Skip to Content

Wednesday, January 19th, 2022

حزبی شیوعی لە نێوان ( تعبئة ) و ( تجنید ) دا

Be First!
by October 25, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

بێگومان قسەکردن لەسەر رەوت و سیاسەت وفیکر و باری ریکخراوەیی و جەماوەری حزبی شیوعی ئەرکی کونفرانس و کونگرەکانە، بۆیە من پێم باشە ئەوانەی ئیلتزامی حزبیان هەیە لەو چوارچیوەیە هەنگاو هەڵهێنن بەمەبەستی چاکسازی و گۆرانکاری و ریفورم لەنێو حزب دا، بەڵام بۆ یەکی وەک من کە کەسێکی سەربەخۆ و دوستی حزبی شیوعی یە، دەکرێ بیروراکانم بە ئاشکرا بخەمە روو بە نیازی هەڵسەنگاندن و خستنە رووی پیشنیار، لێرەدا من ناڵێم حزبی شیوعی لە قەیران دایە، وشەی قەیران مانایەکی قوڵی هەیە بەڵام دەشێ بڵێن پیگەی جەماوەریی لاوازە !

هەندێ کەس لە ژێر ناو ناتوری جیا جیا سەرەنێزەی رەخنەکانیان ئاراستەی سکرتیر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی دەکەن لەوە زیاتریش دەچن شەخسەنەی کێشەکان دەکەن گوایا فڵانە کەس و فیسارە کەس شیاو نین و خاوەنی ئیمتیازاتن وتیوەگلاون لەگەڵ دەسەڵات دا و پشتیان کردۆتە مافە سەرەکیەکانی خەڵکی زەحمەتکێش !

لێرەدا من ئەم شێوازە لە رەخنە بەشێوەیەک لە کودتا و ( تصفیە ) ی بەرانبەر لە قەڵەمی ئەدەم، ئەگەر نە ئەوانیش خۆیان بە شێوعی دەزانن ومیژوویەکی دوورودرێژیان هەیە لە قوربانی دان ! کەواتە هەر کەسێکی دڵسوز دەیەوێ گومی مەییوی حزب بشڵقێنێ دەستی بە هەموو دوست و ئەندامان و سەرکردایەتی و تەنانەت سکرتیرەوە بێ، من وا وێنای پروسەکە دەکەم لە وێنەی مەشکە ژەنین، تۆ دەبێ مەشکەکە بژەنیت بەبێ ئەوەی دڵوپێک دۆ بەربێتەوە لەهەمان کاتدا لە دریژەی ژەنین کەرە دروست دەبێ، کەرەش ئەو هاورێیانەن کە بەپێ شەرعیەتی حزبی و دەنگهێنان دەبنە خەڵکانێکی شیاو بۆ سەرکردایەتی ورابەرایەتی حزبی شیوعی، هەموو گروپ و حزبێک یەک ناوەندی هەیە، ئەگەر نە دەبێتە هەڵلاو هەر کەس بۆ خۆی لە کاری حزبی و ریکخراوەیی دەر دەچێ !

جێگای داخە ئەوەی من تێبینیم کردووە لە رەخنەی هەندێ کەس پشویەکی هاریکاری و هاوکاری دەستەجەمعیان نییە، لە روانگەی تەسکی بەرژەوەندی شەخسیەوە رەخنە دەگرن وەک لە دەست دانی پیگەیەکی حزبی یان بە دەست نەهێنانی دەنگ لە کونگرەو کونفرانسەکان، زۆر گرنگە ئینسانی شیوعی نەفەسی دەستەجەمعی یی هەبێ وخۆی و بەرژەوەندی خۆی بکاتە قوربانی ئامانجەکانی حزب، میژوو ماندووبوونی کەسانی دی بخوێنێتەوە، لەکاتی رەخنەش دا دەستی بە بەرانبەرەکەیەوە هەبێ نەکەوێ یان نە رووخێ، بەرای من رەخنە بۆ بونیادنانە نە رووخان و تێکدان و شەلم کوێرم کەس نابوێرم و شەرە دەنووک و خودەرخستن و هەڵ قواستنەوەی کەسانی دیکە بەمەبەستی بەرز بوونەوە و وەدی هینانی خەونی خوردە بورژوازیانە، لێرەدا پێم باشە ئاماژە بۆ چەمکی دڵسوزی لای وجودیەکان بکەم کە دەڵێ ئەو دڵسوزیەی بەرواڵەت دەنوێنی بەرانبەر بە هەر مەسەلەیەک لە ناوەروک دا دڵسوزی نواندنە بەرانبەر خود مەبەست لێرەدا کەشف کردنی رەگی خودخواهی یە لای کەسەکان !

