
گفتوگۆیه‌کی نێوان نوال سه‌عداوی و مونا، له‌سه‌ر به‌رخی سه‌ربردراو.
به‌شی یه‌که‌م/ 16.11.2010 ووت‌وێژی مۆدێرن / بابه‌ت: عالمانیه‌ت، دین و ئیسلامی سیاسی.
مونا، له باڕه‌ی به‌رخه سه‌ربڕاوه‌که‌ی ماڵه هاوسێکه‌یان به خه‌به‌ردێت و له نه‌وال ده‌بپرسێت! به‌رخیش وه‌ک مرۆڤ رۆحله‌به‌ره نه‌وال؟؟!.
پرسیاره سه‌یره‌که‌ی ڕایچڵه‌کاندم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئاسایی بوو لام، کاتی خۆی منیش له منداڵیمدا له باوکم پرسی بوو، باوکیشم پێی ووتم ئه‌ی چۆن، به‌رخیش وه‌ک هه‌موو ڕۆح له‌به‌رێکی تر رۆحی هه‌یه، هه‌ر له کرمێکی بلهارسیاوه و کوله‌یه‌ک و ماسیه‌ک و چۆله‌که‌یه‌ک و گوێدرێژێک و ئه‌سپێکه‌وه تا ده‌گاته مرۆڤ ڕۆحیان هه‌یه، به‌ڵام رۆحی مرۆڤ جیاوازه له ڕۆحه‌کانی تر. پرسیارێکی تری ئاساییم له باوکم کرد: چۆن رۆحی مرۆڤ له رۆحی به‌رخ جیاوازه؟
پرسیاره‌که‌ی مونا، پرسیاره‌کانی منداڵی خۆمی بیرخستمه‌وه که له باوکم ده‌کر، که له مانای رۆح تێنه‌ده‌گیشتم، باوکم ته‌نگه تاوده‌کرد به پرسیاره زۆره‌کانم تا وه‌رس ده‌بوو و به ده‌نگی به‌رز هاواری ده‌کرد: ته‌نها خوا نه‌بێت که‌س له ڕۆح تێناگات.
باوکم مرۆڤێکی ناسک بوو، ده‌نگێکی ئارامی هه‌بوو، کاتێک ده‌نگی به‌رزده‌کرده‌وه، دایکم به گوێم‌دا ده‌یچرپاند و پێی ده‌ووتم وه‌ڵامی لانیه و نایزانێت.
به‌یانی رۆژی جه‌ژنی قوربان له قیژه‌ی ترسناکی قه‌ساب له خه‌و ڕا‌په‌ڕیم: قه‌ساب!، قه‌ساب!، ده‌هاته ماڵه‌وه به کراسه پانوپۆڕ و درێژه خوێناویه‌که‌یه‌وه، چاوه‌کانی وه‌ک چه‌قۆکه‌ی ده‌ستی تیژ و ترسناک بوون، چاوه‌کانی له چاوه‌کانی هتله‌ر ده‌چوون که له مندالێدا ترسابووم لێیان، له چاوه‌کانی ئێستای (جۆرج بۆش) و (نه‌تانیاهو) ده‌چوو، به‌رخه‌که‌ی به گوریسه‌که‌ی ملی به‌کێش ده‌کرد، کراسه درێژه‌که‌ی تا ناو قه‌دی خۆی هه‌لده‌کرد و شه‌رواڵه سپیه تێکه‌ڵ به خوێن نه‌خشراوه‌که‌ی تا سه‌رئه‌ژنۆ شۆڕ ده‌کرده‌وه، تێکه‌ڵه‌یه‌ک له خوێنی کرمی بلهارسیا و خوێنی به‌رخه سه‌ربرداوه‌کانی جه‌ژنی قوربان و فاتیحا و شایه‌تمان و ته‌وبه‌کردن له‌سه‌ر ده‌ستی خودا، پاکردنه‌وه‌ی چه‌قۆ خوێناویه‌که‌ی ناو ده‌ستی به خوری به‌رخه سه‌رنبڕاوه هه‌ڵرزیه‌وه‌که‌ی ژێر ده‌ستی، چێژوه‌رگرتنی له چه‌ند ده‌قه‌ی پێش سه‌ربڕین و ته‌ماشاکردنی خوشکوبراکانم، منی گه‌یاندبووه تۆقاندن و خه‌ریک بوو خوێنم بوه‌ستێت و له‌به‌ر خۆمه‌وه پرسیارم ده‌کرد، به‌رخه‌که بۆ ناباڕێنێت! تۆ بڵی له ترسا رۆحی ده‌رچووبێت، له منداڵیمدا وامده‌زانی به‌رخ وه‌ک مرۆڤ ئازاری پێناگات و وه‌ک مرۆڤ هه‌ست به خه‌مباری ناکات و ناگری و له مردن ناترسێت.
