ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد، به‌رپرسیاری له‌ده‌ستدانی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ن!
ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد، به‌رپرسیاری له‌ده‌ستدانی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ن!
سه‌دیق ڕه‌نجبه‌ر
گه‌لی کورد ئه‌زمونێکی تفت و تاڵ و پڕ له ئه‌شکه‌نجه‌ی خوێناوی زۆرتر له هه‌شتا ساڵی له‌گه‌ڵ حکومه‌ته یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی عیراقدا هه‌یه، هه‌ر له حکومه‌ته ده‌سکرده‌کانی سه‌رده‌می پاشایه‌تیه‌وه بگره تاوه‌کو ئه‌وانه‌ی سه‌رده‌می جه‌مهوری و حیزبی به‌عسی فاشی که له پڕۆسه‌ی ئازادی عیراقدا هه‌ره‌سی هێنا. سروشت و عه‌قلیه‌تی لایه‌نی عه‌ره‌بی به ئاشکرا ده‌رکه‌وتووه که عیراق به کوردستانیشه‌وه به به‌شێک له نیشتیمان و نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بی ده‌زانن و ئێمه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کوردیش به‌میوان و به هاولاتی نمره دوو داده‌نێن. به دیدی ئه‌وان کورد هه‌رده‌م هه‌ره‌شه‌یه له‌سه‌ر یه‌کێتی خاکی عیراق، به‌رده‌وام وه‌ک پیاوی بێگانه و لایه‌نگری ئه‌مریکاو مۆسادی ئیسرائیلی سه‌یریان کردووه. به‌دیدی ئه‌وان که هه‌ندێ مافی برا بچووکی خۆیان داوه،( بێگومان له ناچاری بووه) یان مافی ژیانیان داوه و به زمانی خۆی گفت وگۆ بکات ئه‌وه له پیاوه‌تی و که‌ره‌می نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌به و خێریان پێکردووه! بۆیه مافی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌به، ئه‌گه‌ر برابچووک لاساری بکاو له‌ڕێگای عرووبه و ئیسلام لابدا، ته‌مێی بکا تا ده‌گاته کاری ئهنفالکردنیش.
ئه‌م پهرهوهرهده شۆڤینیستی و نامرۆڤانه‌یه که له‌سه‌رده‌می سه‌ددامی فاشیدا گه‌یشته ئه‌وپه‌رێ تاوه‌کو ئه‌نفال و کیمیاباران و جینۆسایدی لێکه‌وته‌وه، بۆته فاکتێک، گه‌یشتۆته ئاستێکی ترسناک، له‌ناو ناخی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری تاکی عه‌ره‌بیدا ڕه‌گی داکوتاوه، به چه‌ند خۆزگه‌و ئاره‌زوویه‌ک، یا چه‌ند ڕسته‌یه‌کی برایانه‌ی بێبناغه‌و هه‌تا به ده‌ستووریش ناگۆڕدرێت. بۆیه ڕاستیه‌کی تهجرهبهکراوه، له داواکاری هه‌ڵگرتنی ستراتیجی کۆنفیدراڵی یا سه‌ربه‌خۆیی بۆ کوردستان که‌متر، دادی کوردان نادا. بوونی هه‌رێمی کوردستانیش له قه‌واره‌ی عیراقێکی گوایه دیموکراتی چ فیدراڵی و چ حوکمی زاتی، ئه‌وه له پێشێلکردنی ماف و شه‌ڕو گێچه‌ڵ، له ئه‌نفال و جینۆساید زیاتر چاوه‌ڕێی هیچی تری لێناکرێ.
هیچ ماقول نیه ده‌سه‌لاتی کوردی له پاش ئه‌زموونی دوو شۆڕشی درێژخایه‌نی ئه‌یلول و شۆڕشی نوێ، له دوای قاڵبوونه‌وه له بۆته‌ی سیاسه‌ت و حیزبایه‌تیدا، ئه‌وه نه‌زانن که ئهلف و بێ سیاسه‌تی کوردی ده‌بێ ده‌رفه‌ت قۆستنه‌وه‌ی لاوازی حکومه‌تی ناوه‌ندی بێ له به‌غدا یان نه‌مانی بێت! یاخود ئه‌و ده‌وله‌تانه‌ی کوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شکراوه، به‌رژه‌وه‌ندیان له لاوازکردنی پێگه‌ی کورده! یانیش نابێ ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌ته‌واوی پشت به ئه‌مریکا و یا هه‌ر ده‌وله‌تێکی تر ببه‌ستێ، به‌ڵکه ده‌بێ ئه‌گه‌ر بکرێ سوودی لێ ببینێ که هێزێکی کاتیه و هه‌رکاتێ عیراق جێبهێڵێ، ئێمه ته‌سلیمی لایه‌نه عه‌ره‌به‌کانی حکومه‌تی به‌غدا ده‌کاته‌وه!
