Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
چاوپێکه‌وتنی ده‌نگه‌کان له‌گه‌ڵ عه‌لی مه‌حمود،

چاوپێکه‌وتنی ده‌نگه‌کان له‌گه‌ڵ عه‌لی مه‌حمود،

Closed
by February 12, 2008 دیمانە

چاوپێکه‌وتنی ده‌نگه‌کان له‌گه‌ڵ عه‌لی مه‌حمود، سه‌باره‌ت به‌ به‌شداری نه‌کردنیان له‌ کۆنگره‌ی به‌ جیهانی ناساندنی جینۆسایدکردنی کورد له‌ هه‌ولێر.

ده‌نگه‌کان : عه‌لی مه‌حمود هه‌ڵسوراوێکی دیار وبه‌رچاوی مه‌یدانی دژه‌ جینۆسایدی کورده‌ ، ئه‌و هۆکارانه‌ چین وایان کرد به‌شداری نه‌کا له‌ "کۆنگره‌ی به‌ جیهانی ناساندنی جینۆسایدکردنی کورد له‌ هه‌ولێر" ؟.

عه‌لی مه‌حمود: www.anfal.be

 سەرەتا سوپاستان دەكەم بۆ ئەنجامدانى ئەم چاوپێكەوتنە , دەمەوێت لەوێوە دەستی پێبكەم كە ئەم كۆنگرەیەو كۆنگرەكان داهاتووش كۆتایی ڕێگا نییە , تەنها چاك و عەلی نییە بایكۆتى ئەو كۆنگرەیەی كرد و پشكداری تێدا نەكرد , زۆر كەس و لایەنی دكەش لە بواری كاركردن بۆ ئەنفال پێشەنگ و دەستپێشخەر بوون پشكدار نەبوون لەو كۆنگرەیە .
 كۆمەڵێك هۆكار لە پشت پشكداری نەكردنی ئێمەوە بوو  , هەرچەندە  هەنگاو  هەبوو بۆ پەراوێزكردنمان لەو بوارە لە لایەن كەسان و لایەنی دیاری كراوەوە بە داخەوە كە هەموویان لە ژێر عەباكەی ئێمەوە هاتنە ناو كاركردن  لەو بوارە .
 بیرۆكەی بەستنی ئەو كۆنگرەیە دەگەڕێتەوە بۆ پارساڵ كە كۆنفرانسێك بۆ ئەنفال بەسترا لە لایەن مەڵبەندی كولتوری كوردی لە شاری دەنهاخ كە خۆمیش بەشداربووم لە كۆنگرەكە بە 3 فلیم , لەو كۆنگرەیەوە ئەم پڕۆژەیە گەڵاڵە بوو , خرایە بەردەست حكوومەت  , سەرۆك وەزیران و كاك عوسمانی حاجی مەحموود و مەڵبەندی كولتوری كوردی لە شاری دەنهاخ  لارییان نەبوو لەوەی ڕۆڵی كارا بدەن بە ناوەندی چاك  لە كۆنگرەكە , لە كوردستان بەدوای ئەندامێكی چاكدا گەڕان بە ڕێكەوت لە لایەن برادەرێكەوە ناوی كاك عومەر مەمەد پێشنیاركرا وەك نوێنەری چاك ,لەبەر ئەوەی كاك عومەر لەو كاتەدا ئەندامی چاك نەبوو چەندین مانگ بوو لە ڕێگەی كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە ئیستقالەی دابوو , هەروەها متمانەی  نوێنەرایەتی كۆمیتەی كوردستانیشی نەبوو   بۆیە ئەو داوای كردبوو وەك خۆی بەشدار بێت نەك چاك , ئیتر بوونی بەڕێز كاك عومەر لە لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرە و بەكارهێنانی ئەو جێگەیە بۆ  ڕاكێشانی برادەرانمان  بۆ لای خۆیان , هەروەها لە كۆبونەوەی گشتیدا لە مانگی 8 بڕیاری ئەوەمان دا :
 – پێویستە چاك بەمەرجێك بەشدار بێت لەو كۆنگرەیە ڕۆڵی بدرێتێ  و بتوانێت قسەی خۆی بكات , هەروەها كۆمیتەی كوردستان ڕەزامەند بن لەسەر بەشداریكردنەكە .
 – لە قسەو باسێكی تەلەفۆنی لەگەڵ خاتوو ڤینۆس فایەق داوای ئەوەشمان كرد كە شاندێكی سەردەشتیش داوەت بكرێت سەرباری ئەوەی یەكێك لە نوێنەرانی چاك كاك عەلی ڕەحیمی بێت .
 بە داخەوە  وەڵام نەدراینەوەو كەس داوای بەشداریكردنی لێمان نەكرد  , 3 ڕۆژ پێش كۆنگرەكە لە ڕیگەی چەند ئیمەیلێكەوە پێم ڕاگەیەنرا كە من داوەتم , كە بۆ خۆم بڕیارم داوە تاكو لە چاكدا بم نابێت من پشكداری هیچ داواتێك بكەم و لە هیچ وەفدێكی چاكدا بم , هەروەها بڕیارمان دا سەلاحیەتی پشكداری چاك و دیاریكردنی نوێنەر بدەینە كۆبونەوەی گشتی , كە پێشتر بڕیاری بایكۆتی دابوو لەبەر كۆمەڵێك هۆكار كە لە بەیانەكە بڵاو كرابوەوە , هۆكارەكان ئەگەر گوێمان لێبگرترایا دەكرا قسەیان لەسەر بكرێت , وەلێ مەیلێك هەبوو بۆ پەراوێزكردنمان بەهۆی :
 – هەڵوێستە سیاسییەكانمان  و هەڵوێستمان لەسەر دادگایی جاشەكان و درووستكردنی مۆنمێنتی سەرەكی ئەنفال لە گەرمیان .
 لە كاتی بەستنی كۆنگرە من بە ڕێكەوت لە كوردستان بووم , پڕۆژەی ئەنجامدانی چالاكیمان هەبوو لە بەرامبەر ئەو كۆنگرەیە , وەلێ لەبەر داوای هەندێك هەڵسوڕاوی كەسوكار ئەنفالكراو و ڕێزو ئیعتبارێك بۆ مەڵبەندی كولتوری كوردی لە دەنهاخ هەمان بوو ,   دەستمان لەو هەوڵانە هەڵگرت , كە بەنیاز بووین  :
 – كۆنگرەیەكی جەماوەری لە ناوچەكانی ئەنفال ڕێك بخەین وەك ئەلتەرناتیفێك بۆ ئەو كۆنگرەیە  .
 – لە ڕۆژەكانی بەستنی كۆنگرەكە خۆپیشاندان لەبەردەم هۆڵی كۆنگرە ڕێك بخەین و داواكارییەكانی خۆمان ڕابگەیەنین , بۆ ئەو مەبەستە ئیجازەی پارێزگامان وەرگرت .
 
