کێ مام تۆفیقی ده‌نگزل ده‌ناسێت؟
چیرۆک:
من ئه‌و ڕۆژه‌ی هاتمه ژووری سه‌ره‌وه‌ی ماڵی کاک تۆفیقی ده‌نگ زل و ژووره بێکهڵکهکهیم به‌کرێ گرت، قه‌ت ئه‌وه نه‌ده‌هات به خه‌یاڵمدا که سێ ساڵی تر نابات من ده‌بمه خاوه‌ن ماڵ.من تازه له زانکۆ وه‌رگیرابووم، به‌ڵام له‌به‌ر سهرهێشهکهم( میگرێن) نه‌مده‌توانی له ژووره‌کانی ناوخۆ له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوتهمهنێکمدا بژیم، ئێمه له ته‌مه‌نێکدا بووین که به‌هه‌موو شتێکی دونیا پێده‌که‌نین و گاڵته‌مان به‌هه‌موو که‌سێک ده‌هات، بۆیه سهرهێشهکهی منیش ده‌بووه مایه‌ی فشقیاتی هاوڕێکانم و به قسه‌ی دوکتۆر به‌ره‌و خراپتری ده‌بردم، بۆیه پێشنیاری ئه‌وه کرا که دوور له ده‌نگه ده‌نگ و جڕت و به‌زمی شه‌وان، من له ماڵێکدا بتوانم ژوورێک به‌کرێ بگرم و به هێمنی بژیم و خوێندنه‌که‌م ته‌واو بکه‌م. به هۆی خزمێکمانهوه که کاک تۆفیقی له دووره‌وه ده‌ناسی و وتی زۆر پیاوی چاکه، ئه‌ی بۆ پێی ده‌ڵێن ده‌نگ زل؟ تۆ حه‌قت چییه به سه‌ره‌وه، دوایی خۆت پێی ده‌زانی.که‌مێک ده‌نگی زله و هیچی تر، ژوورێکی هه‌یه، گه‌ر ده‌ته‌وێ بچۆ بۆ لای، بزانه ده‌یدا به قوتابی ته‌مه‌نی تۆ؟ جا من چونکه مانگی یه‌که‌مم له ژووری ناوخۆ بردبووه سه‌ر و له‌ناو چه‌قه‌نه‌و فیکه و دووکه‌ڵی جگه‌ره‌دا نه‌مده‌توانی هیچ بخوێنمه‌وه، بۆیه یه‌کسه‌ر چوومه لای کاک تۆفیق و وه‌ک په‌پووله‌یه‌ک له‌به‌ر ده‌میدا وه‌ستام، په‌پووله‌یه‌ک که هیچ گوڵ وچیمه‌ن و دڕک و باخ و خاشاکێک دڵی نه‌یه‌ت ده‌ری بکات.په‌پووله‌یه‌کی بێ باوک و دایک که ئه‌گه‌ر په‌نایه‌کی نه‌بێ گوڵه‌کان دهیماشنهوهو سروه‌ی شه‌ماڵ دهیڕفێێت، من قه‌ت کوڕێکی فێڵزان نه‌بووم، به‌ڵام چونکه پێویستم به ژوورێک بوو،زۆر فه‌قیر خۆم پێشان دا. ئه‌ویش هه‌ر سه‌یری کردم و سه‌یری کرد، سه‌ری هێنا و سه‌ری برد، وتی باشه وه‌ره پێشم که‌وه.
