هه‌ره‌سی باوه‌ڕ به دیموکراسی پارله‌مانی
هه‌ره‌سی باوه‌ڕ
به دیموکراسی پارله‌مانی
له هه‌ڵبژاردنی کوردستاندا!حه‌مه غفور
hamaxafoer@yahoo.comسه‌رباری کێوێک ئیدیعای هه‌موو ئه‌و که‌س‌و لایه‌نانه‌ی ویستیان باوه‌ڕ به دیموکراسی بۆرژوایی‌و پارله‌مانی ته‌بلیغ که‌ن‌و بنج‌و ڕیشه‌ی بۆ داکوتن له هوشیاری‌و فه‌رهه‌نگ‌و کولتووری خه‌لکی کوردستاندا، به‌ڵام سه‌ره‌نجام ڕۆژی 25ته‌مموز2009 سیناریۆی هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی کوردستان‌و سه‌رۆکی هه‌رێم له نێو که‌شێکی سیاسی نائاسایی‌و ناهه‌مواردا به‌ڕێکراو به کرده‌وه پێچه‌وانه‌ی ئه‌و وێنایه‌ی جێمه‌به‌ستیان به ته‌واوی خۆی نمایش کرد. به دوای داهێنانی ڕیتم‌و ستایڵی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌یه‌کی شاز‌و ناشارستانی‌و دواکه‌وتووانه‌دا، که لێوان لێو بوو له تێکه‌ڵه‌یه‌ک له وه‌عدو به‌ڵێن‌و دروشمی زل‌و بریقه‌دار له‌گه‌ڵ دڵه‌ڕاوکێ‌و نیگه‌رانی سه‌باره‌ت به ته‌قینه‌وه‌ی کێشه‌و ململانێکان‌و هه‌ڵایسانی شه‌ڕو پێکدادان، سه‌ره‌ڕای ئاماده‌بوونی هه‌زاران چاودێری ناوخۆیی‌و جیهانی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شی که سه‌دان جار‌و به سه‌دان شێوه‌و زمان به‌ڵێنی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌یه‌کی هه‌ڵبژاردنی هێمن‌و ئارام‌و بێکێشه‌و بێساخته‌کاری درا به خه‌ڵکی کوردستان، که‌چی مه‌خابن به گوێره‌ی ڕاگه‌یاندنی لیستی گۆڕان‌و چاکسازی، زۆرترین ته‌زویرو ساخته‌کاری تۆمار کراوه. وه به شوێن ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه سه‌ره‌تاییه‌کانیشدا، هه‌موو شاهیدی تێکچوونی ڕه‌وشی ئارامی شاره‌کان‌و که‌وتنه‌وه‌ی پشێوی له نێو شاره‌کانی سلێمانی‌و هه‌ولێرو دهۆک‌و هه‌ندێ شارۆچکه‌ی دیکه بووین. له لایه‌ک بینیمان لیستی گۆڕان‌و چاکسازی هاواریان لێهه‌ستاو پرۆسه‌که‌یان به ناشه‌رعی وه‌سف کرد، له‌ولای تریشه‌وه شاهیدی هه‌ڵکوتانه سه‌ر بنکه‌و باره‌گای لیسته‌کانی گۆڕان‌و چاکسازی‌و ئیستیفزاز پێکردنیان بووین هه‌ر له یه‌که‌م ئێواره‌ی دوای هه‌ڵبژاردندا له‌لایه‌ن هێزه‌کانی پارتی‌و یه‌کێتیه‌وه.
