کێ وزەی پێویستە… حکومەت یاخود هاوڵاتی….. ؟
لە وڵاتێکی جەستە و مێژووی بریندارو شەقار شەقاری بەر شەقڵی پارچە پارچە بوون وشەڕی ئازادی وجەنگی زەبەلاحی ساغکردنەی بەرژەوەندیەکان، وڵاتێکی وەکو کوردستان کە هەموو سیستەم وسیماو شێوازێکی ئاسایی و ژیان وشارستانی شێواو نائاسیی یە، ئەوەی جارێکی دیکە لە نۆژەن تەزوو ورۆحی ژیانەوەو ئاوەدان کردنەوە ئەکاتە بەرگیان وبازووی وڵات وهاوڵاتیان، رێکخستن وچاککردنەوەی باری ئابوورییە، دیارە راستەرێ بوونی لایەنی ئابووریش بە پیادە بوونی زۆر بوارو باری بایەخداری دیکە بە ئاکام دەگات …….
ئەوەی من لێرەش مەبەستمە لایەنی بازرگانییە، بازرگانیی راستگۆو بازرگانانی سەرراستی نیشتمانیین کە بە کەل وپەل ئامرازو بەرهەم وشتومەکی تازەو بەبەهاو باش، خونچە ژاکاوەکانی هیواو خواست وخەونەکانی هاونیشتمانیان دەگەشێننەوە، بەڵام نەگبەتیەکەی وڵاتی ئیمە لەوەدایە ئەمڕۆکە نە بازرگانەکانمان هۆشمەندیەکی ئەوتۆیان هەیە بۆ ئەوەی هۆش وهەستیان لە خزمەت نیشتمان ونیشتمانخوازی بخەنە کار تا لە مامەلەی بازاڕو کاری بەرهەم هێناندا، داهێنان وبەدیهێنانێکی جۆش وخرۆشی ئابووریی پتەو وبەگوڕ بخوڵقێنن، بەڵكو وەکو تا ئێستا دیارە ئەوان هەر لە قاوغە تەسکەکەی خۆیاندا ئەخولێنەوەو جگە لە دەنگی چلێسی دەروونی خۆیان وزرینگەی پارەکانیان دەنگی مرۆڤێکی نەدارو هەژاری گەلەکەیان نابیستن ….
نە دەوروبەرەکانیشمان وڵاتانێکی مرۆ پەروەرو داد پەروەرو دیموکراتین بە بەختەوەری گەلانی دیکە ئاسودە بن تا ئاسودەیی ئێمەیان مەبەست بێت، ئەگەرچی کەم تا زۆریش لە بەشداری بوونی کۆمپانیاکانیان پشکی شێریان بەرکەوتووە، بە تایبەتی (تورکیا)، بەڵام ئەوان تەنیا لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان حزووریان لە گۆڕەپانی ئێمەدا هەبووە، نەک بەرژەوەندی باڵای وڵاتێکی هاوسێی ئەوها کە رەگ وریشەی مێژوویی وکەلتووری وئایینی کۆمان بکاتەوە، بۆیە تا هەوڵیان داوە شتی قرپۆک وپووچ وئێکسپایەری ناو وڵاتەکەیان هەیە بە نرخێکی باشیان هێناوەو بە بازاڕی ئێمەیان ساغ کردۆتەوە….
هاوکات حکومهتەکەی ئێمەش هەر لە مانگی هەنگوینی بە زاوا بوونەو تا ئێستاش خۆی بە ساوا دەزانێت ولە ساتەوەختی بەرپرسیاری وهەڵەو کارەساتدا دەستەواژەی کەم تەمەنی کەم ئەزموونیمان لێ قیت ئەکەنەوە، بەڵام لە ئانوساتی دەستکەوت ژماردندا دەکەونە پیاهەڵدان وگەورە کردن وبە زێڕین کردنی ئەزموونەکەیان وخۆیان لێمان ئەکەنەوە بە مامۆتکێکی ردێن سپی ..
لە راستیدا ئامادەیی بوونی حکومهتەکەمان لە رووی داهێنان وگەشانەوەی باری ژیان وگوزەران، حزوورو شێوەیەکی زانستی وئەکادیمی ئەوتۆی وای نەبووە، چونکە خاوەن ئەزموون وبەرنامەیەکی تۆکمەی نیشتمانیی ئەوتۆ نەبووە کە نیشتمان وەکو پێویست ئاوەدان بکرێتەوە لە رێگای دانان ودیاری کردنی پلان وبەرنامەی شایستە….
