Skip to Content

Tuesday, July 16th, 2024
ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی پێشه‌نگی وه‌رچه‌رخان له‌ موزیك و میلۆدیی كوردیدا

ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی پێشه‌نگی وه‌رچه‌رخان له‌ موزیك و میلۆدیی كوردیدا

Closed
by October 27, 2011 گشتی

 

هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كه‌سایه‌تیی هونه‌ریی ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی و داهێنانه‌كانی ئه‌و له‌ ڕه‌وته‌ هونه‌رییه‌كه‌یدا، به‌بێ قسه‌كردن له‌و وه‌رچه‌رخانه‌ی تیپی مۆسیقای سلێمانی كه‌ به‌تایبه‌تی له‌ ساڵانی حه‌فتاكانه‌وه‌ ده‌ستی پێ كرد ڕه‌نگه‌ ئه‌سته‌م بێ، ڕاسته‌ مامۆستا ئه‌نوه‌ر له‌ تیپه‌كه‌دا كاریزما بوو، هاوكات زۆرترین ژماره‌ی ئاوازه‌ نوێیه‌كان و ئاماده‌ و دابه‌شكارییه‌ موزیكییه‌كان ده‌كه‌وتنه‌ به‌ر ئه‌ركی ئه‌و، به‌ڵام ناكرێ له‌ داهێنانه‌كانی ئه‌و تیپه‌دا تواناكانی ئه‌وانی تر نادیده‌ بگرین، بێگومان كه‌ ده‌ڵێم ئه‌وانی تر، به‌و واتایه‌ نییه‌ لێمان بوه‌شێته‌وه‌ هه‌موو له‌ تای ته‌رازوویه‌كدا دابنێین، به‌ڵام هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و تیپه‌ لانیكه‌م له‌ موزیكژه‌نه‌ بژارده‌كانی ئه‌و شاره‌ بوون، یان ڕه‌نگه‌ تێیاندا هه‌بووبێ به‌ده‌ر له‌ تواناكانی له‌ ژه‌نین، كارگێڕێكی باشی تیپه‌كه‌ بووبێ كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ خۆیدا ڕۆڵ له‌ ڕێكخستنه‌كانی ئه‌و تیپه‌ ده‌بینێت.. له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌دا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ باسكردن له‌ ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی باسكردن نییه‌ له‌ ته‌نیا كه‌سێك ئه‌وه‌نده‌ی باسكردنه‌ له‌ گرووپێك، یان بژارده‌یه‌ك له‌ هونه‌رمه‌ندانی بواری موزیك و گۆرانی له‌و شاره‌دا.
هه‌موو ئه‌مانه‌ ڕێگه‌ی ئه‌وه‌مان لێ ناگرن زه‌قیی داهێنانه‌كانی مامۆستا قه‌ره‌داغی بكه‌ینه‌ سه‌رده‌سته‌، بێگومان سه‌رده‌سته‌ وه‌ك به‌رپرسیاره‌تیی تیپه‌كه‌ نا، سه‌رده‌سته‌یی له‌ جوانكاری و كاره‌ ئه‌فرێنه‌ره‌كان، بۆ ئه‌مه‌شیان دیسان ئه‌و بژارده‌ هونه‌رمه‌نده‌ی سلێمانی هاوكاری داهێنانه‌كانی مامۆستا قه‌ره‌داغی بوون، چونكه‌ زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌و تیپه‌ به‌شدارییان له‌و ڕچه‌شكێنییه‌ كرد كه‌ مامۆستا قه‌ره‌داغی پێشڕه‌وایه‌تیی ده‌كرد.. ڕاستیتان ده‌وێ ئه‌وه‌ی ئه‌وان له‌ تیپی مۆسیقای سلێمانی له‌ حه‌فتاكان و تایبه‌تتریش له‌ هه‌شتاكاندا كردیان، ته‌نیا ڕچه‌شكێنییه‌كی ناوازه‌ نه‌بوو، ئه‌وه‌نده‌ی شۆڕشێكی هونه‌ری بوو و موزیك و میلۆدیی كوردییان به‌ره‌و قۆناغێكی نوێ وه‌رچه‌رخاند.