مونا پرسیاریکرد: به‌رخ له مردن ده‌ترسێت نوال؟ عه‌قڵی ئاژاڵ هه‌ست به مانای مردن ده‌کات؟ نوال : بێ گومان مونا، ده‌نا چۆن خۆی ڕادپسکێنێت و تا دوا نه‌فه‌س و دوا دڵۆپی خوێنی هه‌وڵ ئه‌دات خۆی ڕزگار بکات؟!. مونا: که‌واته به‌رخیش وه‌ک مرۆڤ مێشکی هه‌یه. مرۆڤ له مردن ده‌ترسێت پێش ئه‌وه‌ی بزانێت ئازاری مردن چیه، ته‌نها به خه‌یاڵ بیر له ئازاری مردن ده‌کاته‌وه، عه‌قڵمان توانای ئه‌وه‌ی نیه بزانێت که‌ی ده‌مرین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له مردن ده‌ترسین، هه‌موو شته نادیاره‌کان ترسیان لای مرۆڤ دروستکردوه.
نوال : جارێک پرسیارم له باوکم کرد له‌سه‌ر مردن، دوای کۆمه‌ڵێک پرسیاری زۆر، باوکم وه‌رسبوو، به ده‌نگێکی به‌رز ووتی: له‌سه‌ر مردن هیچ نازانم، که‌ی مردم، له دوایدا بۆت باس ده‌که‌م، پرسیار له دایکت بکه، ئه‌و زیاتر له من له خواوه نزیکه! هه‌ندێک جار باوکم گاڵته‌ی به دایکم ده‌کرد، به‌هۆی ئیره‌ییه‌وه، دایکم وه‌ک باوکم له کۆمه‌ڵه‌ی(نازانم) نه‌بوو، ئه‌و ده‌یووت: مرۆڤ ده‌بێت هه‌وڵبدات وه‌ڵام په‌یدابکات له جیاتی ئه‌وه‌ی بڵێ نازانم! باوکم وه‌ڵامی دا‌یکمی ده‌دایه‌وه که‌واته بۆچی به دوای پرسیاره‌کانیدا ناگه‌ڕێیت؟ به گاڵته‌جاڕیه‌وه دایکم وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه و ده‌یوت: چوونکه هه‌موو کاته‌کانم سه‌رقاڵم به خواردن ئاماده‌کردن و جل شتنی 9 منداڵ و باوکیانه‌وه! باوکم وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه: بۆ من وه‌به‌رم هێناون؟ دایکم دیووت: نا من وه‌به‌رم هێناون گه‌وره‌م، به‌ڵام تۆ دروستتکردوون به پێی تیۆریه‌کانی (ئه‌رستۆ)، (دایکم پێش ئه‌وه‌ی هاوسه‌رگیرێتی بکات له‌گه‌ڵ باوکمدا له قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی شتێک فێربووبوو له‌سه‌ر ئه‌رستۆ)، ئه‌رستۆ بڕوای وا بوو که هێلکه‌ی ژن بێڕۆحه، ره‌حمیش ده‌فرێکی مردوه، ته‌نها تۆمی پیاو ده‌بێته هۆی دروستکردنی ژیان له کۆرپه‌له‌دا. به‌رخه سه‌ربڕاوه‌که به چاوه کراوه‌کانیه‌وه له منی ده‌ڕوانی، تۆ بڵێی ڕاستی ترسی من بزانێت: به‌زه‌ییم پیاده‌هاته‌وه، سه‌یرم به‌رزده‌کرده‌وه و گیای سه‌وز و تازه‌م بۆ ڕادگرت بۆ ئه‌وه‌ی بیخوات، به سۆزه‌وه با‌نگم ده‌کرد: (خوخو)، خو خو به بێده‌نگیه‌وه چاوی تێبڕیبووم و ته‌ماشای ده‌کردم، وام ده‌زانی تۆ منت خۆشده‌وێت ئه‌ی (نونو)، خو خو وه‌ک دایکم و باوکم به‌نازناوی نونو ده‌یناسیم، وام ده‌زانی تۆ جیاوازیت له خوشک و براکانت، به‌ڵام وه‌ک ئه‌وان وابوویت!.