بۆ نموونە لە بواری بازرگانیی وهەلبژاردن ودیاری کردنی بازرگانەکان رێساو پێوەرێکی خراپ وکلاسیکی وخێلەکیانەی گرتەبەر، لە کاتێکدا حکومهتی هەرێم کە وەکو دەسەڵاتێکی رەواو رەسمی نوێنەرایەتی وڵات وهاوڵاتیانی ئیمە دەکات، هاوکات لە قۆناغی بنیاتنانەوەش دەبێت لە جێ بەجێ کردن وپیادە کردنی پلان وبڕیاری خۆساغ کەرەوەو چارەنوسساز رۆلی بەرپرسیاری یەکەم وهەنگاوی لاکەرەوەو تۆکمەو نیشتمانی دیاری هەبێت، بەڵام زۆر بە داخەوە حکومهتەکەمان تا ئەمڕۆکە لە هەڵبژاردنی بازرگانی نیشتمان پەروەرو راستگۆو داوێن پاک، کەمتەرخەم وساویلکەو ناراستگۆو نانیشتمانخواز بووە، هەر بۆیە نەگبەتی ومەرگەساتی گەلەکەمان جارێکی تر لەو قۆناغە پڕ بایەخ وچارەنووسسازە دووبارە بوونەتەوە…..
حکومهت بهرپرسیاری یەکەمە کە چاودێری وکۆنتڕۆلی تۆکمە بۆ جۆرو چەشن وبابەتیی ئەو شتومەک وکەلوپەلانە دابنێت کە دێنە ناو وڵات، لهوهی کە چ شتێک له رووی چۆنایهتی وچەندایەتی بەکەلک وپێویستن بۆ کۆمەڵی ئێمە جا دەروازەیان بۆ واڵا بکەنەوە، بە پێچەوانەش بەربەست لە رێگای ئەوانە دابنرێت کە شتومەکی بوودەڵەو کیرک وبێ کاکڵ هاوردە دەکەن، دیارە بۆ جاری دووەمیش حکومهتەکەمان هەلەیەکی دیکەی دووبارە کردەوە، سوودی لە ئەزموونی پێشووی خۆی وەرنەگرت، (لە بە هەڵە هەڵبژاردنی بازرگانەکان)، بەلکو ئەوجارە دەرفەتی بە بازرگانەکان دا گورزی هەڵپەستکارانەیان بوەشێنن ودەرگای بازرگانی ئازادی بۆ خستنە سەر پشت وبە گوێرەی ئارەزووی خۆیان وبە گوێرەی قازانج ودەستکەوتی ماددی یان، کەوتنە هێنانی شتی هەرزانبەها وبێ کەلک وبێ ناوک وکەم تەمەن بۆ ناو بازاڕ، کە سەتاپای بازاڕیان بەو شتە بێ کەلکانە (احتکار)و قۆرخ کرد تەنانەت وەکو کۆمەڵگای ئێمە غەنیمە بێت وئەوانیش دوژمنێکی سەرسەختی سەرکەوتوو، راست وچەپ کەوتنە غەزووی چەپەڵیان، بەمەش گەمەی مامەلە کردن بە چارەنووسی ئابووری وگوزەران وژیانی وڵات وهاوڵاتیان، دەستی پێکرد ….