به‌دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه به‌راییه‌کانی ده‌نگداندا، بینیمان چۆن به‌نێو ده‌ریایه‌ک له پێشێلکاری‌و ساخته‌کاری‌و ته‌زویرو فڕوفێڵدا، پرۆسه‌که تێپه‌ڕێنراو لیستی کوردستانی ته‌پڵی سه‌رکه‌وتنی خۆی لێدا. ئێستا خه‌ڵکی کوردستان‌و جه‌ماوه‌رێک که به هه‌ر شێوازێک فریوی بانگه‌شه‌و ته‌بلیغاتی ئه‌م حیزب‌و قه‌واره‌و لیسته سیاسیانه‌ی خواردبێ، چۆن تووشی شۆک نابن که هه‌ر یه‌که‌م ئێواره‌ی پاش پرۆسه‌که په‌رده له ڕووی سیناریۆیه‌کی گه‌وره‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی کۆمه‌ڵگایه‌ک‌و میهره‌جانی درۆی پرۆسه‌ی به‌شداری پێکردنی خه‌ڵکی ووڵاتێک له چۆنێتی دیاریکردنی ده‌سه‌ڵات‌و حکومه‌تی خۆیاندا، یان به‌شداری له پرۆسه‌ی بڕیاردان له‌سه‌ر به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی چاره‌نووسی خۆیان به‌ده‌ستی به‌شێک له لایه‌نه‌کانی به‌شداربووی کایه‌که خۆیان لاده‌برێت! خه‌ڵکی کوردستان له‌جیاتی ئه‌وه‌ی تووشی شۆک ببن، پێویسته یه‌خه‌ی سه‌رجه‌می لایه‌نه‌کانی به‌رپاکه‌ری ئه‌م سیناریۆیه بگرن‌و بۆ هه‌میشه خۆشباوه‌ڕیان به‌م هێزو لایه‌نانه، وه‌همیان به ناسیونالیزم‌و به کوردایه‌تی، خۆشباوه‌ڕیان به دیموکراسی‌و هات‌وهاواری گێژکه‌ری پرۆسێسی پارله‌مانی، بده‌نه‌وه به‌چاویانداو ڕیزی سه‌ربه‌خۆو ئیراده‌ی ئازادانه‌ی خۆیان له‌ده‌وری سیاسه‌تی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان یه‌کگرتوو و ڕێکخراو بکه‌ن.
ئێستا ئیتر جگه له ڕاگه‌یاندنی میدیایی‌و ڕه‌سمی جووت حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار که پرۆسه‌که به پاک‌و بێخه‌وش‌و ئارام‌و بێکێشه وێنائه‌که‌ن، وه گه‌ره‌کیانه به نموونه‌ی بێوێنه‌ی دیموکراسی ناوچه‌که بیقه‌بڵێنن‌و به‌هره‌به‌رداری لێبکه‌ن، لیست‌و قه‌واره به‌ناو به‌رهه‌ڵستکاره‌کانیان، یانی لیستی گۆڕان‌و چاکسازی به‌تایبه‌ت، ئاماژه بۆ سه‌دان داتا‌و دۆکومێنتی ساخته‌کاری‌و پێشێلکاری لیستی کوردستانی، لیستی یه‌کێتی‌و پارتی ئه‌که‌ن بۆ بردنه‌وه‌ی کایه‌که. وه به‌مه‌ش دوو لیستی دیاری ناو پرۆسه‌که، یانی گۆڕان‌و چاکسازی، به ئاشکراو بێ‌دوودڵی وه به شێوه‌یه‌کی ڕه‌سمی هه‌ڵبژاردنه‌که به پڕخه‌وش‌و پڕته‌زویرو پڕ له ساخته‌کاری ئه‌سه‌لمێنن.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌شیان که پێچه‌وانه‌ی په‌یمان‌و به‌ڵێنی یه‌که‌می کاتی هه‌ڵمه‌ته‌کانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانیانه که له‌به‌رده‌م کۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریدا ئیدیعایان ده‌کردو ئه‌یانگووت؛ ئێمه سه‌ره‌نجامی پرۆسه‌که قبوڵ‌و په‌سه‌ند ئه‌که‌ین هه‌رچۆنێک بێت! چونکه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هه‌موو