1994 …… ڕێبین ئه‌حمه‌د خدر
هه‌ركات ده‌نووسم، له‌و دیو ده‌رگای داخراوه‌وه ده‌نگی گریانی كچه‌كه‌م ده‌بیستم.
گریانه‌كه‌ی ژنانه‌یه، به‌ڵام هێشتا پاشماوه‌ی هه‌ناسه‌كانی منداڵی تێدا ماون، تایبه‌ت ئه‌وكاته‌ی ده‌وه‌ستێ و به‌گوڕتر ده‌ست پێده‌كاته‌وه.
قه‌ڵه‌مه‌كه‌م توند توند به‌سه‌ر كاغه‌زدا دێنم و ده‌به‌م، وه‌ك ئه‌وه‌ی بمه‌وێ ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره ده‌ینووسم بۆ هه‌زار ساڵی تر بمێنێته‌وه.به چاوێكی خۆشحاڵیش ده‌ڕوانمه ئه‌و باڵنده‌یه‌ی له‌سه‌ر لقی داره زهردههڵگهڕاوهكه نیشتۆته‌وه.ده‌ڵێم هیچكات باڵنده‌ی ئاوام نه‌دیوه، بیرم بۆ ئه‌وه ده‌چێت مام سه‌فا ته‌نها خۆی ئه‌م باڵنده‌یه بناسێت…شتێك له شێوه‌ی چۆله‌كه، به‌ڵام كه‌لله‌سه‌ری له هی تاوس ده‌چێت..ده‌نگێكی سه‌یریشی لێوه‌دێت.گه‌ر باڵنده به به‌رچاوی منه‌وه نهیخوێندبووایه و له شوێنێكی تر ته‌نها ده‌نگه‌كه‌یم بیستایه، ده‌مگوت ده‌نگی مریشك یان هی هه‌ر په‌له‌وه‌رێكی تره!چۆن شتێك بفڕێت ده‌نگێكی ئاوا ناسازی ده‌بێـت!
قه‌ڵه‌مه‌كه‌م توندتر ده‌كه‌م و سه‌روسیمایه‌كی ناشیرن دێته به‌ر په‌نجه‌ره.كورته‌بنه‌یه‌كی سه‌ر گه‌وره كه هه‌ردوو چاوه‌كانی بهقوڵداچوون، ده‌ستی چه‌په‌ی به په‌نجه‌ره‌وه ده‌نێت و پێده‌كه‌نێت.جامانهیهكیش له ملیدا – سه‌رێكی ڕووتاوه و دوو دانی ڕه‌ش له ده‌مدا.ڕووی وه‌رده‌گێڕێت و به شێوه‌ی ئه‌كته‌رێك كه چه‌ندین جار ئه‌و ڕۆڵه‌ی گێڕابێت، ده‌ڕوانێته باڵنده‌ی سه‌ر لقه‌كه و ده‌سته‌كانی به‌رز ده‌كاته‌وه و به ده‌نگێگی گه‌وره پێده‌كه‌نێت.
پیاوی كورته‌بنه و سه‌روسیما ناشیرین مام سه‌فای خاوه‌ن خانووه.بێ هیچ دوو دڵییه‌ك له ده‌رگاوه ده‌رده‌كه‌وێـت و دێته ژووره‌وه.
ده‌نگی گریانه‌كه ده‌بیستێ.
“دووباره ئه‌و كچه ده‌گری، های های، دووباره”.
“به‌ڵێ وه‌ك هه‌میشه” من ئه‌وه ده‌ڵێم و ناشمه‌وێ به‌هۆی ئه‌وه‌وه ده‌سبه‌رداری نووسین بم.
سه‌یری سه‌ر مێزه‌كه‌ی من ده‌كات.كتێبێك هه‌ڵده‌گرێ.
“خوێندهوارنیم، به‌ڵام به‌رگه‌كه‌ی جوانه! ده‌ی باسی چی بوو؟”
من ده‌ڵێم ” باسی هیچ”.
بۆ تاوێك ده‌نگی گریانه‌كه ده‌وه‌ستێ، وه‌ك ئه‌وه‌ی كچه‌كه‌م ئاگاداری ئه‌وه‌بێت یه‌كێكی تر له ماڵه‌كه‌دایه.
” بوو به چه‌ند ڕۆژ؟”مام سه‌فا ده‌پرسێ.
من ئاره‌زووی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هیچم نییه، به‌تایبه‌ت ئه‌و وه‌ڵامانه‌ی كه ده‌كرێ كابرا بۆخۆیشی به چركه‌یه‌ك بیرلێكردنه‌وه پێیان بگات – به‌ڵام هه‌مووی بۆ درێژكردنه‌وه‌ی گفتوگۆیه.
“هه‌شت ڕۆژ”
له‌سه‌ر كورسییه‌كی دارین داده‌نیشێ و هه‌وڵده‌دات كه‌مێك خۆی ڕێك و پێك نیشان بدات، به‌ڵام من وای داده‌نێم ئه‌م پیاوه هیچ شتێك پۆشته و ڕێك و پێكی ناكات.
” هه‌شت ڕۆژ،هه‌شت ڕۆژه لێره‌ی! تۆ سه‌ره‌تا گوتت ڕه‌نگه دووسێ ڕۆژ – هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پاره‌كه‌ت دواخست، كه‌واته ئه‌م پاره‌یه كه‌ی ده‌درێت و كه‌ی به‌ته‌مای چۆڵی بكه‌ی؟.”.
من قهڵهكهم داده‌نێم.
“هه‌ركات چۆڵم كرد، پێت ڕاده‌گه‌یه‌نم و پاره‌كه‌ت ده‌ده‌مێ!”.
ددانه ڕه‌شه‌كانی ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌وه ئه‌وكاته‌یه كه پێده‌كه‌نێ.
” چۆن باوه‌ڕت پێبكه‌م؟”
ڕقم هه‌ڵده‌ستێ ئاره‌زووی ئه‌وه ده‌كه‌م، بیده‌مه به‌ر شه‌ق، ئینجا به ته‌نها مستێكی به‌هێزیش هه‌ر دوو ددانه ڕه‌شه‌كانی بشكێنم.
بۆ لای كانتۆره‌كه ده‌چم و ئه‌و دووباره ده‌ڕوانێته باڵنده‌ی سه‌ر لقه‌كه و هه‌ستده‌كه‌م به چاوێكی شاراوه‌ش چاودێری من ده‌كات.جانتایه‌كی بچكۆله ده‌پشكنم و پاره ده‌ژمێرم.
“ئه‌وه‌تا، ئه‌وه‌تا – بیگره هه‌موویه‌تی، هی چوار ڕۆژی تریشه”.
كاتێ پاره‌كه ده‌بینێت شاگه‌شكه ده‌بێت و له‌سه‌ر كورسییه‌كه هه‌ڵده‌ستێ.ئینجا ده‌ستده‌كات به ژماردنی.به ده‌نگێكی ناخۆش (یه‌ك، ئه‌وه یه‌ك، دوو، ئه‌وه دوو، سێ، ئه‌وه سێ..) درێژه به پاره ژماردنه‌كه ده‌دات.
“ته‌واوه، زۆر ته‌واوه، ئێستا ئیتر ماڵه‌كه تا چوار ڕۆژی تریش هی تۆیه، به‌ڵام..”
نامه‌وێـت چیتر قسه بكات.
“به‌ڵام چی؟”
خه‌مێك باڵ به‌سه‌ر سیمای‌دا ده‌كێشێت.
