به‌شێک له:چیاکانی من
چیاکان دوور که‌وتنه‌وه. وشه‌کان چی ده‌کێشنه‌وه؟ زمان رمێکی شه‌به‌نگییه، ته‌نیایی له بێده‌نگییدا ده‌له‌رێته‌وه. ئه‌م ماڵه بێ بوونی شه‌به‌نگێک له شوێنپێ، ئاوه‌دانی تۆ ناناسێته‌وه. مانای تۆ شه‌به‌نگی بیرهاتنه‌وه‌یه. مانایه‌کی بێ‌ماڵ له خۆم، تۆ ده‌هۆنێته‌وه. بێماڵییش وه‌ک مه‌رگ ئازادییه.
گوڵئه‌ستێره‌کان له‌گه‌ڵ چیاکانه‌وه کوژانه‌وه و رووناکیش له‌به‌ر تیشکی گلۆپی ژوورێکی په‌نگخواردوو له هه‌ناسه‌ی یاده‌وه‌ریی مندا، ئاهه‌نگی بووکێنی ده‌گێرێ. لێره‌م و له‌به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌یه‌کدا سه‌یری بارانێکی دۆشداماو ده‌که‌م که له دڵی ژنێکه‌وه ده‌بارێ. ته‌مێک له چاوی ئه‌و چیایه‌دا شهپۆڵدهدا.
ئه‌ی تۆی دره‌وشاوه له فه‌رامۆشی، ئێستا تۆ بێوشه ئه‌و په‌رێشانییه‌م بۆ بگێڕه‌وه که به‌ناو هه‌ڵه‌تی هه‌رێمه‌کانی روحمدا شهپۆڵدهدا. تۆش، هه‌رده‌ڵێی خودی سێبووریی، ده‌با روانینهکانت له‌ناو خۆیدا هه‌میشه ئاماده بن. جارێکی تریش، ده‌ست به روومه‌تی ئه‌و هه‌ناره دابێنه‌وه که سهیرتدهکا. سترانێک بۆ ئه‌و ژیانه بێده‌نگ و ئه‌و زه‌وییه بچڕه که ئاسمان وه‌ک له‌شێکی شه‌که‌ت به‌سه‌رییه‌وه چه‌ماوه‌ته‌وه. ئه‌وها هه‌ستده‌که‌م که تامی دڵت به‌ناو گیانمدا پهرتدهبێ. تۆ ئه‌ی ئه‌و ژنه‌ی که هه‌ناسه‌کانی دۆستایه‌تیی له ته‌مه‌نمدا جێهێشت و له نامۆییمدا هه‌ڵاتی، ده‌ڵێی چرپه‌ی سێبه‌رێکی به‌ناو یاده‌وه‌رییمه‌وه کشاوی. ئه‌وه‌تا چیایه‌ک له چاوه‌ڕوانی چیاکان‌دا، چاوه‌کانی که‌مبین بوون. له‌وێ، مرۆڤه‌کان وه‌ک مێش گه‌شه‌ده‌که‌ن.
ئه‌مڕۆ بارانێک باری، که‌چی هێشتا به‌فر له ده‌سته‌کانی زه‌وییدا نه‌چۆته‌وه. ئه‌وه‌تا له‌ناو سپێده‌یه‌کی زوودا ده‌ڕۆم، مرۆڤه‌کانیش وه‌ک سێبه‌ر گنگڵدهدهن. هه‌تاو له ژێر ته‌مێکی گراندا ده‌ناڵێنێ و گلۆپهکانیش هه‌ناسه ده‌ده‌ن، که‌چی هه‌نیه‌ی ئه‌م بۆشاییه راکردووه هێور نابێته‌وه.