ئه‌گه‌ر بۆ مێژووی نزیك بگه‌ڕێینه‌وه‌، مه‌به‌ستم  سه‌ره‌تا تا ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیسته‌، موزیك له‌ ته‌واوی گۆرانییه‌كاندا ته‌نیا ته‌رجه‌مه‌كردنی میلۆدییه‌كان بووه‌، هاوكات توانه‌وه‌ بووه‌ له‌ناو ئامێره‌ میللی و ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان، بۆیه‌ ده‌مانبینی زۆرترین ڕۆڵ له‌ هونه‌ری ده‌نگبێژیدا ده‌كه‌وته‌ به‌ر هونه‌ری مه‌قام، واته‌ تواناكانی هونه‌رمه‌ندان پتر ده‌كه‌وته‌ به‌ر شاره‌زایی و ئه‌دای مه‌قامه‌كان، بۆیه‌ له‌ناو هونه‌رمه‌ندانی نه‌وه‌ی كۆندا ته‌نیا گۆرانیبێژ و مه‌قامبێژه‌كان ده‌ناسرانه‌وه‌ كه‌ تا ئه‌م ده‌مه‌یش ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌وان ده‌ناسینه‌وه‌، نازانین له‌ كۆندا موزیكژه‌نه‌كان كێ بوون، ده‌گمه‌نن ئه‌وانه‌ی وه‌ك (قاله‌ مه‌ڕه‌) و (ئه‌حمه‌د داوده‌) ناسرا بن، زیندووترین نموونه‌یش گۆرانییه‌كانی (سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی)یه‌، ئێمه‌ وه‌ك پێشه‌نگێك له‌ هونه‌ری كوردیدا له‌و ده‌نگه‌ ده‌ڕوانین، به‌ڵام نازانین موزیكژه‌نه‌كانی كێ بوون.. هه‌موو مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ڕچه‌شكێنی له‌ دوای ئه‌و نه‌وه‌یه‌ و پتر له‌ تیپی سلێمانییه‌وه‌ ده‌ستی پێ كرد، داهێنانه‌ نوێیه‌كان له‌ موزیكی ئه‌و پۆله‌ هونه‌رمه‌نده‌، یان ڕاستتر بڵێم دیارترینیان ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی، گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ی مامۆستا قه‌ره‌داغی له‌ هه‌موو گۆرانیبێژه‌كانی ئه‌و قۆناغه‌ ناسراوتربوو، ئه‌مه‌ش بۆ یه‌كه‌مین جار بوو دانه‌رێكی میلۆدی یاخۆ موزیكوانێك به‌و شێوه‌ فراوانه‌ بناسرێته‌وه‌، ڕاسته‌ ئێمه‌ له‌ دواییدا ئاسانتر هونه‌رمه‌ندان (دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید، وریا ئه‌حمه‌د، سه‌ڵاح ڕه‌ئووف، خالید سه‌ركار، سه‌ردار ئه‌حمه‌د، فڕه‌نسیس داود) و چه‌ندانی ترمان ناسینه‌وه‌، (ولیه‌م یوحه‌ننا)ش كه‌سایه‌تییه‌كی هونه‌ریی گه‌وره‌ بووه‌، به‌ڵام له‌ دیارترین موزیكوانان و دانه‌رانی میلۆدیی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی بوو، واته‌ دوای ده‌ركه‌وتنی مامۆستا قه‌ره‌داغی فێری ئه‌وه‌ بووین چاودێریی موزیكوانه‌ به‌تواناكانی كوردستان بكه‌ین، وێڕای ئه‌وه‌ی تیپی سلێمانیش گرووپێكی به‌توانا له‌ ژه‌نین بوون، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی تیپه‌كه‌ له‌ ئاستی فراواندا نه‌ناسرانه‌وه‌، نموونه‌م زۆر له‌ به‌رده‌ستن، به‌ڵام بۆ نه‌ڕه‌نجانی دڵه‌كان ئاماژه‌ به‌ناوه‌كان ناده‌م، ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێ هه‌ندێك له‌و ناوانه‌مان ته‌نیا وه‌ك ناو بیستوون كه‌ ڕه‌نگه‌ كاركردنیان له‌ كارگێڕیدا بووبێته‌ هۆی ناساندنیان، ئه‌مه‌ش به‌و واتایه‌ نییه‌ ئه‌وان كاری هونه‌رییان نه‌كردبێ، به‌ڵام خاوه‌نی داهێنانی هونه‌ریی نوێ نه‌بوون تا به‌و داهێنانه‌ بناسرێنه‌وه‌.. به‌دیوێكی تردا ئه‌وه‌ش ڕاسته‌ هه‌ندێك موزیكژه‌ن هه‌بوون به‌ر له‌ مامۆستا قه‌ره‌داغی ناوبانگی فراوانیان هه‌بوو، نموونه‌یان وه‌ك (قادر مه‌ردان و شه‌وكه‌ت ڕه‌شید)، به‌ڵام هۆكاری ناسینه‌وه‌یان موزیك و میلۆدی نه‌بوو، چونكه‌ ئه‌وان گۆرانیبێژیش بوون، واته‌ ئه‌و موزیكوانانه‌ وه‌ك گۆرانیبێژ ناسرانه‌وه‌ نه‌ك دانه‌ری میلۆدی و موزیكوان.. ئه‌وه‌ش ڕاسته‌ له‌ په‌نجاكان و شه‌سته‌كان به‌دواوه‌ له‌ كه‌ركووك و كۆیه‌ و هه‌ولێر و دهۆكیشدا تیپی موزیكی ناودار دروست بوون، به‌ڵام زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌وانیش وه‌ك موزیك ته‌رجه‌مه‌كردنی میلۆدییه‌كان بووه‌، یان له‌ گۆڕانكارییه‌كی كه‌مدا جیاوازییه‌كانیان پێشان ده‌داین، ئه‌وه‌ی تیپی سلێمانی به‌سه‌رده‌سته‌یی مامۆستا ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی كردی، هه‌ره‌سپێهێنانی كاره‌ موزیكییه‌كانی پێشتر بوو كه‌ ده‌بوو هه‌ره‌س بێنێ، چونكه‌ له‌ ناكامڵیدا زۆر له‌ میلۆدییه‌ كامڵه‌كانیشان لاسه‌نگ كردبوو، بۆ نموونه‌ هونه‌رمه‌ند (عه‌لی مه‌ردان) ده‌یان میلۆدیی پوختی هه‌ن، به‌ڵام ئه‌و میلۆدییانه‌ی له‌و هونه‌رمه‌نده‌وه‌ بۆ ئێمه‌ ماونه‌ته‌وه‌ و له‌ ناوداره‌كانین، پێموانییه‌ 20 میلۆدی تێپه‌ڕێنن، بێگومان موزیكی كرچ نه‌ك ته‌نیا میلۆدی، بگره‌ ئه‌دای گۆرانیبێژیش كرچ ده‌كات.. هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ دوای شۆڕشه‌كه‌ی تیپی سلێمانییه‌وه‌ تلیان خوارد و قۆناغێكی گه‌ش و نوێ له‌ هونه‌ری كوردیدا ده‌ستی پێ كرد كه‌ به‌دوایدا تیپه‌كانی هه‌ولێر و دهۆكیش بوونه‌ خاوه‌نی هه‌مان ڕێچكه‌ له‌ شێوازه‌ ناباوه‌كه‌، واته‌ ڕووخاندنی ته‌قلیدییه‌ت و هێنانه‌كایه‌ی ئه‌و جوانییانه‌ی ئێمه‌ پێشتر له‌ گۆرانیی كوردیدا پێیان ئاشنا نه‌بووین.. ئه‌وه‌شم به‌لاوه‌ گرنگ نییه‌ مامۆستا قه‌ره‌داغی و هاوڕێكانی له‌ چ ڕێباز و شێوازێك بۆ داهێنانه‌كانیان سوودمه‌ند بوون، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ دروستبوونی وه‌رچه‌رخانه‌كه‌یه‌ له‌ ساته‌وه‌خته‌ ئه‌سته‌مه‌كاندا كه‌ دنیایه‌ك ئاسته‌نگیان له‌ به‌رده‌مدا بووه‌ و بێ سڵه‌مینه‌وه‌ كاریشیان ده‌كرد.. ڕاستیتان ده‌وێ گرنگی و بایه‌خه‌ گه‌وره‌كه‌ی ئه‌وان له‌وه‌دایه‌ سه‌رده‌می كاركردن