
شاعیرێك به یه‌خه‌ی زه‌مانه‌وه …… گه‌شتیار كه‌وڵۆسی
ئه‌و ده‌یه‌وێت نه‌یه‌ته‌وه
پڕده‌بێ له ویردهكانی تهنیاییو
له به‌رده‌می ره‌نگه‌كانی ژیانا رائهمێنی
گه‌ر ئه‌ته‌وه‌ێ گوێ بۆ كه‌وتنه خواره‌وه‌ی
پارچه‌كانی دڵی شاعیرێك راگری
له خاكێكی سوتاوه وه
شوێن پێكانی شاعیرێك هه‌ڵبگره‌و
مهگهڕیوه
چونكه ده‌تباته‌وه حوزوری
ههڵقرچانهكانی مۆمێك
له شارێكی بێده‌نگی وه‌ك خۆی
بینت بنێ به ئاهی شاعیرێكه‌وه
شاعیرێك
چاوی پڕه له په‌پوله‌ی فڕیوو
رۆحی ئالوده‌یه به‌ته‌نیایی
ئه‌و ده‌ستێكی به فهنابونهوه گرتووه‌و
پێی له‌سه‌ر جاویدانی دائه‌نێ
ئه‌و عه‌قڵی به خه‌زانه‌وه گیرساوهو
دڵی به‌دیار هاتنی به‌هاره‌وه رائهمینێ
ئه‌و بیری ئه‌وه‌ی نه‌ماوه
پایز چ ڕه‌نگێ ئه‌ڕژێنێ
به‌سه‌ر شان‌و ملی وه‌رینه‌وه
ئه‌و خه‌یاڵی ئه‌وه‌ی نه‌ماوه
به‌هار چ ئاوازێك
فڕێئه‌داته مه‌زرای جوانییه‌وه
ئه‌و هه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌فامێت
گۆرانی بیری ئه‌وین بخاته‌وه
ئه‌و هه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌په‌رژێت
فڕین بخاته رۆحی خهمگینێكهوه
تۆش هێنده‌ی نه‌ماوه
ببیته خۆڵه‌مێشی نێو مشتی ئازاره‌كان
هۆشت بخه نێو كهشتیهكهوهو
بینێره تا سۆراخی شاعیرێك
ئه‌سپی خه‌یاڵت رووبكه سهحرایهكو
ڕهوانهیكه تا ونبونی كائینێك
شاعیرێك به‌وێنه‌ی وێڵگه‌ردێك
كه بووه بهدێوانهی
جه‌نگه‌ڵه خۆڵه‌مێشییه‌كان
هه‌میشه ده‌یه‌وێت به‌تۆ بڵێت:
ته‌نیایی ژیرم ئه‌كاته‌وه
تازه من ئالوده بووم به شیعر‌و
(با) فلوتی رۆحمی ژهنیو
لێوان بووم له داڕوخانی خه‌مگینی
من به‌شوێن پێی ئه‌م دڵه‌وه
شێتانه له‌باڵ ئهدهمو
عه‌جولانه جێده‌مێنم
به‌رده‌وام وه‌ك پهپویهكی نابینا
به‌سه‌ر ئه‌م كاولییهی خۆما ئه‌خوێنم
به ویردهكانی شاعیرێكا وه‌ره خوارێ
كاتێ به له‌حزه ناسكه‌كانی یارا
رۆدهچێو ده‌بێژێ:
من كه ته‌نیایی مشتی بۆ ئه‌شكم گرتووه‌ته‌وه‌و
تهڕترم له‌وه‌ی باران هه‌ستی پێده‌كا
هه‌میشه له‌هاتنی ئه‌و رۆژه راماوم
كه هه‌ڵوژه به‌ده‌م پێكه‌نینی تۆوه ده‌گه‌یه‌ت
كه به‌عه‌تر چاو له‌شه‌رمنی باخچه‌كان دائه‌گری
ئه‌و ده‌مه‌ی بهگۆزهیهك میهره‌بانی
روخساری گوڵه‌كان ته‌ڕ ده‌كه‌ی
ناچار عیشق وه‌ك پیره دارێك ده‌چه‌مێته‌وه‌و
له به‌رده‌می رژانهكانی تۆدا كڕنوش ئه‌بات
گه‌ر هاتنت بۆ هه‌تایی
ده‌ست نه‌خاته سه‌رشانی رۆژگاره كورته‌كان
ژیان پڕده‌بێت له راهاتنمان به مردن
تۆ ئه‌ی ئه‌وه‌ی ناسكتر له با ههڵدهكهیتو