له‌م چرکه‌ساته‌دا له دڵی غهریبیکردنێکی نادیاردا دهملاوێنییهوه. رامانی ئه‌ستێره‌کانی یاده‌وه‌رییش رووخساری تاراوگه رۆشنتر ده‌که‌نه‌وه. ئێستای من کانییه‌که به چرپه‌وه به‌ناو دۆڵێکدا ده‌ڕژێ، که ره‌نگه ته‌نیا تۆ به‌وێدا رابوورێی. ده‌مه‌وێ ئه‌م ئێستایه بنووسمه‌وه، تا کات ببینراوتر وشوینهکان ناودێر بکا. له جیاتی ئه‌وه‌ی سه‌یری کات بکه‌م، به نووسینه‌وه رایده‌گرم. ئه‌ها ئه‌مڕۆ دیسانه‌وه رۆژه‌که پیر ده‌بێت؛ بێویستی من یه‌ک شه‌ممه هاته‌وه. یه‌ک شه‌ممه رۆژێکه له تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی رۆژه‌کان. یه‌ک شه‌ممه رۆژێکه له باران بارینێکی هه‌ڵگه‌ڕاوه، بێ‌دار، هه‌ورێکی مردوو یان تێپه‌ڕینێک به چۆله‌وانی. له یه‌ک شه‌ممه‌دا چۆله‌که‌کانی سه‌ر دره‌خته‌کانی پشت ماڵ ناخوێنن و باخچه‌که‌ش سێبووری به گوڵه بێگوڵدانهکانی من نایێته‌وه. بێ ئاوێنه‌یی یه‌ک شه‌ممه له چی دایه؟
من که ئه‌وها له یه‌ک شه‌ممه په‌ستم، نازانم بێمروهتییهکانی له کوێوه هاتوون.
زایه‌ڵه‌ی چیاکان له ناومدا په‌نگده‌داته‌وه. ئه‌وه‌تا له دڵه‌خورپه‌یه‌کی بنیراودا به رووی جیهاندا وه‌ستاوم و لێره‌ش چه‌ند هه‌نگاوێک دوور له من، دوو مامز ئه‌و جیهانه جه‌نگه‌ڵه‌م له یاد ده‌به‌نه‌وه. گوڵه‌کانی من ده‌گه‌شێنه‌وه، وه‌ک من، ته‌نگی گوڵدان فه‌رامۆشده‌که‌ن. ئێواره‌ی یه‌ک شه‌ممه له‌سه‌ر هه‌نیه‌م کاڵده‌بێته‌وه. به نیگایه‌کی هێمایی به چۆله‌که‌ی ناو هێلانه‌ی بالکۆنهکهم ده‌لێم: هێورتر بڕوانه. پێی ده‌لێم، قه‌ده‌رمان وه‌ک یه‌که، میوان به، وه‌ک ئه‌وه‌ی سهفهرهکانتم بۆ بچریکێنی، هێلانه‌که‌ت بهۆنه‌وه. ها ئه‌وه به چاوی چیاکان مه‌ترسی مرۆڤ و سامی ئاسمانت بۆ چاوترسێن ده‌که‌م.
ده‌بینی ره‌نگی یه‌ک شه‌ممه هێشتا به‌سه‌ر ئێواره‌ی به ماشێن شپرزهکراو ده‌چۆڕێته‌وه؟ هه‌ناره‌کانی سه‌ر مێز و نامه‌ی ناو چوارچێوه‌کانیش، ره‌نگی یه‌ک شه‌ممه‌یان گرتووه. به زمانێک له بێماڵیی سه‌رنجی ئه‌و مرۆڤانه ده‌کێشم که له‌گه‌ڵ خۆیاندا ته‌نیایی ده‌به‌نه‌وه ماڵهکانیانهوه. ئه‌و ده‌مه چۆله‌که‌کان له‌مدیوی په‌نجه‌ره‌وه به‌ناو ته‌نیایی یه‌ک شه‌ممه‌دا ده‌چریکێنن. بووڵێڵیش وه‌ک چاوی ژنێکی هاوزمانی من به دهمڕێوه فرمێسکه‌کانی ده‌شارێته‌وه. یه‌ک شه‌ممه‌ش هێشتا به دڵمه‌وه ده‌چۆڕێته‌وه.
