Skip to Content

Monday, December 6th, 2021

دیمانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌یوب ره‌زا….دیمانە: ئاسۆعوسمان

Be First!
by November 22, 2008 گشتی

  
 ئەیوب رەزا – بەڕێوەبەری هەرێمیی كەناڵی "ئەلعالەم" لەكوردستان:
 كەكەناڵە كوردییە ئاسمانییەكان تەنیا پەخشەكانیان ئاسمانییە
 
 
lawa_0@hotmail.com
 
 دیمانە: ئاسۆعوسمان
 ئەیوب رەزا یەكێكە لەدەنگە جیدییەكانی بواری نووسین ورۆژنامەگەریی،ماوەی دە ساڵە لەو بوارەدا كاردەكات، هەر لەرادیۆی هەرێمەوە بۆ كەناڵی كوردسات، هەر لەگۆڤاری "تێكست"ەوە تادەگات بەكەناڵی ئەلعالەم. ئەو چەندان جار بەهۆی پیشەكەیەوە تووشی گرتن وئازاردان بۆتەوە، هەروەك لەو پێناوەدا باجی زۆریداوە تاسنووری نانبڕین ودژایەتیكردن. جیا لەوەش نووسەرێكی دیارو شاعیرێكی هەست ناسكەو بەهەردوو زمانی كوردیی وعەرەبیی نووسینەكانی بڵاودەكاتەوە. لەئێوارەیەكی باراناوییدا، لەگەڵ هاوڕێم "ستیڤان شەمزینانی" لەژێر سایەی پیرە درەختێكی باخی گشتیی سلێمانیدا بەمشێوەیە هێنامانە دواندن.
 ئاسوَ:گەرچى پرسیارێكى تەقلیدییە بەڵام پێمان خۆشە كورتەیەكى كورت لەژیانىخوَت باسبكەیت؟.
 ئەیوب رەزا:لەدایكبووى ساڵى(1975)م لەشارى وەركاى باشوورى عێراق، بەهۆى سیاسەتى رژێمى پێشووى عێراقەوە بنەماڵەكەم ئاوارەى ئێران ببوون، ئەوسەردەمە شاى دەسەڵاتدارى ئێران خێزانەكەمى رادەستى رژێمىعێراق كردەوە لەساڵى(1977)لەئۆردووگاى باوەنوور لەگەرمیان نیشتەجێبووین. لەساڵى(1988)بەداخەوە دایك وباوكم كوَچى دواییانكردو ئێمەش هاتینە شارى سلێمانى. لەساڵى(1998)وەك بێژەرى زمانىعەرەبى لەرادیۆى هەرێمى كوردستان كارمكردووە پاشان لەساڵى(2000)لەكەناڵى ئاسمانى كوردسات ئامادەكارو پێشكەشكاربووم، لەساڵى (2004) سەرنوسەرى گۆڤارى تێكست بووم.  لەساڵى(2003) بوَكارى رۆژنامەوانى كەناڵى كوردسات چوومە بەغدا ولەناوەڕاستى ساڵى(2006) دەستم لەكاركێشایەوە، تائێستا خاوەنى چەندین بابەتى سیاسى وئەدەبیم لەروَژنامەو گۆڤارەكانىخۆمان وروَژنامە سوریى و لوبنانییەكان دوو نامیلەكەى شیعریشم بڵاوبۆتەوە. ئێستاش بەڕێوەبەرى هەرێمیى كەناڵى(ئەلعالەم)م لەهەرێمى كوردستان.

 ئاسوَ:یەكێك لەسادەترین پرسیار كەرووبەڕووت دەبێتەوەو منیش وەك خەڵكى پێم خوَشە ئەو پرسیارەبكەم بۆچى ئەیوب رەزا كەناڵە كوردییەكانى بەجێهێشت ورووى لەكەناڵى ئەلعالەم كرد؟.
 ئەیوب رەزا:دەتوانم سەد هۆكارت پێبڵێم،یەكەم دەرچوون لەوقاوغە بەرتەسكەى میدیاى كوردیى. دووەم لێتناشارمەوە كەناڵە بیانییەكان مووچەیان زۆر باشترەو من وەك خۆم سێ بەرابەرى مانگانەى كارمەندانى ئەوكەناڵانەى خۆمان موچەكەم باشترە.

