Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
لەندەن – زیاتر لە 50.000 خوێندکار خۆپیشاندانیان کرد

لەندەن – زیاتر لە 50.000 خوێندکار خۆپیشاندانیان کرد

Closed
by November 12, 2010 تایبەت

پەیامنێری دەنگەکان- لەندەن

بۆ بینینی وێنه‌کان سه‌یری هاوپێچ بکه‌ن…


زیاتر  لە 50.000  ئەندامانی یەکێتی خوێندکارانی بەریتانیا،  دوێنێ بارەگای پارتی فەرمانرەوا پارتی پارێزگارانیان داگیر کرد و ئاگریان تێبەردا. ناڕەزایەتیەکانی خۆشیان بەرامبەر حکومەت زۆر توند دەربڕی و لە چەندین پێکدادانی جەستەیشدا رووبەروی هێزەکانی پۆلیس بوونەوە.
ئەم خۆپیشاندانە بە گەورەترین خۆپیشاندان دادەنرێت لە دوای بڕینی بودجەی کەرتە گشتیەکان و پلانی لەکارخستنی چەندین ملیۆن کرێکاران و فەرمانبەرانی ئەو کەرتانە بۆ پێدانەوەی ئەو قەرزانەی کە بەریتانیا وەریگرتن بۆ وێرکردنی بانکەکان و رزگارکردنیان لە داڕوخان.
پارتی پارێزگاران کە باڵی هێڵی ڕاستی حکومەتە یەکگرتووەکەی  بەریتانیایە، پێشنیاری پرۆژە یاسای بڕینی بودجەی پەروەردەیان کردووە، کە بڕی پارەی ساڵانەی خوێندنی باڵا دەکاتە 7.000 پاوەند. واتە 4 هەزار زیاتر لەوەی کە خوێندکاران هەنووکە دەیدەنە زانکۆکان بۆ خوێندنی ساڵانەیان. هەروەها لە پرۆژە یاساییەکەی ئەو پارتەدا پێشنیاری بە بازاڕکردنی پەروەردە هاتووە و داوا لە حکومەتی یەکگرتوو دەکەن کە کۆرسەکانی خوێندن بەپێی گرنگیان نرخیان لەسەر دابندرێت، کە ئەمەش وا لەو خوێندکارانە دەکات کە پارەیان کەمە و لە خێزانە هەژارەکانن یان نەخوێنن یان ئەگەر بچنە زانکۆ دەبێت ئەو کۆرسانە هەڵبژێرن کە نرخیان کەمە، بە واتایەکی تر کە گرنگ نین و هەلی کارکردنیان نییە. 
خوێنداکاران لە دوای پێشنیارەکەوە کەوتنە خۆ رێکخستن بۆ ئەم خۆپیشاندانە، بەڵام لە سەرەتادا سەرکردایەتی یەکێتی خوێندکاران کە باڵی سۆسیال دیموکراتەکانن ئەم شێوە خۆپیشاندانەیان رەتکردەوە . ئیدی خوێندکاران خۆیان کەوتنە رێکخراوکردنی خۆیان و لە چەندین کۆنفرانسی نائاسایی گشتی نێشتمانی و ناوچەییدا کۆبوونەوەکانیان بەڕێوە برد.  باڵی چەپە سۆسیالیستەکان دەورێکی باڵایان هەبوو لەم ڕێکخستنەدا و ئەمەش وای کرد کە خوێدنکاران لە نێویاندا خۆیان ڕێکخراو بکەن. لە ترسی زێدەتر داگیرکردنی ئەندامانی سۆسیال دیموکراتەکان، سەرکردایەتی یەکێتی خوێندکاران بە کەمپینی “پەروەردەی بێبەرامبەر” ەوە پەیوەستبوون و دواتریش لە ژێر فشاری ئەفسەرانی خوێندکارە سۆسیالیستەکان بەم خۆپیشاندانە  قایل بوون.
خۆپیشاندان لە هەموو ناوچەکانی بەریتانیا بەرێسوە چوون ، بە هەزاران پاس ئامادە کرابوون و  بە هەزاران خۆێندکارانی تریش خۆبەش رێکخەریان بوون. لە هەموو شارەکانەوە خوێندکاران بەرەو لەندەن بەڕێدەکەوتن و ئەوانەش کە نەیاندەتوانی بڕٶن لە پۆلەکانیان دەچونە دەرەوە و لە بەردەم زانکۆکانیاندا کۆدەبوونەوە و داوای “خوێدنی بێبەرامبەر”یان دەکرد. گەورەترین لە لەندەنی پایەتخت بوو و هەرلەوێندەرێش بارە نائاسای و پێکدادانەکان بەشێوەیەکی بەربڵاو روویان دان.
