Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
بۆ له‌یلا له‌سه‌ر نوکی پێ راده‌وستم!

بۆ له‌یلا له‌سه‌ر نوکی پێ راده‌وستم!

Closed
by August 2, 2010 ئەدەب

 
‌له‌ وه‌ستانی دڵی ئه‌و کچه‌ نازدار و گه‌وره‌یه‌دا(له‌یلا موحه‌مد) ، که‌(چیمه‌ن عارف) و هه‌موو هاوڕێ کۆمۆنیست و مرۆڤپه‌روره‌کانی فرمێسکی چاویان ووشکنابێته‌وه‌ بۆی، حه‌زمده‌کرد شتێک بنوسم، بۆ دڵنه‌وایی هاوڕێکانی له‌یلا موحه‌مد، بۆ هاوسه‌ره‌ به‌وه‌فاکه‌ی، بۆ کچه‌ تاقانه‌که‌ی، به‌ڵام دواجار، ئه‌م ووتاره‌ی (جه‌مال عه‌لی حه‌لاق)م به‌رچاوکه‌وت، له‌به‌ر جوانی وئاستی به‌رزی نوسینه‌که‌ی و له‌ جیاتی نوسینێکی خۆم، وا گۆڕیم بۆ کوردی و پێشه‌که‌شی چیمه‌ن عارف و کاک حه‌سه‌ن و هه‌موو هاوڕێ دڵسۆزه‌کانی( مونای) ده‌که‌م. جیهاد موحه‌مه‌د حه‌مه‌که‌ریم.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

