Skip to Content

Friday, November 8th, 2024
به‌ڕێز ئه‌ردۆغان به‌رۆژوی؟

به‌ڕێز ئه‌ردۆغان به‌رۆژوی؟

Closed
by September 2, 2010 گشتی

 

جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا، شاره‌زایت له‌قورئان هه‌یه‌، نوێژ ده‌كه‌ی؟ ئێستا ره‌مه‌زانه‌ زه‌حمه‌ت نه‌بێ به‌ رۆژوی؟ بشبوره‌ كه‌ ئه‌م پرسیاره‌ شه‌خسیانه‌ت لێ ده‌كه‌م،چونكه‌ خودا په‌رستی شتێكی شه‌خسی نێوان خۆت‌و خودایه‌. به‌ڵام تۆ موسوڵمانی، له‌وانه‌یه‌ زۆر به‌ خراپی رووبه‌رووم ببیته‌وه‌ ئه‌گه‌ر پێت بڵێم به‌ڕێزت موسوڵمان نیت…وایه‌؟ دڵنیام هه‌ڵه‌ناكه‌م. كه‌واته‌ به‌ڕێزتان خۆتان به‌ ئیسلامێكی راسته‌قینه‌ ده‌زانن، هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌وه‌تا به‌رگری له‌ موسوڵمانه‌كانی غه‌ززه‌ ده‌كه‌ن‌و كاروانی كۆمه‌كیان بۆ ده‌نێرن. ئێ خۆ كوردیش موسوڵمانن ئه‌و كوردانه‌ی له‌ توركیا حكومه‌ته‌كه‌ی جه‌نابتان ده‌ستگیریان ده‌كا‌و ده‌یانخاته‌ كونجی زیندانه‌وه‌ زۆربه‌یان نوێژ ده‌كه‌ن‌و له‌وانه‌شه‌ وه‌كو تۆ به‌رۆژوو بن؟ خۆت قورئانت خوێندۆته‌وه‌‌و دڵنیاشم ئه‌و ئایه‌ته‌ی قورئانیشت خوێندۆته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت:” نه‌ته‌وه‌‌و كۆمه‌ڵا‌و گه‌لی جیاواز جیاوازمان دروست كردوون بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ بژین”. كه‌واته‌ كوردیش وه‌كو گه‌لێكی موسوڵمان‌و كۆمه‌ڵا‌و نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاواز له‌ كۆمه‌ڵا‌و نه‌ته‌وه‌ی جه‌نابتان ناچێت، تۆش ئه‌زانیت. له‌به‌رئه‌وه‌ له‌بری گرتن‌و كوشتن‌و نكۆڵی كردن له‌نه‌ته‌وه‌ی كورد، رۆڵی ئیسلامیه‌تی‌و هاوسێیه‌تی خۆت له‌گه‌ڵا كورد بگێڕه‌و یه‌كێك به‌ له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی كه‌ كورد‌و تورك له‌یه‌كتر نزیكخاته‌وه‌‌و چیتر كورد له‌م داگیركاری‌و چه‌وسانه‌وه‌‌و زوڵمه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌ت ژیان نه‌باته‌ سه‌ر.. چونكه‌ وه‌ك چۆن تورك نابن به‌ كورد‌و ده‌ستیان به‌شوناسی خۆیانه‌وه‌ گرتووه‌، ئه‌وا بۆ كوردیش ئه‌مه‌ راسته‌. خۆشت له‌ئه‌زمونی سه‌رۆك وه‌زیرانیت باش درك به‌م راستیه‌ ده‌كه‌ی.
