیوانییە کەوا شیعر ، لاساییکەرەوە و کتومت کۆپی جیهانی دەرەوە بێت ، ئەگەر نا هیچ جیاوازییەک لە نێوان شاعیران و مێژوونووسان نەدەبوو ، مێژوونووس ئەوانە دەنووسێتەوە کە ڕوویانداوە ، مامەڵە لەگەڵ ڕابردوودا دەکات ، بەڵام شاعیر ئەو شتانە دەنووسێتەوە کە هێشتا ڕوویان نەداوە یان دەکرێ ڕووبدەن ، بەمانای / ڕووداوەکانی شاعیر بیریان لێدەکاتەوە یان دەیەوێ قسەی لە بارەیان بکات ، پەیوەندی بە کات و شوێنەوە نییە ، ئەمەش جیاوازییەکی ترە لەگەڵ مێژوونووس ، دەربارەی ئەم تێڕوانینەی ( ئەفلاتوون ) کەوا ، شیعری لە ئاستێکی نزم بینیوە و بە کردەیەکی لاساییکردنەوەی داناوە ، بە جیا لەم جیاوازییانەی ( ئەرستۆ ) کە باسی کردوون ، شیعر بەم شێوەیە نییە کە ئەفلاتوون باسی کردووە ، ڕەخنەگرتن لەم جۆرە بیرکردنەوە ئەفلاتوونییە بۆ ژیان و شیعر ، دەمانخاتە بەردەم دوو ڕەهەندی جیاواز ، یەکێکییان / ڕەهەندی ( ئۆپۆلۆن ) ییە ، کە تەعبیرە لە خودای هێورکەرەوە و مەنتیقییەت و بە سیستەماتیککردنی شتەکان ، کە ئەفلاتوون و زۆرێک لە فەیلەسوفیتر ، لایەنگریان لەم ڕەهەندە کردووە ، ئەویترییان ڕەهەندی ( دایۆنسیزم ) ییە ، واتە خودای هونەر و لەزەت و خۆشی و بایەخنەدان بە عەقل ، ئەم ڕەهەندەش ( فرێدریک نێچە ) و زۆرێک لە فەیلەسووفانی دوای نێچە ، لایەنگریان لەم ڕەهەندە کردووە .

بۆ نموونە / نێچە پاراستنی زات بە خراپترین شێوەی ویست دەزانێ ، ئەم زیاتر خوازیاری مرۆڤی سوپەرمانی و یاخی و خودان ویستی هێزە .. تەنانەت لە ڕوانگەی ( زەردەشت ) یش ، ڕێگەی ژیان بەسەربردن لایەنگری لە چوارچێوەی مەنتیقی و ژیرانە و عەقل نییە ، بەڵکو کەسەکان ئازادن بۆ هەڵبژاردنی ڕێگەی ژیانی خۆیان ، ئەمەش بە مانایەک / هەڵوەشاندنەوەی پاوەرەکان و سنوورەکانی عەقل و سیستەماتیکە .

( شیعر و داهێنان ) پێویستییان بە کرانەوە و پچڕاندنی هەموو کۆت و زنجیرەکانی بەها و نەریتە میراتییەکانە ، بۆ ئەوەی ببی بە کەسێکی داهێنەر ، دەبێت خۆت بەها و نەریت و ڕەفتار بۆ خۆت بتاشی کە پێچەوانەی ئەوانەی پێش خۆت بن …! هەروەها لەم وتارەمان وردتر باسی ئەم فاکتانە دەکەین کە ئەم بیرکردنەوەیە نا دروستانەی ئەفلاتوون ڕەتدەکەنەوە ، بۆ نموونە باس لەوە دەکەین کەوا ، شیعریش وەک فەلسەفە لەسەر بنەمای بیرکردنەوە ئیش دەکات و ڕەهەندی فیکری و مەعریفی لە پشتە . زۆرن ئەو فەیلەسوفانەی کاریگەرییان لەسەر شیعردا هەبووە ، یان قسەیان لەسەر شیعر کردوەو باسی گرنگی و پەیوەندییەکانی فەلسەفە و شیعریان کردووە ، یان زمانی شیعرییان بەکارهێناوە بۆ دەربڕینی فەلسەفەکانییان ، ئەم فەیلەسوفانەش بە ( فەیلەسوفی شاعیر ) ناوبراون . یەکێک لەوانە ( فرێدریک نێچە ) یە . لە پەیوەند بە شیعرەوە ، تایبەتمەندی نێچە جیاوازە لەگەڵ فەیلەسوفەکانی تر ، چونکە هەندێک لە فەیلەسوفەکان هەم شاعیریش بوون هەم فەیلەسوف ، واتە لەپاڵ فەلسەفە شیعریشیان نووسیوە یان سەرەتا بە شیعر دەستییان پێکردووە ، لەوانە ( مارکس ، جان جاک ڕۆسۆ ، سامویل تەیلۆر کۆلیریچ …. ) بەڵام نێجە ، لەگەڵ ئەوەی شیعریشی نووسیوە بەڵکو کتێبە فەلسەفییەکانیشی بە زمانی شیعر نووسیون ، بۆیە بە بڕوای هەندێک کەس ( نێچە لە زکماکەوە شاعیر بووە ) واتە ، هەر بە شاعیری لە دایک بووە .

