Skip to Content

Thursday, January 27th, 2022

ئایا نه‌وشیروان موسته‌فا ده‌چێت له‌ په‌ڕله‌مان دابنیشێت ؟

Closed
by July 19, 2009 گشتی

 

ئه‌م ده‌وره‌یه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان ، پێده‌چێت جیاوازبێت له‌گه‌ڵا ده‌وره‌كانی پێشووی هه‌ڵبژاردنه‌كانی چ په‌ڕله‌مان و چ شاره‌وانیه‌كانیش ، به‌پێی بوونی لیستی جیاواز ، ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت بیڵێم وه‌ بۆ من جێگای پرسیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ ، ڕابه‌ری یه‌كێك له‌ لیسته‌ مونافسه‌كانی هه‌ڵبژاردن ، كه‌ په‌یامه‌كه‌ی گۆڕانه‌ ، به‌م شیعاره‌ هاتۆته‌ مه‌یدان . وه‌ كاندیدی ژماره‌یه‌كی لیسته‌كه‌یه‌تی ، ئه‌ویش وه‌ك ڕۆشنه‌ نه‌وشیروان موسته‌فایه‌ . ئایا نه‌وشیروان موسته‌فا وه‌ك كاندیدی ژماره‌یه‌كی لیسته‌كه‌ی ده‌چێت له‌ په‌ڕله‌مان دابنیشێت ، یان وه‌ك په‌ڕله‌مانه‌كه‌ی 1992 كه‌سێك ته‌وكیل ده‌كات .
نه‌وشیروان موسته‌فا له‌ مێژووی خه‌باتیدا جا به‌چی جۆرێك خه‌باتی كردووه‌ لێگه‌ڕێ‌ ، نه‌یتوانیوه‌ كه‌سی یه‌كه‌م و ڕابه‌ری ڕاسته‌قینه‌بێت جگه‌ له‌ شه‌ڕ و بڕیاردانی جه‌نگ نه‌بێت ، ئێستاش كه‌ هاتوه‌ خۆی وه‌ك كاندیدی ژماره‌ یه‌ك پاڵاوتوه‌ ، كه‌ ئه‌مه‌ ته‌نها بۆ ڕیكلامی هه‌ڵبژاردنه‌ ، من باوه‌ڕناكه‌م ئاكام بچێته‌ په‌ڕله‌مان و كورسیه‌ك به‌ناوی ئه‌وه‌وه‌ هه‌بێت له‌ په‌ڕله‌ماندا ، به‌ڵكه‌ خۆبه‌زلزانی ئه‌و ڕێگه‌ به‌مه‌نادات ، له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ، ئه‌م كاره‌ش له‌و كاته‌وه‌ فێربووه‌ كه‌ چ له‌ ده‌ورانی پێشووی له‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیدا و ، كه‌به‌ ته‌نها حكومه‌تیان هه‌بوو ، چ له‌ ده‌ورانی حكومه‌تی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵا پارتیدا ، له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ تا كارو باری وه‌زاره‌تخانه‌كانیان ئه‌نجومه‌نێكی بچوككراوه‌یان بۆ پێكهێنابوو له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌ڕله‌مان حكومه‌ت و یاسا و ڕساكان ، هه‌موو بڕیار و قه‌راره‌كان له‌م ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ داده‌به‌زی ، یان بابڵێین له‌ مه‌كته‌ب سیاسیه‌وه‌ . جا ئه‌و په‌ڕله‌مانتاره‌ كامه‌بوو كه‌ سه‌رپێچی ده‌كرد ، ئه‌و وه‌زیره‌ كامه‌بوو كه‌ ئیمزای نه‌ده‌كرد ، هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌وری ئه‌و پرنته‌ره‌یان ده‌بینی كه‌ ته‌نها ده‌توانن ئه‌و شته‌ چاپ بكه‌ن كه‌له‌ كۆمپیوته‌ره‌كه‌وه‌ بۆن ڕه‌وانه‌ ده‌كرێت ……… ئه‌و ئه‌م ته‌جروبه‌ یه‌شی هه‌یه‌ . بۆیه‌ له‌م ده‌وره‌یه‌شدا من گومانم هه‌یه‌ پێم وانیه‌ له‌م كاره‌ لابدات . به‌ده‌لیلێكی تر ئه‌گه‌ر بیویستایه‌ ده‌بوو خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم بپاڵاوتایه‌ ، ڕه‌نگه‌ ئه‌م كاره‌ش به‌مه‌به‌ستێكی