Skip to Content

Tuesday, October 26th, 2021

گه‌شت‌و گوزار..نه‌وتی كوردستان

Be First!
by September 21, 2010 گشتی

  

ئه‌گه‌ر وڵاتێك به‌ نه‌وت، وڵاتێك به‌ گوڵ، وڵاتێك به‌ زێڕ یان زیو یا هه‌ر كانزا‌و به‌روبوومێكی دیكه‌ به‌ناوبانگ‌و ده‌وڵه‌مه‌ند بێت، ئه‌وا هه‌رێمی كوردستان به‌ شوێنی گه‌شتیاری‌و سه‌یرانگا ده‌وڵه‌مه‌نده‌.
   هه‌موومان گه‌یشتووینه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ هێشتا ماویه‌تی سه‌رمایه‌دارانی وڵات بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ گرنگی زۆر به‌ كه‌رتی گه‌شت‌و گوزار بده‌ن، یان روونتر بڵێم بیر له‌ دروستكردنی هۆتێل‌و مۆتێل بكه‌نه‌وه‌، مه‌گه‌ر نازانن داهاتی ساڵانه‌ی ئه‌و هوتیلانه‌ چه‌ند ده‌بێت؟. هه‌موومان ئه‌و راستیه‌مان بۆ ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌گه‌ر شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان گرنگیان پێ بدرێت خه‌ڵكانێك ده‌یان‌و بگره‌ سه‌دان میل ده‌بڕن تاكو ده‌گه‌نه‌ كوردستان، ئه‌وه‌شمان له‌ رۆژانی جه‌ژن بینی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی داخه‌و جێگه‌ی تێڕامانه‌، نه‌بوونی یاخود كه‌می هوتێله‌. من ئه‌گه‌ر باسی ده‌ڤه‌ری سۆران بكه‌م به‌ڕاستی شه‌رم دامده‌گرێت، چونكه‌ قه‌زایه‌كی وا فره‌وان‌و گه‌وره‌ سه‌یره‌ تاكو ئێسته‌ خاوه‌نی هوتێل یان مۆتێل نییه‌.
   ئه‌وه‌نده‌ی ئاگادار بم قائیمقامی سۆران چه‌ندین جار ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ هاوكاری‌و هه‌ماهه‌نگی ته‌واوی ئه‌و سه‌رمایه‌دارانه‌ ده‌كات كه‌ بیانه‌وێت هوتێل یان مۆتێل له‌ سۆران دروست بكه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌ده‌م داواكه‌ی نه‌هاتوون، ئه‌گه‌رچی ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ چه‌ند هوتێلێك دروست بكرێن، به‌ڵام تاكو ئێسته‌ له‌ سۆران شتێك نییه‌ به‌ناوی هوتێل یان مۆتێل.
   ئه‌وه‌تا وه‌زاره‌تی گه‌شت‌وگوزار له‌به‌ر نه‌بوونی یاخود كه‌می هوتێل چادری بۆ گه‌شتیاران هه‌ڵداوه‌، باشه‌ ئه‌گه‌ر سۆران‌و ده‌وروبه‌ری رێژه‌یه‌كی زۆر هوتێلی لێبوایه‌، تۆبڵێی داهاتی ئه‌و هوتێلانه‌ له‌و چه‌ند مانگه‌دا چه‌ند ده‌بوو؟ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ عه‌قڵێكی بازرگانیمان نییه‌. حكومه‌ته‌كه‌شمان تازه‌ خه‌ریكه‌ ئه‌گاته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر نه‌وتیشمان نه‌بێت ئه‌وا گه‌شت‌وگوزار نه‌وتی كوردستانه‌، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم زیاتریشه‌.
   ئه‌گه‌ر وڵاتانی توركیا‌و لوبنان به‌ نموونه‌ وه‌ربگرین، ساڵانه‌ رێژه‌یه‌كی زۆر گه‌شتیار روو له‌و وڵاتانه‌ ده‌كه‌ن، بێگومان ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ كاریگه‌ریه‌كی به‌رچاوی ده‌بێت بۆ سه‌ر ئابووری وڵات، ده‌كرێ‌ سوود له‌و دوو وڵاته‌ وه‌ربگرین‌و ئه‌زموونی چه‌ند ساڵه‌ی ئه‌وان بكه‌ینه‌ هه‌وێنی پلانێكی سه‌ركه‌وتووی گه‌شتیاری. پرسیار ئه‌وه‌یه‌ هاتنی ئه‌و رێژه‌ زۆره‌ی گه‌شتیار له‌مساڵدا به‌تایبه‌تی له‌ رۆژانی جه‌ژندا تاچه‌ند ده‌بێته‌ فشارێكی ته‌واو بۆ سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم‌و هاندانی  سه‌رمایه‌داران، كه‌ هه‌وڵی جددی بده‌ن بۆ دروستكردنی هۆتێل‌و مۆتێل به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌ له‌ئاست رێژه‌ی هاتنی گه‌شتیاراندا بێت، هه‌روه‌ها ناكرێت ئه‌وه‌ له‌ یاد بكه‌ین كه‌ هێشتا شوێنی دیكه‌ی گه‌شتیاری هه‌ن به‌ڵام حكومه‌ت نه‌یتوانیوه‌ گرنگیان پێ بدات‌و به‌ ته‌واوی ماناكه‌ی بیكاته‌ شوێنی گه‌شتیاری، بۆ نموونه‌ ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی‌و دۆڵی خانه‌قا، چیای حه‌سه‌ن به‌گ‌و ده‌یان شوێنی دیكه‌ پڕن له‌ كانیا‌و‌و ئاوی سازگار، كه‌ ده‌كرێ بكرێنه‌ شوێنی گه‌شتیاری، چونكه‌ دڵنیام ساڵانی داهاتوو كێرڤی هاتنی گه‌شتیاران بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رز ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ ئارامی‌و سه‌قامگیری باری ئه‌منی هه‌رێمی كوردستان هۆكارێكن بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی ئه‌و كێرڤه‌، به‌ڵام ده‌بێ هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كه‌موكورتییه‌كان بده‌ین، به‌تایبه‌تی دروستكردنی هوتێل‌و زیادكردنی شوێنی گه‌شتیاری، چونكه‌ وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شت‌وگوزاری سۆران ئاماژه‌ی پێ ده‌كات “شوێنه‌ گه‌شتیاریه‌كانی سۆران له‌ ئاست پێشوازی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی گه‌شتیاراندا نییه‌”.
 ئیدی ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و سه‌رمایه‌داران به‌و ئاراسته‌یه‌ كار بكه‌ن كه‌ سه‌رنجی گه‌شتیاران بۆ هه‌رێمی كوردستان رابكێشن‌و چیدیكه‌ رێگه‌ نه‌ده‌ین گه‌شتیاران هه‌ست به‌ بێزاری‌و یان نه‌بوونی شوێنی مانه‌وه‌ بكه‌ن.       

 

Previous
Next

Leave a Reply