“هێشتا من نازانم تۆ بۆچی لێره‌یت؟ ناشزانم بۆچی به ته‌نها خۆت و كچه‌كه‌ت..بۆچیش به‌رده‌وام ئه‌و كچه خه‌ریكی شیوه‌نه؟ جارێكی تریش كه پرسیم باسه‌كه‌ت گۆڕی..”.
به ئاسته‌م ده‌نگی گریانی كچه‌كه‌م دێت.
” تۆ هه‌ر خانووت به كرێ پێنه‌داوم، به‌ڵكو چاكه‌شت له‌گه‌ڵ كردووم وایه؟”
مام سه‌فا، بێزارانه ده‌رده‌كه‌وێت و قاچه‌كانی ده‌جوڵێنێت و – قسه ده‌كات.
“چاكه‌ی من ئه‌وه‌یه كه هاتنی تۆ بۆ ئێره به نهێنی بهێڵمه‌وه و به كه‌سی نه‌ڵێم به تایبه‌ت به كه‌سانێك كه سۆراخی تۆ ده‌كه‌ن!ئه‌مه چاكه‌ی منه، هه‌روه‌ها نابێ باسی ئه‌وه‌ش لای كه‌س بكه‌م كه ڕۆژی دووه‌م كاتێ ئه‌و كچه‌ت هێنا به زۆر له خانووه‌كه‌دا نیشته‌جێت كرد، نیشته‌جێت كرد و دهرگاشت له‌سه‌ر داخست..ئه‌ویش له‌و دیو ده‌رگاوه هاواریده‌كرد باوكه بیكه‌وه – ده‌ست له‌و یارییانه هه‌ڵگره باوكه!من ئه‌وانه‌م به نهێنی ڕاگرتوون!ئه‌وه چاكه‌ی منه!”.
ده‌ڕوانمه باڵداری سه‌ر لقه‌كه و پێده‌كه‌نم.
“ئه‌مه گه‌وره‌ترین چاكه‌یه كه تا ئێستا له‌گه‌ڵم كرابێت، تۆ گه‌وره‌ترین چاكه‌ت له‌گه‌ڵ كردووم”.
مام سه‌فا له‌سه‌ر كورسییه‌كه خۆی ناگرێت، ههڵدهستێـت و داده‌نیشێته‌وه.
“من ئه‌وه‌م بۆ خوا كرد، به ئومێدی ئه‌وه‌ی خراپ نهكهوێـتهوه.”.
باڵنده‌كه ده‌خوێنێت.
مام سه‌فا شاگه‌شكه ده‌بێت.
” به‌ڕاست هه‌ر ده‌مویست بپرسم به‌و باڵنده‌یه ناوی چییه؟”
پیاوی كورته بنه به‌م پرسیاره ڕه‌نگی ده‌گۆڕێت، قووڵ ده‌ڕوانێته ناو چاوه‌كانم.
“باڵنده‌كه ناوی نه‌سرینه!”
وه‌ڵامێكی گێلانهبوو، بزه‌یه‌كم كرد، به‌ڵام نه‌یهێشت به‌ره‌و زیاتر بڕوات.
“به‌ڵێ ناوی نه‌سرینه، ده‌زانم تۆش هیچكات باڵنده‌یه‌كی به‌م شێوه‌یه‌ت نه‌دیوه.ئه‌وه دوای مردنی خێزانه‌كه‌م له‌م ماڵه‌دا زیادبووه.هه‌رگیز باڵنده‌ی ئاوا به‌ر له مردنی ئه‌و له‌و ماڵه و له هیچ شوێنێكی تریشدا نه‌بووه.هه‌ر چه‌ند ڕۆژێك دوای مردنی ده‌ركه‌وت و له‌سه‌ر داره‌كه نیشته‌وه.به‌و هۆیه‌وه من ڕۆژانه ده‌بێت سه‌ردانی ئه‌م خانووه بكه‌م، كه دهشیدهم به كرێ پێ به جه‌رگی خۆمه‌وه ده‌نێم..ئه‌و باڵنده‌یه گیانی نه‌سرینی ژنم نا..به‌ڵكو نه‌سرین خۆیه‌تی..خۆیه‌تی..هه‌ر به‌ڕاست پێ له جهرگنانه، خانووێك به كرێ بده‌ی ژنه‌كه‌یشت له خانووهكهدابێت..من ده‌ڵێم ئه‌و به‌م به كرێدانه ڕازی نییه و به‌رده‌وام ده‌بۆڵێنێ ..تۆش یه‌كه‌م كرێچی..سه‌یریكه..سه‌یریكه..ئه‌وه‌تا دووباره ده‌بۆڵێنێ..”.
گریان له هه‌ناومه‌وه هات و ڕژایه چاوه‌كانمه‌وه.
قه‌ڵه‌مه‌كه‌م جوڵاند و نووسیم : باڵنده‌ی نه‌سرین.به ته‌نیشتیشییه‌وه وێنه‌یه‌كی ساده و ساكارم كێشا، هێما بوو بۆ مام سه‌فا.
كاتێ له وێنه‌كه بوومه‌وه…ئه‌و له‌وێ نه‌مابوو، به‌ڵام باڵنده‌كه هه‌ر به‌سه‌ر لقه‌كه‌وه ده‌یخوێند.
ده‌نگی گریانی كچه‌كه‌شم دووباره ده‌ستی پێده‌كرده‌وه.
سه‌رم خسته سه‌ر مێزه‌كه و بۆ تاوێك بیرم له مام سه‌فا و نه‌سرین كرده‌وه.وێنه‌ی ئه‌وانم له خانووه‌كه‌دا هێنایه به‌رچاو، دوو كه‌سی به‌خته‌وه‌ربوون..نه‌سرین ئێواران له‌ناو حه‌وشه‌كه‌دا ده‌خولایه‌وه و هه‌وایه‌كی ئارامی هه‌ڵده‌مژی، ئینجا له‌ژێر دارهكهشدا نزای ده‌كرد..نزای ده‌كرد گه‌ر به پیرییش بێت منداڵێكی ببێت..نزای ده‌كرد نه‌مرێت تاوه‌كو ده‌بێت به دایك.مام سهفایش له سه‌ر به‌رماڵه‌كه هه‌مان ئه‌و نزایانه‌ی ده‌كردن..به‌ڵام..
به‌ڵام..
به‌ڵام..لێره‌وه چیتر توانای وێنه‌كردنی ئه‌و ژن و مێرده‌م نامێنێت و چیڕۆكهكهیان – كه خۆم بۆم درووستكردوون دهیپچڕێنم.
ده‌نگه ده‌نگێك دێت.
ده‌نگی كچه‌كه‌مه.قه‌ڵه‌مه‌كه داده‌نێم و به هه‌ڵه‌داوان ده‌ڕۆمه لای ده‌رگاكه.
“باوكه، باوكه”
وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه “گیان، گیان..مه‌ڵێ باوكه..مه‌ڵێ..”
“باوكه، باوكه…هه‌رده‌ڵێم باوكه..”
دڵم توند ده‌بێت و سه‌رم گێژ ده‌خوات.
“باشه، چیت ده‌وێـت؟”
كچه‌كه‌م (كه من هیچكات به‌خۆی ناڵێم كچكه‌م) كه‌مێك به نازه‌وه ده‌ڵێت ” خۆشمده‌وێی باوكه”.
كاتێ ئه‌مه ده‌ڵێت ڕادهچڵهكێم و توند ده‌ستم به ده‌سكی ده‌رگاكه‌وه ده‌گرم تا به‌رنه‌بمه‌وه.