ناونیشان داداده‌نێم و هه‌وڵئه‌ده‌م ووشه‌کان پڕ مانابن، و ماناکانیش پڕاوپڕی ئه‌زموونبێت، وده‌شزانم هه‌میشه‌ ووشه‌کان هاوڕێیه‌تیم ده‌که‌ن، و ئه‌و رێگه‌ ئاشکرایه‌ ده‌ناسن که‌ ماناکان ده‌پێکن،و زۆر نزیکده‌بن له‌وه‌ی که‌ ده‌مه‌وێت ده‌ریانبڕم، ده‌ستبه‌ردارم نابن هه‌روه‌ک چۆن زووتر نه‌بوون. ده‌مه‌وێت زۆر به‌ ڕوونی و ئاشکرایی بڵێم: که‌سێک که‌ له‌ دایک ده‌بێت ژیان پێویستی پێیه‌تی، هه‌مووکه‌سێک پێویستییه‌کیی ژیانه‌، تا ژیان کامڵبێت، هه‌موو که‌سێک لێره‌وله‌وێ هاوبه‌شییه‌که‌ له‌ پڕکردنه‌وه‌ی که‌ماسییه‌کانی ژیاندا، هیچ که‌سێک له‌ خۆڕا و به‌ فیڕۆ له‌ دایک نه‌بووه‌، بوونێک نیه‌! بتوانین بڵێین، پێویست به‌ بوونی نه‌بووه‌. به‌ڵام هه‌ندێک که‌سی دانسقه‌ هه‌ن، هێنده‌ هه‌ست ناسک و ووردبینن، جیاواز له‌ که‌سانی تر ده‌توانن به‌ ئاسانی و به‌ ڕوونی هه‌ست به‌ ئاراسته‌ی گۆڕان و گه‌شه‌و کامڵبوونی ژیان بکه‌ن، به‌خت یاوه‌رم بوو که‌ له‌ نزیکه‌وه‌ (له‌یلا محه‌مه‌د)ی هه‌ست ناسک و ووردبیینم ناسی.
هاوبه‌شی له‌ گه‌شه‌و گۆرانکارییه‌کانی ژیاندا له‌ سه‌ر ئاستی که‌سێتیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌روا کارێکی ئاسان و سانا نییه‌، به‌ڵکو تێشکاندنه‌کانی لێره‌وله‌وێ ئاره‌زووه‌کان ده‌گۆڕن و داینده‌مرکێنه‌وه و ده‌یانکه‌ن به‌ خۆڵ‌، بۆیه‌ ده‌بێت شتێکی له‌ سروشتبه‌ده‌ر بێت و ده‌ست به‌ بڵێسه‌ی ئاگره‌که‌وه‌ بگرێت تا بیگه‌یه‌نێته‌ دوا مه‌نزڵی خۆی. له‌یلا، له‌ ته‌مه‌نی چل سالێدا بوو که‌ سه‌ره‌تان یه‌خه‌ی پێگرت و بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ ململانێی له‌گه‌ڵدا کرد، ئه‌مه‌ ته‌نها له‌ بێبه‌ختی خۆیه‌وه‌ نه‌بوو، به‌ڵکو له‌ بێبه‌ختی هه‌موو ئه‌وانه‌وه‌ بوو که‌ به‌هه‌ست و سۆز له‌گه‌ڵیدا بوون، و بێبه‌ختی ئه‌وانه‌ بوو که‌ له‌وانه‌بوو ئه‌و ده‌ستوپه‌نجه‌یه‌ رزگاریبکردنایه‌ له‌ خنکاندن. شایه‌تی ده‌ده‌م، که‌ له‌یلا فێڵی له‌ سه‌ره‌تانه‌که‌ی ده‌کرد له‌ جێگه‌که‌یدا، و له‌ جێگه‌کانی تردا به‌هه‌ستێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی ناسکه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یده‌کرد. ته‌نها به‌وه‌وه‌ نه‌ده‌وه‌ستا که‌ له‌ ژینگه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی خۆیدا ‌ کاراو کاریگه‌ربێت، له‌ ڕابه‌رایه‌تییکردنی (کۆمه‌ڵه‌ی ژنان)ی سدنیدا هه‌میشه‌ ڕاوه‌ستاوبوو، بۆ ئازادی ژنان و یه‌کسانی ژن و پیاو به‌ گشتی و له‌ ژیانی گشتیدا، چ له‌ ماڵه‌که‌ی خۆیدا یان له‌ شوێنی کارکردنیدا، له‌ دوو ساڵی ڕابووردودا یه‌کێک له‌ لقه‌کانی لاوانی ئوسترالیای به‌ڕێوه‌ده‌برد، و هاوبه‌شیده‌کرد له‌ پێکهێنانی ڕێکخراوێک بۆ پشتیوانیکردن له‌ چینی کرێکارانی عێراقی.
له‌یلا، هه‌میشه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ی ده‌دا که‌ ته‌بریرێکی عه‌قڵانی بۆ بوونی خۆی هه‌بێت، و تا ئێستاش به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ سه‌ر دوا جێگه‌ی نوستنی له‌ ژیاندا، به‌ ووشه‌یه‌ک ئه‌گه‌ر بتوانێت، یان به‌ سه‌رنجێک هه‌مان مه‌به‌ست ده‌گه‌یه‌نێت.
پێم ووت: ئێمه‌ خاوه‌نی خه‌ون بووین، خه‌ونه‌کانمان له‌گه‌ڵ خۆماندا گه‌و‌ره‌ بوون، وویستمان هاوبه‌شیبکه‌ین له‌ گۆرانکارییه‌کاندا، هه‌وڵماندا مرۆڤه‌کان زیاتر مرۆڤایه‌تییان تیا دروستبێت، وویستمان تۆوی مه‌ده‌نیه‌ت له‌ نێوان مرۆڤه‌کاندا بچێنین، هه‌وڵماندا مرۆڤه‌کان به‌رزبکه‌ینه‌وه‌ زیاتر له‌وه‌ی که‌له‌ بازنه‌یه‌کدا به‌سه‌ر خۆیاندا دابخرێن، ئه‌وه‌ی توانیمان کردمان، سه‌یری خۆمان که‌، تۆ له‌و خێزانه‌ ناچیت که‌ لێوه‌ی هاتویت، منیش له‌ باوکی خۆم ناچم، بوونێکی تایبه‌ت به‌ خۆمان هه‌یه‌.