شیعر گەورەترین بەشی نووسینەکانی و تەنانەت فەلسەفەکەشی داگیرکردووە . نێچە زۆر بە ڕۆشنی درکی بەوە کردووە کە ، زمان چ سیعرێک و هێزێکی تیایە بە تایبەت زمانی شیعری ، بۆیە لە شوێنێک دەربارەی زمانی شیعری دەڵێ ، ( زمان گەمەیەکی گەمژانەیە ، بەهۆی زمانەوە مرۆڤ دەتوانێ سەما بەسەر هەموو شتێکەوە بکات ) نێچە فەیلەسوفێکە ، ئامانجی بەرهەمهێنانی مرۆڤی باڵا بووە لە ڕێگەی ئیرادە و ویستی هێزەوە ، بۆیە لە زۆر شوێن پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ و دەڵێ ، ( من هاتووم هەواڵی مرۆڤی باڵاتان پێڕابگەیەنم ، مرۆڤی باڵا ئەو کەسەیە لە نەریتی باو یاخی دەبێت و خودان ئیرادە و هێزی کارای خۆی دەبێ ..) ئەمە ڕۆشن بووە لای نێچە کەوا داهێنان بە کەسی لاواز و بێ ئیرادە ناکرێت ، کەسەکانی دیلی بەندی کەلتوور و ئایین و دیلی مرۆڤەکانی تر بن .. لای نێچە بۆ ئەوەی ببی بە کەسێکی داهێنەر وا پێویست دەکات هەموو کۆت و زنجیرەکان بپچڕێنیت ، ببی بە خۆت و تەعبیر لە ویستی خۆت بکەی ، هەموو شتێکی میراتی تووڕ هەڵبدەی ، خۆت بەها و نەریت و ڕەفتار بۆ خۆت دیاری بکەی ، خۆت هێزی جوولێنەری خۆت بی ، جوولە ڕەفتارەکانی خۆت پێچەوانەی ئەوانەی پێش خۆت بن ، بەمانایەک هەروەک دروشمێکی هەبوو کەوا ( تەنها خۆت بیت و ئەویتر نەبیت …! ) چونکە / داهێنان وا دەخوازێ کە دنیاو جیهانێکی نوێ بخولقێنی .

نێچە لە کتێبی ( ئا ئەمەیە مرۆڤ ) دا دەڵێ ، ( من لە هیچ شتێک لاسایی کەس ناکەمەوە ، گاڵتە بە هەموو ئەو مامۆستایانە دەکەم کە هێشتا فێرنەبوونە گاڵتە بە خۆیان بکەن ، لەسەر دەرگای ماڵەکەم ئەمە نووسراوە …! ) . نێجە وەک ( شوبنهاوەر ) ، کاری بە ( فەلسەفەی ویست ) کردووە بە تایبەت ویستی هێز .. چونکە ( شوبنهاوەر ) کتێبێکی هەیە بە ناوی ، ( جیهان وەک ویست فیکرە ) ، لەم کتێبەیدا پوختەی فەلسەفەکەی خۆی تیا باسکردووە ، باوەڕی وایە / کە عەقل ئامرازێکە بە دەستی ویستەوە ، لای ئەو / بوون لەسەر بنەمای حیکمەت و ئەزموون و مەبەستێک وەستاوە …! ) ، بۆیە نێچەش پێ لەسەر ئەم بیرۆکەی ویستە دادەگرێ و ئامانجیەتی ، تاکەکان خودان هێز و ئیرادەی خۆیان بن ، کە ناوی ناون ( مرۆڤی سوپەرمانی ) یان ( مرۆڤی باڵا ) ، بۆیە پێیوابوە ، دەسپێک و سەرچاوەی ویست و هێز لەسەر ویژدان و فیکردا شتێکی بنەڕەتی و جەوهەری شتەکانە .. یان بە بڕوای نێجە ( گرنکترین دەرکەوتەی ژیان ، لە تیۆری داڕشتن لە ڕێگەی هێزی عەقڵ نییە ، بەڵکو ( ویستە ) ، ناوەڕۆکی ژیان ویستە ، ئەم ویستەش ویستی هێزە …! ) نێجە پاراستنی زات بە خراپترین شێوەی ویست دەزانێ ، ئەو پێیوایە ، کەسێک بەدوای پاراستنی زات بێ ، خۆی لە قەرەی مەترسییەکان نادات و ژیانی پارێزگارانە هەڵدەبژێرێت ، بە مانایەک / ئەو کەسانەی کە ، ناتوانن زنجیری کۆت و بەندەکان تێکبشکێنن و بەهاکانی ئایین و کەلتوور و ئەو بەهایانەی بەزۆر سەپێندراون بەسەریاندا ڕابماڵن ، لە هەمانکاتیش ناتوانن وەک مرۆڤێکی باڵا خودان ویست و هێزی خۆیان بن …! بە کورتی پوختەی فەلسەفەکەی نێچە ئەوەیە کە ، ( فەلسەفەی عەقلێکی ئازادە ، فەلسەفەی ئاوەژووکردنەوەی بەهاکانە ، ئازادکردنی مرۆڤە لە هەموو کۆتوبەند و ئەخلاق و ئایین و مەعریفەی دەستاودەست ، فەلسەفەی نێجە بە دەنگێکی بەرز بانگەوازی ڕزگاربوون دەکات …! ) ، ئەمانەشی هەمووی بە زمانی شیعر لە نێو شیعرەکان و کتێبە فەلسەفییەکانی دەربڕیوە ، بۆیە نێچە ( فەیلەسوفی شاعیران و شاعیری فەیلەسوفان بووە …! ) .

