
مامۆستا و مارگرێتا
دیدار مه‌سیفی
dmasifi289@yahoo.ca[ 1928- 1940]
ئه‌وه‌ی سه‌روو به که‌وانه‌کانیشه‌وه، دوای کۆمێک له رووداو، باس و خواستی سه‌یر، په‌یڤ و ئاخاوتنی قووڵ نوسراوه و شاکاره‌که‌ی میخائیل بۆلگاگۆڤ به کۆتا ده‌هێنێت. ساڵه‌کان بریتین له دوو به‌رواری ده‌ست پێکردن و ته‌واو بوونی رۆمانی مامۆستا و مارگریتا، که بۆ ماوه‌ی دوازده ساڵ بوڵگاگۆڤ به نهێنی خه‌ریکی نوسینی بوو. به‌ڵام کاتێک بۆ یه‌که‌مین جار له‌لایه‌ن ئێلینای هاوسه‌ری له رۆژنامه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی به زنجیره بڵاوده‌کرێته‌وه بیست و حه‌فت ساڵ به‌سه‌ر مه‌رگی نوسه‌ر تێپه‌ڕیوه و مۆسکۆ له سه‌رده‌مێک دایه که به شێوه‌یه‌کی زۆر جوایه‌زه له‌و که‌ش و که‌تواره‌ی رووداوه‌کانی رۆمانه‌که‌ی تێدا ده‌گوزه‌رێت.
ئه‌و رۆمانه دواتر له چه‌ندین شوێن به کتێب بڵاوده‌بێته‌وه که‌چی تا ساڵی 1989 به شێوه پوخت و ته‌واوه‌که‌ی ناکه‌وێته به‌ر دیدی خوێنه‌ران.
میخائیل بولگاگوڤ وه‌ک مامۆستا (ماسته‌ر) کاره‌کته‌ری رۆمانه‌که له رۆژێکی ساڵی 1930 دا گشت لاپه‌ره‌کانی ئه‌و رۆمانه ده‌خاته ئاگره‌وه، دواتر بۆ ماوه‌ی ده ساڵ سه‌ر له ن‌و خه‌ریکی نوسینه‌وه‌ی ده‌بێت. دیاره ئه‌وه‌ش له هه‌رتک بار دا به دیدی بۆلگاگۆڤ ویست و خواستی ڤۆله‌ند ( شه‌یتان ) نییه که رۆمانه‌که بسوتێنرێت. بۆیه کاتێک له به‌شی سێزده‌ی رۆمانه‌که‌دا ڤۆله‌ند له‌سه‌ر داوای مارگرێتا ماسته‌ر ده‌هێنێته‌وه ژووره‌که، یه‌که‌م شت که داوای لێده‌کات بریتی یه ره‌شنوسی رۆمانه‌که. پێیده‌ڵێت که‌وا نوسراوه‌کان مه‌حاڵه بسووتێن.
ڤۆله‌ند ( شه‌یتان ) کاره‌کته‌رێکی خه‌یاڵی و سه‌ره‌کی رۆمانه‌که‌یه و له سه‌ردانێکی کت و پڕ دا بۆ مۆسکۆ پشێویه‌کی زۆر ده‌خاته نێو شار و هه‌وڵ ده‌دات شیرازه‌ی بیرکردنه‌وه و سیسته‌می حوکم و شته‌کانی دیکه له بن و بۆتکه‌وه هه‌ڵته‌کێنێت. ڤۆله‌ند سه‌ره‌تا له ئێواره‌یه‌کی هاوین دا له پارکێکی دیاری مۆسکۆ به ناوی گۆمی په‌تریارک ده‌رده‌که‌وێت. جلێکی پۆشته‌ی له‌به‌ره و پرۆفیسۆره له سیحری ره‌ش. کاتێک ره‌ت ده‌بێت گوێیه‌کانی بۆ جه‌ده‌ل و ئاخاوتنێکی قووڵ هه‌ڵده‌خات که له نێوان دوو که‌سی رۆشنی شاره‌که ده‌گوزه‌رێت. بیلرۆز سه‌رۆکی یانه‌ی ماسۆلیتی ئه‌ده‌بییه و نوسه‌رێکی به ناو و ده‌نگه و بیزدۆمنی شاعیرێکی مارکسی و سه‌رکێش و دیاره له نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی مۆسکۆ و نازناوی بێماڵی هه‌یه.