به‌ڕێز ئه‌ردۆغان له‌م مانگی ره‌مه‌زانه‌، په‌كه‌كه‌ بۆ جارێكی تر ئاگربه‌ستی تاك لایه‌نه‌ی راگه‌یاند‌و چه‌كه‌كانی شانیان خامۆش كرده‌وه‌، رێزیان له‌م مانگه‌ گرت‌و ئه‌م بۆنه‌ ئاینیه‌یان له‌خزمه‌ت ئاشتی به‌كارهێنا. له‌ناوخۆی توركیاش ئه‌حمد تورك‌و هاوسه‌نگه‌ره‌كانی له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نوسیدا رایانگه‌یاند كه‌ هه‌وڵا ده‌ده‌ن ئه‌م ئاگربه‌سته‌ بكه‌نه‌ هه‌میشه‌یی. ئه‌مه‌ ده‌رفه‌تێكی مێژویی یه‌ بۆ كورد‌وتورك له‌ توركیا، خۆشتان سودمه‌ند ده‌بن له‌ پرۆسه‌ی ئاشتیه‌وایی. ئه‌ی تۆ بۆچی وه‌كو په‌كه‌كه‌ ئه‌م بۆنه‌ ئاینیه‌ له‌پێناو ئاشتی به‌كارناهێنی. چونكه‌ له‌توركیا به‌یه‌كه‌وه‌ به‌رۆژون. ئێواران كورد‌و تورك‌و جه‌نانبیشت له‌گه‌ڵیانه‌ به‌ربانگ ده‌كه‌ن. كورد له‌ دیاربه‌كر نوێژی ته‌راویح ده‌كه‌ن‌و ئێوه‌ش له‌شوێنی خۆتان. كه‌واته‌ دوو نه‌ته‌وه‌ی موسوڵمان بۆچی دووژمنی یه‌كتر بن. بۆچی توركی موسوڵمان كوردی موسوڵمان بچه‌وسێنێته‌وه‌. هه‌م دوو نه‌ته‌وه‌ی ئیسلامن، هه‌م رۆژهه‌ڵاتین. له‌رووی تریشه‌وه‌ له‌یه‌ك ده‌چین، وه‌لێ وه‌ك دوو نه‌ته‌وه‌، نه‌ته‌وایه‌تیمان‌و نیشتمانمان جیاوازی هه‌یه‌. كوردستان به‌شێكی له‌بن ده‌ستی ئێوه‌دایه‌، ئه‌زانی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان كه‌ به‌توركیای وڵاتی به‌ڕێزتان لكێندراوه‌، حه‌رامه‌. چونكه‌ پاشماوه‌ی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌ كه‌ كوردستانیان له‌ت له‌ت كرد‌و پارچه‌ گه‌وره‌كه‌یان خسته‌ ناو خه‌ریته‌ی وڵاته‌كه‌ت، به‌ڕێز ئه‌ردۆغان له‌وه‌ زیاتر ماڵی حه‌رام مه‌خۆ‌و ئه‌م به‌شه‌ بده‌وه‌ ده‌ست خاوه‌نه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی خۆی كه‌ كوردی هاوئاینته‌. تۆ چۆن ده‌بێ به‌رۆژو بیت‌و حه‌رامیش بخۆیت، نوێژبكه‌ی‌و قورئان بخوێنی‌و ماڵی حه‌رامیشت هه‌بێ، له‌م مانگی ره‌مه‌زانه‌ مرۆڤ زیاتر له‌خوا نزیك ده‌بێته‌وه‌، واته‌ مرۆڤی موسوڵمان، تۆش وه‌كو موسوڵمانێك نوێژ‌و تاعه‌تی خۆت ده‌كه‌ی. كه‌واته‌ له‌ناخی خۆتدا زیاتر له‌ ئاشتی‌و پێكه‌وه‌ژیان قوڵا به‌ره‌وه‌‌و چیتر به‌تێكۆشه‌رانی كوردی ئازادیخواز مه‌ڵێ تیرۆریست. چۆن ده‌بێ خۆت به‌موسوڵمان بزانیت‌و رێگاش بده‌ی دایكی موسوڵمانی كورد‌و دایكی موسوڵمانی تورك جه‌رگیان بسوتێ.
ببوره‌ جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ئێواره‌ نزیك ده‌بینه‌وه‌ ئاگاداری بانگ به‌.

هه‌ندرێن شێخ راغب

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.