لەم خۆپیشاندانەدا خوێندکاران بەتەنها نەبوون، یەکێتی کڕێکاران و فەرمانبەرانی  ئەم وڵاتە پشتگیریان کردن، دیارترینیان : یەکێتی کرێکارانی هێڵی ئاسنین، یەکێتی کرێکارانی پۆستە و گەیاندن، یەکێتی فەرمانبەرە گشتیەکان و یەکێتی مامۆستایانی زانکۆکان.
لە لەندەن خۆپیشاندانەکە لە چەندین  شەقامەوە دەستیان پێکرد و لە سەر ئەو شەقامەی بەرەو بارەگای سەرەکی پارتی فەرمانرەوا دەروات کە نزیک بە بینای دێرینی پەرلەمانە، هەموویان یەکیان گرت . پۆلیس بەردەم بارەگاکەی تەنیبوو بەڵام دوای چەندین پیکدادانی جەستەیی ، خوێندکاران بە کۆمەڵ چوونە ناو بیناکەوە و کەوتنە شکاندنی پەنجەرە و کەلوپەلەکان،  دواتریش گڕیان بەردایە بیناکە کە تژی بوو لە فەرامانبەران و کادیرانی پارتەکە. نهۆمی چواری بیناکە بە تەواوەتی گڕی گرتوو هەموو فەرمانبەران بۆ دەرەوەی بارەگاکە هەڵهاتن. هەندێک لە خوێندکارەکان لە سەربانی نهۆمئ کۆتاییەوە ئاڵاکنیان دەشەکانەوە و بوتڵی ئاگرکوژێنەوەکانیان دەگرتە پۆلیس لە خوارەوە . ئەم بوتڵانە لەگەڵ بەربونەوەیان و تەقینەوەیان ئەوەندەی تر پێکدادنی سەر شەقامەکەیان توند تر دەکردەوە.  
ئەوەی کە جێگای سەرسامییە ئەوەیە سەرباری  ئەو هەموو پێکدادانانە، تەنها 9 قوتابی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە بریندارکراون و دەستگیرکراون ، ئەوانەی تر تێکڕا هەڵهاتوون. خوێندکارانیش کاتێک پۆلیسێکیان دەستگیر دەکر کڵاوەکەیان لێ دەستاندن و ئازادیان دەکردن.
توێژەروانی بواری نارەزایەتییە گشتیەکان پێیا وایە کە خوێندکارەکان زۆر ئامادەباشیان کردووە و هەندێک بە لایەنێکی “ترسناکیان” لە قەڵەمدا.  وتەبێژە ڕاسترەوەکانیش رەخنە لە میدیا و پۆلیس دەگرن و پێیان وایە پۆلیس کارەکانیان بە باشی جێبەجێ نەکردوون و بی بی سی و کەناڵە تەلەفزیۆنەکانی تریش گوایە “هاوسەنگ نەبوون” چونکە پەخشی خوێندکارەکانیان کردووە کاتێک تێکرا لە دوەری ئاگر کۆبونەتەوە  و هارویان کردووە ” شۆڕش، شۆڕش،  باشترین چارەسەرە. شۆرش شۆڕش تاکە چارەسەرە”. ئاژانسی هەواڵەکانی بی بی سیش بەم دێڕە ئەم خۆپیشاندانەی پێناسە کردووە: “خۆپیشاندانەکەی لەندەن ، شۆڕشێک بوو کە مەرج بوو پەخش بکرێت و بەربەستی پێ نەدەگیرا ” .
هەروەک سروشتی ژیانی خوێندکاران خۆیان، خۆپیشاندانەکەشیان لە خەندە و گەپ بێبەش نەبوو. هەندێک چەند لافیتەی گاڵتەیان بەرزکردبوونەوە، وەک : ” من لای مارکسەوە هاتووم و  ئەڵی ئەمڕۆ زۆر شانازی بە منداڵەکانمەوە دەکەم” هەروەها ” تکایە شوشە شکانن بەسە بێزار بووم، با بڕینی بودجە بشکێنین، نازانم شتێک بدۆزنەوە ” . 
ئەوەی کە روویدا زۆر چاوەڕواننەکراو بوو، چونکە چەندین ساڵە لەندەن خۆپیشاندانی خوێندکارانی بەم شێوەیە لێ نەبینراوە، دەکرێت بڵێین لە کۆتای جەنگی ڤێتنامەوە .  پێدەچێت مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە، بەڵام ئەمجارەیان بە کۆمیدیا.
 


Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.