Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ئەفسانەی سوپای توركیا و سواڵكردن و پەلەقاژەی حكومەتەكەی ئەردۆگان

ئەفسانەی سوپای توركیا و سواڵكردن و پەلەقاژەی حكومەتەكەی ئەردۆگان

Closed
by August 9, 2010 گشتی

مێژوو ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ فاتح شێخ هەلی یەكێ لە سوپاسالارەكانی سوپای عوسمانلی بووة و كە لە ساڵی 1910 كاتێ سوپای عوسمانلی هەنگاوی دەنا بۆ داگیركردنی ئەلبانیا ئەو فاتحەیان كردە فەرماندەی سوپاكە، ئەو سوپاسالارە هەمیشە پشیلەیەكی خرپن و جوانكیلەی لە باوەش دەبێت و زۆر خۆشی دەوێت، چونكە حیكمەتێكی لەو پشیلەیە وەرگرتبوو ئەویش لەهەر شەڕێك پێش هێرش كردن پشیلەكە نەخەوتبایە ئەوا مانای ئەوەبوو لەشەڕەكە سەرناكەون و ئەگەر پشیلەكەش بخەوتبایە ئەوا سەركەوتن لە شەڕ مسۆگەربوو، فاتح شێخ هەلی زۆر شانازی بە پشیلەكەی دەكرد، ناو و ناوبانگی پشیلەی فاتح شێخ هەلی هەموو سنورەكانی بەزاندبوو، ئیمپراتۆری نەزان و مێشك پووچی عوسمانلیش بڕوای بەو ئەفسانەیە هێنابوو، بۆیە فاتح شێخ هەلی دەنێرنە بەرەی ئەلبانیا بۆ داگیركردنی ئەو وڵاتە، ئەلبانەكان بەشێوازێكی زۆر ئەقڵانی خۆیان بۆ ئەو جەنگە ئامادە كردبوو و لە هەموو شوێنێك لە بۆسەدابوون بۆ سوپای عوسمانلی، كاتێك راپۆرتی سیخوڕەكان و جاشەكانی ناو ئەلبانیا بۆ فاتح شێخ هەلی هات، بەڵام هەواڵەكان دڵخۆشكەر نەبوون هەموو راپۆرتەكان ئاماژەیان بەوەدەدا كە هێرش نەكرێت باشترە چونكە ئەلبانەكان زۆر بەهێزن و لە ئامادەگیەكی زۆر باش دان، بەڵام سوپاسالاری لەخۆبایی هەموو ئەو زانیاریە سیخوڕی و سەربازیانەی رەت كردەوە و گووتی: گرنگ پێشبینی پشیلەكەمە، ئەگەر ئەمشەو پێش هێرش كردن خەوی لێبكەوێ‌ ئەوە مانای وایە سەركەوتنمان مسۆگەرە و ئەگەریش نەخەوت ئەوا تەواوی ئەو راپۆرتانە تەواون، پیشلەی بەستەزمانیش ئەوەندە ماندوو و هیلاكی رێگابوو هەر زوو خەوی لێ كەوت، كاتێك فاتح شێخ هەلی خەو لێكەوتنی پشیلەی قارەمانی بینی زۆر دڵخۆش بوو بەوەی سەركەوتن و دەستكەوتێكی تری خستە سەر قارەمانێتیەكانی بۆیە یەكسەر بڕیاری هێرش كردنی دا، ئیتر ئەلبانەكانیش لە هەموو لایەكەوە بەرپەرچیان دانەوە و چ بەشەڕی پارتیزانی و چ بە شەڕی بەرەیی(جەبهەیی) توانیان لە كەمترین ماوەدا لووتی سوپای عوسمانلی بۆجاری یەكەم لە مێژوودا بشكێنن و تا گەیشتە ئەو ئەنجامەی سوپاسالار دەستگیر بكەن و لەبەرامبەر 220 دیلی ئەلبانی بیگۆڕنەوە و هاوكات پشیلەیەكی نێرەشیان بەدیاری پێدا كە وەك بووك و زاوا رازاندبوویانەوە و لەگەڵ فاتح شێخ هەلی ناردیانەوە بۆ لای ئیمپراتۆر، ئیمپراتۆریش بە بینینی ئەو شكستە سەربازیە گەورەیە و بەو دۆڕانە ئابڕووبەرە و بەو دیاریە ئەقڵ لە مێشكی پووچیدا نەماو یەكسەر بڕیاری لەسێدارەدانی فاتح شێخ هەلی دا.
گەلۆ” ئەمڕۆ ئەفسانەی سوپای توركیا و پەلەقاژەی ئەردۆگان و فاشیستەكانی توركیا مێژووی هەمان سیناریۆمان بۆ دووبارە دەكاتەوە، سوپای توركیا كە تا ئێستا 5%ی چالاكیە سەربازیەكانی پەكەكەی بینیوە و تا ئێستا توڕەیی راستەقینەی كوردانی لە باكوری كوردستان نەبینیوە وەها شپڕزە بووە، كەچی دەچن هانا بۆ ئەمەریكا و ناتۆ دەبەن كە بە هانایان بێن لە شەڕی سەركوتكردنی كوردان لەو پارچەیە، ئەمڕۆ سوپای توركیا فڕۆكەی(هیرۆن)ی ئیسرائیلی كردۆتە ئەفسانەی پشیلەكەی عوسمانلیان و لەخۆباییەكانیان گەیشتۆتە ئاستێك كە لە بچووكترین تەنگەژەدا ئەردۆگان دەكەوێتە پەلەقاژەی تەنازولات و پاڕانەوە و سواڵكردن لە وڵاتە زلهێزەكان، بە رادەیەك وڵاتە زلهێزەكانیش بێزاربوونە لەو(دەمێك لە خۆباییبوون و دەمێك پاڕانەوە و پەلەقاژەیە)، ئەوەی گرنگە لێرە بگووترێ ئەوەیە كە توركیا وەكو میللەت تەواوی ئەو سوپایەی رەفزە، بەڵام حكومەت بۆ داپۆشینی هەموو تەنگەژە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و…هتد خۆی درێژە بە نكۆڵی كردن لە بوونی نەتەوەی كورد و دروشمی سواو و ژێرپێ كەوتووی(یەك دەوڵەت و یەك ئاڵا و یەك نەتەوە) دەدات و شەقامی توركی بە ئۆپەراسیۆنە شكستخواردووەكان سەرقاڵ دەكات، بێ ئاگا لەوەی كە مەرگی ئەوسوپایە و ئەو ئایدیۆلۆژیایەی كە بناغەی بوونی دەوڵەتی توركیایە و پەلەقاژەكانی ئۆردوگان لەهەمبەر دۆزی رەوای كورد رۆژ لەدوای رۆژ نزیكتر دەبێتەوە.

شێرزاد عومەر مەحمود/

 s4632628@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.