له (گه‌رده‌لوول) ه‌وه بۆ (گه‌نده‌ڵبوون)
به‌دیار زنجیره درامای گه‌رده‌لووله‌وه:
له (گه‌رده‌لوول) ه‌وه بۆ (گه‌نده‌ڵبوون)
د. فوئاد ره‌شید
دیالۆگــی ده‌ق و بینه‌ر
زنجیره درامای (گه‌رده‌لوول) وه‌ك به‌رهه‌مێكی هونه‌ریی ده‌كرێ له ئاست و ره‌هه‌ندی جیاجیاوه قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت، هه‌ر له‌بنیاتی بابه‌تییانه‌ی دراماكه‌وه تا ده‌گاته ورده‌كارییه‌كانی نواندن و وێنه‌گرتن و میكاژ و گفتوگۆ و ده‌رهێنان و زۆر شتی دیكه‌ش، له‌م چه‌ند دێره‌دا به‌نیاز نین خۆمان له‌م جۆره باسانه بده‌ین و ئاماژه به‌خاڵه پۆزه‌تیڤ و نێگهتیڤییهكانی (گه‌رده‌لوول) بكه‌ین وه‌ك درامایه‌كی ته‌له‌فزیۆنی.
لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین قسه له‌سه‌ر میتا تێكستی به‌رهه‌مه‌كه بكه‌ین، واتا ئاماژه‌كانی پشته‌وه‌ی بابه‌تی دراماكه، چونكه (گه‌رده‌لوول) هێزی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی له‌وه‌دایه كه په‌یامێكی سیاسی پێیه، ئه‌گه‌رچی خاڵی نییه له بابه‌ت و په‌یامی تریش، به‌ڵام به له‌به‌رچاوگرتنی ناونیشانهكهیشی، دیاره پتر ده‌قێكی سیاسییه، هه‌ر لێره‌شه‌وه ئه‌م په‌یام و ئاماژه و زمانه سیاسییه، كاتێ ئاراسته‌ی عه‌قڵا و زه‌ینی بینه‌ر ده‌كرێت، بینه‌ری هۆشیار ده‌كه‌وێته گفتوگۆ و بگره و برده‌ی پرسیار و وه‌ڵامێكی ناڕاسته‌وخۆ له‌نێوان دوێنێی نێو دراماكه‌و ئه‌مڕۆی حاڵی حازری واقیعی خۆی، بێگومان هه‌موو بینه‌رێك ناكه‌وێته نێو ئه‌م هاوكێشه‌یه‌وه، چونكه بینه‌ری وا هه‌یه ته‌نها بۆ ته‌ماشاكردنی روخساری چه‌ند كچه ئه‌كته‌رێك به‌دیار گه‌رده‌لووله‌وه داده‌نیشێت، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمانه بینه‌رێكی جیددییه، كه وردبینانه له‌دیوی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی (ده‌قه‌كه، دراماكه) ده‌ڕوانێت.
به‌هه‌رحاڵا گووتمان دیالۆگێكی نادیار و ناڕاسته‌وخۆ له‌نێوان میتا ده‌قی دراماكه‌و بینه‌ردا دروست ده‌بێت، ئه‌وه‌ی پتر زه‌مینه‌سازی بۆ ئه‌م دیالۆگه خۆشده‌كات (كات ـ ته‌وقیت)ی نمایشكردنی به‌رهه‌مه‌كه‌یه له‌م چركه‌سات و قۆناغه‌ی ئێستادا كه بینه‌ری كوردی تێدا ده‌ژیت، چونكه ستراتیژییه‌تی دراماكه بردنه‌وه‌ی بینه‌ره بۆ دوێنێیه‌كی دژوار‌و بنده‌ست و گیرۆده به ململانێی نه‌ته‌وه‌یی، به‌ڵام دواتر بینه‌ر له‌دوێنێ داده‌بڕێت و سه‌یری ئێستا ده‌كات، پتر ورووژواتر ده‌بێت، چونكه ئه‌نجامی پێچه‌وانه‌و دیمه‌نی پڕ نه‌سازیی ده‌بینێت، له‌م كه‌ین و به‌ینه‌دا خوێندنه‌وه‌ی جیاجیای ئاماژه و زمانی پشته‌وه‌ی دراماكه، په‌یام و چرپه‌ی جیاواز به‌گوێی بینه‌ردا ده‌دات…
* ده‌شێ میتا ده‌قی دراماكه بچێته به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئێستاوه، له‌وێوه به‌خه‌ڵكی بڵێیت:
+ (ئێمه ئاوا بهدژواریی ژیانی شاخمان به‌سه‌ر بردووه، بۆیه ئێستا مافی خۆمانه له‌شاردا هه‌رچییه‌ك بكه‌ین…!!!).