تر بكات ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ نایه‌وێت بچێته‌ ژێرباری ئه‌و شته‌ی كه‌ ئه‌و به‌ناوی گۆڕانه‌وه‌ ته‌بلیغی بۆده‌كات . تا كه‌سێك نه‌توانێت بڵێت هه‌ڵوێستی له‌به‌رامبه‌ر به‌ بابه‌تێكی دیاریكراودا به‌وجۆره‌بوو . بۆیه‌ به‌پێی یاساو ده‌ستور و قانونێك كه‌هه‌یه‌ سه‌رۆك ده‌توانێت ده‌سه‌ڵاتێكی فراوان موماره‌سه‌ بكات وه‌ دژی هه‌موو ئه‌و بڕیار و یاسایانه‌ بوه‌ستێته‌وه‌ و ڕه‌تیان بكاته‌وه‌ كه‌ په‌ڕله‌مان بۆی ده‌نێرن و پێویستی به‌ ئیمزالێدانی ئه‌و هه‌یه‌ تاببێته‌ بڕیار و یاسا ،بۆیه‌ باشترین جێگه‌یه‌كه‌ بۆ گۆڕان . وه‌ك ده‌شزانین پۆستی ئه‌ندام په‌ڕله‌مان یه‌كسان نیه‌ به‌ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم .  كه‌واته‌ ده‌توانم بڵێم نه‌وشیروان له‌ گرده‌كه‌ داده‌نیشێت نه‌ك له‌ په‌ڕله‌مان .
تا به‌وجێگه‌یه‌شی كه‌ به‌ده‌ست هێنانی ته‌نها كورسیه‌كش له‌لایه‌ن لیسته‌كه‌ی ئه‌مه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ چه‌نده‌ به‌ زیانی پارتی و تێكدانی ته‌وازن قوای نێوان پارتی و یه‌كێتی ده‌شكێته‌وه‌ ، هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه‌ كۆی ده‌كاته‌وه‌ سه‌ره‌نجام چۆن ده‌یكاته‌وه‌ كۆشی یه‌كێتی ، له‌ هه‌موو ده‌نگدانێكی په‌ڕله‌ماندا ، خزمه‌تێكی گه‌وره‌یه‌ به‌ بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالستی كوردی و لایه‌نی یه‌كێتی به‌تایه‌تی . كه‌ ئه‌م خه‌می له‌ قوڕاو ده‌رهێنانی داوه‌ به‌ كۆڵیدا .
نه‌وشیروان و لیسته‌كه‌ی هه‌موو ڕۆژێك په‌یامێك بۆ توێژێكی كۆمه‌ڵایه‌تی داده‌به‌زێنن ،وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی له‌و شتانه‌ بێئاگابن كه‌ جێی به‌حسی جه‌نابیانه‌ ، ئه‌وه‌ خه‌ڵكی كوردستان نیه‌ له‌ دنیای مۆدێرن و مه‌ده‌نی بێئاگان ، ئه‌وه‌ تۆ و ئاغاكانته‌ له‌ سه‌ری ڕه‌ش و قه‌ڵاچوالان ده‌ستان له‌ كه‌وان گیركردوه‌ به‌ڕووی خه‌ڵكدا و ترستان له‌ و دنیایه‌ هه‌یه‌ . سه‌رجه‌می په‌یامه‌كه‌ی له‌وه‌دا كورت ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان پێیان وایه‌ و له‌ ئاینده‌دا هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن ، ئیتر ئه‌و میكانیزمه‌ دیار نیه‌ كه‌ كاری ئه‌وانه‌ . به‌چی جۆرێك فه‌سادی و گه‌نده‌ڵی و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی گوزه‌رانی خه‌ڵك چاره‌سه‌رده‌كه‌ن . ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ نه‌وشیروان و پوخته‌ی كۆمپانیای ووشه‌ و لیستی گۆڕا كاره‌كه‌یان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ئاوه‌ كه‌ڕۆیشتوه‌ بیگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ ناو جۆگه‌كه‌ ، ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی و پارتی تۆراون و ئه‌وان نه‌یان توانیه‌ خواسته‌كانیان تێربكه‌ن و ماوه‌یه‌كه‌ تار بوون ئه‌م بیان كاته‌وه‌ قه‌فه‌سه‌كه‌ . بۆیه‌ یه‌كێكیان ده‌ڵێت من سی ساڵه‌ پیاو بۆ یه‌كێتی ده‌كوژم ئاماده‌شم سی ساڵ بۆ نه‌وشیروانی بكوژم !!.
