
جه‌نگه تازه‌کانی مه‌لاکانی کوردوستان
سه‌ره‌تا
له‌م چه‌ند هه‌فته‌یی ڕابوردودا چه‌ند ڕوداوێك، که په‌یوه‌ندیان به ئیشکالیه‌تی ئاین و زانسته‌وه هه‌یه، کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به‌گشتی و کێڵگه‌ی زانستیان به‌تایبه‌تی هه‌ژاند. ئه‌و ڕوداوانه بریتین له به‌ریه‌ککه‌وتنی توندوتیژانه‌ی ئه‌وکه‌سانه‌ی که ئاین وه‌ك مه‌یدانی ئیمانه‌کان ته‌ماشاده‌که‌ن له‌لایه‌ك و ئه‌و که‌سانه‌ی که ئاین وه‌ك مه‌یدانی زانسته‌کان ته‌ماشاده‌که‌ن له‌لایه‌کی دیکه‌وه. هه‌روه‌ها دوو ڕه‌گه‌زی دیکه‌ش به‌شداری چالاکانه‌یان کردوه له بیناکردنی ئه‌و ڕوداوانه‌دا. یه‌که‌میان به‌شێکی زۆر له‌و مه‌لایانه‌ن که ئاینداری بووه به پیشه‌یان و پرۆفشناڵی مه‌یدانی ئاینن و به‌بێ داهاته‌کانی ئه‌و مه‌یدانه توشی گرفتی گەورەی دارایی دەبن. دووهه‌میشیان به‌شێکی زۆر له‌و به‌ناو ڕۆشنبیرانه‌ن که، له‌به‌ر لاوازی سه‌رمایه زانستیه‌کانیان، خۆیان وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر چه‌ند ئه‌کته‌رێکی ئیسلامۆفۆب و هه‌موو نوسینه‌کانیان ته‌رخانکردوه بۆ به‌رهه‌مهێنانی جنێو به ئاین به‌گشتی و ئیسلام به‌تایبه‌تی. له چرکه‌ی هێرشکردنە سەر رۆژنامەی هاوڵاتی و داوای راگرتنی کار و چالاکی رۆژنامەکە و هێرشکردنە سەر رۆشنبیران و نوسەران وتۆمارکردنی سکاڵا لەسەریان و تۆمەتبارکردنیان بە سوکایەتیکردن بە ئیسلام له‌لایه‌ن ئه‌و سه‌ندیکایه‌ی که مه‌لاکانی کوردوستانی تیادا کۆده‌بێته‌وه، ئه‌م به‌ریه‌ککه‌وتنه ده‌گاته ئاستێکی زۆر مه‌ترسیدار، ئاستێك که ڕاسته‌وخۆ هه‌ڕه‌شه‌ده‌کات له هه‌موو ئه‌و دیسیپلینه زانستیانه‌ی که ده‌یانه‌وێت ئاین وه‌ربگێڕنه سه‌ر مه‌یدانی به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه و بیکه‌ن به بابه‌ت و که‌ره‌سه‌ی توێژینه‌وه و پشکنین و لێکدانه‌وه. ئێمه وه‌ك کۆمه‌ڵێك رۆشنبیر که هه‌ریه‌که و له‌مه‌یدانی زانستی تایبه‌ت به خۆیه‌وه، کارمان له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه له‌سه‌ر فاکته ئاینیه‌کان کردوه، به‌پێویستی ده‌زانین هه‌ڵوێستی فیکری خۆمان، له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا، که مه‌لاکان له‌لایه‌ك و ئیسلامۆفۆبهکان له‌لایه‌کی دیکه‌وه دروستیان کردوه، ڕونبکه‌ینه‌وه و هه‌موو لایه‌ك ئاگاداربکه‌ینه‌وه که هه‌رگیز ئاماده‌نین سازش له‌سه‌ر ئه‌وه بکه‌ین که ئاین له توێژینه‌وه زانستیه‌کان دوربخرێته‌وه، وه‌ك ئاماده‌نین سازش له‌سه‌ر ئه‌وه‌بکه‌ین که ئاین بکرێت به بابه‌تی سوکایه‌تی پێکردن. بۆ ڕزگارکردنی ئاین له هه‌یمه‌نه‌ی مه‌لا نه‌خوێنه‌واره‌کان و ئیسلامۆفۆبه نه‌خۆشه‌کان، ڕێگای زانسته کۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆییه‌کان ته‌نها ئیختیارێکه و ناچارین به هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌رگری لێبکه‌ین.