نه‌رمتر له‌ئاو دهتكێیته نێو رۆحمه‌وه
شاعیرێك خه‌ریكه راڤه‌ی ته‌نیایی دهكاو
به ته‌نیشتی بێده‌نگییه‌وه
شكۆمه‌ندی وه‌ك تهپو تۆز
رژاوه له‌به‌ر پێی بارانا
خه‌مگینی هه‌ر وه‌كو شێت
داوه به‌سه‌ر شانی وه‌رزه‌كانا
ئه‌و سه‌یرێكی پایزی
رۆژه خامۆشه‌كانی خۆی دهكاو
دڵی وه‌ك نه‌یزه‌كێك لهسنگیا دهسوتێو
بۆ سه‌ده‌یه‌ك دوای خۆی ده‌ڵێ:
ئێمه هه‌رگیز كاڵنابینهوه له ژیان
هه‌تا نیشتمان
بستێكی بمێنێ بۆ نوسینه‌وه‌ی
ئه‌و دێڕانه‌ی تۆزی ترسیان لێ نیشتووه
ئیمه هه‌رگیز كاڵنابینهوه
تامنالێك به قه‌ڵه‌مێكی سه‌وزه‌وه
سه‌رما جانتاكه‌ی ره‌ق ده‌كاته‌وه‌و
به‌فر لاشه‌ی ده‌كا به‌ژێر مردنێكی سپییه‌وه
هه‌تا دارچنارێك به‌هێمنی دهوهرێتو
سه‌ربه‌رزانه ده‌ڕوانێته ئایندهی نیشتمان
ئه‌ی دۆست پێت ئه‌لێم:
چاوه‌ڕێ مه‌به ئێمه وه‌ك ره‌نگی ئاو كاڵ بینه‌وه
هه‌تا عاشقێك به‌حیكمه‌تی گۆچانێكه‌وه
ده‌رسی گه‌نجێتیمان دائهداو پێمان ده‌ڵێ:
مردنی ئێوه ئه‌و كاته دێ
كه ره‌نگی دێوانه‌یی لهروخسارتان ئه‌بێته‌وه
ئه‌و وه‌ك ده‌نگێك
ده‌یه‌وێ تا كۆتایی سه‌رده‌مه‌كان بڕوات‌و
هێنده‌ی خه‌ڵوه‌تی شیرینی عاریفێك
حورمه‌ت له‌سه‌ر وه‌همه‌كانی دائهنێو
خوڕه‌ی خهونو خه‌نده‌ی یار
له خاپوری رۆحییه‌وه دهبیستێو
به تۆزی چه‌ند ساڵ ماتییه‌وه هاوارده‌كات:
گه‌ر ئێوه بتانه‌وه‌ێ
له‌م سه‌رو سیما ئاڵۆزه‌ی منه‌وه فێربن
كه‌چۆن دێوانه‌یی
ده‌تكاته حه‌كیمی رۆژه‌گاره ناكۆتاكان
كه‌چۆن عه‌شق
ئه‌تباته نێو كوچه‌كانی چاوه‌ڕوانی
فێرت ئه‌كا له‌لای ده‌ریا شكات له ههوربكهی
فێرت ئه‌كا چۆن شیعر
بۆ ماسیه‌كان ئه‌خوێنیته‌وه
چۆن ده‌ست به‌شعوری پایزه‌وه بگریت‌و
نه‌هێڵیت دڵی دره‌خته‌كان بله‌رزێت
فێرت ئه‌كا چۆن برین
له ئینجانه‌ی پهنجهرهكانا بڕوێنیت
گه‌ر بهرهنگێك
دێوانه‌ییت نه‌ڕژێته نێو له‌پی سوتان
ده‌ستت له تاڵێك پرچی زیوینی شه‌م گیر نابێت
بۆ په‌نجه‌ی دهستگیرانێكی بێ شمشاڵ
تا ئاوازێك نه‌ژه‌نی
كه له‌رۆحی وێرانی دێوانهكانهوه دێت
فڕینت ناگاته ئه‌و دورگانه‌ی
كه باخچه له‌وێ
میوه‌كانی خۆی له‌به‌ر روناكیا ئهشواو
فهصڵهكان له چاوی دێوانهكانا
خۆیان رووت ئه‌كه‌نه‌وه‌و
كۆشیان پڕ ئه‌كه‌ن له خولیای سه‌وزی
ده‌ست لێ نه‌دراو
ئاخر مانه‌وه‌ی شاعیرێك
بهچركهكانی زه‌مانه‌وه
واته ره‌نگی تۆ به‌ره‌نگی نه‌مری ده‌ریاكانه‌وه
یانی فڕینی من
له نێو قوڵایی نامورادییه‌وه
به‌ره‌و جیهانێك
كه ده‌ستێكی له دڵشكانی ئێمه‌دایه‌و