سه‌یره پاشی ئه‌و هه‌موو به‌حیساب ئه‌زموونه درێژه‌ی خه‌بات، ئه‌وه نه‌زانن که تایبه‌تمه‌ندی هێزی هه‌رێمی کوردستان جیا له ووڵاتانی سته‌مکاری ده‌وروبه‌ر له‌وه‌دایه که عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی په‌یره‌و بکرێ، جیاوازی چینایه‌تی که‌مبکریته‌وه، له شێوه‌ی دوورگه‌یه‌ک بێت بۆ سیسته‌مێکی دیموکراتی و ئازادی راسته‌قینه‌ی خاوه‌ن ئابووری له سه‌رپێ وه‌ستاو که گه‌نده‌لی تێدا به‌لای که‌می سنووردار کرابێت، تا ببێته نموونه‌یه‌کی جوان له‌ناوچه‌که، ئینجا بێگومان کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له کاتی ته‌نگانه به جۆشه‌وه پشتیوانی له‌م ئه‌زمونه ده‌کاو هێزو سه‌نگی زۆرتر ده‌بیت و ده‌وروبه‌رو و دنیا حیسابی زیاتری بۆ ده‌که‌ن و له هاوکێشه سیاسیه‌کاندا کاریگه‌ری و نه‌خشی جێپه‌نجه‌ت باشتر به‌جێدێڵی.
له‌وه‌تی ئه‌م عیراقه دروستکراوه، له‌سه‌رده‌می شێخ مهحمودو سه‌ره‌تای ڕوخانی ڕژێمی پاشایه‌تی سالی1958 و 11 ی ئازاری سالی 1970 و راپه‌ڕینی ساڵی 1991 چه‌ند ده‌رفه‌تێکی له‌بار هاتنه پێشه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لی کوردستان هه‌ندێ له مافه‌کانی خۆی به‌سه‌ر ڕژێمی ئینگلیزی سه‌رده‌می شێخ مهحمودو لایه‌نه عه‌ره‌به عیراقیهکانی دوای ئه‌و فه‌رز بکات. دیاره ئه‌و لایه‌نه عه‌ره‌بیانه توانا‌و پیگه‌ی کوردیان هه‌لسه‌نگاندووه، بۆیه بۆته که‌لتووریان، که په‌رته‌وازه بووینه، ناوه‌ندی به‌غدا لاواز بووه، هه‌ندێ له مافه‌کانی کوردیان سه‌لماندووه، به‌لام هه‌رکاتێ ناوه‌ندی به‌غدا به‌هێز بۆته‌وه، پاشه‌کشه‌یان له‌قسه‌کانیان کردووه. ئینجا ده‌توانین بڵێین که گه‌وره‌ترین ده‌رفه‌ت ڕووخانی ڕژێمی سه‌ددام بوو که له 9 ی نیسانی 2003 دا له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه ئه‌نجامدرا، که ده‌وله‌تی عیراقی و به‌عسی هه‌لوه‌شانده‌وه.
به هه‌ق ڕوخانی ڕژێم فرسه‌تێکی مێژوویی که‌موێنه بوو بۆ ئه‌وه‌ی کورد ڕمی خۆی بچه‌قێنێ، چونکه ئه‌و کاته له هه‌مووان به‌هێزتر بوو، ده‌یتوانی ناوچه دابراوه‌کان بخاته‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، ئینجا گفتوگۆ له‌گه‌ل ئه‌مریکاو لایه‌نه عهرهبهبیهکان بکات، ده‌رباره‌ی سه‌ربه‌خۆیی، یاخود کۆنفیدراڵی، نه‌ک داواکاری فیدراڵی، که هه‌ر حوکمه زاتیه کۆنه‌که‌یه به ده‌سکاریه‌وه. ئه‌وکاته ئه‌مریکاش بارێکی خراپی هه‌بوو باشتر گوێی لێده‌گرتین، به‌لام ده‌سه‌لاتی کوردی هات، به‌شداری پڕۆسه‌یه‌کی سه‌قه‌تی بنیاتنانه‌وه‌ی عیراقێک کرد که خاوه‌ن مێژوویه‌کی خوێناویه ده‌رهه‌ق به کورد، ئه‌و عیراقه‌ی ئه‌مڕۆش ڕێچکه‌که‌ی ئاشکرابووه که گه‌له‌ک باشتر نابێ بۆ کورد له‌و عیراقه‌ی پێشوو.
