کاریگه‌ری کۆمپانیا و سوپه‌رمارکێته‌کان له سه‌ر ژینگه و کۆمۆنێتییه‌کان
زاهیر باهیر
له‌نده‌ن، 06ی ئۆگوستی 2009ئاسانه كه بزانرێت ساڵانه یا له ده‌هه‌یه‌كدا زیانی گیانی یا مرۆیی چه‌نده، هه‌روه‌ها ئاسانیشه كه بزانرێت بڕی له‌ناوچوونی موڵك و خانووبه‌ره و هه‌تا ئاژه‌ڵ و گیانله‌به‌رانی دیش هه‌ر به‌هۆی جه‌نگه‌كانه‌وه، چه‌نده. به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی ئامارێكی فه‌رمییه‌وه ڕه‌نگه ئاسان نه‌بێت هه‌ژماری ئه‌و مرۆڤانه‌ی یا ئه‌وگیانله‌به‌رانه‌ی که له‌سه‌ر ده‌ستی كۆمپانیا گه‌وره‌كان، كه له دووی نه‌وت و ئاو و سامانه سروشتییه‌كانی تردا له سه‌رانسه‌ری جیهاندا وێڵن، یا ئه‌و كۆمپانیانه‌ی كه وڵاتی له‌دایكبوویان به‌جێهێشتووه و به‌جێده‌هێڵن و له شوێنێكی تری ئه‌م دنیایه‌دا، له دووی ڕه‌نجی كاری هه‌رزان و كه‌ره‌سه‌ی خاوی هه‌رزاندا وێڵن، له‌ناو ده‌چن یا ئه‌و زیانه‌ی له ژینگه ده‌كه‌وێت، چ كاره‌سات و مه‌رگه‌ساتێك بۆ خه‌ڵكی وڵاته‌كان، بۆ ژینگه‌ی ناوچه‌كان به‌جێده‌هێڵن، سه‌رئه‌نجام دیسانه‌وه زیانی ئه‌مانه‌ش به‌سه‌ر مرۆڤدا ده‌شكێته‌وه.
نه‌ك هه‌ر ئه‌مه، به‌ڵكو گه‌لێك له ئێمه قه‌ت بیر له‌وه ناكه‌ینه‌وه یا نه‌كردۆته‌وه، كه دروستكردنی به‌نداوێك یاخود بۆ نموونه دانانی كۆمپانیایه‌كی گه‌وره‌ی وه‌كو كوكا كۆلا، یا بیره یا گه‌لێكی تر له‌و چه‌شنه چ شوێنه‌وارێكی خراپ له‌سه‌ر ناوچه‌كه و كۆمۆنێتییه‌كان به‌جێ ده‌هێڵێت. ئێمه ته‌نها لایه‌نه باشه‌كه‌مه‌كانی وه‌كو خولقاندنی كار یاخود دانی كاره‌با و بوونی ئاوی پێویست له دروستكردنی به‌نداوێکدا ده‌بینین.
له‌م باسه‌دا، ده‌مه‌وێت په‌نجه بۆ ئه‌وه ڕاكێشم، كه ئێمه‌ی مرۆڤ له سایه‌ی ئه‌م سیسته‌مه جیهانییه‌ی ئێستا – سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی-دا به جه‌نگه‌كانیان، به ڕه‌فتار و ڕامیاریی و به پراكتیزه‌كردنی سیساسه‌ته‌كانی له شوێنه جیاجیاكانی دونیادا، ته‌نیا به قۆچی قوربانی نابین، به‌ڵكو ژماره‌ی قوربانییه‌كانی ئێمه و ژینگه‌ش، زۆر كاریگه‌رترن و ڕه‌نگیشه قوربانییه‌كانمان ژماره‌یان زیاتر بێت. ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم كه ئێمه‌ی مرۆڤ هه‌ر به ته‌قه‌لێكردن ژیانمان لێ ناسه‌ندرێته‌وه، به‌ڵكو بێ ته‌قه‌ش ڕه‌نگه هه‌ژماری كوژراوه‌كانمان زیاتر بێت.