ئه‌وان قسه و باسییان ده‌رباره‌ی شیعرێکه که بێ‌ماڵ ده‌رباره‌ی مه‌سیحی نوسیوه و به توندی ئینکار له وجوودی ده‌کات، به‌وه هه‌ردووکیان به قووڵی باس ده‌به‌نه سه‌ر گومان له‌سه‌ر بوونی ئه‌و و دژه‌که‌شی که شه‌یتانه. ڤۆله‌ند له کاتی ره‌ت بوون به‌ر ده‌مییان گوێیه‌کانی قوڵاغ ده‌کات و تاوێک ده‌وه‌ستێت. دواتر به وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی هه‌ردووکیان ده‌چێت له نێوان نوسه‌ر و شاعیره‌که داده‌نیشێت و ئه‌و دیمه‌نیه‌یان زۆر زیندوو بۆ ده‌گێڕێته‌وه که له نێوان پلاتێس ( ئه‌و دادوه‌ره‌یه که مه‌سیحی به له دار دان حوکم دا) و یه‌شوع خه‌نازری ( ناوی مه‌سیح له کۆنترین سه‌رچاوه) گوزه‌رابوو. بیلرۆز و بیزدۆمنی وه‌ک دوو که‌سی گۆشکراو به بیر و رای ماتریالیستی گاڵته‌یان به‌و پیاوه دێت و له دیدیان که‌سێکی بیانی یان ئه‌لمانێکی گێره‌شێوێن و جاسووسه.
ڤۆله‌ند دوای ته‌واوی کردنی قسه‌کانی، به بیلرۆز ده‌ڵێت که‌وا ئه‌و به ده‌ستی ژنێک سه‌ری ده‌په‌ڕێت؛ بیزدۆمنیش ده‌که‌وێته نه‌خۆشخانه‌ی شێتان و دوای ئه‌وه‌ی تووشی شیزۆفرینیا ده‌بێت. له‌و سه‌رده‌مه‌ی ژیانی مۆسکۆ که‌سی بیانی زۆر جێگای گومانن و له میدیای ستالین به دوژمنی خه‌ڵک ناسراون، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی پروپاگه‌نده بۆ ئاین و ئه‌فسانه ده‌که‌ن. لێره‌دا بیلرۆز به نیازی چوونه سه‌ر ئاو روخسه‌ت له ڤۆله‌ند وه‌رده‌گرێت، که‌چی له راستی دا به‌ره‌و نزیکترین ته‌له‌فۆن رێده‌کات تا ده‌نگ له‌و پیاوه سه‌یره بدات که چه‌ند ساتێک ئه‌وانی خسته نێو نیگه‌رانییه‌کی گه‌وره‌وه. بیلرۆز چاوه‌رێ ده‌کات تا تراموای ره‌ت ده‌بێت تا له ئه‌وبه‌ری جاده‌که‌وه‌وه ته‌له‌فۆنه‌که‌ی بکات، به‌ڵام له پڕ پێیه‌کانی به سه‌ر هه‌ندێک رۆنی رژاو دا ده‌خلیسکێت گه‌ردنی ده‌که‌وێته ژێر ره‌وره‌وه ئاسنینه‌که‌ی ترامواییه‌ک و سه‌ری ده‌په‌ڕێت. شۆفێره ژنه‌که‌ی ترامواییه‌که ده‌هاژوێت به هاوار و زیڕه‌وه به‌سه‌ر مه‌رگی تراژیدی بیلرۆز تێپه‌ڕ ده‌بێت و ناتوانێت هیچ بکات. بیزدۆمنی هه‌ر که سه‌ری په‌ڕیوی بیلرۆز ده‌بینێت نیوه‌ی عه‌قلی له ده‌ست و په‌راگه‌نده‌ی کۆڵان وجاده‌کان ده‌بێت. سه‌ره‌تا تاوێک به دوای ڤۆله‌ند راده‌کات که دوو یاوه‌ر چاوه‌رێی ده‌که‌ن و یه‌کێکیان پشیله‌یه‌کی ره‌شی گه‌وره‌یه.
