Skip to Content

Wednesday, January 19th, 2022

پرۆژه‌ی ژنی کورد

Be First!
by December 19, 2008 ژنان

 پرۆژه‌ی ژنی کورد
 
 
 KURDISH WOMEN’S PROJECT
 c/o Priory Community Centre, Acton Lane, London W3 8NY
 e-mail:  info@kurdishwomensproject.org
 پرۆپۆزاڵی پرۆژه‌ی ژنی کورد بۆ پاراستنی مافه مرۆڤایه‌تییه‌کانی ژنان له هه‌رێمه کوردییه‌کان
 
 پرۆژه‌ی ژنی کورد له‌سه‌ر بنه‌مای داواکارییه‌کان له ‘داخوازینامه‌ی ژنی کورد’، به پێشکه‌شکردنی ئه‌م پرۆپۆزاڵه، پێشنیاری چالاکی بۆ پاراستنی مافه‌کانی ئافره‌تان له باشووری کوردستاندا ده‌کات. 
 داخوازینامه‌ی ژنی کورد بۆ ماف و ئازادییه‌کانی ژنان له هه‌رێمه کوردییه‌کان و ژنانی کورد له هه‌نده‌ران، له لایه‌ن پرۆژه‌ی ژنی کورد و پرۆژه‌ی مافی مرۆڤی کورده‌وه له به‌ریتانیادا ئاماده‌کراوه. ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه له لایه‌ن بارۆنێس هێلێنا که‌نه‌دی و لۆرد ئه‌یڤبری، دوو نوێنه‌ری به‌ناوبانگی ‘خانووی لۆرده‌کان’ له رۆژی 2004.6.22 له هه‌مان خانوودا له له‌نده‌ن به جه‌‌ماوه‌ر ناسرا و پشتگیری‌ لێکرا. هه‌روه‌ها ئه‌و به‌ڵگه‌یه له رۆژی 2004.7.12 پێشکه‌ش به پارله‌مانی کوردستان کرا به‌و مه‌به‌سته که له کاتی دارشتنه‌وه و دانانی یاساکاندا، داواکارییه‌کانی ئافره‌تانی کورد به‌رچاوبگیرڕێن.
 مخابن پارله‌مانی کوردستان له چه‌ند مانگی رابووردوودا فره‌ژنی و بڕگه‌کانی‌تری ‘یاسای باری که‌سێتی’  په‌سه‌ندکرد. ئه‌م بڕیاره به‌پێچه‌وانه‌ی به‌رپرسیی حکومه‌تی کوردستانه به‌رانبه‌ر به په‌یماننامه و به‌ڵگه‌نامه نێو نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، وه‌کو جاڕنامه‌ی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤ و په‌یماننامه‌ی نه‌هێشتنی هه‌موو جۆره جیاوازی دژ به ژنان و هه‌روه‌ها به‌رچاونه‌گرتنی داواکاراییه‌کانه له داخوازینامه‌ی ژنی کورددا.  
 له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که پرۆژه‌ی ژنی کورد له‌پێناو داسه‌پاندنی داخوازینامه‌‌ی ژنی کورد له هه‌رێمه کوردییه‌کاندا چالاکی ده‌کات و به به‌رچاوگرتنی ئه‌و راستییه که گۆڕانکاری له مافه‌کانی ئافره‌تان له پارچه‌یه‌ک له کوردستاندا کاریگه‌ری له‌سه‌ر بارودۆخی ژنان له پارچه‌کانیتردا ده‌بێت، پرۆژه‌ی ژنی کورد بڕیاری داوه له‌سه‌ر ئاماده‌کردنی ئه‌م پرۆپۆزاڵه به‌مه‌به‌ستی خه‌بات بۆ په‌ره‌پێدان و سه‌قامگیرکردنی که‌ش و هه‌وای له‌بار له پێناو پاراستن و پشتیوانیکردنی مافه‌کانی ژنان له کۆمه‌ڵگه‌ی کورددا. پێشنیاره‌کانی ئه‌م پرۆپۆزاڵه له چه‌ند خاڵی داخوازینامه‌ی ژنی کورد وه‌رگیراون و له داڕشتنیاندا جیاوازی بیروباوه‌ڕ و شێوه‌ی ژیانی خه‌ڵک له کۆمه‌ڵگه‌ی کورددا ره‌چاوکراون.
 پرۆژه‌ی ژنی کورد ‌بوونی حکومه‌تی کوردستان و بانگه‌وازی ئه‌و حکومه‌ته بۆ هاوکاری خه‌ڵک له‌پێناو دابینکردنی دێمۆکراسی و به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌کان له کۆمه‌ڵگه‌ی کورددا، به ده‌رفه‌تێک ده‌زانێت بۆ پێشکه‌شکردنی ئه‌م پرۆپۆزاڵه به حکومه‌تی کوردستان و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک. پێشنیاره‌کان له‌م پرۆپۆزاڵه‌دا داوای لێکۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌ی ورد ده‌که‌ن له‌باره‌ی ‘فره‌ژنی’ و ئه‌و داب و نه‌ریت و یاسا و کرده‌وانه‌ی که دژ به ئافره‌تن. ئه‌نجامدانی ئه‌و ‌ئه‌رکه پێویستی به کات و چالاکی به‌ربڵاوه له‌لایه‌ن هه‌موو ئه‌و که‌سایه‌تی و رێکخراوانه‌ی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی کوردستانه‌وه که پرۆپۆزاڵه‌‌‌‌که په‌سه‌ند ده‌که‌ن. چالاکییه‌کان ده‌توانن به شێوه‌ی کۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر، کۆڕ، وۆرکشاپ، بڵاوکراوه و هه‌ندێ کاریتر بن بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کانی ئه‌م پرۆپۆزاڵه. سه‌رکه‌‌وتن له‌م ئه‌رکه‌دا پێویستی به هاوکاری هه‌یه له‌‌لایه‌ن که‌سایه‌تی، رێکخراوه و میدیای کوردی له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵاتدا که به‌په‌رۆشن له پێشێل‌بوونی مافه‌کانی تاک له کۆمه‌ڵگه‌ی کورددا، به‌تایبه‌تی مافی ژنان و مناڵان.