” بێ باوكه بیڵێ، بیڵێ شه‌پۆل – هه‌مان شت دووپاتبكهوه بێ ئه‌وه‌ی باوكه بڵێی”
دووباره ده‌گری.
” تۆ تێكچوویت باوكه، تێكچوویت”.
دووباره ده‌ڕۆمه‌وه لای مێزه‌كه.بۆ ئه‌وه‌ی به ئاره‌زووه‌وه درێژه به نووسین بده‌م قه‌ڵه‌مێكی تر له‌ژێر مێزه‌كه له‌ناو كارتۆنێكی بچووك ده‌رده‌هێنم..ئه‌مجاره به “شین” ده‌نووسم.
ده‌مه‌وێ بنووسم دوای فڕاندنی كچه‌كه‌م – دایكی چی به‌سه‌رهاتووه؟ ده‌مه‌وێ له‌باره‌ی ئه‌م شتانه‌وه بنووسم، به‌ڵام ڕسته‌یه‌ك ته‌واو ناكه‌م و قه‌ڵه‌مه‌كه داده‌نێم..ئینجا ده‌ست ده‌كه‌م به بیركردنه‌وه.
به‌ڵێ – دایكی كچه‌كه‌م، ئه‌و ژنه‌ی لێی جیابوومه‌وه – بێ ئه‌وه‌ی هیچكات ئه‌و بۆ من بووبێته مایه‌ی كێشه و ناخۆشی.ئه‌وه‌ی وایكرد جیاببینه‌وه هه‌ر خۆم بووم.نه‌شمتوانی هیچ ڕێگایه‌ك بگرمه‌به‌ر جگه له‌و ڕێگایه‌ی كه خۆم به‌باشم ده‌زانی و ئه‌وانیتر به هه‌ڵه و خراپه.ئه‌وه‌بوو شووی كرده‌وه.شووی كرد به پیاوێكی قه‌ڵه‌و كه كاری به‌رگدووریی ده‌كرد.كچهكهیشمی له سه‌ره‌تاوه پێش شووكردنه‌وه برده لای خۆی.بڵاوی كرده‌وه كه من تێكچووم و ئازاری كچه‌كه‌م ده‌ده‌م.تاڕاده‌یه‌كیش ڕاست بوو، به‌ڵام ده‌ردی من ئه‌وه‌بوو كه‌س لێم تێنه‌ده‌گه‌یشت.دواتر كه كچه‌كه‌م گه‌وره‌بوو خۆی ئه‌وه‌ی ڕه‌تكرده‌وه له‌گه‌ڵ من بژی.ئه‌ویش هانی دا، دڵنیام هانی دا كه نه‌یه‌ت بۆ لای من و خۆی بدزێته‌وه.بیرمه پێی گوت “شه‌پۆل، باوكت جگه له كه‌سێكی خه‌یاڵپڵاو زیاتر هیچ نییه.تۆش ئه‌وه ده‌زانی، زۆر باش” شه‌پۆلیش گه‌وره‌بوو ده‌یتوانی ئه‌وه بڵێ كه خۆی ده‌یه‌وێت. به دایكی گوت “من لای ئه‌و نابم، به‌رده‌وام به جۆرێك سه‌یرم ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێت بمخوات!”.
ده‌نگی باڵنده‌ی سه‌ر لقه‌كه له‌و بیركردنه‌وانه رامدهچڵهكێنێ.
سه‌یر ده‌كه‌م، باڵنده‌كه ته‌ماشای منی كردووه.هه‌ست به ترس ده‌كه‌م و له‌سه‌ر كورسییه‌كه هه‌ڵده‌ستم.ده‌چمه لای ده‌رگاكه‌و له‌وێوه سه‌یری ده‌كه‌م، دیسانیش ته‌ماشام ده‌كات.
دێمه‌وه لای مێزه‌كه و خۆم شۆڕدهكهوه سه‌ر كاغه‌زه‌كان.باڵنده‌كه توندتر ده‌خوێنێ.سه‌ر هه‌ڵده‌بڕم و ده‌ستێك ڕاده‌وه‌شێنم تاوه‌كو هه‌ڵفڕێت، به‌ڵام له‌ناكاو ده‌نگێكی مرۆڤانه‌ی لێوه دێ.باوه‌ڕ به‌وه ناكه‌م..وای داده‌نێم ترساوم – یان هه‌ر به‌ڕاست تێكچووم.ڕادهكهمه لای ژووری كچه‌كه‌م و له ده‌رگا ده‌ده‌م، هه‌ستده‌كه‌م خه‌وتووه.ده‌نگی ژنانه‌ی باڵنده‌كه ده‌گاته ئه‌وێ.
“وه‌ره وه‌ره بۆ ڕاده‌كه‌ی پیاوی گه‌مژه؟!” باڵنده‌كه ئاوا با‌نگم ده‌كات.
ده‌چمه‌وه به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌كه، ئێستا ته‌واو خۆم ئاماده‌كردووه بۆ مردنێكی ڕه‌ش – ئه‌وه‌نده ترساوم قه‌ڵه‌مه‌كه له‌ده‌ستمدا شكاوه و ئاگام لێ نه‌بووه..هه‌ڵبه‌ته خۆم شكاندوومه.
“من نه‌سرینم، نه‌سرینم…له ماڵی مندا چی ده‌كه‌یت، چی ده‌كه‌یت؟ هاتووی كچه‌كه‌ت فڕاندووه و وه‌ك تاوانبارێك خۆت هه‌ڵداوه‌ته ناو ماڵه‌كه‌ی من؟” باڵنده‌كه ئاوا ده‌ڵێت.
من به شێواوی قسه‌ده‌كه‌م.
“به‌ڵام مام سه‌فا، مێردت، تۆ باڵنده‌ی!”
هه‌ستده‌كه‌م باڵنده‌كه گه‌وره‌تربووه.
“مام سهفایش وه‌ك تۆ گێژه، له هیچ نازانێ – وه‌ك تۆش تاوانباره.ئه‌م خانووه هی خۆمه، ئه‌و منی به‌و ده‌رده برد، ئه‌و مام سه‌فایه..ئه‌و ته‌ڕه‌ماشه و هیچ و پووچه كه تۆی بۆ چه‌ند دینارێك له‌و خانووه ئاخنیوه!”.
ناوێرم باش سه‌رم هه‌ڵبڕم، هه‌ستده‌كه‌م ته‌واوی ماڵه‌كه تاریكبووه.
“من ماڵهكهتم داگیر نه‌كردووه، كرێی خۆم ده‌ده‌م، تاوانباریش نییم”
باڵنده‌كه به‌م قسه‌یه‌م ده‌كه‌وێته باڵه‌فڕه و قاوقیژێك ده‌نێته‌وه.ئینجا هه‌ڵده‌نیشێته‌وه.
“تۆ و ئه‌و مام سه‌فایه هه‌ردووكتان تاوانبارن، هه‌ردووكتان – ئه‌ویش منی له‌پێناو ماڵ و پاره‌دا هه‌ڵدایه چاڵێكه‌وه، جا چاڵێكی دوور..ناوی لێنا مردن و گۆڕ..پرسه‌ی بۆ دانام و به فرمێسكی درۆینه‌وه پێشوازی له خه‌ڵك ده‌كرد.ده‌توانێ سێ ساڵ به پێ بڕوات بۆ یه‌ك دینار.ماڵه‌كه هی منه، هه‌موو شته‌كان هی منن..ئه‌و جگه له بكوژ و دزێك زیاتر هیچ نییه.شه‌یتانێكه له به‌ژنی پیاوێكی كورته‌بنه‌ی پیسدا.هه‌ر لێره له‌ناو ئه‌و ماڵه‌دا كوشتمی – له‌سه‌ر په‌یژه‌كان به‌توندی فڕێیدامه خواره‌وه..سه‌رم به‌ر زه‌وی كه‌وت و خۆمم نه‌بینییه‌وه..ئه‌وه‌تا بوومه‌ته باڵنده‌یه‌ك، به‌ڵام هه‌رگیز ماڵه‌كه‌م چۆڵ ناكه‌م ..هێلانه‌كه‌م”.
