Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

توانه‌وه‌یه‌كی مه‌قامی له‌ كاره‌كانی (هه‌ڵكه‌وت زاهیر)……

Be First!
by January 18, 2011 گشتی

توانه‌وه‌یه‌كی مه‌قامی له‌ كاره‌كانی (هه‌ڵكه‌وت زاهیر) و ڕه‌سه‌ن و ناڕه‌سه‌نیی به‌رهه‌مه‌كانی
وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د

 

زۆرن ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌ی نه‌رێنی ئاراسته‌ی ڕه‌وته‌ هونه‌رییه‌كه‌ی (هه‌ڵكه‌وت زاهیر) ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیان به‌جێ و زۆربه‌شیان بێ جێ، زۆربه‌ی ڕه‌خنه‌كانیش قسه‌كردنن له‌سه‌ر هونه‌ری ڕه‌سه‌ن و ناڕه‌سه‌ن و به‌راوردكردنیان له‌نێو كاره‌ هونه‌رییه‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ گه‌نجه‌.. هه‌موو ئه‌مانه‌یش دروست له‌و شوێنه‌دا كۆ ده‌بنه‌وه‌ كه‌ (هه‌ڵكه‌وت زاهیر) سووكایه‌تی به‌ڕه‌سه‌نایه‌تیی هونه‌ری گۆرانی و موزیكی كوردی ده‌كات و كاره‌ ناڕه‌سه‌نه‌كانمان پێشان ده‌دات.
لێره‌دا پێویستیم به‌وه‌ نییه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن و شیكردنه‌وه‌ بۆ چمكی هونه‌ری ڕه‌سه‌ن و ناڕه‌سه‌ن بكه‌م كه‌ زۆر جار له‌باره‌یه‌وه‌ دوواوم، ئه‌مه‌ جیا له‌وه‌ی نه‌ بڕوام به‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌موو ڕه‌سه‌نه‌كان هونه‌ری سوودمه‌ند بن و نه‌ بڕوایشم به‌شێواندنی ڕه‌سه‌نایه‌تی هه‌یه‌ له‌ به‌كاربردنی ستایلگه‌لی جیاواز له‌ هونه‌ری كوردیدا، واته‌ له‌ هه‌ردوو دیودا بۆ ئه‌مڕۆی ڕه‌وته‌ هونه‌رییه‌كه‌ پێویست و ناپێویست ده‌بینین و ده‌هێنی كاری ڕژدیشیان له‌سه‌ر بكه‌ین، له‌مه‌یشیاندا كه‌ به‌ڕه‌هایی قسه‌ له‌سه‌ر ناڕه‌سه‌نیی به‌رهه‌مه‌كانی (هه‌ڵكه‌وت) ده‌كرێ، شتێك نابینم جیا له‌ ئیره‌یی، یان ململانێیه‌كی بێسه‌روبه‌ری ناهونه‌رییانه‌، به‌رامبه‌ر به‌ڕه‌خنه‌كانیش تا ئێستا نه‌مزانیوه‌ ڕه‌خنه‌یه‌كی زانستیی مه‌عریفی ئاراسته‌ی كاره‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ كرابێت یاخۆ به‌رهه‌مه‌كانی له‌ ئاراسته‌كردنی ڕه‌خنه‌كاندا پۆلێن كرابن و ڕه‌ش و سپییان له‌یه‌كتر جودا كردبێته‌وه‌ كه‌ به‌بۆچوونی من ئه‌مه‌یان ته‌نیا له‌ نه‌خۆشییه‌كانی ویژداندا خۆی ده‌بینێته‌وه‌.. چونكه‌  نه‌ ده‌كرێ ته‌واوی كاره‌ هونه‌رییه‌كانی (هه‌ڵكه‌وت) له‌ لووتكه‌ی تێكست و هونه‌ری موزیك و میلۆدیدا بن و نه‌ ده‌شكرێ ته‌واویان كاری ناڕه‌سه‌ن و دژ به‌ڕه‌وتی هونه‌ری كوردی بن و بكه‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌ی تا ئێستا شیكردنه‌وه‌یه‌كی شیاویان بۆ نه‌كراوه‌، كه‌واته‌ هه‌ریه‌ك به‌جۆرێك له‌ ڕه‌سه‌نایه‌تی ده‌ڕوانێت و زۆربه‌شیان ته‌نیا له‌ میلۆدییه‌ فۆلكلۆری و میللییه‌كاندا ده‌یخوێننه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌سڵه‌ن ئه‌و گه‌نجه‌ كار له‌سه‌ر هونه‌ری كوردی به‌ستایلگه‌لی جیاواز ده‌كات كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌یشیان بۆ ئه‌م قۆناغه‌ به‌ئاسان هه‌رس نه‌كرێت، یان لانیكه‌م لای نه‌وه‌ی پێشتر به‌ئاسان وه‌رنه‌گیرێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئاساییه‌ له‌و پڕكاری و خێراییه‌دا به‌رهه‌مگه‌لێك له‌ناو كاره‌كانیدا به‌شیاو نه‌بینرێن، یان لانیكه‌م بۆ ئه‌م قۆناغه‌ گونجان له‌گه‌ڵ ئه‌قڵه‌كاندا دروست نه‌كه‌ن، چونكه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی من چاودێریم كردووه‌، (هه‌ڵكه‌وت) ئه‌وه‌نده‌ی كار بۆ ئێستا ده‌كات، له‌وه‌یش پتر كار بۆ داهاتوویه‌كی دوورتر ده‌كات كه‌ ده‌هێنێ ئه‌م ڕیسكه‌ی به‌هه‌ند وه‌ربگرین و به‌رزی ڕابگرین.