به دوای ئه‌و سه‌ره‌تایه و لاپه‌ره‌ی یه‌که‌می رۆمانه‌که، رووداوه‌کان به گه‌لێک ره‌هه‌ند و زه‌مه‌نی جوایه‌ز دا گوه‌زه‌ر ده‌که‌ن و خوێنه‌ر ده‌به‌ن بۆ گه‌شتێکی سه‌رسوڕهێنه‌ر و هه‌رگیز ته‌واو نه‌بوو. رۆمانه‌که له لایه‌ک حیکایه‌تێکی فه‌لسه‌فی و مێژووییه، له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه تایبه‌ته به مه‌سیحیه‌ت و ئه‌و ئاینه ده‌خاته ژێر بارێکی قورس له پرسیار، هه‌روه‌ها به زمانێکی ئازا و ئازادیش باس له سه‌رده‌مێکی سه‌رکوتکه‌ر ده‌کات که دژ به خه‌ڵکه به تایبه‌ت نوسه‌ر و شاعیر و که‌سانی رۆشن. رۆمانی ماسته‌ر و مارگریتا له سێ دیوی سه‌ره‌کی و تێکه‌ڵ به یه‌کتربوو خڕبۆته‌وه و هه‌ریه‌کێکیان جیهانێکه پڕ له رووداو و سه‌رنج و قوڵبوونه‌وه.ئان و سات: مۆسکۆ له بن چه‌پۆکی ستالین
خوێنه‌ر له رۆمانه‌که ئه‌و دیوه وه‌ها نابینێت چونکه رووداوه‌کان ئه‌وه‌نده تێکقژاو و تێکه‌ڵ به یه‌کترن، و نوسه‌ر به ئه‌نقه‌ست نه‌یویستووه لکانی زه‌مه‌نه‌کان له یه‌کتر بترازێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر له لایه‌ک که‌سیێتی ڤۆله‌ند و گه‌مه شه‌یتانییه‌کانی وه‌لاوه بنێت، و له لایه‌کی دیکه‌وه به‌سه‌ر رووداوه مێژووییه‌کانی باز بدات که هه‌زاران ساڵ کۆنن. ده‌بینێت مامۆستا و مارگریتا چیرۆکێکی روون و دیاره سه‌باره‌ت به واقیعی ژیانی خه‌ڵک له ژێر چه‌پۆکی ستالین.
بۆلگاگۆڤ که رۆمانه‌که‌ی ده‌سوتێنێت ستالین خه‌ریکه ده‌گات به ئه‌وجی ده‌سه‌ڵات و نه‌یاره‌کانی یه‌ک له دوای یه‌ک راو ده‌نێت و له دارییان ده‌دات. هه‌رچه‌نده بۆلگاگۆڤ سه‌ره‌تا به‌هۆی شانۆنامه قووڵ و پڕ ماناکانی ناوێکی دیار و خۆشه‌ویست بوو لای ستالین. به‌ڵام دواتر له نهێنی دا خه‌ریکی نوسینی ده‌قێک بوو که به قووڵترین شێوه دژ به‌و ره‌فتار و کرده‌وه پۆلیسیانه بوو که به ده‌رکه‌وتنی ئه‌و رابه‌ره تازه‌یه له گشت کون و قوژبنێکه‌وه خه‌ڵکی بیر و باوه‌ڕ ئازادی له قاف ده‌دا.