ئاین وه‌ك مه‌یدانی ئیمانه‌کان
به‌درێژایی مێژوو، له هه‌ر شوێنێك کۆلێکتیڤ هه‌بووبێت ئیمانی هاوبه‌شیش هه‌بووه. له هه‌ر شوێنێکیش ئیمانی هاوبه‌ش هه‌بووبێت ئاین هه‌بووه. مێژووی کۆمه‌ڵگه‌کان مێژووی ئاینه‌کانن. فاکتی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌فسوناویانه لکاوه به فاکته ئاینیه‌کانه‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌و کاتانه‌ش که مۆدێرنیتێ هه‌وڵده‌دات کاراییه‌کانی فاکتی ئاینی له‌سه‌ر فاکتی کۆمه‌ڵایه‌تی دوربخاته‌وه، له هه‌مانکاتدا هه‌وڵده‌دات له‌سه‌ر هه‌مان ڕه‌هه‌ند و وێنه و نوێنه‌رایه‌تیکردنه ئاینیه‌کان بینایانبکاتهوه. له ته‌وته‌مه‌وه تا ده‌گاته فره خواکان و پاشان یه‌ك خوا په‌رستی (مۆنۆتایسم)، ئیمانه ئاینیه کۆلێکتیڤه‌کان وه‌ڵامی زنجیره‌یه‌ك له‌و داواکاریهیانهیان داوه‌ته‌وه که له ناوچه‌کانی سۆز و هه‌ست و هه‌ڵچوون و خه‌یاڵی مرۆڤه‌کانه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه. ئیمانه ئاینه‌کان، به ئێستاشه‌وه، سه‌رچاوه‌ی مانا به‌خشین بوون به گه‌ڕانه وجودیه‌کانی مرۆڤه ساده‌کان. به‌شێکی زۆر له مرۆڤایه‌تی، به ئێستاشه‌وه، کۆی ژیانیان له مانا ئاینیه‌کاندا ده‌بینن و به‌بێ ئۆدیسای ئاینی توشی جۆرێك له دڕانی سیسته‌می ئاماده‌باشی ده‌بن و دواتر وه‌ك شێت ده‌که‌ونه سه‌ر جاده‌کان و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه به خودکوژی ماڵئاوایی له جیهان بکه‌ن. لێره‌وه، بوونی ئیمانی ئاینی کۆلێکتیڤ و دابه‌شکراو له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیش‌دا، دیارده‌یه‌کی ئاساییه نه‌ك سه‌ره‌تان و ئایدزی کۆمه‌ڵگه !
ئاین وه‌ك مه‌یدانی زانسته‌کان
ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌ی ئیمانداره‌کانه‌وه که ئاین وه‌ك سه‌رچاوه‌ی ئیمان ته‌ماشاده‌که‌ن، زانسته کۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆییه‌کان ئاین وه‌ك بابه‌تی توێژینه‌وه و پشکنین و لێکدانه‌وه و ڕاڤه‌کردن ته‌ماشاده‌که‌ن. یه‌که‌م مه‌رجی کارکردنی زانا له‌سه‌ر فاکته ئاینیه‌کان بریتیه له دورکه‌وتنه‌وه له هه‌ر په‌یوه‌ندیه‌کی دامه‌زراو له‌سه‌ر بڕیار ئیجابی یان سه‌لبی له‌گه‌ڵ خودی ئه‌و فاکتانه‌دا. له چرکه‌ی کاره زانستیه‌کان له‌سه‌ر ئاین و فاکتهکانیدا که‌سی زانا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌نیه ڕه‌هه‌نده ئه‌خلاقی و ئیمانی و ئایدۆلۆژیه‌کان مۆبیلیزه بکات. بۆ ئیماندارێک خوا چه‌ند بابه‌تی ئیمانپێهێنان و بهگوێکردن و شوێنکه‌وتن و پیرۆزکردنه، هێنده‌ش بۆ زانایه‌ك خوا بابه‌تی پرسیارکردن و وردکردنه‌وه و لێکدانه‌وه و ڕاڤه‌کردنه. چه‌ند حه‌رامه بۆ ئیماندارێك پرسیار له چیه‌تی و چه‌ندایه‌تی و سێکس و خوا بکات، هێنده‌ش حه‌رامه له زانایه‌ك ئه‌و پرسیارانه نه‌کات و به‌دوایاندا نه‌گه‌ڕێت و ڕایاننهکێشێته نێو موختهبهرهکانی توێژینه‌وه زانستیه‌کانه‌وه. له‌و جێگایانه‌دا که سنوری بیرکردنه‌وه‌ی ئیماندارێك له فاکته ئاینیه‌کان کۆتاییپێدێت، سنوری بیرکردنه‌وه‌ی زانایه‌ك ده‌ستپێده‌کات. هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابوری، ئه‌خلاقی، ده‌زگایی مافی ئه‌وه‌ی نیه به زانسته کۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆییه‌کان بڵێت له کوێوه سنوری کارکردنیان ده‌ستپێده‌کات و له کوێدا کۆتایی پێدێت. هیچ مه‌لایه‌ك، هیچ سیاسیه‌ك مافی ئه‌وه‌ی نیه چۆنیه‌تی وچه‌ندایه‌تی کارکردنی زانسته مرۆیی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان له‌سه‌ر ئاین دهسنیشانبکات. تاکه ده‌سه‌ڵاتێك که ئه‌و مافه‌ی هه‌بێت که‌سنیه خودی زانست خۆی نه‌بێت.