ئه‌مه گه‌وره‌ترین جنێوبوو، که گوێم لێده‌بوو که‌سێک پێم بڵێت تۆ وه‌ک ئه‌وانی تر وایت! من وا خۆم ده‌ناسی که جیاوازم له ڕه‌گه‌زی کچان، نازانم کێ ئه‌م درۆیه‌ی له مێشکمدا چاندبوو؟ دایکم، باوکم، یان مامۆستای موسیقام له قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایمدا؟! خۆشه‌ویستی یه‌که‌م له ژیانمدا ڕاستیه‌کانمی نه‌دۆزیبووه‌وه، ژیا و مرد به‌و باوه‌ڕه‌وه که من له هه‌موو دروسکراوه‌کانی ئه‌م جیهانه جیاوازم.
مونا ووتی: به‌رخه‌که له خۆشه‌ویستی یه‌که‌مت زیره‌کتر بوو؟ بۆچی ئاژاڵ دڵی خۆشه‌ویستی هه‌یه؟ نه‌وال: هه‌موو زینده‌وه‌ره‌کان تا سه‌گیش دڵی خۆشه‌ویستیان هه‌یه، به‌ڵام سه‌گ هه‌ندێک جار له مندڵ و له هاوسه‌ر زیاتر خاوه‌نه‌که‌ی خۆی خۆشترده‌وێت، هه‌رگیز سه‌گ ته‌ماحی نیه له میراتی خاوه‌نه‌که‌یدا و هه‌رگیز خاوه‌نه‌که‌ی خۆی ناکوژێت له‌سه‌ر سه‌روه‌ت و سامان، شێر هیچ کات په‌لاماری که‌س نادات ته‌نها له کاتی برسێتیدا نه‌بێت، که‌چی (نتنیاهۆ) و( جۆرج بۆش) و (ئودلف هتلر) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له ڕاده‌به‌ده‌ر تێرن کوشتن وبڕین به‌رامبه‌ر به گه‌لێکی سڤیل به‌رپاده‌که‌ن له پێناوی سه‌روه‌ت وسامان و په‌ترۆلدا.
به‌رخی جه‌ژنی مه‌ولود: ووت‌وێژی نه‌وال و مونا، به‌شی دووهه‌م(2)
له منداڵیمدا وامده‌زانی به‌رخ رۆح و خه‌یاڵی نیه، وام ده‌زانی شایسته‌ی سه‌ربڕینه چوونکه ئه‌و له ڕه‌گه‌زێکی تره، یان له ڕه‌گه‌زنامه‌یه‌کی جیاوازه و وه‌ک ئێمه مرۆڤ نیه، منیش وه‌ک که‌سانی تر خۆشیم ده‌بینی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی مانای خۆشیم نه‌ده‌زانی، ته‌نها وه‌ک خۆشنوود خۆم نیشانده‌دا، ده‌ترسام من جیاوازبم له که‌سانی تر، ده‌ترسام به شێت، یان به نائاساییم دابنێن، پێده‌کنیم و گۆرانیم ده‌وت له‌گه‌ڵ ڕادوێی جه‌ژندا، دواجار ده‌چوومه ژووره‌که‌ی خۆم و ده‌ستمده‌کر به گریان، به هیچ جۆرێک نه‌مده‌زانی هۆکاری گریانه‌که‌م چیه، ڕه‌نگبێت خۆم له جیاتی به‌رخه‌که‌م دابنایه کاتێک له‌گه‌ڵ (سه‌عدیه)ی کاره‌که‌ره‌که‌ماندا بووم له ماڵه‌وه، یان (عزیزه)ی گوێدرێژه‌وانی هاوسێمان.
(عزیزه) له (بیر السلم)، له ژێر کۆڵه پووشی سه‌رپشتی و کۆپانه کاڵبووه‌وه ناشیرینه‌که‌ی سه‌رپشتی که له جه‌ژناندا بۆی تازه نه‌دکرایه‌وه، نه‌ده‌چووه ده‌ره‌وه بۆ ته‌پڵ لێدان وشاییکردنی جه‌ژن و خۆشی جه‌ژن وه‌ک منداڵه‌کانی تر، ته‌پڵ لێدان ته‌نها بۆ کوڕان بوو، ته‌نانه‌ت یاره‌یه‌کانی جه‌ژنیش پڕ بوون له تووندوتیژی و ئاگربازی، (سعدیه) منداڵێک بوو له ته‌مه‌نی مندا، رۆژانی جه‌ژنی به شۆردنی ئه‌و قابوقاجاغه‌وه ده‌برده سه‌ر که ئێمه گۆشتی به‌رخه‌که‌مان تیا ده‌خوارد، خه‌ر‌یکی شتن و پاکردنه‌وه‌ی حه‌مام و ئاوده‌ست بوو، که خوشک و براکانم دوای هه‌رسکردنی گۆشتی به‌رخه‌که خۆیانیان تیا به‌تاڵده‌کرده‌وه، نه‌مده‌بینی دایکم بچێته سه‌ر ئاوده‌ست له رۆژانی جه‌ژندا، یان قڕقێنه بداته‌وه دوای خواردن، دایکم له ڕه‌گه‌زی نێر زۆر ناسک‌تر بوو.