حکومهت له ههڵنهبژاردنی بازرگانی داوێن پاک وراستگۆو نیشتمانخواز، جگە لە قازانجێکی ماددی، دەستکەوتێکی گەورەی مەعنەوی نە لە سەر ئاستی نیشتمانیی ونەتەوەیی ودیپلۆماسی نە لە سەر ئاستی دەولەتی وهەرێمیی ئەوتۆی بە دەست نەکەوتووە، بەلکو زیانی بە شەرعیەت وپایە وقودسیەتی حکومەت ودامودهزگاکانی هەرێمی گەیاندووە، جگە لەوەی ژێرخان و سهرخانی کۆمهڵگای تێکداوه، بهڵکو خۆیشی زۆر جار راستهوخۆ وناراستهوخۆ زهرهرمهند بووەو زیانی به بەرژەوەندی ودەستکەوتەکانی خۆی گەیاندووە…
بۆ نموونە لە رووی جۆری ئەو ئامرازو کەلوپەلە کارەبایی وئەلیکترۆنیانەی هاتوونەتە ناو بازاڕی هەرێم ئەگەر بێت وشتەکان لە رووی جۆر باشترو لە رووی نرخیش گرانتر ببان ئەوا ئێستا کێشەو گرفتی زۆر سەرف کردنی کارەبایان نەدەبوو، چونکە ئەو ئامرازانە جۆری پێکهاتنیان خراپەو بە تواناو تەزووی ئەمپێرێکی کەم ناکەونە کار،بەلکو تەزوویەکی زۆرتریان گەرەکە بۆ کەوتنە کار ئەمەش جگە لەوەی زەرەری بە سامانی نەتەوەیی گەیاندووە لە لایەک کە پارەیەکی زەبەند لە خۆڕا بە فیڕۆ چووە، جاریکی تریش سامانی نەتەوەیی زەرەرمەند ئەبێتەوە کە پارەیەکی دیکەی زیاتریان گەرەکە بۆ هەقی بڕی کارەبایەکی زیاتر، ئەوکاتەش بۆدجەو ئابووری نیشتمانیی وژێرخانی وڵاتیش بە ئاسانی لەو داتەپین وهەڵاوسانە رزگاریان نابێت …..
بازرگانهکان که شتێکی جوان وههرزان وخراپ وەکو بهرههمێکی بازرگانیان بۆ وڵاتەکەمان دههێنن، بە مەزەندەی خۆیان شتێکی باشیان کردووە، خەڵکی ئێمەش جوانی و هەرزانی لە هەموو شتێک زیاتر سەرنجیان رادەکێشێت، ئەگەر تەماشای جیهانیش بکەین، خەلک ئەو ئامرازو تەکنەلۆژیا نوێ یانە بەکاردێنن کە کەمترین ئەمپێری کارەبایان پێویستە، گرانی کێشە نیەو جوانیش مەبەستی یەکەم نیە، ئەوان ئەو راستیە ئەزانن کە پارەیەکی زیاتر بە شتێک دەدەن هەمان کات لەوەش هەرزانتر هەیە کە بیکڕن، بەڵام نایکەن، خۆ ئەو زیادەیە یەکجار لە گیرفانیان دەردەچێت، بەڵام ئەوان هەموو رۆژێ بارتەقای ئەو زێدە بڕە پارەیە لە بڕی کڕینی کارەبا شتێکی تریان بۆ دەگەڕێتەوە، چونکە شتەکانیان بە وزەیەکی کەم ئیش دەکات، کەوابوو رۆژانە برێک پارەیان لۆ ئەگەڕێتەوە گیرفان، بەمە هاوڵاتی و وڵاتیش قازانج ئەکەن….
بۆ ئەم قازانج کردنەش، لە جیهاندا گێچێکی ئەکادیمیانە هەیە ئاستی چۆنایهتی وجۆری ئامرازەکە دیاری دەکات، بریتیە لە ریزبەندیەک کە تایبەتمەندە بە پەیڕەوی سەرف کردنی کارەبا، کە هەر ئامرازێک پیتێکی لە سەر نوسراوە، بهگوێرهی ستانداری جیهانی که پێڕهوکهیهکی جیهانی هەڵگرتووە، جۆری شتهکان ونرخیشیان دەردەکەوێت کە لە پیتی (ئەی) ئینگلیزی ەوە دەست پێدەکەن ئنجا تا پیتەکان بەرەو خوارتر بچن وزیاتر وزەی کارەبایان پێویست دەبێت وجۆریان خراپترو نرخیشیان کەمتر ئەبێت، یانی پیتی (سی) ئینگلیزی خراپترە لە (ئەی) و (بی) ئینگلیزی، کەچی له کوردستان زیاتر شتهکان به پیتی (گ ) ئینگلیزی دهست پێدهکهن…
ئەمەش پێمان دەلێت کە شتومەکە کارەبایی وئەلیکترۆنیەکانمان زۆربەیان کە ئەو پیتەیان هەڵگرت بێت، نە جۆریان باشەو نە (اقتصادی)ین، کەوابوو هاوڵاتی وحوکومەت هەردووکیان زەرەرمەندی گەورەن، هاوڵاتیان چاوەڕێن وزەی زیاترو هەرزانتریان دەستکەوێت، تا وزەی ژیان و گوزەرانیان تێبگەڕێت، نەوەک حوکومەت لە وزەدانێک وزەی قات وقڕی تێ بکەوێت …..
شوان عوسمان
هۆڵەندە-دێلفت
١٠-٩-٢٠١٠