Skip to Content

Tuesday, November 30th, 2021

شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که‌ی لینکۆلن گه‌یشته‌ واشینگتۆن !!….ته‌حسین عوسمان

Be First!
by January 20, 2009 گشتی

 شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که‌ی "لینکۆلن" گه‌یشته‌ واشینگتۆن !!  
  ته‌حسین عوسمان
       
 
 ده‌گه‌ڕیمه‌وه‌ سه‌ر بابه‌تی دوورۆژ له‌وه‌ پێشم که‌ له‌ ماڵپه‌ڕه‌که‌ی " ده‌نگه‌کان" له‌ 18ی ئه‌م مانگه‌دا له‌ژێر نێونیشانی " ئۆباما و ئه‌مریکا یه‌کیان ئه‌ویتر ده‌کوژێ " دا بڵاو بۆته‌وه‌ و جه‌خت له‌سه‌ر دوو شتی زۆر گرینگ ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ یه‌کیان یه‌که‌م هه‌نگاوی پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ئۆبامایه‌ له‌و به‌ڵێنانه‌ی ماوه‌یه‌ک له‌وه‌ پێش‌ ، بۆ مه‌رامی خۆی، خه‌ڵکه‌که‌ی پێده‌خڵه‌تاند! ئۆباما وادیاره‌ به‌ته‌واوی ده‌یه‌وێ جێی ئه‌براهام لینکۆلن بگرێته‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌ درۆکردن و خه‌ڵک هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندندا . مه‌به‌ستی لینکۆلن له‌ ئازادکردنی کۆیله‌کان له‌نێوبردنی ویلایه‌ته‌کانی کۆنفیدڕاڵ بوو هیچیتر . چونکه‌ سیاسه‌تی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ له‌ دژی ره‌شه‌کانی ئه‌مریکا ، دوای ئازدبوونی کۆیله‌کانیش ، هه‌ر به‌رده‌وام بوو .
 دوێنی بۆیه‌که‌مجار گوێم له‌ به‌ڕێز ئۆباما بوو ده‌یگوت " ئوسامه‌ بن لادن ، دوای ئه‌وه‌ی چوارده‌ور گرتنی ئه‌و شوێنه‌ی که‌ خۆی تیا حه‌شارداوه‌ ، هیچ ترسێکی ئه‌وتۆ بۆ ئه‌مریکا دروست ناکا. بۆیه‌ گرتنی ، یان ، له‌نێوبردنی ئوسامه‌ له‌ لیستی کاره‌کانی داهاتووی مندا نابێ‌ " . که‌چی هه‌ردوێنی ‌بوو مسته‌ر ئۆباما ده‌یگوت من ئوسامه‌ بن لادن ده‌گرم ؟! ئه‌وکاتی به‌ته‌واوی ترسی ئه‌وه‌م هه‌بوو ئۆباما ‌بکوژن ، چونکه‌ ئوسامه‌ بن لادن له‌کاتێکی وه‌کو ئه‌مڕۆدا بۆ ئه‌مریکا له‌هه‌رشتێکیتر به‌نرختره . ئه‌مه‌ سه‌دام حوسێن نیه‌ بیخه‌نه‌ تای ته‌رازووێک و هه‌رزانفرۆشی بکه‌ن . ئه‌گه‌ر بیرمان نه‌چووبێ ، به‌نازیر بۆتۆ به‌رله‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پاکستان ‌په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌مریکاوه‌ کردبوو داوای یارمه‌تی لێکردبوون به‌ڵکو له‌هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی پاکستان سه‌رکه‌وتن وه‌ده‌ست بێنێ . ئه‌ویش له‌بری ئه‌و چاکه‌یاندا به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی پێده‌دان که‌ ئوسامه‌ بن لادن له‌نێو ده‌بات ! به‌پێویستی نازانم ‌درێژی به‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بده‌م به‌ڵام زۆر به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ڵێم که‌ کوشتنی به‌نازیر بۆتۆ ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بوو . به‌نازیر بۆتۆ ئه‌گه‌ر سیاسی بوایه‌ نه‌ده‌بایه ئه‌و نهێنییه‌ بدرکێنێ به‌تایبه‌تی لای ئه‌مریکاییه‌کان . ده‌بایه‌ ئه‌وکاره‌ی هه‌ڵگرتایه‌ بۆ دوای هه‌ڵبژاردنه‌که‌ و ‌بێئاگاداری ئه‌مریکا ئه‌نجامی بدابا .