بیلرۆز پاش مه‌رگی له سه‌ره‌تای رۆمانه‌که وه‌ک که‌سێکی زیندوو له نێو به‌شه‌کانی دیکه دا ده‌مێنێته‌وه، یان له نێو کۆڕ و کۆبوونه‌وه ئه‌ده‌بییه‌کان دا باسی لێوه ده‌کرێت که چۆن به ده‌ست سیسته‌مه‌که ببوو به که‌سێکی خه‌مۆک و تۆقیوو. گه‌لێک له هاورێکانیشی سه‌رباری به‌هره و تواناکانیان له نێو کێشه و گرفتی گه‌وره ده‌ژییان. کاره‌کته‌ره‌کانی شاری مۆسکۆ بریتین له که‌سانی رۆشن و دیاری کۆمه‌ڵگا و ناوی هه‌ریه‌کێکیکان چه‌ندین مانا و کۆدی فه‌لسه‌فی و مێژووی له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵگرتوه. که خوێنه‌ر به هۆی روونکردنه‌وه له په‌راوێزه‌کان زوو زوو له‌و دیوه هه‌نووکه‌ییه‌ی رۆمانه‌که ده‌رده‌چێت و ده‌که‌وێته نێو دۆڵێک له پرسیار که به قه‌واره‌یه‌کی گه‌وره له فه‌نتازیا و روانینێکی دیکه بۆ مێژوو دروست بووه.
پاش ئه‌وه‌ی بیزدۆمی ده‌که‌وێته نه‌خۆشخانه و ژێر چاودێری دکتۆر سترافنسکی. له شه‌وێکدا ده‌بینێت بالکۆنی ژووره‌که‌ی ده‌کرێته‌وه و که‌سێک په‌نجه‌ی وسکت بوونی له‌سه‌ر ده‌م داناوه لێی وه ژوور ده‌که‌وێت. ئه‌وه یه‌که‌مین ده‌رکه‌وتنی کاره‌کته‌ری مامۆستایه که به پاڵه‌وان ناو ده‌بردرێت و ته‌واوی رۆمانه‌که‌ی بۆ نوسراوه بۆ ئه‌وه‌ی له لایه‌ک بگات به مارگریتا و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه رۆمانه‌که‌ی جارێکی دیکه بنوسێته‌وه.
مامۆستا به بیزدۆمنی ده‌ڵێت که ئه‌و هاوسێییه‌تی له ژووره‌که‌ی دیکه‌دا و دواتر باس له خۆی و مارگریتا و رۆمانه‌که ده‌کات. بیزدۆمنیش ئه‌و دیداره ده‌گێڕێته‌وه که ئه‌و و بێلرۆز له‌گه‌ڵ پیاوه بیانییه سه‌یره‌که هه‌یانبووه. مامۆستا به خۆشییه‌وه ئه‌و که‌سه به شه‌یتان ناو ده‌بات و وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌ویش به‌شێک بێت له‌و هێز و گه‌مه‌یه گه‌وره‌یه‌ی که ره‌وتی ژیان به‌و شێوه‌یه‌ی که هه‌یه ده‌هاژوێت.
مامۆستا باس له که‌ش و هه‌وای ئه‌ده‌بی مۆسکۆ ده‌کات که چۆن پاش ئه‌وه‌ی رۆمانێک ده‌نوسێت به ناوی پلاتێس په‌نتیۆس، ده‌که‌وێته به‌ر لێشاوی ره‌خنه و وه‌های پێده‌کرێت که عه‌قلی له ده‌ست بدات و بگوازرێته‌وه نه‌خۆشخانه. ئه‌و رۆمانه‌ی مامۆستا له ناوه‌که‌ی بترازێت هیچی دیکه‌ی له باره‌وه نه‌نوسراوه، به‌ڵام له رووچوونه نێو قووڵای رووداوه‌کانی رۆمانی ماسته‌ر و مارگریتا ئه‌و ده‌قه خۆی له دیوێک دا رۆمانه‌که‌ی ماسته‌ره.
