ده‌ستخۆش مالیكی بۆ بوێریت!! …. رابه‌ر ره‌شید
به‌ڕاستی كاتێك مرۆڤ سه‌ركرده‌و سیاسه‌تمه‌دارانی خه‌ڵك و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه ده‌بینێت و له هه‌ڵوێست و كرداره‌كانیان وردده‌بێته‌وه، هه‌زاران ئاخ و حه‌سره‌ت بۆ سه‌ركرده‌و بڕیاربه‌ده‌سته‌كانی كورد –له‌باشووری كوردستان- هه‌ڵده‌كێشێت و سه‌ری له بێهه‌ڵوێستی و سیاسهتنهزانی و خۆشباوه‌ڕی و دۆزفرۆشتنی نه‌ته‌وه‌ییان سووڕده‌مێنێ و تووشی شۆك ده‌بێت!!. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌م قسانه، دوا هه‌ڵوێستی سه‌ره‌كوه‌زیرانی ئێراق (مالیك)ییه كه به‌وپه‌ڕی بوێرییه‌وه راشكاوانه رایگه‌یاند: (فه‌یلییه‌كان پێكهاته‌یه‌كی تایبه‌تن و ده‌بێ مامه‌ڵه‌ی تایبه‌تیشیان له‌گه‌ڵدا بكرێت) هه‌روه‌ها (نابێ ئاڵای كوردستان له خانه‌قین ههڵبدرێتو ده‌بێ بهێنرێتهخوارهوه)، جگه له‌و دوو لێدوانه‌ی ئه‌وه‌یشی راگه‌یاند كه (سوپا بۆ قه‌ندیل ده‌نێرن و ئاژاوه‌گێڕانی لێ ده‌رده‌كه‌ن!!). لێره‌وه من وه‌كو رۆژنامه‌نووسێك كه ماوه‌یه‌كی زۆره راشكاوانه‌و له هه‌ر شوێنێك و له هه‌ر ئامرازێكی راگه‌یاندن (بینراو، بیستراو، نووسراو) هه‌روه‌ها (ئه‌لیكترۆنی)ش بۆم ره‌خسابێت، ئاماژه‌م به‌وه‌داوه كه ئه‌م هه‌ڵوێسته نانه‌ته‌وه‌یی و تاسه‌ر ئێسقان حزبایهتییهی كه له باشووری كوردستاندا –له‌لایه‌ن هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه- په‌یڕه‌و و پیاده ده‌كرێت، جگه له ئاینده‌یه‌كی تاریك و پڕ له كاولكاری و ماڵوێرانی به‌ولاوه هیچیتری لێچاوه‌ڕوان ناكرێت. ئه‌وه‌ی مالیكیش –له ئێستادا- ده‌یڵێ، رێك ئه‌وه‌یه كه من وه‌كو تاكێك پێشتر دركم پێكردووه‌و دڵنیام زۆرێك له تاكه‌كانی دیكه‌ی باشووری كوردستانیش به‌هه‌مان شێوه له من وردتر‌و شاره‌زایانه‌تر هه‌ستیان به‌و ماڵوێرانییه كردووه. به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی مالیكی ده‌یڵێ، جێگای ده‌ستخۆشییه، چونكه هێشتا ده‌ستی له‌رزۆكی چڵهدارخورماو شمشێره ژهنگنهكانی عروبه‌و ئیسلامیزمیان نه‌گرتۆته‌وه، كه‌چی دێت و هه‌ڕه‌شه‌ی داگرتنی ئاڵای كوردستان و داگیركردنی قه‌ندیل ده‌كات، بۆیه ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی مالیكی دووجار ده‌ستخۆشی ده‌وێ، ده‌ستخۆشی یه‌كه‌م له بڕیاربه‌ده‌سته‌كانی باشووری كوردستان كه بوونه دههۆڵكوتی بانگه‌شه‌ی ده‌نگدانه‌وه به (السید مالكی)و هاوبیره‌كانی و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بانگهێشتی (هه‌ولێر)ی پایته‌ختیان كردن و بوونه ئاشتكهرهوهی دژ‌و دوژمنه له مێژینه‌كانی كورد، ده‌ستخۆشی دووه‌میش بۆ خودی مالیكی، چونكه بێده‌سه‌ڵاتی و خه‌منه‌خۆری و بێئاگایی بڕیاربه‌ده‌ستانی كوردی قۆسته‌وه‌و سواری ئه‌سپه‌شێی عروبه‌و هه‌ڵوێسته نه‌رم و دۆستانه‌كانی (مام و كاك) بۆوه‌و، بای له‌خۆباییبوون په‌ڕییه كونهلووتییهوه، له به‌غداوه بۆ خانه‌قین و له‌وێوه‌ش بۆ (قه‌ندیل)ی شه‌ره‌فی كوردان، كه‌وته غارغارێن!!. ده‌نگی ناڵی ئه‌سپه‌شێی عروبه‌ی به گوێچكه‌ی زیندهبهچاڵكراوانی بیابانه‌كان و گوند‌و رهزوباخه سووتاوه‌كانی ده‌ستی سوپای عروبه دایه‌وه. مالیكی ئه‌گه‌ر تۆزقاڵێك چه‌كه‌ره له بڕیاربه‌ده‌ستانی باشووری كوردستان و ئه‌و واده‌و به‌ڵێنانه بكات كه خۆی داویه‌تی، هه‌رگیز زاخی ئه‌وه ناكات به‌به‌رچاو و گوێی راگه‌یاندنه‌كانه‌وه شه‌كری وا تاڵ بشكێنێت!!. ئه‌و دڵنیایه بڕیاربه‌ده‌ستانی كورد، ده‌ستیان له به‌غدای عروبهكهی مالیكی و سیستانی نابێته‌وه‌و وه‌كو قیڕو زفت پێكه‌وه نووساون، مالیكی له‌وه دڵنیایه كه ماڵی كورد له باشووری كوردستان، هێنده په‌ڕپووت و ناله‌باره به نزا‌و وێردێكی (ئیمامیانه) نوێژی