وەک ئاشکرایە لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەی ئەندامانی پەرلەمان، حزبی شیوعی یەک کورسی یی بە دەست هێنا، ئەم دەستکەوتەش لە ڕاستی دا کەمە ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ میژووی قوربانی دان و پڕ سەروەری حزبی شیوعی، بۆیە هەق وایە هەموو رەخنەکان ئاراستەیەکی شەرعی وەرگرن لە روانگەی دڵسوزی بۆ خەڵکی زەحمەتکێش و ئامانجەکانیان هەنگاو هەڵهێنن، لێرەدا من پێم باشە دڵسوزانی حزبی شیوعی چەند گروپیک دەستنیشان بکەن بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی باری فیکری و سیاسی و ریکخراوەیی و جەماوەری، لەبەر ئەوەی لە م روژگارە لەسەردەمی گەشەکردنی تەکنولوژیاو زانست کەس ناتوانی بیێتە فریاد رەس و عەسا سیحراویەکی موسا بگرێ بە دەستەوەو دەستبەجی گورانکاری بکا، باشتر وایە رەخنەو هەڵسەنگاندنەکان کاری چەند گروپێکی شارەزاو دڵسوز بێ، ئاگادار بێ لە پەیوەندی شاراوەو ئاشکرای ئەجیندای سیاسی لەسەر ئاستی کوردستان و وڵاتانی ئەقلیم و جیهان، بۆ نموونە لێکدانەوە بکرێ بۆ ئەوەی بۆ چی ئێمە خاوەن ١٢ هەزار یادەوەرین، کەمتەرخەمیەکانی ئێمە لە چ بوارێک دایە ؟ ئاخۆ مارکسیزم وەک فەلسەفەی پاشەکشەی کردووەو ئێمە نازانین، یان دەبێ مارکسیزم موتربە بکرێ بە کەلتورو ترادیشیونی کومەڵگای کوردەواری !

ئاخۆ شێوازی هەرەمی دەسەڵاتی رێکخراوەیی نەکەوتۆتە ژێر پرسیارەوە، هەروا دەشێ لێکدانەوەی دەروونشناسی بکرێ بۆ چی یادەوەریەکان دەچن بۆ لای پارتی و بزوتنەوەی گۆران و یەکیتی و پارتە ئیسلامیەکان، نهێنی چوونی ئاراستەی مێشکی جەماوەر بۆ لای ئەوان لە چی دایە و لە چی بەرجەستە ئەبێ لە لایەنی فیکریان لە کەسایەتی یان لە میژوویان لە هەڵویستی رۆژانەیان، ئەمانە تێکرا بخرێتە ژێر پرسیارەوەو لە ورک شوپێک دا قسەی لێ بکرێ، بە شێوەیەکی ستوونی و ئاسۆیی لێک بدرێتەوە !

لە راستی دا یادەوەری جوگرافیای هەیە وەک سیمبولی شوێن هەروا میژوویشی هەیە وەک سیمبولی زەمەن، ئاخۆ حزبی شیوعی کیماسیەکانی لە شوێنە کە نەیتوانیوە پەیامەکەی بگەیەنێتە هەموو کارگەو کێڵگەکان و بنەماڵە هەژارەکان یاخود زەمەنە بە واتای دابراوە لە ریرەوی بیرکردنەوەی زەمەنی خەڵک !

