غیابی دیالۆگ له‌نێوان عه‌لمانییه‌كان و ئیسلامییه‌كاندا
ئه‌و ئاڵۆزییه‌ی ماوه‌یه‌كه له نێوه‌ندی رۆشنبیری و میدیای كوردستانیدا هاتۆته‌ئاراوه له‌نێوان عه‌لمانییه‌كان و هه‌ندێ مه‌لاو كاراكته‌ره ئیسلامییه‌كان، فاكته‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م ئاڵۆزییه‌ش بۆ نه‌بوونی دیالۆگێكی شارستانی و زانستییانه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌كاتێكدا هه‌بوونی دیالۆگێكی شارستانی و زانستییانه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و شرۆڤه‌كردنی بابه‌ته هه‌ستیاره‌كان، فاكته‌رێكه بۆ گه‌یشتن به حه‌قیقه‌تی ئه‌و بارگرژییه‌ی كه ئێستاكه له‌نێوان ئه‌م دوو ره‌وته جیاوازه‌دا هه‌یه. غیابی دیالۆگ بارودۆخه‌كه به‌ره‌و ئالۆزی زیاتر‌و توندوتیژی فیكری و ئایینی و ره‌نگه جه‌سته‌ییش به‌رێت و جۆرێك له پشێوی خوڵقاندووه‌و تاراده‌یه‌كیش شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی به‌ئاقارێكی خراپ‌دا بردووه‌و ره‌نگه له‌دواییدا بێ ئومێدی و قه‌یرانی فیكری و رۆشنبیری و ئاریشه‌ی گه‌وره‌ی بهدواوهدابێت.
به‌وپێیه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی له‌چاو قۆناغه جیاجیاكانی پێشوودا، جۆرێك پێشكه‌وتنی له‌كۆی بواره‌كاندا به‌خۆیه‌وه دیوه، ئه‌مه‌ش تاراده‌یه‌ك له ژێر كاریگه‌ری فیكری كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپییه‌وه بووه‌و به‌م هۆیه‌وه كۆمه‌ڵگه جگه له‌رووه سیاسییه‌كه‌یه‌وه، خه‌ریكه دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر دوو ره‌وت كه ئه‌مانیش عه‌لمانییه‌كان و ئیسلامییه‌كانن و كاردانه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێناوه.
مه‌لاكان هێنده‌ی چاودێری ده‌زگه‌كانی میدیا ده‌كه‌ن، پیشه‌كه‌ی خۆیان كه خوداپه‌رستییه، بیرچۆته‌وه‌و له مینبه‌ری مزگه‌وته‌كانه‌وه قسه له‌سه‌ر بابه‌تگه‌لێك ده‌كرێت له‌راستیدا كاری ئه‌وان نییه، دواتریش به‌هۆی نهشارهزایییان رووبه‌رووی هه‌ڵه‌ی زه‌ق ده‌بنه‌وه، وه‌كو مه‌سه‌له‌ی جێندهرو گۆڤاری وێران و شكایه‌تكردن و قه‌ده‌غه‌كردنی كتێبه شیعرییه‌كه‌ی قوبادی جه‌لیزاده‌و ده‌یان و سه‌دان بابه‌تی دیكه‌ش كه هه‌ر یه‌كه‌و بۆخۆی جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنه.
هه‌ركه مه‌لایه‌ك هه‌ڵه‌یه‌ك ده‌كات، بێگومان كاردانه‌وه‌ی گه‌وره به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، به‌و پێیه‌ی زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی موسڵمانه‌و قسه‌ی مه‌لاكان به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێت و جۆرێك له پیرۆزی وه‌رگرتووه لای زۆربه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه، كه‌واته هه‌ركه مه‌لایه‌ك هێرش ده‌كاته سه‌ر رۆژنامه‌نووسێك یان نووسه‌رو ئه‌ندام په‌رله‌مانێك، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه واته هاندانی زۆرینه به‌رانبه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی له‌لایه‌ن مه‌لاكانه‌وه ناوی ده‌هێنرێت، كه‌واته پێویستی به‌هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردن هه‌یه‌و ده‌بی سنوور بۆ ناوزراندن و هێرشی مه‌لاكان دابنرێت، ئه‌مه‌ش نه‌ك به‌و مانایه‌ی مافی قسه‌كردنیان نه‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه مه‌لاكانیش وه‌ك هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵگه، خاوه‌نی قسه‌ی خۆیانن و ده‌كرێت مه‌لاكانیش له‌به‌رانبه‌ر بابه‌ته‌كاندا بۆچوون و شرۆڤه‌ی تایبه‌تی خۆیان هه‌بێت، ئه‌وه‌ی كه ناكرێت مه‌لاكان هانای بۆ ببه‌ن، ئه‌ویش تێكه‌ڵكردنی بابه‌ته جیاوازه‌كانه به‌خودی ئایینه‌وه، چونكه ده‌بینین له ئێستاكه‌دا مه‌لاكان دێن قسه له‌سه‌ر هونه‌ر شیعر‌و سیاسه‌ت و یاساكانی په‌له‌مان و زۆر شتی دیكه‌ش ده‌كه‌ن و ده‌یبه‌ستنه‌وه به ئایینه‌وه، له كاتێكدا ئه‌م بابه‌تانه هیچ گرفتێك نین له‌به‌رانبه‌ر ئاییندا، كاتێكیش رۆژنامه‌نووسێك یان رۆشنبیرێك وه‌ڵامی مه‌لایه‌ك به‌نه‌رێ ده‌داته‌وه، ئیدی ئه‌وكاته زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگه دێنه‌ده‌نگ و پشتگیری له مه‌لاكه ده‌كه‌ن، بێ تێگه‌یشتن له‌جه‌وهه‌رو راستی مه‌سه‌له‌كه، چونكه وا له مه‌لاكان گه‌یشتوون گوایه نوێنه‌ری پێغه‌مبه‌رن و پێویسته داكۆكی له‌قسه‌كانیان بكرێت.