ئه‌وه هه‌ر كۆمپانییه گه‌وره‌كان نین، که ژیانی خه‌ڵكی وڵاتانی تر به دۆزه‌خ ده‌كه‌ن، به‌ڵكو سوپه‌رماركێته گه‌ور‌ره‌كانی به‌ریتانیا و وڵاتانی تری ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریكاش بۆ گه‌یشتن به‌هه‌مان ئامانجیان كه قازانجه، هه‌مان ڕۆڵ ده‌بیننه‌وه. گه‌ڕان به‌دوای زه‌وی به پیت و سه‌رچاوه‌ی ئاوی زۆر و کرێی هه‌رزان له ململانێ‌یان له‌گه‌ڵ یه‌کدیدا له دابینکردنی سه‌وزه و میوه و ماسی و گۆشت به هه‌موو چه‌شنه‌کانییه‌وه ..هتد بۆ کڕیاره‌کانیان، ژیانی خه‌ڵکی وڵاته‌کانیان کردۆته دۆزه‌خ. " شه‌پۆلی یه‌که‌می پێشخستن و پێشکه‌وتنی سۆپه‌رمارکێته‌کان دای له شاره گه‌وره‌کانی وڵاته گه‌وره‌کان یا وڵاته ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی ئه‌مه‌ریکای لاتین. شه‌پۆلی دووه‌م خۆیدا به‌سه‌رخۆرهه‌ڵات وخۆرهه‌ڵاتی خوارووی ئاسیا، دواتر یا سێهه‌م شه‌پۆل خۆی بۆ وڵاته بچووکه‌کان یا هه‌ژاره‌کانی ئه‌مه‌ریکای لاتینی و ئاسیا له‌وانه‌ش ئه‌مه‌ریکای ناوه‌ڕاست و خواروو و دواتریش خۆرهه‌ڵاتی ئه‌فریکا، په‌لی هاوێشت" لاپه‌ڕه 233 له په‌رتووكی Shopped له لایه‌ن Joanna Blythman . هه‌ر له‌و په‌رتووكه‌دا جه‌وان په‌نجه بۆ ئه‌وه ڕاده‌کێشت، که چۆن سۆپه‌رمارکێت ڕۆلێکی گه‌وره ده‌بین له به‌ره‌و گه‌وره‌بوونیش ده‌ڕوات له ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی بازاڕی که‌ره‌سه‌کانی خواردنه‌وه و خوارده‌مه‌نی و پۆشاکدا، بۆ نموونه ده‌ڵێت " له ساڵانی 1980دا سۆپه‌رمارکێت ته‌نها له 10% بۆ 20% له فرۆشتنی خواردندا ڕۆڵی هه‌بوو، که‌چی له ساڵی 2000 دا شێری سۆپه‌رمارکێته‌کان هه‌ڵکشا بۆ له 50% تا 60% ". نووسه‌ری ئه‌م په‌رتووكه هه‌ر له لاپه ڕه‌ی دواتردا سه‌رنجمان بۆ ئه‌وه ڕاده‌کێشێت، که ئه‌م سۆپه‌رمارکێتانه به به‌رده‌وامی له‌و بواره‌دا پاره ده‌خه‌نه گه‌ڕ" شه‌ش له که‌ڵه سۆپه‌رمارکێته‌کانی به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و هۆڵه‌ندا و به‌لجیکا له ساڵی 2002 دا 120 ملیۆن دۆلاریان هه‌ر به‌ته‌نها له وڵاتی تایله‌نددا، خسته گه‌ڕ…. …. دواتر له وڵاتانی وه‌کو کۆریای باشووری، تایوان، مالیزیا، چیك، هه‌نگاریا، پۆڵه‌ندا، سلۆڤاك و ئیرله‌نداش پاره‌یان خسته گه‌ڕ".
ڕامیاریی ئه‌م سۆپه‌رمارکێتانه ئه‌وه‌یه: به‌نرخێکی هه‌رزانتر، فرۆشتنی زیاتر بۆ ده‌ستکه‌وتنی قازانجێکی زیاتر. هه‌ر ئه‌مه‌شه پاڵیان پێوه ده‌نێت، که لقوپۆیان هه‌موو شوێنێکی ئه‌م جیهانه بگرێته‌وه، جا ئیدی به زه‌وتکردنی زه‌ویوزار و ئاویان بێت یا فه‌رهوودکردنی خه‌ڵکه‌که و وڵاته‌که‌یان بێت، له‌لای ئه‌وان، ئه‌مانه هیچیان پرسێك نین. ڕۆژانه له زۆربه‌ی زۆری وڵاتانی ئه‌م جیهانه‌دا له وه‌ڵامی یا ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ڕامیاری بێته‌قه‌ی ئه‌م سیسته‌مه‌دا، به‌رده‌وام خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی گه‌وره گه‌وره به‌رپا ده‌كرێن و هه‌ندێك جاریش به‌ناچاری ڕێگه‌ی خوێناوی به‌و كه‌سانه‌ی به‌م كارانه هه‌ڵده‌ستن، ده‌گیرێته به‌ر. گه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به سه‌دان گروپ دروست نه‌بووبن، ئه‌وه ده‌یان گروپ له ژێر ناوی جیاجیادا، به‌ڵام بۆ هه‌مان مه‌به‌ست دروست بوون و كاریان جه‌خت لێ‌كردن و گوشار دانانه له‌سه‌ر ئه‌و كۆمپانیانه و میری وڵاته‌كه، كه كۆنتراكتی له‌گه‌ڵدا كردوون و به‌ستوون.
تازه‌ترین ناڕه‌زایه‌تی، ئه‌وه سه‌ره‌تای مانگی جونی ئه‌مساڵ و كۆتایی مانگی مای بوو، كه له وڵاتی پیرۆ ڕوویدا و خوێناوی‌ترین پرۆتێست بوو له ماوه‌ی 20 ساڵی ڕابوردوودا، كه له‌لایه‌ن دانیشتووانه هه‌ژاره‌كه‌ی ئه‌وێنده‌رێ، كه به ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئیندۆسن و هه‌زار ساڵه له‌وێ ده‌ژین، بووه هۆی كوژرانی 50 كه‌س و برینداربوونی سه‌ده‌های تر، له به‌رامبه‌ریشدا 9 پۆلیسیشی تێدا كوژرا.
