Skip to Content

Monday, November 11th, 2024
چه‌واشه‌كردنی ڕاستییه‌كان…. ‌ ڕه‌زا شوان

چه‌واشه‌كردنی ڕاستییه‌كان…. ‌ ڕه‌زا شوان

Closed
by August 3, 2010 گشتی

 

تا ئێستا ـ ئبراهیم ئاوچی ـ كه‌ توركمانێكی توندڕه‌وه‌، له‌ ماڵپه‌ڕی«نحن التركمان ـ ئێمه‌ توركمانین»به‌ زمانی عه‌ره‌بی چه‌ند بابه‌تێكی له‌ دژی كورد بڵاوكردۆته‌وه‌ به‌ ڕۆژی ڕووناكیش به‌ ئاره‌زووی خۆی،چه‌ند ناسراو و ناودارێكی كوردزاده‌ و چه‌ند هۆز و عه‌شیره‌تێكی ڕه‌سه‌نی كوردی كردووه‌ به‌ توركمان ،به‌بێ به‌ڵگه‌ و بنه‌ماش زۆر بێشه‌رمانه‌ ڕاستییه‌كانی چه‌واشه‌كردووه‌، وادیاره‌ درۆهه‌ڵبه‌ستن و بوختانكردن و حه‌یاچوونیش به‌لایه‌وه‌ ئاساییه‌،بۆیه‌ خووی پێیانه‌وه‌ گرتوه،ده‌شێش چاوی له‌ ئاست  مێژووی دێرینی پڕ له‌ سه‌روه‌ریی كورد هه‌ڵنه‌یات و له‌ ئاستی ڕاستی و ڕه‌وادا خۆی گێلبكات. به‌ڵام گه‌لی كوردی خۆڕاگر و قاڵه‌وه‌بووی ڕۆژگاری سه‌خت،گه‌لی به‌رزتره‌ له‌وه‌ی كه‌ گه‌مژه و دڵكرمێیه‌كی وه‌كو ئاوچی بتوانێت  راستییه‌كانی بشێوێنێ. وه‌كو ده‌ڵێن:” به‌ری خۆربه‌ بێژنگ ناگیرێ .” ئه‌گه‌رچی ماوه‌یه‌كه‌ ئه‌و بابه‌تانه‌ی بڵاكردۆته‌وه‌، نه‌په‌رژام گه‌رماوگه‌رم وه‌ڵامی بده‌مه‌وه‌ ، به‌ڵام نه‌متوانی لێیان  بێده‌نبگم و درۆكانی نه‌خه‌مه‌ به‌رده‌م خوێنه‌رانی كوردمان، زۆر به‌كورتی وه‌ڵامی دوو درۆی زه‌قی  ئبراهیم ئاوچی ده‌ده‌مه‌وه‌:    ١ـ ئاوچی له‌ ٨ /گه‌لاوێژی/٢٠١٠ دا، له‌ ماڵپه‌ڕی«نحن التركمان»دا له‌ژێر ناونیشانی«من مشاهیر التوركمان فی مدینه‌ كركوك واحد ابطالها فی مجزره‌ عام  ١٩٢٤م (علی بسته‌) ».له‌ سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌یدا به‌شان و باڵی عوسمانییه‌كاندا هه‌ڵده‌دا و شیوه‌نیان بۆ ده‌كات ، ئینجا ده‌یه‌وی تۆی دووبه‌ره‌كی له‌ نێوان ئیسلام و مه‌سیحیدا بڵاو بكاته‌وه‌، ئاشووری و ئه‌رمه‌نییه‌كانیش به‌وه‌ تاوانبار ده‌كات كه‌ ڕۆڵێكی سه‌ره‌كییان له‌ڕووداوه‌كه‌ی ئه‌و ساڵه‌دا هه‌بووه‌.                             