لیست‌و قه‌واره‌کان ده‌یانزانی که پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پاک‌و نه‌زیهو بێگه‌رد ئیمکانی نیه له‌ژێر سایه‌ی دوو حیزبی عه‌شایه‌ری‌و میلیشیاییدا. هه‌موو لیست‌و قه‌واره‌کان ئامانجی سه‌ره‌کیان پاڵپێوه‌نانی خه‌ڵک بوو بۆ نێو سیناریۆیه‌که، نه‌ک ڕیفۆرم‌و گۆڕان‌و چاکسازی. ئۆباڵی ئه‌م سه‌ره‌نجامه له ئه‌ستۆی هه‌موو لیست‌و قه‌واره‌کان خۆیاندایه‌و خه‌ڵکی کوردستانیش پێویسته ده‌رس‌و ته‌جروبه له‌م سووڕه‌ی هه‌ڵبژاردنیش فێرببن که پێیان وابوو به‌به‌شداری لیستی جیاواز‌و کێبه‌رکێی کاراو کاریگه‌ر، ئه‌گه‌ری گۆڕانکاری له قازانج‌و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی ناڕازی‌و چین‌و توێژه ژێرده‌ست‌و هه‌ژاره‌کاندا پێکدێت!هه‌ڵوێستی لیستی گۆڕان‌و لیستی چاکسازی سه‌باره‌ت به ئه‌نجامه به‌راییه‌کانی ده‌نگه‌کان، به‌ڵگه‌و ئاماژه‌ی بێئه‌ملاولایه بۆ ڕاستی‌و درووستی لێکدانه‌وه‌و هه‌ڵوێستی سیاسی درووستی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری سه‌باره‌ت به‌م سیناریۆیه‌ی هه‌ڵبژاردن. ئێمه ووتمان؛ ئه‌مه هه‌ڵبژاردن نیه، سیناریۆی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵک‌و وه‌رگرتنی په‌نجه‌مۆری ته‌ئیدی جه‌ماوه‌ره به زۆر، یان به خۆشی له‌لایه‌ن یه‌کێتی‌و پارتیه‌وه. لیسته‌کانی تر‌و حیزب‌و قه‌واره‌کانی دیکه‌ش، به‌تایبه‌تی لیستی گۆڕان، له‌پێناوی وه‌رگرتنی چه‌ند کورسیه‌کی پارله‌مانیدا، درووست باشترین ده‌ورو نه‌خشیان بینی بۆ فریودان‌و گێژکردنی جه‌ماوه‌ری کوردستان به‌مه‌به‌ستی ڕاپێچکردنیان بۆ نێو سیناریۆی هه‌ڵبژاردن. ئێستاش به نیازن به تۆمه‌تبارکردنی یه‌کێتی‌و پارتی به پێشێلکاری‌و ساخته‌کاری‌و ته‌زویر، یان به تانه‌لێدان‌و ڕه‌خنه‌گرتن له دژی سه‌ره‌نجامی کۆتایی پرۆسه‌که، متمانه‌ی به‌لاڕێدابراوی به‌شێک له خه‌ڵکی کوردستان له پشتی سیاسه‌ته‌کانیانه‌وه ڕابگرن، هه‌تا وه‌کو هێزی گوشار به‌سه‌ر لیستی براوه‌وه له پارله‌مانی ئایینده‌دا به‌کاریان بێنن. ده‌نا گه‌وهه‌ری هه‌ڵوێستی لیستی گۆڕان‌و چاکسازی سه‌باره‌ت به ئه‌نجامی سه‌ره‌تایی ده‌نگدانه‌کان، هیچ مسداقیه‌تێک، وه هیچ شه‌رعیه‌تێک بۆ نه‌زاهه‌ت‌و بێگه‌ردی هه‌ڵبژاردنه‌که ناهێڵێته‌وه‌و به باشترین شێواز حه‌قیقه‌تی هه‌ڵوێستی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری‌و به‌شێکی گه‌وره‌ی خه‌ڵکی کوردستان ئه‌سه‌لمێنێت. هه‌ڵوێستێک که پێی وابوو هه‌ڵبژاردنێک له ئارادا نیه، ئه‌وه‌ی ڕووئه‌دات سیناریۆی وه‌رگرتنی شه‌رعیه‌تی پارله‌مانیه بۆ درێژه‌دان به ده‌سه‌ڵاتی نوێنه‌رانی سه‌رمایه‌و سه‌رمایه‌داری‌و چینه‌داراکانی کوردستان‌و هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار.