ئه‌و دیوه‌ی تایبه‌ته به مۆسکۆ ئه‌و سه‌رده‌مه نیشان ده‌دات که بۆلگاگۆڤ خۆی تێیدا ژیاوه، به‌ڵام به شێوه‌کی ئه‌وه‌نده ئاڵؤز و پچڕ پچڕ به‌رجه‌سته کراوه ئه‌سته‌مه بتوانرێت حیکایه‌تێکی تاک ئاراسته‌ی لێ هه‌ڵبجێنرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا خوێنه‌ر به سانایی خۆی له‌و دونیایه‌ک دا ده‌دۆزێته‌وه که وه‌ها وێنا کراوه له هه‌رتک دیوه فه‌نتازیایی و مێژوویه‌که‌ی رۆمانه‌که کاریگه‌رتر و زیندووتر ده‌رکه‌وێت.فه‌نتازیا: شه‌یتان و گه‌مه‌کانی
لێره‌دا که‌سیێتی ڤۆله‌ند رۆڵی سه‌رده‌م ده‌بینێت کاتێک به کوشتن، بڕین، ده‌سیسه، فێڵ و دزی ته‌واوی جه‌سته‌ی پیس و گه‌نده‌ڵ ده‌بێت. به‌ڵام سه‌رباری ئه‌و هه‌موو پشێوییه‌ی به ده‌ستی ئه‌و ده‌کرێت ڤۆله‌ند ده‌یه‌وێت گۆڕانێکی گه‌وره‌ش بهێنێته کایه‌وه و بیر و ئه‌ندێشه‌ی خه‌ڵکی مۆسکۆ به جۆرێکی دیکه بگۆڕێت. ئه‌و سه‌ره‌تا باره‌گا له ئه‌پارتمانی ژماره 50 داده‌نێت که ماڵی بیلرۆزه هاوبه‌ش له‌گه‌ل لێخدیێڤ که به‌رپرسیاری شانۆی مۆسکۆیه. ڤۆله‌ند له‌وێوه که‌سه‌کان دیاری ده‌کات و پلانه‌کانی گێره شێوێنی ده‌ست پێده‌کات. بۆ ئه‌وه چه‌ند ده‌ست و پێوه‌ندی هه‌ن که یارمه‌تی ده‌ده‌ن و پلانه‌کان به‌جێده‌گه‌یێنن، دیاره‌کانیان کاره‌کته‌رێکی فێڵه‌زانه به ناوی کرۆڤیێڤ که خۆی به ته‌رجومانی ڤۆله‌ند به خه‌ڵک ده‌ناسێنێت، بێهمۆت که‌سێکه له شێوه‌ی پشیله‌یه‌کی ره‌شی گه‌وره و ناوه‌که‌ی چه‌ند ده‌لاله‌تێکی فه‌لسه‌فی و ئاینی هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌زازیلۆ که کاره‌کته‌رێکی کرێت و بکوژه، هه‌روها هێلا دۆسته ژنه رووته‌که‌ی ڤۆله‌نده و کاره‌کته‌رێکی خوێنمژه.
ڤۆله‌ند خۆی ئاماده ده‌کات بۆ ئاهه‌نگێک که تێیدا به سیحری ره‌ش زۆرترین ژماره‌ی خه‌ڵک سه‌رسام ده‌کات.
له ئاهه‌نگه‌که ڤۆله‌ند و کرۆڤیێڤ و مبێهمۆنت له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیکه به‌شداری گه‌مه شه‌یتانییه‌کان ده‌که‌ن و له سێرک و بازییه‌کی سه‌یر دا ده‌مێک دیمه‌نی خوێناوی نیشانی دانیشتوان ده‌ده‌ن، ده‌مێکی دیکه دۆلار ده‌بارێنن و له پێشبینیه‌کی پێشوه‌خت دا بۆلگاگۆڤ داهاتووی خه‌ڵکی مۆسکۆ ده‌خوێنێته‌وه کاتێک بۆ گرتنه‌وه‌ی دۆلاره‌کان ده‌که‌ونه سه‌ر ئه‌ژنۆ.