ئه‌ی تۆ، ئومێدێکی ته‌ڕت گه‌ره‌که له من، تاکوو ئه‌و ئومێده‌ت هه‌بێ، با دڵت کانییه‌ک له به‌رهه‌ڵستکاریی لێ بڕژێ. کاتێ کانییهکم بیر دێته‌وه، به زمانێکی فێنک بانگی بوون ده‌که‌یت. هه‌ستده‌که‌م هه‌رێمه‌کانی ناوه‌وه‌م نه‌بڕیوه. ده‌ڵێ وه‌ک هه‌رێمێک له هه‌را، له بوون دای؟ له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و هه‌رێمه‌دا، بێماڵییهک پهڵدههاوێژێ. بێباک به‌ناو ئه‌و بێماڵییه بدره‌وشێوه. من پڕم له تووله‌ڕێی شوێنپێ و هێشتاش ده‌ستم به گه‌شته نوێیه‌کانم نه‌کردووه. له پێشڕا هه‌ست به کۆستێک ده‌که‌م. هه‌ست بێ نیگه‌رانی خۆم ده‌که‌م. بێده‌نگی بوونێک که له مندا مهیلڕێژه.
من له سه‌ره‌تا به‌ده‌رم و داهاتووش به “سه‌فه‌رێکی مه‌حاڵ” تاقیده‌که‌مه‌وه. مه‌حاڵیت مسۆگهرییهکه، له‌و منه. ئه‌وکاته جه‌نگه‌کان ده‌ستییان پێ‌کرد، که چیایه‌ک عه‌شقت بوو. ئه‌و چیایه‌ش چیاکانی له ده‌ست چوو. په‌یڤه‌کان بنیراوت ده‌که‌ن. که پهیڤیت، به دیار ده‌که‌ویت. تۆش له هه‌ر کوێیه‌ک بیت، منیش وه‌ک په‌یڤێک ده‌تبینم.
تۆ له‌م شیعره‌دا چیایهکیی و بۆشایی ئاسمان ئاوه‌دان ده‌که‌یته‌وه. لووتکه‌یه‌کی نهدۆڕاویی و ده‌ست به ژنێتی مانگدا داده‌هێنی. له ژێر تریفه‌ی پژاوی نێوان دارگوێزێکدا، مه‌مکانت بۆ چیایه‌ک رووتدهکهیتهوه. چیایه‌ک له ناو تریفه‌ی ژنێتی تۆ دایه، ژنێک له‌سه‌ر سنگی چیایه‌کدا چاوه‌کانی ده‌ڕازێنێته‌وه. هه‌قیقه‌ت هه‌ر ده‌دره‌وشێته‌وه، تۆش ئه‌ی چیا، که تاراوگه ئاوڕی دایه‌وه، بڕازێ؟
مه‌یلی په‌یڤه‌کان بۆ خۆیان جێده‌هێڵم و چێژ له هه‌ست پێکردنت ده‌چێژم. مه‌یلی تۆ، وێنه‌یه‌که له ته‌نینه‌وه‌ی بێماڵیی. تا ژیان دیل بکه‌م، ده‌بێ فه‌رامۆشت بکه‌م. وه‌ک چۆله‌که به غه‌ریزه‌وه هه‌ڵده‌فڕم. سه‌فه‌ری من، ههڵفڕینیم بێ گه‌ڕانه‌وه‌یه. ئاخۆ ژیان رێگرتنه له مه‌رگ؟ ئه‌ی ژیان، که هێشتا مه‌رگ ژوورێکی بۆ من نییه، وه‌ک میوانێکی بێمه‌رج رامبگره. ده‌مه‌وێ ده‌ماره بێژیانهکانی ژیان بگرم، تا ئه‌و جه‌نگه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌رگدا کۆتایی بێت. ده‌با ئه‌و زه‌ریا له ئیرۆتیکه په‌نهانه له ژیاندا بته‌قێته‌وه. ئه‌وکاته په‌یڤه‌کان به خۆیان ده‌دره‌وشێنه‌وه.
