سیاسه‌ت و نه‌خۆشی ده‌روونی …. هیدایه‌ت مه‌لا عه‌لی
حیزبه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی له مێژووی سیاسی خۆیاندا زۆر ده‌سته‌واژه‌ی عه‌جیب و غه‌ریبیان هێنایه ناو قاموسی سیاسیه‌وه ، له‌دوای ڕاپه‌ڕینی ئازاری ( 1991 ) ئه‌م ده‌سته‌واژانه پله‌و پایه‌یه‌کی گه‌وره‌تریان پێدرا ( تابووری پێنجه‌م ، خۆفرۆش ، ده‌ستی ده‌ره‌کی ، خیانه‌تکار ) ئه‌مه‌و چه‌ندینیتر ، ته‌واوی ئه‌و ده‌سته‌واژانه بۆ سه‌رکوتی سیاسی و فریوودانی خه‌ڵکی کوردوستان به‌کاریانهێناوه ، له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ( یه‌کێتی و پارتی ) دا هه‌ر ده‌نگێکی ناڕازی و هه‌ر بانگه‌وازێکی ئینساندۆستانه به‌یه‌کێک له‌و ده‌سته‌واژه قیزه‌ونانه تۆمه‌تبار و سه‌رکوتکراوه ، هه‌ر یه‌کێک له‌و ده‌سته‌واژانه‌ی ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان زاده‌ی هه‌لومه‌رجێکی تایبه‌ت و وه‌ڵام بووه بۆ سه‌رکوت له قۆناغێکی دیاریکراودا . به‌ڵام ماوه‌یه‌که ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان جۆرێکی تازه له ده‌سته‌واژه به‌کارده‌هێنن بۆ سه‌رکوت و شکاندنی که‌سایه‌تی نه‌یاره‌کانیان ، ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ش ( نه‌خۆشی ده‌روونییه ) من پێموایه ده‌سه‌ڵاتداران واتێده‌گه‌ن که ده‌سته‌واژه‌که‌یان ئه‌م جاره زانستیه‌و ئاسانه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردوستانی پێ چاوبه‌ست بکه‌ن ، بۆیه له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مان و سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردوستاندا ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه هه‌روه‌ک په‌تایه‌کی قورس ڕاگه‌یاندنه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی گرته‌وه‌و ژماره‌یه‌کی زۆر له به‌رپرس و کادیری ڕاگه‌یاندنه‌کانی خۆیان هێنایه سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌کان ، بۆ ئه‌وه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌و شیکاری ده‌روونی بکه‌ن بۆ پاڵێوراوه‌کان و که‌سانی سیاسی و نه‌یاره‌کانیان . که‌سێک که بۆ یه‌که‌م جار بوویه جێگای نیشانه لێگرتنی ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه ( دکتۆر که‌مال میراوده‌لی ) بوو ، ته‌نها ده‌لیله‌که‌شی ئه‌وه بوو که ئه‌م که‌سه خۆی پاڵاوتووه بۆ پۆستی ( سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردوستان ) زۆر سه‌یره ، چ دیارده‌یه‌کی ناشارستانی و فریوده‌رانه‌یه بۆ سه‌رکوتی نه‌یاره‌که‌ت که‌مپینێکی ته‌بلیغاتی ڕێکبخه‌یت و بڵێیت نه‌یاره‌که‌م ( نه‌خۆشی ده‌روونی ) هه‌یه ، له‌هه‌موو دنیادا ڕکابه‌ره سیاسیه‌کان بۆ وه‌رگرتنی پۆستێکی (ئیداری ، حکومی ، سیادی ) ڕه‌خنه‌ی ئسوڵی ده‌گرن و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ پرۆژه‌کانی یه‌کتر ئه‌نجام ده‌ده‌ن ، نه‌ک باسی نه‌خۆشی و باری ته‌ندروستی بکه‌ن ، به‌ڵام واقیعی سیاسی کوردوستان له‌سێبه‌ری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا به‌جۆرێکه ئه‌وه‌ی که ئه‌قڵ نه‌یبڕێت ڕووده‌دات ، ( نه‌خۆشی ده‌روونی ) نه‌تاوانه‌و نه‌هیچ مافێک له تاکه‌کان وه‌رده‌گرێته‌وه ، چونکه له کۆتاییدا که‌سی نه‌خۆش به ( باری ده‌روونی ) ئینسانه‌و که‌س بۆی نییه که‌سایه‌تی بشکێنێت و ئیهانه‌و سوکایه‌تی پێ‌بکات . شه‌وێک له‌یه‌کێک له به‌رنامه‌کانی ( زاگرۆس تی ڤی ) دا گوێم له ( ئازاد حه‌سیب قه‌ره‌داغی ) بوو ده‌یووت ( دکتۆر که‌مال میراوده‌لی ) ( نه‌خۆشی ده‌روونی ) هه‌یه ئه‌و شایه‌نی ئه‌وه‌یه به‌زه‌یت پێیدا بێته‌وه‌و هه‌قی ئه‌وه‌ی هه‌یه بیبه‌یته نه‌خۆشخانه‌یه‌ک و دڵنه‌وای بکه‌یت ، کاتێک گوێبیستی قسه‌و لێدوانی زمانحاڵه‌کانی ده‌سه‌ڵات ده‌بیت ئه‌و کاته به‌و حه‌قیقه‌ته ده‌گه‌یت که ئه‌م ده‌سه‌ڵاته چه‌نده بنبه‌ست و چه‌نده مایه‌پوچه له‌ڕووی فکری و له‌ڕووی فه‌رهه‌نگیه‌وه ، من هیچ نزیکایه‌تیه‌کم له‌گه‌ڵ بیر‌و بۆچوونه‌کانی ( دکتۆر که‌مال میراوده‌لی ) نییه به‌ڵام پێموایه هه‌موو تاکێکی کۆمه‌ڵگای کوردوستان ده‌بێت که‌سایه‌تی و که‌رامه‌تی ئینسانی پارێزراوبێت به ( دکتۆر که‌مالیشه‌وه ) من پێموایه وه‌ستانه‌وه به‌رانبه‌ر شێواز و سوونه‌تێکی دواکه‌وتووانه‌ی له‌م جۆره بۆ ململانێی سیاسی و شکاندنی که‌سایه‌تی تاکه‌کان ئه‌رکی هه‌موو ئینسانێکی مۆدێرن و عه‌داله‌تخواز و ئینساندۆسته ، کاتێک ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان کار ده‌که‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردوستان به‌وجۆره نادروسته ململانێی سیاسی ئه‌نجامبده‌ن ، ئاشکرایه که کێشه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی خه‌ڵکیش هه‌ر وه‌ک گوێ بڕێنه‌که‌ی ( مه‌لا ڕه‌سوڵ خدر ) له چوارقوڕنه کۆتایی پێدێت ، گرنگه خه‌ڵکی کوردوستان ڕێگانه‌دات به ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان سیمای ڕووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی سیاسی کۆمه‌ڵگای کوردوستان به‌و شێوه‌یه دابڕێژن و ئاڕاسته‌ی بکه‌ن ، ده‌بێت نوسه‌ران و ڕۆشنبیران و ئازادیخوازان بوارنه‌ده‌ن ده‌سه‌ڵاتداران سوونه‌تێکی عه‌شایه‌ری و دواکه‌ووتوانه به‌که‌ن به به‌ری هاوکێشه سیاسیه‌کان و کێشمه‌کێشه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا ، خوڵقاندن و فه‌راهه‌م کردنی که‌ش و هه‌وایه‌کی ته‌ندروست و ئازاد بۆ ململانێی سیاسی ، له‌گره‌وی وه‌ستانه‌وه‌دایه له‌به‌رانبه‌ر سوونه‌ت و شێوازێک که ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان ئه‌یبوژێننه‌وه‌و باوه‌شێنی ده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێت بیکه‌ن به عه‌قڵی خه‌ڵک .
هیدایه‌ت مه‌لا عه‌لی