و ده‌ركه‌وتنی ئه‌وان له‌ قۆناغی شۆڕشگێڕیی كوردایه‌تیدا بوو، بۆ ئه‌وكاتیش ئاسان نه‌بوو ڕووبه‌ڕووی ڕێژیمه‌كه‌ی سه‌دام ببیه‌وه‌، هونه‌رمه‌ندان زۆرترین پاڵه‌په‌ستۆیان كه‌وتبووه‌ سه‌ر، وێڕای ئه‌وه‌ی به‌عس زۆر هه‌وڵی دا هونه‌رمه‌ندانی سلێمانی ته‌فروتونا بكات و هه‌ریه‌كه‌یان به‌ره‌و شوێنی دوورتر له‌ وی دیكه‌یان جیا بكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ هونه‌رمه‌ندانی بواری نواندنیشی گرتبووه‌وه‌، تیپی سلێمانیش له‌و ماڵوێرانییه‌ بێبه‌ش نه‌بوون، ئه‌دی پێموانییه‌ هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو (حه‌مه‌جه‌زا) له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ویستی خۆی هاتبێته‌ هه‌ولێر، وێڕای ئاسته‌نگه‌كان، ئه‌و تیپه‌ نه‌مرد، هه‌ر جارێكیش خۆی نواندبێته‌وه‌، له‌ هه‌موو ئه‌و جارانه‌دا ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغیمان وه‌ك سه‌رده‌سته‌ ده‌بینی، بۆیه‌ جێی خۆیه‌تی له‌ هونه‌ری هاوچه‌رخی كوردیدا وه‌ك كاریزمایه‌ك باس له‌و هونه‌رمه‌نده‌ بكه‌ین.
له‌ زۆر نووسینمدا هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغیم كردووه‌ته‌ نموونه‌ و به‌ئاماژه‌ی كورت قسه‌م له‌باره‌وه‌ كردووه‌، تا ئێستا ئه‌و بوێرییه‌م نه‌بووه‌ به‌ڕژدی له‌باره‌یه‌وه‌ بدوێم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نا نه‌توانم بیخوێنمه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی هونه‌رییانه‌ی كاره‌كانی ئه‌سته‌م بێ، بگره‌ ترسێك بووه‌ له‌ ململانه‌ی نه‌وه‌كان، بێگومان من و ئه‌و له‌ بیركردنه‌وه‌دا جیاوازین، كه‌واته‌ له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانیشدا جیاواز ده‌بین، بمانه‌وێ یان نا، هیچ نه‌وه‌یه‌ك به‌ئاسان بۆچوونی نه‌وه‌ی پاشتری پێ هه‌رس ناكرێ، واته‌ هه‌ر نه‌وه‌یه‌ك خۆی به‌مامۆستای نه‌وه‌ی پاشتر ده‌بینێ و پێی وایه‌ هه‌ر ده‌ستكاریكردنێك شێواندنی كاره‌كانی نه‌وه‌ی پێش خۆیه‌تی، ئه‌مه‌یه‌ وام لێ ده‌كات نه‌وێرم به‌ئاسان ده‌ست بۆ كاره‌كانی مامۆستا درێژ بكه‌م، لانیكه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و یه‌ك له‌ كه‌سایه‌تییه‌ جوانه‌كانه‌، بۆ ئێمه‌یش هه‌میشه‌ به‌زیندوویی ماوه‌ته‌وه‌، زیندوویی ته‌مه‌ن ناڵێم، زیندوویی كاره‌كانی، ئه‌مه‌ وێڕای جیاوازییه‌كانیش، بۆیه‌ ئه‌سته‌مه‌ ئێمه‌مانان به‌رگه‌ی ڕه‌نجانی ئه‌و زاته‌ بگرین.. له‌به‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌، ئه‌وه‌ی پێمان ده‌كرێ ته‌نیا قسه‌كردنه‌ له‌سه‌ر ئه‌و شۆڕشه‌ی له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا كردیان.