ئاین وه‌ك مه‌یدانی مه‌لاکان
له مێژووی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا مه‌لاکان هه‌میشه ئه‌و گروپه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ن که ده‌کرێت به پرۆفیشناڵه‌کانی ئاین ناویان به‌رین. پرۆفیشناڵ که‌سێکه که خاوه‌نی پیشه‌یه‌که له پیشه‌کانی وه‌ك دارتاشی و نانه‌وایی و کرێکاری و هتد. له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه و له مێژووی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا مه‌لا ئه‌و پرۆفیشناڵهیه که هه‌میشه ئاینی وه‌ك پیشه‌یه‌ك له پیشه‌کان ته‌ماشاکردوه. واته وه‌ك نانه‌وایه‌ك له‌پێناوی ژیانیدا به‌شێوه‌یه‌کی پرۆفیشناڵانه نانه‌وایی ده‌کات ئاواش مه‌لایه‌ك له پێناوی ژیانیدا به‌شێوه‌یه‌کی پرۆفیشناڵانه ئاینداریدهکات. هه‌روه‌ك چۆن نانه‌وایه‌ك به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی پیشه‌که‌ی ده‌بات به‌ڕێوه، ئاواش مه‌لایه‌ك به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی ئاینه‌که‌ی ده‌بات به‌ڕێوه ! گرفته‌که له‌وه‌دایه که، له هه‌لومه‌رجێکی ئاوادا، ئاینده‌بێت به “ڕه‌هینه”ی ده‌ستی مه‌لا پرۆفیشناڵه‌کان و ده‌یکه‌ن به قوربانیی خواست و به‌رژه‌وه‌ندی و داواکاری پێگه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوریه‌کانیان. ئیتر ئه‌وه‌ی که بڕیاری مه‌لاکان ده‌سنیشانده‌کات خودی ئاین نیه، به‌ڵکو پێگهکانیانه. لێره‌وه حیزبێك ده‌توانێت سه‌ندیکای مه‌لاکانی کوردوستان به‌کاربهێنێت بۆ لێدانی نووسه‌رێك ، ڕۆژنامه‌یه‌ك، ده‌زگایه‌ك ته‌نانه‌ت شیعرێك. واته ده‌کرێت مه‌لا پرۆفیشناڵه‌کانی ئاین، له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی پێگه ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌کانیاندا “ئیستیغلالی” ئاین بکه‌ن و به‌ناوی پیرۆزیه‌کانیه‌وه جه‌نگ له دژی زانسته کۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆییه‌کان ڕابگه‌یه‌نن. له‌م ڕێگایه‌وه مه‌لاکان دوو گورز ده‌وه‌شێنن : گورزێك له پرۆسێسی زانست له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا له‌لایه‌ك و گورزێکیش له خودی ئاین له لایه‌کی دیکه‌وه. که گرفت بۆ پرۆسێسی زانست دروستکرا، ئیتر ئاین وه‌ك “ڕههینهیهکی” هه‌میشه‌یی له زیندانی به‌رژه‌وه‌ندی مه‌لاکاندا ده‌مێنێته‌وه. تا ئه‌و کاته‌ش که ئه‌م “ڕههینهیه” له‌م زیندانه‌دا بمێنێته‌وه، خودی مه‌لا، که له‌یه‌ك کاتدا جه‌لاد و پارێزهرهکهشیهتی، ده‌بێت به تاکه قسه‌که‌ر به‌ناویه‌وه، ده‌بێت به تاکه ڕاڤه‌کار و تاکه لێکده‌ره‌وه‌ی ! بێهوده نیه که مه‌لاکانی کوردوستان پێیانوایه که به‌ته‌نها ئه‌وان شه‌رعیه‌تی ئه‌وه‌یان هه‌یه پێناسه‌ی ئاین بکه‌ن ! هه‌روه‌ها بێهوده نیه که، له‌پێناوی تێگه‌شتن له ئاین وه‌ك ئه‌وه‌ی که هه‌یه، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی که مه‌لاکان ده‌یانه‌وێت، یه‌کێک له جه‌نگه هه‌ره مه‌زنه‌کانی زانسته کۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆییه‌کان بریتیه له ڕزگارکردنی ئه‌و “ڕههینهیه”، واته سه‌ندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی لێکدانه‌وه‌ی ئاینه له مه‌لاکان وبهخشینیهتی به زاناکان.