که ڕژێمی سه‌ددام ڕوخا، نه‌حکومه‌تی به‌غدا هه‌بوو، نه له‌شکری عروبه، لایه‌نه عه‌ره‌بیه‌کان په‌رته‌وازه بوون، نه مه‌جلیسی حوکمیش ئه‌و توانایه‌ی هه‌بوو، کوردیش به‌ناو هاوپه‌یمانی ئه‌مریکا بوو، که‌چی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردی وه‌ک نهدیتکهیهک له‌گه‌ڵ لایه‌نه عه‌ره‌بیه‌کاندا که‌وتنه یه‌کتری ماچ کردن بۆ دامه‌زراندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عیراقی که 4500 دێهاتی لێ کاولکردووین، زۆرتر له 182000 مرۆڤی کوردی لێ ئهنفالکردووین، کیمیابارانی کردووین، بهدهیا هه‌زاری تریشی به‌شیوه‌ی جۆراوجۆر لێ کوشتووین! ئایا ئه‌وه چ عه‌قڵێکی سرووشتی قه‌بووڵی ده‌کات؟
ئه‌مڕۆکه به حیساب قه‌واره‌یه‌کی فیدرالیمان له چوارچێوه‌ی عیراقدا هه‌یه‌و سه‌رۆکی هه‌رێم و حکومه‌ت و په‌رله‌مانمان هه‌یه، به حیساب سه‌رۆکی عیراق و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و سه‌رۆکی ئه‌رکانی سوپای عیراق کوردن، سه‌رباری هه‌ندێ وه‌زیری تریش له حکومه‌ته‌که‌ی مالیکیدا، هه‌روه‌ها لیستی هاوپه‌یمانیش له په‌رله‌مانی عیراق که له په‌نجا نوێنه‌ر زۆرترن. پرسیارێکی گه‌وره له‌به‌ر ده‌می هه‌ر یه‌کێکمان قوت ده‌بێته‌وه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، ئایا ئه‌و نوێنه‌رانه تێکڕایان چ کارێکی به‌رجه‌سته و کۆنکریتیان بۆ کورد کردووه، که له سایه‌یدا کورد دواڕۆژی ڕۆشن بێ و بحه‌سێته‌وه بڵێ ئۆخه‌ی شکور ئه‌مجاره‌یان ده‌رفه‌تێکی مێژووییمان بۆ هاته کایه‌وه‌و ده‌سه‌ڵاتداره لێوه‌شاوه‌کانی کورد توانیان ئه‌م ده‌رفه‌ته به باشی بقۆزنه‌وه؟ ئایا توانیویانه سنووری یه‌ک شارۆچکه‌ش بگه‌ڕێنێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان؟ توانیویانه ڕێگری بکه‌ن له تێپه‌ڕاندنی پیلانی ڕێککه‌وتنی مالیکی له‌گه‌ڵ تورکیا، یان له تێپه‌ڕاندنی ماده‌ی 24 و 52 که به ئاشکرا له دژی کوردستانه؟ به‌کورتی ده‌رکه‌وت هه‌موو نوینه‌ره‌کانی کورد هه‌روه‌ک دیکۆرێکن، بۆ جوانکردنی ڕژێمی عه‌ره‌بی و نیشتیمانی عه‌ره‌بی له عیراقدا.
ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تا کورد قورساییه‌کی باشی هه‌بوو، ئه‌وه ئه‌مڕۆ کێرڤی ئه‌م سه‌نگه له دابه‌زینێکی به ئاشکرایه. ئینجا پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر عه‌ره‌بێک له شوێنی ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی کورد بوایه جیاوازی چی ده‌بوو؟ بێگومان لایه‌ن عه‌ره‌بیه‌کان خۆیان وه‌کو ئه‌مڕۆ کۆده‌کرده‌وه بۆ گهلهکۆیی به‌لام نه‌یانده‌توانی شتێکی ئه‌وتۆ بکه‌ن چونکه هه‌ڵبه‌ته کورد تاکتیک و ستراتیجێکی تری ده‌بوو، به فه‌رمی سنووری دیاریکراوی خۆی ده‌بوو به ناوچه دابڕاوه‌کانیشه‌وه، بارودۆخه‌که جۆرێکی تر ده‌بوو، دۆستی زۆرتر ده‌بوو، پیگه‌یه‌کی باشتری ده‌بوو، ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی ئه‌مڕۆی نه‌ده‌بوو، ئاماده‌کاریشی بۆ ئه‌گه‌ره‌کان باشتر ده‌بوو.