تاوانی ئه‌م خه‌ڵكه ته‌نها ئه‌وه بووه، كه وه‌كو هه‌موو كه‌سێكی تر، به‌رگریان له مافی خۆیان كردووه. پێرڤاندۆ پیورته، كه یه‌كێكه له هه‌ڵسوڕاوه چالاكه‌كانی ئه‌و گروپ و خه‌ڵكه وتی "ئه‌وان له كاتێكدا ده‌مان كوژن، كه ئێمه ته‌نها به‌رگری له ژیانی خۆمان، له سه‌روه‌ریمان، له ڕێزی که‌سێتیمان ده‌كه‌ین"، ئه‌و ناوی ناكۆكییه‌كانی نێوانی خۆیان و كۆمپانییه‌كانی نه‌وت و گاز به "دووه‌م جه‌نگی نه‌وت" نێو ده‌بات.
ئه‌و ڕاست ده‌كات، كۆمپانییه بێگانه‌كانی نه‌وت له جه‌نگه‌ڵه‌كه‌ی ئه‌مازۆندا، له ده‌رهێنانی ئه‌و نه‌وته یه‌ده‌كییه‌ی كه به 6ملیاردد به‌رمیل خه‌مڵێنراوه، ده‌ستیان ئاوه‌ڵا كراوه. هه‌روه‌ها له بردن و فه‌رهوودكردنی سامانه سروشتییه‌كانی تری ئه‌وێنده‌رێی وه‌ك دار و ته‌خته و مس و شتی تری به‌هاداردا ئازاد کراون. ئه‌وان ماوه‌یه‌كی زۆر بوو له واژۆ كۆكردنه‌وه و ڕێپێوانی ئاشتیانه و هه‌تا ده‌خیلبوون و هانابردن بۆ ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیا و هه‌ندێكی تر له ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپی، به‌ڵام هێچیان به‌ده‌ست نه‌هێنا، کاتێك که خۆیان یاسایان گرته ده‌ست و ڕێگای چالاكی ڕاسته‌خۆیان گرته به‌ر، چۆكیان به سه‌رۆكی پیرۆ دادا و ناچارییان كرد، كه ئه‌و یاسایه بۆ ماوه‌ی 3 مانگ ڕابگرێت.
ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه وه‌كو له سه‌ره‌وه‌ش باسم كردن، ڕۆژانه له سه‌ر كێشه‌ی نه‌وت، خه‌ڵوز، مس، ئاو ، ئاڵتون، ته‌خته، كاشی ، ماسی و گیانله‌به‌ره‌كانی تری ده‌ریایی و سه‌رجه‌می كه‌ره‌سته سروشتییه‌كانی تر له ئه‌مه‌ریكای لاتین، ئاسیا، ئه‌فریکا و ئه‌مه‌ریكای باكوور، له وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی دوور (خوارووی خۆرهه‌ڵاتی ئاسیا) به‌رده‌وامن. شه‌ڕێكی ده‌سته‌و یه‌خه‌یه، له پێناوی له‌ده‌ستدانی هه‌موو شتێكدایه، به وشه‌یه‌ك ژیانیان به‌گشتی له‌ته‌ك ئه‌م كه‌ڵه‌كۆمپانیانه‌دا كه نه‌ك میرییه ناوچه‌ییه‌كان رێگایان پێده‌ده‌ن و له‌بری ئه‌و كۆنتراكته‌ی كه له‌گه‌ڵیاندا هه‌یانه، هه‌ندێك پاره‌یان لێوه‌ر ده‌گرن، به‌ڵكو به ناردنی پۆلیس و هێزی سه‌ربازی له دامركانه‌وه‌ی كه‌فوكوڵ و هه‌ڵچوونی خه‌ڵكه‌كه‌دا، له دژی ڕامیاریی نامرۆیانه و دڕندانه‌یاندا، پا‌رێزگاریشیان لێ ده‌كه‌ن.