ئه‌زازیلۆ که یه‌کێکه له ده‌ست و پێوه‌نده فێڵه‌باز و ده‌ست به خوێنه‌کان، له گۆره‌پانی کرێملن مارگرێتا ده‌بینێت و داوه‌تی ده‌کات بۆ مه‌جلیسی ڤوله‌ند. پاشان جۆره مه‌لهه‌مێکی پێده‌به‌خشێت که پێستی ژن تازه و گه‌نج ده‌کاته‌وه. ڤۆله‌ند له گه‌ڕان به دوای مارگرێتا دا مه‌به‌ستێکی هه‌یه که ته‌واوی بیرۆکه‌ی رۆمانه‌که‌ی له‌سه‌ر وه‌ستاوه، ئه‌ویش وه‌ده‌ستهێنانی ره‌شنوسی ئه‌و رۆمانه‌یه که مامۆستا سه‌باره‌ت به پلاتێس و مه‌سیح نوسیویه‌تی. ماگرێتا که ده‌گاته‌وه ماڵ له به‌رامبه‌ر ئاوێنه دا رووت ده‌وه‌ستێت و مه‌لهه‌مه سیحراوییه‌که‌ی ئه‌زازیلۆ له روو و گه‌ردن و ته‌واوی له‌شی هه‌ڵده‌سوێت. به‌وه گۆڕانێکی خێرا و سه‌یر له پێست به دی ده‌کات و سه‌د بار له جاران جوانتر ده‌رده‌که‌وێت، دواتر له پڕ ده‌توانێت برز ببێته‌وه و بفڕێت. ئیتر لێره‌وه مارگریتا توانایه‌کی بێسنووری بۆ فه‌راهه‌م ده‌بێت و وه‌ک سیحربازێک به‌سه‌ر مۆسکۆ دا ده‌فڕێت و ده‌گات به مه‌جلیسی ڤوله‌ند له ئه‌پارتمانی ژماره په‌نجا.
له‌و شوێنه مارگریتا به فه‌رمانی ڤوله‌ند که‌سێک ده‌کوژێت و دواتر له ئاهه‌نگێکی تا بڵێیت ترسناک و فه‌نتازی له نێو کۆمێک له ئافره‌تی رووت دا ده‌کرێت به شاژن له کۆڕی شه‌یتان. مارگریتا هه‌موو ئاواتی گه‌راندنه‌وه‌ی مامۆستایه که هه‌م یاره و هه‌م رۆماننوسێکی به‌هره‌مه‌نده. که‌سێکه به ئه‌ده‌به‌که‌ی مێژوو به چاوێکی دیکه ده‌خوێنێته‌وه و پاڵه‌وان و سومبلی رۆشنگه‌رییه له مۆسکۆ. به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یره ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ی مامۆستا بۆ مێژوو له خزمه‌تی خه‌ونه‌کانی شه‌یتانیش دایه که به به‌رگی پرۆفیسۆرێکی سیحری ره‌ش به ناوی ڤوله‌ند هاتۆته ولاته‌که‌ی ئه‌و.ئاین و مێژوو: ئورشه‌لیم و له دار دانی مه‌سیح
ئه‌و دیوه وه‌ک ئه‌وه‌یه که پارچه‌یه‌ک بێت له رۆمانه سووتاوه‌که‌ی مامۆستا که ڤوله‌ند گه‌ره‌که‌یه‌تی گشت لاپه‌ڕه‌کانی ده‌ست بکه‌وێت. له سه‌ره‌تای دیمه‌نه‌کان دا یه‌شوع له‌گه‌ڵ سێ که‌سی دیکه که ئه‌وان به جه‌رده‌یی و کوشتن تاوانبار کراون له به‌رامبه‌ر پلاتێس ( حاکمی ده‌سه‌ڵاتداری رۆمه‌کان له ئۆرشه‌لیم ) دا وه‌ستاوه. یه‌شوع له لایه‌ن که‌سێکی دوو زمانه‌وه به ناوی یه‌هودا شکایه‌تی لێکراوه گوایه قسه‌ی دژ به ده‌سه‌ڵاتی رۆم و کاهینه‌کان کردووه. پلاتێس یه‌شوع به که‌سێکی راست و ره‌وان ده‌بینێت و به ئاخاوتنه ساده و قووڵه‌کانی سه‌رسامه. به‌ڵام ده‌زانێت ئه‌سته‌مه له قسه و فه‌رمانی کاهینه یه‌هوودییه‌کان لا بدات و ئه‌و گیانه پاکه له کوشتن رزگار بکات. کاهینه‌کان دواتر فه‌رمان ده‌ده‌ن که یه‌کێک له چوار که‌سه قؤڵبه‌ستکراوه‌کان ئازاد بکرێت. پلاتێس پێی باشه یه‌شوعی بێ‌تاوان که‌سه ئازادکراوه‌که بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی هه‌وڵ ده‌دات ناتوانێت له فه‌رمانی کاهینه یه‌هودییه‌کان ده‌ربچێت و ئه‌و کاره بکات. ئه‌وان سوورن که‌وا یه‌شوع له دار بدرێت، ئه‌وه‌ش به رای ماسته‌ر یان چاکتر نوسه‌ری رۆمانی مامۆستا و مارگریتا گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی مێژووه که ده‌سه‌ڵاتی رۆم و کاهینه یه‌هوودییه‌کان پێکه‌وه کردیان.