 پرۆپۆزاڵی پرۆژه‌ی ژنی کورد 
 به‌‌و تێبینی‌یانه‌ی سه‌ره‌وه، پرۆژه‌ی ژنی کورد پێشنیاری پێداچوونه‌وه‌ی دوباره‌ی ‘یاسای باری که‌سێتی’، به‌تایبه‌تی بڕگه‌ی ‘فره‌ژنی’، و دواخستنی یاسادانان له‌و بواره‌دا ده‌کات تا ئه‌و کاته‌ی که لێکۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌ی به‌ربڵاو له‌باره‌ی کاریگه‌ری ئه‌و یاسا و رێسایانه له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵگه‌ی کورد ده‌کرێت. هه‌روه‌ها به پێویستی ده‌زانین که ئه‌و خاڵانه‌ی خواره‌وه له پێداچوونه‌وه‌‌که‌دا به‌رچاوبگیرێن:
 • دیارده‌ی ‘فره‌ژنی’ و کاریگه‌رییی ناحه‌زی له‌سه‌ر باری ده‌روونیی و کۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵکی کوردستان 
 توێژینه‌وه‌ی وردی ده‌روونناسی و کۆمه‌ڵایه‌تی به روونی ده‌ریده‌خات که ‘فره‌ژنی’ کاریگه‌ریی نیگاتیڤی له‌سه‌ر له‌ش‌ساغی و باری ده‌روونیی بنه‌ماڵه و کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه.  لێکۆڵینه‌وه و نووسراوه‌کان له‌سه‌ر ‘فره‌ژنی’ له به‌شه‌کانیتری جیهان ئه‌و راستییه ده‌رده‌خن که ‘فره‌ژنی’ له‌به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵگه‌دا نییه و به‌تایبه‌تی دژی به‌رژه‌وه‌ندی و سه‌لامه‌تیی ده‌روونیی ئافره‌ت و منداڵه که راسته‌وخۆ ده‌که‌ونه به‌رپه‌لی ئه‌و دیارده‌ ناحه‌زه. 
 نابێت ‘فره‌ژنی’ له‌سه‌ر ئه‌ساسی ده‌وڵه‌مه‌ندی پیاو وه‌کو چاره‌سه‌رییه‌ک دابنرێت بۆ چاک‌کردنه‌وه‌ی کزی باری ئابووریی ئافره‌تان. دارایی پیاو ناتوانێت مسۆگه‌ری یه‌کسانی، به‌خته‌وه‌ری و به‌‌هره‌مه‌ندی ئابووری بێت بۆ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی فره‌ژن و  به‌پێچه‌وانه، ره‌نگه په‌یوه‌ندی و ژیانی بنه‌ماڵه‌یی‌یان زیاتر تووشی کێشه و ناله‌باری بکات.
 • فره‌ژنی و یاسای جیاوازی‌په‌رستانه بێ‌بایه‌خکردنی دێمۆکراسییه  
 هه‌ر جۆره یاسای دواکه‌وتووانه و دژ به ژن یان هه‌ر کرده‌وه‌یه‌ک که جیاوازی په‌رستی تیا به‌دی‌بکرێت، سه‌رنجی کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی راده‌کێشێ و به‌رپه‌رچی ئه‌و باوه‌ڕه ده‌دا‌ته‌وه که حکومه‌تی هه‌رێم خه‌ریکی هه‌‌وڵدانه بۆ دابینکردنی دێمۆکراسی و په‌ره‌پێدانی به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌کان.  دانانی یاسای دواکه‌‌وتووانه و کرده‌وه جیاوازی‌په‌رستانه‌کانی پارله‌مانی کوردستان ده‌‌بنه هۆی گۆڕینی بیروباوه‌ڕی کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان، به تایبه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم و کورد وه‌کو یه‌کێ له هه‌ره کۆمه‌ڵگه دواکه‌وتوو و دوور له شارستانییه‌ته‌کان سه‌یرده‌کرێت. 
 سووک‌کردن و ناشیرینکردنی سیمای کورد له به‌رچاو کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌بێته هۆی بۆچوون و هه‌ڵسوکه‌وتی ناخۆش و ناپه‌سه‌ند به‌رانبه‌ر به کورد له سه‌رانسه‌ری دنیادا. له‌و حاڵه‌ته‌دا که‌سایه‌تی و رێکخراوه پێشکه‌و‌توو و  دێمۆکراسی‌خوازه‌کان به‌رانبه‌ر به ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمی کوردستاندا هه‌ڵوێستی  به‌ربڵاو ده‌گرن و زۆر زه‌حمه‌ته که حکومه‌تی هه‌رێم بتوانێت چاوی خۆی دا بخات له و جۆره رووداوانه.
 • فره‌ژنی نواندنی دیارده‌یه‌که دژ به بیروڕای کۆمه‌ڵگه‌ی کورد
 پرۆژه‌ی ژنی کورد، وه‌کو باقی که‌سایه‌تی و رێکخراوه‌ پێشکه‌و‌تنخوازه‌کان له کۆمه‌ڵگه‌ی کورددا، ‘فره‌ژنی’ و یاسا کۆنه‌په‌رستانه‌کان په‌سه‌ند ناکات له‌به‌ر ئه‌وه دڵنیاین که دژ به به‌رژه‌وه‌ندی و پێشکه‌‌وتنی خه‌ڵکی کوردن.
 پرۆژه‌ی ژنی کورد له‌و باوه‌ڕه‌یه که ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی کوردستان ده‌رفه‌تی خوێندن و راهێنانی دروستیان هه‌بێت بۆ ناسینی مافه‌کانیان، له بیری کۆنخوازی و خورافی، که زۆرجار به‌سه‌ریاندا داده‌سه‌پێت، دوررده‌که‌ونه‌وه. له‌و حاڵه‌دا ده‌توانن سه‌ربه‌خۆیانه بیربکه‌نه‌وه و هزروبیری خۆیان به‌کاربێنن بۆ شیکردنه‌وه‌ی بابه‌ته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و بڕیاردانی شاره‌زایانه و له ئاکامدا هانده‌درێن به‌ره‌و ‌هه‌ڵبژاردنی شێوه‌ی باشتری ژیان بۆ خۆیان.
 بارودۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی و رامیاری ئێستای باشووری کوردستان زه‌مینه‌یه‌ک له‌بار نییه بۆ ‌خه‌ڵک بۆ بڕیاردانی پێویست و هزرمه‌ندانه. ئه‌م دیارده‌یه به‌هۆی زاڵبوونی بیروبۆچوونی کۆنه‌په‌رستانه‌یه له هه‌ندێ له به‌شه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کورددا که خه‌ڵک له بیروباوه‌ڕی راسته‌قینه‌ی خۆیان دوورده‌کاته‌وه. پرۆژه‌ی ژنی کورد به پێویستی ده‌زانێت بۆ حکومه‌تی هه‌رێم و هه‌روه‌ها رێکخراو‌ه ناحکومی (NGO) ه‌کان له باشوور که هه‌رچی زووتر هه‌وڵ‌بده‌ن بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی پله‌ی تێگه‌یشتن و زانیاری خه‌ڵک له مافه‌ مرۆڤایه‌تییه‌کانیان. ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره بکرێت بڕیاری خه‌ڵک به هێز و به‌بایه‌خ ده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه له باوه‌ڕی راسته‌قینه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، به‌تایبه‌تی بڕیاری ئه‌و ئافره‌تانه‌ی که له پله‌ی بڕیارداندا کارده‌که‌ن.
 • یاسا و بۆچوونی ناکۆک و جیاوازی‌په‌رستانه ده‌بنه هۆی پێشێل‌کردنی مافی ژنان:
 به‌ئاسانی به‌رچاوده‌که‌وێت که هه‌ندێ له خاڵه‌کان له دستووری عێراق و کوردستاندا له‌گه‌ڵ یه‌کتری ناگونجن و یه‌کتری بێ‌بایه‌خده‌که‌ن. له حاڵێکدا که چه‌‌ند خاڵ به روونی پێداده‌گرن له‌سه‌ر مافه دیمۆکراتییه‌کان، وه‌کو یه‌کسانی و ئازادی بیروڕا، ناوه‌رۆکی چه‌ند خاڵیتر ئه‌و مافانه به‌رپه‌رچ‌ده‌ده‌نه‌وه. بۆیه پێویسته حکومه‌تی عێراق و به‌تایبه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم، له کاتی یاساداناندا بۆچوونی کراوه‌ و نوێخوازانه‌یان هه‌بێت تا رێگه نه‌درێت به بیروبۆچوون و کرده‌وه‌‌ی دژ به مافه مرۆڤایه‌تییه‌کان و رێزوپایه‌ی هاووڵاتی، به‌تایبه‌تی ئافره‌ت، پێشێل‌نه‌کرێت.
 پێویسته کاربه‌ده‌ستانی حکومه‌تی هه‌رێم شێوه‌ی ژیانی خه‌ڵک له‌و کۆمه‌‌ڵگه پێشکه‌وتووانه‌دا که ‘فره‌ژنی’ و هه‌موو جۆره یاسا و رێسای دژ به ئافره‌ت تێیدا قه‌ده‌غه‌یه و هه‌روه‌ها بیروڕا و بڕیاری پسپۆڕانی پێشکه‌و‌تنخواز له بواری کۆمه‌ڵناسیدا به‌رچاوبگرن بۆ ڕینوێنی له‌سه‌ر هه‌نگاونان به‌ره‌و پێشکه‌وتن و یه‌کسانی. به‌وجۆره ده‌توانرێت رێگه بگیررێت له په‌ره‌سه‌ندنی بیروڕا و کرده‌وه‌ی دژبه ‌یه‌کسانی که کۆسپی سه‌ر رێگای پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردن.
 ئاشکرایه که خه‌ڵکی کوردستان چاوه‌ڕێ‌ ئه‌وه‌ن که کاربه‌ده‌ستانی حکومه‌تی هه‌رێم، له کاتی بیرکردنه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵگه، بیر له ئاسانکاری بۆ گه‌یشتن به یه‌کسانی و دێموکراسی بکه‌نه‌وه، نه گه‌ڕانه‌وه بۆ بیروباوه‌ری کۆنپه‌رستانه و دیکتاتۆری.
 