کتێبی ( وەهای گوت زەردەشت ) یەکێکە لە بەناوبانگترین کتێبی نێچە ، کە لە ساڵی ١٨٨٣ چاپکراوە ، کتێبێکە بە شیوەیەکی ئەدەبی ڕەخنەیی نووسراوە ، بە زمانێکی شیعری ناسک و پاراو ، لەم کتێبەدا چەندین بیرۆکەی گرنگی داڕشتووە ، کە وێنەی مرۆڤی باڵا و هەڵکشاوی کێشاوە ، ئەو مرۆڤەی لە دەستی کۆت و زنجیری کۆمەڵایەتی و کەلتووری و ئەخلاقی ڕزگاری بووە ، کتێبێکە نێجەی پێ داناسرێتەوە ، نێجە لەم کتێبەیدا هەروەک سەرچاوەکان دەڵێن ، خۆی وەک شاعیرێکی مەزن دەبینێت نەک وەک فەیلەسوفێک ، دەربارەی کتێبی ( وەهای گوت زەردەشت ) ، ئەدیبی گەورەی ئەڵمانیا ( تۆماس مان ) دەڵێ ، ( ئەم کتێبە باشترین کتێبە کە بە زمانی ئەڵمانی نووسرابێت ) ، نەک تەنها کتێبەکانی بەڵکو شیعرەکانیشی پڕن لە بیرۆکەی فەلسەفی و ئاوێنەیەکن بۆ ڕەنگدانەوەی تێز و بیرکردنەوەکانی خۆی ، بەڵام شتێکی گرینگ هەیە ، نێچە پرسیارە فەلسەفییەکان و ئایدیا و بیرۆکە شیعرییەکانی ، لە قووڵایی و هەناوی ژیان دەردێنێت و پەیوەستیان دەکاتەوە بە مرۆڤ و خۆشبەختی و بەختەوەرییەکانییەوە . دیارە نەک هەر لەلای نێچە بەڵکو ، لای زۆربەی فەیلەسوفەکانی سەردەمی مۆدێرنە ، مرۆڤ دەبێتە ناوەندی گرنگیدان ، هەوڵدانێکە بۆ بە بەرهەمهێنانی سەربەخۆیی بیرکردنەوە و عەقلی مرۆڤ .

دەرکێشانی لەژێر هەموو کاریگەرە دەرەکییەکان ، دەکرێ ئەمەش بە یەکێک لە خاڵە هاوبەشەکانی نێوان شیعر و فەلسەفە حیساب بکەین ، کە دوایی دێینە سەر خاڵە هاوبەش و جیاوازییەکان ، لێرەدا چەند نموونەیەکی شیعری نێجە دەخەینە ڕوو و قسەی لەسەر دەکەین ، هەروەک لە کتێبی ( نێچە فەیلەسوفێکی بەرزەفڕ ) دا ، لە بەشی ( پێنجەم ) ، بە ناوی ( نێتجە ، شاعیرێکی جیاواز دا ) .. کە لە سەرەتا باسی شاعیربوونی نێجە و دواتر چەند نموونەیەکی شیعری هێناوەتەوە و ئێمە لێرەدا قسە لەسەر هەندێکییان دەکەین . هەر لەوێدا باسی ئەوە کراوە کە ، نێجە شاعیرێکی جیاواز بووە و بە ستایلێکی جیاواز نووسیویەتی ، هەروەک مێژوونووسی فەڕەنسی ( ئەلیکسیس ڤیلۆنینکۆ ) پێیوایە ( نێچە ئیستاتیکای ڕووکەشی دەقی پێش وردیی مانا خستووە ، چونکە نێتجە بەرلەوەی فەیلەسوف بێت ، بە پلەی یەکەم شاعیر بووە ، لە نێو نووسینە پەخشانی و شیعرییەکانی داهێنانی سوریالییانەی کردووە ، بە تایبەت لە کتێبی ( وەهای گووت زەردەشت ) هێندە دوور دەڕوات ئەستەمە تێی بگەیت …! نێچە کەسێک بووە زۆر قووڵ بیری کردۆتەوە ، هەمیشەش بە زمانی ڕەخنەیەکی توند نووسیویەتی ، تا ئاستی ئەوەی مەرگ بۆ خوداوەند دەخوازێ و ئەخلاق و ئایین و کەلتوورە دواکەوتووەکان ڕەتدەکاتەوە ، تا مردن لە نووسین ناکەوێت ، نێچە بە درێژایی ژیانی هەمیشە ئەوەی دووبارە کردۆتەوە کەوا ( هێشتا پێویستە بژیم ، چونکە هێشتا گەرەکمە بیربکەمەوە …! ) ، نێچە بیری لە هەموو سەکۆ و گۆشە و کەلێنەکانی ژیان و مرۆڤ کردۆتەوە ، ئەوەی بە فەلسەفە دەرەقەتی نەهاتووە بە شیعر قسەی لەسەر کردوون ، بۆیە شیعر و فەلسەفەکەی بە یەک ئاراستە ڕۆیشتوون . نێچە لە شیعری ( مرۆڤە بەرزەکان ) دا دەڵێت .