له‌ ساڵی ١٩٢٤ كه له‌گه‌ڵ سوپای به‌ریتانیادا هێزێكی جه‌كداری نافه‌رمی هه‌بوو به‌ ناوی«لیڤی» كه‌ زۆربه‌یان ئه‌رمه‌نی و ئاشووری بوون، له‌گه‌ڵ هێزی پۆلیسی كه‌ركوك له‌ ناو شاری كه‌ركوكدا،تێكده‌چن و ده‌بێت به‌ شه‌ڕیان، دوو پۆلیس كوژران و ژماره‌یه‌كیش بریندار بوون، جه‌ماوه‌ری كه‌ركوك وروژاو شه‌ڕه‌كه‌ گه‌وره‌تر بۆوه‌، هێزی لیڤی ویستبوویان په‌لاماری چه‌ند گه‌رماوێك بده‌ن چه‌ند كه‌سانێكی خه‌ڵكی شاری كه‌ركوك، كورد و توركمان به‌ چه‌كه‌وه‌ به‌ره‌نگاری ئه‌و هێزه‌ بوونه‌وه‌ و، له‌ هه‌ردوولا چه‌ند كه‌سانێك كوژران و بریندار بوون. ئه‌و هێزه‌یان ناچاركرد كه‌ له‌ كه‌ركوك ده‌ربچێ هه‌ندێ سواره‌ی عه‌شیره‌تی جه‌باری ڕاویاننان تا چه‌مچه‌ماڵ.دوایی‌ هێزی به‌ریتانی كه‌وته‌ به‌ینه‌وه‌و كوتایی به‌و شه‌ڕه‌ هات، ئاوچی  له‌ژماره‌ی  كوژراو و برینداره‌كان و سووتاندنی دوكانه‌كاینش زیاد‌ڕۆیی كردووه‌. با به‌ كورتیش بێینه‌ سه‌ر باسی «حاجی عه‌لی به‌سته‌»كه‌ ئه‌و به‌ ناودار و قاره‌مانێكی مه‌زنی توركمانی ناوزه‌ند كردووه.                        حاجی عه‌لی به‌سته‌،پیاوێكی سپیلكه‌لانه‌ی باڵابه‌رزی به‌خۆوه‌بوو، چاوه‌كانی شین بوون ،زۆر ئازا و جوامێر و كه‌ڵه‌مێرد بوو،له‌ شه‌ڕه‌كه‌ی ئه‌و ساڵه‌دا به‌رگریه‌كی بێوێنه‌ی له‌كه‌ركوك كرد و ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی بینی  له‌ ده‌ركردنی هێزی لیڤییه‌كان له‌ ناو شاری كه‌ركوكدا ،وه‌كو پاڵه‌وانێكی ئه‌و شه‌ره‌ بووه‌ مایه‌ی ڕێز و شانازی و بوو به‌وێردی سه‌رزمان ، عه‌لی به‌سته‌ كوردێكی ڕه‌سه‌نه‌و و توركمان نیه‌، ئێستاش خزم و نه‌وه‌كانی له‌ كه‌ركوكدان و هه‌مووشیان  كوردن و شانازی به‌ حاجی عه‌لی به‌سته‌ی باپیری خولێخۆشبوویانه‌وه‌ ده‌كه‌ن..«مه‌حمود به‌سته‌» كه‌ كوڕی عه‌لی به‌سته‌یه‌ . طۆرانییه‌كان به‌ ناهه‌ق تاوانی ئه‌وه‌یان دایه‌ پاڵی ،كه‌ له‌ ڕوداوه‌كه‌ی ساڵی ١٩٥٩دا،به‌شداری كردبێ یه‌كێك بوو له‌و ٢٨كورده بێتاوانه‌ی كه‌ له‌ساڵی ١٩٦٣دا به‌ده‌سیسه‌ی طۆرانییه‌كان له‌ كه‌ركوكدا له‌ سێداره‌ دران.گه‌ر عه‌لی به‌سته‌ توركمان بوایه،ئه‌ی بۆ كوڕ‌ه‌كه‌ی وه‌كو كوردێك به‌ له‌سێداره‌دانتاندا؟ ئاوچی ده‌ڵێ:”حاجی عه‌لی به‌سته‌،پیاوێكی ناسراو و ناوداری گه‌ڕه‌كی(بوڵاق)ی توركمانییه‌ ” له‌و گه‌ڕه‌كه‌ش درۆده‌كات.