
مرۆڤدۆستی یان به‌رژه‌وه‌ندیی، كامیان سه‌نگی مه‌حه‌كن لای رۆژئاواییه‌كان؟
ئێمه كه‌باسی رۆژئاوا ده‌كه‌ین، نابێ ته‌نها لایه‌نه گه‌ش و پۆزه‌تیفه‌كانی ئه‌وانمان له‌به‌رچاوبێت، نابێ ته‌نها دیوێكی رووداوه‌كان ببینین و دیوه‌كه‌ی دیكه‌ی فه‌رامۆش بكه‌ین، كه‌ده‌ڵێین وڵاتانی رۆژئاوا، نابێ ته‌نها یه‌كسانی و مافی مرۆڤ و دیموكراسی و ئازادیمان بێته‌وه یاد، به‌ڵكو ده‌بێ لایه‌نه ناڕاست و نێگه‌تیڤه‌كانی رۆژئاوایش بخه‌ینه‌به‌رباس و لێكۆڵینه‌وه، ده‌بێ ناعه‌داله‌تی و پێشیڵكردنی مافه‌كان و دوورووییه‌كانی رۆژئاواش له‌به‌رچاوبگرین ده‌رهه‌ق به‌گه‌لان و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی جیهان. ده‌بێ ئه‌و راستییه باش له‌به‌رچاوبگرین كه رۆژئاوا زۆرجار به‌رمیلێك نه‌وت ناكاته قوربانی ده‌ریایه‌ك له‌خوێنی میلله‌تێك، وه‌كو هینری كیسنجه‌ری گه‌وره سیاسه‌تمه‌داری ئه‌مریكی له‌دوای هه‌ره‌سی شۆرشی ئه‌یلول وتی( ئه‌مریكا وڵاتی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانه)، كه‌وایه هه‌رچی دروشمی (یه‌كسانی و مافی مرۆڤ و مافی میلله‌تان و دیموكراسی)هه‌یه هه‌موویان له‌ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیانه‌وه ته‌ماشا ئه‌كه‌ن، نه‌ك له‌ڕوانگه‌ی مرۆڤدۆستییانه‌وه!
له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مدا رۆژئاواییه‌كان هه‌ڵگیسێنه‌ری دوو جه‌نگی جیهانی گه‌وره‌بوون كه ده‌یان ملیۆن مرۆڤی تێدابووه قوربانی و زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان زیانی مرۆیی و مادییان پێگه‌یشت. ئه‌مه جگه له‌چه‌ندین جه‌نگ و كوشتاره‌گه‌ی دیكه‌ی وه‌ك (شه‌ڕی فێتنام، شه‌ڕی بالقان…هتد)..ده‌بێ بپرسین: ئایا به‌به‌رچاوی وڵاتانی رۆژئاواوه، ده‌یان هه‌زار له هاوڵاتیانی بۆسنه‌و هه‌رسك به‌ده‌ستی سربه‌كان نه‌بوونه قوربانی و جینۆسایدنه‌كران؟ ئایا به‌به‌رچاوی وڵاتانی رۆژئاوای دیموكراسی و ئازادییه‌وه، دوو ملیۆن هاوڵاتی رواندی قه‌تڵوعام نه‌كران؟ بۆ چاوی وڵاتانی رۆژئاوا، تاوانه‌كانی به‌شیر له‌دارفۆر ده‌بینێ و داوای راپێچكردنی به‌رده‌م دادگای ده‌كات، به‌ڵام كۆمه‌ڵكوژی گه‌لی تامێل له سریلانكا له‌لایه‌ن سوپای ئه‌و وڵاته‌وه نابینێ!؟. رۆژئاوا كه دیموكراسی و ئازادی رێزگرتنی مافه‌كانی مرۆڤ، بۆ سوریا‌و سوودان و ئێران و كوبا ئه‌خوازن، ئه‌بێ بۆ وڵاتانی كه‌نداوو میسریشی بخوازن كه سه‌رۆكه‌كه‌ی 30 ساڵ زیاتر له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵاته. چۆن ئه‌بێ دیموكراسی و ئازادی بۆ وڵاته دوژمنه‌كان بخوازرێ و وڵاته هاوپه‌یمان و دۆسته‌كانیش فه‌رامۆش بكرێن.. ئایا ئه‌مه دوو روویی نییه؟
به‌نیسبه‌ت ئێمه‌ی كوردیشه‌وه، ئایا مێژوو پێمان ناڵێت، كه‌ئه‌و مه‌قه‌سته‌ی وڵاتی كوردانی له‌ساڵی 1916دا له رێككه‌وتنامه‌ی (سایكس-بیكۆ)دا چوار پارچه‌كردو خاكی كوردانی له‌ت له‌ت كرد، مه‌قه‌ستی رۆژئاواییه‌كان نه‌بوو؟ ئه‌وه‌ی كۆماری كوردستانی له مهاباد هه‌ره‌سپێهێناو سه‌رۆكی كۆماری ره‌وانه‌ی په‌تی سێداره‌كرد، به‌رژه‌وه‌ندی و پیلانه‌كانی رۆژئاوا نه‌بوون له‌گه‌ڵ روسیادا؟ ئه‌وه‌ی شۆرشی ئه‌یلولی باشووری كوردستانی تووشی شكست و دۆڕانكردو پیلانیان له‌دژگێڕا، ته‌نهاو ته‌نها وڵاتانی رۆژئاوانه‌بوون؟