ده‌سه‌لاتی کوردی ئێمه‌یان گێژ کردبوو، ئه‌وه‌نده‌ی منه‌ت به‌سه‌ر خه‌لکه‌وه بکه‌ن، خۆیان به‌ده‌ستووری عیراق هه‌ڵده‌کێشا که له %80 خه‌ڵکی عیراق ده‌نگی بۆداوه، مافه‌کانی گه‌لی کوردی تیا چه‌سپاوه له فیدرالی و مادده‌ی 140، ته‌نانه‌ت ئه‌م ده‌ستووره‌یان به گرنتی داده‌نا بۆ پاراستنی مافه‌کانی کورد، که‌چی سه‌لمێندرا ده‌ستووری عیراق بۆ کورد له مه‌ره‌که‌بی سه‌ر کاغه‌ز زیاتر هیچی تر نیه، ئه‌ویش نرخێکی مێژوویی ده‌بێ و ده‌چێته ریزی په‌یمانی سیڤه‌ری 1920 و به‌یانی ئاداری 1970، ئه‌گه‌ر که‌متریش نه‌بێ، دره‌نگ یا زوو ده‌چێته مۆزه‌خانه‌ی مێژووه‌وه. هه‌رچه‌نده به‌نده‌و خه‌ڵکێکی دڵسۆزی زۆر بانگه‌وازو هاوارمان ده‌کرد، توخوا ئه‌م رێگه‌یه هه‌ڵه‌یه، که‌چی به‌گوێی که‌سیان نه‌کردو ڕێگه هه‌ڵه‌که‌یان هه‌ڵبژارد که به حیسابی خۆیان بوودجه‌ی له سه‌دا 17 ی تێدا مسۆگه‌ره، گوایه به‌بێی ئه‌م بودجه‌یه به‌رگه‌ی مانگێک ناگرن! به‌لام ده‌رده‌که‌وێ له‌م بوودجه‌یه‌ش به‌هه‌ڵه‌دا چووینه‌و وه‌ک خۆی نامینێ.
لایه‌نه عه‌ره‌بیه‌کان که لاواز بوون، کوردانیان به ناوی ده‌ستووری فیدرالی و مادده‌ی 140 هه‌ڵخه‌ڵه‌تاند، هه‌تا خۆیان به‌هێز کرده‌وه، ئه‌مڕۆکه‌ش ده‌بینن نه جێبه‌جێکردنی ده‌ستوور ماوه‌و نهماددهی 140، ده‌بێ مه‌منوونی ئه‌وه بین که‌وا مالیکی و بابه‌ته‌کانی، هێڕشی سه‌ربازیمان نه‌که‌نه سه‌رو بوودجه‌که‌مان نه‌بڕن، ئاشکرایه مه‌سه‌له‌که مالیکی نیه، مه‌سه‌له‌که که‌لتوری بۆگه‌ن و باوی دواکه‌وتووی عه‌ره‌بیه. ئه‌مڕۆش که مالیکی هه‌ڕه‌شه‌ی شه‌ڕ له هه‌رێمی کوردستان ده‌کا، داوای که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌لاته‌کانی ده‌کا، جاشه‌کانی ئیسناد قه‌ید ده‌کا، لایه‌نه عه‌ره‌بیه‌کان له کورد هانده‌دا، یان داوای گۆرینی ده‌ستوور ده‌کا، له بۆچوونی شۆڤینیستی و به که‌مزانینی کورد به‌ولاوه هیچ مانایه‌کی تری نیه. خۆ ئه‌گه‌ر له دوای نوری مالیکی قادری و حه‌سه‌نی و سه‌دریش بێت هه‌ر به هه‌مان شێوه ده‌جولێنه‌وه، ئه‌ویش له‌سه‌ره‌تادا، هه‌ندێ وه‌عدو قسه‌ی دیپلۆماسی نه‌رم ده‌که‌ن، پاشانیش وه‌کو مار پێمان وه‌ده‌ده‌ن. بۆیه ده‌سه‌لاتی کوردی ده‌بێ به جیددی له‌خه‌وی خۆشی ڕابواردن و به‌هه‌شتی پاره‌کۆکردنه‌وه به‌خه‌به‌ر بێت و به‌خۆی دابچێته‌وه‌و باجی هه‌ڵه‌کانیشی بدات. ئاخۆ زیندوکردنه‌وه‌ی ناحه‌زانمان، کلۆرکردنی پێگه‌ی هه‌رێمی کوردستان نیه به‌ده‌ستی ده‌سه‌لاتدارانی خۆمان؟