پێموانییه‌ جیاكردنه‌وه‌ی ڕه‌سه‌ن و ناڕه‌سه‌ن له‌ كاره‌كانی (هه‌ڵكه‌وت زاهیر)دا ئه‌سته‌م بێت، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی ئێمه‌یه‌ بۆ به‌هادار یاخۆ بێبه‌هاكردنیان، بۆ ئه‌مه‌یشیان هه‌ندێك جار به‌دیقه‌ت و شاره‌زایی و زۆر جاری دیكه‌یش بۆ توانج و شكاندنه‌وه‌ له‌باره‌یانه‌وه‌ ده‌گوترێ، بۆیه‌ جه‌خت له‌سه‌ر پۆلێنكردن ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ته‌نیا له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانین به‌ها دروسته‌كان له‌ هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌دا ببینین.. له‌وه‌ش واوه‌تر ئه‌لبوومه‌ مه‌قامییه‌كه‌ی (لۆكه‌)ی گۆرانیبێژ به‌نموونه‌یه‌كی زیندووی ڕه‌سه‌نایه‌تی له‌ كاره‌ هاوچه‌رخه‌كان وه‌رده‌گرم كه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌قڵی (هه‌ڵكه‌وت زاهیر)ه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ بووه‌، بێگومان مه‌به‌ستیشم نییه‌ بكه‌ومه‌ ناو شیكردنه‌وه‌ی ته‌واوی مه‌قامه‌كانی ئه‌و خاتوونه‌ هونه‌رمه‌نده‌ كه‌ به‌بێ تێبینی تێناپه‌ڕێت، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌ نه‌رێنییه‌كانه‌ به‌رانبه‌ر به‌ناڕه‌سه‌نیی كاره‌كانی (هه‌ڵكه‌وت) وه‌ك ئه‌وه‌ی زۆری له‌باره‌وه‌ گوتراوه‌، چونكه‌ له‌ ڕێگه‌ی گه‌مه‌ مه‌قامییه‌كانی (لۆكه‌)وه‌ به‌زیندوویی ئه‌قڵه‌ هونه‌رییه‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی (هه‌ڵكه‌وت) ده‌خوێنینه‌وه‌.