ئێمه‌ له‌ ساڵی (١٩٧٠ تا ١٩٨٠) ماڵمان  له‌ گه‌ڕه‌كی بوڵاق بوو، له‌ ٩٠٪ی كوردن نه‌ك توركمان ،له‌ (١٩٧٠ـ ١٩٧٤) پێنج قوتابخانه‌ی كوردی له‌م گه‌ڕه‌كه‌دا هه‌بوو، قوتابخانه‌ی توركمانی  لێنه‌بوو. بابێنه‌وه‌ سه‌ر عه‌لی به‌سته‌ ،خێزانی كوڕه‌كه‌ی شه‌هید «مه‌حمود به‌سته‌»دوای له‌ سێداره‌ دانی، له‌ گه‌ڕه‌كی شۆڕیجه‌ بوون به‌ هاوسێی دیوار به‌ دیواری ماڵی ئێمه‌ كه‌ ناوی«سوڵتان»خانه‌، خۆی و كچه‌ گه‌وره‌كه‌ی «سوهام ـ كه‌ ئێستا خێزانی خزمێكی منه‌» هه‌ردووكیان ئه‌ندامی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان بوون، كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌شی «محه‌مه‌د»ماوه‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ بوو، كوڕه‌ بچكۆله‌كه‌شی ناوی «خه‌بات»ه‌ ،كه‌واته‌ ئاوچی درۆ ده‌كات، عه‌لی به‌سته‌ كورده‌ نه‌ك توركمان. وشه‌ی «به‌سته‌»ش وشه‌یه‌كی كوردییه‌،خزمه‌كانیشی ده‌یانوت«حاجی عه‌لی به‌ستێ» . هه‌روه‌ها شاعیری خوالێخۆشبوو«هیجری ده‌ده‌»شی به‌ توركمان داناوه‌،به‌ڵام هیجری ده‌ده‌ش كورده‌ و له‌ هۆزی«كاكه‌یی»یه‌ ڕاسته شیعری توركمانیشی هه‌یه. باسی زانای زمانه‌وانی ناسراو«مسته‌فا جه‌وادی» كردووه‌ كه‌ توركمانه‌، به‌ڵام ئه‌م ناوداره‌ش ڕه‌سه‌نی كورده و«فه‌یلی» یه‌.                  ٢ـ هه‌ر ئاوچی له‌ هه‌مان ماڵپه‌ڕدا له‌ ٩/ ٢/٢٠٠٩دا،له‌ژێر سه‌رناوی«عشیره «صالحی»‌التركمانیه‌ ذوات الماضی والحاضر المجید».بێگومان هۆزی ساڵه‌یی كه‌ ئه‌و به‌ صاڵحی ناوی بردووه‌، هوزێكی زۆر دێرین و ناسراوی كوردییه‌ له‌ كه‌ركوك،هاوسنووری عه‌شیره‌تی «شوان»ن، زوربه‌ی خه‌ڵكی دووبزو پردێ ساڵه‌یین، له‌ ناوچه‌ی قه‌ره‌حه‌سه‌ن و گل شدا هه‌ن و به‌ده‌گمه‌نیش تیایاندا هه‌یه‌ كه‌ زمانی توركمانی بزانێت،له‌ ناو شاری كه‌ركوكیشدا له‌ گه‌ڕه‌كی ڕحیماوه‌ و ته‌په‌ و ئه‌ڵماس و به‌گله‌ر ساڵه‌یی زۆریان لێیه‌، ناوچه‌ی ساڵه‌ییش كه‌ مه‌ڵبه‌ندی هوزی ساڵه‌ییه‌ به‌شێكه‌ له‌ كه‌ركوك، ده‌كه‌وێته‌ نێوان شوان و كۆپری و دووبز زێی بچووك و شاری كه‌ركوك، به‌پیترین زه‌وی كشتوكاڵی پارێزگای كه‌ركوكه‌.  به‌ڵام له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ هه‌موو سه‌رژمێرییه‌كاندا له‌ كه‌ركوك، به‌ ئه‌نقه‌ست بۆ سه‌رژمێریكردنی  خێزانه‌ كورده‌كان ژمێریاری توركمان و عه‌ره‌بیان  ده‌نارد ئه‌وانه‌ش له جیاتی  «ساڵه‌یی» بنووسن، «صاڵحی»یان ده‌نووسی،هه‌ر له‌ ساڵی١٩٦٣به‌دواوه‌،له‌ دایره‌ی سه‌رژمێریی كه‌ركوكدا،ئه‌وان به‌ زۆر و به‌فه‌رمی «ساڵه‌یی»یان كرد