مەلاکان لە پێناو بەردەوامیدان بە قۆرخکردنی مافی لێکدانەوە و تێگەیشتن لە ئایین بەردەوام مینبەرەکان وەک شوێنی هێرشکردن بۆ سەر توێژەرانی ئایینەکان بەکاردێنن و زنجیرەیەک تۆمەتی جۆراوجۆریان بۆ ریز ئەکەن،هەر لە تۆمەتبارکردنیانەوە بە دژایەتیکردنی ئیسلام و پیرۆزییەکانییەوە تا ئەگاتە سەندنەوەی ئەخلاق و ویژدان و بەها مەعنەوییەکانی کۆمەڵگا لێیان،ئەمەش پرۆسیسێکە ئەچێتە خانەی هاندان بۆ توندوتیژی و سەلامەتی ژیانی توێژەران ئەخاتە بەردەم مەترسی .
ئاین وه‌ك مه‌یدانی ئیسلامۆفۆبهکان
ئیسلامۆفۆبیا چوارچێوه‌یه‌کی گشتیه و هه‌موو ئه‌و که‌سانه ده‌گرێته خۆی که دژایه‌تیکردنی ئیسلام وه‌ك ئاینێکی یونیڤێرسێلی بێسنوری بێ‌کات و شوێن به ئه‌رکی سه‌رشانی خۆیانده‌زانن و ئیسلامی ئاین وه‌ك هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر مرۆڤایه‌تی ته‌ماشاده‌که‌ن. ئه‌کته‌ره‌کانی ئیسلامۆفۆبیا نه‌ته‌وه‌و زمان و ڕه‌نگ و ئتینی و ناسیۆنالیتێیهکی تایبه‌تیان نیه و ده‌کرێت له هه‌ر شوێنێکی سه‌رزه‌ویدا ئاماده‌ییان هه‌بێت، واته ئیسلامۆفۆب وه‌ك ده‌کرێت کوردێکی دیاربهکربێت، ئاواش ده‌کرێت فه‌ره‌نسیه‌کی پاریس و ئه‌ڵمانیه‌کی فرانکفۆرت و ئه‌مه‌ریکیه‌کی شیکاگۆ و عه‌ره‌بێکی مه‌دینه و ئهندهنوسیهکی جاکرتا و به‌رازیلیه‌کی ڕیۆ بێت. له ئێستای کوردوستاندا، چه‌ند جه‌نگی مه‌لاکان له‌گه‌ڵ زانسته کۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆییه‌کان و ڕۆژنامه ئازاده‌کاندا هه‌ڵه‌یه، هێنده‌ش جه‌نگی ئیسلامۆفۆبهکان له‌به‌رامبه‌ر ئاین به‌گشتی و ئیسلامدا به‌تایبه‌تی هه‌ڵه‌یه. چه‌ند مه‌لاکان مه‌ترسی گه‌وره‌ن بۆسه‌ر ئاین و زانست له‌یه‌ککاتدا، هێنده‌ش ئیسلامۆفۆبهکان هه‌مان مه‌ترسین بۆسه‌ر زانست و ئاین له‌یه‌ککاتدا. ئێمە چەند ناڕازی و نیگەرانین لە هەوڵی مەلاکان بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی گفتوگۆ دەربارەی ئایین و مافی لێکدانەوەی ئایین، بە هەمان ئەندازەش ناڕازی و نیگەرانین لە هەوڵی ئیسلامۆفۆبیاکان کە خەریکی دژایەتیکردنی ئیسلامن و وەک ئایینێکی مەترسیدار دەیناسێنن .ئه‌م دوو گروپه کۆمه‌ڵایه‌تیه بارن به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیه‌وه، گرفتن له ڕێگای زانست‌دا، پرۆسێسی بيَ بەهاکردنی سه‌رمایه ڕهمزیهکانن. له هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا چه‌ند ئه‌م دوو گروپه کۆمه‌ڵایه‌تیه سه‌رکه‌ون هێنده‌ش تراژیدیای نه‌فامی باڵده‌کێشێت به‌سه‌ر پانتاییه گشتیه‌کاندا. له