ئه‌مه ده‌ڵێت و به ده‌نگی به‌رز ده‌خوێنێ.
جه‌سته‌م ده‌له‌رزێ و له خۆوه خه‌ریكم قه‌ڵه‌مێكی تر له‌ناو كارتۆنه بچووكه‌كه ده‌ردێنم – ناتوانم هیچ بنووسم.
باڵنده ئیتر بێده‌نگ ده‌بێت.
واهه‌ستده‌كه‌م هه‌موو ئه‌و شتانه ترس و خه‌یاڵی خۆمن درووستیانكردوون.ده‌بێ باڵنده‌ش هه‌ر له خه‌یاڵی مندا قسه بكات!
ده‌ست بۆ مۆبایله‌كه‌م ده‌به‌م تاوه‌كو مام سه‌فا له‌م به‌زمه سامناكه ئاگاداربكه‌مه‌وه، به‌ڵام ههڵیناگرێ.زیاتر له بیست جار زه‌نگ لێده‌ده‌م،هیچ.
“ده‌بێ مام سه‌فا ئه‌وه بێت كه ئه‌م باڵنده – ئه‌م ژنه باسی ده‌كات؟” پرسیار له خۆم ده‌كه‌م و وهڵامێكیشم بۆی نییه.
به‌منیش ده‌ڵێ تاوانبار! باڵنده به من ده‌ڵێ تاوانبار.
هه‌موو شته‌كان سامناك ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌وه جگه له ڕووداوهكانیتر – من له سامناكیی و شۆكێكهوه به‌ره‌و سامناكی و شۆكێكی تر چووم، هه‌ر بۆیه واده‌زانم ئه‌وه‌ی من تیایدام ڕاستی نییه، خۆشیش نییه ئه‌مانه ڕاست بن.
له‌پڕ شه‌پۆلم بیردهكهوێـتهوه و له ده‌رگای ژووره‌كه‌ی ده‌ده‌م.
ده‌نگی دێت.
“باوكه تاكه‌ی زیندانییم ده‌كه‌ی؟ بۆ ناهێڵیت بڕۆمه ده‌ره‌وه؟ بۆ ژیانت لێ تاڵكردووم؟”
وه‌ڵام ناده‌مه‌وه.
ده‌زانم دووباره شه‌پۆل هه‌مان ئه‌و قسانه ده‌كات كه پێشووتر كردوونی.ئه‌وه‌نده ده‌زانم كه ناتوانم ئازادی بكه‌م و بهێڵم بڕوات..لێم ڕوونه له‌ده‌ستم ده‌ریده‌هێنن و هه‌رگیز نایبینمه‌وه..خۆ زۆریش نه‌مابوو دایكی ئه‌وه بكات، بیدات به‌و كوڕه شێت و شووره‌ی كه خۆی بۆ كردبوو به لاس، دڵنیام ئه‌و لاسه شۆڕه‌ش به دوای مندا ده‌گه‌ڕێت!
هێشتا ترسی باڵنده‌كه له دڵم ده‌رنه‌چووه، دێمه‌وه لای كورسیی و مێزه‌كه..شتێك له باره‌ی شه‌پۆله‌وه ده‌نووسم كه چه‌ندان جار به شێوه‌ی جیاواز نووسیومه تا به‌رگه‌ی بگرم و تێك نه‌چم، به‌ڵام كێ باوه‌ڕده‌كات؟
باڵنده‌ی سه‌ر لقه‌كه ڕاستده‌كات من تاوانبارم، ئه‌وه‌تا ڕاشمكردووه و خۆشم لێره‌دا حه‌شارداوه.كچه‌كه‌شم له‌گه‌ڵ خۆمدا هێناوه و كردوومه به زیندانیی – به‌رده‌وام چاودێری ده‌كه‌م و ناهێڵم له‌و ماڵه بڕواته ده‌ره‌وه.گه‌ر چركه‌یه‌ك بڕواته ده‌ره‌وه شێت ده‌بم و چیتر به‌رگه‌ی ناگرم، با حه‌زیش بكات له لای دایكی بێت – ئه‌مه پاساوێك نییه..ماوه‌یه‌كی زۆر لای دایكی بوو، لای ئه‌و پیاوه قهڵهوهش كه دایكی شووی پێكرد..دوای ئه‌وه‌ی له من جیابووه‌وه.خۆ گوتم پیاوه قه‌ڵه‌وه‌كه به‌رگدوور بوو.من نازانم چۆن توانی ئه‌وه‌نده به ئاسانی شوو بكاته‌وه؟ هێشتا له‌وه تێناگه‌م..به‌ڵام تاوانباریش نه‌بوو..هه‌مووی به‌هۆی سه‌رلێشێواوی من بوو، سه‌رلێشێوان نا – من سه‌رلێشێواو نیم شته‌كان خۆیان وا هاتن – به‌ته‌واویش هه‌موویان ڕاسته‌قینه‌بوون..بۆیه‌ش پێموایه ئه‌وه‌ی مرۆڤ شێت ده‌كات شتی سه‌یروسه‌مه‌ره نییه، به‌ڵكو شتانێك كه به‌ته‌واوی ڕاستن و حه‌زده‌كه‌ین وه‌ك سه‌یروسه‌مه‌ره بیانبینین، تاوه‌كو ئازارمان كه‌متر پێبگات.
شه‌پۆلی كچم (كه من هیچكات به خۆی ناڵێم كچم) هه‌شته‌مین ڕۆژه له‌گه‌ڵ مندایه و من فڕاندوومه.به‌رده‌وام ده‌گری و فرمێسك ده‌بارێنێ..خواردنیش زۆر كه‌م ده‌خوات زۆر زۆر كه‌م، من خه‌می ئه‌وه‌مه له برسان بمرێت و منیش به‌و هۆیه‌وه تیابچم..هه‌موو هه‌وڵێكم بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌و ئاسووده‌بێت، به‌ڵام ئاسووده‌یی بۆ منیش گرنگه گه‌ر یه‌ك چركه‌ش بێت له نزیك ئه‌ودا.
شه‌پۆل ساڵی 1994 له‌دایكبوو، له ڕۆژێكی یه‌كجار گه‌رمدا.ده‌نگی ته‌قه و تووقیش دنیای داگرتبوو.گه‌نمی ده‌وربه‌ری ئۆردوگا ئاوێته به ئاگرێكی دۆزه‌خیی دوكه‌ڵی ده‌رده‌دا، كه‌واته باشتره بڵێم دووكه‌ڵ ده‌ست به مایكێكه‌وه له‌سه‌ر ته‌خته‌ی ئاسمان گۆرانی ده‌گوت.دایكی به له دایكبوونی زۆر خۆشحاڵبوو، منیش هه‌روه‌ها.هه‌ردووكمان بۆ یه‌ك پێكه‌نین و ئاواتمان خواست ئه‌م منداڵه كه یه‌كه‌مین و دواهه‌مین منداڵی ئێمه‌بوو، ببێت به سه‌ره‌تایه‌كی جوان و ئاینده‌یه‌كی جوانتریش ( واش ده‌رنه‌چوو!) ڕۆژه‌كانی سه‌ره‌تا خزمان وه‌ك عاده‌تی هه‌میشه‌ییان بازنه‌یه‌كیان كێشا بۆ ناوههڵێنان و به‌ناوكردنی كچه‌كه‌مان، هه‌رچه‌نده ناویان ده‌گوتن من به پاساوی جیاواز جیاواز به ڕێزه‌وه ناوه‌كانم ڕهتدهكردنهوه.