له نایجیریا، له دێلتا نایجیر، كۆمپانی شێڵ كه ماوه‌یه‌كی دوورودرێژه ئیستیغلالی نه‌وتی نایجیریایان كردووه و ڕه‌گی خۆی له زیاتر له سه‌د وڵات‌دا داكوتاوه، هه‌ر به ته‌نها له ساڵی 2008دا داهاتی ئه‌م کۆمپانیه 458 ملیاردد دۆلار بووه. 80%ی داهاتی وڵاتی نایجیریا له نه‌وت و موشته‌قاته‌كانی نه‌وت پێكدێت، هه‌روه‌ها واخه‌مڵێنراوه، كه نایجیریا له ساڵی 1960وه تاكو ئه‌مساڵ له نه‌وت 600ملیاردد دۆلاری داهاتی بووه. ئه‌م كۆمپانییه بووه‌ته هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بنه‌ماكانی ژیانی دانیشتوانی ئه‌و ناوچه‌یه، چونكه هه‌مو شتێكیان له ده‌ست داوه. هه‌موو شته‌كان، به حوكمی تێكه‌ڵاو بوونی نه‌وت به ژینگه، كه دزه‌ی كردووه بۆ ده‌ریاكان و سه‌رچاوه‌ی ئاوه‌كان، دارودره‌خت و میوه و سه‌وزه و گژوگیا و … هتد، سروشته تایبه‌تیه‌كه‌ی گۆڕاوه. به‌پێی گاردیانی ڕۆژی چوارشه‌مه، 01-07-09، به‌لایه‌نیكه‌مه‌وه 2000 شوێن که شێل نه‌وتی لێهه‌ڵده‌هێنجێت له جیهاندا پێویستیان به چاككردن هه‌یه. هه‌ر له‌م ڕۆژنامه‌دا وا هاتووه پسپۆڕه‌كانی ژینگه و نه‌وت، بڕی ئه‌و نه‌وته‌ی، كه له ماوه‌ی 50 ساڵی ڕابوردوودا له دێڵتا دزه‌ی كردووه، بریتی بووه له نزیکه‌ی9-13ملیاردد به‌رمیل. كه‌واته جێگای سه‌رسوڕمان نییه، ئه‌وه بسه‌لمێنیت، كه دانیشتوانی دێلتا نایجیر ماوه‌یه‌كی دوورودرێژه ئه‌و ئاوه‌ی كه ده‌یخۆنه‌وه‌و بۆ خۆشۆردن و جل‌شۆردن و قاپشۆردن و شۆردنه‌وه‌ی كه‌ره‌سه‌كانی تری ژیان به‌كاری ده‌هێن ، ئاوێكی پیسه، به‌و واتایه‌ی كه له‌ته‌ك توخمی كیمیاوی تێكه‌ڵ بووه. خه‌ڵكی ناوچه‌كه ئه‌مانه زۆر باش ده‌زانن و ماوه‌یه‌كی زۆره له‌ته‌ك ئه‌و كۆمپانیانه و میری نایجیریاشدا له شه‌ڕدان، به‌ڵام بردنه‌وه‌ی ئه‌م جه‌نگه كارێكی ئاسان نییه، به تایبه‌ت له به‌رامبه‌ر كۆمپانیای (شێڵ)دا كه پاره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری هه‌یه و به‌رامبه‌ره‌كه‌شی هیچ نییه، تاكو كێشه‌كه له دادگادا به ڕیگای یاسایی به‌رێته‌وه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه كۆمپانیاكه هه‌میشه له سه‌دا سه‌د پشتگیری میری نایجیریای مسۆگه‌ر كردووه. شایانی باسه، كه شێڵ له‌م ماوه‌ی پێشوه‌دا له ڕیگه‌ی دادگاوه که‌یسه‌که‌ی له‌ته‌ك خێزانی نووسه‌ر و به‌رگریكاری مافی مرۆڤ (كێن سه‌رۆ وی ویوا) و هه‌شت كه‌سه‌كه‌ی تر كه له‌ته‌کییدا له‌سێداره دران له ساڵی 1995 دا، دۆڕاند.
له (فیلیپین)یش، 10 ساڵ له‌مه‌وپێش كه میرییه‌كه‌ی یاسای گۆڕی، تاكو ڕێگه به كۆمپانییه‌كان بدرێت، له دزینی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌و وڵاته‌دا هاوبه‌ش بن. ژیانی خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌و شوێنانه‌ی كه ئه‌و كۆمپانیانه ده‌ستبه‌كارن له ژیانی خه‌ڵکی دێلتا نایجیر باشتر نییه. ده‌توانم لێره‌دا قسه‌ی (كلێر شۆرت) ئه‌ندامی په‌ڕلامانی به‌ریتانی و شالیاری پێشووتری گه‌شه‌پێدانی جیهانی بوو، له دیمانه‌یه‌كیدا ده‌ڵیت " له ساڵی 2007 دا سه‌ردانی فیلیپین‌م كرد، هه‌رگیز شتی وام نه‌بینیبوو، وه‌كو ئه‌وه تێكده‌ر بێت، كاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ژینگه كاره‌ساته، هه‌ر وه‌كو كاریگه‌رێتی له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵكه‌كه‌ی. لوتكه‌ی شاخه‌كان ده‌هێننه خواره‌وه، كه شوێنانێكی پیرۆزن بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی، سه‌رچاوه‌ی ئاوه‌كان كوێر ده‌كه‌نه‌وه و زه‌ویه‌کان كاول ده‌كه‌ن، به‌و ڕاده‌یه‌ی كه ئه‌سته‌مه به‌كێڵگه‌یی بمێننه‌وه یا بكرێنه‌وه به‌كێڵگه".
ئه‌م كۆمپانیانه هه‌ر ئه‌م شوێنه‌وارانه به‌جێناهێڵن، به‌ڵكو ده‌بنه مایه‌ی دروستكردنی گه‌نده‌ڵیو زۆربوونی هێزی سه‌ربازی و میلیشیایی و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه ده‌گاته ڕاده‌ی كوشتن و بڕینیش.