زۆر سه‌یره ده‌سه‌لاتی کوردی پێی وابووه هه‌رچی بۆ ئه‌مریکا باشه به چاو قوچان بۆ کوردیش باشه، بۆیه هه‌موو هێلکه‌کانی خسته سه‌به‌ته‌ی ئه‌مریکاوه. هه‌ر هیچ نه‌بێ ده‌بوایه ئه‌م ووته‌یه‌ی بزانیبا که دۆستی دایم و دوژمنی دایم له سیاسه‌تدا نیه به‌ڵکه له‌سیاسه‌تدا به‌رژه‌وه‌ندی دایم هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا به‌رژه‌وه‌ندی لهوهدابووبی که کورد وه‌کو کارتێکی به‌سوودی هێزو گوشار بۆ رووخاندنی ڕژێم و پاشان بۆ لێدانی تیرۆریستان و دامه‌زرانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق به‌کاربهێنی، ئه‌وه بۆ ئه‌مریکا زیره‌کی و وهستایهتیه، به‌لام بۆ ئێمه‌ی کوردان که ئه‌و نیمچه سهبهخۆییهی ههشمانبووه، وا خه‌ریکه له‌ده‌ستی ده‌ده‌ین، خۆ ئه‌وه ئه‌گه‌ر نه‌زانی نه‌بێ هه‌ڵبه‌ت خۆههڵخهلهتاندنه.
ئه‌مڕۆش له‌شکری ئه‌مریکا ده‌یه‌وێ له عیراق بکشێته‌وه، وه‌زیری ده‌ره‌وه، چه‌ندین مانگه ده‌می شل بوو ڕۆژانه بڵێ ڕێککه‌وتنه‌که ئه‌وه‌نده‌ی نه‌ماوه، له‌چه‌ند ڕۆژی داهاتوو ئیمزا ده‌کرێ، هتد.. به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌ک خاڵیشی تیا بێت که به قازانجی کورد بێت، ئه‌و خالانه‌ی به قسه‌ی ده‌سه‌لاتدارانی کورد، گوایه له قازانجی کوردن، له‌باشترین حاله‌تدا له ماوه‌ی 3 ساڵی تر تێناپه‌ڕێ، چونکه یه‌کێ له خاڵه هه‌ره گرنگه‌کان ئه‌وه‌یه که ئه‌و رێککه‌وتننامه‌یه له دوای 3 ساڵی تر کۆتایی پێدێت! ئه‌ی پاشی ئه‌و 3 ساڵه، کورد قوڕی کوێ به‌سه‌ری خۆی بکات؟ ئایا له‌م ڕێککه‌وتنه ئه‌منیه‌ی نێوان عیراق و ئه‌مریکادا که ده‌سه‌لاتی کوردی زۆر بۆی به‌په‌رۆشه، هیچ گرنتیه‌ک بۆ پاراستنی هه‌رێمی کوردستان له‌به‌رامبه‌ر مه‌ترسیه‌کانی له‌شکری عیراق دابین کراوه له‌دوای کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له عیراقدا؟ ئاخر هه‌قه به‌لای که‌می به ئه‌مریکیه‌کان بڵێن که ئێوه له‌شکر ده‌کشێننه‌وه‌و ده‌ڕۆن، عروبه‌ی خاوه‌ن مێژووی ئه‌نفالمان لێ هار ده‌بێ چونکه یارمه‌تی ئێوه‌مان داوه بۆ رووخاندنی عیراق و جارێکی تر به‌شێوه‌ی تر ته‌عریب و ئه‌نفالمان ده‌که‌نه‌وه. ئایا ئه‌و شێوازه کارکردنه مانای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ که ده‌سه‌لاتی کوردی به ده‌ستی خۆی لقه‌دارێک ده‌بڕێته‌وه که خۆی له‌سه‌ری وه‌ستاوه؟