هه‌روه‌ها، ئه‌وه وڵاتانی یه‌كسانیخوازی رۆژئاوا نین، كه‌نابینابوون له تیرۆركردنی قاسملوو شه‌ره‌فكه‌ندی كه‌له‌خاكی دوو وڵاتی ئه‌وروپیدا تیرۆركران، به‌ڵام له‌ولایشه‌وه سزای سێ ساڵ به‌ندكردن ئه‌سه‌پێنن به‌سه‌ر ئه‌و كورده‌ی كه ئه‌ردۆگانی به‌ر پێڵاودا له ئیسپانیا! ئه‌مه‌یه عه‌داله‌ت و دیموكراسی رۆژئاواییه‌كان؟
وڵاتانی رۆژئاوا پشتگیری توركیا ده‌كه‌ن، چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی پێده‌به‌خشن و جۆره‌ها كۆمه‌كی ده‌كه‌ن، ئه‌ویش كوردی پێده‌كوژێت، كه‌كوردیش به‌ناچاری په‌نا بۆ چه‌ك ئه‌با و به‌رگری له‌خۆی ده‌كات، پێی ده‌ڵێن تیرۆریست، خه‌باتی باكووری كوردستان به تیرۆر ناوده‌به‌ن و شۆرشگێڕانی كورد ئه‌خه‌نه خانه‌ی قاعیده‌و تالیبانه‌وه! ئه‌مه چ یه‌كسانی و مافی مرۆڤێكه!؟
یان ئه‌وه وڵاتانی رۆژئاوا نه‌بوون، كه‌به‌درێژایی چه‌ندین ساڵ پشتگیری‌یان له سه‌دام و به‌عس ده‌كردو جۆره‌ها چه‌ك و فڕۆكه‌یان پێئه‌به‌خشی و ئه‌فرۆشت!؟ ئه‌وه فڕۆكه میراجه‌كانی فه‌ره‌نسا نه‌بوون كه گوند‌و باخی كوردیان ده‌سووتاندو خاپوورئه‌كرد؟ ئه‌وه تۆپه دروستكراوه‌كانی نه‌مسا(نه‌مساوی) نه‌بوون، زرمه‌ی رۆژه رێیه‌ك ده‌ڕۆیشت و زه‌نده‌قی ژن و منداڵی كوردی ئه‌برد؟ ئه‌ی ئه‌وه ئه‌ڵمانیا نه‌بوو، كه‌چه‌كی كیمیاوی به‌خشیوه سه‌دام و ئه‌ویش هه‌ڵه‌بچه‌و ده‌یان گوندوشوێنی تری كوردستانی پێوێرانكرد؟ ئه‌ی وڵاته ئازادیخوازه‌كانی رۆژئاوا بۆ له‌كاتی خۆیدا، تاوانه‌كانی قڕكردنی فه‌یلیی و بارزانییه‌كان و ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بچه‌یان ئیدانه نه‌كردو مێش میوانیان نه‌بوو!؟
هه‌موو ئه‌و راستیانه له‌كه‌ی ره‌شن به‌نێوچاوانی وڵاتانی رۆژئاواوه، هه‌موو ئه‌وانه بوونه‌ته مێژووی ئه‌و وڵاتانه‌و نابێ نادیده‌بكرێن، رۆژئاوا كه‌باسی ( مافی مرۆڤ، دیموكراسی، ئازادی، مافی گه‌لان) ئه‌كات، ئه‌بێ بیگشتێنێ (تعمیم) به‌سه‌ر هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌و وڵاتانی جیهاندا، بێجیاوازیكردن له‌نێوانیاندا، رۆژئاوا نابێت دیموكراسی و ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی بۆ هه‌ندێ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی جیهان به‌ڕه‌وا بزانێ و سه‌ربازه‌كانی له‌پێناویدا بكاته قوربانی، به‌ڵام بۆ هه‌ندێ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی دیكه، هاوكاری داگیركه‌ران بكا‌و تۆپ و فڕۆكه‌كانی، گه‌لانی بنده‌ست ئاگرباران بكات.. رۆژئاوا نابێت دان به‌سه‌ربه‌خۆیی كۆسۆفۆدا بنێ كه‌به‌قه‌د پارێزگایه‌كی كوردستانه، كه‌چی له‌ولایشه‌وه ئۆتۆنۆمی و فیدرالیش بۆ 40ملیۆن كورد به‌ڕه‌وا نه‌بینێ!