شێتك له دڵمدابوو بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ناوه‌كان.
دوای هه‌فته‌یه‌ك ژنه‌كه‌م كه “نێرگز”ی ناو بوو، گوتی :
-با ناودێركردنهكه ئه‌وه‌نده دوانه‌كه‌وێت.
من زۆر به دڵنیاییه‌وه گوتم :
-نا، من خۆم ناوی لێده‌نێم.
پرسیاری كرد :
-چ ناوێك؟
وه‌ڵامم نه‌دایه‌وه.من ناوی “شه‌پۆل” م هه‌ڵبژاردبوو، به یادی “شه‌پۆل” دڵدارم – ئه‌و شه‌پۆله‌ی كه هه‌رگیزاو هه‌رگیز نه‌مبینییه‌وه.ژنه‌كه‌م به ناوه‌كه ڕازی بوو، دڵخۆش بوو كه من ناوم لێناوه، هیچ گومانێكیشی نه‌كرد – وا هه‌ستده‌كه‌م هه‌رگیز بیریشی له ناوه‌كه نه‌كردۆته‌وه.شه‌پۆلی دڵدارم بۆ یه‌كه‌م جار له ساڵی 1981 بینی له‌سه‌ر رێگای قوتابخانه، تا ئه‌وكات كچ له ژیانی مندا بوونی نه‌بوو، چاوه‌كانی كاڵ، دڵیان بڕیم.ته‌نها دایكێكی هه‌بوو، ده‌شیگوت كه براكه‌ی چووه بۆ چیا، هیچكات نه‌مبینی بوو كه‌سێك به ناوی خزم و كه‌س سه‌ردانیان بكات.من زۆر كه‌م ده‌متوانی بیبینم..خۆشم شه‌رمن بووم، نامه‌مان بۆ یه‌كتری ده‌نارد ( هه‌رگیز هیچكهسم ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م شه‌پۆله خۆشنهویستبوو، خۆشه‌ویستییه‌ك كه هه‌موو چركه‌یه‌ك ئاگرێكی گه‌وره‌ی له ده‌ماره‌كانمدا ده‌كرده‌وه) نهدهحهسامهوه و هه‌دادانم نه‌بوو..ده‌توانم بڵێم به‌رده‌وام بیرم له‌و ده‌كرده‌وه و بیرم له‌و ده‌كرده‌وه و بیرم له‌و ده‌كرده‌وه…
ساڵی 1982 له خۆپیشاندانێكدا شه‌پۆل كوژرا و بۆ هه‌میشه ماڵئاوایی كرد.خۆپیشاندانه‌كه دژ به ڕژێم سازدرابوو، بازگه‌یه‌كیش كرابووه ئامانج كه زۆربه‌ی سه‌ربازه‌كانی ناوی كورد بوون..هۆكار : زوڵم و زۆریی ڕژێم، هه‌روه‌ها ئازاری به‌تینی ئه‌و خه‌ڵكانه‌یش بوو كه له چیاكانه‌وه ڕاگوێزرابوونه‌وه ئۆردوگا به ده‌شت تهننراوهكان..ئه‌وان دڵیان به ده‌شت ته‌نگ ده‌بوو و ده‌یانگوت : له به‌هه‌شت ده‌ركراین!
منیش له‌ناو خۆپیشانده‌راندا بووم، به‌ڵام تاوه‌كو گولله دانه‌بارین و هه‌ڵاتن ده‌ستی پێنه‌كرد نه‌مزانی شه‌پۆل و دایكیشی له خۆپیشاندانهكهدان.سه‌ره‌تا گولله‌كان چه‌ند كه‌سێكیان له ریزی پێشه‌وه به‌ردایه‌وه.من خۆم بینیم كه پیاوێكی كه‌ته و ده‌ست و بازوو ئه‌ستوور له خوێندا سوور بوو – ئینجا هی تر و هی تر..له كشانه و ڕاكردنیشدا چه‌ند كه‌سی تر به‌لاداهاتن..یه‌كێكیش له‌وان شه‌پۆل بوو..فیشه‌ك له پشتییه‌وه ده‌رچوو، قیژه‌یه‌كی لێدا و كه‌وت، كه‌وت و مرد.
من هیچكات باوه‌ڕم نه‌كرد كه شه‌پۆل مردووه و ئیتر نایبینمه‌وه، به‌ڵام ئه‌و ڕۆژه‌ی كه ناوم له كچه‌كه‌م نا “شه‌پۆل” هه‌ستمكرد شه‌پۆلی خۆشه‌ویستی كۆنینهم هه‌رگیز نابینمه‌وه.له دووه‌م ساڵی ته‌مه‌نی شه‌پۆلی كچم دا شتێكی سه‌یر ڕوویدا كه هه‌وڵده‌ده‌م ته‌واو وه‌ك خۆی باسی بكه‌م.
ڕۆژێكیان له‌نزیك ئینجانه‌كانی سه‌ر پهنجهرهبووین (خۆم و شه‌پۆل) ده‌ستم گرتبوو و فێرم ده‌كرد كه چۆن ئینجانه‌كان ئاو ده‌درێن..ئه‌و سه‌رقاڵی یاریكردنی خۆی بوو به بووكێكی بچكۆله..له‌ناكاو چاوه‌كانی منیان تووشی له‌رزین كرد – به‌رزم كرده‌وه و قووڵ روانیمه چاوه‌كانی، سه‌یر بوو! ئینجا له باوه‌شم كرد و زیاتر و زیاتر لێم ڕوانی..ده‌بێ به‌م سهیركردنه ئازارم دابێت..بۆیه گریا، گریا و دایكی هاته ژووره‌وه..دایكی هاواری كرد.
“چی بووه؟ كچه‌كه‌م چی لێهاتووه؟ ئه‌وه بۆ وای لێده‌كه‌ی؟”
من شڵه‌ژابووم، بێ ئه‌وه‌ی ئاگام لێ بێ چیده‌كه‌م توند مه‌چه‌كی شه‌پۆلم گرتبوو.
“چی بووه؟چی لێهاتووه؟”
شه‌پۆلی له ده‌ست ده‌رهێنام و لێی ڕوانی.من گێژبووبووم.
“هیچ نه‌بووه، هیچ..هیچ بۆ ئه‌وه‌نده ده‌پرسی؟ هیچ”
ژنه‌كه‌م سه‌رتاپای جه‌سته‌ی شه‌پۆلی پشكنی به دوای برینێك، شوێنێك كه ئازاری خواردبێت.
“بۆ ئاوات له‌و كچه كرد؟”
هیچ وه‌ڵامێكم نه‌دایه‌وه.تا توانیم خۆم بێدهنگكرد..به‌ڵام ئه‌م بێده‌نگییه نه‌یتوانی بێ كێشه خۆی درێژ بكاته‌وه.
ناوه‌ناوه ئه‌مه ڕوویده‌دا و هه‌را ده‌ستی پێده‌كرد.
