Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ئەو کە بینى و ئەوانیتر نا!!!

ئەو کە بینى و ئەوانیتر نا!!!

Closed
by November 15, 2010 گشتی

1
دەگێڕنەوە چەند کەسێک بە ناو جلدوور روو دەکەنە شارێک و دەڵێن ئێمە لە زێڕ جلێک بۆ پاشا ساز دەکەین کە تەنها حەڵاڵزادەکان دەیبینن و حەرامزادەکان تواناى بینینى ئەم جلەیان نییە. دەورووبەرەکانى پاشا و پاشا بیستنى ئەم وتەیە دەیانهەژێنآ و بڕیار دەدەن هەر ئەندازە زێڕێک کە ئەم جلدوورانە دەیانهەوآ بخرێتە خزمەتییانەوە بۆ دوورینى ئەو جلەى کە تەنها حەڵاڵزادەکان دەیبینن. زێڕێکى زۆر دەخرێتە خزمەتیان و ئەوانیش لە ژوورێکدا دەبن و بێ ئەوەى هیچ بکەن تەنها لاسایی جلدوورەکان دەکەنەوە. هەر کاتیش وەزیرێک یان پاشا خۆى دەچێت بۆوەى بزانێت کارەکان بە کوآ گەیشتووە لە ترسی ئەوەى نەڵێن حەرامزادەن تاریفی کارەکەیان دەدەنەوە. بەم شێوەیە رۆژگار تێدەپەڕێت تا ئەو رۆژەى لە مەیدانى شاردا بڕیار دەدرێت جلی تازە بکرێتە بەر شا. جلدوورەکان جووڵەیەک دەنوێنن وەک ئەوەى خەرێکن جل دەکەنە بەر پاشا. هەمووانیش لە ترسی ئەوەى پێیان نەڵێن حەرامزادە چەپڵە لێدەدەن و تاریفی جلە زێڕنەکانى پاشا دەکەن، تا ئەوەى منداڵێک هەڵدەستآ و هاوار دەکات خۆ پاشا هیچی لە بەردا نییە، هەر چەن دایکى دەیهەوآ دایمرکێنێت بەڵام ئەو هەر هاوار دەکات و دواى ئەو سەرجەم منداڵان هاوار دەکەن خۆ پاشا هیچی لە بەردا نییە و زاتى جەماوەر دەشکێت و جلدوورە درۆینەکان کەشف دەکرێن.
2
چواردەیەمین فسیتڤاڵى گەلاوێژ رۆژانى 10-15 ى نوامبەر لە هۆڵی تەوار لە شارى سولەیمانى بەڕێوە چوو. وەک هەموو ساڵ ژمارەیەک میوان بانگهێشت کرابوون، یەکێک لەو وڵاتانەى کە میوانەکانى لێوە بانگهێشت کرابوو ئێران بوو. ئەوە چەند ساڵێکە شاعیران و نووسەرانى فارس وەک میوان لەم فسیڤاڵەدا بەشدار دەبن. ساڵانى پێشتر کەسانێکى وەک سەید عەلی ساڵەحى، عەلی ئەشرەف دەرویشیان، مەنسوور یاقووتى، عەلی باباچاهى، حافز مووسەوى، پگاه ئەحمەدى، شیوا ئەرەستوویی، ئەمیرئەحمەد ئاریان، شەهریار وەقفی پوور و مەهسا موحێب عەلی و…. بانگهێشت دەکران کە هەمووان قەڵەمى کۆن و نوێی ئەدەبی فارسین و بە کەسانێکى خۆشناو ناسراون. بەڵام ئەمساڵ ئەو میوانە فارسانەى لە ئێرانەوە هاتبوون بە دەگمەن کەسی باشیان تێدا بوو و هەمووان لەو شاعیر و نووسەرانە بوون کە بە شاعیرانى بەیتى رەهبەرى دەناسرێن.