من کوڕێک بووم، ته‌واو بڕوام به زانست بوو، بۆیه ئه‌و کاته‌ی که هاوڕێکانم به زۆر منیان خسته به‌رده‌می ئه‌و ژنه‌ی که له نزیک زانکۆوه ده‌ستی خه‌ڵکی ده‌گرته‌وه، له پێکه‌نیندا سه‌رم خه‌ریک بوو وه‌ک شووتییه‌ک قاش بێت، هه‌ر ده‌می هه‌ڵهێنایه‌وه قسه‌که‌م له ده‌می وه‌رگرت و وتم ده‌زانم ده‌ڵێی چی خانم!من سه‌فه‌رێکم له‌به‌رده‌مدایه، قیتاره‌که ئه‌و هه‌موو ڕێگه‌یه‌ی بڕیووه‌و هاتۆته به‌ر ده‌رگا، هه‌ندێ که‌س ڕقیان لێمه‌و حه‌سوودیم پێ ده‌به‌ن،ماوه‌یه‌کی تر ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بم و پاره‌کانم وه‌ک دیوار هه‌ڵده‌چنم، کچێکم خۆش ده‌وێ و یه‌کێکی تر ده‌بێ به نسیبم ودوای چوار منداڵ هه‌میشه‌ش خه‌ون به‌وه‌ی یه‌که‌مه‌وه ده‌بینم. له‌گه‌ڵ هه‌ر دێڕێکیش له‌مانه هاوڕێکانم وا قاقایان لێ ده‌دا، وه‌ک ته‌ماته سوور ببوونه‌وه، خانمیش وه‌ک قسه‌کانمی پێ خۆش بێ، وتی چی تر؟ وتم: ده‌بم به خاوه‌نی باخچه‌ی ئاژه‌ڵان،مه‌یموون و پڵهنگم له ئه‌فریقاوه بۆ دێ، هه‌ر به هه‌لیکۆپته‌ر بۆم داده‌به‌زێنن،زه‌ڕافه‌م به په‌ڕه‌شووت بۆ شۆڕ ده‌که‌نه‌وه، پڕی ده‌که‌م له مارو دووپشک، شه‌وێک که‌سانێک که حه‌سوودیم پێ ده‌به‌ن، ده‌رگاکانی ده‌شکێنن و هه‌موویان به شاردا به‌ره‌ڵا ده‌که‌ن، ئه‌وانیش خه‌ڵک ده‌خۆن و پێیانه‌وه ده‌ده‌ن، ته‌له‌فۆنم بۆ ده‌که‌ن و منیش ئه‌مر ده‌که‌م ته‌قه له ئاژه‌ڵه‌کان بکه‌ن، ئه‌وه‌ی ده‌کوژرێ، ده‌کوژرێت و ئه‌وه‌شی ده‌گیرێ، له‌به‌ر پێکه‌نین هیچ ووشه‌یه‌کم بۆ نه‌هات، تا هاوڕێیه‌کم بۆی ته‌واو کردم و وتی ئه‌وه‌شی ده‌گیرێ هه‌ر ده‌کوژرێ، ئیتر هه‌موومان دامانه‌وه قاقای پێکه‌نین و له ناو ئه‌م پێکهنینانهدا خانم به ده‌نگێکی کزه‌وه وتی، نا، تۆ له‌وه ده‌چێ به‌م نزیکانه خانوویه‌ک ببێ به نه‌سیبت،هه‌ر ته‌واو به هیچ و خۆڕایی. ئیدی دوای ئه‌وه‌ش که خانمی دهستگرهوهمان به جێ هێشت تا نیوسهعاتیش پێکه‌نینه‌که به‌ری نه‌دابووین.
