Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
به‌ ده‌م نزاکانی سوبحه‌وه ‌دایکم له‌ خه‌و ڕاده‌چڵه‌کێنم

به‌ ده‌م نزاکانی سوبحه‌وه ‌دایکم له‌ خه‌و ڕاده‌چڵه‌کێنم

Closed
by November 8, 2010 ئەدەب

 

بای بای شاره‌که‌،
بای بای نیشتمان…
من له‌و په‌ڕی ئاره‌زومه‌وه‌
خه‌یاڵی کوشتنی زه‌مه‌ن ڕامده‌چڵه‌کێنێت
بۆ ئه‌وه‌ی بیر له‌ مردن بکه‌مه‌وه!..‌
سه‌رگوزه‌شته‌ی یه‌که‌م دابڕانم ده‌خوێنمه‌وه‌
سه‌رێک ده‌ده‌م له‌ کتێبخانه‌که‌ی بیره‌وه‌ری
بۆ خوێندنه‌وه‌ی یه‌که‌م تراژیدیاترین ئازار
ئه‌و چیرۆکه‌ هه‌زار جار ده‌خوێنمه‌وه…‌
من بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ هۆکارێک بم بۆ داگیرساندنی سیگار
سه‌رێک ده‌ده‌م له‌ ناو چه‌قی شار
سڵاو له‌ ژنه‌ باڵه‌ به‌رزه‌ سه‌وزه‌ فرۆشه‌کان ده‌که‌م و
سه‌رێک له‌ منداڵه‌ چاو گه‌شه‌کانی به‌رده‌رکی سه‌را ده‌ده‌م
من به‌ ده‌ست خۆم نییه‌، کاتێک شیعرێکی شین بانگم ده‌کات
بیر له‌ ژماردنی فیلته‌ری جگه‌ره‌کان ناکه‌مه‌وه!..‌
من ئاوا ده‌ڕۆم، زۆر جار خۆشم نازانم له‌ کوێوه‌ گه‌یشتومه‌ته‌وه‌ ئێره‌!
بۆ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی ئومێد نه‌که‌م چیتر
به‌ هیوا ده‌ڵێم خۆزگه‌ گولله‌یه‌کت ده‌نا به‌ دڵمه‌وه‌!
به‌ ده‌م نزاکانی سوبحه‌وه‌
دایکم له‌ خه‌و ڕاده‌چڵه‌کێنم
به‌ ده‌م ژمارنی ده‌نکه‌ ده‌نکی ته‌زبیحه‌که‌ی ده‌ستی دایکمه‌وه‌
منیش ڕۆژ ژمێری بیره‌وه‌ریه‌کان هه‌ڵده‌ده‌مه‌وه‌
چه‌نێک له‌م گه‌ردونه‌ده‌ نا ته‌ندروستم؛ ئه‌ی کوکوختی ته‌مه‌ن
من بۆ ئه‌وه‌ی بیر له‌ شۆڕشگێڕی ئه‌و مرۆڤانه‌ بکه‌مه‌وه‌ که‌ زو ده‌مرن
شه‌وانه‌ گوێ له‌ ده‌نگی ئاو ده‌گرم
بزانم کانی گۆرانی بۆ کام ئه‌ستێره‌یه‌ ده‌ڵێت
من بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ته‌پوتۆزی ژوره‌که‌ی خۆم  ڕزگارم بێت
چراکه‌م  ده‌به‌خشم به‌ خوێندکارێکی ئه‌و گونده‌ی که‌ ته‌پوتۆز خنکانی و
کتێبه‌کانم ده‌ده‌م به‌و هاوڕێیه‌م که‌ ئێستا گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ ده‌فرۆشێت و
قه‌ڵه‌مه‌که‌م ده‌به‌خشم به‌و مامۆستاییه‌ی که‌ پێی گوتم،
 تۆ هه‌رگیز نابیت به‌ هیچ!…
بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڕه‌ز نه‌بم له‌ ته‌نییای؛ سه‌رێک به‌ ژوره‌که‌ی دایکمدا ده‌که‌م
بۆنی سێوی سور و میخه‌ک، مه‌ست؛ مه‌ستم ده‌که‌ن..
من بۆ ئه‌وه‌ی که‌ بزانم کوڕی باوکی خۆمم ناو چه‌وانی دایکم ماچ ده‌که‌م
که‌ پڕه‌ له‌ بۆنی عاره‌قه‌ی جامه‌دانه‌که‌ی باوکم
من بۆ ئه‌وه‌ی بزانم کوڕی ئه‌م شاره‌م
هه‌مو سپێده‌یه‌ک سه‌رێک له‌ کوجه‌کانی ده‌ده‌مه‌وه‌
هیچ شتێک له‌م شاره‌دا له‌ خۆی ناچێ ؟!!
من وا هه‌ست ده‌که‌م هه‌مو  ڕۆژێک جوانییه‌ک ئاوا ده‌بێت
له‌م شاره‌دا  هیچ شتێک له‌ من  ناچێت و من له‌ هیچ شوێنێکیدا نه‌ماوم
