Skip to Content

Tuesday, July 16th, 2024
پێویستیەکانی پەروەردەی تایبەت …عەلی شێرخان

پێویستیەکانی پەروەردەی تایبەت …عەلی شێرخان

Closed
by January 24, 2012 گشتی

 

چەمکی پێویستیەکانی پەرەوەردەی تایبەت لە داینامیکی  پرۆسەی  پەروەردەو پێشکەوتن و گەشەی مندالدا بایەخ وگرنگی تایبەتی خۆی هەیە. ئەوروپا بەو پێیەی کە پرۆسەی پەروەردەو فێرکردن یەکێکە لە سەرەکیترین دەزگاکانی پێشکەوتنی وولات وە خاوەنی ئەزمونی لێکۆلینەوەی زۆرن لەم بوارەدا  ئەم چەمکە زۆر بەهەند وەردەگیرێت، دەزگاکانی پەروەردە هەر وولاتێك بە گشتی و هەر قوتانخانەیەك بەتایبەتی  پەیرەو پرۆگرامی ناوخۆیان خۆیان هەیە بۆ   فێربوون و پێشکەوتن. بەشێوەیەکی گشتی پێویستیەکانی پەرەوەردەی تایبەت مانای یارمەتیدان و هاریکاری  ئەو مندالانەیە کە گیروگرفتی  جیاوازی فێربوون و پێشکەوتنیان هەیە بە بەراورد بە مندالەکانی هاوتەمەنیان، مندالەکان لە هەر قۆناخێکی تەمەنیاندا  جۆریکی جیاوازی گیروگرفتیان فێربونیان  هەیە بۆ ئەم مەبەستە ئەبێت یەکەم جار هەولی ئەوە بدرێت شیکاری تەواو بۆ دەستنیشانی گیروگرفتی مندالەکە  بکرێت بۆئەوەی بەپێیی پێویستیاتی مندالەکان  پلانەکانمان داڕێژین، ئەمەش بەپشت بەستن بەو زانیارانەی کە مامۆستای مندالەکە و خێزان و وە ئەو لایەنانەی تر کە پەیوەندی بە پرۆسەی پەروەردەو فێربوونی مندالەکەوە هەیە.ئەم پرۆسەی شیکارییە یارمەتی ئەوەمان دەدات بۆ ئەوەی بزانین گیروگرفتی مندالەکە  چییەو چۆن ولە چی جێگایەك و چی کاتێك و وە بە چی شێوەیەك یارمەتی بدرێت.  مندالەکان  ئەگەر لە هەمان ئاستی تەمەنیشدا بن  ئاستی فێربون و  پێشکەوتنیان  جیاوازە لە مندالەکانی تر ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ جیاوازی ئەوناوەندەی کە مندالەکەی تێدا  گەورەبوە بۆ نمونە  شێوازی  پەروەردەی خێزان، قوتابخانە وە جیاوازی هەموو ئەو لایەنانەی کە کاریگەری هەیە لەسەر فێربوون و گەشەی منداڵ. لەبەرئەوەی گیروگرفتی فێربوون و پێشکەوتنی هەموو مندلەکان جیاوازە لەیەکتر ئەو هاریکاری و یارمەتییەی کە بۆ منداڵێك گونجاو پێویستە پێدەچێت بۆ منداڵێکی تر گونجاو نەبێت.
بەشێوەیەکی گشتی نمونەی ئەوگیروگرفتانەی کە مندالەکان  پیدەچێت هەیان یێت لە کاتی پرۆسەی پەروەردەدا و فێربوندا نەتوانینی یان گرانی ئەنجامدانی کارەکانیانە لە پۆلدا، گرفتی نووسین و خوێندنەوە، تێنەگەیشتن لە ژمارەو زانیارییەکان، کەمی باوەربەخۆبوون بۆ دەربرینی بیروبۆچونی و تێگەشتن لە بیروبۆچوونی دەوروبەر، نەتوانینی دروستکردنی هاوڕێ و خۆ ڕێکخستن، گرفتی کەم ئەندامی و فیزیکی هەروەها گرفتی  چۆنیەتی هەلسوکەوتی لەگەڵ مندالانی دەوروبەردا. ئەو مندالانەی کە گرنگە پێویستیەکانی  پەروەردەی تایبەتیان بۆ دابینبکرێت لەماوەو کاتی پرۆسەی پەروەردەییاندا قوتابخانە باشترین و سەرەکیترین  دەزگایە بۆ یارمەتیدان و هاریکاریان. لە هەمانکاتدا هەندێك لە مندالەکان پێویستیان بە یارمەتی زۆر زیاتر هەیە لە ئەوانیتر  چونکە زۆر جار ئەو ستراتیج وماوەیە کە دادەنرێت  بۆ یارمەتیدانی مندالەکان پێدەچێت بەسنەبێت بۆ یارمەتیدانیان.