Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
پشێوی‌و ئاڵۆزییه‌كانی‌ پاش هه‌ڵبژاردن، له‌ئه‌ستۆی‌ پارتی‌ و یه‌كێتیه‌

پشێوی‌و ئاڵۆزییه‌كانی‌ پاش هه‌ڵبژاردن، له‌ئه‌ستۆی‌ پارتی‌ و یه‌كێتیه‌

Closed
by July 29, 2009 گشتی

 

دوا به‌دوای‌ ئاشكرا كردنی‌ ڕێژه‌ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ لیسته‌ به‌شداربوه‌كان، پارتی‌ و یه‌كێتی‌ ئه‌یانه‌وێ‌ به‌ نانه‌وه‌ی‌ پشێوی‌ و دروستكردنی‌ نائارامی‌ و كاری‌ تێكده‌رانه‌ به‌ئه‌ندامه‌كانیان له‌دژی‌ خه‌ڵًك و لایه‌نه‌كانیتر، ئه‌یانه‌وێ‌ ئاكامه‌كانی‌ ده‌نگه‌كان به‌قازانجی‌ خۆیان زیاتر بشكێننه‌وه‌و فه‌زای‌ ترس و سزادان و عه‌سكه‌رتاری‌ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا فه‌رز بكه‌ن و پاشه‌كشه‌ بكه‌ن كه‌ پێیان وایه‌ جێگه‌و ڕێگه‌ی‌ ئه‌و دوو زلحزبه‌ كه‌وتوۆته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌و هه‌مان قورسایی‌ به‌رله‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیان نه‌ماوه‌. به‌رهه‌ڵستكاره‌كانیشیان به‌ ڕه‌فز كردنی‌ ئاكامی‌ ده‌نگدانه‌كان له‌هه‌ندێك ناوچه‌ خه‌ریكن ئه‌بنه‌ هۆكاری‌ درێژه‌ پێدانی‌ ئه‌و فه‌زا عه‌سكه‌رتاریه‌ی‌ كه‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ ئه‌یانه‌وێ‌ بیخوڵقێنن.
به‌و پێیه‌ی‌ كه‌ هه‌ردوو حزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار به‌رپرسی‌ ئه‌منیه‌ت و ئارامی‌ خه‌ڵكن و ده‌زگاكانی‌ پۆلیس و ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵی‌ خۆیاندایه‌، به‌هه‌مان پێوه‌ر ئه‌وان به‌رپرسن له‌هه‌ر پشێوی‌ ئاڵۆزی‌ و نارائامیه‌ك كه‌ ئه‌منیه‌تی‌ هاوڵاتیان بخاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌و به‌رپرسن له‌گیانی‌ هاوڵاتیان و پاراستنی‌ سه‌رو ماڵیان.
پارتی‌ و یه‌كێتی‌ له‌ 18 ساڵی‌ ڕابردوودا به‌هیچ كلۆجێك ته‌حه‌مولی‌ ده‌نگی‌ ناڕازییان نه‌كردوه‌و به‌هه‌موو توانایه‌كه‌وه‌ سه‌ركوتی‌ هه‌ر ده‌نگێكی‌ ناڕازی‌ و ئازادیخوازیان كردوه‌، ئێستاش سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ژێر فشاردا چه‌ندینجار ووتیان كه‌ ئاكامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن قبوڵ‌ ئه‌كه‌ن و ئاماده‌ن كه‌ ڕێز له‌ ڕاو ده‌نگی‌ هاوڵاتیان بگرن، به‌ڵام ئه‌وه‌تا له‌سه‌رجه‌م شاره‌كانی‌ كودستان خۆیان سه‌رچاوه‌ی‌ پشێوی‌ ئاڵۆزی‌ و نائارامییه‌كانن و ئه‌یانه‌وێ‌ جارێكیتر و به‌زه‌بری‌ چه‌ك پاشه‌كشه‌ بكه‌ن به‌هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ له‌به‌رامه‌ریاندا له‌مه‌یداندان و ڕٍێژه‌ی‌ كورسییه‌كان و سه‌نگو سوكیان هێناونه‌ته‌ ئاستێكی‌ نزمتر له‌وه‌ی‌ كه‌هه‌بوون.