 ئاسوَ:ئازادیى رادەڕبرین یەكێكە لەوهۆكارانەى پاڵى بەتۆوە نا كەناڵە كوردییەكان بەجێبێڵیت؟
 ئەیوب رەزا:بەدڵنیاییەوە تۆ ئەگەر لەكەناڵە كوردییەكاندا كارێك بكەیت ئەگەر كارەكەشت زۆر باشبێت، بەڵام بەدڵى كەناڵەكە نەبێت یەكسەر دەرەدەكرێیت، خۆ ئەگەریش دەرتنەكەن دەبێت باجەكەى بدەیت، وەك چۆن من رەخنەیەكم گرت دواى دووساڵ لەسەر ئەو رەخنەیە نانبڕاو كرام. بەداخەوە لەوڵاتى ئێمەدا هەزاران هەزار راپۆرتنووس هەن، بۆ خیانەت ونیفاق ولەناوبردن هەزاران دەروون رەش هەزاران نەفس رەش هەن كەئامادەن بۆ ئافەرینێكى بەلاش تۆ لەناوبەرن. یەكێك لەهۆكارەكان ئەوەیە لەگەڵ رێزو حورمەتم بۆ كەناڵەكانى خۆمان، ناڵێم كەناڵ نین وئیشى باشیان نەكردووە، بەڵام لەچوارچێوەى ئەو سنوورەدان: هیلاكییەكى زۆر بەرامبەر بێ رێزییەكى زۆر، بەرامبەر بەئیهانەیەكى زۆر. من لەگەڵ ئەوەى لەكەناڵی كوردساتەوە درووستبووم هەتا ئێستاش خەونى ئەوەم هەیە بچمەوە ئەوكەناڵە، بەڵام بەم ئیدارەو سیاسەتى كاركردنەى ئێستای نا، سەرەتاى دروستبوونى كوردسات ئێمە لەكەناڵى خاك میوان بووین لەنێو تەوالێت وساردی
 حەمامدا كارەكانمان دەكرد، لەوكاتەدا كوردسات (55) بەرنامەى هەبوو من دەمەوێت بگەڕێمەوە ئەوكوردساتەى كە لەوساردى حەمامەدا كارمان دەكرد بەڵام( 55 )بەرنامەى هەبوو هەموو ستافى هەواڵى كوردیى وعەرەبى وئینگلیزیى لەوساردى حەمامەدا ئیشمان دەكرد، لەسەرمێزێكى ئاسن و دوو كورسى شكاو، بەشی مۆنتاجی هەواڵیش هەر لەو ساریى حەمامەدا بوو بەڵام ئەوكاتە لەئێستا باشتربوو.
 ئاسوَ:پەخشی ئاسمانى وسیاسەت وكاركردنى لۆكاڵى،یەكێكە لەو رەخنانەى كەرووبەڕووى كەناڵە ئاسمانییە كوردییەكانى هەرێمى كوردستان دەبێتەوە، راى تۆ وەك روَژنامەوانێك چییە لەسەر ئەم رەخنانە؟ ئایائەو رەخنانە دروستن؟.
 ئەیوب رەزا:من ئەو رەخنەیەم پێش سێ ساڵ گرتووە، كەكەناڵە كوردییە ئاسمانییەكان تەنیا پەخشەكانیان ئاسمانییە، وابزانم هەر سێ ساڵ بەر لەئێستا لەگەڵ خۆتدا ئەم بۆچوونەم باسكردووە، بەكردەوەش ئەو بۆچوونە زۆر تەواوەو ئەوبرادەرانەشى ئەم بۆچوونەیان هەیە زۆر راستن، بەڵام نابێت ئەوەشمان بیربچێت ئێستا لەجیهاندا بەهێزترین كەناڵ، كەناڵە لۆكالییەكانى ئەمریكایە كەبەیەك ریپۆرت دەتوانن گەورەترین گۆڕان لەسیاسەتى ئەو وڵاتەدا بكەن. رەخنەكانى ئێمە ماناى ئەوە نییە كەناڵە لوَكاڵییەكان بێبایەخ بكەین، خۆزگە لەكوردستاندا دوو كەناڵى لۆكاڵیى باشمان هەبوایە ، لەبرى ئەم بارودۆخەى ئێستا لەمیدیاى بینراودا هەیە. 