جا ئه‌و کاته‌ی که بۆ یه‌که‌م جار کاک تۆفیق منی به‌سه‌ر قاڵدرمه‌کاندا سه‌ر خست تا ژووره‌که‌م پێشان بدات و کلیله‌کانی سه‌ره‌وه‌م پێ بدات، نه‌مده‌زانی سێ ساڵ نابات من ئه‌و به‌سه‌ر هه‌مان قاڵدرمهدا به‌ره‌و خواره‌وه ڕایی ده‌که‌م و کلیله‌کانی خواره‌وه‌شی لێ وه‌رده‌گرم. ژوورێک بوو، ده‌توانم بڵێم په‌ڕپووت ترین ژووری دونیا.من به‌هۆی نابووتی ژیانمه‌وه ژووری په‌ڕپووتم زۆر بینیووه ، هه‌ر له ماڵی خۆمان و زۆربه‌ی خزمه‌کانمه‌وه، تا ده‌گاته هاوڕێ نزیکه‌کانم که هه‌یانبوو ده که‌س له ته‌نها ژوورێکدا. به‌ڵام به‌م جۆره‌ی ژووری سه‌ره‌وه نا. هه‌موو جارێک که ئاو ده‌هاته‌وه و ده‌ڕژایه تانکییه‌که‌ی سه‌ره‌وه، سه‌قفه‌که‌ی به جۆرێک ده‌له‌رایه‌وه ده‌ترسام به‌سه‌رمدا بڕووخێت. دیواره‌کانی وه‌ک حه‌سیر ته‌نک، به ڕه‌شه‌بایه‌کی قایم وه‌ک ژوورێکی له مقه‌با دروستکراوی منداڵانه ده‌چوو به ئاسماندا، په‌نجه‌ره‌ی تیا نه‌بوو، به‌ڵام کۆمه‌ڵێ درزی تیا بوو وه‌ک په‌نجه‌ره به‌کارده‌هێنرا،ژووره‌که‌م تێکه‌ڵییه‌ک بوو له به‌رد و خشت و کارتۆن و نایلۆن و سیکۆتین و پووش و ته‌پاڵه‌و سابوونی ڕه‌قی. من خۆشم سه‌رم له‌وه ده‌رنه‌کرد که بۆ کلیلی دامێ، خۆ ده‌رگاکه‌ی داتبخستایه و داتنهخستایه وه‌کو یه‌ک بوو. هه‌فته‌ی یه‌که‌م ده‌ستێکی باشم پێدا هێناو کردمه شوێنێک بتوانم نیمچه ژیانێک تیا بژیم. من هه‌موو ڕۆژه‌که له زانکۆ بووم و ته‌نها ئێواران دره‌نگ بۆ نووستن ده‌گه‌ڕامه‌وه. له ماوه‌ی سێ ساڵدا ته‌نها شتێک که زۆرتر بێزاری ده‌کردم ده‌نگی زلی کاک تۆفیق بوو، به تایبه‌تی به‌یانیان زوو که خه‌به‌ری ده‌بووه‌وه و له‌گه‌ڵ ژنه‌که‌یدا قسه‌ی ده‌کرد، هه‌ر شتێکی ده‌وت ، هه‌ر ده‌تووت له ژووره‌که‌ی مندا ده‌یڵێت، نه‌ک ئه‌وه به‌ڵکو به قسه‌کردنی، هه‌موو گه‌ڕه‌ک خه‌به‌ری ده‌بووه‌وه. من له ژیانمدا خه‌ڵکی ده‌نگ زلی زۆرم بینیووه،ئێمه خۆمان هه‌ر میلله‌تێکین به ده‌گمه‌ن به ده‌نگی نزم قسه ده‌که‌ین، به‌ڵام به‌و جۆره‌ی تۆفیقه فه‌نی بروا ناکه‌م هه‌بێت. که له حه‌وشه به ژنه‌که‌ی ده‌وت: به‌یانیت باش، گوێم لێ بوو به ده‌یه‌ها که‌س له گه‌ڕه‌ک هاواریان ده‌کرد، کاک تۆفیق جارێ زووه، ماڵت ئاوا بێ، وازی لێ بێنه با نیو سه‌عاتی تریش بخه‌وێت، من ماوه‌ی سێ ساڵ هه‌وڵی زۆرم دا ئه‌و شوێنه به‌جێبهێڵم و ژووری تر بگرم، به‌ڵام هه‌موو کاتێ که ده‌یانزانی گه‌نجێکی ته‌نیام، یه‌کسه‌ر بیریان بۆ شتی قۆڕ ده‌چوو، بۆیه ژووریان نه‌ده‌دامێ.