ئه‌وه‌ خه‌یاڵه‌؛ منی له‌م شاره‌دا شاردۆته‌وه‌
یان حه‌قیقه‌تی ئه‌م شاره‌یه‌، جوانی له‌ خۆیدا بزر کردوه‌؟
من هه‌میشه‌ بیر ده‌که‌مه‌وه‌
هه‌میشه‌ له‌ خه‌یاڵی ئه‌م جیهانه‌دام
من له‌ جگه‌ره‌یه‌کدا هه‌موو گه‌ردون ئه‌کێشم
هه‌موو گه‌ردون خه‌ریکی کێشانی سیگارێکه‌ به‌ ده‌ستی منه‌وه‌
بۆیه‌ هه‌رگیز تێناگه‌م
به‌راز خاوه‌ن هه‌سته‌و دڵێکیشی هه‌یه‌
په‌پوله‌ش هه‌مان چه‌شن
جوانی ژیان له‌ چی شتێکیدایه
بۆیه‌ من سه‌ر له‌م ژیانه ده‌رناکه‌م!
له‌ دوای مردن به‌هه‌شتێک و جه‌ هه‌نده‌مێک چاوه‌ڕوانیمان ده‌کات
له‌م نیشتمانه‌دا ژیان بۆته‌ جه‌هه‌نده‌م و هه‌ڵهاتن لێ بۆته‌ به‌هه‌شت
من هه‌میشه‌ به‌ درێژی سێبه‌ره‌کان خه‌ون ده‌بینم
خه‌ون بینین به‌ ڕوتوقوتی مانگه‌وه‌، له‌ ناو ئه‌و هه‌موو ئه‌ستێره‌ باڵقانه‌دا
من چه‌نێک قه‌هر ده‌خۆم له‌ جوانی نیشتمان به‌ ده‌ست ئه‌م تولفانه‌وه‌
من وام لێهاتوه‌ به‌ دایکم بڵێم چیش
قازانێک ژه‌هر و ده‌به‌یه‌ک مه‌راق و کیسه‌یه‌ک دوعام بۆ بپێچێته‌وه‌
بڕۆم و بۆ هه‌میشه‌ سه‌ر هه‌ڵگرم
به‌ ده‌روازه‌ی شاره‌ هه‌ڵگزنێم و
هه‌موو ئاواته‌کانی منداڵی له‌ ژێر دارێکی باخی گشتیدا حه‌شاربده‌م و
به‌ ته‌نییای به‌ره‌و خوار ببمه‌وه‌
هه‌تا ده‌گه‌مه‌ سه‌هۆڵه‌که‌و هێدی هێدی له‌ شه‌رماندا
منیش وه‌ک هه‌مو شاره‌که‌م بتوێمه‌وه
من بۆیه‌ هه‌میشه‌ نه‌شئه‌م!
من بۆیه‌ داڵغه‌ی سه‌فه‌ر مێشکم ئه‌کرۆژێ
من بۆیه‌ خۆم به‌ موسافیر ده‌بینم له‌ شاره‌که‌مدا
من هیچ شتێکم له‌م شاره‌دا نه‌ماوه‌
ئه‌م شاره‌ ساڵانێکه‌ داگیر کراوه‌
له‌م شاره‌دا هه‌مو ڕۆژێک
جوانی ئه‌نفال ده‌کرێت
ئه‌خلاق له‌ سێ داره‌ ده‌درێت
شه‌رم  شه‌لاقه‌ ده‌که‌ن
کلتوری ده‌دزن
کۆڵانه‌کانی داگیر ده‌که‌ن
مێژوی ده‌سڕنه‌وه‌
ئازادی لێ زه‌وت ده‌که‌ن
خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌رده‌که‌ن
من خۆم ڕاده‌که‌م…
له‌م شاره‌دا من سه‌ر له‌ خۆم ده‌ر ناکه‌م
هیچ شتێک له‌ من ناچێت و
من له‌ هیچ شتێکی ئه‌م شاره‌ ناچم !!..
من چی بکه‌م له‌م شاره‌دا ؟
هه‌موو ڕۆژێک دوانزده‌ جار دڵم ده‌شکێت!
هه‌موو ڕۆژێک بیر له‌ سه‌فه‌ر ده‌که‌مه‌وه‌
من، ده‌مه‌وێت ببمه‌ موسافیر
بۆ سه‌رابی سه‌وسه‌ن و مرواری
بۆ باخچه‌ی (نـــــــــــــــادنــــــــــاخ)..
ده‌مه‌وێت سه‌فه‌ر بکه‌م بۆ ماڵی (هه‌ردان) و باران به‌ یه‌کجاری،
ده‌مه‌وێت ببمه‌ هاوڕێسه‌فه‌ری نه‌وڕه‌سه‌کان
ده‌مه‌وێت له‌ نهێنی به‌ کۆتای نه‌هاتنی سه‌فه‌ر بگه‌م!،…
بای بای شاره‌که‌،
بای بای سوله‌یمانی…….                                                           

 6/1/2010
3 به‌ره‌به‌یانی شه‌وی مردن
به‌ دیار قومێک خه‌یاڵ و نه‌فه‌سێک نه‌شئه‌بونه‌وه‌
من جارێکی تر، وه‌سیه‌ت نامه‌یه‌کم بۆ دایکم نوسییه‌وه!!…‌

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.