داگرتنی ئاڵای كوردستان و گه‌یشتنی سوپای ئێراق به قه‌ندیل به بڕیاربه‌ده‌ستانی كورد ده‌كات و چه‌پڵه‌ی ره‌زامه‌ندیش به هه‌ولێرو سلێمانی لێده‌دات!!. مالیكی ئه‌گه‌ر له‌وه دڵنیانه‌بێت كه بڕیاربه‌ده‌ستانی كورد نققهو نووزه‌یان لێوهنابیسترێت، چۆن بوێری ئه‌وه‌ی تیاده‌بێت، لێدوانی ژه‌هراوی له‌وجۆره بدات و به‌و چه‌شنه‌ش سووكایه‌تی به خۆی و بڕیاربه‌ده‌ستانی باشووری كوردستانیشه‌وه بكات؟! مالیكی و مالیكییهكانی دیكه‌ش زۆر له‌وه دڵنیان كه ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆكه له باشووری كوردستان، تووشی په‌تای ئێراقچێتی بوون و جگه له حاڵگرتن به ئێراقچێتییهوه، هیچیتر له نێو جوغزی پاشخانی یاده‌وه‌رییاندا نه‌ماوه‌ته‌وه‌و مه‌حاڵه ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی رۆژنامه‌نووس هاواری بۆ ده‌كه‌ین و داوای بایكۆتكردنی په‌رله‌مانی به‌غداو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌ته دوژمن به كورده‌كه‌ی مالیكی و گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی كورد له به‌غدا بۆ هه‌رێم و به‌رزكردنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان ده‌كه‌ین، بڕیاربه‌ده‌ستانی كورد له خه‌ونیشدا په‌ی پێببه‌ن و له‌م گه‌مه قێزه‌ونه‌ی كه برا چاوڕه‌شه‌كانی به‌غدا له‌گه‌ڵمان ده‌یكه‌ن، وه‌كو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك به‌كاریبهێنن و سوودی لێوه‌ربگرن. پێده‌چێ مالیكی هه‌ڵوێستی (ئه‌سیل نوجێفی) له‌بیر كردبێ كه چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا، دوای ئه‌وه‌ی فه‌رمانی پێكردبوو ده‌ست لهكاربكێشتهوه، به‌ڵام (ئه‌سیل نوجێفی) بوێرانه، نه‌ك هه‌ر گوێی لێنه‌گرت، به‌ڵكو به سووكایه‌تی پێكردنیشهوه وه‌ڵامی دایه‌وه‌و كورسییه‌كه‌ی جێنه‌هێشت!!. تۆ بڵێی بڕیاربه‌ده‌ستانی كورد، هێنده‌ی كابرایه‌كی وه‌كو (ئه‌سیل نوجێفی)یشیان پێنه‌كرێت؟!
ئه‌رێ ده‌بێ مالیكی چۆن به‌و سوپایه‌ی ئێستا هه‌یه‌تی كه ناتوانێت ئاساییشی نه‌ك به‌غدا، به‌ڵكو قه‌زایه‌كی ئێراقیش بپارێزێت، ئه‌ی چۆن ده‌توانێت قه‌ندیل داگیربكات؟!. كۆی ئه‌و هه‌ڵوێست و لێدوان و قسانه‌ی مالیكی پێویستی به هه‌ڵوێستێكی نه‌ته‌وه‌ییانه‌و بوێرانه‌ی جه‌ماوه‌رییانه هه‌یه، پێویسته جه‌ماوه‌ری كوردستان له‌سه‌رجه‌م شار‌و شارۆچكه‌كانی كوردستان له دژی قسه‌كانی مالیكی و بێهه‌ڵوێستی بڕیاربه‌ده‌ستانی باشووری كوردستان بڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و داوای هه‌ڵوێستی روون و ئاشكرا‌و هه‌نووكه‌یی له بڕیاربه‌ده‌ستانی باشوور بكه‌ن و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌رچی ئاڵای ئێراقی هه‌یه بیهێننهخوارهوهو هه‌ڵوێستێكی كوردانه‌ی راسته‌قینه‌و راستگۆیانه‌ش له په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوا بكه‌ن، چونكه ئه‌و شه‌ڕی (كات)ـه‌ی كه جه‌عفه‌ری و مالیكی و عه‌للاوی و سبه‌نێش هاوڕێبازه‌كانیان له‌گه‌ڵ پرسی كورددا ده‌یكه‌ن، هه‌رگیز نابێ درێژه‌ی هه‌بێت، سهركردایهتییهكیش توانای ئه‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ی نه‌بێت، هه‌قوایه خۆی به‌ركه‌نار بكات و ئاڵای سپی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان به‌رزبكاته‌وه‌و چیدیكه یاری به چاره‌نووسی میلله‌تێكه‌وه نه‌كات و ئه‌م ده‌رفه‌ت و هه‌له زێڕینه‌ی له باشووری كوردستاندا بۆ كورد ره‌خساوه، به‌هه‌ده‌ر نه‌دات و نه‌یكاته قوربانی به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سكی حزبایه‌تی كه ساڵانێكه به به‌رچاوی دونیاوه هه‌موو پیرۆزییه‌كانی ئه‌م وڵاته‌یان ریسواكردووه.
رابه‌ر ره‌شید- كه‌ركوك