ئەوەی ڕادەپەڕێ ، پێویستە پێیدا هەڵدەین !
وەڵێ ئەو لە بەرزاییەوە ئەمە پەسەند دەکات ،
تاکو لە سەرووی پەسەندگرەوە بژیت ،
ئەو لە بەرزی دایە ئەو لەسەر دەرگای ماڵی منە ،
ئەو لە ماڵی من نیشتەجێیە ،
هەرگیز بە دوای کەس نەکەوتووم
لە سەرووی ئەمانەش ، قۆشمەم بە هەموو مامۆستایەک کرد .

ئەم شیعرە تا بڵێی شیعرێکی ناسکە ، نێچە بە زمانێکی شیعری ناسک و پڕ لە هارمۆنیا و ئیستاتیکایەکی جوان ، کرۆک و ئامانجی بیرکردنەوە و فەلسەفەکەی خۆی دەخاتە روو ، لێرەدا نێچە باس لە مرۆڤی باڵا دەکا ، ئەوانەی خودان هێز و ئیرادەی خۆیانن ، دەیانەوێت ڕاپەڕین بکەن و زنجیری دیلیەتی و ستەم بپسێنن ، ئەو پێی وایە ئەوانە لە شوێنێکی بەرزی ژیان وەستاون ، ئەوانە هێندە بەرز و خۆشەویستن ، بەشێکن لە ڕۆحی ئەو لە ماڵەکەی ئەو نیشتەجێن . ئەمان ئەو مرۆڤە بەرز و خودان هێز و سەربەخۆیی و بیرکردنەوەی خۆیانن ، کە دوای هیچ کەسێک ناکەون و بەس خۆیانن و بەس ، ئەمان ئەوکەسانەن لە مامۆستاکانییان فێردەبن ، سنوور و تخوبەکان دەبەزێنن و لە ئاستێکی بەرز لە مرۆڤایەتی و ژیان دەڕوانن .

هەروەها لە شیعری ( جەسوور ) دا دەڵێ ..
لە هەر کوێیەک بیت ، قووڵ هەڵکۆڵە
بنەوان لە ژێرەوەیە ،
وازبێنە لە پیاوانی ڕەشبین با بچریکێنن
” دۆزەخ بەردەوام لە ژێرەوەیە ” …!
لێرەشدا وێنەی مرۆڤێکی جەسوور و خاوەن هێز و توانایەکی لەبن نەهاتوومان .بۆ دەکێشێ ، ئەو مرۆڤانەی لە پێناو ئامانجە پیرۆزەکان مرۆڤی تێکۆشەر و کۆڵنەدەرن ، ئەوانەی هەمیشە بە ورەیەکی پۆڵایین و بە دید و بەرچاو ڕۆشنییەوە بەرەو لوتکەی ئاسۆ و ئامانجەکانییان دەکەونە ڕێ ، بێوچان و نەسرەوتن ، نێچە ڕقی لە مرۆڤی لاواز و ڕەشبینە ، ڕقی لەو کەسانەیە کە هەمیشە بۆ پاروە نانێک دەکڕوزێنەوە ، نێچە لە شوێنێک دەڵێ ( مرۆڤە لاوازەکان ، ئەوانەن بۆ مردن باشن ، شایستە بە ژیان نین ) بۆیە لەم شیعرەشدا دەڵێ ( واز بێنە لە پیاوانی ڕەشبین با بچریکێنن ) . دۆزەخ بەردەوام لە ژێرەوەیە ، مەبەستییەتی گەیشتن بە لوتکە و ئامانج ڕەنج و قوربانی دەوێت ، ئاگر و ڕووناکییەکان ، لە بنی بنەوەن ، قووڵن دەبێ لە هەڵکۆڵین بەردەوام بین ، دیارە وشەی دۆزەخ لێرەدا میتافۆرێکە یان هێمایەکە بۆ ئاگر ، لە ئەفسانە و داستانەکانیش گەیشتن بە ئاگر هێمایە بۆ گەیشتن بە ئامانج و سەرکەوتن …!

نێچە لە شیعری ( ئەوەیە مرۆڤ ) دا دەڵێ …
بەڵێ ، دەزانم لە چ بنەچەیەکم ،
وەک بڵێسە تێنووم ،
هەڵپە دەکەم و خامۆش دەبمەوە ،
هەرچییەک دەستی بۆ دەبەم دەبێتە نوور ،
هەرچییەک جێی دەهێڵم پشکۆیە :
بێ یەکودوو من بڵێسەم …!

