Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
كۆنفرانسێكی مەڵبەندی كلتووری كورد لە شاری دەنهاخ

كۆنفرانسێكی مەڵبەندی كلتووری كورد لە شاری دەنهاخ

Closed
by October 31, 2008 ژنان

 كۆنفرانسێكی مەڵبەندی كلتووری كورد لە شاری دەنهاخ        
         لاهای، 26-10-2008
 دەربارەی " توندوتیژی كۆمەڵایەتی لەناو كۆمەڵگادا بەتایبەتی دژی ژنان"
 لە میانەی هەفتەی دووهەمی كۆنفرانسی مەڵبەندی كلتووری كورد لە شاری دەنهاخ ( لاهای ) هۆڵەندە دەربارەی
 " توندوتیژی كۆمەڵایەتی لەناو كۆمەڵگادا" ڕۆژی شەممە، ڕێكەوتی 25 ی ئۆكتۆبەری 2008، تەرخان كرابوو بۆ نوسەر و چیرۆك نووسی كورد ڕەئوف بێگەرد، و توێژەر خاتو باخچە محەممەد، لە سمینارەكەدا ژمارەیەكی بەرچاو لە نوسەران و ڕۆشنبیران و ژنان و پیاوانی كوردی شاری دەنهاخ و شار و شارۆچكەكانی دیكەی هۆڵەندە ئامادەی بوون. سەرەتای سمینارەكە ئازاد كاكە ڕەش بەخێرهاتنی ئامادەبووانی كردو دواتر لەلایەن بەڕێز ڕەوەز هەڵكەوت سمینارەكە بەڕێوەبرا، و كرۆكی مەبەستی سمینارەكەی ڕوونكردەوە. پاشان مامۆستا ڕەئوف بێگەرد، كە بە تایبەت لە كوردستانەوە بانگهێشت كرابوو، توێژینەوەیەكی بەناونیشانی " نادادپەروەری لەهەموو بوارەكاندا بەتایبەتی دژی ژنان" پێشكەش كرد. بەڕێزی بە داتا و بە ئامار، تیشكی لێكۆڵینەوەكەی خستبووە سەر ئەو دیاردە كۆمەڵایەتیانەی، كە دژی بە ڕەگەزی مێینە پیادە دەكرێت لە كۆمەڵگای كوردستاندا و بابەتەكەی بەسەر چەند تەوەرێكدا دابەش كردبوو، ئەوانەش كاردانەوەیان لەسەر دیاردەی خۆكوژی و خۆكوشتن دەبێت لەسەر ژنان، لەتەوەرێكی دیكەی باسەكەیدا، باسی خەتەنەی كچان و كاریگەرییان لەسەر بارە دەرونییەكان و خراپی ڕەوتی ژیانیان، شایانی باسە، لیكۆڵینەوەكەی كاك ڕەئوف بێگەرد دابەش كرابوو بەسەر چەند تەوەرێكی سەرەكیدا كە بریتی بوون لە: دیدی كۆمەڵایەتی بەرامبەر ژن، ئاین و زانست و لایەنی سایكۆلۆژی و پاشان ئەو ڕێكخراو و دەزگایانەی كە لە دەرەوە و ناوەوەی وڵاتدا كار بۆ ئەنجامدانی نەهێشتنی توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەت دەكەن و ڕاژەی سەركەوتن و بەرەوپێش چوونیان لەو بوارەدا. هەروەها هەڵوێستی حكومەت و پەرلەمانی كوردستان بەرانبەر بە دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان و ئەو كارانەیان كە تا ئێستا ئەنجام دراوە یان پشت گوێ خراون.مامۆستا ڕەئوف بێگەرد باسەكەی هێندە جێگەی سەرنجی ئامادەبووان بوو، زۆربەیان بەپرسیار و تێبینی بەشداری گفتوگۆكانیان كرد. بەشی دووەمی سمینارەكە توێژینەوەیەك بوو لەلایەن خاتو باخچە محەممەد پێشكەش كرا، بەناونیشانی " توندوتیژی لە واقیعی قوربانیانەوە" لە توێژینەوەكەیدا، بەشێوەیەكی ساكار وەك چیرۆكێك چووە ناو باسەكەیەوە و ئاماژەی بەوەدا، كە چۆن پیاوی كۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی، لەیەك ئەچن و پیاوی كورد بەتایبەتی دەیانەوێ پیاوێكی كوردی ڕاستەقینە بن، بۆیە بڕوایان وایە قبوڵی سەرشۆڕی نەكەن، گەر خوشكەكەی بەبێ ڕەزامەندی كەس و كار شووبكات و بەسكێكەوە بۆی بێتەوە؟ چی دەكات؟ خەڵك چی پێ دەڵێت گەر داڵدەی خوشكەكەی بدات، باشە گەر لە خوشكەكەی خۆش بوایە، چی لەو منداڵە بكردایە؟ ئەی شەرەفی لەكوێ و چۆن بكڕیایەتەوە.. دەبوایە سەرشۆڕ بژی.. نەوێرێت چاو بەرزبكاتەوە، ئەبوایە بمردایە.. خاتو باخچە بەمشێوەیە چووە ناو لێكۆڵینەوەكەی و وتی: لێرە من ئەمەوێت لەسەر ئەم هاوكێشەیە .. بوەستم لەسەر ئەم نرخە خوێناوییەی شەرەف! بۆیە پرسیاری یەكەمم ئەوەیە: ئەبێت شەرەف چی بێت؟
 بۆ وەڵام دانەوەی پرسیارەكەی پشتی بە بۆچوونێكی پرۆفیسۆر و ئەنترۆپۆلۆژی بەریتانی ژولیان پتریڤەرس لەسەر پێناسەی چەمكی شەرەف بەسێت، كە لە كتێبێكدا بڵاوی كردۆتەوە بەناوی " شەرەف و شەرم" بەهاكانی كۆمەڵگای دەریای ناوەڕاست.
 پاشان هەڵوێستەی لەسەر كۆمەڵێك توێژینەوەی تر كرد، كە هەر لەسەر شەرەف دەدوێن، وەك كۆدەیەكی فەرهەنگی، نەك لە توركیا و مەغریب و كوردستان، بەڵكو لە كۆمەڵگاكانی تری وەك ئیسپانیا و ئیتالیا و یۆنانیشدا.. كە دەڵێت: شەرەف بەها و نرخی تاكە لەچاوی خۆی و لەچاوی كۆمەڵگاوە.. یان ڕاستتر خەمڵاندنی خۆیەتی بۆ ئەو بەهایە و داواكردنی دانپیانان و ئیعترافی كۆمەڵگاكەیەتی بۆ بەهای لەلایەك و لەلایەكی تر قبووڵ كردنی ئەو داوایەی لەلایەن كۆمەڵگاوە و لەكۆتاییدا بەدەستهێنانی مافیەتی، لەوەی كە تاكێكی ڕێز لێگیراو بێت..بە ڕای توێژەر، توێژینەوەی شیكاری بۆ تاوانەكان بكرێت، بزانرێت بكوژەكان كێن؟ تەمەنیان چەندە؟ لەكام ئاستی خوێندندان؟ سەر بەكام توێژی كۆمەڵن..؟ كوژراوەكان كێن..؟ تەمەنیان چەندە؟ لەكام ئاستی خوێندندان؟ سەر یە كام توێژن؟ سەرچاوەی كێشەكان چین؟
 
 ڕاگەیاندنی مەڵبەندی كلتووری كورد لە دەنهاخ
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.