دیمه‌نی دادوه‌ری و له داردانی یه‌شوع و دوو جه‌رده‌که ئه‌وه‌نده تراژیدی و کاریگه‌ره که به قووڵی له زه‌ینی خوێنه‌ر دا جێگای خۆی ده‌کاته‌وه. وه‌های لێده‌کات که له ئاست هه‌ر رووداوێکی کۆن و مێژوویی وه‌ستان و هه‌ڵوه‌سته‌ی هه‌بێت و ئه‌ده‌بی زیندووی بۆ ببێت به ئامرازێک بۆ ده‌رخستنی شاراوه‌کان.
پلاتێس کاره‌کته‌رێکه هه‌رده‌م سه‌رئێشه‌ی هه‌یه و خۆشه‌ویستیه‌کی زۆری بۆ سه‌گه‌که‌ی هه‌یه. هه‌روه‌ها ئه‌و زیاتر له مۆدڵی که‌سێک ده‌چێت که هی دوارۆژه و له توانای دایه جڵه‌وی مێژوو بکات. ئه‌و له کاتی دادوه‌رییه‌که دا ئاماده نییه یه‌شوع به ناوێکی دیکه گازی بکات. نایه‌وێت ئه‌و مرۆ ساده‌یه‌ی به‌رده‌می به په‌یامبه‌ر یان شتێکی دیکه ناو بنێت، له‌به‌ر ئه‌وه حه‌ز ده‌کات دژ به خواستی کاهینه یه‌هوودییه‌کان هیچ سزایه‌کی نه‌دات و ئازادی بکات. به‌ڵام که ناتوانێت سه‌رئێشه‌که‌ی زیاتر ده‌بێت و پێشبینی ده‌کات له داردانی یه‌شوع دواتر ده‌بێته گه‌وره‌ترین کۆسپ هه‌م له‌به‌رده‌م گه‌شه‌کردنی ئه‌و ئیمپراتۆریه‌ته‌ی که ئه‌و له ئۆرشه‌لیم نوێنه‌رایه‌تی ده‌کات و هه‌م ئه‌و ئاینه‌ی که ده‌سه‌ڵاتێکی زۆری دابوو به کاهینه یه‌هوودییه‌کان.