هه‌روه‌ها رۆژنامه‌نووسان و رۆشنبیرانیش رووبه‌ڕووی هه‌ڵه ده‌بنه‌وه ئه‌گه‌ر هات و راسته‌وخۆ سه‌نگه‌ر له مه‌لاكان بگرن و هه‌ركه ئه‌مه روویدا ئیدی بارودۆخه‌كه زیاتر ئاڵۆزی به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت، وه‌كو ئێستاكه به‌چاوی خۆمان ده‌بینین به‌شێوه‌یه‌كی توند ئیسلامییه‌كان، عه‌لمانییه‌كان ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌و به‌هه‌مان شێوه‌ش عه‌لمانییه‌كان ئه‌وان ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌و ئه‌وه‌ی غیابه له‌م نێوه‌نده‌دا زمانی دیالۆگ و تێگه‌یشتنه كه ئێمه پێویستمان پێیه‌تی بۆ قۆناغێكی له‌م جۆره‌دا.
كوانێ ئه‌و مێزگردو به‌رنامه دیالۆگییانهی له‌مه‌ڕ ئه‌و ئاڵۆزییانه‌ی ئێستاكه له‌نێوان عه‌لمانییه‌كان و ئیسلامییه‌كاندا دروستبووه؟ بێگومان له‌په‌نجه‌ی ده‌ست تێپه‌ڕ ناكه‌ن كه ده‌بووایه ده‌یان و سه‌دان به‌رنامه‌و مێزگردی شارستانیانه‌مان ساوبدایه بۆ ئه‌وه‌ی تاكی كورد له كرۆكی مه‌سه‌له ئالۆزه‌كان تێبگات، بێگومان ئێمه هیچ دیالۆگێكی كراوه‌ی نێوان عه‌لمانییه‌كان و ئیسلامییه‌كانمان نه‌دی كه بێن به‌شێوه‌یه‌كی زانستییانه شرۆڤه‌ی دیارده‌و بابه‌ته ئالۆزه‌كان بكه‌ن، به‌ڵكو هه‌ریه‌كه‌و له شوێنێكه‌وه سه‌نگری گرتووه، مه‌لا له مزگه‌وته‌وه كه دواتر كه‌ناڵه ئیسلامییه‌كان په‌خشی ده‌كه‌ن هێرش ده‌كاته سه‌ر خه‌ڵكی رۆشنبیر‌و رۆشنبیرانیش لهرووپهڕی رۆژنامه‌كانه‌وه مه‌لاكان به تێنه‌گه‌یشتوو ده‌ده‌نه قه‌ڵه‌م.
دروستبوونی دیالۆگێكی شارستانییانه له‌نێوان ئیسلامییه‌كان و عه‌لمانییه‌كاندا بارودۆخه‌كه له ئاڵۆزییه‌وه ده‌باته قۆناغێكی دیكه‌وه كه كۆمه‌ڵگه دواتر خۆی بڕیار ده‌دات كامه لایان هه‌ڵه‌ن و كامهلاشیان راستن، بانگكردنی رۆشنبیران بۆ به‌رده‌م دادگه له‌سه‌ر بۆچوونه‌كانیان، وه‌كو ئه‌وه‌ی د.فه‌رهاد پیرباڵ، به‌زیانی دیموكراسی و ئازادی راده‌ربڕین له هه‌رێم ده‌شكێته‌وه‌و به‌ر له هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك ده‌سه‌ڵات پێویستی به‌و دیموكراسی و ئازادی راده‌ربڕینه هه‌یه، بێده‌نگبوونیش له مه‌لاكان له‌وه‌ی به‌ئاره‌زووی خۆیان هێرش بكه‌نه سه‌ر خه‌ڵكی رۆشنبیر‌و ده‌ستێوه‌ردان له كاروباره‌كانی ده‌وڵه‌تدا، دواتر كۆمه‌ڵگه ده‌خاته به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌و هه‌مووان به‌هۆیه‌وه زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بین.
تێبینی: ئه‌م وتاره له‌ژماره 468ی رۆژنامه‌ی میدیا بڵاوكراوه‌ته‌وه.
Shxewan_braim@yahoo.com