من له ڕووخساری شه‌پۆلدا شتێكی سه‌مه‌ره‌م به‌دی ده‌كرد، ژنه‌كه‌م به هه‌موو كه‌سی ده‌گوت تێكچووه..(واته من تێكچووم) هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش جارێك به زۆر په‌لكێشی لای دكتۆرێكی ده‌روونی كردم.دكتۆر زۆر باش كاری خۆی ئه‌نجام ده‌دا و پرسیاری جوانی ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌بوو من له‌گه‌ڵیدا راستگۆ نه‌بووم، ئه‌وه‌ی كه من له ڕووخساری شه‌پۆلدا به‌دیم ده‌كرد پێم نه‌گوت – زۆر دواتریش ژنه‌كه‌م و خه‌ڵكانی تر ئه‌و نهێنییه‌یان زانی، گه‌رچی قه‌ت باوه‌ڕیان نه‌كرد.
كاتێ شه‌پۆل گه‌یشته شه‌ش ساڵان هه‌رایه‌كی زۆر گه‌وره‌ترم نایه‌وه، ساڵی یه‌كه‌می خوێندنی بوو له‌گه‌ڵ منداڵان له قوتابخانه ده‌هاته‌وه..من به پڕتاو له باوه‌شم كرد و فڕاندم بۆ ناو حه‌وشه له‌وێ قوڵتر و قوڵتر لێم ڕوانی و به ده‌نگی به‌رزیش به‌سه‌ر سه‌رییه‌وه گریام و گریام..منداڵه‌كه‌ش له‌گه‌ڵ مندا ده‌گریا و له قیژه‌ی ده‌دا.
“نێرگز”ی ژنم ئه‌مجاره‌یان به‌ته‌واوی لێم توڕه‌بوو و هه‌زار جوێنی پێدام.ده‌رودراوسێ هاتن و دووباره ناوی من وه‌ك شێت له كۆڵانه‌كه‌دا ده‌نگی دایه‌وه.ده‌مبیسته‌وه ئه‌و قسه‌یه زۆر بڵاوببووه‌وه : له‌وه‌ته‌ی منداڵیان بووه تێكچووه، چه‌ندان جار ویستوویه‌تی منداڵه‌كه‌ی بكوژێ.
نێرگز بۆ ماوه‌یه‌ك چووه‌وه ماڵی باوكی و شه‌پۆلیشی له‌گه‌ڵ خۆی برد، پێی وابوو گه‌ر له‌به‌ر چاوم نه‌بێ ده‌ست له‌و هه‌ڵسووكه‌وته بێتامانه هه‌ڵده‌گرم.من خۆشم به‌ده‌ست خۆمه‌وه تووش بووبووم، خه‌ڵكه‌كه‌ش به سه‌رگه‌ردان دهیانبینیم.
دوای مانگێك كه هاتنه‌وه له به‌رچاوم شه‌پۆل گه‌وره‌تر ده‌ینواند..دووباره ده‌ستمكرده‌وه به كاری خۆم و هه‌موو ڕۆژێك تێر تێر ده‌مڕوانییه چاوه‌كانی – دایكیشی به‌رده‌وام چاودێری ده‌كردم..دوای ئه‌وه به نه‌رمونیانی و هێمنییم ( كه زۆرم له خۆم ده‌كرد) شه‌پۆلم ڕاهێنا بێ دوودڵی و ترس لێم نزیك بێته‌وه.به‌وه ده‌متوانی باش سه‌رنج بده‌مه ڕووخسار و نیگاكردنی و جوڵه‌كانی، ئاوا ژیان به‌رده‌وامبوو..تا گه‌یشته ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریی..چیتر نه‌متوانی ئه‌وه به ئاسایی وه‌رگرم ( با كه‌مێك لێره‌دا بوه‌ستم و پرسیارێك بكه‌م) چۆن ده‌متوانی شتێك به ئاسایی وه‌رگرم كه هه‌ر مرۆڤێكی تری شێت ده‌كرد؟
پرسیاره‌كه ده‌كه‌م و تاوێكی تر ده‌وه‌ستم.ده‌ڕوانم باڵنده‌ی سه‌ر لقهدارهكه زۆر به وریاییه‌وه له چاودێری كردنی مندایه.ڕێك وه‌ك مرۆڤێك كه له چاودێری كردنی كه‌سانێكدا خۆی مات ده‌كات.
بیر له مام سه‌فا ده‌كه‌مه‌وه، له قسه‌كانی باڵنده‌ی نه‌سرینیش كه گوتی ده‌توانێ سێ ساڵ به پێ بڕوات بۆ ده‌ستخستنی دینارێك، گوتی له‌سه‌ر په‌یژه‌كان خستمییه خواره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌سه‌ر ماڵ و سهروهتهكهمدا بگرێ، وای گوت؟ به‌ڵێ به‌ڵێ وای گوت..به قسه‌ی ئه‌و بێت مام سه‌فا له هه‌موو شته‌كان سامناكتره..كێ ناڵێ ئێستا نا ئێستا له‌گه‌ڵ پۆلیس به‌سه‌ر ئێره‌دا ناده‌ن و من ڕاده‌ستی چاره‌نووسێكی تاڵ ناكات؟ بۆ نا؟ گه‌ر ئه‌وه‌نده پارهدۆستبێت ده‌یكات..ده‌یكات..نازانم…ئه‌و قسانه له‌ناوه‌وه‌مدا دێن و ده‌چن..به‌ڵام به‌و پاساوه‌ی كه هه‌موو قسه‌كانی باڵنده‌كه و ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه ههبووبێـت هه‌ر خه‌یاڵكردنی خۆمبووه ده‌ستده‌كه‌مه‌وه به نووسین له باره‌ی شه‌پۆله‌وه.
گوتم كه شه‌پۆلی كچم گه‌یشته ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاری چیتر به‌رگریم نه‌ما..ئه‌وه بوو جارێكی تریش شه‌ڕ و هات و هه‌را ده‌ستی پێكرده‌وه، ئه‌مجاره له هه‌موو جارێك تووندتر..ئه‌وه‌ش به‌و هۆیه‌ی من شه‌پۆلم به توندی له باوه‌ش گرتبوو و گریابووم..ئه‌مجاره ژنه‌كه‌م سوێندی خوارد كه هه‌رگیز ناگه‌ڕێته‌وه لام..ڕاستیشیكرد..نه‌گه‌ڕایه‌وه، له‌یه‌كتری جیابووینه‌وه و به‌و بیانووه‌ی كه شێتم و زیان به كچه‌كه‌م ده‌گه‌یه‌نم – كچه‌كه‌ی برده لای خۆی، هه‌موو به‌ڵگه‌یه‌كیشی له‌به‌ر ده‌ست بوو بۆ بابه‌تی شێتبوونم و سهرلێشێواویم..
ئایا من بۆچی ئاوام ده‌كرد؟
گه‌ر باوه‌ڕیش نه‌كه‌ن هه‌ر پێتان ده‌ڵێم..ناشزانم له‌مه‌ودوا چاره‌نووسم به چی ده‌گات و به‌ره‌و كوێ ده‌ڕۆم..ئێستا له ده‌ره‌وه دڵنیام زۆر كه‌س به‌دوامدا ده‌گه‌ڕێن..من كچی خۆمم فراندووه و هه‌شت ڕۆژه لێیان ونبووم..ڕه‌نگه خه‌یاڵی ئه‌وه بكه‌ن كه كووشتوومه یان زۆر شتی تر..كه نازانم چین و چۆن بیری لێ ده‌كه‌نه‌وه..