کاره‌کته‌رێکی دیکه‌ی رۆمانه‌که لیڤی مه‌تیییه که یه‌کێکه له یاوه‌ره ناوداره‌کانی یه‌شوع. مه‌تی شه‌و به نهێنی ده‌چێته سه‌ر گرده‌که و هه‌وڵی ته‌واو ده‌دات که یه‌شوع له داره‌که بکاته‌وه و له ئازار رزگاری بکات. تاوێکی زۆر خه‌ریک ده‌بێت تا جه‌سته‌ی خوێناوی و سارد و سڕی یه‌شوع له داره‌که ده‌کاته‌وه و له شوێنی تاوان دووری ده‌کاته‌وه. له وه‌سف و وێناکردنی که‌سییه‌تی یه‌شوع بۆلگاگۆڤ ویستویه‌تی ئه‌و وه‌ک که‌سێکی ئاسایی و سۆفیگه‌ر نیشان بدات، له به‌رامبه‌ر دا پلاتێس بکات به که‌سێکی پڕ له زرنگی و قووڵبوونه‌وه. پلاتیس دوای مه‌رگی یه‌شوع له‌و رۆمانه‌دا هه‌ست به ئازارێکی ده‌روونی زۆر ده‌کات و له هه‌وڵی ئه‌وه دا ده‌بێت که هه‌ڵه‌ی کاهینه‌کان چاک بکاته‌وه، به‌ڵام ناتوانێت. دواتر به یارمه‌تی ژنێکی جوان پیلان بۆ کوشتی یه‌هودا داده‌رێژێت و کاتێک به دوای خۆی بۆ دارستانێک په‌لکێشی ده‌کات تا جه‌رده و پیاوکوژ له‌وێ ده‌بن و به چه‌قۆ ده‌یکوژن. ئه‌و دیوه‌ی رۆمانی ماسته‌ر و مارگریتا که تێکه‌ڵ و ئاوێته‌یه له‌گه‌ڵ دوو دیوه‌که‌ی دیکه، بریتی یه له کرۆک و بناغه‌ی ده‌قه‌که که تێیدا نوسه‌ر ویستویه‌تی مێژوو سه‌ر له نوێ به چاو و دیدێکی دیکه بخوێنرێته‌وه. بۆیه به‌بێ ئاماده‌بوونی ئه‌و به‌شه مێژووییه نه ڤوله‌ند ده‌توانێت گه‌مه‌کانی خۆی بکات، نه مۆسکۆش ئاماده‌یی ده‌بێت تا بکرێت به شوێنی باس و رووداو.کۆی خوێندنه‌وه زۆر به کورتی
جگه له‌وه‌ی که ناوی کاره‌کته‌ره‌کانی رۆمانی ماسته‌ر و مارگریتا هێما و ده‌لاله‌تی مێژووی و فه‌لسه‌فی قووڵ هه‌ڵده‌گرن، ده‌قه‌که خۆشی له‌سه‌ر گه‌لێک پێگه جیا وه‌ستاوه که گرنگترینیان فاوستی گۆته یه. بۆیه دووباره ئه‌و رۆمانه پێوستی به په‌راوێزێکی پڕ و درێژه بۆ تێگه‌یشتن له ناو و شوێن و ئه‌و سومبولانه‌ی نابۆگۆڤ به‌کاریهێناون. هه‌روه‌ها شێوازی گێڕانه‌وه و تێکهه‌ڵکێشانی رووداوه‌کان له ئاستێک دایه که خوێنه‌ر ده‌باته به‌ر ده‌قێک که سه‌رباری ئاڵۆزی بینین و ماندوو بوون، هێشتا ده‌توانێت چێژێکی گه‌وره‌ش له په‌نای هه‌ر وشه‌یه‌ک دا بدۆزێته‌وه.
له کۆ دا ماسته‌ر و مارگریتا به‌هۆی زه‌مه‌نی درێژی نوسرانی و قوڵایی له ئه‌فراندن و گێرانه‌وه‌ی رووداوه‌کان، یه‌کێکه له گرنگترین ئه‌و ده‌قه ئه‌دبییانه‌ی که کۆن نابن و به سانایی نامرن. بۆیه هه‌ر خوێنده‌وه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به‌و رۆمانه کرابێت وه‌ک شتێکی ناته‌واوه ده‌مینێته‌وه و ئه‌سته‌مه بتوانێت گشت ئامانج و په‌یامه‌کانی ئه‌و ده‌قه ئه‌ده‌بییه بپێکیت.
هه‌روه‌ها زۆر پێویسته بگوترێت که‌وا به‌رچاو ترین شت که ماسته‌ر و مارگرێتا له‌گه‌ڵ چاپکرانی دا هێنایه ئاراوه، ئه‌وه بوو که رسته‌یه‌کی ڤۆله‌ند بۆ سه‌رده‌مێکی درێژ بوو به سلۆگان و قسه‌ی سه‌ر زاری خه‌ڵک له مۆسکۆ.
رسته‌که‌ی ڤۆله‌ند ده‌ڵێت، نوسراوه‌کان مه‌حاڵه بسووتێن!