پێشوه‌خته.. له‌باره‌ی سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستانه‌وه
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێشوه‌خته له‌باره‌یه‌وه ده‌دوێین، بۆیه ئه‌سته‌مه بتوانین ته‌رازووی هاوسه‌نگ به‌كار بێنین، ئه‌مه وامان لێ ده‌كات ئه‌وه‌نده‌ی پێشنیاز بۆ داهاتوو بخه‌ینه ڕوو، كه‌متر بوار بۆ ڕه‌خنه و په‌نجه‌دانان له‌سه‌ر خاڵه نه‌رێنییه‌كان ده‌مێنێته‌وه.. یان ده‌كرێ له‌به‌ر ڕۆشنایی خاڵه لاواز و نه‌رێنییه‌كانی ڕێكخراوی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان، ئێمه ڕووی داواكاری له سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستان بكه‌ین، پێموایه وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی خاڵه لاوازه‌كانی ئه‌و ڕێكخراوه‌ی هه‌رچه‌ندی هه‌وڵی بۆ درا كه‌چی ڕێك نه‌خرا، لانیكه‌م كاری ڕژد بۆ ڕێكخستنی ئه‌م سه‌ندیكایه بكرێ كه ترووسكاییه‌كی تێدا به‌دی ده‌كه‌ین.
ڕێكخراوی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زاده‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ڕێكخراوی سه‌ندیكا و یه‌كێتیی هونه‌رمه‌ندانی پێشوو بوو، هاوكات ڕۆڵی حزبه‌كانیش له‌و دوو ڕێكخراوه‌دا به‌رچاوتر بوو، بۆیه هه‌ر له سه‌ره‌تای یه‌كگرتنه‌كه‌یانه‌وه ئومێده‌كان لاواز بوون، ڕاستیتان ده‌وێ ده‌سیسه و هه‌ژموونی حزب لایه‌نێكی خاڵه نه‌رێنییه‌كان بوو، ئه‌وی دیكه پتر ده‌كه‌وته به‌ر هه‌ژموونی پیران و ئه‌قڵییه‌تی كۆن و كۆنخوازی، له‌مه‌شیاندا باس له داهێنان له كاره هونه‌رییه‌كان ناكه‌م كه تا چه‌ند هه‌ریه‌ك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كاریان تێدا ده‌كرد له بواره‌یلی خۆیاندا داهێنه‌ر بوون، چونكه كاری ڕێكخراوه‌یی ئه‌وه‌نده‌ی ده‌كه‌وێته به‌ر جه‌سووری له داواكاری بۆ هونه‌رمه‌ندان و كاره كارگێڕییه‌كان، ناكه‌وێته به‌ر داهێنانی هونه‌ریی تاكه‌كان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌و چه‌ند ساڵه‌ی كاركردنی ڕێكخراوی هونه‌رمه‌نداندا بینیمان، نه‌ك هه‌ر په‌راوێزكه‌وتنی هونه‌رمه‌ندانی لێ كه‌وته‌وه، بگره ڕیزه‌كانی هونه‌رمه‌ندانی له بنچینه‌وه هه‌ڵته‌كاند كه گومان نییه له‌وه‌ی هۆكاره‌كه‌ی بۆ نه‌بوونی بوێری له‌لایه‌ك و به‌دواكه‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌ته‌كان له‌لایه‌كی دیكه‌وه بوو.
ئه‌مه‌یه وامان لێ ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی چه‌ند جارێك خستوومه‌ته به‌ر ئاماژه‌وه، ده‌هێنێ ئێستایش جه‌ختی له‌سه‌ر بكه‌مه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی له سه‌رده‌می دوو ڕێكخراوه‌ییدا كار بۆ هونه‌رمه‌ندان كرا، یه‌كگرتنه‌وه جیا له ماڵوێرانی، شتێكی دیكه‌ی بۆ هونه‌رمه‌ندانی كوردستان لێ شین نه‌بوو، به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا من سه‌رۆكی هونه‌رمه‌ندانی كه‌ركووك بووم له سه‌رده‌می سه‌ندیكا و ڕێكخراوی هونه‌رمه‌ندانیشدا، بۆیه ئه‌و ته‌رزه كارانه‌م به‌ئاسان به‌سه‌ردا تێناپه‌ڕن، چونكه لانیكه‌م له كه‌ركووكدا ئه‌و ماوه‌یه‌ی سه‌ندیكا و یه‌كێتیی هونه‌رمه‌ندان به‌جیا كاریان ده‌كرد، دروستبوونی جۆرێك له كێبه‌ركێ وایكردبوو زۆرترین كار بۆ هونه‌رمه‌ندان بكرێت، هاوكات پێوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵیش له نێوان هه‌ردوولادا بوونی هه‌بوو، كه‌چی له یه‌كگرتنه‌وه‌دا ئه‌و ڕۆحی هاوكاری و هاوئاهه‌نگییه گۆڕا بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه خودی و حزبییه‌كان كه پێموانییه لێره‌دا پێویستیم به‌دووباره جوینه‌وه‌یان بێت، دیاره وه‌ك خۆم بۆ ئه‌مه‌یان زۆرترین دیكیۆمێنتم له به‌رده‌ستن.
هه‌موو ئه‌مانه به‌و واتایه نایه‌ن یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئه‌و دوو ڕێكخراوه هه‌ڵوێستێكی نه‌رێنی بووبێ، به‌پێچه‌وانه‌وه بوونی یه‌ك ڕێكخراوی ڕژد و به‌هێز بۆ هونه‌رمه‌ندان به‌به‌رنامه و پرۆگرامێكی تۆكمه و هاوكات به‌ستافێكی دڵسۆز و كارا و شاره‌زا له ده‌سته‌ی كارگێڕیدا، ده‌توانێ به‌باشترین شێوه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هونه‌رمه‌ندان بپارێزێت و زۆرترین ده‌ستكه‌وتیشیان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكات.. ئه‌وه‌ی له یه‌كگرتنه‌وه‌كه‌ی پێشوودا كێشه‌ی دروست كرد هه‌ژموونی پیران بوو له ڕێكخراوه‌كه‌دا، هاوكات به‌رژه‌وه‌ندخوازی و گه‌نده‌ڵی گه‌یشتبووه كرۆك، دیاره بۆ ئه‌مه‌شیان نه‌ك ته‌نیا من، بگره چه‌ندان دیمانه كه له‌گه‌ڵ چه‌ند ئه‌ندامێكی ئه‌وكاتی ئه‌نجوومه‌نی ڕێكخراوه‌كه‌دا ئه‌نجام دراون و ئاماژه به‌و كاره‌ساتانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندخوازی و گه‌نده‌ڵییه ده‌كه‌ن.. ئه‌مه‌یه وامان لێ ده‌كات به‌هه‌سته‌وه‌رییه‌كی پتره‌وه له‌م ڕێكخراوه‌ی ئێستا بڕوانین كه له دوای كۆنگره‌وه ناوه‌كه‌ی بۆ “سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستان” گۆڕا، لێره‌وه ده‌هێنێ ناوه‌كه‌ی زۆر به‌بایه‌خ وه‌رنه‌گرین ئه‌وه‌نده‌ی به‌دوای ناوه‌ڕۆك بكه‌وین، ئه‌وه گرنگ نییه چ ناوێك له ڕێكخراوه‌كه ده‌نرێت و به‌مه‌یش ناگوترێ گۆڕانكاری، گۆڕانكاری ئه‌وه‌نده‌ی ده‌كه‌وێَته به‌ر جه‌وهه‌ر و ناوه‌ڕۆك و كاره پراكتیكییه‌كان، ناكه‌وێته به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ندیكا به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ڕێكخراو تا چه‌ند دیوه یاساییه‌كه‌یان جیاوازیی هه‌یه، ئێمه له كوردستان له هیچ بوارێكدا كێشه‌مان له‌گه‌ڵ بوونی یاساكاندا نییه، بگره كێشه‌مان له جێبه‌جێكردنی یاساكاندا تووش ده‌بێت، من چی له ڕێكخراوێكی یاسایی بكه‌م كه نایاساییانه كار بكات، ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێ له ڕێكخراوه‌كه‌دا یاسا پارێزراو و سه‌روه‌ر بێ كه هیوادارم ئه‌مه‌یان له‌م سه‌ندیكایه‌ی ئێستا ببینین.
سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستان له دوای كۆنگره‌كه‌یه‌وه خۆی به‌كۆمه‌ڵێك به‌ڵێن و به‌ڵێنكاری به‌ستووه‌ته‌وه، له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه وه‌ك چه‌ند جارێك هونه‌رمه‌ند (نیاز نووری) نه‌قیبی سه‌ندیكا ئاماژه‌ی پێ داوه، ئه‌ركی له پێشینه‌یان ئاشتكردنه‌وه‌ی ڕه‌نجاوه‌كانه كه به‌لای ئێمه‌مانانیشه‌وه ئه‌مه خاڵێكی جه‌وهه‌ریی كاره‌كانه، چونكه زۆرترین هونه‌رمه‌ندانی كوردستان له ڕه‌نجاوه‌كانن، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌یش كه به‌رده‌وام هاتوچۆی ڕێكخراوی هونه‌رمه‌ندانیان ده‌كرد، دیسان له ڕه‌نجاوه‌كان بوون، ده‌گمه‌نن ئه‌وانه‌ی نه‌ڕه‌نجاون، ئێمه‌یش تا ئێستا هیچ هه‌نگاوێكی پراكتیكیمان له سه‌ندیكا بۆ ئاشتكردنه‌وه‌كان نه‌بینیوه، خۆ ئه‌گه‌ر پاساویشیان ئه‌وه‌بێ جارێ زووه و ماوه‌یه‌كی كه‌مه ده‌ستبه‌كار بوون، ڕه‌نگه له‌مه‌شیاندا تا ئاستێك هه‌قدار بن، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌یش بزانن به‌ر له‌و پرۆسه‌ی ئاشتییه، ئه‌گه‌ر ئه‌وان پشتگیریی زۆرترین ڕێژه‌ی هونه‌رمه‌ندان بۆ خۆیان مسۆگه‌ر نه‌كه‌ن، ناتوانن له ئاشتكردنه‌وه‌كاندا سه‌ركه‌وتوو بن، ئه‌مه‌یش دروست ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ كه ئاشتكردنه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی پێوه‌ندیی به‌كاركردن بۆ هونه‌رمه‌ندان هه‌یه، ناكه‌وێته به‌ر سه‌ردان و كاره ته‌شریفاتییه‌كان، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌یشیان بۆ هه‌ندێك له هونه‌رمه‌ندان به‌پێویست ده‌بینم.. ڕه‌نجانی هونه‌رمه‌ندان له ڕێكخراوی پێشووی هونه‌رمه‌ندان پێوه‌ست بوو به‌وه‌ی كاریان بۆ نه‌كرا و به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان هه‌ڵپه‌یان نه‌كرد، ئه‌وان و به‌تایبه‌تیش دوو كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی تۆقه‌ڵانی ڕێكخراوه‌كه نه‌یانده‌ویست بۆ هونه‌رمه‌ندان خۆیان له به‌رده‌م به‌رپرساندا ئێسكگران بكه‌ن، تۆیش ناتوانی خزمه‌ت به‌و توێژه هه‌سته‌وه‌ره بكه‌ی ئه‌گه‌ر له شه‌ڕدا نه‌بی بۆیان، مه‌به‌ستم شه‌ڕی ده‌سته و یه‌خه نییه ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستمه پێ‌داگر بی له‌سه‌ر مافه به‌دینه‌هاتووه‌كانیان.
لێره‌وه‌یه ده‌هێنێ ئه‌م ستافه گه‌نجه ڕاچڵه‌كێنین و چیتر موجامه‌له‌یان لێ قبووڵ نه‌كرێت، وێڕای ڕێزی زۆرم بۆ مامۆستا (چه‌تۆ نه‌ورۆز) كه سكرتێری ڕێكخراوه‌كه‌یه، ئه‌و له ڕاپۆرتێكدا باسی ئه‌وه‌ی كردووه كه ئه‌م سه‌ندیكایه ده‌بێته درێژه‌پێده‌ری كاره‌كانی پێشتر، واته ئه‌و كارانه‌ی ئه‌وانی پێشتر بۆیان ته‌واو نه‌كرا.. ئاخر كاكه (چه‌تۆ) ئێمه له واقیعه‌كه‌دا ژیاین، ئه‌گه‌ر ئێوه پێتان وابێ ئه‌وان كاری ڕژدیان كردووه و بۆیان ته‌واو نه‌كراوه و ده‌تانه‌وێ درێژه‌پێده‌ریان بن، ده‌بێ ئێمه بڵێین “شیردا بۆ داپیر دا” لێره‌دا كێرڤی گه‌شبینییه‌كانمان به‌خۆتان داده‌به‌زێنن بۆ “اسفل السافلین”، ئه‌دی له كاركردن بۆ هونه‌رمه‌ندان چ پێویستییه‌كت به‌موجامه‌له‌كردن نییه ئه‌وه‌نده‌ی پێویستیت به‌به‌رنامه‌ی نوێ هه‌یه بۆ هونه‌رمه‌ندان و ئاشتكردنه‌وه‌یان.. جوانترین هه‌ڵوێستیش كه له كۆنگره‌ی هونه‌رمه‌نداندا نوێنرا، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی مامۆستا (ئه‌حمه‌د سالار) بوو كه داوای لێبوردنی له هونه‌رمه‌ندان كرد له‌پای ئه‌وه‌ی له ئاست داواكانی ئه‌وان كاریان بۆ نه‌كردوون، ئه‌گه‌رچی من پێموانییه به‌و داوای لێبوردنه مامۆستا بتوانێ خۆی له به‌رپرسیاریه‌تیی ئه‌وه‌نده ساڵه‌ی نه‌قیبییه‌كه‌ی یان سه‌رۆكییه‌كه‌ی بدزێته‌وه، به‌ڵام لانیكه‌م توانی ڕووه شیرینه‌كه‌ی له به‌رانبه‌ر هونه‌رمه‌ندان جوان بكاته‌وه، كه به‌داخه‌وه هاوسه‌رۆكه‌كه‌ی ئاماده‌یی تیا نه‌بوو ئه‌و داوای لێبوردنه به‌هونه‌رمه‌ندان ڕه‌وا ببینێ و ئه‌ویش دان به‌خه‌وشه‌كاندا بنێت.
بۆیه ده‌هێنێ جه‌خت له‌وه بكه‌ینه‌وه له بری ئه‌و موجامه‌له ته‌ڕ و تازانه، به‌رنامه‌ی نوێمان له ئاشتكردنه‌وه‌كاندا پێشان بده‌ن، نه‌ك ته‌نیا یاساییبوونی ڕێكخراوه‌كه و پرۆگرامه ئاماده‌كه‌مان بۆ بكه‌نه سه‌نگی مه‌حه‌ك له خزمه‌تكردنی هونه‌رمه‌نداندا.. بێگومان من هه‌رگیز ڕه‌شبین نیم، به‌ڵام ناشتوانم پێشوه‌خته گه‌شبینی ده‌ربڕم، واته وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له هونه‌رمه‌ندان له ئێستاوه ڕه‌خنه‌ی توند ئاراسته‌ی ئه‌م سه‌ندیكایه ده‌كه‌ن، یان هه‌ندێكی دیكه پێیان وایه ئیتر ئه‌م سه‌ندیكایه ده‌بێته فریادڕه‌سیان.. من ده‌ڵێم له هه‌ردوو دیودا به‌و بڕیاره ڕه‌هایانه بێویژدانی ده‌كه‌ین، چاكتره ده‌رفه‌ت به‌و به‌ڕێزانه بده‌ین كه ئێستا به‌رپرسیاریه‌تیی ڕێكخراوه‌كه‌یان له ئه‌ستۆ گرتووه، به‌بێ ده‌رفه‌ت هه‌موو هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانمان ده‌كه‌ونه ده‌ره‌وه‌ی واقیعه‌وه و بێویژدانمان ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌وان كۆمه‌ڵه گه‌نجێكن و به‌دنیایه‌ك وه‌عد و وعووده‌وه هاتوونه‌ته مه‌یدان، بۆیه ئه‌ركی ئێمه‌یه ده‌رفه‌تیان پێ ڕه‌وا ببینین كه تا چه‌ند ده‌توانن ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی دایانناوه كاری له‌سه‌ر بكه‌ن، بۆ ئه‌مه‌شیان، چاوه‌ڕوانی داهاتوو، به‌ڵام داهاتوویه‌كی نزیك ده‌كه‌ین.. ئه‌وكات یان ده‌ستی ماندووبوونیان ده‌گوشین و ستایشی ڕۆڵی بوێرانه‌یان ده‌كه‌ین، یاخۆ ده‌یانخه‌ینه به‌ر ڕه‌خنه‌ی توند و بێ ڕتووش به‌مێژوویان ده‌سپێرین.
وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د