لەم کاتەدا ئەبێت شێوازو تەکنیکی جیاوازترو کاتی زیاتر بەکاربهێنرێت، وە زۆر جار ئەبیت پەنا ببرێتە بەر کاسانی شارەزاو پرۆفیشناڵ تایبەت بە بواری پەروەردەو فێربوون بۆ نموونە(دەروونناسی پەروەردەیی، شارەزایانی بواری گەشەی منداڵ وە ئەولایەنانەی کە دەتوانن دەورییان هەبێت لەم بوارەدا). منداڵ لە هەر قۆناخێکی تەمەنیدا بەشێوەیەکی  جیاواز گەشەدەکات و شت فێردەبیت، لەم کاتەدا مامۆستا بۆ ئەوەی کەشوهەوایەکی فێربونی دۆستانە بۆ هەموو لایەك  وەکویەك فەرام بکات وە پێویستە  پلانی وانەوتنەوەی جۆراوجۆری هەبێت و زۆر هۆشیار وورد بینبێت لە هەڵبژاردنی ستراتیجی وانەوتنەوەی گونجاو لەبار و ئەو چلاکیانەی کە گونجاوو لەبارە لەگەڵ ئاست وتەمەنی مندالدا. چالاکیە جۆراوجۆرەکانی ناوپۆڵ زیاتر یارمەتیدەرە بۆ ئەو مندالانەی کە گرفتی پێشکەوتنیان هەیە، ئەمە جگەلەوەی ئەبێت کەسێك تەرخان بکرێت بۆ یارمەتیدانی  ئەو مندالەی کە پێویستی بە پەروەردەی تایبەتە(بۆ نمونە مامۆستای یاریدەدەر) چی لە پۆڵدا بێت یان دەرەوەی پۆڵ. پەروەردە لە سەراتاکانی تەمەنی منداڵ زۆر زۆر گرنگە، هەموو گەشەی دەروونی و کۆمەلایەتی وبیرکردنەوەو فێربون و پێشکەوتنی منداڵ لە داهاتودا پەیوەندیەکی راستەخۆی بەو پەروەردە و دەوروبەرەوە  هەیە کە بۆ مندالەکە دابینکراوە  لە سالە سەرەتاییەکانی تەمەنی  پەروەردەییدا، بێگومان بۆ چالاککردنی سیستەمی پەروەردەوفێرکردن و کەمکردنەوەی ڕێژەی ئەو کەسانەی  گرفتی فێربون و پێشکەوتنیان هەیە زۆر گرنگە سەرەتاکانی تەمەنی منداڵ بایەخی تایبەتی  پێبدرێت و بەهەند وەربگیرێت. ئەم زانیاریانە ئەوەمان دەردەخات ک مندالەکان سەرەرای هاوتەمەنیان ئاستی پێشکەوتنیان  لە پرۆسەی پەروەردەدا وەك یەك نیە، هەندێکیان زۆرباش، هەندێك باش، هەندێك هێواش‌
 هەندێك خڕاپ پێشدەکەون،  لە ولاتێکی وەکو بریتانیا وەزارەتی پەروەردە بەگشتی و دەسەلاتە پەروەردەییە لۆکالیەکان و قوتابخانەکان بەتایبەتی  پەیرەو پرۆگرامی پەروەردەیی تایبەتی خۆیان هەیە بۆ یارمەتی ئەو مندالانەی کە گرفتی فێربون و پێشکەوتنیان هەیە. ئەزمونی گەلانی پێشکەوتو ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە لە پێناو هەبوونی سیستەمێکی پەرەوەردەی سەرکەوتوو هاوچەرخ و دەستەبەرکردن ماف وهەلی فێربونی گونجاو بۆ هەموو لایەك، پێویستە هەموو مندالەکان بەهەند وەربگیرێن  و قوتابخانەکان و دەزگاکانی پەروەردە پلانی تایبەت بە خۆیان هەبێت بۆ یارمەتیدانی ئەو مندالانەی کە گرفتی فێربون و پێشکەوتنیان هەیە.
سەرچاوە:
Department for Education. (2011)Special Education Needs (SEN). [Online] http://www.education.gov.uk/schools/pupilsupport/sen
[Accessed on 15 December 2011]

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.