ئێستا له‌گه‌ڵ گوێگرتن له “مه‌زهه‌ر”ه‌وه، ئه‌و جه‌نگه ده‌نووسمه‌وه، به‌ردێکی گیاگرتوو، بێده‌نگی له نیگاکانییه‌وه غلۆر ده‌بێته‌وه.
گوێ له موزیکێکی دڵگیر ده‌گرم، ته‌نیا تۆ ده‌زانی چ شوێنێک له ئاوهزهکانیدا ده‌زرینگێته‌وه. چاوتروکانێک له فه‌رامۆشی، ئاوازێک له فه‌رامۆشی کات خاو ده‌کاته‌وه. به ده‌م ئه‌و ئاوازه‌وه به‌ره‌و رۆخی ژیانێک سه‌فه‌ر ده‌که‌م. چۆن ئه‌و ژیانه ناودێر بکه‌م؟ ژیانێک به‌سه‌ر ته‌رمه‌کانه‌وه وه‌ستاوه و چیایه‌کیش له دۆڵه‌کانه‌وه ئازار ده‌لاوێنێته‌وه. سامێک له ده‌ماره‌کانمه‌وه ده‌چۆڕێته‌وه. به‌ر له‌وه‌ی ببم به شه‌پۆڵێک له سام، له خۆم جیاببه‌وه. وه‌لێ هێوریی ده‌مێکه له مندا هه‌ڵاتووه. چۆن له‌و سامی سووتان و سه‌نگه‌ره سه‌نگینانه‌ی یاده‌وه‌رییدا ئازاد بم؟ خۆم ده‌ده‌م به ده‌ستی بێباکییه‌وه. که‌چی له‌مدیوی یاده‌وه‌رییه‌وه بانگێکی نادیار رامدهچڵهکێنی، ئه‌وه ده‌نگدانه‌وه‌ی خۆمه؟
هه‌روه‌ک له ناخی چیایه‌کدا ده‌رکه‌وم، سێبه‌ری دره‌ختێک به‌سه‌ر ههنییهمهوه په‌لده‌هاوێژێ. ئه‌وها خۆم بۆ چیا ده‌نووسمه‌وه. وێده‌چێ بێ ئه‌وه‌ی بشزانم، به‌ناو تۆوه رابکه‌م؟ ژیان له‌ناو تۆدا شه‌ڕێکی بێکۆتاییه. لێت هه‌ڵده‌گه‌ڕێمه‌وه: ئه‌وکاته خۆم ده‌ده‌مه ده‌ستی ژیانێک که بێبه‌ریی بێت له یاده‌وه‌ریی من. ئاخۆم ئه‌و ده‌مه له هه‌راسانی به‌ده‌رم؟ دڵی قه‌ڵه‌مه‌که‌م ده‌لاوێنمه‌وه. له‌ناو خۆمدا راده‌مێنم. له ده‌ره‌وه‌ش هاوسه‌نگی ناوه‌وه‌م راده‌گرم. هه‌ستده‌که‌م من خه‌ون ده‌بینم و دونیاش وه‌ک تشتێکی نه‌شیاو خه‌وی لێکه‌وتووه. دونیا له خه‌ودایه، لێ من ههبووندام، ژیان له مندا ده‌چێته پیاسه. ئه‌رێ ئه‌وه هه‌بوونی من چی ده‌نووسێته‌وه؟ هه‌بوون: چییهتییهک ده‌زرینگێته‌وه. مانگ به‌سه‌ر چیایه‌کانه‌وه ده‌سترێ و تۆش دۆڵه‌کان بۆ ناو من ده‌گوازیته‌وه. ئاسمان به ئامێزی چیاوه ئاوێزانه، تۆش به‌ناو منه‌وه دهچۆڕێیتهوه. من تۆم له یاده، پهیڤیت و گه‌مه‌ت له‌گه‌ڵدا ده‌که‌م. ئه‌وها من له‌مدیوی دێرێکی مهیلڕێژدا بێده‌نگییت ده‌وروژێنم. من که تۆ به چاوتروکانێک ناودێر ده‌که‌م، چیت بۆ بگێڕمه‌وه؟ ئه‌وکاته‌ی که له خۆم داده‌بڕێم، هه‌بوونم له‌تۆدا ئاماده ده‌بێ. به دوای ئه‌و رێچکانهوه ده‌که‌وم که له‌وێ ره‌گه‌کان له که‌ڤره‌کانی چیادا ره‌گئاژۆ ده‌بن، واتایه‌کی پهنهانپۆش به یادم دێته‌وه. رابردوویه‌ک به‌ناو ئێستاوه ده‌زنێ، کات ده‌چرپێنێ و ده‌نگه‌کان کۆده‌کاته‌وه. تا له خۆم بدوێم، ده‌بێ ئاماژه و تیپگه‌لێک بدۆزمه‌وه که ویستی گوتنێک بنوێنن. ژیان هه‌ڵده‌وه‌شێنمه‌وه و لێده‌گه‌ڕێم خۆی ژیانێکی خه‌وناوی بسازێنێته‌وه. خۆم ده‌که‌م به دره‌ختێک، تا ده‌بم به میوه‌یه‌کی نه‌خوێنراوه، ژیانێکی نه‌بینراو که ژیان له بووندا بێ مه‌رگی نه‌بێ. دوای ئه‌مه چی پێشدێ، ئه‌ی من؟
ئه‌وها هه‌موو ئه‌زموونه‌کانی من وه‌ک بوونێکی به‌ڕێوه، په‌نهانییه‌کانی نادیاریی ده‌له‌رێنمه‌وه.
وێده‌چێ ئه‌سته‌م بێ ره‌نگه‌کان بۆ وشه بێئاماژهکان. هێورانه به نێوان ئه‌و وشانه‌وه رهێدهکهم، که وشه‌کان شهڕهنگێژ ده‌بن، ئه‌وده‌مه ئه‌سته‌مه رێکردن. ده‌بینی به‌و دێڕه‌وه لێگه‌ڕام له وێنه‌ی چاوتروکانهکانتدا، دیمه‌نێک له ژیان له دایک بێ؟
ئه‌وها من لێڵترین جه‌سته‌کان بۆ خۆم به گۆ بێنم و به وشه‌کانیشه‌وه زه‌نایه‌کی دڵگیر داده‌هێنم. کاتی وشه‌کان وێنه‌یی ده‌نوێنن، چێژێک له موچڕک دامدهگیرسێنێ. خۆم مشتوماڵدهکهم، تا ئازادی بیرکردنه‌وه به‌رزه‌فت بکه‌م. منێک که وه‌ک ئازادی ته‌نیایه. ده‌کرێ ئازادی له بهرههڵدراوی خۆیدا بێ‌سنوور بڕاسێ، لێ ده‌زانم تۆ له نزیکبوونه‌وه‌ی خۆت راده‌بی. رێده‌که‌م بێ ئه‌وه‌ی واتایه‌کم مه‌به‌ست بێ: من شانهگهلێکم له شپرزه‌یی. ده‌ڕۆم و پرسیاریش له واتای رۆیشتن ناکه‌م. جار جاره‌ش به‌ڕێوه به‌ناو شادییه‌کی ژیانبهخشهوه دهڕهتێم، تا پهرتیم کۆبکه‌مه‌وه. سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر چیایه‌کی به‌رزه‌وه، به یاد چاوه‌کانم ده‌هێنمه‌وه. پێهکانیشم غه‌ریبی به‌رده‌کانی سه‌ر رێچکه‌ی چیاکان ده‌که‌ن.