به‌ ده‌نگێکی نزم ووتی: من له‌گه‌ڵتام، ئێمه‌ گۆڕاوین، و هه‌وڵیشماندا که‌هاوبه‌شیبکه‌ین له‌ گۆرانکارییه‌کاندا، به‌ڵام، پێویسته‌ نه‌وه‌ستین، چوونکه‌ زۆر له‌ خه‌ڵک پێوسیتی به‌ ئێمه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگۆردرێن.
ووتووێژێکی زۆر، گفتوگۆیه‌ک له‌ قوڵایی مرۆڤێتییه‌وه‌‌ شایه‌نی تۆمارکردن بوون، ئه‌مانه‌ هه‌مووی له‌سه‌ر نوستنی دوا جێگه‌که‌ی بوون له‌ ژیانیدا، ئه‌مانه‌ له‌ نێوان ئه‌و و نێوان کرانه‌وه‌ی ده‌رگای ملکه‌چکردنی جه‌سته‌ بوون بۆ وویستی ڕۆح ، ئه‌مانه‌ هه‌موویان ئه‌زموونی (هایدگه‌ری فه‌یله‌سوف)ی بوونگه‌راییان دووباره‌ ده‌کرده‌وه‌، له‌و جه‌ده‌له‌یه‌دا که‌ پێش نیو ده‌مژمێر له‌ مردنی هاوسێ پیرێژنه‌که‌ی کردبووی له‌گه‌ڵیدا، له‌سه‌ر مانای ژیان و مانای بوون.
لێره‌دا، ئاماژه‌یه‌ک هه‌یه‌ بۆ بوونی شاراوه‌ییه‌کی گه‌وره‌ له‌ مرۆڤدا، ئه‌و شاراوه‌ییه‌ی که‌ له‌ ناو ئه‌و مرۆڤانه‌دا به‌رجه‌سته‌ بووه‌ که‌ مانایه‌کی جیاوازتر له‌ مانا ئاساییه‌کانی بوون و ژیان ده‌دۆزنه‌وه‌، ئه‌و مانایه‌ی‌ له‌ ئه‌زموونه‌وه‌یه‌ و وه‌ک ئه‌زموون خۆی ده‌نوێنێت و مرۆڤه‌کان وا لێده‌کات که‌وه‌ک ئاژه‌ڵ نه‌ژین و ژیان به‌سه‌رنه‌به‌ن له‌سه‌ر زه‌وی.
له‌یلا موحه‌مه‌د. له‌سه‌ر جێگه‌که‌ی و مینش وه‌ک دز هه‌وڵمده‌دا ووشه‌کانی لێبدزم، ئه‌و ووشانه‌ی که‌ به‌رده‌وامیم پێده‌به‌خشێت، من دزی ئیراده‌ی گۆران بووم له‌ له‌یلادا.
به‌ ده‌نگێکی نزم ووتی: چه‌ند کاتمان پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی گۆرانیه‌که‌ی(ماریانا) بڵێینه‌وه‌( وه‌ره‌ سێکسم له‌گه‌ڵ بکه‌) به‌ بێ دادگاییکردن، له‌ ده‌ره‌وه‌ی کولتوری عه‌یبه‌ و حه‌رام؟ .
منیش پێم ووت: (الیدی گاگا) به‌ڕاستی هه‌وڵیدا که‌ له‌سه‌ر شانۆی گۆرانی چڕینه‌که،‌ سێکس بکات.
ووتی: ئه‌وان ده‌گۆردرێن به‌ خێرایی، ئێمه‌ش ده‌گۆردرێین، به‌ڵام، له‌سه‌رخۆ.
جوانی ووتووێژ له‌گه‌ڵ (له‌یلا)دا له‌وه‌دا بوو پرسیاری ده‌لاله‌تی بوونی ژیانی نه‌ده‌کرد وه‌ک (پیرێژنه‌که‌ی هایدگه‌ر)، به‌ ته‌واوی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، له‌یلا، به‌ روونی که‌ماسییه‌کانی ژیانی ده‌بینی، ته‌کاموڵنه‌بوونی ژیانی ده‌بینی، ئێمه‌ی مرۆڤ ده‌بێت ته‌واویکه‌ین و مانایی خۆی بده‌ینێ، به‌م جۆره‌ ژیانمان مانای ده‌بێت، ئێمه‌ زیاده‌ نین له‌ پێویست، و هاتنه‌ دنیاییمانه‌وه‌ به‌ خۆرا و به‌ فیڕۆنیه‌.
ڕێگه‌م بده‌، دانبنێم به‌وه‌دا که‌ به‌نزیکیم له‌ تۆوه‌، من گۆڕام، تۆ له‌ ژیانمدا ئاماده‌یت، له‌ ژیانی خیزانه‌که‌مدا ئاماده‌یه‌ت، و ئاماده‌ده‌بیت به‌ به‌رده‌وامی، نه‌ک هه‌رله‌ ژیانی مندا، نه‌ک هه‌رله‌ ژیانی خێزانه‌که‌مدا، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ زۆرێک ئه‌م قسه‌یه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ و ئه‌م دانپیانانه‌ دووپاتده‌که‌نه‌وه‌.
ئه‌ی ژنه‌ نه‌شمیله‌که‌، ئه‌ی هه‌سته‌وره‌ ناسکه‌که‌ی هه‌ستکه‌ر به‌ هه‌وای پاقژ، ئه‌ی دایکی دووهه‌می نورس( به‌م جۆره‌ ناوت ده‌هێنێت نورسی کچم)، ئه‌ی ئه‌و ده‌نگوسه‌نگه‌ی دووباره‌ نابیته‌وه‌، ڕیگه‌مبده‌ با پێتبلێم، منم که‌ زۆر پێویستم پێته‌، ده‌زانم چه‌ند هێزی ئیراده‌ت هه‌یه‌ بۆ مانه‌وه‌، پاش دوودڵییه‌کی زۆر، له‌ جیاتی هه‌موومان، به‌ ئازارێکی زۆره‌وه‌ ده‌بێت بڵێم، ده‌بێت ئێستا له‌ دواجه‌نگتا پشوو بۆ یه‌کجاری بده‌یت و خۆت ڕاده‌ستی دوا مه‌نزڵگه‌ت بکه‌یت.

جیهاد موحه‌مه‌د
27.7.2010

 
 
 

Previous
Next