زۆربه‌یه‌کی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان له‌گه‌ڵ ئێمه کۆمۆنیسته‌کان‌و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان هاوڕاو ته‌با بوون سه‌باره‌ت به سه‌ره‌نجامی ئه‌م سیناریۆیه. ئێمه ڕامانگه‌یاند که ئه‌م که‌ڕنه‌ڤاڵه سیاسیه، بۆرژوایی‌و درۆزنانه‌یه‌و هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی نیه به به‌شداری‌و ده‌خاڵه‌تی هاوڵاتیانه‌وه له دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆیان‌و شێوه‌ی حوکمڕانی کۆمه‌ڵگاکه‌یاندا. به قه‌د نووکه ده‌رزیه‌ک په‌یوه‌ست نیه به چۆنێتی به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیان‌و کۆمه‌ڵگاکه‌شیانه‌وه. ووتمان؛ باوه‌ڕهێنان به هه‌ڵبژاردنی دیموکراسی له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیاییدا خۆخه‌ڵه‌تاندنه.
ئێمه ئه‌م به‌شه‌ی کۆمه‌ڵی کوردستان، به پێچه‌وانه‌ی بازنه‌ی ته‌نگی جیهانبینی هه‌موو ئه‌و ڕه‌وه‌نده سیاسیه دومباڵه‌ڕه‌وه وورده بۆرژوایی‌و ڕووناکبیریه‌ی که شه‌پۆلی ته‌بلیغاتی بۆرژوا ناسیونالیستی کوردی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵیگرتن‌و تووشی سه‌ره‌گێژه‌یه‌کی کوشنده‌ی کردن سه‌باره‌ت به ئه‌سڵ‌و بناغه‌ی گۆڕان‌و گۆڕانکاری واقعی‌و شۆڕشگێڕانه له کۆمه‌ڵی کوردستاندا، وه بێباکانه‌و نامه‌سئولانه نه‌فیری عامیان لێدا بۆ شوێنکه‌وتنی لیستی گۆڕان، وه نه‌وشیروان مسته‌فایان وه‌کو پێغه‌مبه‌ری ڕیفۆرم‌و گۆڕان‌و چاکسازی وێنائه‌کرد، ڕامانگه‌یاند ئه‌م هه‌ڵبژاردنه سیناریۆی داپۆشینی قه‌ڵشت‌و که‌لێنی گه‌وره‌ی نێوان چینه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی کۆمه‌ڵی کوردستانه‌و لیستی گۆڕانیش ئامانجی په‌ڕینه‌وه‌یه بۆ نێو ده‌سه‌ڵات‌و پچڕینی چه‌ند کورسیه‌کی پارله‌مان نه هیچ شتێکی تر. ئێمه بانگه‌وازی خه‌ڵکمان کرد که کۆمه‌ڵگای کوردستان چینایه‌تیه‌و ململانێی چینایه‌تی‌و پێکدادانی به‌رژه‌وه‌ندی چینایه‌تی میحوه‌رو ڕۆحی به‌ره‌پێشچوونی مێژووه تیایدا، وه هه‌ر لێره‌شه‌وه گۆڕان‌و گۆڕانکاری‌و ئیسلاحات مانای عه‌مه‌لی ئه‌دا به‌ده‌سته‌وه. نه‌ک توواندنه‌وه‌ی چینه‌کان له‌ژێر چه‌تری جووڵانه‌وه‌ی ناسیونالیستی‌و کوردایه‌تیدا. ووتمان؛ هێزی گۆڕان هاتنه‌مه‌یدانی ئیراده‌ی ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵک‌و جه‌ماوه‌ره له ده‌وری سیاسه‌تی کۆمۆنیستی‌و رادیکاڵ بۆ به‌رپاکردنی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازاد‌و یه‌کسان‌و دادپه‌روه‌رانه. هه‌نگاوی یه‌که‌میش تووڕدانی خۆشباوه‌ڕیه به کوردایه‌تی‌و به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی سیاسه‌تی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بۆ ده‌رهێنانی کوردستان له سه‌رگه‌ردانی‌و هه‌ڵواسراوی‌و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی سکۆلارو سه‌ربه‌خۆ.
27ته‌مووز2009