بێگومان ، لە نێو بیری نێچە مرۆڤەکان دەبێ مرۆڤی بەرز و دیار بن ، خودان بنەچە و شوهرەتێک و ناوێکی پایەدار و بەرزییان هەبێ ، ئەمەش ئەو مرۆڤانەن هەمیشە هەڵپەی ژیانێکی بەرز و پڕاوپڕ لە بەختەوەری و دەستگەیشتن بە خۆزگە و ئومێدەکانییانن ، وەک بڵێسە تێنوون بۆ ئەم جۆرە ژیانە ، وەک عاشق شەیدای ژیانێکی شایستە بە مرۆڤن ، ئەو مرۆڤانەی کە لەم شوێنە بەرزە بۆ ژیان و ئومێدە گەشەکان و ئارەزووە جوانەکانییان دەڕوانن ، ئەوانە دەست بۆ هەر چییەک دەبن دەبێتە نوور ، هەرچییەک جێدەهێڵن دەبێتە پشکۆ ، ژیان و دەوروبەر دەدرەشێننەوە ، چونکە وەک بڵێسە خاوەن نیگا و ڕوانین و دیدگایەکی ڕۆشنن بۆ ژیان . لێرەدا ، لە نێو بەرهەمە شیعری و فەلسەفییەکانی نێچە ، هاوئاهەنگییەک و ئاوێزانبوونێکی گرنگی نێوان فەلسەفە و شیعر دەبینین ، کە هەردووك بە یەک ئاراستە تا ئەندازەی تێکەڵاوبوون ، فەلسەفە بە بەرگ و ڕوخساری شیعرییەوە ، شیعریش بە ناوەڕۆکی فەلسەفییەوە ، وەک ئەوەی گیانێک بن لە دوو جەستەدا . نێچە بەم هەوڵانەی توانی شیعر و فەلسەفە زێتر لێک نزیک بکاتەوە .

( مارتن هایدگەر ) یش یەکێکە لەو فەیلەسووفانەی ، قسەی زۆری لەسەر شیعر کردووە و گرنگی زۆری بە شیعر داوە . بایەخدانی ( مارتن هایدگەر ) بە شیعر و چاولێکردنی شیعر لەم ئاستە بەرزەدا ، لە ڕوانگە و تێڕوانینە بوونگەراییەکەی بووە بۆ بوونی مرۆڤ . چونکە لای ( هایدگەر ) ، شیعر / تەنها لایەن و پێکهاتەیەکی ئەدەبی و هونەری نییە بەڵکو ، شیعر ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە بوونی مرۆڤەوە . ئەمەش بۆ هایدگەر گرینگییەکی زۆری هەبووە ، شیعر هونەرێکە زێتر مامەڵە لەگەڵ بوون و ناوەوەی مرۆڤ دەکات ، هایدگەر بۆ پڕۆژە فەلسەفی و ئەنتۆلۆژییەکەی خۆی لە زۆر شوێن هانای بۆ شیعر بردووە بە تایبەت شیعرەکانی ( هۆڵدەرلین ) .. تا ئەو ئاستەی پێیوابووە کە شیعر دەتوانێ ڕاستی بوون دەربخات . پڕۆژە ئۆنتۆلۆژییەکەی هایدگەریش هەروەک د. محەمەد کەمال لە کتێبی ( هایدگەر و ئۆنتۆلۆجی شیعر ) دا دەڵێ ( پڕۆژەی ئۆنتۆلۆژی بنەڕەتی ، گەورەترین پڕۆژەی فەلسەفی هایدگەرە ، لە پەرتووکی ( بوون و کات ) دا ، کە بەدرێژایی تەمەنی ئیشی لەسەر کردووە . ئەم پڕۆژەیە لە شیکردنەوەی بوونگەرانەی مرۆڤەوە بە میتۆدێکی فینۆمینۆلۆجیانەی هێرمینیۆتیک دەستپێدەکات ، تاکو لەوێوە لە تێگەیشتن لە بوونی مرۆڤەوە ( بوون ) بە گشتی بگات .
شیعر ڕەنگدانەوەی یان ئاوێنەیەکە بۆ دەرخستنی ناوەوەی مرۆڤ .. شیعر لەنێو پانتایی خەیاڵی مرۆڤ لە ژێر کاریگەری غەریزەکان و هەستەکان و خەونەکان دێتە بوون ، غەریزەکان و هەستەکان و خەونەکانیش ، ڕەنگ و شێوەی مرۆڤ ڕەسم دەکەن ، مرۆڤێکی تێکشکاو یان بەرزەفڕ ، یان ڕووخاو ، واتە مرۆڤ خۆی لە چوارچێوەی زەمەنێکی دیاریکراو ، هەموو خەون و هەست و ئارەزووەکانی مرۆڤ ، پەیوەستن بە زەمەنێکی دیاریکراوەوە ، ئەم هاوکێشەیەش بۆ هایدگەر زۆر گرنگ بووە ، واتە مرۆڤ خۆی لەگەڵ کات ، یان بوون و کات . بۆیە لای هایدگەر شیعر لە ڕیزبەندی هونەرەکان دا لە ئاستی هەرە سەرەوە بووە . چونکە لە توانای هەبووە ڕاستی بوون دەربخات . بۆیە پێیوابووە ، شیعر وەک فەلسەفە بیرکردنەوەیەکی داهێنەرانەیە چونکە ، هەموو بیرکردنەوەیەکی فەلسەفی بەتایبەت بیرکردنەوە قووڵەکان ، لە نێوخۆیاندا شیعرین ، هەروەها بەرهەمە شیعرییەکانی پڕن لە داهێنان ، بەتایبەت سروودەکانی هۆڵدەرلین و شیعرەکانی دانتی و گۆتە و زۆرێک لە شاعیرانی تر ، خاوەنی ڕوانین و هزری بەرزن بەڵام فەلسەفە نین . هەموو ئەمانەش لە ڕێگەی زمانەوە دێنە بوون ، بۆیە هایدگەر دەیگوت ( زمان ماڵی بوونە ) .هەرچەندە لەسەردەمی مۆدێرنە و لە بەرئەنجامی گەشە و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا ، مرۆڤ تووشی نامۆبوون دەبێت ، نامۆبوونێک تا ئاستی ئەوەی مرۆڤ ڕەسەنایەتی خۆی لەدەست بدات ، بۆ ئەم نامۆبوونەی مرۆڤ هایدگەر کۆپلە شیعرێکی هۆڵدەرلین دەهێنێتەوە کە دەڵێ ..