به‌ڵێ – گه‌ر باوه‌ڕیش نه‌كه‌ن هه‌ر پێتان ده‌ڵێم بۆچی من ئاوا ڕه‌فتارم له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌م ده‌كرد و ده‌كه‌م.له ڕاستییدا شه‌پۆلی كچم ڕێك و ڕاست شه‌پۆلی دڵدار و ئه‌ویندارم بوو..ڕووخساری و جه‌سته‌یی و هه‌موو شتێكی..هیچ هیچ بێ زیاد و كه‌م..كاتێ له ته‌مه‌نی دوو ساڵیدا له نزیك ئینجانه‌كان ڕوانیمه چاوه‌كانی كچه‌كه‌م..هه‌موو جه‌سته‌م كه‌وته له‌رزین و گوتم ئه‌م منداڵه شه‌پۆلی ئهویندارمه..!تام لێهات و به‌ره‌و سه‌رگه‌ردانیی ملمنا..كه گه‌وره‌تریش بوو دڵنیابوومه‌وه كه هه‌مان شه‌پۆلی ئهویندارمه دووباره له دایكبۆتهوه!
ئایا هه‌رگیز بیستووتانه مرۆڤێك دووجار له دایكبووبێت؟
من ده‌ڵێم شه‌پۆلی كچم هه‌مان شه‌پۆلی ئهویندارمه دووباره له دایكبۆتهوه! من ئه‌وه ده‌ڵێم و دواتر گوتیشم كه ژنه‌كه‌م و خه‌ڵكی تریش به شێت و گه‌مژه له قهڵهمیاندام..
هه‌ر خۆیه‌تی هاتۆته‌وه دونیا و ئه‌مجاره بووه به كچم! هه‌ر خۆیه‌تی..به‌ڵام نازانم بۆچی به مردنێك، به یه‌ك فیشه‌ك – كه له خۆپیشاندانه‌كه‌ی 1982 به‌ری كه‌وت منی بیرچۆته‌وه و هیچی له خۆشه‌ویستییه‌كه‌مان بیر نه‌ماوه..هیچ هیچ..پێم مه‌ڵێن شێت و شوور مه‌ڵێن گومڕا، به‌ڵام بۆچی ئێستا ناهێڵێت ماچی بكه‌م؟ بۆچی سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه من ته‌نها باوكی ئه‌وم و به‌س؟ ئایا ئه‌مه ئاسووده‌م ده‌كات؟ نه‌خێر ده‌مبا بۆ دۆزه‌خ.
دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ دایكیشی ڕۆیشت و دایكی شووی كرده‌وه به به‌رگدووری قه‌ڵه‌و من به‌رده‌وام چاودێریم ده‌كرد..كاتێ ده‌چووه قوتابخانه به دزییه‌وه له دوای ده‌ڕۆیشتم..شه‌ڕم به هه‌ر كوڕێك ده‌فرۆشت كه بمزانیایه به جۆرێك سه‌یری شه‌پۆل ده‌كات (دهشمگوت باوكییم) من به‌مجۆره ده‌رده‌سه‌رییه به‌سه‌رم برد تا له‌م ڕۆژانه هه‌ر له ڕێگا قوتابخانه فڕاندم و خستمه ئۆتۆمبیلێكه‌وه..و هێنامه ئه‌م ماڵه..
جارێكیش له‌گه‌ڵ ئه‌و كوڕه بهشهڕهاتم كه دڵنیام شه‌پۆل ( شه‌پۆلی كچم) خۆشی ده‌وێـت، هه‌ر ئه‌و كوڕه‌ی من ناوم ناوه لاس..ئێستا ده‌زانم ئه‌و لاسه ناڕهسهنهش به دوامه‌وه‌یه..به‌ڵام ئه‌وه‌تا خهزاڵهكهی ئه‌و لای منه..
ده‌نگه ده‌نگێك دێت..سه‌ر هه‌ڵده‌بڕم باڵنده‌كه وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌وتبێت سه‌ری به‌سه‌ر سینگییه‌وه ناوه..دیاره كه ده‌ستی هه‌ڵگرتووه له چاودێریكردنم..
واهه‌ست ده‌كه‌م ده‌نگه‌كه له‌ناو حهوشهوهبێـت، قهڵهكهم داده‌نێم و هه‌ڵده‌ستم..زۆر به‌ترسه‌وه ده‌ڕۆمه حه‌وشه..له كاتێكدا وای بۆ ده‌چم مام سه‌فایه دووباره هاتووه..به‌ڵام ئه‌و نییه و ماڵه‌كه‌ش ئارامه..
دێمه‌وه ژووره‌وه ده‌رگاكه داده‌خه‌م..ئینجا ده‌ڕۆم ده‌رگای سه‌ره‌وه، ئه‌وه‌ی سه‌ربانیش داده‌خه‌م..ئێستا دووباره ده‌مه‌وێت هه‌مان هه‌وڵی چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا بده‌م له‌گه‌ڵ شه‌پۆلدا، به‌ڵام ده‌زانم ئه‌و به‌هیچ جۆرێك خۆی به‌ده‌سته‌وه نادات و یه‌ك به گه‌رووی ده‌قیژینێ…نه‌ڵێن شێت و شوور، نه‌ڵێن نه‌فام – هه‌وڵی ئه‌وه‌ی كه ده‌مه‌وێت ماچی بكه‌م..ماچی بكه‌م وه‌ك ئه‌ویندار، وه‌ك ئه‌و شه‌پۆله‌ی فیشه‌كێك لێی ون كردم..و لێی ون كردم..
كلیلی ده‌رگاكه‌ی به ده‌سته‌وه ده‌گرم و ده‌رگاكه ده‌كه‌مه‌وه..له‌گه‌ڵ چوونه ژووره‌وه‌م هه‌ڵده‌ستێته‌وه..ئێستا ڕێك ئه‌و شه‌پۆله‌یه كه چه‌ند ڕۆژێك پێش كوژرانی له خۆپیشاندانه‌كه، دوا نامه‌ی خۆی پێدام و به ڕوومه‌وه پێكه‌نی ( شه‌پۆلێك كه هه‌رگیز له یاده‌وه‌ریم ده‌رناچێت و وه‌ك ئاگر به‌ناو هه‌موو پارچه‌یه‌كی جه‌سته‌مدا دێت و ده‌چێت) هه‌مان ئه‌و شه‌پۆله‌یه..قژی درێژ و چاوه‌كانی گه‌وره و كاڵ..ترساوه..من ده‌ڵێم زۆر زۆر ترساوه..
“باوكه چیت لێم ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌نده ئازارم ده‌ده‌ی؟” ئه‌مه به ده‌نگێكی له‌رزۆكه‌وه ده‌ڵێت و لێوه‌كانی وه‌ك گوڵێكی سوور ده‌كرێنه‌وه.
ده‌ڕۆمه پێشه‌وه و ده‌ڵێم “من ئازارت ناده‌م”.
خۆی له سووچێك ده‌گرێت و ده‌ست ده‌كات به گریان، به‌ڵام وه‌ك هه‌موو جارێك ئه‌وه‌نده خۆی ناداته ده‌ست گریانه‌كه په‌لاماری له‌ناكاوی منی له‌بیر ده‌رچێت.