رۆژى 15 ى نوامبەر ئەو کاتەى خەڵاتى چیرۆک دابەش دەکرا بانگکرا لە  عەبدولجەبار کاکایی بەوەى بێت و خەڵاتی چیرۆک ببەخشێت. ئەو کاتەش توانا ئەمین چیرۆکنووسی گەنج دەیویست بۆ وەرگرتنى خەڵات بڕوات، دوکتۆر فەرهاد پیرباڵ ، کە هەموو کات بە نووسەرێکى بوێر ناسراوە، باڵى توانا ئەمینى گرت و وتى، ئەم چیرۆکنووسە گەنجە خەڵاتەکەى لە دەست سانسۆرچییەک وەردەگرێت. ئەم وتەیەى فەرهاد پیرباڵ ، هۆڵەکەى هەژاند و فەرهاد بەو سیما هەمیشەییەوە بە ناڕەزایەتى بە بوونى کەسانێکى وەک “کاکایی” کە شاعیرى دەربارن لە هۆڵەکەدا هۆڵەکەى بە جێ هێشت. دواتریش کەسانێک هەر لە مەلا بەختیارەوە وەک میواندار تا ئەسکەندەرى بەڕێوەبەرى رادیۆ کوردانە و خودى کاکاییش بەرگریان لە کاکایی کرد. بەڵام ئەوەى راست بێت ئەوەیە ئەو وتەیەى فەرهاد پیرباڵ وەک وتەى هەمان ئەو منداڵە دەچوو کە هاوارى کرد خۆ پاشا جلی لە بەردا نییە. ئەویش هاوارى کرد ئەمە شاعیر نییە و سانسۆرچییە. ئەو کاتەى سانسۆرچییەک و شاعیرێکى دەربارى بەیتى رەهبەرى کۆمارى ئیسلامى ( دەربارى خامنەیی) وەک شاعیر بە خەڵک دەقەبڵێندرێن و لە فستیڤاڵێکى لەم شێوەدا ئامادە دەبن، منداڵێکى وەک فەرهاد پیرباڵ، دەبێ بێت و پەردە لە سەر راستییەکان لابدات.
خاڵێک کە دواى قسەکانى دوکتۆر فەرهاد سەرنجى منى راکێشا، بەرگرى کردنى “ئەسکەندەرى” بەرپرسی رادیۆ کوردانە بوو لە “عەبدولجەبارى سانسۆرچی(کاکایی). ئەسکەندەرى چووە سەر سەکۆ و وەک کەسێک کە کرابێتە پارێزەى “کاکایی” رایگەیاند ئەو 5 ساڵ لە زیندانەکانى کۆمارى ئیسلامییدا بووە، بەڵام کاکایی بە کەسێک ئەدیب و شۆڕشگێڕ و کوردپەروەر دەزانێت. ئەسکەندەرى کە 5 ساڵ بە هۆى ئەندامێتى لە “موجاهدینى خەلق” -کە هیچکات لە بیر ناکرێت چۆن دەکەوتنە بەر هێزەکانى بەعسەوە بۆ کوشت و بڕى کورد- لە زینداندا بووە، ئەوە دەکات بە پێوەر کە چون کاکایی بە کوردى کەلهوڕى شیعرى نووسیوە زۆر لە ئەو شۆڕشگێڕترە، بەڵى “کاکایی” کە بە زمانى “کوردى کەلهوڕى” بۆ خامنەیی و دەربارەکەى شیعر دەنووسێت دەتوانێت لە ئەندامێکى موجاهیدى خەڵق شۆڕشگێڕتر بێت، بەڵام ئەوە تەنها ئەو دەگرێتە نەک کەسیتر. 
ئەوەى خوارەوە شیعرێکى “کاکایی”ە کە بە بۆنەى مەرگى خومەینییەوە نووسراوە، ئەو کەسەى فەرمانى هێرشی دا بۆ سەر کوردستان و دامەزرێنەرى رژیمى ئیسلامییە، کە چی “ئەسکەندەرى” کاکایی بە شۆڕشگێڕ ناودەبات.
ای بە خال لب یار گرفتار تری
یار را از همه عشاق خریدارتری
خاک در سیطره سلطه نامردان است
کیست ای رند می الوده عیارترین

ئەو شیعرەى کاکایی لە سەر کێشى شیعرێکى خومەینى و هەروەها بە شێوەیەک بە وەڵام دانەوە بەو شیعرەى خومەینى نووسراوە. کە ئەمەش بەیتێکى شیعرەکەى خومەینییە.

من بە خال لبت ای دوست گرفتار شدم
چشم بیمار تورا دیدم و بیمار شدم

خۆزگە گەلاوێژ ئەو کاتەى دەیهەويَ میوان بانگهێشت بکات بیر لەوە بکاتەوە کێ و بە چ بەهایەک چ کەسانێک بانگهێشت دەکات. فەرهاد بە درووستى شاعیر و سانسۆرچی لێک جیا کردەوە. شاعیر و ناشاعیری لێک جیاکردەوە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.