ئێمە هەموو هێمایەکی نەخوێندراوەین
لە خاڵێکی بێگانەدا
زمانەکەی خۆشمان بیرچۆتەوە

دیارە هەر لەسەدەمی تەکنەلۆژیاوە مرۆڤ لە بەرئەنجای ئەم نامۆییە تووشی قەیران دەبێت ، قەیرانی فکر و داهێنان و کوشتنی پرسیار .. لەگەڵ هەموو ئەم قەیران و نامۆبوونەش هایدگەر پێیوایە ( مرۆڤ شاعیرانە نیشتە جێ دەبێ ) ، هایدگەر لەگەڵ ئەوە دایە ، هەموو کەس شاعیرانە بژی ، چونکە شیعر چاوساغی و ڕۆشناییمان دەداتێ بۆ ناسین و ڕاستی بوون ، هەروەها ژیانی شاعیرانە ، تێکەڵبوونە بە ڕووبەری گەردوونییەت و مانەوەیە بۆ تاهەتا ، چونکە زمانی شیعر هێزی ئەوەی تیایە بۆ ناسینی بوون و سروشتی مرۆڤ . هەربۆیە لای هایدگەر و لای زۆرێک لە کەسانی بیرمەند شاعیران وەک مرۆڤی گەورە یان وەک خوداوەندێک دەیان بینن ، بەڵام خودایەک لەسەر زەوی کە بیردەکەنەوە و بوونیان هەیە .

کاتێک هایدگەر پێیوابووە کە ، شیعر بەرهەمی بیرکردنەوەی داهێنەرانەیە دیارە ئەمە لەخۆڕانەبووە ، شیعر زمانی خواداکان و پەیامبەرەکانیش بووە ، زۆربەی کتێبە ئاسمانییەکان بە زمانی شیعر نووسراون ، یان زۆرێک لە حەدیس و وتەی بیرمەندەکان شیعری بوون . هەر لە پەیوەند نزیکایەتی شیعر و فەلسەفەوە ، شیعر پێکهاتەیەکە لە هەست و سۆز ، هەست و سۆزیش ڕەهەندێکی دەروونییان هەیە ، بۆیە دەروونزانی چی وەک فەلسەفە یان زانست ، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ شیعردا هەیە ، ئەدەب و شیعر لای ( سیگمۆند فرۆیید ) بەرهەمی هەستی بێئاگایین . بۆیە لای وا بووە / شاعیران وەک منداڵ وان چونکە ، بەشە گرنگەکەی مێشکیان لەژێر کاریگەری نائاگاییدایە ، ( فرۆیید ) مێشکی مرۆڤی دابەشکردووە بۆ سێ بەش ( من ، منی باڵا ، ئێد ) ، ( ئێد ) ئەو بەشەیە ، تەواو لە ژێر کاریگەری بێئاگاییدایە ، جلەو بۆ ئارەزوو و غەریزەکانی شل دەکات ، بە بێ گوێدانە زروف و باری مەوزوعی و دەرەوە ، لەگەڵ خەون و ئارەزووەکان و دنیای خۆیدا ڕووبەڕووە ، مێشکی منداڵیش تەواو لەژێر کاریگەری ئەو بەشەدایە ، شاعیرانیش بەهۆی گرنگیدان و ئیشکردنیان لەسەر هەست و غەریزەکانیان تەواوی دەکەونە ژێر کەریگەری ئەو بەشەی مێشک ، لە کاتی نووسینی هەر دەقێک ، باری دەروونی نووسەر ، لە ڕێگەی زمان و هێما و میتافۆرەکاندا ، سایە دەکێشێ بەسەر ڕووبەری دەقەکەدا ، بۆ خوێندنەوەی هەر دەقێک سایکۆلۆژییەتی دەق پێکهاتەیەکی گرینگە ، هاوکات سایکۆلۆژییەتی خوێنەریش لەم نێوەدا گاریگەری دەبێت ، بە مانای / هەر دەقێک دەبێتە پردێک لە نێوان ساکۆلۆژییەتی نووسەر و سایکۆلۆژییەتی وەرگر ، بۆیە هەندێک لە دەقەکان بۆ ماوەیەکی درێژتر لای خوێنەران دەمێننەوە و ئارامی و لەزەت و چەشەیەکی تایبەتییان پێدەبەخشن ، هەندێجاریش پڕیان دەکەن لە گومان و نیگەرانی و پرسیار .

