Skip to Content

Sunday, October 6th, 2024
لێرە، دەیانساڵە بێبەهاتر لەهەڵبژاردن، دەنگدەرە!

لێرە، دەیانساڵە بێبەهاتر لەهەڵبژاردن، دەنگدەرە!

Closed
by September 2, 2010 گشتی

 

 

 عیراق، ئەو وڵاتەی سەد ساڵە چییەكی بەسروشت تیادا لەدایكنابێ‌، لەبنەمادا وڵاتێك نییە بەسروشت بووبێتە خاوەن پێگەیەكی دەوڵەتی، لێ‌ ئەم دەرئەنجامەیش تەنێ‌ هەر ئەو هۆكارە نیە وایكردوە بەدرێژایی ئەو مێژووە جگە لەبیمانایی باهۆزێكی تر لەم وڵاتەدا هەڵنەكات.
  پارت و سیاسییە بێسەروبەرەكانی‌ عیراق، بەمانەی ئێستایشیەوە، پشكی هەرە گەورەی ئەو بێنەزمییەیان بەردەكەوێت، تۆتالیتاریەكانی سەدەی رابردو، تەواوی توانستە مرۆیی و سەرخان و ژێرخانی ئەم وڵاتەیان لەپێناو هەیمەنەپێكردنی هزری پانناسیۆنالیزمی عەرەبیدا كردە ئاردی ناو دڕو، تا زەمەنی بەرژەوەندییە بەدە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیەكان بواریدان سڵیان لەخوێنڕێژی نەكردەوە، ئەوەتا ئەكتەرە سیاسییەكانی ئەم دو دەیەش هێشتا سەرگەرمی بەشینەوەی نوقڵانەی مەزهەبی و تایفەگەرین، زۆرینەیان هێندە بەربادو شكستخواردون نەك هەر بێحیكمەتن لەپێكهێنانی حكومەت و، وڵامدانەوەی دەنگی خەڵك، نەیانتوانی و نایشتوانن چجۆرە خۆشگوزەرانییەك ‏بهێننە دی، لەبەرامبەردا روداوە دڵتەزینئامێزو چاوەرینەكراوەكان تادێ‌ لەم وڵاتەدا وەك دەگوترێ‌ لەمردنی ئاسایی زیاتر دەبن،‌ ئێستا عیراق لەسەر ئاستی دنیاش بەغەرقی گەندەڵی و، ‏بێتوانا لەكۆنتڕۆڵكردنی تاوان و، رانەپەڕٍاندنی سادەترین ئەركی كۆمەڵگەی مەدەنی پێناس دەكرێ‌. لەوەیش بەولاوە قەوارەو سیاسییە غافڵگیرەكانی ئەوەندەی رۆژانە سەرگەرمی راستكردنی بەرژوەندییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكانی ئەمریكاو دەوڵەتانی ناوچەكەن، هەرگیز لەخەمی تێپەراندنی ئەم دۆخە ئالۆزەی وڵاتدا نین.  
  لەبیرمانە رۆژانی پەسندكردنی دەستور، نەك هەر بۆ عیراقییەكان وەك دەسپێكردنی ژیانكردنێكی نوێ‌ دەبینرا، ئەوكاتە رێك لەواشنتۆنەوە فشار خرایە سەر سەركردە رۆژهەلاتیەكانی تریش، داوایان لێكرا دەبێ‌ ئیتر وەك عیراقییەكان دوێنێی وڵاتەكانیان بەرەو گۆڕانێكی بنەرەتی جێبهێڵن!، كەچی هێشتا دەستاودەستپێكردنی دەسەڵات و بێنرختر لەهەڵبژاردن لەم عیراقە نوێیەدا مەسەلەی هاوڵاتیبوون و دەنگدەرە، بەڵێ‌ لەمانەیش بێبەهاتر دەستورەكەیەتی، چونكە ئەگەر دوێنی هەژموون و بریارگەلی تۆتالیتاری، ئەوا ئەمرۆ سات و سەودای تەوافوقی سیاسی و، گرەوی رۆژانە، لەجێی حكومەت و دامەزراوەگەلی بەمانای دەستوری حوكم دەكەن، ئەوەی بەبنەما نەگیراوە بەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان و، پرسی بەهاوڵاتیبوونە، ئەم دیاردەو دەركەوتە تاڵانەیش ئەگەر بڕیارە لەلایەن گەلانی عیراقییەوە بۆ دواینجار پێشیانپێبگیرێ‌ ئەوا ئاماژەگەلێكی گرنگن بۆ بەخۆداچوونەوەی هەموو ئەو دەنگدەرانەی لەمەو دواو لەم وڵاتەدا دەنگ دەدەن.
دەنگدەری عیراقی دەبێ‌ ئیتر لەسەر بنەمای ئاگاداربون لەسیاسەتیكارو بەرنامەی هەڵبژادنی كاندیدەكان دەنگ بدەن، نەك سۆزو ترس و خورافیات، مەعلومە ئەوەی زامنی سەركەوتنی دیموكراسیەت و ژیانكردنێكی تەژی لەژیان دەكات بەتەنها هەوڵەكانی هاوڵاتی چالاك و هوشیارە، بێگومان هەموو ئەوانەی پێگەو بەهای دەنگی خۆیان وەك تاك و هاوڵاتی بەمانا دەزانن دەچنە ئەو خانەیەوە، هەڵەیەكی گەورەیە ئیتر نەبینە رێگری بەردەم رێسا شمولییەكان، كاتی ئەوە هاتووە دەنگدانی بەكۆمەڵ تێپەڕێنین.
 دەبێ‌ ئەو رێسا پوچانە بایكۆتبكرێن، دەبێ‌ لەوە تێبگەین هاوڵاتیبوون هەر ئەوە نییە بەهەڵگرتنی رەگەزنامەیەكەوە وەك ئەوەی لای سیاسەتكارە عیراقییەكان باوە بەندبكرێ‌، هیچ هاوڵاتییەك بەوەها شوناسێك ناتوانێ‌ دواجار ببێتە بەشێك لەئالیەتی سەرخستنی پرۆسەی سیاسی، ناتوانێ‌ دەنگ و ویستی خۆی لەوەها پرۆسەیەكدا دەربخاو دواجار وەك مەرجەعی كۆتایی بڕیاردان بەكاری بهێنێ‌.
 هاوڵاتی بۆچی ئەبێ‌ لەخۆی نەپرسێ‌ ئاخۆ هۆكار چییە تەواوی سیاسەتكارو پارتە سیاسیەكانی عیراق تا هەنوكەیش تەنهاو تەنها لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا بایەخ بەمەسەلەی هاوڵاتیبوون و دەنگدەر دەدەن؟!، دەرئەنجام رونە، رەنگە پوختەترین وڵام بەوەها پرسیارێك بریتیبێ‌ لەوەی ئەمانە خۆیان بەئەمری واقع دەبینن و، بەلایانەوە دەنگدەر یا هاوڵاتی جگە لەژمارەیەك خۆ بەهایەكی تری نیەو، ناتوانێ‌ دواجار چ رۆڵێك لەگۆڕینی پرۆسەی سیاسیدا ببینێت!.. ئەی ئەوەنیە هەر كەچونە سەر كورسی دەسەڵات ئەوەیان لەبیر دەچێتەوە كەبەدەنگی هەریەك لەم دەنگدەرو هاوڵاتیانە هاتونەتە ئەو شوێنە، بەڵام نەك هەر نایانەوێ‌ لەوە تێبگەن تەنانەت یەقینیشیان وایە بۆ هەمیشەو لەخولەكانی داهاتووشدا ئەم دەنگانە جارێكی تریش بەدەست دەهێننەوە، ئەمەیش مانای ئەوەیە لای سیاسی و پارتە سیاسیەكانی عیراق، لەناو دەنگدەرو هاوڵاتی عیراقدا وێكچوونێكی دەرونی و عەقڵی هاوبەش هەیەو هەیمەنەیكردووە بەسەر بریارو بیركردنەوەیاندا، لەوباوەڕەدان هەرچۆنێبێ‌ دواجار زۆرینە لەسەر بنەمای كۆمەڵێك پێوەری سنوردار دەنگ دەدەن، بێگومان ئەم تێگەیشتنەیش رەنگدانەوەیەكی فرە ڕەهەندی خۆی هەیەو، ئەگەر بریار بێ‌ قسەلێكردنی لەم وتاردا بهاوێینە ناو باس ئەوا توڵ دەكێشێ‌.

ئەرسەلان مەحمود

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.