Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
عروبه ….. ‌هه‌ندرێن شێخ راغب

عروبه ….. ‌هه‌ندرێن شێخ راغب

Closed
by August 3, 2010 گشتی

ئه‌گه‌ر بێ ئه‌ده‌بی نه‌بێ، له‌ ئادابی نوسین دوور نه‌كه‌ومه‌وه‌، ده‌مه‌وێت چه‌قی بابه‌ته‌كه‌م له‌سه‌ر نوكته‌یه‌ك رابگرم، رۆژێك له‌ناو خێزانێكدا باوكه‌كه‌ بایه‌كی لێ به‌ربووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ مه‌جلیسه‌كه‌ ته‌ریق نه‌بێته‌وه‌، چه‌پۆكێكی كێشا به‌سه‌ری منداڵه‌ دوانزه‌ ساڵه‌كه‌ی‌و شیڕاندی به‌سه‌ریدا‌و پێی گوت: عه‌یب ناكه‌ی له‌م مه‌جلیسه‌دا هێنده‌ بێ ئه‌ده‌بی؟ ماوه‌یه‌ك تێپه‌ڕی‌و دایكیشی هه‌مان حاله‌تی باوكی به‌سه‌رداهات، به‌هه‌مان شێوه‌ چه‌پۆكی كێشا به‌سه‌ر مناڵه‌كه‌دا، ئیتر له‌ مه‌جلیسه‌كه‌ هه‌ر كه‌سێك بایه‌كی لێ به‌ربوایه‌ ئه‌یكێشا به‌سه‌ری ئه‌م مناڵه‌‌و سه‌ركۆنه‌ی ده‌كرد. رۆژێك میوانێكیان هاتبوو، له‌كاتی گفتوگۆدا میوانه‌كه‌ش بایه‌كی لێ به‌ربوو، زۆر هه‌ستی به‌شه‌رم كرد‌و نه‌یزانی چۆن چۆنی ئه‌م حاله‌ته‌ بشارێته‌وه‌.. مناڵه‌كه‌ له‌ناو مه‌جلیسه‌كه‌ هه‌ستاپێ‌و به‌میوانی گوت: قوربان هیچ خۆت سه‌غڵه‌ت مه‌كه‌ لێره‌ هه‌ر كه‌سێك بایه‌كی لێ به‌ربێ، چه‌پۆكێك ئه‌كێشێ به‌سه‌ری مندا‌و، من سه‌ركۆنه‌ ده‌كات، فه‌رموو تۆش چه‌پۆكێك به‌سه‌ریدا مندا بكێشه‌. راستی ئه‌م روداوه‌ له‌ كێشه‌ی كورد نزیكه‌… تۆ سه‌یركه‌ ئه‌وروپا سزای نێوده‌وڵه‌تی به‌سه‌ر ئێراندا ده‌سه‌پێنێ، كه‌چی دێت گه‌نجی كورد له‌ سێداره‌ ده‌دا، له‌گه‌ڵا ئه‌مریكا كێشه‌ی هه‌یه‌، یه‌خه‌ی گونده‌كانی بناری قه‌ندیل ده‌گرێ. ئێران چه‌كی ئه‌تۆمی كێشه‌كه‌یه‌تی، كه‌چی بۆ داپۆشینی چه‌پۆك له‌قه‌ندیل ده‌دات. توركیا له‌یه‌كیه‌تی ئه‌وروپا وه‌رناگیرێ، منداڵی كورد زیندانی ده‌كات، كه‌شتیه‌كه‌ی له‌ غه‌ززه‌ وه‌رگه‌ڕاوه‌، هه‌ڵه‌كانی خۆی به‌ فڕۆكه‌كانی داده‌پۆشێت‌و گوندی كوردی خاپوور ده‌كات، رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ ره‌خنه‌ی لێ ده‌گرن، كه‌چی دێت شه‌ڕ به‌كورد ده‌فرۆشێت، هه‌ر ده‌وڵه‌تێك كێشه‌یه‌كی ده‌بێ، یان هه‌ڵه‌یه‌ك ده‌كات بۆ داپۆشینی یه‌كسه‌ر كێشه‌ی كورد زه‌ق ده‌كاته‌وه‌‌و چه‌پۆك له‌سه‌ری كورد ده‌دات.