هەندێ کەس دەڵێن بۆیە حزبی شێوعی جەماوەری لەدەست داوە چونکە لە دەسەڵات دایە و پاڵپشتی دەسەڵات دەکا، ئەگەر وابێ خۆ پارتی لایەنێکی سەرەکی دەسەڵاتە کەچی زۆرترین دەنگی هینا، کەواتە مەسەلەکە ئەوە نیە حزبی شیوعی لە دەسەلات دایە یا ببێ بە ئۆپوزسیون، کروکی مەسەلەکە ئیش کردنە لەسەر یادەوەری خەڵک، حزبی شیوعی نەیتوانیوە بە شێوەیەکی هەمەلایەنە ئیش لەسەر یادەوەری ئینسانی کوردستانی بکا، رەنگە ئەمەش بگەرێتەوە بۆ کەمی ژمارەی کادیرەکانی یان پەرتەوازبوونیان بەهوی جۆراو جۆر یان نەبوونی کومەکی دەرەکی و ناوەکی بەشێوەیەکی نەگور، رەنگە ئەو بودجەیەی ئێستا هەیەو بۆی تەرخان کراوە پەیوەست کرابێ بە کۆمەڵی مەرجەوە کە ئێمە لێرەدا ئاگاداری ناوەروکەکەی نەبین !

با بگەرێمەوە سەر ناونیشانی بابەتەکەم کە خۆی لە حزبی شیوعی لە نێوان (تعبئة ) و ( تجنید ) دا دەدوزێتەوە !

رەنگە ئەم دوو وشەیە لە فورم دا وەکو یەک بێتە بەرچاو بەڵام لە ناوەروک دا جیاوازیان هەیە، بۆ نموونە ( تعبئة ) ئیش کردنە لە نێو پانتایی خۆدی خۆت و کوکردنەوەی ئەو وزانەیە کە خاونداریی ئەکەی، ( تجنید ) یش ئیش کردنە لە دەرەوەی قەبارەی خۆت، بە واتای راکێشانی کەسانی نوێ یە بۆ ریزەکانی حزب، لە راستی دا من ئاماری رێکخراوەییم لەبەر دەست دا نیە بەڵام وا هەست دەکەم حزبی شیوعی لە کایەی ( تجنید ) دا لاوازە یان بە جارێ وەستاوە، جاران بە هۆی کومەکی شورەوی و حزبە شیوعیەکانی جیهان، خەڵک خۆی رووی لە حزبی شیوعی دەکردو داوای بە ئەندام بوون و هاتنە ریزەوەیان دەکرد، ئەو ماوەیە خەڵک بەشەپول دەهاتن، ئەم بە شەپول هاتنەی خەڵک، جۆرێ لە بوغرایی و دوورە پەریزی لای هاورێ یانی سەرکردایەتی دروست کرد بەرای من سێبەری ئەم روحیەتە تا ئێستاش ماوە !

سەرکردایەتی حزبی شیوعی وا بیری دەکردەوە کە خەڵک پیویستی بە وانە، ئەوان پیویستیان بە خەڵک نییە، هەمیشە دەیانگوت زۆرەو بۆرەمان ناوێ، کەم و پوختمان دەوێ، ئەو بایەخەی بە بنەمالەی شیوعی وکوری شەهیدەکان دەدرا بە خەڵکی ئاسایی نەدرا، هەمیشە بە گومانەوە لە خەڵکی تازەیان دەروانی !

بگرە لە کایەی (تعبئة ) کردنیش لاوازە، ئەو دوست و ئەندام و لایەنگرانەی رەخنە ئاراستەی حزب دەکەن دژایەتی دەکرێن یان لەزۆر حاڵەتدا تیئورەکەی بافلوف بەسەریاندا پەیرەو دەکەن وفەراموشیان دەکەن، سەرئەنجام ئەمیش دەبێتە هۆی وازهینان و دوورکەوتنەوە لە ریزەکانی حزب !

لێرەدا ئەگەرحزبی شێوعی ( تجنید ) لە ئیرادەی خۆی نەبێ، خۆ (تعبئة ) لە ئیرادەی خۆی دایە بۆ لێی کەم تەرخەمە، بۆیە من خوازیارم هاوریان دەرەوەو ناوەوە بەیەک ئاراستە ئیش بکەن و نەکەونە سەنگەر گرتن لەیەکتر، ئەرکی چاکسازی و ریفورم و گورانکاری و دەسنیشانکردنی هەڵەکان ئەرکی هەمووانە!