پارتی‌ و یه‌كێتی‌ هه‌رچه‌نده‌ ئیدعای‌ ئه‌وه‌ ئه‌كه‌ن كه‌ كوردستان میلیشیای‌ نیه‌و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ له‌ هێزێكی‌ نیزامیدا ڕێكخراون و …هتد، كه‌چی‌ بینیمان له‌دوای‌ ڕاگه‌یاندنی‌ ڕێژه‌ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ سه‌رۆكه‌كه‌یان (مه‌سعود بارزانی‌) ئاسمانی‌ هه‌ولێریان كرده‌ پارچه‌یه‌ك له‌ئاگر و به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ندین كه‌س بریندار بوون و كه‌سێكیش گیانی‌ له‌ده‌ستدا، ئه‌مه‌یه‌ هێزی‌ ڕێكخراو؟ ئه‌مه‌بوو ئه‌و به‌دامو ده‌زگاكردنه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌؟ چ درۆیه‌كی‌ شاخداره‌ كاتێك سه‌رۆكی‌ حزب داوا ئه‌كات ته‌قه‌ی‌ خۆشی‌ مه‌كه‌ن، كه‌چی‌ هێز و ئه‌ندامه‌كانی‌ میلیشیاكه‌ی‌ به‌قسه‌ی‌ ناكه‌ن و ئاسمان ئه‌كه‌نه‌ ده‌نوكی‌ كه‌و؟ هه‌ربۆیه‌ ئه‌بێت سه‌رۆكی‌ ئه‌و میلیشیایه‌و ته‌واوی‌ به‌رپرسه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ دادگایی‌  بكرێن و سزای‌ توند بدرێن له‌سه‌ر گیان له‌ده‌ستدانی‌ ئه‌و هاوڵاتیه‌و قه‌ره‌بووی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ بكرێته‌وه‌و له‌گه‌ڵ‌ سه‌رجه‌م برینداره‌كاندا.
هاوكات له‌هه‌ر جێگایه‌ك كه‌ده‌ستدرێژی‌ و ملهۆڕی‌ كراوه‌ته‌ له‌سه‌ر خه‌ڵك و لایه‌نه‌كان ئه‌بێت كۆتایی‌ پێبهێنرێت و ڕێگا نه‌درێت درێژه‌ به‌ فه‌زای‌ سه‌ركوت و پێشێلكاری‌ ماف و ئازادییه‌كان بدرێت، وه‌ته‌واوی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ئه‌و دوو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ خاوه‌ن میلیشیایه‌ و له‌سه‌رو هه‌موشیانه‌وه‌ (تاڵه‌بانی‌ و بارزانی‌) به‌رپرس بكرێن له‌هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی‌ دژی‌ مافه‌كانی‌ هاوڵاتیان و پێشێل كردنی‌ ئازادییه‌كانیان.
جه‌نگی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ به‌پله‌ی‌ یه‌كه‌م دژی‌ لسته‌كانی‌ به‌رامبه‌ریان نیه‌، به‌ڵكو ئه‌و جه‌نگ و فه‌زای‌ سه‌ركوته‌یان له‌دژی‌ خه‌ڵكدایه‌و ئه‌یانه‌وێ‌ تۆڵه‌ بكه‌نه‌وه‌ له‌و خه‌ڵكه‌ی‌ كه‌ ناڕازییه‌ به‌حاكمیه‌ت و ده‌سه‌ڵاتیان و ئیداره‌یان، نایه‌وێ‌ گه‌نده‌ڵ و تاڵانچیه‌كان حاكمی‌ وڵات بن، بۆیه‌ ده‌نگیان نه‌دانێ‌ و بێئومێدیان كردن.
خه‌ڵك و هاوڵاتیانیش ئه‌بێت به‌ هه‌ڵبڕینی‌ ده‌نگی‌ ناڕه‌زایه‌تیان و فشار هێنانیان بۆ ده‌سه‌ڵاتداران، ناچاریان بكه‌ن كه‌ ڕێز له‌ مافه‌كانی‌ خه‌ڵك بگرن و پاراستنی‌ ئارامی‌ و ئه‌منیه‌تی‌ ژیانیان بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی‌ ئه‌وانه‌وه‌، ڕێگه‌ نه‌درێت جارێكیتر فه‌زای‌ كوشتن و زیندان و تۆقاندن و سه‌ركوت فه‌رز بكرێته‌وه‌ به‌سه‌ر حزبه‌كان و خه‌ڵكدا.

زمناكۆ عزیز
28-7-2009

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.