له ئیكوادۆریش كۆمپانیای چێڤرۆن (Cheveron) له نێوان ساڵانی 1970 بۆ 1980، 19ملیاردد گاڵۆنی Toxic Waste و هه‌روه‌ها ملیونه‌ها گاڵۆن نه‌وتی خامی پیسی به‌كار نه‌هاوه‌ری ڕژاندووه‌ته دارستان و جه‌نگه‌ڵاكانییه‌وه، كه ئه‌مه‌ش هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی گرتویه‌تییه‌وه كیمیاوی كردوه و بووه‌ته هۆی پیسكردنی ئاو و كوشتنی ماسی و گیانله‌به‌ره ئاویه‌كانی تر. هه‌ر بۆ ئه‌مه‌ش چێڤرۆن براوه‌ته دادگا و ئه‌و زیانانه‌ی ئه‌و به‌م ولآته‌ی گه‌یاندوون، به 2.7ملیارد دۆلار خه‌مڵینراون. ئه‌م زیانانه‌ی كه له‌سه‌ری هه‌ژمار كراون، له لایه‌ن كۆمپانیای (Texaco)وه بۆی ماونه‌ته‌وه .
له (ئه‌نده‌نوسیا)ش خه‌ڵكانێكی زۆر له سه‌ر ده‌ستی كۆمپانیای Exxon Mobil ده‌ناڵێنن .
له به‌رازیل، له دارستان و جه‌نگڵه‌ڵه‌کانی ئه‌مازۆن هه‌ر له زووه‌وه کۆمپانیای گه‌وره گه‌وره‌ی جیاجیا له‌گه‌ڵ که‌ڵه سوپه‌رمارکێته‌کانی ئه‌وروپا و هه‌ندێکی ئه‌مه‌ریکا و مه‌کدۆناڵددا، سه‌ریان کردۆته سامانی سروشتی ئه‌مازۆن؛ هه‌ر له نه‌وت و ئاڵتون و مس و توخمه کانزاییه‌کانی تر و داروته‌خته و پاکژ و له‌وه‌ڕگه‌ی مشه… هتد. پێنجیه‌كی دارستانه‌کانی ئه‌مازۆن له ساڵی1970 وه وێران کراون، که ئه‌م ڕێژه‌یه به‌قه‌د پانتایی ویلایه‌تی کالیفۆڕنیای ئه‌مه‌ریکایه.
به‌پێی ڕاپۆرتی ئه‌م دوایه‌ی Greenpeace که زیاتر له 3 ساڵه کار له‌و بواره‌دا ده‌که‌ن و خه‌ڵکیان له‌وێ هه‌یه و ئامێر و سێته‌لایتی زۆریان بۆ چاودێریکردنی چالاکییه‌کانی ئه‌م کۆمانیانه له فه‌رهود کردن و وێرانکردنی ئه‌وێدا داناوه، که له‌م ماوه‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه، وایان خه‌مڵاندووه، که له سالی 2007 وه تا ئێستا 3 ملیۆن ئه‌کر(Acre) له‌و زه‌ویانه‌ی که دارستانن، ته‌خت کراون و پاککراوه‌نه‌ته‌وه، له 80% ی ئه‌م زه‌ویانه بۆ پاکژ و له‌وه‌ڕگه‌ی ئاژه‌ڵ و گاوگوێلك ده‌بن. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که به بڕینی دار و دره‌خته‌کان و پاکردنه‌وه‌یان بۆ مه‌به‌سستی کشتوکاڵی و پیشه‌سازی و گۆشت و به‌روبومه ئاژاڵییه‌کان و گا و گوێلك ده‌بێته هۆی دروست کردنی 17% ی گه‌رمی و دووه‌م ئۆکسیدی کاربۆنی هه‌موو جیهان، که ئه‌مه‌ش له‌و گه‌رمییه و دا‌نه‌وه‌ی دووه‌م ئۆکسیدی کاربۆنه‌ی که سیسته‌می هاتوچۆی جیهانی ده‌یداته‌وه، زیاتره. هه‌ر به‌پێی ئه‌م ڕاپۆرته Bertin , JBS , Marfrig به هه‌رسێکیان کۆنترۆڵی سێیه‌کی گوێره‌که‌ی هاورده‌ی به‌رازیل ده‌که‌ن. هه‌ڵبه‌ته پرسه‌که لێره‌دا هه‌ر گۆشت نییه، به‌ڵکو ئه‌و کۆمپانیانه له دروستکردنی قاپوتی فه‌روو ، چاکه‌تی چه‌رم ، جانتا به هه‌موو چه‌شنه‌کانییه‌وه، که‌ڵکێکی یه‌کجار زۆر له چه‌رمی گا و گوێلك و باقیه‌که‌ی تریشی وه‌رده‌گرن، له‌مانه‌ش گرنگتر پێڵاوه هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش کۆمپانیای Clarks, Adidas, Nike ڕۆڵی سه‌ره‌کییان له پاڵ کۆمپانیه‌کان و سوپه‌رمارکێته‌کاندا تردا، له پاکۆدان و ته‌ختکردنی جه‌نگه‌ڵستانه‌کانی (ئه‌مازۆن)دا هه‌یه، که بووه‌ته هۆی خاپوورکردنی ژیانی زیاتر له 20 ملوێن که‌س که له‌وێدا ده‌ژین.