وه‌ک چۆن نازانم به‌ڕێوه‌م، ئه‌وهاش ده‌نووسم؛ من به‌ناو شه‌به‌نگی خۆمه‌وه دهرگیرم. چاوتروکانهکان به یادی منه‌وه ده‌ژین. بیرکردنه‌وه‌یه‌ک به تۆ رانه‌گه‌یه‌نم، من ماخولیایه‌ک بۆ تۆ ده‌نووسمه‌وه که له بێده‌نگی چیایه‌کدا په‌نهانه. من له مه‌زه‌نده‌دا ده‌ستپێده‌که‌م. ئه‌وها په‌یڤه‌کان ئاهه‌نگ ده‌گێڕن. من ئاماژه‌ی په‌یڤه‌کان ده‌نووسمه‌وه، که‌چی ده‌نگ و بزوانهکانیان له زایهڵهیهکدا ئاوێنه ده‌بنه‌وه.
چیاکان له ده‌نگدانه‌وه‌ن. له چیاکان‌دا ده‌نگێکم هه‌یه. به ده‌م به ده‌نگهاتن، نووسینه‌وه‌ی په‌یڤه‌کانه‌وه ده‌بم به ئاماژه‌یه‌ک له ده‌نگ. جیهان ده‌نگێکی نه‌بیستراوه، بێده‌نگه. هه‌ناسه‌ی په‌یڤه‌کان، رێکردنی من؛ ده‌نگی منن. لێده‌گه‌ڕێم که بگۆڕێم.
دیسانه‌وه که‌وتومه‌ته ناو خه‌ونی شه‌وێکی دره‌نگه‌وه. شه‌و له بێشوێنی خۆیدا خۆی به خه‌ونی منه‌وه فه‌رامۆشده‌کا.
منیش گه‌شتی کات نه‌وادار ده‌که‌م. بانگی زمان ده‌که‌م، ده‌با ئایینده‌ی مژپۆش هه‌ناسه بدا. له چاوی ژیاندا خۆم ده‌که‌م به مه‌ته‌ڵێک. به جێهێڵانی خۆمه‌وه ئاقاری خۆم ده‌به‌زێنم. ئه‌وها به ته‌نیایی خۆمه‌وه جیهان دهتهنمهوه: به دوای ده‌نگی زه‌وی ده‌که‌وم، له پڕ ده‌بم به ده‌نگێک. جیهان له‌ناو چاوی شاشه دیگیتالهکانهوه خه‌ریکه به رووی خۆیه‌وه راده‌بێ.
خه‌می رووناکیش هه‌میشه ڵێڵییه: لێره‌دا ئه‌وه منم له‌به‌رده‌م جیهاندا.
له ده‌ره‌وه‌ی خۆمدا ترسێک هاوئاههنگم ده‌کا. مه‌ترسییه‌ک له روحی ژیاندایه. شه‌و به‌ڕێوه به نیگایه‌کی نه‌یارانه‌وه لێم ده‌ڕوانێ. ئه‌و شه‌وه وێده‌چێ له‌م تاراوگه‌یه درێژتر بێ؟ ژیان لێوانڕێژ ده‌که‌م له مه‌یل. هه‌سته کێوییهکانم له خۆم دوور ده‌که‌مه‌وه. لێ ناخی من هه‌میشه په‌نهانه. منیك له فامکردنی خۆی به‌ده‌ره. ئه‌وکاته‌ی خۆم بۆ فامکردن رووتدهکهمهوه، ئه‌و منه هۆگرهم که ده‌ست ده‌چێ.