شانۆی سیاسی عێراقیش له‌ولاوه‌ بوه‌ستێ، ئه‌وه‌تا عه‌ره‌ب له‌گه‌ڵا عه‌ره‌ب، سونه‌ی عه‌ره‌ب‌و شیعه‌ی عه‌ره‌ب، پێكه‌وه‌ ناگونجێن؟ ئه‌وه‌ عه‌ره‌به‌كانن حكومه‌تیان پێ دروست ناكرێ؟ ئه‌وه‌ كوتله‌‌و هێز‌و گروپی عه‌ره‌بین كه‌یه‌خه‌ی یه‌كیانگرتووه‌، كه‌چی له‌مسه‌ری ئه‌وسه‌ره‌وه‌ به‌شار ئه‌سه‌د‌و شای سعودیه‌ لێدوان له‌سه‌ر لێدوان ده‌ده‌ن‌و دوپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ی پێكده‌هێنرێ ده‌بێ عروبه‌ی عێراق بپارێزێت، خۆ من ده‌زانم سوریا‌و سعودیه‌‌و ده‌وڵه‌تانی تر مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیان ئێرانه‌، به‌ڵام گومانم له‌وه‌ نیه‌ كه‌ به‌ئێران ناوێرن‌و دواجار چه‌پۆكه‌كه‌ ئه‌كێشن به‌سه‌ری كورددا. كاكه‌ حكومه‌ت له‌به‌غدا كه‌س نیه‌ خۆزگه‌ی پێ بخوازێت، كێشه‌كه‌ له‌هه‌ولێر نیه‌، له‌به‌غدایه‌… ئه‌وه‌ عه‌ره‌ب‌و عروبه‌چیه‌كانن ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌یان به‌م ده‌رد‌و نه‌هامه‌تیه‌ بردووه‌. ئه‌وه‌ عه‌ره‌به‌كانن له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی به‌غدا به‌رامبه‌ر یه‌كتر ته‌قینه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌چی ده‌یانه‌وێت چه‌پۆك له‌سه‌ری كورد بده‌ن. به‌شار ئه‌سه‌د كه‌ داوای عروبه‌ی عێراق‌و حكومه‌ته‌كه‌ی ده‌كات، ئه‌ی ئه‌وه‌ نیه‌ نازانێت كه‌ له‌ ده‌ستوری عێراق‌و سیسته‌مه‌كه‌یدا ئه‌وه‌ دوپات كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی عێراق ئه‌ندامی جامیعه‌ی عه‌ره‌بیه‌.. له‌م كاته‌دا بۆچی مه‌سه‌له‌ی عروبه‌ی عێراق هاتۆته‌ گۆڕێ؟ ئه‌م پرسیاره‌ بۆ كورد جێگای بایه‌خ پێدانه‌؟.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ جیۆ بایدن له‌م سه‌ری ئه‌مریكاوه‌ دێت‌و كورد ده‌دوێنێ‌و داوایان لێ ده‌كات رۆڵیان هه‌بێت له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عێراق، هیچ گومانم له‌وه‌ نیه‌‌و هه‌موو ئاماژه‌كانیش له‌وه‌ نزیكن كه‌ ئه‌مریكاش بۆ بۆ رووسوری له‌م ره‌وشه‌ی عێراق چه‌پۆك له‌سه‌ری كورد ده‌دات، لێره‌دا ده‌رفه‌ته‌ كوڵی دڵی خۆم بڕێژم‌و بڵێم: ئێمه‌ی كوردیش له‌وه‌ته‌ی مێژوو هه‌یه‌، زۆر چركه‌ ساتی مێژوویی گرنگ‌و چاره‌نوسساز هه‌بوه‌، خۆمان گوتومانه‌: به‌رێزان خه‌فه‌ت مه‌خۆن فه‌رمون چه‌پۆك بكێشن به‌سه‌ری ئێمه‌دا، ئێمه‌ خۆمان پینه‌‌و په‌ڕۆ‌و كه‌لێنی ئه‌وانمان پڕكردۆته‌وه‌‌و كه‌ره‌سه‌ی گه‌مه‌كه‌ بوین. ئیتر با به‌س بێ، با ئه‌م جاره‌ ئیراده‌ی كورد سه‌ر له‌به‌ری بگۆڕێت‌و بڵێت: من ئیتر گه‌وره‌ بوم، چیتر ئه‌م مناڵه‌ی دوێنێ نیم، قبوڵا ناكه‌م كه‌س چه‌پۆك بكێشێ به‌سه‌رمدا.
ئه‌گه‌رنا حاڵمان هه‌ر ئه‌و حاڵه‌ ده‌بێ.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.