دەرکردنی بەینامەی ئیمزاکراوو یاداشتننامە لە دەرەوەی راگەیاندنی حزب وەک چەقوێەکی دوو دەمە لەلایەکەوە دوومەڵەکە دەتەقینی و چاکی دەکاتەوە لەلایەکی دیکەش هەڵیدەدرێ، مەبەست لە هەڵدرین ئەوەیە، هەندێ لایەن و دەزگای راگەیاندن بە نەرینی کەڵکی لێوەردەگرن وەک لە مانشێتێک نووسرا بوو ( حزبی شێوعی تەقەی تێ کەوت )

دەزگای راگەیاندنی لایەنێکی بورژوا یان لیبراڵ پشتی بە حزبی شیوعی یەوە نەیشاوە، لەزمانی رەخنەو ناکوکیەکان تێ ناگا یان خۆی لە دەبەنگی ئەدا ! 

بۆیە هەر هەوڵ تەقەللایەک لە دەرەوەی حزب ئەوان بە نەرینی کەڵکی لێ وەردەگرن !

بەڵام من دڵنیام لە توانای کادیرو سەرکردەکان حزب کە کاتێ رووبەرووی قەیران دەبنەوە چۆن هەڵس و کەوت دەکەن و چ میکانیزمێک بەکاردەهێنن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان!

بەرای من شورەیی یە ئینسان چ لە ئاستی شەخسی یا لە ئاستی گروپ و حزب کەم کوریەکانی خۆی دەسنیشان نەکاو بە خۆیدا نەچێتەوە بەمەبەستی هەنگاو هەڵهێنان بەرەو ئایندەیەکی باشتر نەخواسمە ئەو ئایندە پەیوەست بێت بە چارەنووسی خەڵکی زەحمەتکێشەوە، هەر وەک پێشتر باسم کرد حزبی شیوعی نە وەک حزبێکی سیاسی تیکوشەرو خاوەن ئەزموونە بەڵکو یانەیەکی روشبیریش بێ دەبێ نهێنی هەڵکشان و داکشانی لە رووی جەماوەرییەوە بخاتە روو !

بێدەنگ بوون و شینەکردنەوەو هەڵویست دەرنەبرین ناوەندی مەعریفی حزبی شیوعی دەخاتە ژێر پرسیارەوە !

دوا تێبینم ئەوەیە لەم ساڵانەی دوایی دا حزبی شیوعی ( مهام ) ی سیاسی جیهێشووە سەرقاڵێ ( مهام )ی سەندیکایی و مەتلەبی یە ئەم شێوە ئیش کردنەش یان وەکو ئەم ریبازە وای کردوو کە حزب چاونەبرێتە دەسەڵات وەک تەموحی سیاسی و بەدەسهێنانی بریک لەو دەست کەوتانە، ئەم شیوە ئیش کردنە بەرای من زیاتر حزب ( تحجیم ) دەکا لەوەی کە دەست وپێ یی ئازادانە بکاتەوەو خەریکی کاری سیاسی بێ بەشێوەیەک گاریگەر زیاتر بنوێنی لەسەر گورەپانی کوردستان !

بە هیوای گورانکاری و ریفورم و چاکسازی بەمەبەستی پێشخستنی روڵی حزب نە بە نیازی لەت لەت کردن و لاواز کردنی !

تێبینی * ئەم بابەتە بە پێ تیروانینی خۆم نووسراوە نە دژایەتی کردنی کەس مەبەستمە نە پاڵپشتی و ستایشی کەسم کردووە، من وا بۆ مەسەلەکان دەروانم لە وانەیە خوێنەری بەرێز بۆچوونی تایبەتی خۆی هەبێ !

 

 

                                                                                   نەهرۆ / نەرویج

                                                                                  ٢٤ / ١٠/٢٠١٣ 

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply