Skip to Content

Thursday, January 27th, 2022

وێنه‌ی سه‌رۆک له‌ هه‌ڵه‌بجه‌….هیدایه‌ت مه‌لا عه‌لی

Closed
by April 18, 2009 گشتی

وێنه‌ی سه‌رۆک له‌ هه‌ڵه‌بجه‌
هیدایه‌ت مه‌لا عه‌لی

له‌ده‌روازه‌ی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ وێنه‌یه‌کی ( جه‌لال تاڵه‌بانی ) سه‌رۆک کۆماری عێراق و سکرتێری یه‌کێتی نیشتیمانی کوردوستان له‌م ماوه‌یه‌دا هه‌ڵواسرا‌ ، هه‌ڵواسینی ئه‌م وێنه‌یه‌ قسه‌ و لێداوانی جۆرا و جۆری له‌ باره‌وه‌ ئه‌کرێت ، هه‌ندێک پێیانوایه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئینتمایه‌ به‌هۆی نه‌مانی‌ متمانه‌وه‌ له‌لایه‌ن گه‌نجانه‌وه‌ ، هه‌ندێک پێیانوایه‌ بۆ پیشاندانی پێگه‌ی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردوستانه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ، به‌رپرسانی یه‌کێتی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ڵێن ئه‌مه‌ چالاکیه‌کی حیزبیه‌و په‌یوه‌ندی به‌ خۆیانه‌وه‌ هه‌یه‌ ، به‌رپرسانی پارتی دیموکراتی کوردوستان ده‌ڵێن بۆ دژایه‌تی ئێمه‌ نییه‌ ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ ( 18 ) ساڵه‌ له‌ کوردوستان هه‌ڵواسین و لابردنی وێنه‌ی سه‌رۆکه‌کان یه‌ک سه‌رچاوه‌و یه‌ک مه‌غزای سیاسی هه‌بووه‌ ، به‌ڵام هه‌ڵواسینی ئه‌مجاره‌ی وێنه‌ی سه‌رۆک له‌ده‌روازه‌ی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌قلیدی پێشوو ده‌شکێنێت و ده‌یه‌وێت نیشانه‌یه‌کی تازه‌ بپێکێت ، یه‌که‌م جاره‌ له‌کوردوستان هه‌ڵواسینی وێنه‌ی سه‌رکرده‌یه‌ک به‌ تایبه‌ت سه‌رۆک کۆماری عێراق وه‌ک چالاکیه‌کی حیزبی له‌ لایه‌ن به‌رپرسانی هه‌مان حیزبه‌وه‌ لێکبدرێته‌وه‌ ، له‌کاتێکدا به‌رده‌وام هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ کوردوستان چالاکی و هه‌ڵسوڕانی حیزبی خۆیان وه‌ک ده‌سکه‌ووتی خه‌ڵکی کوردوستان و به‌خاتری گه‌ل و نیشتمان له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن ، به‌ڵام بۆ ئه‌م جاره‌ په‌تی به‌رگری کردن له‌ هه‌ڵواسینی ئه‌م وێنه‌یه‌ی ( سه‌رۆک تاڵه‌بانی ) ئه‌وه‌نده‌ باریک و ئه‌وه‌نده‌ به‌ نه‌فه‌سێکی کورته‌وه‌یه‌ که‌ بووترێت هه‌ڵواسینی ئه‌م وێنه‌یه‌ ته‌نها بۆ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی خۆمانه‌ ، بۆ ئه‌وانه‌ی که‌ ئه‌ندامنین  که‌ گه‌شتنه‌ ئاستی وێنه‌که‌ ئه‌بێت چاو بنووقێنن ، ئایا نه‌ده‌کرا هه‌ر ئه‌ندام و لایه‌نگرێک له‌ ماڵه‌که‌ی خۆی یان له‌سه‌ر سنگی  وێنه‌یه‌کی ( سه‌رۆک ) هه‌ڵبواسێت ؟ بۆ ئه‌بێت ده‌روازه‌ی شارێک بکرێته‌ پرۆژه‌یه‌ک که‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به‌ خه‌ڵکه‌که‌یه‌وه‌ نه‌بێت ؟ بۆ ئه‌بێت له‌ ئێستادا ئه‌م وێنه‌یه‌ جێگایه‌کی پێپڕبکرێته‌وه‌ که‌ پێشتر که‌س به‌ کاری نه‌هێناوه‌ ؟ بۆ ئه‌بێت ( تاڵه‌بانی ) وه‌ک سه‌رۆکی عێراق بناسرێت له‌ وێنه‌که‌دا به‌ڵام هاڵواسینه‌که‌ی په‌یوه‌ندیدار بێت به چالاکیه‌کی ‌حیزبیه‌وه‌ ؟ هه‌موو ده‌زانین نزیک له‌ ( 5 ) ساڵه‌ ( تاڵه‌بانی ) سه‌رۆک کۆماری عێراقه‌ ئه‌گه‌ر له‌ڕووی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ لێکبدرێته‌وه‌ بۆ یه‌کێتی نیشتمانی کوردوستان دروستتر ده‌بوو له‌گه‌ڵ ده‌ست به‌کاربوونی ( تاڵه‌بانی ) وه‌ک سه‌رۆک کۆمار وێنه‌که‌ی هه‌ڵبواسرایه‌ ، به‌ڵام وه‌ک ووتم چونکه‌ وێنه‌ی هه‌ڵواسراوی ئه‌م جاره‌ په‌یامێک و مه‌غزایه‌کیتری له‌ هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌ ، به‌رپرسان هیچ خۆیان ناڕه‌حه‌ت ناکه‌ن به‌وه‌ی که‌ له‌م باره‌وه‌ خه‌ڵک قه‌ناعه‌ت پێبکه‌ن هه‌ر قسه‌یه‌ک بۆیان ئاسان و ساده‌بێت ئه‌وه‌ ده‌ڵێن ، که‌واته‌ هه‌ڵواسینی ئه‌م وێنه‌یه‌ له‌ ئێستادا بۆ ؟ . به‌بڕوای من حه‌قیقه‌تی هه‌ڵواسینی وێنه‌ی ( تاڵه‌بانی ) له‌ ده‌روازه‌ی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چیرۆکی ئازادکردنی ( تاریق ڕه‌مه‌زان ) ی فڕۆکه‌وان له‌لایه‌ن ( تاڵه‌بانی ) یه‌وه‌ ، ئازاد کردنی ( تاریق ڕه‌مه‌زان ) یه‌کێک له‌و فڕۆکه‌وانانه‌ی که‌ 16 / 3 /  1988 به‌شداری کیمیابارانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی کرد ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ی لێکه‌وته‌وه‌ له‌ نێو ڕاگه‌یاندنه‌ ناوخۆیی و ناوچه‌یی و جیهانییه‌کان ، چه‌ندین ناوه‌ند و ڕێکخراوی نێوده‌وڵه‌تی له‌م باره‌یه‌وه‌ ئاگادار کرانه‌وه‌ ، خه‌ڵکی کوردوستان به‌ گشتی و هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ تایبه‌تی به‌بیستنی ئه‌م هه‌واڵه‌ تاسان و به‌ شێوه‌ی جۆرا و جۆر ناڕه‌زایه‌تیان پیشاندا ،  تاکو ئێستاش ( تاڵه‌بانی ) و ( حیزبه‌که‌ی ) حکوومه‌ت و په‌رله‌مان و ده‌زگای ئاسایش له‌مباره‌وه‌ بێده‌نگن و هیچ وه‌ڵامێکی مه‌نتیقی و واقیعی به‌ خه‌ڵک نا‌ده‌نه‌وه‌ ، بۆیه‌ من پێموایه‌ هه‌ڵواسینی ئه‌م وێنه‌یه‌ی سه‌رۆک له‌م کاته‌دا له‌ بری ئه‌و وه‌ڵامانه‌ بێت که‌ بڕیاره‌ به‌ ئازادکردنی ( تاریق ڕه‌مه‌زان ) بدرێته‌وه‌ له‌لایه‌ن ( تاڵه‌بانی ) یه‌وه‌ ، چونکه‌ ئازادکردنی ( تاریق ڕه‌مه‌زان ) کاریگه‌ریه‌کی فراوانی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ده‌روونی له‌سه‌ر ( تاڵه‌بانی ) وه‌ک که‌سایه‌تیه‌ک و ( حیزبه‌که‌ی ) دانا ، هه‌ڵواسینی وێنه‌که‌ی ( سه‌رۆک ) ده‌یه‌وێت قه‌ره‌بووی زیانه‌کانی ئازادکردنی ( تاریق ڕه‌مه‌زان )ی فڕۆکه‌وان بکاته‌وه‌ ، ڕه‌نگه‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی کوردوستانیش پریشکێکی ئه‌م وێنه‌یه‌ی ( سه‌رۆکی ) به‌ر بکه‌وێت .           

Previous
Next