لای ئێمه مرۆڤ ناتوانێ نه منداڵ بێ، نه گه‌نج، بۆئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا قبوڵت بکات ده‌بێ زوو گه‌وره بیت و ژن بێنیت وببی به پیاو، یان زوو ده‌وڵه‌مه‌ند بیت، من هیچیان نه‌بووم، بۆیه ده‌بوایه به ههورهگرمهکانی کاک تۆفیق ڕازی بم.هه‌ر چه‌ند ده‌نگی وا بوو، به‌ڵام خۆی تا بڵێی پیاوێکی باش بوو، به‌ڵام دڵڕه‌قی بازاڕ و گۆڕانی کت و پڕی خه‌ڵکی و مه‌یلی زۆریان بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندبوونێکی خێرا، که‌مێک ئه‌ویشی گرتبووه‌وه‌و له‌و دواییه‌دا ئه‌ویش فێر بوو بوو نرخی له‌سه‌ر جله‌کان نه‌ده‌نووسی، به‌ڵکو سه‌یری موشته‌رییه‌که‌ی ده‌کرد و هه‌ندێ جار دووقاتی ده‌ووت و ئینجا تۆزێکی لێ دادهشکان و به قازانجێکی زۆرتره‌وه دهیفرۆشتهوهو له‌دوای ههمووشتێکیشهوه پێش ئه‌وه‌ی پاره‌که وه‌ربگرێت، فێر بوو بوو ده‌یوت تووخوا با له‌سه‌ر خۆمان بێت.ڕۆژێ من به‌لای دووکانه‌که‌یدا تێپه‌ڕیم، گوێم لێ بوو یه‌کێ له‌مانه‌ی که له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه دێنه‌وه، شتێکی لێ ده‌کڕێ، به‌ڵام کاتێ کاک تۆفیق ده‌ڵێ، با له‌سه‌ر خۆمان بێ، ئه‌ویش ده‌ڵێ ، به ڕاسته، ئێ ده باشه، ئه‌ویش شه‌قام به شه‌قام به ده‌نگه زله‌که‌یه‌وه دوای ده‌که‌وێ و ده‌ڵێ وه‌ڵلا کوڕه! درۆم کرد، گاڵته‌م کرد، سوعبه‌تم کرد، تۆ گاڵته نازانی؟ ئه‌ویش به ناچاری پاره‌که‌ی ده‌داتێ و ده‌ڵێ، ده‌نگت وا زل نه‌بوایه، پاره‌که‌م نه‌ده‌دایتێ، به‌س بۆیه پاره‌که‌ت ده‌ده‌مێ تا بچی نه‌شته‌رگه‌رییه‌کی قوڕگت بکه‌یت و ئه‌و موکهبهرهیهی لێ ده‌ربکه‌ی. که هاته‌وه دووکان و منی بینی، وتی، ئه‌م سمێڵ تاشراوانهی ئه‌وروپا سوعبه‌ت نازانن، منیش وتم، منیش سمێڵم نییه، ئه‌ویش وتی، تۆ جارێ مووت لێ نه‌هاتووه، قسه مه‌که، سه‌ر زل!ئه‌وه یه‌که‌م جار و دووا جار بوو، شتێکی وا به من بڵێ، ده‌نا منی زۆر خۆش ده‌ویست و وه‌ک کوڕی خۆی سه‌یری ده‌کردم. له ماوه‌ی سێ ساڵدا هه‌چ کاتێ خواردنێکی خۆشیان بکردبایه که‌مێکیان بۆ ده‌هێنامه سه‌ره‌وه،
چه‌نده‌ها جار پانتۆڵ و تێ شێرت و کراسی به دیاری بۆ هێناوم. تا ئێواره‌یه‌کیان هاتمه‌وه‌و له دووره‌وه دراوسێکانم بینی و پێیان وتم که پیرێژن کۆچی دوایی کردووه، منیش وتم ئه‌ی بۆ له‌م دووره‌وه وه‌ستاون؟ وتیان ئه‌وه دوو سه‌عاته ده‌گری، زۆر به ده‌نگی به‌رز ده‌گری و گوێچکه ته‌حه‌مولی ناکات، دووکه‌س په‌رده‌ی گوێیان ته‌قیووه، چاوه‌ڕێ ده‌که‌ین ژیر بێته‌وه، تا بچین بۆ لای.
کوڕی خۆم! من زۆر منداڵ بووم، ڕۆژێک له دێیه‌که‌ی خۆمان بوومه شوانی کۆمه‌ڵێک مه‌ڕ و ماڵات، له‌گه‌ڵ مه‌ڕ و بزنه‌کاندا ڕاکه ڕاکه‌و یاریم کردووه، چه‌ند ڕایان کردووه، منیش ئه‌وه‌نده، چی‌یان خواردووه، منیش ئه‌وه‌م خواردووه.هه‌ر چه‌ند من خۆم یادم نه‌ماوه، به‌ڵام شتێک ده‌دۆزمه‌وه وه‌ک فیکه، که فووی پیا ده‌که‌م ده‌نگێکی زلی لێ دێ،له ڕاکردنمدا ده‌په‌ڕێته قووڕگم و له‌شوێنێک جێگیر ده‌بێت، له دووری دووره‌وه ده‌متوانی مه‌ڕه‌کان بانگ بکه‌م، ئیتر هه‌موو که‌س باسی ده‌نگی منیان ده‌کرد، من خۆم ئه‌وه‌م بیره دایکم له ژووره‌وه هه‌میشه ده‌نگی زلی منی که بۆ ژنان و میوانان ده‌گێڕایه‌وه، ده‌یووت، کوڕه‌که‌م له‌گه‌ڵ بزنه‌کاندا گیایه‌کی خواردووه که وای کردووه ده‌نگی وا زل بێت،پاش ماوه‌ی چه‌ند ساڵێک که منیان پیشانی دوکتۆر داوه، وتوویه‌تی که شتێکی تیایه، له‌گه‌ڵ قووڕقووراگهو گۆشت و ماسوولکه‌و کرکراگهدا وا چهسپیووهو بووه به یه‌ک، ناتوانێ به ئاسانی ده‌ریبێنێ، گه‌ر ده‌ریبێنێ مه‌ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه که ژێکانی ده‌نگی بڕووشێنێ و بۆ هه‌تا هه‌تایه ده‌نگی له‌ده‌ست بدات.بۆیه باشتره وازی لێ بێنن،نانی باش بۆ قووت ده‌چێ و ڕێگریش نییه له هه‌ناسه‌ی. ڕۆژێ دێت و وه‌ک هه‌موو ئامێرێکی تر په‌کی ده‌که‌وێت و ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی بۆ دێته‌وه.
دوکتۆر ڕاستی کرد، هه‌ر دوای مردنی ژنه‌که‌ی، کاک تۆفیق وه‌ک ڕادیۆیه‌ک کز بوو، به حاڵ نووزه‌ی ده‌هات، که قسه‌ی ده‌کرد، ده‌بوایه هیچ خشپه‌یه‌ک نه‌یه‌ت تا بزانی چی ده‌ڵێ،هه‌فته‌یه‌کی نه‌برد، ته‌واو پووکایهوهو وه‌ک پارچه سه‌هۆڵێک له‌به‌ر قرچه‌ی هه‌تاودا به‌جێمابێت، ئاوا توایه‌وه‌و زه‌عیف بوو، ژیانی به جۆرێک گۆڕا، که‌س نه‌یده‌ناسییه‌وه. ته‌واو بووه مرۆڤێکی تر، مرۆڤێکی وا ترسنۆک، که زیڕه له سێبه‌ری خۆی ده‌کات. من ده‌مزانی پیاوانی ئێمه به بێ ژنه‌کانیان ته‌واو ده‌بنه منداڵێکی گه‌وره که گۆره‌وییه‌کی خۆیان بۆ نادۆزرێته‌وه، به‌ڵام به‌م جۆره‌ی کاک تۆفیق قه‌ت نه‌مبینیبوو، چه‌نده‌ها جار به شه‌و ڕایده‌کرده سه‌ره‌وه‌و ده‌یوت که خواره‌وه شتێکی لێیه، که ده‌چووم، هیچ نه‌بوو،ده‌یووت یه‌کێک به ژووره‌کاندا هاتووچۆ ده‌کات. ماوه‌یه‌که نازانێ پشتێنه‌که‌ی له کوێیه، ته‌له‌ڤیزیۆنه‌که‌ی هه‌ندێ جار له خۆیه‌وه که‌ناڵه‌کانی ده‌گۆڕێت، ئه‌م شه‌و پیرێژن هاتۆته خه‌ونم و وتوویه‌تی ده‌بێ هه‌موو تێ شێرتهکانی دووکان به نیوه‌قیمه‌ت بفرۆشمه‌وه،رۆژی تر ده‌هات و سه‌د هه‌زاری له‌سه‌ر کورسییه‌که‌م به‌جێده‌هێشت و ده‌یوت، پیرێژن وتوویه‌تی، ئه‌وه دیاری ئه‌وه،جارێ منی برده خواره‌وه‌و وتی به گۆڕی ئه‌و ژنه ئازیزه‌م، ئه‌و گوڵدانه، هه‌فته‌یه‌که سه‌یری ده‌که‌م، له‌لای چه‌پی ته‌له‌ڤیزۆنه‌که بوو، ئێستا ده‌بینی لای ڕاسته.گوڵه‌کانم یه‌کێ دێ ئاویان ده‌دا، تاکه پێڵاوێکم به سێ سه‌عات بۆ نه‌دۆزرایه‌وه، دوایی له ئاوده‌ست بوو، من به پێڵاوه‌وه ناچمه ئاوده‌ست.یه‌کێ دێ و خواردنه‌کانم له سه‌لاجه‌که ده‌خوات.رۆژێ هاتمه‌وه‌و ئه‌م ناوه پیس بوو.ئیدی ئه‌و ڕۆژه هات، که قه‌ت چاوه‌ڕێم نه‌ده‌کرد، ئه‌و رۆژه‌ی که به جۆرێک له جۆره‌کان له شوێنێکی خه‌یاڵمدا مابووه‌وه، ئه‌ویش قسه‌ی دهستگرهوهکه بوو، کاک تۆفیق، هات و وتی کوڕم گوێ بگره! ئه‌م شه‌و پیرێژن هاتۆته خه‌وم و پێی وتووم، ڕۆڵه تۆفیق!تۆفیقی ده‌نگخۆش! ئه‌وه چی ده‌که‌یت؟ بۆ ژیانی خۆت، ئه‌وه‌ی که ماوه فڕێ ده‌ده‌یت؟ بۆ ناچیته‌وه بۆ دێکه‌ی خۆمان؟ له‌وێ ئێسته‌ش که‌سانێکی لێن که خۆشیانده‌وێیت،کچی مامه‌که‌ت ئێستاش چاوهڕیێت ده‌کات، بچۆ بیهێنه، زه‌ماوه‌ندێک بکه، ئه‌و هه‌موو زه‌وی وزاره‌ت هه‌یه، دووکانه‌که بفرۆشه‌و ئه‌م ماڵه‌ش بده به کوڕه‌که‌مان. منیش وتم،بۆ کێ؟ بۆ من. نا خاڵه حاجی سوپاس، من خانوو ناکڕم، کوڕم گوێ بگره ، تۆ ده‌زانی من ئه‌م خانووه‌م به چه‌ند کریووه؟ به 8 پارچه، بڕوا بکه،ئه‌و کاته کڕیم که هه‌موو که‌س له تاو گیانی خۆیان ڕایانده‌کرد،هه‌ر کاتی ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی 91، بڕوا بکه، 8 پارچه. من ده‌یده‌م به تۆ، پیرێژن وتوویه‌تی، ئاخر من نامه‌وێ، من 8 پارچه‌شم بۆ په‌یدا ناکرێ، کوڕم من پاره‌م له تۆ ناوێ ، به‌س هه‌ر وا ده‌نووسین8 پارچه. دڵم مه‌شکێنه، ئه‌وه داوای پیرێژنه. به‌یانی ده‌چین بۆ تاپۆ، وه‌ره‌و حه‌قت نه‌بێ.چووم له‌گه‌ڵیا، تا دووسه‌د ژوور خۆم گرت و هێزم پێ نه‌ما، وتم کاک تۆفیق زۆری ماوه؟ پێکه‌نی و وتی سێ سه‌دی تری ماوه،ئه‌مانه بۆیه وا ده‌که‌ن تا نه‌که‌س زه‌وی بکڕێ و نه که‌س موڵک بفرۆشێت. چه‌ند رۆژێکی پێ چووتا ته‌واو بوو، چووینه به‌ر ده‌می مودیری تاپۆ و سه‌یرێکی کرد نووسراوه 8 پارچه، وتی ئێوه گاڵته‌مان پێ ده‌که‌ن، کاک تۆفیق وتی، نا قووربان، حهدمان چییه؟ به‌ڕێوه‌به‌ر وتی، به 8 پارچه، تۆ تێکچووی، ئه‌ویش ووتی جارێ نا، به‌ڵام که‌مێکم ماوه، به‌ڕێوه‌به‌ر سه‌یرێکی کرد و هه‌موو فایله‌که‌ی دراند و ووتی گه‌ر عاقڵیت و تێک نه‌چوویت، هه‌موو مهعامهلهکهم له سه‌ره‌وه بۆ بکه‌ره‌وه. کاک توفیق وتی به‌سه‌ر چاو، هاتینه ده‌ره‌وه‌و وتم خاڵه حاجی با وازی لێ بێنین، من خانووم ناوێ، من جارێکی تر هه‌زار کۆشکم بده‌نێ تاقه‌تی ئه‌و هه‌موو ژووره‌م نییه، وتی کوڕم! تۆ حه‌قت نه‌بێ، هه‌مووی خۆم دهیکهمهوهو دێم به شوێنتا، دوای چوار ڕۆژ چووینه‌وه به‌ر ده‌می به‌ڕێوه‌به‌ری تاپۆ.
پێکه‌نی و وتی ئه‌وه تۆی؟ سه‌یرێکی فایله‌که‌ی کرده‌وه‌و دیسان نرخه‌که‌ی بینییه‌وه و وتی، هه‌ر به 8، له‌وه زیاتر نا؟ به‌ڵی هه‌ر به‌وه‌نده،به منی وت، تۆ پاره‌ت داوه‌تێ، وتم نه‌خێر، به‌وی ووت، ئه‌ی تۆ پاره‌ی خۆت وه‌رگرتووه، کاک تۆفیق وتی به‌ڵێ، پێکه‌نی و ئیمزای کرد و هاتینه ده‌ره‌وه،وتی پیرۆزت بێ،فرمێسک له چاومدا بوو، وتم، سوپاسی تۆ و پیرێژن ده‌که‌م،وتی سوپاسی ناوێ کوڕم، بچۆوه بۆ ماڵه‌وه، من که‌مێک ئیشی دووکانم ماوه‌و دێمه‌وه کلیله‌کانت ده‌ده‌مێ، دوای نیوه‌ڕۆ هاته سه‌ره‌وه و خواحافیزی لێ کردم و له‌سه‌ر قاڵدرمه‌کان که به‌ره‌و خواره‌وه دێین، کلیله‌کانی خواره‌وه‌شی پێ دام وئیتر من کاک تۆفیقم نه‌بینییه‌وه.
ئه‌وه ئێستا بۆ ساڵێک ده‌چێ، من زانکۆم ته‌واو کردووه،هه‌ر به‌دوای ئیشدا ده‌گه‌ڕێم و ده‌ستم ناکه‌وێت، له‌م شاره‌دا زانکۆش ته‌واو بکه‌ی، بێ واسته هیچ شوێنێک ناتگرێته خۆی، منیش که‌س ناناسم. ماوه‌یه‌که سهرهێشهکهم پیس زیادی کردووه،هه‌ندێ جار دونیا به به‌رچاومه‌وه ده‌خولێته‌وه. ئاگام له خۆم نییه و هه‌میشه ده‌ڵێی سه‌رخۆشم. بڕیارێکم داوه خانووه‌که‌م بفرۆشم و ئه‌م شاره جێ بهێڵم،به ته‌ماشم زۆر به هه‌رزان بیفرۆشم، بێگومان به هه‌شت پارچه‌که‌ی مام تۆفیقی ده‌نگخۆش نا، به‌ڵام وا به هه‌رزان ده‌یفرۆشم که هه‌ر یه‌که‌م مشته‌ری پاره‌که بخاته مشتمهوهو خۆشم هه‌موو ئیشه‌کانی تاپۆ ده‌که‌م، هۆکه‌شی ئه‌وه‌یه که ماوه‌یه‌که هه‌ست ده‌که‌م هه‌ندێ شتی سه‌یر له‌و ماڵه‌مدا ڕووده‌ده‌ن، هه‌ست ده‌که‌م که‌سی تر لێی ده‌ژی، نا من تێک نه‌چوومه، به‌ڵام ئێستا ده‌زانم کاک تۆفیق له ده‌ست چی ده‌یناڵاند، هه‌ندێ جار دێمه‌وه‌و فه‌رشی هۆڵه‌که وه‌ک یه‌کێ به پێڵاوێکی قوڕاییهوه به‌سه‌ریدا ڕۆشتبێت، ئاوا پیسه، جێگای نووستنه‌که‌م وا تێک چووه دیاره یه‌کێکی تری لێی خه‌وتووه.سابوون ده‌کڕم و به‌شی دوو رۆژ ناکات، شامپۆکه‌م سێ جار سه‌ری پێ ده‌شۆم و به‌تاڵه.ڕۆژێکیان جله‌کانم شت، ههڵمخستن و ڕۆشتمه ده‌ره‌وه، که هاتمه‌وه کراسه‌کانم ئوتووکرابوون، دۆڵابهکانم کرابوونه‌وه. من که‌سێکم بێ ئیش و بێ پاره، به‌ڵام کوڕێکی فێڵزان نیم، ئه‌م قسانه بۆیه ده‌نووسمه‌وه تا ئه‌و که‌سانه‌ی له داهاتوودا، داهاتوویه‌کی نزیک و دووردا، ده‌بنه خاوه‌نی ئه‌م ماڵه، شتێک هه‌ر چه‌ند که‌میش بێ له ڕابردووی ئه‌م ماڵه بزانن. من خۆم زۆر گه‌ڕام و پرسیارم کرد، سه‌رم کرد به‌هه‌زار کوندا، به تایبه‌تی دوای ئه‌و هه‌موو گۆڕانکارییانه که له‌م ماڵه‌دا رۆژانه ڕووده‌ده‌ن،هیچ که‌سێ مێژووی ئه‌م ماڵه قه‌دیمه نازانێ و له مام تۆفیق زیاتر که بیست ساڵ نابێ کڕیوێتی، ته‌نها به هه‌شت پارچه کریووێتی، که‌س خاوه‌نه‌کانی پێشووتر ناناسێ، له‌و بڕوایه‌شدام گه‌ر مام تۆفیق ده‌نگی وا زل نه‌بووایه، ئه‌ویش که‌س نه‌یده‌بینی. هه‌ر چه‌ند من کوڕێکم وه‌ک وتم بڕوای ته‌واوم به زانست هه‌یه، به‌ڵام له‌وه ده‌چێ ئه‌م ماڵه کاتی خۆی هی که‌سانێک بووبێت که به زۆر ده‌رکراوون، یان کوژراوون، نا من باسی جنۆکه ناکه‌م، به‌ڵکو باسی که‌سانێک ده‌که‌م که غه‌درێکی گه‌وره‌یان لێ کراوه‌و له بیر کراون. من ده‌زانم مام تۆفیقی ده‌نگزل، ئه‌ویش ده ساڵی تر که‌س بیری ناکه‌وێته‌وه،ئه‌ویش وه‌ک ئه‌وانی تر بیرده‌چێته‌وه، من بۆیه ئه‌مه ده‌نووسمه‌وه، تا مام تۆفیقمان هه‌میشه له یاد بمێنێت.
ئارام کاکه‌ی فه‌لاح
ستۆکهۆڵم، ته‌مووزی 2010