Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
من قه‌حبه‌م ….. باران میلان ( له‌ فارسیه‌وه‌)

من قه‌حبه‌م ….. باران میلان ( له‌ فارسیه‌وه‌)

Closed
by December 31, 2010 هۆنراوە

 

وه‌رگێڕانی / هێدی
 
 
 
 
 
شەرەفی “پیاو”ەکەم له‌ نێوگەڵمدا ئاویلکە دەدا

هەموو ڕۆژێ لە ڕۆژی بەرێ قەحبەترم،
هەموو ڕۆژێ ژنایەتییەک له‌ مندا دەمرێ،
هەموو ڕۆژێ ژنێک لە بەرەی من بە خەنجەری نامووس دەپێکرێ.

لەباتی هەموو ژنانی دنیا،
من بکووژن.
من هەرچییەک لەو دنیایەدا بێ
دەستی لەگەڵ تێکەڵ دەکەم.

دەست لەگەڵ خەمی نان تێکەڵ دەکەم،
دەست لەگەڵ بێ ووڵاتی تێکەڵ دەکەم،
لەگەڵ چەکت،
لەگەڵ سەنگەرت،
لەگەڵ ئاوارەییت،
ساڵانێکە دەست تێکەڵ دەکەم.

لەگەڵ زامەکانت،
لەگەڵ چڵکی جلەکانت،
لەگەڵ ئاشپەزخانە (موبه‌ق) دەست تێکەڵ دەکەم.

من لەگەڵ قەڵەم دەست تێکەڵ دەکەم،
لەگەڵ ئەو خەونانەی دەیاننووسمەوە،
لەگەڵ کتێبی شیعرم، دوور لە چاوی تۆ،
دەست تێکەڵ دەکەم.

لەگەڵ تۆ کە خۆشم ناوێی،
دەست تێکەڵ دەکەم.
لە من قەحبەترت لێ هەڵناکەوێ.

من لەگەڵ گوڵەیاسەکان،
لەگەڵ بۆنی باغ،
لەگەڵ تەنیایی،
لەگەڵ گەسک،
لەگەڵ ئاگر،
لەگەڵ سەماوەر،
لەگەڵ ئیستیکانی (پياڵه‌) چا،
دەست تێکەڵ دەکەم.

ئیمزای کەن!
تکایە ئیمزایەک لێرە،
نا، نا، ئیمزایەک لەوێ،
٢٥ی نۆڤه‌مبه‌ر
بە تیژتر لە ڕۆژان.
توو سەری چاک و پیران ئیمزای کەن!
توو سەری پێغەمبەران ئیمزای کەن!

من کە دین به‌ردبارانی کردووم،
کە ئایین لە کیسەی ئاخنیوم،
هێشتا دەمکووژن،

پێش ئەوەی درەنگ بێ.

هەموو ڕۆژێ خەنجەرێکم لە سەر ده‌درێ،
هەموو ڕۆژێ کوتکێک بەرەو سەرم ده‌هاويژرێ،
هەموو ڕۆژێ بەردێک به‌ر ته‌پڵی سەرم دەکەوێ،
هەموو ڕۆژێ شەڕەف دەمکووژێ،
هەموو ڕۆژێ نامووس لێمدەدا.

لە هەموو ڕۆژێک قەحبەترم ئەمڕۆ.

هێندە لەگەڵ تەنیایی لە نوێنێکدا بووم،
هیچ لە شەڕافەتت نەماوەتەوە،
هێندە لەگەڵ بیری ئەوینێک
کە لێت زەوت کردووم دەستم تێکەڵ کردووە،
ئەگەر هەموو ڕۆژێ بمکووژی دیسان بێشەڕەفی.

هێندەم باری کۆڵ لە سەر سنووران
لە ئامێز گرتووە کە ئیتر
ئامێزم بۆ تۆ ناکرێتەوە.

هێندەم خۆ داپۆشیوە کە ئیتر
جوانی لە خەوێشدا نابینم

من ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژێ قەحبەترم.
من هەموو ڕۆژێ قەحبەیەکم.

من لەگەڵ غەمی کۆرپە، لەگەڵ قۆنداغەکەی،
لەگەڵ قۆنداغەی تفەنگی تۆ،
لەگەڵ بێ داهاتووییمان،
لەگەڵ بێ ووڵاتیمان،
لەگەڵ کیفی بەتاڵی قوتابخانەی قوتابییەکەم،
لەگەڵ دەرد، لەگەڵ برین،
لەگەڵ ئا‌خ،
لەگەڵ خەونی خۆشییەکان،
دەستم تێکەڵ کردووە.

بمکووژە!
لە من قەحبەتر،
لە ژنی کورد قەحبەترت لێ هەڵناکەوێ.
بڕوانە چاوە ماندووەکانم!
نیگام ببینە!
بۆت دەردەکەوێ
شەکەتی زڕەنامووستم،
بێزارم لە شەڕەفی خوازراوت،
بێزارم
بێزارم
بێزارم.
 
سه‌رچاوه‌:
http://jahanezan.wordpress.com/2010/11/30/tanin-802/

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.