هەروەها ( جولیا کریستیڤا ) ش لە پێناو هەوڵەکانی بۆ ( شیکردنەوە سیمۆلۆجییەکەی ) گرنگی زۆری بە شیکردنەوەی دەروونی داوە ، بۆ ئەم مەبەستەش ئیشی زۆری لەسەر شیعرەکانی ( مالارمێ ) و چەند شاعیرێکی تر کردووە ، ئەمەش لە کتێبەکانی ( لە پێناو شۆڕشێک بۆ زمانی شیعری ) و ( خۆری ڕەش و ) و حیکایەتەکانی خۆشەویستی ) و چەند کتێبێکی تری ، بە ئاشکرا و بە ڕوونی دەبیندرێن . لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە ، شیعر و فەلسەفە چەند لە یەکەوە نزیکن ، وەک دوو توخمی هاوتەبا لەگەڵدا یەکدا زۆربەی کات تەریب دەڕۆن ، دوای پێشاندانی ئەم ڕووبەرە نزیکایەتییە هەوڵدەدەین ، لێرە بەدوا ڕاستەوخۆ قسە لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی نێوانییان بکەین لە هەمانکات ، خاڵە دژ و ناتەباکانیش .. بۆ نموونە / چی شیعر چی فەلسەفە ، هەردووک بوونێکی گەردوونییان هەیە و ناتوانین پێناسەیان بکەین . ناتوانین بازنەیان بە دەوردا بکێشین و لە چوارچێوەیان بدەین . هۆکارەکەش ئەوەیە ، هەردووکیان لە ڕووبەرێکی هێندە فراوان ئیش دەکەن ، ناتوانین لە یەک گۆشەوە بیان بینین و خوێندنەوەیان بۆ بکەین .

هەروەک لە کتێبی ( سەرەتاکانی فەلسەفەی هاوچەرخ ) دا هاتووە و دەڵێ .. ( ناتوانین فەلسەفە پێناسە بکەین ، ئەمەش هێمای بە کەمال گەیشتنی فەلسەفەیە ، یان دەڵێ / دیاریکردنی پێناسەیەک بۆ فەلسەفە ، ئەمە سنووردارکردنی فەلسەفە دەگەیەنێت …! ) . ئەم قسانە بۆ شیعر و بۆ مۆسیقا و بۆ عەشق و بۆ هەموو چەمکە گەردوونییەکان هەر ڕاستە و لە ڕووی پێکهاتەییەوە هەمان بنیاد و بوونییان هەیە . خاڵێکی تر ، دەبینین زمان ئەو توخمە هاوبەشەی نێوان شیعر و فەلسەفەیە . زمان ئەو ڕووبەرە بەرین و فراوانەیە کە تیایدا ، شیعر و فەلسەفە یان مەعریفە و ئەدەب بە گشتی تیایدا گەشە دەکەن ، لە نێو ئەم رووبەرە ئەفسووناوییە ، گەڕانەکان و داهێنانەکان و گەمە زمانەوانییەکان و پرسیارەکان دێنە بوون و گەشە دەکەن . زمان ئەم بنیادە بنەڕەتییەیە ، کە پێکهاتەیەکی سەرەکییە بۆ مەعریفە و کلتووری هەر نەتەوە و کۆمەڵگایەک .

دەتوانین ئاستی وشیاری و پێشکەوتنی هەر نەتەوە و کۆمەڵگایەک لە زمانەکەیەوە ببینین . زمان توخمێکی سەرەکییە بۆ دەرخستن و کرانەوەی دیوە شاراوەکان و پێکهاتە ئاڵۆزەکانی مرۆڤ ، هەروەها پردێکە بۆ پەیوەندی غەریزە و بارە دەروونییەکانی ناوەوەی مرۆڤ بە جیهانی دەرەوەی خۆی ، یان ناوەوەی دەق بە دنیای دەرەوە . لێرەدا دەبینین ، شیعریش وەک فەلسەفە ئیش لەسەر مرۆڤ دەکات ، یان پەیوەندییەکانی مرۆڤ بە شتەکان و هەبووەکانی دەرەوە وەک ، خودا ، سروشت ، کۆمەڵگە ، کەلتوور ، ئایین ، هەتادوایی .. ! خاڵێکی تر / پرسیار توخمێکی تری هەوبەشی نێوان شیعر و فەلسەفەیە . شیعر یەکێک لە ئامانجەکانی دروستکردنی گومان و پرسیارە لای خوێنەر ، یان زۆرجاران ، لە ڕێگای پرسیارەوە مەبەست و ئامانجەکانی خۆی قووڵتر پێشان دەدات .