به‌ «صالحی». به‌ڵكو به‌عسی ڕه‌گه‌زپه‌رست به‌ فه‌رمی لیژنه‌یه‌كی پێكهێنا بۆ ئه‌وه‌ی به‌درۆده‌له‌سه‌ی هه‌ڵبه‌ستراو، ڕه‌سه‌نی زۆربه‌ی هۆز و عشیره‌ته‌ كوردییه‌كان بكه‌ن به‌ عه‌ره‌ب ، تا گه‌یشته‌ پیسترین مه‌رامی گڵاو و قێزه‌وه‌نیان،راستكردنه‌وه‌ی  پێناسه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی«تصحیح القومیه‌»،به‌ڵام ئه‌م نیازه‌ گڵاوه‌یان سه‌ریانی خوارد. وادیاره‌ ئیبراهیم ئاوچی ڕه‌گه‌زپه‌رستیش  ده‌رچووی قوتابخانه‌ی به‌عسه،بۆیه نه‌ك هه‌ر هۆزی ساڵه‌یی به‌ڵكو زۆربه‌ی عه‌شیرت و هۆزه‌ كوردییه‌كانی كردوه به‌ توركمان له‌وانه‌«زه‌نگنه‌، كاكه‌یی،   باجه‌لان،داوده‌، « بابان،ده‌لۆ،گۆران،وه‌ندی،چه‌له‌بی،شه‌به‌ك،مه‌نده‌لاوی…هتد»‌ له‌ شاری هه‌ولێریشدا ته‌نها عه‌شیره‌تی«دزه‌یی» به‌ كورد داده‌نێ ئه‌ودوای هۆز و عه‌شیره‌ته‌كانی تر به‌ توركمان داده‌نێ. ئه‌گه‌ر هه‌ولێر ئه‌و هه‌موو توركمانه‌ی تیابێ نابووایه‌ به‌ره‌ی توركمانی ئه‌گه‌ر كورسییه‌كی باغه‌ش بووایه‌ كورسییه‌كیان بهێنایه؟نازانم ئاوچی ته‌ریق نابێته‌وه‌ له‌م درۆوده‌لاسانه‌ی‌‌ ؟ئه‌ی بۆ له‌ هه‌شتاكاندا، حكومه‌تی عێراق بڕیارێكی ده‌ركرد ،هه‌ر سه‌ربازێك بیسه‌لمێنێ كه‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك‌ كورده،له‌ سه‌ربازی ته‌سریح ده‌كرێ،كورد ناوی لێنابو” دووسایته‌كه” .بڕوابكه‌ن نیوه‌ی زیاتری سه‌ربازه‌ توركمانه‌كان چوون ڕه‌سه‌نایه‌تی خویان سه‌لماند كه‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك كوردن و توركمان نین،هه‌بوو ده‌یوت من زه‌نگنه‌م،شوانم ،داوده‌م، كاكه‌ییم،جه‌باریم، ڕوژبه‌یانیم،و…هتد،صالحییه‌كانی ئبراهیم ئاوچیش بوونه‌وه‌ به‌ ساڵه‌یی، ئه‌ی بۆ ئه‌و كاته‌ ئه‌و عه‌شیره‌ت وهۆزه‌ كوردییانه‌ت‌،به‌ كوردی ڕه‌سه‌ن ده‌ناسی ؟بۆ ئه‌و كاته‌ دانان به‌ڕه‌چه‌ڵه‌كی خۆتان نا و ئێستا نكوڵی لێده‌كه‌ن؟وه‌كو ده‌ڵێن:”ئه‌وه‌ی نكوڵی له‌ ڕه‌چڵه‌كی خۆی بكات ڕه‌چه‌ڵه‌كی نیه‌”. .به‌ دووریشی نازانم ماوه‌یه‌كی تر ئبراهیم ئاوچی، بڵی ئاده‌م و حه‌واش به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك توركمانن. یان چه‌ند هۆزێكی ئه‌فریقاش بكات به‌ توركمان.

………… ره‌زا شوان/ نه‌رویج ‌

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.