
فه‌رهاد پیرباڵ، تۆ موڵکی هه‌مومانی ……ئاکۆ مه‌جید/ به‌ریتانیا
پێم وا نیه که‌سێک هه‌بێت به سوتاندنی کتێبه‌کانی دکتۆر پیرباڵ دڵخۆش بوبێت، ئێمه هه‌مومان نیگه‌رانین که وشه‌و به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیات بسوتێنرێت، هه‌موشمان ئیدانه‌ی ئه‌و کاره ده‌که‌ین. پیرباڵێش وه‌کو هه‌مو تاکێکی کورد ئازاده و به ئاره‌زوی دڵی خۆی ده‌نگ به لیسته خوازراوه‌که‌ی ده‌دا‌ت هیچ که‌سێک نکوڵی له‌وه نیه. پیرباڵ مافی خۆیه‌تی سه‌رنجی له‌سه‌ر سوتاندنی به‌رهه‌مه‌کانی هه‌بێت و گوزارشت له دیدی خۆی بکات، به‌ڵام من سه‌رنجێکی ترم له‌سه‌ر هۆکاری رودانی ئه‌و کاره هه‌یه ئه‌گه‌ر لێمی وه‌ربگرێت، هه‌ر وه‌کو رۆژنامه‌نوسه‌که ئه‌و پرسیاره‌ی لێ کرد بۆ ته‌نها به‌رامبه‌ر دکتۆر فه‌رهاد پیرباڵ ئه‌و کاره کراوه؟ هه‌ڵبه‌ت پیرباڵ وه‌کو ئه‌دیبو نوسه‌رو که‌سایه‌تیه‌کی دیاری ناو فه‌رهه‌نگ و مه‌یدانی رۆشنبیری کوردستان پێگه‌یه‌کی به‌رچاوو کاریگه‌ری له‌سه‌ر هزرو بیری قوتابی و خوێنه‌ری کورد هه‌یه که هه‌میشه نه‌وه‌ی نوێ و به‌تایبه‌ت قوتابی و خوێنه‌ره‌کانی کاریگه‌رن به نوسینه‌کانی، به گشتی ئه‌و موڵکی هه‌مو ئه‌و چین و توێژانه‌یه که رۆژێک له رۆژان وشه‌یه‌ک یان خوله‌کێک له کتێبه‌کانیه‌وه یان له کۆڕه‌کانیه‌وه فێر ده‌بن، پیرباڵ موڵکی هه‌مو هه‌واداره‌کانیه‌تی به‌وانه‌شه‌وه که کتێبه‌کانیان سوتاندووه.
ئه‌وانه‌ی که کتێبه‌کانی پیرباڵیان سوتاندووه ئاماده نین نوسین و کتێبی که‌سێکی سیاسی سه‌ر به‌لایه‌نێکی دیاری کراو بسوتێنن، چونکه پیرباڵ گه‌وره و خۆشه‌ویسته، به‌دیوێکی تردا وه‌کو نزیکترین خۆشه‌ویست و ئه‌دیب که به‌هۆی هه‌ڵوێستێکه‌وه هه‌وادارانی لێت ده‌ره‌نجێن و په‌رچه‌کردار ده‌نوێنن ئه‌وه مانای وایه خۆشه‌ویستی کۆمه‌ڵێک له قوتابی و بیرمه‌ندی خۆی له‌ده‌ست داوه که رۆژێک له رۆژان وشه‌یه‌کی لێوه فێر بوون. له کاتێکدا به‌رێزیان وه‌کو کاراکته‌رێک له به‌ره‌و پێش بردن و پێگه‌یاندنی هزری نوێ بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له گه‌وره‌یی و بێ لایه‌نی پیشه‌که‌ی خۆی بکردایه پێویست بوو زیاتر کاری له‌سه‌ر هۆشیاری و دروستکردنی ئیراده‌یه‌کی به‌هێز و گرنگی خاڵی وه‌رچه‌رخانی مێژویی بکردایه‌ته‌وه نه‌وه‌ک لایه‌نگری لیستێکی دیاری کراو بکات، له کاتێکدا هه‌ژده ساڵه دو ده‌سه‌ڵاتی قۆرخکاری کوردستان نا دادپه‌روه‌رانه هه‌ڵسو که‌وت ده‌که‌نو سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م میلله‌ته ته‌خشان و په‌خشان ده‌که‌ن و دانیشتوانی گه‌رمیانیش یه‌که‌م قوربانی ئه‌م تاڵانیه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه نه‌ده‌بو پیرباڵ لایه‌نگری هیچ لیستێکی بکردایه، بۆیه هیوادارم دکتۆر فه‌رهاد پیرباڵ ئه‌رکی خۆی له‌جێی خۆیدا به‌کار بهێنێ و خۆشه‌ویسته‌کانی له‌ده‌ست نه‌دات.