فەلسەفەش بە هەمان شێوە ، ئیش لەسەر پرسیار دەکات . هەر لە هەمان کتێب لە( سەرەتاکانی فەلسەفەدا ) هاتووە و دەڵێ ( فەلسەفە مانای بەردەوامبوون لە پرسیار دایە .. ، فەلسەفە لە بنەرەتەوە لە ڕێگای پرسیارەوە دەبێ بە فەلسەفە ، یان لە شوێنێکی تردا دەڵێ / فەلسەفە بیرکردنەوەیە و بیرکردنەوەش وڕوژاندنی پرسیارە … ، کەواتە فەلسەفە پرسی مرۆڤەکانە لەسەر بابەت یان دۆخێک تەنانەت رووداوێکیش …! ) . هەروەک فەلسەفە ، پرسیار لە نێو ڕووبەری دەق و زمانی شیعردا ، جێگا و شوێنێکی گرنگی هەیە بە تایبەت ، لای قوتابخانە ئەدەبییەکانی سەردەمی مۆدێرنەتە ، بۆ نموونە / لە ستایلی شیعری پۆستمۆدێرنی ، پرسیار پێکهاتەیەکی گرینگە لە پاڵ / پارادۆکس و گەمەکردن بە وشە و تەواوی پێکهاتە و تەکنیکە شیعرییەکانی تر ، هەروەها لە شیعر و فەلسەفە دا ، مرۆڤ چەقی ئیشکردن و ناوەندی ئامانجە ، چی شیعر چی فەلسەفە ، لە پێناو مرۆڤ هاتوونەتە بوون .

لەگەڵ هەموو ئەم خاڵە نزیک و هاوبەشییانەدا ، دەبینین لە هەندێ شوێن / فەلسەفە و شیعر ، دژ و ناتەبا دێنەوە ، یان بە دوو ڕێگای جیاوازدا دەڕٶن . بۆ نموونە شیعر ئاماژە بە بوون دەکات بەڵام ، شڕۆڤەی ناکات ..! یان لە توانایدا نییە شڕۆڤەی بکات . شیعر وەک فەلسەفە ناتوانێ لە بوون بکۆڵێتەوە و قسە لەسەر دیوە شاراوەکانی بکات . هەروەک بە پێی بیرکردنەوەکانی ( مارتن هایدگەر ) شیعر وەکو فەلسەفە بیرکردنەوەیەکی داهێنەرانەیە ، شیعر پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە زمانەوە هەیە ، کە شێوازێکی سەرەکی و گرنگە بۆ دەربڕینی ڕاستی بوون ، لێرەدا زێتر ئەوە دەبینین کە شیعر تەنها ئاماژە بە بوون دەکات ، بەدوای شڕۆڤە و سەلماندنی ڕاستییەکاندا ناگەڕێت ، زێتر ئەمە کاری فەلسەفە و زانستەکانن .. ئێمە گوتمان زمان ڕووبەر و توخمێکی هاوبەشە لە نێوان شیعر و فەلسەفەدا ، لە هەمانکات / ناوەندی دەربڕێن و داهێنانەکانە . بەڵام ڕوونکرنەوە و شڕۆڤە کردن و دەربڕینی ڕاستییەکان لە فەلسەفەدا ڕاستەوخۆیە ، واتە فەلسەفە دوور لە کۆد و هێماکان بە زمانێکی ڕووت و ڕەوان لە شتەکان دەدوێت ، بەڵام شیعر لەسەر میتافۆر و ئاماژە و هێماکان ئیش دەکات ، بە دیوێکی تر / دەتوانین بڵێین لە شیعردا دەربڕینی مەبەست و ئامانجەکان ناڕاستەوخۆن . ئەمە یەکێکە لەو جیاوازییە سەرەکییانەی نێوان شیعر و فەلسەفە ، بۆیە ناتوانین هەردووک بکەین بە خاوەنی یەک شوناس . پرسیاریش ئەم توخمەیە جگە لە بوونی خاڵی هاوبەش لەنێوانیاندا بەڵام ، بەدیوێکدا دەتوانین هەر لەنێو ڕووبەری پرسیاردا ، جیاوازی لە نێوان شیعر و فەلسەفەدا ببینین چونکە ، شیعر وەکو فەلسەفە لەسەر پرسیار ئیش دەکات و پرسیار دەوڕوژێنێ ، بەڵام / بە دوای وەڵام بۆ پرسیارەکاندا ناگەڕێت …!

تەمووزی ٢٠١٧

——————–
_ سەرچاوەکان :

١/ کتێبی ( سەرەتاکانی فەلسەفەی هاوچەرخ )
نووسینی / پرۆفیسۆر مەحمود خاتەمی .. وەرگێڕانی / سەعید کاکی
٢/ کتێبی ( نێچە فەیلەسووفێکی بەرزەفڕ )
نووسینی / حەیدەر عەبدوڵا
٣/ کتێبی ( شیعر و ئەرستۆ ) .. وەرگێڕانی / د. محەمەد کەمال
٤/ وتاری ( هایدگەر و ئەنتۆلۆگی شیعر ) .. د. محەمەد کەمال
گۆڤاری شیعر ژمارە ١ ساڵی ٢٠١٦
٥/ دیمانەی ڕۆژنامەی ( هاوڵاتی ) لەگەڵ د. محەمەد کەمال / بەشی پێنجەم
٦/ کتێبی ( philosophical classics ) Editor By: James M. Russell
٧/ کتێبی ( prominent Greeks of Antquity their Live and works )
٨/ کتێبی ( Greek mythology and Religion )
٩ / چەند سەرچاوەیەکیتری ئەنتەرنێت دەربارەی شیعر و فەلسەفە .

Previous
Next

Leave a Reply