 ئاسوَ:یەكێك لەو رەخنانەى لەشەقامى كوردیدا رووبەڕووى كەناڵەعەرەبییەكان دەبێتەوە ئەوەیە لەهەواڵ و راپوَرتەكانیاندا لایەنگریى لەدەسەڵاتى ناوەندیى عێراق دەكەن، لەبەرامبەر هەرێمى كوردستاندا، تۆ وەك روَژنامەوانێكى كەناڵى ئەلعالەم تاچەند لەگەڵ ئەم رەخنانەدایت؟.
 ئەیوب رەزا:كاك ئاسۆ ئەم پرسیارەى من ئێستا لەجەنابتى دەبیستم، وادیارە ئەم شتانە هەیە بۆیە تۆ لەمنى دەپرسیت. بەندە ئەوە سێ ساڵە لەگەڵ كەناڵى ئەلعالەم كاردەكەم هەڵسوكەوت و كارەكانى ئەم كەناڵە زۆر میهەنییە. ئەوان هەڵسوكەوت لەگەڵ هەواڵ و رووداودا دەكەن،  ئەو هەواڵانەى لەكوردستانەوە دەگوازرێتەوە من دەیگوازمەوە. كەناڵى ئەلعالەمیش بەكەناڵێكى میهەنى دادەنێم. من لەم سێ ساڵەدا چەندین هەواڵى باشم كردووە بەریپوَرت وزۆرترین پڕۆگرامم  لەسەر بابەتە چارەنووسسازەكانى گەلى كورد كردووەو دابەزیوەو كێشەشمان نەبووە، ئێستاش وەك بەرپرسیارێكى هەرێمیى ئەم كەناڵە لەهەرێمى كوردستاندا كاردەكەم روَژێك لەروَژان داوا لەمن نەكراوە بابەتێك بكەم لەدژى هەرێمى كوردستان.

 ئاسوَ:بێجگە لەكەناڵى ئاسمانى كوردسات كەناڵى ئاسمانى ترمان هەیە ئەم كەناڵانەش كادرى پڕۆفیشناڵیان كەمە، ئایا تائێستا چۆنە لەلایەن ئەوكەناڵانەوە پێشنیارى ئەوەت نەخراوەتە بەردەم بۆئەوەى كاریان لەگەڵ بكەیت؟.
 ئەیوب رەزا:تائێستا حیزبایەتى هەیە، من دەپرسم تائێستا بینیووتانە كارمەندێكى كوردستان تیڤى بێتە كوردسات، یاخود بەپێچەوانەوە. لەمانگىچوار موقابەلەكرام لەلایەن تەلەفزیۆنى گەلى كوردستانەوە رێكەوتین بۆئەوەى بەندە ببێتە بەڕێوەبەرى نووسینگەى بەغدادى تەلەفزیوَنى گەلى كوردستان. روَژى 1 /6 /2008 كەهاوكات بوو لەگەڵ یادى یەكێتى نیشتمانى كوردستان و ئەو رۆژەش تەلەفزیوَنى گەلى كوردستان لەلایەن بەڕێز مام جەلالەوە كرایەوەو وتەیەكى پێشكەشكرد و وتى ئێمە باوەڕمان بەئازادیى رادەربڕین هەیە، ئەوكاتە من لەشارى بەغداد خۆم ئامادەكردبوو نوقڵ وشیرینى ببەخشمەوە بەسەر پێشمەرگە كوردەكاندا. لەلایەن كاك دڵزارەوە تەلەفۆنێكم  پێگەیشت، پێیوتم لەسەر فەرمانى كاك ئازاد جوندیانى بەبڕیارى مەكتەبى سیاسى دەست لەتۆ دەكێشینەوە!، هەرچەندە من بڕوام بەوەنییە لەسەر بڕیارى مەكتەبىسیاسى ئەم كارە كرابێت لەبەرئەوەى خوَم پەیوەندییم بەشەش ئەندامى مەكتەبى سیاسییەوە كردو ئەوان بێئاگایى خوَیان لەو بڕیارە راگەیاند، دواتر ئاگاداربووم لەسەر رەخنەیەك بووە كەمن ساڵى (2006) لەبەڕێز "مام جەلال"م گرتووە. من بەنووسین رەخنەم لێنەگرتووە ئێوە هەمووتان ئەوعادەتەى بەڕێز سەرۆك كوَمارتان بینیوە كەپرسیارى نەدەدا بەروَژنامەنووسە كوردەكان، ئێمەش تەریق دەبووینەوە، بەڵىَ راستە لەكوردسات كارماندەكرد، بەڵام خوَمان بەروَژنامەنووس زانیووە منیش پێموت  بەڕێز سەرۆك كۆمار بۆ رێگەمان پێنادەى پرسیار بكەین؟. دوایى پرسیارى دامىَ وچوار جاریش دەعوەتى كردم ولەسەر سفرەى پڕخێرو پڕسۆزى سەرۆك تاڵەبانى نانم خواردو دواى دووساڵ و نیو تێپەڕین بەسەر ئەو رەخنەیە دەركرام. كەئێوەو هەمووخەڵكیش بەمنتان دەوت جەلالى.