ئه‌مه‌ ته‌نیا داكۆكیكردن نییه‌ له‌ هونه‌رمه‌ند (هه‌ڵكه‌وت زاهیر)كه‌ تا ئێستا چه‌ندان ڕه‌خنه‌ و تێبینیم له‌باره‌یه‌وه‌ بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، بگره‌ داكۆكیكردنه‌ له‌ ڕه‌وتێك و وه‌ك پره‌نسیپێك بوونی به‌پێویست و شیاو ده‌بینم، (هه‌ڵكه‌وت) و كاره‌ هونه‌رییه‌كانی ئه‌وه‌یان تێپه‌ڕاندووه‌ ته‌نیا به‌موڵكی كه‌سی خۆی وه‌ریبگرین، یان ڕه‌وته‌كه‌ له‌ (هه‌ڵكه‌وت) و چه‌ند گۆرانیبێژێكی گه‌نجدا كورت بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ی ڕه‌وتێكه‌ له‌ ئه‌قڵێكی نوێی هونه‌ری موزیك و میلۆدیی كوردییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، كه‌واته‌ داكۆكیكردن له‌و هونه‌رمه‌نده‌ گه‌نجه‌، داكۆكیكردنه‌ له‌ پره‌نسیپه‌كانی وه‌ك ڕه‌وتێكی نوێ له‌ هونه‌ری كوردیدا، نه‌ك ته‌نیا وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی ئاسایی له‌ ناوه‌نده‌كه‌دا لێی بڕوانین، چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ كه‌تواره‌كه‌دا دروست بووه‌ خۆڕسكانه‌ نییه‌، ئه‌وه‌ كاركردنی زۆری له‌ پشته‌ و شه‌ونخوونیی به‌دواوه‌ بووه‌ و هاوكات كارێلێكن پلانی هونه‌رییان بۆ هاتووه‌ته‌ داڕشتن.. كاتێكیش ئێمه‌ به‌ستایلگه‌لی جیاواز له‌سه‌ر ئه‌و ڕه‌وته‌ ڕاهاتووین و تا ئاستێكی زۆریش میلۆدییه‌كانی (هه‌ڵكه‌وت) له‌ دووره‌وه‌ ده‌ناسینه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی پێی ناسراوه‌، بۆیه‌ كه‌ هونه‌ری مه‌قامی تێدا به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، به‌تایبه‌تیش ده‌نگه‌ مه‌قامییه‌كان له‌ خاتوونێكه‌وه‌ بێت، ئه‌مه‌یان جیا له‌ به‌رزڕاگرتنی هونه‌ری مه‌قام كه‌ ساڵه‌هایه‌ لێی ترازاوین، هاوكات به‌رزڕاگرتنی ڕه‌سه‌نایه‌تیی هونه‌ری كوردییه‌ كه‌ له‌وه‌ته‌ی (هه‌ڵكه‌وت) هه‌ڵكه‌وتووه‌، تیر و توانجی ناڕه‌سه‌نی له‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كانی ده‌گیرێ، بۆیه‌ به‌دیدی من جیا له‌ ته‌واوی كاره‌ هونه‌رییه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ كه‌ له‌ زۆرینه‌یاندا توانیویه‌تی ئافراندن بكات، ئه‌و ئه‌لبوومه‌ مه‌قامییه‌ی بۆ (لۆكه‌)ی ساز كردووه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی شیكردنه‌وه‌ بۆ ئه‌دا و میانه‌ و په‌رده‌ مه‌قامییه‌كان، به‌بڕشتترین كاره‌كانی (هه‌ڵكه‌وت) و (لۆكه‌) ده‌ناسمه‌وه‌.
ئه‌و دوو هونه‌رمه‌نده‌ له‌ دیوێكدا وه‌ڵامێك بۆ ڕه‌سه‌ن و ناڕه‌سه‌نیی هونه‌ری گۆرانی و موزیك  به‌ڕه‌خنه‌گرانیان ده‌گه‌یه‌نن، به‌دیوه‌كه‌ی دیكه‌شیدا وێڕای هه‌ر كه‌موكوڕییه‌ك له‌ په‌رده‌ و ئه‌دا مه‌قامییه‌كان، به‌ڵام هونه‌رێكی دانسقه‌ی ڕه‌سه‌نی كوردییان پێمان گه‌یاندووه‌ كه‌ پێموایه‌ له‌مه‌شیاندا (هه‌ڵكه‌وت) دره‌نگ كه‌وتووه‌ و ده‌بوو زووتر ئه‌و په‌یامه‌ی بگه‌یاندایه‌.