ئاسمان به ره‌نگی هه‌واوه سه‌رمه‌سته. ئێمه‌ش له‌ناو مه‌ته‌ڵی مه‌رگێکدا تێداماوین. له بێ ماناییدا هانهیهک له دایک ده‌بێ. له منه‌وه بێ بیرکردنه‌وه‌یه‌ک ژیانێک له دایک ده‌بێ. لێڕهوارێک له په‌یڤ هه‌ناسه ده‌کێشێ. ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم و ئه‌زموونی ده‌که‌م ده‌بن به منێک که له ده‌ره‌وه‌ی خۆمدایه. سروشت به‌ره‌و من ده‌کشێ. باران وه‌ک رازێکی ئیرۆتیکی زیندوو بهناوما ده‌بارێ. ئاماده‌یی چاوتروکانهکانت وه‌ک خۆت ئاماده‌ن، چیاکانت بۆ ده‌نووسمه‌وه. ئه‌وها ته‌نیا له ئێستادا خۆمت بۆ راده‌گه‌یه‌نم. من له‌مڕۆدا ده‌دوێم، به بێ ئه‌مڕۆ چاوتروکانێک ئاماده نییه. من زیندوویهتیم گه‌ره‌که. من به رێگایه‌که‌وه ده‌ڕۆم که هی خۆمه. مه‌رگ ده‌دوێنم، له ترسی ئه‌وه‌ی که له‌گه‌ڵ خۆیدا ببمات. مه‌رگ جیرانی منه. له خۆدی زیندوویه‌تی مندا، مه‌رگ ماڵێکی هه‌یه. مه‌رگ له ماڵێکی ناسکدا ده‌ژی. مه‌رگ رۆژانه به‌ناو باغچه گه‌وره‌که‌یدا پیاسه ده‌کا و بیر له ته‌مه‌ن و ناسکی خۆی ده‌کاته‌وه.
من ئه‌و ده‌مه له ژێر هه‌ستێکی په‌ڕگیردا له خۆم جیاده‌بمه‌وه و شنه‌بایه‌کی هاوینیی به‌ره‌و رووخسارم هه‌ڵده‌کا. تیشکه بازنه‌ییه‌کان له ژێر ئاسماندا لێکده‌ئاڵێن. ئه‌م هاوینه له غه‌ریبی جه‌نگی چیاکان‌دا گه‌رمتره. به‌ناو هاویندا رێده‌که‌م، میوه‌کان بۆنی گونده‌کانی چیایان لێدێ. ئه‌وها خاکی یاد ده‌نووسمه‌وه. تۆ تریفه‌ی ماڵێکی و له‌سه‌ر گه‌ڵای دره‌خته‌کانی به‌ر په‌نجه‌ره‌که‌م سه‌ما ده‌که‌ی. بمبیسته: من هه‌بوونت ده‌نووسمه‌وه، تۆش لێگه‌ڕێ بوونم به‌رده‌وام بێ. لێ له سه‌ره‌تادا: هێشتا هیچ تشتێک ده‌ستی پێنه‌کردووه. که بیر له سه‌ره‌تا و کۆتاییه‌کدا ده‌که‌مه‌وه، سه‌رم وه‌ک بنمیچێک ده‌زریکێنێ. ئه‌رێ تشته‌کان بۆ ده‌ستپێده‌که‌ن؟ که تشتێک کۆتایی دێت، چ تشتێکی نوێ ده‌ستپێده‌کا؟ تۆ ده‌زانی ئه‌و منه چی گه‌ره‌که: تشتێک که کۆتایی نه‌بێ. من ئێستا رسته رهگئاژۆکان ده‌خه‌مڵێنم و هاوده‌میش ئه‌و په‌یڤه تهقیوانه ده‌هۆنمه‌وه که تازه زار ده‌که‌نه‌وه. ئه‌وه‌تا له ئێستادا ئاماده‌م. ئه‌وه‌ی که سه‌ره‌تا و کۆتایی ئه‌و شپرزه‌ییه جۆشده‌دا: سۆز و ده‌ستبازیی وشه‌کانن.