سه‌رباری ئه‌م هه‌موو ره‌خنه‌یه‌ی له ده‌سه‌لاتی کوردی ده‌گیرێ، سه‌رباری ئه‌و ڕاستیانه‌ی سه‌ره‌وه، ده‌سه‌لاتی کوردی هێشتا بێباکانه، ته‌قه‌ی سه‌ری دێت له‌و نه‌بوونی دادپه‌روه‌ریه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی که له کوردستانی گوایه ئازاد‌و به‌ناو فیدراڵ‌دا هه‌یه. ئه‌مڕۆ جیاوازی چینی دهولهمهندو چینی هه‌ژار گه‌یشتۆته ئه‌وپه‌ڕی، وه‌نه‌بێ بچێ بارودۆخی چینه هه‌ژارو که‌مده‌رامه‌ته‌کان باشتر هه‌ندێ باشتر بکات، دیاره زگی تێر ئاگای له زگی برسی نیه. بۆ نموونه: هه‌موو مووچه زیادکردنێکی که له به‌غدای عه‌ره‌بی ئه‌نجام ده‌درێ، ئه‌وانه‌ی فه‌رمانبه‌ران، پۆلیس، هه‌مووی یا که‌متره له هی ئه‌وان یانیش زۆر دواده‌که‌وێ هه‌تا مووچه‌که ده‌ده‌ن! یان زۆر جۆری مووچه‌ی حیزبی یان هی پێشمه‌رگه دێرینه‌کان که له به‌غداوه‌ش دێت، حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان بێویژدانانه، به‌شێکی گه‌وره‌ی لێناده‌ن، بۆخۆیان گلی ده‌ده‌نه‌وه! پێشینه‌ی عه‌قاریان ماوه‌یه‌کی زۆر دوا خست، که بڕیاریشیان له‌سه‌ردا، ته‌نیا یه‌ک له‌سه‌ر سێی ئه‌وه‌که‌ی بهغدابه خه‌ڵکی کوردستان ره‌وا ده‌بێنن! زیندانی سیاسی له عیراقی عه‌ره‌بی هه‌موو مافێکی یارمه‌تی هه‌یه، که‌چی له کوردستانی ئازاد، ئه‌و مافه‌یان ناده‌نێ، هتد.
زۆرتر له 25 ملیار دۆلار هاتۆته کوردستانه‌وه، هێشتا بنچینه‌ی ئابووری کشتوکاڵ و لادێکان، پیشه‌سازی کشتوکاڵی و نه‌وتی و گه‌شت وگوزار نزیکی سفره، له چه‌ند سیمینار‌و چه‌ند پڕۆژه‌یه‌کی بچووک به‌ولاوه گرنگی ئه‌وتۆی پێنه‌دراوه. نابێ ئه‌و راستیه‌ش نه‌ڵێین که به‌ڵی هه‌ندێ کاری خزمه‌تگوزاری دره‌نگ وه‌ختی پڕ له ئازار کراوه، که جێگای خۆشحاڵیه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دارێکیش له‌سه‌ر به‌ردێک دانرابێ جێگای ده‌سخۆشیه، به‌لام ده‌کرا زۆر له‌وه زیاتر بکرێ. ده‌سه‌لاتدارانی کوردان، کۆمه‌ڵی کوردستانیان وه‌ها په‌روه‌رده کردووه، تا ببێته کۆمه‌ڵێکی به‌رخۆری ته‌مه‌ڵ، چاوه‌ڕێی بوودجه‌ی به‌غدا بکات بۆ مانگانه‌که‌ی، ئه‌گه‌رنا په‌کی ده‌که‌وێ و ده‌که‌وێته ده‌رۆزه. که‌رتی بازرگانی فشۆڵ و بهرهڵلاو به‌بێ چاودێری و پلانێکی ڕێک کۆنترۆڵی هه‌موو لایه‌نێکی ژیانی هه‌رێمی کردووه. ئه‌وه مه‌سه‌له‌ی دیموکراتی و شه‌فافیه‌تی بودجه و چاودێری ئابووری و لیپێچانهوه له به‌رپرسان، پلانی تۆکمه‌و و ئازادیه‌کان و یه‌کگرتنه‌وه‌و و پرۆگرام و لاوان و ژنان و خزمه‌تگوزاری و هتد.. ئه‌وانه هه‌مووی که‌م تازۆر ئه‌گه‌ر سه‌قه‌تیش نه‌بن ئه‌وه له‌باشترین حاله‌تدا به هه‌نگاوی کیسه‌ڵ ده‌ڕۆن بۆ پێشه‌وه. دهنگو باسی گه‌نده‌لیش بۆنه‌که‌ی گه‌یشتۆته میدیاکانی جیهان و پێیان سه‌رپۆش ناکرێ. بۆیه زۆر جار پرسیارێک له‌خۆمان ده‌که‌ین، تۆبڵێی و ده‌سه‌لاتدارانی کوردان، ئه‌وه‌یان بیر چوبێته‌وه که ئه‌و ئازادی و دیموکراتیه‌ی ڕووباری