له‌ هونه‌ری مه‌قامدا 7 مه‌قامی سه‌ره‌كی هه‌ن و ئه‌وانی دیكه‌ لقه‌مه‌قامین و ته‌واویان زاده‌ی ئه‌و 7 مه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌ن كه‌ زۆریان له‌باره‌وه‌ دوواوم و پێموانییه‌ پێویستیم به‌جوینه‌وه‌یان بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی شوێنی سه‌رنجه‌ (هه‌ڵكه‌وت)یش له‌و ئه‌لبوومه‌ی (لۆكه‌)دا یاریی له‌گه‌ڵ 7 مه‌قامدا كردووه‌، ئه‌مه‌یش دیالۆگێكه‌ له‌ نێوان مه‌قامه‌ جیاوازه‌كاندا، ڕاسته‌ ئه‌و 7 مه‌قامه‌ی (لۆكه‌) چڕیونی ته‌وایان ناكه‌ونه‌ به‌ر مه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كان و له‌ لقه‌مه‌قامییه‌كانیش دانه‌بڕاوه‌، به‌ڵام لێره‌دا ژماره‌ ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه‌ به‌شاره‌زایی ورد و چڕه‌وه‌ كار له‌سه‌ر مه‌قامه‌كان كراوه‌، ئه‌گه‌رچی گوتنه‌وه‌ی مه‌قامه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ی ئه‌و دوو هونه‌رمه‌نده‌ پێیان گه‌یاندووین، ناكه‌ونه‌ به‌ر ئه‌دایه‌كی دروستی میانه‌ و په‌رده‌ مه‌قامییه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ڕه‌سه‌ندا هه‌ن، هاوكات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (لۆكه‌) گۆرانیبێژه‌ و مه‌قامبێژ نییه‌، بۆیه‌ تا ئاستێك ئه‌دایه‌كی لاساییكاره‌وه‌ی مه‌قامه‌كانمان له‌ گوتنه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندانی كۆن و پێشتردا ده‌داتێ، ئه‌وه‌ی جودای ده‌كاته‌وه‌ ته‌نیا به‌كاربردنی ورده‌ میلۆدییه‌كانی (هه‌ڵكه‌وت)ه‌ له‌ ئه‌دا مه‌قامییه‌كاندا، ئه‌مه‌ وێڕای سه‌رنجمان له‌سه‌ر درێژدادڕی له‌ ته‌قسیمه‌ موزیكییه‌ مه‌قامییه‌كان كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌وان بۆ ده‌رچوون له‌ شێوازه‌ لاساییكاره‌وه‌ كۆنه‌كه‌ به‌كاریان بردبێ.
پێموایه‌ هه‌موومان كۆكین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ هونه‌ری سترانی كوردیدا سنوورێكی دیاریكراومان له‌ ستایله‌كان هه‌یه‌ و زۆریشن ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی له‌و سنووره‌دا خۆیان له‌ قاڵب داوه‌، ئه‌گه‌ر به‌كاربردنی ستایلگه‌لی جیاوازیش له‌ ستایله‌ كوردییه‌كان پێوه‌ر بێت بۆ ڕه‌سه‌ن و ناڕه‌سه‌ن و به‌رهه‌مه‌كانی (هه‌ڵكه‌وت زاهیر)ی پێ بێنینه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن، ئه‌و ئه‌لبوومه‌ مه‌قامییه‌ی (لۆكه‌) زیندووترین وه‌ڵامه‌ بۆ هه‌موومان كه‌ ئه‌قڵی (هه‌ڵكه‌وت)ی له‌ پشته‌، چونكه‌ بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ گوتنه‌وه‌ی مه‌قام له‌گه‌ڵ تێكسته‌ كوردییه‌كاندا به‌هه‌ر ئه‌دا و له‌ هه‌ر مۆركێكدا خۆی بنوێنێ، ده‌كه‌وێته‌ به‌ر كاره‌ هونه‌رییه‌ ڕه‌سه‌نه‌كان، بێگومان ئه‌مه‌ جیا له‌ شێوازه‌ لاساییكاره‌وه‌كه‌ی (لۆكه‌) كه‌ له‌ هه‌ندێك له‌ مه‌قامه‌كانیدا پێشانمانی ده‌دات، چونكه‌ (لۆكه‌) به‌هه‌ر ئه‌دایه‌ك له‌نێو ئه‌و تێكسته‌ كوردییانه‌دا مه‌قامه‌كانی پێشان بدایه‌، پێمان نه‌ده‌كرا بیخزێنینه‌ نێو كاره‌ ناڕه‌سه‌نه‌كان، وه‌ك پێشتر هه‌ڵسه‌نگاندنم بۆ كردووه‌ و لێره‌یشدا دیسان جه‌خت ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ سروشتی ده‌نگی (لۆكه‌) فاكته‌رێكی كاریگه‌ری پێشاندانی ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌ له‌ هه‌ر میلۆدییه‌ك و به‌هه‌ر ستایلێك، دیاره‌ ئه‌گه‌ر گه‌مه‌كانیشی بكه‌ونه‌ به‌ر ئه‌داكردن و گوتنه‌وه‌ی مه‌قام، ناكرێ به‌هیچ پێوه‌رێك له‌و ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌ بترازێ كه‌ زۆر جار توانج ئاراسته‌ی خۆی و مامۆستاكه‌ی ده‌كرێ.