هه‌رگیز ئه‌وه ڕه‌وا نییه كه وڵاتانی رۆژئاوا (دیموكراسی و ئازادی و مافی گه‌لان) له‌ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیانه‌وه ته‌ماشا بكه‌ن؟ كه‌وایه ئیتر چ به‌هایه‌ك بۆ ئه‌و هه‌موو دروشم و چمكانه ده‌مێنێته‌وه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و دروشم و چمكانه تێكه‌ڵی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان كران، ئیتر چی پێویست ئه‌كات هات و هه‌ڵایان بۆ بكرێت؟ به‌ڵكو راستی و دادپه‌روه‌ری ئه‌وه‌یه كه رۆژئاوا له‌ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیانه‌وه بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی گه‌لان نه‌ده‌ن، له‌ڕانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیانه‌وه نه‌ته‌وه‌كان نه‌كرێنه قوربانی، به‌ڵكو دادپه‌روه‌ریی ئه‌وه‌یه كه‌به‌یه‌ك چاو ته‌ماشای هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كان بكرێ و یه‌ك پێوانه به‌كاربهێنرێت نه‌ك دووان!
ئێمه كه‌ئاماژه به‌و راستیانه ده‌كه‌ین، مه‌به‌ست و ئامانجامان ئه‌وه‌نییه هێڵی راست و چه‌پ به‌سه‌ر هه‌موو كاروكرده‌وه‌كانی وڵاتانی رۆژئاوا بێنین، مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌نییه پاكانه بۆ وڵاته داگیركه‌ره‌كانی كوردستان و وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی بكه‌ین، هه‌روه‌ها به‌هیوام كه ئه‌م بۆچونانه‌مان نه‌چێته خانه‌ی بیروباوه‌ڕه‌كانی ئه‌وانه‌وه، نه‌خێر، هه‌رگیز ئامانجی ئێمه ئه‌وانه نییه.. به‌ڵكو ته‌نهاو ته‌نها مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه كه راستییه‌كان بوترێن، ئامانجمان ئه‌وه‌یه ئێمه‌ی كورد په‌ندوعیبره‌ت له‌مێژووی خۆمان وه‌ربگرین و چاره‌نووسی خۆمان نه‌ده‌یه‌نه ده‌ست ئه‌مو ئه‌و، خۆمان نه‌ده‌ینه ده‌ست قه‌زاو قه‌ده‌ر، به‌ڵكو ده‌بێ به‌وپه‌ڕی وریایی و ئاگاییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رووداوه‌كاندا بكه‌ین. كورد‌و سیاسییه‌كانی ده‌بێ ئه‌و راستییه باش له‌به‌رچاوبگرن، كه سیاسه‌ت و كاری سیاسی و په‌یوه‌ندی دیبلۆماسی به‌وه‌عدو به‌ڵێن و قسه‌ی سه‌رزاره‌كی ناچن به‌ڕێوه، چونكه هه‌موو ئه‌مانه له‌بازاری سیاسه‌ت و به‌رژوه‌ندییه‌كاندا فلسێكی قه‌ڵپ ناهێنن. باوباپیرانی ئێمه زۆر وه‌عدو په‌یمانیان پێدرا، به‌ڵام هیچیان جێبه‌جێنه‌كراو هه‌موویان بوونه قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵاتان، به‌هیوای ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی باشووریش به‌ده‌ردی باوباپیرانمان نه‌چن و خه‌و نه‌یانباته‌وه.
سه‌ڵاح گه‌رمیانی