مامۆستا قه‌ره‌داغی جیا له‌ جۆره‌كانی موزیك و میلۆدی و كاركردن له‌سه‌ر چه‌ند ستایلێك و كاره‌ هاڕمۆنیكییه‌كان و ئامێره‌ ڕۆژئاواییه‌كان و ئاوێته‌كردنیان له‌گه‌ڵ ئامێری میللی و ڕه‌سه‌ن كه‌ پێشتر پێیان ئاشنا نه‌بووین، زۆر شتی دیكه‌ی فێری هونه‌رمه‌ندان كرد، به‌تایبه‌تی له‌ڕووی به‌های ته‌واوی ئامێره‌ موزیكییه‌كان، زۆر بوون ئه‌وانه‌ی ژه‌نینی هه‌ندێك له‌ ئامێره‌ موزیكییه‌كانیان به‌سست وه‌رده‌گرت، یان پێیان وابووه‌ ژه‌نینی هه‌ندێك ئامێر پێویستی به‌هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ نییه‌، زیندووترین نموونه‌ ئامێره‌ ڕیتمییه‌كانه‌، كه‌چی ئه‌و وێڕای ئه‌وه‌ی له‌ ناودارترین كه‌مانچه‌ژه‌نه‌كانی كوردستان بووه‌، هاوكات له‌ گۆرانیدا بینیومانه‌ “ده‌هۆڵ-مه‌یته‌ر” ده‌ژه‌نێت، یان گه‌مه‌ی هونه‌ری له‌گه‌ڵ “ساز و تار”دا ده‌كات، من دڵنیام هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ له‌و ئاهه‌نگ یان كۆنسێرته‌یاندا ژه‌نیاری ڕیتمیان نه‌بووبێ، چونكه‌ تیپی سلێمانی هه‌میشه‌ له‌ تیپه‌ كامڵه‌كان بووه‌ له‌ ڕووی ژه‌نیارانیه‌وه‌، بگره‌ له‌وێدا مامۆستا قه‌ره‌داغی ویستوویه‌تی به‌به‌های ئه‌و ئامێرانه‌مان ئاشنا بكات.. له‌بیرمه‌ تازه‌ هاتبوومه‌ كۆڕی هونه‌ری و منگه‌منگی گۆرانیم ده‌ست پێ ده‌كرد كه‌ مامۆستا قه‌ره‌داغی له‌ هونه‌رمه‌نده‌ ناوداره‌كانی كوردستان بوو، كاتێكیش وه‌ك ژه‌نیاری “ده‌هۆڵ” بینیمان، به‌ئاسانی هه‌رسمان كرد و بایه‌خ و به‌های ئه‌و ئامێره‌مان بۆ ده‌ركه‌وت كه‌ پێشتر بێ بایه‌خمان كردبوو.