ڕاستیتان ده‌وێ (هه‌ڵكه‌وت)یش وه‌ستایه‌كی باشی هه‌ڵبژاردنی ده‌نگه‌كانه‌، بۆیه‌ ده‌نگی (لۆكه‌)ی بۆ ئه‌و ئه‌دا مه‌قامییانه‌ هه‌ڵبژاردووه‌.. من نامه‌وێ ناوی قوتابییه‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ به‌نموونه‌ وه‌ربگرم كه‌ پێموایه‌ زۆربه‌یان ده‌ره‌قه‌تی ئه‌دای مه‌قامی نایه‌ن و هه‌ندێكیشیان پتر گۆرانیبێژ و نواندنكارن وه‌ك له‌وه‌ی ده‌ره‌قه‌تی ته‌واوی گه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی سه‌رجه‌م میلۆدییه‌كان بێن كه‌ ئه‌مه‌یان بۆ مه‌قامه‌كانیش ئه‌سته‌متر ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام بۆ كه‌سایه‌تییه‌كی وه‌ك (لۆكه‌) بێگومان سروشته‌ ده‌نگییه‌كه‌ی ڕێگه‌یه‌كی فره‌وانتری له‌ به‌رده‌م (هه‌ڵكه‌وت) كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ بتوانێ له‌ ده‌نگه‌كانی دیكه‌ ئاسانتر كاری مه‌قامیی له‌سه‌ر بكات، ئه‌مه‌ جیا له‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی ده‌نگی مێیینه‌ بۆ ئه‌داكردنی مه‌قام وێڕای ئه‌وه‌ی داهێنانێكی نوێ نییه‌ و له‌ هونه‌ری كوردیی كۆندا نموونه‌گه‌لمان هه‌ن له‌ خاتوونه‌ لاوكبێژه‌كان، به‌ڵام بۆ ئه‌م قۆناغه‌ و له‌م سه‌رده‌مه‌دا یه‌ك له‌ پێویستییه‌كان بوو و ئه‌و دوو هونه‌رمه‌نده‌ كردیان، بۆیه‌ ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر (هه‌ڵكه‌وت) شتێك وردتر له‌و مه‌قامانه‌دا كاری له‌سه‌ر ده‌نگی (لۆكه‌) بكردایه‌، نه‌مانده‌توانی جیاوازییه‌ك ببینین له‌ نێوان (لۆكه‌) و (فه‌ریده‌)ی مه‌قامبێژی عێراقی كه‌ ئه‌و ڕێچكه‌یه‌ی به‌تایبه‌تمه‌ندی وه‌رگرتووه‌، ئه‌مه‌ نه‌ك به‌و واتایه‌ی (لۆكه‌)یش وه‌ك (فه‌ریده‌) مه‌قام بكاته‌ تایبه‌تمه‌ندیی ده‌نگی خۆی، چونكه‌ ئه‌و گۆرانیبێژه‌ نه‌ك مه‌قامبێژ، به‌ڵام (فه‌ریده‌) وێڕای ئه‌وه‌ی به‌گۆرانی ده‌ستی پێكرد، له‌ دواییدا هونه‌ری مه‌قامی كرده‌ تایبه‌تمه‌ندی و ئێستایش تاكه‌ مه‌قامبێژی عێراقییه‌ له‌ ده‌نگه‌ مێیینه‌كاندا كه‌ وایده‌بینمه‌وه‌ (هه‌ڵكه‌وت)یش ده‌یتوانی له‌ هونه‌ری كوردیدا داهێنانێكی له‌و جۆره‌مان له‌نێو تواناكانی قوتابییه‌كانیدا پێشان بدات، بۆ ئه‌مه‌یشیان ده‌نگی (میرا) زیندووترین نموونه‌ی تواناكانی ده‌نگه‌ كه‌ به‌ئاسان له‌نێو ئه‌سته‌مترین مه‌قامیشدا به‌سه‌ركه‌وتوویی به‌رجه‌سته‌ ده‌كرێ و كه‌چی تا ئێستا (هه‌ڵكه‌وت) كاری له‌سه‌ر نه‌كردووه‌.