 ئاسوَ:بێجگە لەكەناڵە بینراوەكان ئێستا لەهەرێمى كوردستاندا چەندین روَژنامەو گۆڤارى سەربەخۆ وئازاد هەن، پەیوەندییت لەگەڵ ئەمە كەناڵانە چۆنەو پێتوایە روَژنامەگەریى كوردیى لەهەرێمى كوردستاندا توانیوویەتى راى گشتى دروستبكات؟.
 ئەیوب رەزا:رۆژنامە پەیوەندو بەستراوە بەژیانى رۆژانەى خەڵكەوە. بەڵىَ ئەزموونە روَژنامەى هاوڵاتى زۆرجوان بوو، بەڵام ئێستا هاوڵاتى ئەو درەوشانەوەى جارانىنەماوە، بەڵام ئێستا ئاوێنە لەدرەوشانەوەدایە. گوَڤارى لڤین درەوشاوەیە. حەزیش دەكەم "نێوەند" بچێتە ئەو ئاستە. بەڵام دەشزانم بارى "نێوەند" چۆنە، دەزانم تووشى چ مەرگەسات وچەرمەسەرییەك دەبن تا ژمارەیەك دەردەكەن، تائێستاش بارەگایەكتان نییە وبۆ ئەم دیدارەى منیش لەژێر رەحمەتى ئەم باران ودارو تەختە تۆزاوییانەى باخى گشتى دانیشتوین، من ئەم ئەزموونە بەجوان دەزانم. كاتێك رۆژنامەنووس پرسگەى هەبوو، مێزو كورسییەكەى پێش خۆى بۆ پاككرایەوە، بەموعەتەر بۆنى ژوورەكەى خۆشكرا، ئیتر ئەو روَژنامەنووسەو روَژنامەكەشى دەمرێت.