دیوێكی تری جوانییه‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ هه‌ڵسوكه‌وتی بووه‌ له‌ بژارده‌كانیدا، مه‌به‌ستم بژارده‌ی ده‌نگه‌كانه‌، ده‌گمه‌نن ئه‌و دانه‌رانه‌ی میلۆدی به‌و شێوه‌یه‌ دركیان به‌دیوه‌ شاراوه‌كانی ده‌نگه‌كان كردبێ ئه‌وه‌نده‌ی مامۆستا قه‌ره‌داغی دركی پێ كردوون، یان ئاشكرای كردوون، زیندووترین به‌ڵگه‌مان ئه‌وه‌یه‌ یه‌ك هونه‌رمه‌ند نابینین ئه‌و كاری بۆ كردبێ و نه‌بووبێته‌ ده‌نگه‌ ناوداره‌كانی كورد له‌ گۆرانیدا، بێگومان ده‌یان نموونه‌مان له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌ به‌رده‌ستن، زۆربه‌ی گۆرانیبێژه‌ ناوداره‌كانی نه‌وه‌ی پێشتر، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ن ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی كاری بۆ كردوون، یان لانی كه‌م له‌ قوتابییه‌كانی تیپی سلێمانی بوون، به‌ڵام ده‌كرێ نزیكترین نموونه‌ له‌ ده‌نگی (دڵنیا قه‌ره‌داغی) وه‌ربگرین، دڵنیا به‌گۆرانیی “ئه‌ی یاران” خۆی به‌ئێمه‌ ناساند، خاوه‌نی میلۆدییه‌كه‌ی ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی بوو، له‌ دوای ئه‌و گۆرانییه‌وه‌ دڵنیا ده‌یان گۆرانیی تری له‌ ئه‌لبوومه‌كانیدا تۆمار و بڵاو كرده‌وه‌، بێگومان كاری باشیشی كردووه‌، به‌ڵام تا ئه‌م ده‌مه‌یش هه‌ر به‌گۆرانیی “ئه‌ی یاران” ده‌ناسرێته‌وه‌، هۆكاره‌كه‌ی ته‌نیا میلۆدییه‌كه‌ی مامۆستا نییه‌، بگره‌ هۆكاری سه‌ره‌كی بۆ دۆزینه‌وه‌ و ئاشكراكردنی ئه‌و ده‌نگه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.. ئه‌وه‌ش ڕاسته‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ی له‌ نه‌وه‌ی پێشتردا مامۆستا قه‌ره‌داغی كاری بۆ كردوون له‌ ده‌نگه‌ به‌تواناكانی گۆرانی بوون، به‌ڵام ده‌نگی به‌توانا به‌ته‌نیا ناتوانێ داهێنان له‌ ئه‌داكردنی گۆرانیدا بكات، یان لانیكه‌م مه‌رج نییه‌ بتوانێ هه‌موو لایه‌نه‌ شاراوه‌كانی ئه‌و توانایه‌ بدۆزێته‌وه‌، چونكه‌ زۆربه‌ی ئه‌و گۆرانیبێژانه‌ له‌ ئاستێكی ڕۆشنبیریی موزیكیی ئه‌وتۆدا نه‌بوون بێ یارمه‌تیی كه‌سی تر، خۆیان بتوانن داهێنان له‌ ده‌نگدا بكه‌ن، بێگومان به‌ده‌نگه‌ میللییه‌كانیشه‌وه‌، نموونه‌یان (كه‌ریم خه‌مزه‌یی و محه‌مه‌د ئیبراهیم عه‌بدول-حه‌مه‌ قوتوو)، واته‌ قه‌ره‌داغی له‌ به‌كاربردنی ده‌نگه‌كاندا باشوه‌ستایه‌كی كارامه‌ بووه‌، له‌ نێویاندا (ئیبراهیم خه‌یات- حه‌سه‌ن گه‌رمیانی- عوسمان عه‌لی- عه‌باس محه‌مه‌د (وه‌ی وه‌ی)- ئه‌سعه‌د قه‌ره‌داغی) و زۆربه‌ی ئه‌وانی تر.