 بێگومان له‌ ئیدعا و ته‌بلیغێك كه‌ ده‌یكه‌ن كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی تر له‌ خۆیانه‌وه‌ ده‌پێچن ، بۆیه‌ پێویستی به‌وه‌هه‌یه‌ واخۆی به‌دور بگرێت كه‌ دووكه‌ڵی جگه‌ره‌ی یه‌كێتی نه‌یگاتێ‌ ، به‌ڵام ئه‌م كاره‌ بۆ خه‌ڵكی ووشیاری كوردستان به‌قه‌د بازدانی كێچێك له‌ ڕاستی ڕابردووی ئه‌م به‌ڕێزه‌ و هاوكاره‌كانی دوورمان ناخاته‌وه‌ . بۆیه‌ ئێستا به‌خه‌ڵكی كوردستان ده‌ڵێت ده‌زانن حكومه‌ت گه‌نده‌ڵه‌ ، حیزب وه‌ك ئه‌و كرمه‌ی لێهاتوه‌ كه‌ له‌ ناوه‌وه‌ خه‌ریكی كلۆر كردنی به‌ژنی كۆمه‌ڵگایه‌ تا وشكی بكات ، دیموكراسی و ئازادی و هه‌ڵسوڕانی سیاسی له‌ نزمترین ئاستیدایه‌ یان هه‌ر نیه‌ . مێژوویه‌كی دوور نیه‌ تۆ به‌ به‌شێك له‌ خه‌ڵكی كوردستانت ووت ئاو و كاره‌با هی خۆمانه‌ و نایده‌ین به‌ئێوه‌ ، خه‌ڵكی كوردستان هه‌زوو ئێوه‌ی ناونا فیرعه‌ونه‌كان . ئیتر پێویست ناكات له‌ تیۆره‌ شڕۆڵه‌كانی خۆت كراسێكی پان پۆڕ دادرووی و به‌ گوڵی ورد و ڕه‌نگاوڕه‌نگ بیڕازاێنیته‌وه‌ و پێمان بڵێی بۆنیان بكه‌ن .
بۆیه‌ ناتوانی خه‌ڵكی ووشیاری كوردستان به‌زۆر له‌ كۆڵانێكی ته‌نگه‌به‌ره‌وه‌ ببه‌ی . له‌پای چی پێمان ده‌ڵێی ئه‌مه‌یه‌ پێناسه‌ی حیزب و حكومه‌ت و ئابوری و بازاڕوو ، ته‌نانه‌ت ئازادی سیاسی و ڕاده‌ربڕین…… بیرته‌ كاتێك تۆ به‌ناو له‌ یه‌كێتی هاتیته‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌م باسانه‌ له‌ گۆڕێ‌ نه‌بوون ، خاڵی یه‌كه‌می ناڕه‌زایی و ڕقی تۆ ئه‌وه‌بوو نازانی دارایی یه‌كێتی كه‌ به‌ده‌ستی ماڵی تاڵه‌بانیه‌ چی لێیه‌ت و بۆ كوێ‌ ده‌چێت . ئیتر من نازانم بۆ چی و له‌ پای چی توره‌كه‌ی سواڵی خه‌ڵكی كوردستانت كردۆته‌ به‌یداخی خۆت و كه‌وتویته‌ شه‌كاندنه‌وه‌ی .ئه‌وه‌نده‌ش خۆت به‌ خاوه‌ن حه‌ق ده‌زانی كه‌ پێتوایه‌ مافی خۆته‌ له‌ ماڵه‌باواتن مانگانه‌ چه‌ندین ملیۆنت بۆ بێت ،  بۆیه‌ ئه‌م خواستانه‌ په‌رده‌ی باوه‌ڕی ئێمه‌ به‌رانبه‌ر به‌تۆ نا دڕێنێت . تۆ گریمانه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌ك ده‌كه‌یت كه‌تیایدا هه‌موو شتێك پێچه‌وانه‌ی ئێستایه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی باشه‌ ، هه‌ر به‌م پێه‌ش ده‌ته‌وێت بیسه‌لمێنی كه‌ دنیا له‌ فه‌له‌كی تۆدا ده‌گۆڕێت ، پاشان به‌بێ‌ هیچ هۆیه‌ك قامك بۆئه‌وه‌ درێژده‌كه‌یت كه‌ ناڕازی و توڕه‌ی له‌ به‌رخوردی حیزب و حكومه‌ت . به‌م كاره‌ش ده‌ته‌وێت چی ڕابردوته‌ بیكه‌یته‌ تۆزی به‌رده‌م با خالیبونێكی ته‌واو خاڵی ببیت له‌ گوناه و هه‌ڵه‌ . بۆیه‌ كوردستان به‌و مۆمه‌ی تۆ ڕوناك نابێته‌وه‌ شه‌وه‌زه‌نگی تاری یه‌كێتی و پارتی به‌ نه‌خشه‌ی فریوكارانه‌ی تۆ نابێته‌ ڕۆژی ڕوناك

            Nya Kamil 
nyakamil@hotmail.com   
     

Previous
Next