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر مه‌قامێك له‌ چه‌ند میانه‌ و په‌رده‌یه‌كی مه‌قامی پێك دێت و به‌یاسا و ڕێساكانی خۆی كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت، بۆیه‌ ته‌نیا له‌ ئه‌داكردن و شێوه‌گوتندا ده‌توانین ئه‌دا عه‌ره‌بی و توركی و فارسییه‌كان له‌ یه‌كتر جیا بكه‌ینه‌وه‌، بۆ كه‌سێكی وه‌ك (لۆكه‌)یش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌نگێكی دروست كوردییه‌، به‌هه‌ر شێوه‌گوتن و ئه‌دایه‌ك مه‌قاممان به‌رگوێ بخات، به‌شێوه‌ی لاساییكاره‌وه‌ یاخۆ جۆرێك له‌ نوێكردنه‌وه‌، ئه‌و ناتوانێ له‌ ڕه‌سه‌نایه‌تی لا بدات و بخزێته‌ نێو شێوازه‌كانی تره‌وه‌، واته‌ ئه‌وه‌ی (لۆكه‌) له‌ ئه‌لبوومه‌ مه‌قامییه‌كه‌یدا به‌ئێمه‌ی گه‌یاندووه‌، هونه‌رێكی دروست ڕه‌سه‌نی كوردییه‌، كه‌چی ماوه‌یه‌كه‌ ئه‌و ئه‌لبوومه‌ بڵاو بووه‌ته‌وه‌ و كه‌سیش قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كردووه‌ كه‌ دڵنیام ئه‌گه‌ر تۆماركردنه‌كه‌ی بكه‌وتایه‌ته‌ به‌ر یه‌ك له‌ میلۆدییه‌ ته‌ڕه‌ب یاخۆ ئه‌ره‌بێسكه‌كانی (هه‌ڵكه‌وت)، ئه‌وده‌م دنیایه‌ك ده‌مودووی له‌باره‌ی شێواندنی ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌وه‌ له‌لایه‌ن نه‌یاره‌كانیه‌وه‌ له‌باره‌وه‌ ده‌كرا.. ئه‌دی لێره‌وه‌یه‌ باس له‌ زیندوویی یان مردوویی ویژدانه‌كان ده‌كه‌م، ئه‌مه‌یان حاڵه‌تێكی ده‌روونیی سه‌یری لای نه‌یارانی هونه‌ره‌كه‌ی (هه‌ڵكه‌وت) دروست كردووه‌ كه‌ ڕێگه‌یه‌كی بێ گه‌ڕانه‌وه‌یان گرتووه‌ته‌ به‌ر و به‌باش و خراپیش ده‌ڵێن خراپ.. بۆیه‌ جه‌خت ده‌كه‌مه‌وه‌، وێڕای ئه‌وه‌ی سه‌رنج و تێبینیم له‌سه‌ر چه‌ندان به‌رهه‌می هونه‌ریی (هه‌ڵكه‌وت زاهیر) هه‌یه‌ له‌و كارانه‌ی بۆ گه‌نجه‌كانی كردوون، هاوكات ناكرێ به‌هونه‌رمه‌ندێكی گه‌نج و نوێخوازی كوردی نه‌بینین، ئه‌وه‌ی ئه‌ویش له‌ ڕه‌وته‌ نوێیه‌كه‌دا كردوویه‌تی، جیا له‌وه‌ی ڕیسكێكه‌ و خۆی هاوشان كردووه‌ و كاری ڕژدیشی بۆ ده‌كات، هاوكات توانیویه‌تی جۆرێك له‌ گۆڕان یان نوێبوونه‌وه‌مان پێشان بدات كه‌ وایده‌بینمه‌وه‌ هونه‌ری كوردیی هاوسه‌رده‌م پێویستی پێیه‌تی.. ئه‌و له‌ ئه‌لبوومه‌ مه‌قامییه‌كه‌ی (لۆكه‌)دا گه‌مه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ڕه‌سه‌نایه‌تیی كوردی كردووه‌، ڕاستیتان ده‌وێ هه‌رگیز پێموانییه‌ (هه‌ڵكه‌وت) ئه‌وه‌نده‌ی له‌گه‌ڵ میلۆدییه‌ ڕیتمدار و ئه‌دلیبه‌كاندا ئاسووده‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ ئاسووده‌یی له‌گه‌ڵ هونه‌ری مه‌قامدا هه‌بێت، بۆیه‌ پێموایه‌ ئه‌وه‌ی كردوویه‌تی وه‌ڵامێكه‌ بۆ هه‌مووان، واته‌ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌یه‌وێ پێمان بڵێ زۆربه‌مان ده‌زانین كار له‌ ڕه‌سه‌نایه‌تی بكه‌ین، به‌ڵام