شارەکان ….. ئاوارە وڵات
تەندوورى پووشپەڕە
کۆڵان و سەرشەقام سارد و سڕ
ئاپۆرەى سەهۆل و داوەڵە
سواڵکەرى نان و مان
نیشتەجێى ئەم گۆڕە گەورەیەن
چاوەکان
پەیڤەکان
هەناسەت دەژمێرن:
خێراکە
زووکە دەى
رۆحى خۆت بسپێرە بە خودا و
جەستەشت بەم شارە.
ناتوانم .. ناتوانم
من شاخم لە گەل خۆم هێناوە
هەناسەى تریفەى حەیرانى کوێستانم هێناوە
من خەمى تەنیایى ئاوارەى وڵاتم لە کۆڵە و
سات بە سات
گەز بە گەز دەیگێڕم
رۆحى من بەندەن و ترۆپکە
رۆحى من دەوەن و درەختە و
لە خاک دا رۆچووە
چۆن دەستم لێى بەربێ
چۆن خاک و سەرکەپک و تەلانم جێبێڵم؟
تەورێک لێم راساوە و دەیهەوێ دامپاچێ
رەشمارێک فیشکەى دێ
هەربینا چۆلەکەى شەمزاوى ئەم دڵەى هەڵلووشى
رەهێڵە و تەرزەیە بە لێزمە دادەکا و
هاکا ئەو نێرگزە بۆنخۆشەى وەراندم
لەناکاو دەستێکى زبر دێ و
لە ئەوکم گیر دەبێ:
دەتوانى .. دەتوانى
خۆ ئەتۆ خاکەکەى مارف نى
نەتوانى کۆچ بکەى
خۆ ئەتۆ شمشاڵى قالە نى
مەمانان نەتوانین بتژەنین
خۆ ئەتۆ شەهیدى هەڵەبجە و
کانیەکەى باسرەت و
هەوارگەى بازاڕگە و دێلکە نى
نەتوانن راتگوێزن
خۆ ئەتۆ حاجیەکەى کۆیە نى
خۆ ئەتۆ مەولەوى و هێمن و دڵدار نى
خۆ ئەتۆ رەوەزى زۆزک و قەندیل و گابار نى
دەتوانى .. دەتوانى
زووکە دەى
شەنگڵێ لە خۆت دە و
ئاوێتەى ئێرە بە.
چاوانم بە مۆلەق دەوەستن
مووچڕکێ و هەژانێ لە مەوداى ئاوەز و دڵم دا
وە دەنگى جووتنى بنێشتێ لە کەکرە و ژەقنەمووت؛
خۆ ئەتۆ دەروێشى عەبدێ نى
دەتوانى .. دەتوانى.
ئەو کاتەى قۆندەرەم فڕێدا و
کەڵاشم کردە پێم
شەقڵى شەو شکابوو
پشتێنم دەسرازەى ئەوینى هەڵەت و هەوار بوو
ئەم دڵە ساوایەى جەڕاندبوو
جامانەش مژى سەر کڵاوەى کەژ و کۆ
ئاورگەى دەروونم داییسا و
نرکەیەک لە گەرووم هەڵفڕى:
هۆ رەوە کوێستانى رەوەک و سەربزێو
هۆ کەوى هۆرەچڕ
هۆ کچى باللۆرە و
ئەى کوڕى لاوک و قەتارە
هۆ ورتەى کانیلکە
هۆ حیلەى زنار و
چریکەى جۆگەلە و
هۆ قاسپەى جێ هەوار
ئەى شنەى مێشەڵان
هۆ خەمى سەرکەش و
برینى سەربەتەم
هۆ هاوڕێی تەنیایى و بێکەسیم
ئەى چیا من هاتم.
دەزانم سپێدەی بەیانى
شارەکان سەرلەبەر زویر دەبن
ئەو کاتەى ببیسن گوتوومە:
شارەکان سۆزانى تەڕپۆش و خەمبارن
لە باوەش دۆلاڕى پیاوانى گەندە دا
شارەکان دوابزەى هەنیسکى ژێکۆندن
لە ژێر ژارەماچى زەمین و زەمان دا.ئاوارە وڵات