 جۆزێڤ بایدنی چیگری سه‌رۆک ئۆباما هێورکردنه‌وه‌ی‌ بارودۆخی ئه‌فگانستانی پێباشتره له‌وه‌ی خۆ به‌ گرتنی ئوسامه‌ بن لادنه‌وه‌ خه‌ریک بکه‌ن ! جوانه‌ ! ئه‌ی ، هه‌روه‌ک له‌بابه‌تی پێشتر هێمام بۆ کردبوو ، هه‌ربه بیانووی گرتنی ئوسامه‌ بن لادنه‌وه‌ نه‌بوو چوون بۆ ئه‌فگانستان ؟ ‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا گوایه‌ پینه‌ بۆ سیاسه‌ته‌ هه‌ڵزڕڕاوه‌که‌ی ئه‌مریکا ده‌کات و ده‌ڵێ : " ئه‌وجه‌نگه‌ی که‌ ویلایه‌ته‌کانی ئه‌مریکای یه‌کگرتوو به‌رپایکرد له‌دژی تیڕۆڕدا ، نه‌ک هه‌ر تێڕۆڕیسته‌کانی پێ لاواز نه‌بوو ، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ، زێترو پته‌وترو به‌هێزتری کردن! ئه‌ی جه‌نابی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا بۆچی ده‌رباره‌ی ئه‌م هێرشه‌ی دوایی ئیسڕائیل بۆ سه‌ر غه‌زه‌ و حه‌ماس هه‌ستی له‌خۆ بڕیوه‌ و فه‌رمووده‌یه‌ک‌ نافه‌رموێ که‌هیچ جیاوازییه‌ک له‌نێوانیاندا نیه‌ . یاخود شه‌رمه‌ به‌لایانه‌وه‌ بڵێن ئیسڕئیل ، دوای دۆڕانه‌که‌ی به‌رامبه‌ر به‌ حزب الله‌ ، شه‌ڕیکیتری خۆتڕێنی له‌دژی ژن و منداڵه‌ فه‌ڵه‌ستینیه‌کان به‌رپاکرد و‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ش ده‌کات گوایه‌ سه‌رکه‌وتووه . ئیسڕائیل له‌پێشدا ده‌بێ باش بزانێ که‌ ژن و منداڵکوشتن سه‌رکه‌وتن نیه‌ به‌ڵکو تاوانه‌ . هه‌روا بێته‌وه‌ حه‌ماسیش نه‌ک هه‌ر وه‌کو خۆیه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ به‌ڵکو چه‌ند‌ هه‌نگاوێکیش به‌ره‌وپێشتر چووه‌ ! ئه‌مه‌ کاری ئێستای من‌ نیه بۆیه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر بابه‌ته‌که‌ی خۆمان .
 جا ئه‌وه‌بوو دوێنێ ئۆباما خۆی و ژن و دوو منداڵه‌که‌ی به‌ره‌و واشینگتۆن سواری شه‌مه‌نده‌فه‌ر بوون گوایه‌ ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی لینکۆلن دووباره‌ ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ کاتی خۆی به‌شه‌مه‌نده‌فه‌ر و به‌نهێنی ، بۆ سوێندخواردن ، بردیان بۆ واشینگتۆن. ئۆباما ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوی ده‌یویست رۆڵی لینکۆلنی ئه‌وکات ببینێ ده‌بایه‌ ، خۆی و میشێلی خێزانی و هه‌ردوو کچه‌که‌ی ، به‌ نهێنی و ، له‌شوێنی خه‌وتندا ، سواری ئه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ بوانه‌ نه‌ک ئاوا به‌ئاشکرا و له‌به‌رچاوی خه‌ڵکی هه‌موودنیادا ! هه‌روا وه‌ک رێزلێگرتنێکیش بۆ لینکۆلنی بکوژ ، خۆی بکردایه‌ به‌ برای پیره‌ژنێکی نه‌خۆش که‌، گوایه‌‌ به‌ره‌و فێڵادێلفیا ده‌ڕوا .
 وابزانم ئۆباما به‌و ‌کارانه‌ی ، له‌پێشدا، که‌سایه‌تی خۆی له‌ده‌ست ده‌داو زیاتر خۆی خۆیده‌خاته‌ به‌ر مه‌ترسی و زووتر چاره‌نووسی  لینکۆلن به‌چاوی خۆیه‌وه‌ ده‌بینێ . ‌ تاوه‌کو ئێستا ئۆباما وه‌ک داشی دامه‌ به‌کاریدێنن بۆیه‌ به‌دووری نازانم‌ ته‌مه‌نی درێژی ئه‌و به‌خت ره‌شه‌ هه‌ر ئه‌مساڵ بێت . 
 ‌
 
 

Previous
Next

Leave a Reply