كه‌مێكی تر ده‌ڕۆمه پێشه‌وه و ئه‌و هه‌ڵده‌ستێته‌وه..هه‌ڵده‌ستێته‌وه و ڕاده‌كات..من ده‌مه‌وێت پێشی پێ بگرم، ئه‌و به هێزێكی زۆر ده‌رده‌په‌ڕێ..دوای ده‌كه‌وم له دواوه ده‌یگرم..ئه‌و دووباره ڕاده‌كات..به‌ره‌و ده‌رگای ژووری گه‌وره..ده‌رگاكه داخراوه..ده‌رگای مووبه‌قه‌كه ده‌كاته‌وه و له‌دوای خۆی دایده‌خاته‌وه..ئه‌وه تاكه ده‌رگابوو دامنهخستبوو..به‌و هۆیه‌ی هیچ ڕێگایه‌كی نه‌بوو لێیه‌وه بڕوات بۆ ده‌ره‌وه‌ی خانووه‌كه..چه‌ندجارێك پاڵ به ده‌رگاكه‌وه ده‌نێم..نایكاته‌وه..به‌رده‌وام ده‌بم له‌سه‌ر لێدانی ده‌رگا..دواتر چهكووشێكی گه‌وره له حه‌وشه‌كه دێنم و ده‌رگاكه ده‌كوتم..ماڵه‌كه ده‌بێت به‌یه‌ك پارچه ده‌نگ..له كۆتاییدا ده‌رگاكه ده‌كه‌مه‌وه..وا هه‌ستده‌كه‌م ئه‌وه من نه‌بووم ده‌رگاكه‌م كردۆته‌وه..به‌ڵكو شه‌پۆل خۆی به‌رگری ئه‌وه‌ی له ده‌ستداوه چیتر..ده‌رگا كوتانه‌كه ببیستێ و له ده‌ستم ڕابكات..شتێكی تر ده‌بینم..
شه‌پۆل شێتانه ده‌رده‌كه‌وێت چه‌قۆیه‌كی گه‌وره‌ش له‌ناو ده‌ستیدا..
من پێده‌كه‌نم..
“خۆشمده‌وێی!” ئاوا ده‌ڵێم.
چاوه‌كانی پڕن له توڕه‌یی.
“من ئیتر بێزاربووم، باوكی وه‌ك تۆ ده‌ردێكی گه‌وره‌یه!”
ئه‌مجاره به ترسه‌وه بزه‌یه‌ك ده‌كه‌م و ده‌ڵێم “به‌یه‌ك فیشه‌ك هه‌موو شتێكت بیرچووه‌وه، تۆ له ساڵی 1982 فیشهكێكت به‌ركه‌وت و من دوای ئه‌وه چه‌ندین جار هاتمه سه‌ر گۆڕه‌كه‌ت.. له بیریشمه كه دایكت مرد و گوتیان له تاو كوژرانی كچه‌كه‌ی چیتر به‌رگه‌ی ژیانی نه‌گرت..به یه‌ك فیشه‌ك بیرتچوو كه من چه‌نده تۆم خۆشده‌ویست!” ئه‌وه ده‌ڵێم و په‌لاماری ده‌ده‌م.
ئه‌و ده‌قیژێنێ و چه‌قۆكه ده‌جوڵێنێت..له دواوه باسكه‌كانی ده‌گرم و خۆمی پێوه ده‌نووسێنم..به‌ڵام چه‌قۆكه به‌ره‌و دواوه ده‌جوڵێنێت و هاوارده‌كات..هاوارده‌كات و هاوار ده‌كات..من ئیتر ته‌نها ده‌نگی گه‌وره و دوورودرێژی هاواركردنهكهی ده‌بیستم..ده‌شزانم كه چیتر باسكهكانیم نه‌گرتوون و ئه‌ویش یه‌كبینه چه‌قۆ ده‌وه‌شێنێ…
من ده‌كه‌وم و ئه‌و ڕاده‌كات..
ڕاده‌كات و بۆ كلیله‌كان كه له گیرفانی كراسهكهمدان ده‌گه‌ڕێته‌وه..
ده‌بینم كه ده‌گری و ..سه‌ری لێ شێواوه..
دواجار كه ته‌ماشام ده‌كات پێم ده‌ڵێت “هه‌مووی خه‌تای خۆتبوو باوكه، هه‌مووی!”ئینجا ده‌ڕوات.
من له خوێندا سووربووم و ده‌مه‌وێت بڕۆمه‌وه ژووری گه‌وره..ئاره‌زوومه له باره‌ی ئه‌و كۆتاییه شتێك بنووسم..له‌سه‌ر سك ده‌خشێم و ده‌خشێم..
له كۆتاییدا..به ژووره‌كه ده‌گه‌م..مێزه‌كه ده‌بینم..
نازانم چه‌ند كاتی پێده‌چێت كه ده‌گه‌م به مێزه‌كه ..به دوای خۆمه‌وه دنیایه‌ك خوێنم جێهێشتووه..له ناو كارتۆنی بچووكی قه‌ڵه‌مه‌كان له ژێر مێزه‌كه قه‌ڵه‌مێك ده‌رده‌هێنم، ڕه‌نگی سووره..
ده‌ست به‌رز ده‌كه‌مه‌وه تاوه‌كو كاغه‌زێك له‌سه‌ر مێزه‌كه هه‌ڵگرم، ده‌ستم به‌سه‌ر مێزه‌كه ناگات..له‌وكاته‌دا باڵنده‌ی سه‌ر لقه داره‌كه ده‌بینم..و به‌ته‌واوی شه‌كه‌ت و زراو ڕژاو ده‌بم..باڵنده‌كه له‌سه‌ر مێزه‌كه هه‌ڵنیشتووه له نزیك كاغه‌ز و نووسراوه‌كانم..
باڵنده‌ی نه‌سرین ده‌خوێنێت و له‌ناكاو ده‌ست ده‌كات به قسه كردن.
“ئێستا كۆتایی تۆیه! ئه‌وه كۆتایی تاوانبارانه..خۆشحاڵم كه له‌خوێنی خۆتدا سوور بوویت..هه‌رچه‌نده من ژنێكی باشم..ئائا من ژنێكی باشم و دڵم به مردنی كه‌س خۆش نییه، به‌ڵام ئه‌مه كۆتایی تۆیه..حه‌زده‌كه‌م مێرده‌كه‌شم ، ئه‌و سه‌فا نه‌فره‌تییه به كۆتاییه‌كی ئاواوه ببینم..ئاواش نا خراپتر..زۆر خراپتر..چونكه شه‌یتانێكه..شه‌یتانێكی گه‌وره! بینیم..بینیم كه كچه‌كه‌ت ڕایكرد..نازانم ئیتر ئه‌ویش به چی ده‌گات..به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه ماڵه‌كه‌م ئیتر چۆڵ ده‌بێت..سه‌فا شه‌یتانیش ده‌سگیر ده‌كرێت..به‌و هۆیه‌ی كه تۆی تاوانباری داڵده داوه..ئیتر به‌و هۆیه‌ش كه تۆ ئاوا لێره خه‌لتانی خوێن كراوی..دهسگیردهكرێ..حه‌زده‌كه‌م..هیچكات..نه‌یه‌ته‌وه ئه‌م ماڵه..خۆشحاڵم..كه ده‌بینم ماڵه‌كه ده‌بێته‌وه به هی خۆم..هێلانه‌كه‌م”
باڵنده‌كه ئه‌وه ده‌ڵێت و بێده‌نگ ده‌ڕوانێته هه‌ناسه‌كانی من..
قه‌ڵه‌مه سووره‌كه له‌ده‌ستم ده‌كه‌وێت و بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه ده‌بێ منیش دوای مردنم ببم به باڵنده‌یه‌ك؟ ئه‌ی له كوێ ده‌نیشمه‌وه؟
بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه ده‌بێ منیش دوای مردن جارێكی تر له دایك ببمه‌وه..؟
باڵنده‌كه دووباره ده‌ست ده‌كاته‌وه به خوێندن و ..
من ئیتر هیچ نابینم..
تاریك..
تاریك..
به‌رواری نووسین : 2013 – مانگی سێ – بۆ چوار.