ده‌سته‌كه‌ی تری له كوشتنی یار
یان ههڵهانتی تۆ
له سه‌حه‌ری دوا هه‌ناسه‌ی تاریكییه‌وه
بۆ ده‌ست گه‌شتن به گه‌ردنی سپێده‌و
جێهێشتنی پرشنگ به‌روومه‌تی گه‌ڵاكانه‌وه
یان ئاوا بوونی من
له مه‌غریبی دوا جۆڕی روناكییهوه
ئاخر ئه‌و ده‌یه‌وێ
روناكی له چاوه‌كانتا نه‌كوژێته‌وه
تا پێچه‌وانه‌ی تاریكی
له ئافاته‌كانی رۆحت بڕوانی
لهحزهكانت
له خهمگینیا مه‌شاره‌وه
گه‌ر گهردونێك له سه‌ریا
وه‌كو ئاگر بێت‌و بڕوات
هه‌میشه به ساردی ژیان ئهبینێو
حه‌سره‌ته‌كانی وه‌كو ته‌یرێك
ئه‌كێشێ به‌شوشه‌ی به‌نجه‌ره‌ی نائومیدیاو
له سه‌ختی ئه‌م كهساسیهدا دێته‌وه‌و ده‌ڵێ:
ئیدی وه‌ره‌و بمخه‌ره‌وه هۆشی كه‌سێك
كه بێباكانه خوێنی ئه‌م دێڕانه‌ی منی
به‌باڵی كۆتره سپییه‌كانه‌وه له بیرئهچێو
نامبینێ بهههڵقرچانی ئهندێشهكانمهوه
كه‌وتمه سه‌ر واهیمه‌ی له‌یاد چونی زیندهگیو
پێموایه عه‌شق
گاڵته‌و گه‌پی مناڵێكه به ئاگر
وا هه‌سته‌كه‌م ژیان
گۆچانی قڵیشاوی ده‌ست پیرێكه
بۆ به‌ده‌مه‌وه چونی مردن
ئیدی دواین خه‌یاڵی من نه‌دۆزینه‌وه‌ی تۆیه
له‌نێو تراژیدیای شیعرێكی ته‌واو نه‌كراو
به‌ڵام تۆ وه‌ك بێ ئیشترین مه‌خلوق
په‌یت به حه‌قیقه‌تی شێت بوونم نه‌بردو
پێت نه‌كرا ده‌ست بخه‌یته نێو داڵغهكانمهوهو
ره‌نگێك له‌سه‌ر روانینهكانم دانێیت
بزربونی شاعیرێك به‌یه‌خه‌ی زه‌مانه‌وه
نادیاری منه تا سنوری فه‌نابون
ئیدی مه‌حاڵه گه‌ڕانه‌وه‌م
تازه خه‌یاڵه ببمه‌وه جاران
گه‌رچی ده‌ستم له‌م ونبونه به‌رنابێ
به‌ڵام پێت وانه‌بێ من ته‌واو
ده‌بێت نه‌مریم
بچێته كاسه‌ی سه‌ری دوارۆژه‌وه
له‌گه‌ڵ پێ به پێی كارهساتهكانا دهڕۆمو
به‌سه‌ر خوێن‌و سوتوی جهنگهڵهكانا ده‌فڕم
له سه‌ر زه‌مینێكه‌وه هاتووم
خه‌ڵكی ده‌ستیان له‌ملی تاریكییه‌و
قاقا به تارمایی ئه‌هریمه‌نێك مه‌ست ئه‌بن
به مژده‌ی هاتنی هه‌ورێك دڵخۆشن كه نابارێ
تكایه تهماشاكانم كۆكه‌ره‌وه ئه‌ی یار
كاتی ته‌فسیر كردنی ده‌رده‌كانم نه‌ماوه
له به‌رده‌می هه‌یبه‌تی ئێوارهیهكدام
كه هه‌موو شتێك له خۆ‌یا وون ده‌كات
له حوزوری ویقاری تهنیاییدام
كه زاكیره‌م به ته‌ڵخی وههمێكهوه چێ ئه‌كات
ئیدی بینینم نه‌گه‌یشته ئه‌به‌دییه‌تی ره‌نگه‌كان
كه‌سێك پێناسه‌ی فڕینی
نه‌هێنایه نێو په‌شێوی شعورمو
هاواریشم نه‌ڕژایه كه‌ناری سپێده‌كانی روانینت
وا ده‌بم به پیری نێو خه‌راباتی تهنیاییو
به بێده‌نگی شاعێرێكا بمناسه‌وه
دێوانه‌یه‌ك له‌وسه‌ری زه‌مانه‌وه چاوه‌ڕێته..گه‌شتیار كه‌وڵۆسی
9-9-2009