وێده‌چێ ئێستا ژیان له من راپسکێ. هه‌رچه‌نده ده‌شزانم ژیان تشتێکی تره و رووخسارێکی تری هه‌یه.
ئه‌وه‌ی من بۆ تۆی ده‌نووسم، سه‌رهه‌ڵگرتنی زمانه. من مێژوو و ئه‌زموون به تۆ نابه‌خشم؛ ته‌نیا پهیڤگهلکێکت بۆ ده‌نێرم که به له‌رینه‌وه ده‌گه‌شێنه‌وه. ئه‌وها به‌ناوت ده‌که‌م: ره‌گێک له یاده‌وه‌رییه‌کی مه‌یلدار. من له ناوتدا دهفراژێم. به گه‌ڕان به‌ناو توۆوه، به ره‌گی چیاکانه‌وه ره‌گئاژۆ ده‌بم. که بۆ تۆ ده‌نووسم ئاسمانی چیاکان گرژ ده‌بێ و تاراوگه‌ش غهریبیبت فه‌رامۆش ده‌کا. وشه‌کانم وه‌ک رمگهلێک ده‌هاوێژم. زمانیش به‌هایه‌که له: هه‌بوون. من له‌ناو دڵیدا جێنشێنم. له زماندا من هێشتا زیندووم. وه‌ک ئه‌سته‌می وه‌ستانی رووبارێک، من به‌ڕێوه‌م. وه‌ستان له قه‌فه‌زدا، مه‌یلی من ببینه، له‌وێ له جه‌نگی زماندا، له‌ناو جه‌نگێک له هه‌بوون خۆم ده‌بینمه‌وه. پرسیارکردنیش کاری من نییه، چونکه که بوونێک هه‌بوو، ئه‌وه له بووندایه. ئه‌وها ته‌نێ ناودێرکردنم سنووردار ده‌که‌م. من بوونه‌وه‌رێکی پهنگخواردووم له جه‌سته‌کانی خۆمدا ترازاوم.
وێده‌چێ هێشتا نه‌زانم ئه‌و دابارینه چییه که بۆ تۆی ده‌نووسمه‌وه؟ گه‌ره‌ک نییه بیزانم، چونکه من هه‌رگیز تۆ نابینمه‌وه. من خۆم به‌ناو تاریکییه‌وه تووڕههڵدهدهم، تا ئه‌و چاوه له چاوتروکانانهت بتروسکێنهوه.. تاریکی ره‌گی منه. جیهانیش ئه‌فسانه‌یه‌کی تاریکه. ئه‌وه‌تا من بێ پسانه‌وه بۆت ده‌په‌یڤم. من پهنهانێکم به ئاگایی خۆم ناگه‌م.
من بۆ تۆ ده‌نووسم، چونکه فامی خۆم ناکه‌م. ئه‌وه من به دوای خۆمه‌وه ده‌گه‌ڕێم. ژیان له‌ناو دارستانێکی مهتهڵئامزدا به‌سه‌ر ده‌به‌م. گه‌ره‌که بڵێم: تا بچمه ناو هه‌بوون؛ ناو مه‌ته‌ڵه‌وه به‌ڕاست هه‌ر خۆم مه‌ته‌ڵم و له‌وێدا دهجمێم. رۆژانێک نه‌زانانه ده‌مگوت: ده‌کرێ مێژووی کورد به‌ره‌و رووی خۆیه راسێنن. وامده‌زانی ده‌کرێ به هه‌ناسه‌دانێک رێساکان به‌ناو فه‌رامۆشییه‌وه تووڕههڵدهین. ئه‌وها ده‌زانم چۆن هزرێک بهرزفهت بکه‌م. لێ ده‌زانم ئه‌وه‌ی ده‌ینووسمه‌وه ته‌نیا زرینگانهوهیهکه…
پاییزی 2010
هه‌ندرێن