گۆشتیش که وه‌کو له سه‌ره‌وه په‌نجه‌م بۆ ڕاکێشا، کاڵایه‌کی بنه‌ڕه‌تییه و ئه‌وه‌یش له به‌رازیل دێته به‌رهه‌م، بۆ بازا‌ڕه‌کانی ئه‌وروپا و ڕوسیا و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بێت. هه‌ر به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته کێلگه‌کانی به‌خێوکردنی ئاژه‌ڵ و گاوگوێلك له به‌رهه‌مهێنانی 9 تا 12ملیارد ته‌ن له CO2 به‌رپرسیارن، هه‌وه‌ها سه‌رچاوه‌یه‌کی زۆری ئاویش هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌کار ده‌هێبرێت؛ بۆ نموونه له به‌رهه‌م هێنانی ته‌نها یه‌ك کیلۆ گۆشتدا 200 جار ئاوی زیاتری ده‌وێت تا به‌رهه‌مهێنانی یه‌ك کیلۆ دانه‌وێڵه، کێشه‌که‌ش له‌وه‌دایه، که بازاڕی جیهانی له بوا‌ری گۆشتدا له چاو ساڵی 1970 وه دوو جارونیو زیادی کردووه.
هه‌ندێک له بابه‌تی ئه‌و ڕاپۆرته ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ ئه‌و کاره‌ی که 6 ساڵ له‌مه‌وپێش ده‌ستی پێکردووه، که به‌شێکی تری ئه‌م دارستانه بۆ به‌رهه‌مهێنانی سۆیه بین Soya Bean له بوا‌ری کشتوکاڵی و پیشه‌سازیدا به‌کار هێنراوه، له‌م ڕاپۆرته‌دا ئه‌وه ده‌رده‌خات، که چۆن گه‌وره‌ترین کۆمپانی تایبه‌تی (ئه‌هلی) جیهانی به‌ناوی Cargill، له ئه‌مه‌ریکایه و داهاتی کشتوکاڵی و پیشه‌سازی ساڵانه‌ی 70ملیارد دۆلاره، چۆن چه‌نده‌ها به‌نده‌ری له‌گه‌ڵ 13 سایلۆی بۆ پاشه‌که‌وتکردنی داهاتی کاره‌کانی له ناوچه‌ی ئه‌مازۆندا دروست کردوه. ئه‌م کۆمپانییه له 50% ی ئه‌و مریشکه‌ی که مه‌کدۆناڵد له ئه‌وروپا و به‌ریتانیادا به‌کاری ده‌بات، ئه‌م مسۆگه‌ری ده‌کات. هه‌ر به‌پێی ڕاپۆرته‌که‌ی Greenpeace زه‌ویه گشتییه‌کان و هی هه‌ژاره‌کان له‌لایه‌ن کێڵگه‌وانه‌کانه‌وه به بلدۆزه‌ر ته‌خت ده‌کرێن و لێیان زه‌وت ده‌کرێن، ته‌تانه‌ت کرێکاری به‌ندکراویش له‌و کاره‌دا به‌کارده‌هێنن. پارساڵ 25 هه‌زار کیلۆمه‌تری چوارگۆشه به‌زۆری بۆ کێڵگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سۆیه به‌کار هێنراوه. سێته‌ڵلایته‌کان نیشانی ده‌ده‌ن، که ته‌نها له ماوه‌ی دوو ساڵدا بڕینی دارستانه‌کان یا پاکه‌وه‌کردنیان دووقات زیادی کردوه، که 69 هه‌زار ئه‌کره. هه‌ر به ته‌نهاله 14 هه‌زار هیکتاردا له Santarem/belterra له ساڵێکدا 34 هه‌زار ته‌ن سۆیه به‌رهه‌م ده‌هێنرێت. هه‌ر لێره‌وه به ته‌نها له‌ساڵی 2005 دا 787 هه‌زار ته‌ن له سۆیه بۆ ئیسپانیا و به‌ریتانیا و هۆڵه‌نده و فه‌رانسا نێرراوه، که له‌وه به‌شی ئیسپانیا به‌ڕێژه‌ی 6.5%، به‌ریتانی 31%، هۆڵه‌نده 52% و فه‌ره‌نساش 6% بووه. هه‌ر به‌ته‌نها مه‌کدۆناڵد له ئه‌وروپادا له‌ساڵی 2004 دا 110 هه‌زار ته‌ن مریشکی له ئه‌مازۆن ها‌وردووه، که به پاره بایی 6.7 ملیارد دۆلار بووه. ڕۆژنامه‌ی گاردیانی 5 شه‌مه ، 06-04-2006، لاپه‌ڕه 19.