ئێستادا، کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی نهپێویستیی به‌و نووسه‌رانه‌یه که سه‌رگه‌رمی به‌رهه‌مهێنانی کولتورێکن له جنێودان و سوکایه‌تیکردن به خوا و پێغه‌مبه‌ره‌کان و ئاینه‌کان، نه پێویستیی به‌و مهلایانهشه که له میمبه‌ری مزگه‌وته‌کانه‌وه سه‌رگه‌رمی به‌رهه‌مهێنانی هه‌مان کولتوری سوکایه‌تیکردنن به زانسته کۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆییه‌کان. ئه‌وه‌ی له ئێستا و ئێره‌دا کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه پێویستی پێیه‌تی ئاماده‌یی سوپایه‌که له سۆسیۆلۆگ و ئه‌نترۆپۆلۆگ و سایکۆلۆگ و پۆلیتۆلۆگ و ئیتنۆلۆگ و فه‌یله‌سوف که له‌ڕێگای توێژینه‌وه‌کانیانه‌وه جیهانیێک له مه‌عریفه له‌سه‌ر فاکته ئاینیه‌کان به‌رهه‌مبهێنن. جیهانێک له مه‌عریفه که فێری ئهوهماندهکات که زیاتر له تێزێک بخوێنینه‌وه و بتوانین به‌هه‌موو جیاوازیه‌کانمانه‌وه وه‌ك به‌شه‌ر پێکه‌وه بژین.
کۆتایی
توێژینەوەی زانستی دەربارەی ئایین ، یان وەرگرتنی ئایین وەک کێڵگەیەک بۆ توێژینەوە پرۆسیسێکی تەواو بێلایەن و بێ بڕیاری پێشوەختە و بنچینەی هەرە گرنگی رزگاربوونە لە هۆشیارییە ئایدۆلۆژی و دۆگماکان و هەنگاونانە بە ئاڕاستەی بیناکردنی هۆشیارییەکی زانستی بۆ ئایین و پەیوەندییەکانی بە مرۆڤ و واقیعەوە، ئەمەش پێویستییەکی گرنگی واقعی ئێستای کوردستانە کە لە قۆناغی بیناکردندایە،بەردی بناغەی هەموو بیناکردنێکیش گوێزانەوەی هۆشیاری مرۆڤە لە هۆشیارییەکی ئایدۆلۆژی و نا زانستییەوە بۆ هۆشیارییەکی زانستی و پشتبەستوو بە بەڵگە و سەلماندن ، هەربۆیە هەرچەشنە بێدەنگییەک بەرانبەر بە هەوڵەکانی دوورخستنەوەی ئایین لەمەیدانی توێژینەوەی زانستی، بەرانبەر بە سنووردارکردنی ئازادی فکر و توێژینەوە، ئەنجامێکی تەواو تراژیدی لێدەکەوێتەوە ، ئەگەرەکانی بیناکردنی نێگەتیڤانەی کوردستان دەبنە ئەگەری جددی و روداوێک لە پێشمانەوە، لە جیاتی ئەوەی زانست دەرگای بینینی ئایین و واقعمان بۆ بخاتە سەرپشت تەفسیرە ستاندارد و سەپاوەکان دێن و بە ناوی ئایین و شەرعییەتی ئایینیەوە خۆیان ئەسەپێنن و کۆی روانینمان بۆ دنیا داگیر ئەکەن، ئیدی لێرەوە بەدەنگ هاتن بۆ بەرگریکردن لە ئازادی بەگشتی و ئازادی گفتوگۆ و توێژینەوە دەربارەی بابەتە گرنگ و هەستیارەکانی کۆمەڵگا لەوانەش ئایین هەم بەرپرسیارێتییەکی زانستییە و هەم ئەخلاقی.
ناوەکان :د.عادل باخەوان ، ئومێد قەرەداغی ، ئیبراهیم مەلا زادە ، سەروەر پێنجوێنی، بەهمەن تاهیر نەریمان، عەلی مستەفا