
لیمۆ ترشه‌كانی مناڵیم …. هاوڕێ خالید
ته‌مه‌نم 4 ساڵ‌بوو
دایكم دوو لیمۆی چاو زه‌ردی هاروهاجی بۆ كڕیم
ئه‌وكات به‌قه‌د فرمێسكی ژنه ئه‌نفالێك
منیش ده‌مم ئاوی ئه‌كرد
كه بووم به 20ساڵ
به‌یادی لیمۆ ترشه‌كانی مناڵیم
دوو لیمۆی هاوته‌مه‌نی خۆمم
له كچه شمشاڵێكی ئه‌مشاره قه‌رزكرد
تا رۆژێك كچه‌ی شمشاڵ بڵێت:
لیمۆكانم بۆ خۆت‌و مه‌مده‌ره‌وه
هه‌ر له مناڵییه‌وه
بۆ كوڕه شیعرێكی وه‌ك تۆم گه‌وره‌كردبوو
تا ته‌مه‌نی 21ساڵیم
لیمۆی كچه شمشاڵ،
رۆژ دوای رۆژ مه‌ستانه‌تر
گۆرانییه‌كانی شه‌به‌نگی بۆ ئه‌وتم‌و
شێتانه‌تر خۆی ئه‌خزانده مابه‌ینی په‌نجه‌كانم
تا رۆژێك سمێڵ زلێكی مه‌چه‌ك ئه‌ستوور
به ده‌موچاویا دیاربوو
كه كوڕه مامی كلتور‌و، كوڕه پوری
مه‌لاكه‌ی كۆڵانی ئه‌ودیومان بوو
دیاربوو گوێی له گۆرانی لیمۆكان بوو بوو
هه‌رزوو به ده‌نگه نێرانه‌كه‌ی هاواری كرد
ئه‌وه تۆی جله‌كانی شه‌ره‌ف له‌به‌ری كۆمه‌ڵگه دائه‌كه‌نی‌و
غه‌زه‌به‌كانی خوامان به‌سه‌را ئه‌بارێنی؟
بۆ به‌یانییه‌كه‌ی من بووم به 21 ساڵ‌و
هه‌ر ئه‌و رۆژه لیمۆكانیان لێ بردم‌و
دوو نارنجۆكی تووڕه‌یان له بری دامێ
نه‌یانهێشت له رۆژی له‌دایكبوونما
عه‌شقی په‌نجه‌م بیگڵۆفێ‌و
سه‌مای له‌گه‌ڵ بكا‌و، هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ش
یه‌كه‌م له‌ززه‌تی سه‌ر دۆشه‌ك‌و، یه‌كه‌م نهێنی ژێر به‌تانی كه‌شف بكات…
ئیتر له‌و رۆژه‌وه
هه‌ر بۆی ئه‌گه‌ڕێم‌و نایدۆزمه‌وه
Hawre_xalid@yahoo.com