کار و ڕه‌فتاری ئه‌م کۆمانیانه به هه‌موو جۆره‌کانیانه‌وه، ته‌نها له‌و ڕێگایه‌وه ژینگه کاول ناکه‌ن و کاردانه‌وه‌یان له‌سه‌ر کۆمۆنێتییه‌کان و دانیشتوانی ناوچه‌که نابێت، بگره بوونه‌ته هۆی گۆڕینی که‌ش و هه‌واش له ڕێگا ڕوناکی و گه‌رمی و دروستکردنی گازێکی زۆری دووه‌م ئۆکسیدی کاربۆن و ڕادیه‌یشن تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که جاری وا هه‌یه شێوه‌ی وه‌رزه‌کانی شێواندووه، باران بارین له کاتی نه‌وازه‌دا، ڕودانی لافا و تۆفان و ڕه‌شه‌بای زۆر به‌هێز و… هتد. له 80% Carbon Emission ی جیهان به ته‌نها له‌لایه‌ن 17 وڵاته‌وه به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، که هیند له نێوانیاندا چوارهه‌م وڵاته.
هه‌ر به‌هۆی داگیرکردنی زه‌ویه‌کی زۆره‌وه له لایه‌ن ئه‌و کۆمپانیانه‌ی که باسم لێکردن مه‌ترسیه‌کی گه‌لێک گه‌وه‌ره له‌سه‌ر دانیشتوانی وڵاته هه‌ژاره‌کان هه‌یه، ورده‌کاری ئه‌مه‌ش له ڕاپۆرتێکی UN دا هاتووه، که کاری 6 مانگه. له‌م ڕاپۆرته‌دا وا هاتووه که زیاتر له 30 ملیۆن هیکتار زه‌وی بۆ دابینکردنی خوارده‌مه‌نی بۆ وڵاتانی وه‌کو چین و وڵاته‌کانی که‌نداو به‌کار ده‌هێنرێت، که به‌خۆیان توانای به‌رهه‌م هێنانی پێداویسته‌کانی خوارده‌مه‌نی پێویستیان بۆخۆیان نییه.
به‌شی خوارده‌مه‌نی و کشتوکاڵی له ڕێکخراوی UN دا وایان خه‌مڵاندووه، که له ماوه‌ی 6 مانگی پێشوودا نزیکه‌ی 50 ملیۆن ئه‌کر زه‌وی له‌لایه‌ن وڵاته زه‌نگینه‌کانه‌وه بۆ دابینکردنی خوارده‌مه‌نی کڕراوه یا به‌کرێ گیراوه، که ئه‌م ڕووبه‌ره‌ش یه‌کسانه به نیوه‌ی ڕووبه‌ری ئه‌و زه‌وییه به‌پیتانه‌ی که له ئه‌وروپادا به‌کار ده‌هێنرێن.
له‌لایه‌کی تریشه‌وه ئه‌م ڕاپۆرته باس له‌وه ده‌کات، که چۆن کۆریای باشووری 700 هه‌زار هیکتار زه‌وی له سۆدان کڕیوه، یا سعودیه 500 هه‌زار هیکتاری له تانزانیا کڕیوه. واچاوه‌ڕوان ده‌کرێت، به‌م زووانه (کۆنگۆ)ش مامه‌ڵه‌که‌ی که له‌گه‌ڵ گروپێك له بزنسی ئه‌فه‌ریکای خواروو بۆ به‌رهه‌مهێنانی دانه‌وێڵه و سۆیه بین و هه‌ره‌ها مریشک و هێلکه و گۆشت و شیر، که تییدا 8 ملیۆن هیکتار زه‌وی به‌کار ده‌هێنرێت، سه‌ربگرێت. (هیند)یش قه‌رزی به 80 کۆمپانی داوه، تاکو 350 هه‌زار هیکتار زه‌وی له ئه‌فریکا بکڕن. ساڵی پاریش وڵاتانی که‌نداو و سوید و لیبیا و چین زه‌وییان کڕیوه، ئه‌و وڵاتانه‌ی که مشتیان لێیان گیراوه‌ته‌وه به‌رازیل و ڕوسیا و ئۆکرانیا و کامیرۆن و ئه‌سیوپیا و زامبیا بوون. *ماوه‌یه‌کیشه پرسی لێدوان له‌سه‌ر مافی بێگانه وه‌کو تاك و وه‌کو کۆمپانیاکانیان له خاوه‌ندارێتی خانوبه‌ره و زه‌وی و هه‌موو جۆره موڵکێك له عیراقدا لای مالیکی و که‌سه نزیکه‌کانی له مشتومڕدایه، واته خه‌ڵکی بێگانه یا کۆمپانیاکانیان مافی ئه‌وه‌یان هه‌بێت زه‌ویوزار و خانوبه‌ره له عیراقدا بکڕن، که ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌کی گه‌وره له‌سه‌ر دانیشتوانه‌که‌ی دروست ده‌کات. به‌مه‌ش نه‌ك هه‌ر نرخی خانووبه‌ره و زه‌وی ده‌چێته سه‌ره‌وه و له به‌کارهێنانیشیدا کاریگه‌ری خۆی داده‌نێت، نه‌ك هه‌ر کارایی له‌سه‌ر ژێنگه به‌ڵکو له‌سه‌ر خه‌ڵکه‌که‌شی داده‌نێت و سه‌رئه‌نجام ئه‌مانیش به ده‌ردی دانیشتوانی دێلتا نایجیر و خه‌ڵکانی ناو جه‌نگه‌ڵه‌کانی ئه‌مازۆن و دانیشتوانی ئه‌و به‌شه‌ی هیند، که کۆمپانیای کۆکاکۆلا تێیدا نیشته‌جێ بووه، ده‌چێت.