ده‌نگه‌کان : ئایا نه‌ده‌کرا وه‌کوو ده‌نگێکی جیا به‌شداریتان بکردایه‌؟.
 عه‌لی مه‌حمود :
 من ئەندامی ڕێكخراوێكم بەزۆری دەنگ لە كۆبونەوەی گشتی بڕیاری بایكۆتی دابێت , ئەگەر باوەڕم بە بۆچونەكانی ئێوەش هەبێت ناتوانم پابەند نەبم بەو بڕیارەوە .
 ئێمە زۆر قەڵەمی باشمان تێدایەو زۆر كەسمان دەناسی , دەكرا ڕۆڵی زۆر كارا لەو كۆنگرەیە بگێڕین , دەكرا بە سەرنج و بۆچونەكانمان دەوڵەمەندی بكەین , دەكرا ئەو ڕەخنانەی هەمان بوو لەسەر كۆنگرەگە گوێبیستمان بونایەو جێبەجێبكرابایە , ئێمە عەقڵی كاری هاوبەش بووینە لەناو چاك لەگەڵ لایەنەكانی دیكە قەت دژ بەوە نەبووینە , وەلێ كەس گوێی لێمان نەگرت و ڕێز لە كارو چالاكییەكانی چاك و منیش نەگیرا , ڕۆژگارێك ئێمە كارمان بۆ ئەنفال كرد , ڕێزم بۆ ئەو بەڕێزانە تەنانەت نەك هیچیان دەستیان پێنەكردبوو , بەشێكیشیان هەر گاڵتەیان بەكارەكانمان دەهات , لوتی خۆیان دەگرت و هێڵنجیان بە تەرمی ئەنفالكراوەكان داهاتەوە , كام خاڵ لە ڕاسپاردەكانی ئەو كۆنگرەیە هەیە ئێمە پێشتر  داوامان نەكردبێت ؟؟؟؟ , ئایا شورەیی نییە ڕێز لە ناوەندێكی وەك چاك نەگرترێت ئەو هەموو كارەی ئەنجامدابێت , ئێوەش ئاگادارن 17 ساڵە من و بەشێك لە هاوڕێیانی ناو چاكم چیمان بۆ ئەنفال نەكرد , مەگەر تەلەفزیۆنی ماڵمان بۆی نەفرۆشت و لەسەر ئەنفال ڕاونەنراین ؟؟ , ئەی بۆ بانگنەكراین ؟,  هەرچەندە  ئەم كۆنگرەیەش هیچ ئیزافەیەكی تازەی نەبوو بۆ سەر كارەكانی ساڵانی ڕابردووی ئێمە جگە لە ئامادەبوونی چەند میوانێكی بیانی كە هەمووی دۆستی كورد بوون .
 دەنگی جیا كاتێت دەتوانێت لە شوێنی وادا  بیستراو بێت , پەراوێز نەكرابێت  ,  دەنگی ئێمە دەنگی  كەسوكاری ئەنفالكراوانی دۆڵی جافایەتی و سەنگەسەر و برسییەكانی چەمچەماڵ و سموودە , ئەگەر مەیل هەیە بۆ بیستنی ئەو دەنگانە  ئەوە دەنگی ئێمەشە و با گوێبیستی بن , ئەو دەنگانەش داوای دوو شتی سادە دەكەن نان و دادگایی تاوانباران , ئەو دوو داواكارییەش كەس گوێبیستی نابێت  .
 ئێمە وەك ناوەندی چاك سەرچڵ نین , ڕۆژێك داوای ڕوخانی دەسەڵاتێك ناكەین و ڕۆژی دوایی مل كەچ بین ,  وەلێ مافی خۆشمانە قسەی خۆمان هەبێت و پاشكۆی كەس نەبین و دەنگامان دلێر و بیستراو بێت .
 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.