+ ده‌شێ زمان حاڵی دراماكه به‌بینه‌ر بڵێیت (ئێوه سوپاسگوزار بن ، به‌س نییه به‌عس و ملازم موحسین و (ئه‌من)تان لهكۆڵا بووه‌ته‌وه..)!!
بێگومان ناشیرین‌ترین و لاوازترین به‌هانه بۆ گه‌نده‌ڵیی و خه‌مساردیی و قه‌یرانه‌كانی ئه‌مڕۆ، ئه‌وه‌یه‌كه سته‌م و خراپه‌یه‌ك، به سته‌م و خراپه‌یه‌كی تاڵتر په‌رده‌پۆش بكه‌ی. هه‌روه‌ها له‌جێی خۆیدایه به خهباتكارهكهی شاخ بڵێین :
ـ ئه‌رێ تۆ دوێنێ سته‌م و گه‌نده‌ڵكاریی به‌عست قبووڵ نه‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ی میلله‌ت و نیشتمان بحه‌سێته‌وه؟؟؟ یان بۆ ئه‌وه‌ی ئینجا خۆت سته‌مكار و گهندهڵكاربیت؟؟
* به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ده‌شێ دراماكه له‌به‌ره‌ی جه‌ماوه‌ره‌وه به‌ده‌سه‌ڵات بڵێت (ئێوه له‌بیرتان چووه‌ته‌وه ئه‌م میلله‌ته چی ده‌رده‌سه‌رییه‌كی بینیوه، ئه‌ی ئێستا چۆن دڵتان دێت ئاوا خه‌مسارد بن له‌ئاست دابینكردنی ئهلف و بێی ژیانیدا؟؟!!)
* دراماكه (ئازاره‌كانی) ژێر ده‌سه‌ڵاتی ره‌شی به‌عس ده‌خاته‌وه بیر و زه‌ینی بینه‌ره‌وه، له‌م حاڵه‌ته‌دا بینه‌ر جۆرێك لههۆگربوونی لا دروست ده‌بێت له‌گه‌ڵا دیمه‌ن و رووداوه‌كاندا، به‌ڵام دواتر كه دراماكه ته‌واو ده‌بێت و سه‌یری واقیعی ئه‌مڕۆ ده‌كات، كه به‌داخه‌وه له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی خۆماڵیدا نه‌ك برینه‌كان ساڕ‌ێژ نه‌كراون، به‌ڵكو كه‌شێكی پڕ له ناعه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی باڵی به‌سه‌ر ژیاندا كێشاوه‌و لایه‌نێكی ژیانی خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه نه‌ماوه قه‌یراناویی نه‌بووبێت… لێره‌دا بینه‌ر هه‌ناسه‌یه‌كی سارد هه‌ڵده‌كێشێت و به‌زمانی مخابن و ئه‌فسووس و به‌ده‌ربڕینی جیاواز ده‌كه‌وێته پرسیار و گله‌یی و خۆ دواندن:
+ دوێنێ خه‌ڵكی گیرۆده‌ی ده‌ستی چی‌بوو؟!! ئه‌مڕۆ به‌ده‌ست چییه‌وه ده‌ناڵێنێت؟!!
+ دوێنێ گه‌نجی زانكۆ، به‌عس ژیانی لێ تاڵا كردبوو، ئه‌مڕۆش بۆ چه‌ند سه‌عاتێ كاره‌با و یه‌ك دوو جلیكانه نه‌وت بێته سه‌ر جاده‌و دواتریش به‌گولله‌ی خۆماڵی بڵاوه‌ی پێبكرێت.
ئا له‌م جۆره هه‌ڵوێستانه‌دا، دراماكه له‌به‌رچاوی بینه‌ر تاڕاده‌یه‌ك وه‌ك كارێكی بێهوده‌ی لێدێت و ره‌نگه رهزاشی گران بێت..