خوێنی له پێناودا ڕژاوه، ئه‌وان به‌هۆیه‌وه بوونه‌ته حاکمی کوردستان، ئه‌وه نه‌زانن که سه‌نگ و هێزی کوردستان، په‌یوه‌سته به به‌هه‌ند وه‌رگرتنی ئه‌و ڕهخنانهو پیشنیارانهو به پێویستی جێبه‌جێکردنی ئه‌و گۆرانکاریه بنه‌ڕه‌تیانه‌ی( به‌قسه نا به کرده‌وه) که ڕۆژانه زۆرێک له شاره‌زایان و ڕووناکبیرانی رهخنهگرو ئۆپۆزیسیۆن و جه‌ماوه‌ری گه‌له‌که‌مان، به نوسینی ئاشکراو به سمینار‌و به قسه‌و گفتوگۆ، ده‌ریده‌بڕن؟
دیاره ده‌سه‌لاتدارانی کوردی که ده‌یانگوت باوی شه‌ڕ نه‌ماوه ته‌نیا بۆ چاو به‌سته‌گی و خه‌ڵه‌تان بووه، بۆ ئه‌وه بووه ئه‌گه‌ر حکومه‌تی مالیکی و ئه‌وانی تر شه‌ڕیشیان فرۆشت، ئاڵای سازشی نێگه‌تیف هه‌ڵبکه‌ن، تاکو برا گه‌وره‌کانمان( عه‌ره‌به‌کان) له به‌غدا خێری بودجه‌ی هه‌رێممان پیده‌که‌ن، ده‌نا خۆ ئه‌وا له‌به‌رچاوانه ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی یا له‌دواڕۆژێکی دوورتر، شه‌ڕێکی گه‌وره‌ی خوێناوی له‌گه‌ڵ ڕژێمی به‌غدا چاوه‌ڕێمان ده‌کا، مه‌گه‌ر سازشی برابچووکاتی بۆ عه‌ره‌ب بکه‌ین، که ئه‌نجامه‌که‌شی ڕوون نیه. ئه‌و بێباكی و خۆبه‌زلزانینه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان به شێوه‌یه‌که به دڵنیاییه‌وه له کاتی ته‌نگانه‌دا، ئه‌گه‌ر گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی و پیاچوونه‌وه‌ی جیددی نه‌که‌ن، به‌رگه‌ی هێزه فشۆڵه‌کانی مالیکی و هی دوای ئه‌ویش ناگرن، بگره مه‌ترسی ئه‌وه‌ش هه‌یه، ئه‌وه‌ی له‌دوای ڕاپه‌ڕینیش ده‌سکه‌وتووه هێندێکی له‌ده‌ستبده‌ین. به‌مجۆره ئه‌م ده‌رفه‌ته زێڕینه ته‌نیا که‌مێکی تیا ماوه ئه‌گه‌رنا له‌ده‌ستیانداوه، مه‌گه‌ر بارودۆخێکی چاوه‌ڕواننه‌کراو له چانسی کورد بێته کایه‌وه، به‌ڵام ئایا به فیڕۆدانی ئه‌م ده‌رفه‌ته هه‌ڵه‌یه یان تاوانه؟
نموونه‌ی رووخانی ئیمپراتۆریه‌تی ساسانیمان هه‌یه له شاری مهداینی خوارووی به‌غدا له سه‌رده‌می عومه‌ری کوڕی خه‌تتابدا، که به‌رگه‌ی له‌شکری لاوازی ئه‌وکاته‌ی ئیسلامی نه‌کرد، چونکه ئیمپراتۆڕو سه‌رکرده‌کان هه‌ر خه‌ریکی کورسی و رابواردنی که‌نیزه‌که‌کانیان بوون، هه‌ر خه‌ریکی کۆکردنه‌وه‌ی خشڵ و زێڕو دروستکردنی کۆشک و ته‌لاری به‌رزو جوان بوون، زوڵم و زۆرێکی گه‌وره‌یان له خه‌ڵک ده‌کرد، بۆیه له کاتی لێقه‌ومانا، ئه‌و کۆیله‌و نه‌دارو سه‌ربازانه‌ی که زولمێکی زۆریان لێده‌کرا، شه‌ڕێکی جیددیان نه‌کرد، سه‌ره‌نجام سه‌رکرده‌کان هه‌ڵاتن و ئیمپراتۆریه‌ته‌که‌یان ڕووخا. هه‌ق وایه ده‌سه‌لاتی کوردی ده‌رس و په‌ند له ته‌جره‌به‌ی گه‌لان وه‌رگرێ.