گرنگتر جۆری كاركردنه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌ بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستامان.. وه‌ك زۆر جاریش قسه‌م له‌باره‌وه‌ كردووه‌، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی (هه‌ڵكه‌وت) دروست ئاوێته‌كردنی ڕه‌سه‌نایه‌تی له‌ هاوچه‌رخیه‌تییه‌، بۆ ئه‌مه‌یشیان ئه‌گه‌ر به‌كورتیش بێ، به‌ڵام كاری ڕژدی له‌نێو مه‌قامه‌كاندا  كردووه‌ به‌وه‌ی میلۆدیی ئاوێته‌ به‌ئه‌دای مه‌قامی كردووه‌، من ناڵێم (هه‌ڵكه‌وت) یه‌كه‌مین كه‌سه‌ ئه‌و كاره‌ی كردبێ، به‌ر له‌ویش كاری له‌و جۆره‌ هه‌بوون، به‌ڵام ئه‌و ویستوویه‌تی وه‌ڵامێكی نوێخوازانه‌ و بێگرێ و هاوكات بێ گرژبوونه‌وه‌ به‌وانه‌ بگه‌یه‌نێ كه‌ وه‌ك نه‌یارانی كاره‌ هونه‌رییه‌كانی له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌دوێن.
ڕه‌نگه‌ ئه‌و ئه‌لبوومه‌ مه‌قامییه‌ی (لۆكه‌) له‌لای جه‌ماوه‌ی هونه‌ردۆست یان هه‌وادارانی ده‌نگی ئه‌و خاتوونه‌ به‌ئاسان وه‌رنه‌گیرێ و ئه‌وه‌نده‌ی گۆرانییه‌ ڕیتمداره‌كانی جه‌ماوه‌ری نه‌بن، هۆكاره‌كه‌شی بێگومان بۆ چه‌قبه‌ستوویی هونه‌ری مه‌قام له‌م سه‌رده‌مه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو هونه‌رمه‌نده‌ له‌و ئه‌لبوومه‌دا كردوویانه‌، به‌ئه‌رشیفی هونه‌ری مه‌قام دێته‌ سپاردن و ئه‌و بواره‌ی بۆ داهاتوو پێ ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كرێ، كه‌واته‌ وێڕای هه‌ر كه‌موكورتییه‌ك له‌ ئه‌دا و په‌رده‌ و میانه‌ مه‌قامییه‌كان، كاركردن له‌سه‌ریان له‌خۆیدا به‌شیاو و هاوكات به‌پاراستنی ڕه‌سه‌نایه‌تیی هونه‌ری كوردی دێته‌ خوێندنه‌وه‌.
من ئه‌گه‌ر شیكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر یه‌ك به‌یه‌كی مه‌قامه‌كانی ئه‌و ئه‌لبوومه‌ بكه‌م، بێگومان زۆر هه‌ڵده‌گرێ له‌باره‌یه‌وه‌ بیخه‌مه‌ ڕوو، وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌م پێ دا بێ سه‌رنج و تێبینی تێناپه‌ڕێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لیرَه‌دا به‌گرنگم زانی و ده‌یهێنا بیخه‌مه‌ به‌ر بایه‌خه‌وه‌، خودی كاركردنه‌كه‌یه‌ له‌سه‌ر هونه‌ری مه‌قام ئه‌وجا به‌هه‌ر جۆرێك له‌ جۆره‌كان بێ، چونكه‌ ئێمه‌ له‌ هونه‌ری (هه‌ڵكه‌وت زاهیر)دا ڕانه‌هاتووین ئه‌و ته‌رزه‌ كارانه‌ ببینین، كه‌ ئێستایش به‌خۆی و هه‌ڵبژاردنی ده‌نگه‌ ڕه‌سه‌نه‌ كوردییه‌كه‌ی (لۆكه‌)وه‌ به‌جووته‌ پێشانمانی ده‌ده‌ن، چیی دیكه‌مان جیا له‌ ستایش و ده‌ستخۆشی پێ  نامێنێته‌وه‌ بۆیانی بنێرین.

woshyaraswad@yahoo.com

 

Previous
Next

Leave a Reply