له حاڵی حازردا کۆمپانیای پیترۆڵی به‌ریتانی و کۆمپانیایه‌ك به‌ناوی CNPC چینی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عیراقی‌دا له مامه‌ڵه‌ی پێشخستنی بیره نه‌وتییه‌کانی ڕومێله دان، که شه‌شه‌م گه‌وره‌ترین کێڵگه‌ی نه‌وته له عیراقدا و نه‌وتی یه‌ده‌کی له‌وێدا به 18ملیارد به‌رمیل خه‌مڵێنراوه، له‌م کۆنتراکته‌شدا که بڕیاره بۆماوه‌ی 20 ساڵه ببه‌سترێت، کۆمپانی پێترۆلی به‌ریتانی و کۆمپانی CNPC ده‌بێت به‌لایه‌نی که‌مه‌وه له ماوه‌ی 6 ساڵدا بڕی ده‌رهێنانی ڕۆژانه‌ی نه‌وت له ڕۆمێله بگه‌یه‌ننه 2.8 ملیۆن به‌رمیل. شه‌هرستانی ئه‌وه‌ی ده‌رخست و سه‌لماندی که به‌پێی کۆنتراکته‌که‌ی نێوانیان، گه‌ر ئه‌وان بتوانن بڕی ده‌رهێنانی ڕۆژانه‌ی نه‌وت بگه‌یه‌ننه 2.8 ملیۆن به‌رمیل، ده‌بێت بۆ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت 2 دۆلار به ده‌وڵه‌تی عیراقی بده‌ن، به‌مه‌رجێك ئه‌م دوو کۆمپانییه له سه‌ره‌تادا به‌خۆیان ڕازی بوون، که بۆ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت 3.99 دۆلار بده‌ن. شایانی باسه که به‌یادی بخه‌مه‌وه، که عیراق خاوه‌نی 115 ملیارد به‌رمیل نه‌وتی یه‌ده‌کییه.
ئه‌مه‌ی که ئێستا ده‌کرێت بیر و هه‌وڵ و پلانی (مالیکی)یه، که ده‌یه‌وێت کۆمپانییه بێگانه‌کان ببنه خاوه‌نی نیوه‌ی نه‌وتی عیراق یا به‌لانی که‌مه‌وه ده‌ستیان ئاوه‌ڵا بێت، تاکو ئه‌کسێسیان هه‌بێت. جائیدی بۆ خودی نه‌وته‌که خۆی بێت یاخود بۆ به‌ستنی کۆنتراکتی هه‌مه چه‌شنه له گه‌ڵ ئه‌و کۆمپانییه گه‌ورانه‌دا له پارێزگاری کردن و سیانه‌کردنی بیره‌کان، بۆریه‌کان یا ئامێر و ده‌زگه‌کان که نه‌وتیان پێ ده‌رده‌هێنرێت و پاك ده‌کرێته‌وه، تاکو بتوانرێت قه‌رزه‌کانی پێ بداته‌وه، بۆ ئه‌م پلانه‌ش 31 کۆمپانیای گه‌وره سه‌ریان کردۆته ئه‌م ماڵه مشه‌یه‌وه، بۆیه ئێستا مالیکی په‌یگیرانه ده‌یه‌وێت، که بیره نه‌وته‌کانی عیراق له‌گه‌ڵ کۆمپانیا بێگانه‌کاندا هاوپشك بکات، هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه هه‌ر هه‌موو بیره نه‌و‌تییه‌کانیش له مه‌زاتی فرۆشتندان یا له ڕه‌دوبه‌ده‌ڵی ده‌ستتێکه‌ڵاوکردنی ده‌وڵه‌تی عیراقیدان له‌گه‌ڵیاندا. ئه‌مه‌ش بڕی نه‌وتی یه‌ده‌کی بیره نه‌وتییه‌کانی عیراقه به به‌رمیل:
• زوبێره 4.1 ملیارد به‌رمیل.
• ڕومه‌یله 17.8 ملیارد به‌رمیل.
• بای حه‌سه‌ن 2.4 ملیارد به‌رمیل .
• که‌رکوك 8 ملیارد به‌رمیل.
• ڕۆژئاوای قوڕنه 8.7 ملیارد به‌رمیل.
• میسان 2.5 ملیارد به‌رمیل.
بۆ زانیاری زیاتر له‌م باره‌وه، بڕواننه ڕۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانی ڕۆژی 4 شه‌مه ، 01-07-09 .* به‌شێکی که‌می ئه‌م ڕاپۆرته له ڕۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانی ڕۆژی شه‌مه ، 04-07-09 بڵاو کروه‌ته‌وه.