* ده‌شێت عه‌قڵییه‌تێكی حیزبیانه وا ته‌ماشای زنجیره درامای گه‌رده‌لوول بكات كه ئه‌لبوومێكی وێنه جوانه‌كانی دوێنێی حیزب و یاوه‌رانی نمایش ده‌كات و لێره‌شه‌وه ده‌نگێكی حیزبی له‌پشت وێنه‌كانه‌وه به بینه‌ر بڵێت (ئێمه خاوه‌نی ئه‌م مێژووه‌ین، بۆیه كه‌س بۆی نییه پێمان بڵێت به‌ری چاوتان كلی پێوه‌یه). دیاره ئه‌م جۆره دیده، دیدێكی تاكڕهههندانهیهو ئاوازێكه ته‌نها هاوڕێ و عه‌قڵی حیزبیی گوێی لێده‌گرێت و جگه له‌وه‌ش هه‌رگیز تووڕه‌یی پرسیاره‌كانی ئه‌مڕۆی پێ كپ ناكرێته‌وه.. چونكه قه‌یران و نه‌هامه‌تی و ناعه‌داله‌تی ئه‌مڕۆش كه‌م نین و گه‌یشتوونه‌ته سه‌ر ئێسكی خه‌ڵكی. لێره‌دا بۆچوونێكی زمان‌ناس و هزرڤانی ئه‌مریكی (چۆمسكی)م وه‌بیر دێته‌وه كه كاتی خۆی له‌به‌رامبه‌ر (گه‌رده‌لوولی بیابان)(*)دا گوتبووی ((ئه‌مه چ گهردهلوولێكه هه‌موو شتێكی راماڵی، ته‌نها دیكتاتۆره‌كه نه‌بێت؟!!)) ئه‌مڕۆش دوور نییه، بینه‌رو تاكی كوردیش له‌ڕێگای (گه‌رده‌لوول)ه‌كه‌ی (جه‌لیل زه‌نگه‌نه) وه گه‌رده‌لووله سیاسییه واقیعییه‌كه‌ی دوێنێ، بخاته ژێر پرسیاره‌وه و بڵێت و بپرسێت ((ئه‌رێ ئه‌مه چ گه‌رده‌لوولێك بوو كه دواتر براكوژیی و گه‌نده‌ڵیی و كوشتنی ئینتیماو كۆچی گه‌نجان و پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ و قه‌یرانی نان و ئاو و رووناكی و تاڵانكردنی سامانی نیشتمانی لێكهوتهوه؟!!!))
به‌گشتی بینه‌ری درامای (گه‌رده‌لوول) به‌رده‌وام شاشه‌ی (T.V) دوێنێی پێ نیشان ده‌دات ….. دواتر بیر‌و روانینه‌كانی دێته‌وه نێو واقیعی ئه‌مڕۆ و له‌م سه‌روبه‌نده‌دا ده‌یان پرسیاری یه‌خه‌ی ده‌گرێت و بیری دهروروژێنێت و تا كۆتایی دراماكه ئه‌م هاوكێشه و كێشمه كێشه به‌رده‌وام ده‌بێت، دووریش نییه گفتوگۆ و گه‌نگه‌شه‌ی چڕوپڕی لێبكه‌وێته‌وه و دووباره له‌چه‌مكه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وردبێته‌وه‌و قووڵتر و وردتر بیانخوێنێته‌وه، پێم وایه ره‌نگه ئه‌مه لایه‌نێكی پۆزهتیڤیی كاریگه‌ریی دراماكه بێت له‌نێو بینه‌راندا له‌سه‌ر ئاسته فیكرییه‌كه‌ی.
له‌كۆتاییدا سه‌رنجێك ده‌خه‌مه به‌ر دیدی به‌ڕێز (جه‌لیل زه‌نگه‌نه) و ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر درێژه‌ت به‌درامای (گه‌رده‌لوول) دا، پێم وایه له‌جێی خۆیدایه، به‌شێكیش بۆ قۆناغی (گه‌نده‌ڵبوون)هكه ته‌رخان بكه‌یت ئه‌وا كاره‌كه‌ت پتر دیدێكی بابه‌تیانه له‌خۆ ده‌گرێت و زیاتریش له‌وه دوور ده‌كه‌وێته‌وه كه ته‌نها وه‌ك ریكلامێكی حیزبییانه له قه‌ڵه‌م بدرێت.
(*) گه‌رده‌لوولی بیابان (عاصفه الصحراو) ناوی ئه‌و هێرشه به‌رفراوانه‌یه كه ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ساڵی 1991 كردیانه سه‌ر سوپای عێراق له‌نێو وڵاتی (كوه‌یت) دا به‌مه‌به‌ستی رزگاركردنی كوه‌یت له ده‌ستی (سه‌دام حسین).