با له‌رۆحی ئاوه‌نگیشدا..دووباره نه‌بمه‌وه
محـمـد چـیا
وه‌ك شیله‌ی هه‌نجیرێكی گه‌یوو
له‌زاری زه‌ده‌واڵه‌كاندا،
ژه‌هراوی ده‌بم.
وه‌ك شاخێك، ئاگر به باڵایدا هه‌ڵبكشێت
له‌گه‌ڵ شنه‌یه‌كی شه‌ودا، ده‌سوتێم و ده‌بم به (گور).
وه‌ك جه‌سته‌ی سێوێك، كه‌رت بووم
لایه‌كم مێروو خواردوو..
لایه‌كیشم
به‌ده‌ست حه‌واوه جێماوه.
* * *
هێنده‌ی یوسفێك به‌ریئـ و ته‌نیام
كه‌چی هه‌ناسه‌م له‌زیندانی دونیادا
زه‌رد بوو.
* * *
ووشه‌كانم بیر چۆته‌وه
پیته‌كان ئاوێته ده‌كه‌م
ئێستا ئه‌لفوبێیه‌ك فێر ده‌بم
كه ته‌نها خۆم لێی تێده‌گه‌م.
* * *
ئه‌مه‌وێت له‌خۆم بچمه ده‌ر
ئه‌م شوێن و كاته جێ بێڵم
ببمه پیرێكی نورانیی و
چیتر هه‌ست نه‌كه‌م جه‌حێڵم.
* * *
غه‌ریبی دڵم ده‌گوشێت و
هه‌ر گۆڕه‌و شاری پێده‌دات
له‌بری ژه‌هراوی مه‌رگ
په‌ژاره‌و خه‌م نۆره ده‌كات.
* * *
دڵم كۆڵیتێكه بچووك
له‌سه‌ر تاشه‌به‌رده‌كانی ئێواره
شه‌كه‌ت و قورس تێڕاماوه
له دونیایه‌ك پاره پاره
* * *
ماڵی دڵم..
له‌سه‌خترین به‌رزایی و
نسرمترین ڕووی ده‌ریایه
په‌نجه‌ره‌ی دڵم له‌گه‌ڵ خۆره‌تاو
هه‌میشه چاوشاركێیانه
نه ئه‌و سڵاوێكی له‌من و..
نه منیش هی ئه‌و
ده‌سه‌نمه‌وه
* * *
ماڵی دڵم له‌و ئاسمانه
وه‌ك ئه‌وه‌ی هاوسێ ی خودابم
ته‌نها وه‌رزه‌كان به‌لامدا گوزه‌ر ده‌كه‌ن
دامێنم پێ ده‌شته‌و
پڕپڕن له‌گوڵی مۆر..
جوانن وه‌ك خوشكه‌كه‌ی (قابیل).
* * *
ته‌نیایی (ره‌نگی هه‌میشه‌یی)..
وه‌ك مه‌غریبێكی بێ بزه
له‌سیمام نیشتووه.
هه‌میشه سه‌رسام و..
هه‌میشه نیگه‌ران
پاكیزه‌و بێ گوناه
بێ باك وه‌ك خودا
* * *
ئێواران داده‌به‌زمه پێده‌شتی ته‌نیایی
كه‌من پێیده‌ڵێم: ئاسمانی یه‌كه‌م
بێ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌رم بۆ ئه‌و گوڵانه‌ی
كه خوشكه‌كه‌ی قابیل له‌قژی ده‌دان
ئه‌وسا، كه له‌گه‌ڵ (هابیل)
ژووانی ده‌به‌ست.
* * *
ته‌نانه‌ت ناوێرم وه‌ك خودا‌ش ڕابورم
ئه‌و.. كه ڕاده‌بورێت
شاباڵه‌كانی گه‌ردون پڕ ده‌كه‌ن له‌نوور
به‌ڵام من …
دونیا پڕ ده‌كه‌م له تاریكیی.
* * *
خوادیه
هێنده‌ی تاڵی گیایه‌ك
له نوری خۆتم به‌ش بده
با ئاوێزان ببمه‌وه به ئه‌به‌دیی..
با چیتر
نه‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ هیچ بازنه‌یه‌كی دی،
بۆ هیچ ژیانێك..
خودایه .. با له‌هیچ هه‌ناسه‌یه‌كدا،
ته‌نانه‌ت له‌رۆحی ئاوه‌نگێكیشدا
دوباره نه‌بمه‌وه
بۆ ئه‌وه‌ی چیدی
بۆگه‌نی دونیا..
رۆحم په‌شمورده نه‌كاته‌وه.
* * *
ده‌مه‌وێت وه‌ك منداڵێكی پێپه‌تی
هێنده به‌ئاسته‌م به‌م پێده‌شتدا ڕابكه‌م
تاباڵم لێ بڕوێت،
تا بگه‌م به‌شتێك له‌ئۆقره‌یی
ئه‌و كاته‌ش كه ڕاده‌كه‌م
چاوه‌كانم پڕ ده‌بنه‌وه
له‌كلوه‌ی فرمێسك و
كزه‌ی ئێواره‌یه‌كی سارد
ده‌یانبات.
* * *
هه‌موو ئێواره‌یه‌ك
به‌م پێده‌شته‌دا ڕاده‌كه‌م
پێیه‌كانم په‌تیه و
چاوه‌كانم پڕن له‌كزه،
كه‌ئێواره‌ش ئاوا ده‌بێت
هه‌ر چۆڵه‌وانیه و كش و مات
مرۆڤ وا بكات خودایی بژی
مادام هه‌ست بكات
بۆ هه‌میشه..
ته‌نهاو ته‌ریكه‌و ..
بێ‌باك.