 ئاسوَ:كەناڵە بیانییەكان كەدێنە كوردستان لەلایەن دەسەڵاتەوە موجامەلەى زۆر دەكرێن، بەپێچەوانەشەوە روَژنامەو گۆڤارەكانى ناوخۆ پەڕاوێز دەخرێن، زۆرجار تووشى لێدان وتەنانەت تیرۆرى جەستەییش دەبنەوە ئەم ئیزدواجیەتە چۆن دەبینى؟.
 ئەیوب رەزا:پێموایە دەسەڵاتى كوردیى دەسەڵاتێك بووە هەر لەسەرەتاوە نەیتوانیوە مامەڵەیەكى راستگۆیانە تەنانەت لەگەڵ روَژنامەنووسانى خوَشیاندا بكەن. روَژنامەوانەكانى خۆشیان ئەگەر كارێك بكەن وبەدڵى ئەوان نەبێت تووشى سەرزەنشت دەبن، بەڵام ئەوەى كەزۆر خەتەرە ئەوەیە ئێستا هاتۆتە ئاراوە كوشتنى رۆژنامەنووسە. بەڵام دەبێت روَژنامەنووسیش خۆى بپارێزێت  لەوڵاتى قەزاوقەدەردا، لەوڵاتى میلیشیاو مافیادا. لەلایەكى ترەوە شتێك كەدڵخوَشكەرەیە ئەوەیە پەسەندكردنى یاساى رۆژنامەنووسانە لەلایەن پەڕلەمانەوە كەخۆشبەختانە جارى یەكەم بەهیمەتى سەرۆك بارزانى رەتكرایەوە،  تائەم یاسایەى ئێستا دەرچوو ئەگینا وانەبووایە ئێستا رۆژنامەنووس تێیهەڵدەدراو لەسەر شەقامەكاندا بەقژ رادەكێشرا، هەرچەندە ئێستاش لەرۆژنامەنووس دەدرێت، ئێستاش چەندین دەزگاى ئەمنیى هەن كە ئەوەتاخەریكى خەڵك كوشتنن، كەسیش نازانێت كێن وكێیان لەپشتە؟.

 ئاسوَ:باس لەوەدەكرێت هەولێرو سلێمانى لەبەڕێوەبردندا جیاوازییان هەیە، هەولێر بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت وسلێمانیش پێشبڕكێیەكى بۆدواوە دەستپێكردوە، وەك روَژنامەوانێك كە ئێستا لەهەولێر دەژیت، ئەم قسەوباسانە تاچەند راستن؟.
 ئەیوب رەزا:كاكە گیان من بێلایەنم قوڕ مەكە بەسەرمدا، دەتەوێت بڵێم كامە باشترە! من كوڕى ئەم شارەم، یەعنى پیاوێكى گەرمیانیم لەساڵى (1988)ەوە لەسلێمانى دەژیم خوا بەوە رەحمیكرد لەدواى ئەنافالەكانەوە هاتینەئەم شارە، تۆزێك داروناسكى وخەڵكى جوانى وەك ئێوەمان ناسى، ئەم شارە ئەگەر بڵێین مەڵبەندى كوردایەتییە بەڵىَمەڵبەندى كوردایەتییە،  ئەگەر بڵێین مەڵبەندى شوَڕش بووە، بەڵىَ مەڵبەندى شوَڕش بووە، بەڵام پاش ئەوە چى ئێستا بووە بەمەڵبەندى فەسادو گەندەڵى، بووە بەمەڵبەندى تەمبەڵى، بەداخەوە ئێستا من دەبیستم دەڵێن قەزاى سلێمانى، لەكاتێكدا لەسەردەمى سەددامى دیكتاتۆردا ئەم شارە لەساڵى(1987) بەپاكترین وجوانترین شارى عێراق دەرچوو، ئێستا كەكورد لەهەڕەمى دەسەڵاتدایە سلێمانى بۆتە قەزا. كاكە سلێمانى بەهیچ شێوەیەك بەراوورد ناكرێت لەگەڵ هەولێر. هەولێر لەرووى پێشكەوتن و خزمەتگوزارییەوە زۆر گۆڕاوە، لەهەولێر ئاو هەیە، دووشەوە من لەسلێمانیم ئەمشەو لەماڵى كاكم بووم، بەیانى براژنم پێیوتم كەدەم وچاو دەشۆیت ئاو كەم بەكاربێنە، لەبەرئەوەى پێنج رۆژە ئاو نییە. من كەسێكى بێلایەنم، بەڵام هەولێر گۆڕانكاریى باشى بۆكراوە، قسەى راستیش دەبێت بكرێت، تۆ دواپرسیارت بوو، منیش دواین قسەم ئەوەیە: دەبێت  بگەڕێینەوە بۆ ئەو حاڵەتە سووننەتییەى كە لەمروَڤىكورددا هەیە، بگەڕێینەوە بۆ لاى ئیشەڵاو ماشەڵاكە وبڵێین خوایە بۆ خاترى قورئان ئەقڵ بگێڕیتەوە بۆ بەرپرسان لەم شارەداو سلێمانى فەرامۆش نەكرێت وخزمەتى بكەن.
 

Previous
Next

Leave a Reply