من نامه‌وێ ته‌نیا له‌ به‌شانوباڵ هه‌ڵداندا بمێنمه‌وه‌، پێشم وانییه‌ مامۆستا پێویستی به‌شانوباڵ هه‌ڵدان بێ، به‌ڵام وێڕای ئه‌وه‌ی خۆی گۆرانیبێژ نه‌بووه‌، كه‌چی خاوه‌نی ده‌نگێكی هه‌رچه‌ندی بڵێی ساز و ناوازه‌یه‌، ده‌نگی ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی له‌ ئه‌داكردن و هاوكات سروشتی ده‌نگه‌كه‌یشی، ده‌كرێ به‌ده‌نگه‌ نامۆكان له‌ گۆرانیدا هه‌ژماری بكه‌ین، نامۆ به‌و واتایه‌ی له‌ هه‌موو ده‌نگه‌كانی دیكه‌ جیا ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات هه‌ر گۆرانییه‌ك بڵێته‌وه‌، ده‌بێته‌ گۆرانیی تایبه‌تمه‌ند و ناچێته‌وه‌ سه‌ر هیچ ڕێچكه‌ و ڕێبازێك جگه‌ له‌ خۆی، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بیویستایه‌ وه‌گ گۆرانیبێژ خۆی بنوێنێ، بۆ ئه‌و چ ئه‌سته‌مییه‌كی نه‌ده‌هاته‌ پێش، كه‌چی نه‌یكرد، ئه‌و خۆ له‌قه‌ره‌نه‌دانه‌ی گۆرانی له‌لایه‌ن ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی و پێوه‌ستبوونی به‌موزیك و میلۆدییه‌وه‌، ته‌نیا بایه‌خدان به‌پسپۆڕیه‌تی ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و ویستوویه‌تی له‌ بوارێكدا داهێنان بكا كه‌ هونه‌ری كوردی پێویستی پێیه‌تی، پسپۆڕیه‌تیش خاڵی هه‌ره‌ گرنگی هه‌ر بوارێكه‌ تا له‌ داهێنانه‌كانت نزیك بكاته‌وه‌.
زێده‌ڕۆیی ناكه‌م ئه‌گه‌ر بڵێم زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ئێستایش له‌م بواره‌ هونه‌رییه‌دا كاری باش ده‌كه‌ن، قه‌رزداری مامۆستان و ده‌هێنێ ئه‌مه‌كداریی به‌رامبه‌ر بنوێنن، جیا له‌وه‌ی له‌ په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كاندا مامۆستای هه‌ندێكیان بووه‌، چونكه‌ قه‌رزدارییه‌كه‌ له‌و شوێنه‌دا نییه‌، بگره‌ بوێریی ده‌ستبردن بۆ كاره‌ ناوازه‌كان و داهێنانه‌ نوێیه‌كان له‌ ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغییه‌وه‌ ده‌ستیان پێ كرد، واته‌ ئه‌و هۆكارێك بووه‌ بۆ بوێریی زۆری تر نه‌ك ته‌نیا له‌ نه‌وه‌كه‌ی خۆی، بگره‌ بۆ نه‌وه‌ی پاشتریش، ئه‌دی خۆ بوێری ده‌روازه‌ی یه‌كه‌می دروستكردنی داهێنانه‌كانه‌، هه‌رچه‌ندی شاره‌زا بیت له‌ هه‌ر بوارێكدا، به‌بێ بوێری داهێنانت پێ ناكرێت.. قه‌ره‌داغی نه‌وه‌ی خۆی و ئه‌وانی دواتریشی فێری ده‌ستبردن بۆ كاره‌ ئه‌سته‌مه‌كان كرد.
لێره‌وه‌ به‌بێ هه‌ڵسه‌نگاندنی كاره‌ هونه‌رییه‌كانی به‌پێی قۆناغه‌كه‌ی خۆی نه‌ك ئێستا، بوێریی ئه‌وه‌م تێدایه‌ ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی به‌ئه‌فسانه‌یه‌ك له‌ هونه‌ری موزیك و میلۆدی و گۆرانیی كوردیی نه‌وه‌ی پێشتر بچوێنم كه‌ ده‌هێنێ پێی شاناز بین.

وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.