 دووا وته:
 بۆ پرۆژه‌ی ژنی کورد ڕوون و ئاشکرایه که ره‌نگه ئه‌و پێشنیارانه‌ی له‌م پرۆپۆزاڵه‌دا هاتوون نیازیان به پێداچوونه‌وه و په‌ره‌پێدان بێت تا به رێک و پێکی بخرینه کاره‌وه. بۆیه پرۆژه‌‌ی ژنی کورد به‌نیازه که داوای پشتگیری و هاوکاری بکات له پسپۆڕان له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی رێنوێنی ئه‌وان بۆ داڕشتنی پرۆگرامی چڕوپڕ بۆ پێشکه‌‌وتنی ئه‌م پرۆپۆزاڵه. پرۆژه‌ی ژنی کورد هیواداره که به هاوکاری ئه‌و که‌سایه‌تی و رێکخراوانه‌ی که ئه‌م پرۆزاڵه‌یان لا په‌سه‌ند ده‌بیت، پێشنیاره‌کان به ئاسانی و له زووترین کاتدا جێبه‌جێ‌بکرێن. سه‌رکه‌وتن له‌م ئه‌رکه‌دا ده‌توانێت یاریده‌ری پارله‌مانی کوردستان بێت بۆ دانانی یاسای له‌بار وه‌کو هانده‌رێک بۆ داسه‌پاندنی هزری یه‌کسانیخوازانه و دوور له خورافه و پارێزه‌رێک بۆ کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک.
 پرۆژه‌ی ژنی کورد ده‌یه‌وێت به زووترین کات و به هاوکاری و پشتیوانی هه‌موو لایه‌نه هه‌ستیاره‌کان، چالاکی له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنی پێشنیاره‌کان ده‌س‌پێ‌بکات. تکایه له پیشنیار و بۆچوونی خۆتان، به‌و ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ئاگادارمان بکه‌ن.
 پرۆژه‌ی ژنی کورد
 دێسامبری 2008 
 
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply