Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
سەرژمێری …. عەبدوڵا مەحمود

سەرژمێری …. عەبدوڵا مەحمود

Closed
by November 2, 2010 گشتی

پرسی سەرژمێری دانیشتوان، ئێستا بۆتە باسێکی رۆژ و جێگای مشت و مڕی بزوتنەوە سیاسییە بۆرژوازیەکان و لایەنە سیاسیەکانی عێراق.
بێگومان نە تەنها بوونی داتا و ئاماری دروستی دانیشتوان، بەڵکە ئاماری سەرجەم  گیانەوەرەکان، ئاماری بڕی سەوزایی و دارو درەخت و…تاد، لە دنیا ئەم سەردەمەدا گرنگی تایبەتیان هەیە. ئەمڕۆ لە وڵاتانی پێشکەوتووی دنیادا، توانراوە ئاماری بوون و  مانەوەی گیانەوەران، ڕێژەی بوون و ئاماری لەبەین چونی دارودرەخت و… بەسادەیی دەزانرێت و هەموو بڕە داریک ژمارەی خۆی هەیەو تۆمارکراوە.
دیارە ئاماری دانیشتوان، چ وەک ژمارەی نیشتەجێبووان و چ وەک ژمارەی مردوان و ژمارەی ئەوانەی ساڵانە دێنە دنیاوە… بەسادەیی تۆماردەکرێن و لە پرۆسەیەکی زۆر سادەدا بەڕێوە دەچن.
ئامانجیش لە بوونی داتای دروستی ژمارەی دانیشتوان، یان ژمارەو تۆماری هەر شتێکی تر، بەشێکە لە پلانی دەوڵەت، تا لەسەر بنەمای ئەم داتاو تۆمارانە، پلانی ژیاری و دوبارە بەرهەمهێنانەوەی و هاوکات زانینی داهاتی تاک و بەرهەمی و نیشاندانی رێژەی گەشەی ساڵانە…تاد بزانرێت و دەوڵەتیش! بەپێی ئەم داتا و ئامارانە، پلانی خۆی دابرێژێت.
ئەوەی لە عێراقدا ئێستا هێنراوەتە گۆر، بە پێچەوانەی ئەم حاڵەتەیە کە لە دنیای شارستانی و هاوچەرخدا، هەیە.
لە عێراق و تەنانەت لە کوردستانیشدا، پرسی سەرژمێری بەتەواوەتی پرس و مەسەلەیەکی سیاسییە.
سەرژمێری وەکو ناوچە کێشەلەسەرەکان، وەکو کێشەی کەرکوک، و کێشەی بودجە و پێشمەرگەو سنورو یاسای نەوت و غازو، هەموارکردنەوەی دەستور…. سەرباری ئەوەی هەمویان پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە، کێشەیەکی سیاسیەو لەواقیعدا پەیوەندی بە دیدیكی زانستی بۆ زانینی ئامارو ژمارەوە نییە تا دەولەت لەسەر ئەم داتاو ژمارانە بەرنامەرێژی بکات و پلان دابڕێژێت و مامەڵەی هاوڵاتیان و لانی کەمی پرۆژەو پیداویستییە  ژیارییەکان بکات.
هەرئەمەشە وای کردووە، هەرای لەسەر سازببێت و ببێتە جێگای کێشمەکێشی سیاسی، بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان.
وە لەدۆخ و کەشوهەوای سیاسی عێراقدا، ئامارو سەرژمێری جگە کێشمەکێشێکی سیاسی، بۆپچڕینی داهات، بۆ دەستبەرکردنی پۆست و کورسی پەرلەمان، بۆ زەمانەتی تاڵانی زیاتر… هیچیتر نییە.
بزوتنەوە و کوتلە سیاسیە بۆرژوازیەکانی عێراق، وەکو چۆن لەسەر بنەمای ناسنامەی تایفی و قەومی و مەزهەبی، مایەیان داناوەو پێکهاتون. ئاواش دەیانەوی بە بەکارهێنانی هەمان ئەو ناسنامانەوە بچنە ناو گەمەی سەرژمێری و ئامارو داتاوە، بۆیە ژمارە لای ئەوان لە تاکی ئینسان گەورەترە. رەوتگەلی شیعە، دەیانەوێ ژمارەی شیعە، و رەوتگەلی عەرەبی سونە، دەیانەوێ ژمارەی سونەی عەرەبی زمان عەرەب و رەوتگەلی قەومی کورد دەیانەوێ ژمارەی کورد زمان، زۆر نیشان بدەن، ئەمەش نەک بۆئەوەی بەپێێ ئەم ژمارەیە پرۆژەی خزمەتگوزاری یان پلانی ژیان و سیستەمی بەرێوەبردن دابڕێژن، بەڵکە بۆ ئەوەیە لەجەرگەی ململانێێ سیاسیدا، کارتی ژمارە بەکاربهێنن بۆ بەشی زیاتری دەسەڵات و تاڵانی داهات و قوتی ئەو ئینسانانەی کە تەنها وەکو ژمارە بەهایان بۆ ئەم هێزو لایەنە سیاسیە کۆنەپەرست و چاوچنۆکانە هەیە.
هیچ کام لەم لایەنە سیاسییانەی کە بەهەموو شیوەیەک کۆمەڵگا، دابڕ دابڕ و پارچە پارچە دەکەن، لە ژێر قەڵەمرەوی دەسەڵاتی خۆیاندا، خاوەنی هیچ ئامارێک نیین، داتای دانیشتوان، بەوانەی دینە دنیاوە، یان ماڵئاوایی دەکەن، یان داتایەک بۆ رێژەی گەشەی دانیشتوانییان لەبەردەست نییە، کەچی کە باسی سەرژمێری گشتی دەکرێت هەموویان درۆی گرنگی و  بایەخ و پێداویستی سەرژمێری بەدەستەوە دەگرن.
تەنانەت ئەگەر سەرژمێریەکی وردو زانستی بکرێت و دوور لە دەسەڵات و زۆری چەک و هەڕەشە بێت، هەموو ئەم لایەنانە ریسی پلانی دزییان ئاشکرا دەبێت. هەرکام لە بەرپرسە حزبی و سیاسی و سەربازی و ئیدارییەکان، ژمارەی وەهمی پاسەوان، ژمارەی وەهمی کارمەند، ژمارەی وەهمی فەرمانبەر، ژمارەی وەهمی کرێکار، ژمارەی وەهمی پڕۆژە، ژمارەی وەهمی… ئاشکرا دەبێت، کە چەندین ساڵە موچەی زۆرو زەبەندی ئەم لەشکرە وەهمیە ئەخۆن.
وە لەهیچ سەرژمێریەکدا، ئامادە نین دەست بەرداری ئەو ژماوە خەیاڵییە وەهمییە ببن کە لەژێر قەڵەمروی خۆیاندا، دروستیان کردووە. تەنانەت  لایەنی ناو لیست و ئئیئتلافەکان، ئامادەنیین ئاماری دروستی ژمارەی دانیشتوانی خۆیان بدەنە بەلیست و ئئتیلافی خۆشیان.
لەکوردستان کە یەکێتی و پارتی زۆر پێداگری لەسەر گرنگی سەرژمێری دەکەن لە تەواوی عێراقدا،کەچی نە یەکێتی و نە پارتی داتاو ئاماری دروست و زانستیانەی ژێر قەڵەمرەویی دەسەڵاتی خۆیانیان لانییە، هەروەها نە یەکێتی و نە پارتی ئامادەنین، ئاماری دروستی ژمارەی دانیشتوانی خۆیان بدەن بە یەکتری یان بە حکومەتەکەیان، چونکە ئۆردوی وەهمی لە موچەخۆری حزب و حکومەت، ئاشکرا دەبن، هەر لەبەرئەمەشە ئامادەنیین و ئامادەنابن وا بەسانایی مل بدەن بەسەر ژمێریەکی دروست و زانستی.
وە هەموو هەولێکیش دەدەن لەپرۆسەی سەرژمێری گشیی لە عێراقدا، چ یەکێتی و چ پارتی سەرژمێری لەلایەن دەزگاو کۆمۆسیۆنی سەربەخۆیانەوە بەڕێوەبچێت تا بەوجۆرەی خۆیان دەیانەوێت. داتاو ئامار رابگەیەنن، نەک وەکو ئەوەی کە لە دنیای واقعیدا هەیە.
تەنانەت هات و هاواریان لە دژی پێشنیاری لابردنی ناسنامەی نەتەوە لە فۆرمی  سەرژمێریدا، جێگای سەرنجە. ناپرسن ئاخر ئەگەر پێناسەی نەتەوە لە فۆرمدا ببێت بۆ ئەوان گرنگیەکەی چییە؟ لە دۆخی ئێستادا، کە نە ناوچە کێشەلەسەرەکان وەزعیان ئاسایی کراوەتەوە  نەکەرکوک لەدۆخی ئاساییدایە، بوونی ناسنامەی نەتەوە لە فۆرمی سەرژمێریدا، بە زیانیان نییە؟ ئایا بەراستی لابردنی ناسنامەی نەتەوە لە فۆرمی سەرژمێریدا، لە کاتێکدا ئەم پرسانە ئاسایی نەکراونەتەوە، بە قازانجیان تەواو نابێت؟
بیگومان بۆرژوازی کوردو هیزە سیاسیەکانی، چونکە تەنها خەریکی گەمەیەکی سیاسین بۆ پارەپچرین و کورسی پچرین و پۆست پچرین…تاد، تەنانەت دروشم و بانگەشەکانی پێشووی خۆیان، بەهەند ناگرن.
دیارە نەک تاپرسی کەرکوک و ناوچەکێشەلەسەرەکان، بەڵکو تا وەزعی هەموو عێراق ئاسایی نەکرێتەوە، باسی هەڵبژاردن، یاسا، سەرژمێری، جگە لەخۆڵکردنە چاوی خەڵک و درێژەدان بە قۆڵکردنەوەی قڵشتی تایفی و مەزهەبی و قەومی و بەردەوامی دان بەتاڵانکردنی داهاتی خەڵکی و درێژەدان بەدەسەڵاتیان زیاتر هیچی تر نییە.
خەڵکی کوردستان، نابێ هیچ خۆشباوەریەکیان بە هاتوهاواری پارتی و یەکێتی سەبارەت بە پرسی سەرژمێری و پرسی ناسنامەی نەتەوەو…،هەبێت، لە جێگەی ئەوە پێویستە گوشار بهێنن بۆیان تامل بدەن بەسەرژمێرییەکی دروست و زانستی لە کوردستان تا لەلایەکەوە داتا و  ئاماری دانیشتوانی ئێستای کوردستان” ئەو شوێنانەی ئارامی نسبی سیاسی تیایدا هەیە” بزانریت و هاوکات ئۆردۆی وەهمی لە مۆچە خۆرانی حزب و حکومەت، ئاشکرا ببێت، کە مانگانە لەداهاتی خەڵکی کوردستان دەدزرێت.
وە سەرژمیری دەبێ لە گەمەیەکی سیاسیەوە، بکرێتە پێداویستیەکی ژیاری کۆمەڵگا تا لە رێگایەوە زانیاری لە ئاستی گەشەی ساڵانەی دانیشتوان، زانیاری داهاتی تاک، زانیاری بەکار‌هێنانی تاک هەروەها بە پلانکردنی پرۆژەو پیداویستیەکانی دانیشتوان” لەپڕۆژەی کارو کۆمەڵایەتی و موچەوە بۆ خەستەخانەو دکتور و دەرمان، بۆ قوتابخانەو پەیمانگاو و زانکۆ، خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و تەرفیهی و وەرزشی و هونەری و زانستی و گواستنەوە و گەیاندن….” بەپێی رادەو گەشەی بەردەوامی ژمارەی دانیشتوان زامن بکرێت.
سەرژمێری تەندروست و زانستی و دور لە کایەی ململانێی سیاسی، لە دۆخی ئاسایی و یاساییدا نەبێت، لە درۆیەک بۆ شیواندنی زیاتری ئامار و داتا زیاتر شتێکی تر نییە.

abdulla.mahmud@gmail.com

٢٩-١٠-٢٠١٠

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.