له ئه‌عرافی* شۆخێدا دیلم….هه‌ڵگورد
له ئه‌عرافی* شۆخێدا دیلم
هه‌ڵگورد
halgurd@journalist.com
له جڤینه دووقۆڵییه‌كانم له‌گه‌ڵ ته‌نیایی
فێربووم هه‌موو وه‌رزه‌كانم خاڵی بكه‌مه‌وه له‌تۆ
خۆشم خاڵی بكه‌م له‌خۆم
تۆ پڕ بكه‌م له چرۆ
خۆم تژی بكه‌م له ته‌نیایی
هاوڕێ، عه‌یامێكه
تۆ هه‌ر له گێرانه‌وه‌ی بۆیه‌كانی ده‌موچاوت نه‌بوویته‌وه
تۆ هه‌ر له حیكایه‌ته ساده‌كانی منداڵیت نهترازای
منداڵیت لێنابێته‌وه
تۆ به ته‌وسه‌وه بهمن ده‌ڵێی
"منداڵی تۆ لێوانلێوه له په‌یڤه ساده‌كان،
هی من خاڵییه له پێكه‌نینی خوداكان"
بۆ پێم ناڵێی، بۆ ئاماده‌نیت ته‌نیا به‌سه‌رهاتێكی خۆتم بۆ بنووسیته‌وه؟
یا چیرۆكێكی جیاوازترم بۆ باس بكه‌یت
به‌سه‌رهاتی هه‌وره‌كان له ده‌می داباریندا
تۆ هه‌ر له گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌ته سادهكانت نه‌بوویته‌وه
من له ترازانی عه‌شقت ده‌ترسم
له كاڵبوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو میكیاژهی سه‌ر كوڵمت ههترهشم چووه
تۆ به‌ر له كۆتایی چیرۆكه‌كانت
ده‌ته‌وێت دیلێكت هه‌بێت
دیلێك تا هه‌تاهه‌تایێ له ئه‌عرافی نێوان گۆنا و لێوت سهرگهردانبێ
به دوعای هه‌زار په‌یامبه‌ر، نه‌توانێ ماچی لێوت كا
به پاڕانه‌وه‌ی هه‌موو فریشته‌كان، نه‌گاته به‌هه‌شتی گۆنات
تۆ هه‌رگیز خواستی دوماهی هێنان به‌م گه‌مه ترسناكهت نییه
تۆ ناته‌وێت گوڵ بژاكێ
ده‌ته‌وێت بولبولیش توخنی نه‌كه‌وێ
هاوڕێ
عه‌یامێكی زۆره تۆ له كوشتنی من نابیته‌وه
سه‌رده‌مێكی درێژه چه‌قۆی كولت
له گه‌ردنی منی ته‌نیا ده‌سووی
زه‌مه‌نێكه لێناگه‌ڕێی به‌ئازادی بمرم
تۆ كه دڵنیای جارێكی دی
دره‌ختی ئه‌وینی من بۆ كه‌سی دی چرۆ ناكا
تۆ كه ده‌زانی شكستخواردوترین عاشقی دونیا منم
بۆ لێناگه‌ڕێی به ئازادی بمرم؟
بۆ هه‌ر ده‌بێ
له ئه‌عرافی نێوان گۆنا و لێوت سه‌رگه‌ردان بم؟
*ئه‌عراف: وشه‌یه‌كی عه‌ره‌بییه، (به‌گوێره‌ی گێڕانه‌وه ئیسلامییه‌كه) ئه‌و شوێنه‌یه له رۆژی په‌سڵاندا، ئه‌و كه‌سانه‌ی لێ ده‌وه‌ستێندرێت كه چاكه و خراپه‌یان هاوتایه، دواتر خودا به‌ر به‌زه‌یی خۆیانیان ده‌خات و ده‌چنه به‌هه‌شته‌وه.