به کورتیه‌که‌ی ئه‌وا ده‌سه‌لاتدارانی کوردی ده‌رفه‌تێکی مێژوویی ده‌گمه‌نیان له‌ده‌ستدا، چوون ده‌وله‌تی عیراقی عه‌ره‌بی به ناو فیدراڵیان دامه‌زرانده‌وه، تاوه‌کو لایه‌نه عه‌ره‌بیه‌کانی عیراقی به‌خۆیان هاتنه‌وه، له‌ترسی گوزه‌ران و بڕانی بوودجه‌ی هه‌رێم به‌شداریه‌کی بێهووده‌یان له حوکم کرد که هیچ ده‌سکه‌وتێکی به گرنتی ئه‌وتۆی له واقیعدا بۆ کورد تێدا نه‌بوو، زۆرتر جوانکاری بوو بۆ ده‌وله‌تێکی عه‌ره‌بی. له‌م چه‌ند ساله‌ی ڕابردووش‌دا، نه‌یانتوانی ئه‌م زۆرتر له 25 ملیار دۆلاره‌ی که هاته ناو کوردستان، بۆ سه‌ربه‌خۆیی پێگه‌کانی ئابووری کوردستان به‌کاری بهێنن، که کۆله‌گه‌ی سه‌ربه‌خۆییه. گوایه هه‌ندێ مافی کورد له ده‌ستووری عیراقدا نووسراوه، به‌لام بۆ کورد له نرخێکی مێژوویی به‌ولاوه چیتر نیه. ئه‌مڕۆش له هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه که ده‌سه‌لاتدارانی کوردی به ویستی خۆیان، له هه‌موو لایه‌نه‌کان گه‌رمترن بۆ پێشوازی له ڕێککه‌وتنی ئه‌مریکی- عیراقی، که تیایا گه‌لی کورد راده‌ستی لایه‌نه عه‌ره‌بیه‌کان ده‌کاته‌وه له عیراقێک که تا ئه‌مڕۆش که‌لتووری شۆڤینیانه له به‌رامبه‌ری کورد پێڕه‌و ده‌کرێ. هه‌روه‌ها ده‌رکه‌وتووه هه‌رکاتێ ده‌سه‌لاتدارانی کوردی ئه‌مریکیه‌کان ده‌بینن، هیچ داخوازی و مافێکی کورد ناڵێن جگه له ماستاو ساردکردنه‌وه بۆیان، بۆ مافه‌کانی کوردیش به‌رامبه‌ر لایه‌نه عه‌ره‌بیه‌کان به‌رده‌وام له پاشه‌کشه‌ن و شکستیان هێناوه. ئه‌مڕۆش ئه‌گه‌ر ده‌سه‌لاتداران پیاچوونه‌وه‌ی راسته‌قینه نه‌که‌ن، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران له خه‌ونی کورسی و ده‌وله‌مه‌ندی بێ‌دار نه‌بنه‌وه، ئه‌گه‌ر ده‌سله‌ملانێی چینی هه‌ژاران نه‌که‌ن، ئه‌گه‌ر گۆرانکاریه پیویسته‌کان نه‌که‌ن، ئه‌وه ئه‌مڕۆ که هه‌رێمی کوردستان به‌ره‌وڕووی پیلان و مه‌ترسی پاشه‌کشه‌ی گه‌وره بۆته‌وه، ناتوانێ به‌رگه‌ی پیلان و هێڕشی دوژمنان بگرێ. بۆیه هه‌قمانه بڵێین که ته‌نگژه‌ی هه‌بوونی سه‌رکردایه‌تیه‌کی به‌خه‌م و لێزان هه‌یه له‌ناو جوڵانه‌وه‌ی کوردی‌دا، که له ئازاری خه‌ڵکی تێبگاو ڕیگای ڕزگاری ڕۆشن بکاته‌وه. به‌مجۆره ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که‌وا ده‌سه‌لاتدارانی کوردی به‌ئاگایانه بێ، یان به‌بێ ئاگایانه، به ده‌ستی خۆیان ئامرازه‌کانی کلۆرکردنی پێگه‌ی هه‌رێمی کوردستانیان هێناوه‌ته کایه‌وه.
Hoshmend-salih@hotmail.com
25 – november-2008