براکانم، دوو ئه‌وه‌نده‌ی منیان له گۆشتی به‌رخه‌که ده‌بوو به‌رکه‌وێت، دوو ئه‌وه‌نده‌ی منیش پاره‌ی جه‌ژنانه و خه‌رجیان وه‌رده‌گرت، به‌شه گۆشت و پاره‌که‌ی خۆم ده‌دات به زه‌ویدا، دایکم هه‌وڵی ئه‌دا ئارامم کاته‌وه، ده‌یووت: (خوا فه‌رموویه‌تی کچ نیوه‌ی کوڕه چاوه‌کانی دایه)، داپیره‌م هه‌میشه به ووشه‌ی (خوا) ده‌یترسانم، به‌ڵام من خۆڕاگر بووم به‌رامبه‌ر به ترس، نه‌مده‌زانی چۆن!، له‌وه ده‌چوو موسیقای قوتابخانه ئه‌و خۆڕاگرییه‌ی پێدابێتم، ئاوازه موسیقیه‌کان به ناو رۆح و جه‌سته‌مدا ده‌ڕۆیشت و هه‌تا مردن خوێنم به خۆشه‌ویستی بۆ دادپه‌روه‌ری و ئازادی قوڵپی ئه‌دا. له خێزانه شکۆمه‌نده‌کاندا بۆ کچان نه‌بوو وه‌ک کوڕان له کۆڵاندا یاریبکه‌ن، له ڕۆژانی جه‌ژندا له‌گه‌ڵ دایکم له مه‌تبه‌ق ده‌مامه‌وه، فێری لێنانی گۆشتی به‌رخ و کفته‌به‌گۆشت و پیاز و سیری ده‌کردم، دایکی نموونه‌یی ده‌بێت کچه‌که‌ی فێری چێشتلێنان بکات تا مێردی پاشه‌ڕۆژی رازیبێت لێی، منیش به‌ئه‌نقه‌ست شۆرباکه‌م ده‌ڕشته حه‌وزه‌که‌وه و کفته‌که‌شم ده‌سوتاند، له عه‌قڵی خۆمدا بۆنی پیاز و سیره‌که‌م ده‌چوواند به شوکردن و سێکس کردن، له براکه‌م ده‌ڕوانی چۆن له کۆڵان یاریده‌کات و پێلاوه تازه‌کانی ده‌کێشێت به زه‌ویدا وه‌ک ئه‌سپ، ته‌ماشای ئا‌سمانم ده‌کر به ڕقه‌وه، وام ده‌زانی په‌نجه‌ره شیشداره‌کانی ماڵه‌که‌مان خوا دروستیکردوه بۆ قه‌ده‌غه‌کردنی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی ئێمه‌ی کچ، نه‌ک بۆ قه‌ده‌غه‌کردنی هاتنه ژووروه‌ی دزه‌کان.
مونا ده‌پرسێت: ئایه تووندوتیژی خه‌سڵه‌تێکی سروشتیه له مرۆڤدا؟ ئایه جه‌نگه جیهانیه‌کان به‌هۆکاری هۆرمۆنی نێرینه‌وه(تیستورون) به‌رپاکراون؟ ئایه پیاو به سروشت شه‌رنگێزتره له ژن؟
نه‌واڵ ده‌ڵێت: تووندوتیژی په‌یوه‌ندی به هۆرمۆناتی ناو له‌شه‌وه نیه، ژنانێک هه‌ن زیاتر له پیاوان تینووی خوێنڕشتنن، مارگرێت تاتچه‌ر، مێرده‌که‌ی له خۆی نه‌رمونیانتربوو، (جۆلد مائیر) و (هیلاری کلینتۆن) و (ئانجیلا میرکل) له پیاوه‌کانیان دڵڕه‌قترن، مرۆڤ له منداڵیه‌وه فێری تووندوتیژی ده‌بێت، منداڵ له‌گه‌ڵ دیمه‌نی خوێن ڕشتن و کوشتنوبڕیندا ڕادێت، هه‌ر له منداڵیه‌وه ئه‌و جۆره منداڵانه چێژ وه‌رده‌گرن له تووندوتیژی و دڵڕه‌قی به‌رامبه‌ر ڕه‌گه‌ز و توخم و نه‌ته‌وه و دین و خێزان و چین و هه‌موو جیاوازه‌کانی تری خۆیان، تۆ ده‌زانی مونا بۆچی منداڵ چۆله‌که ڕاوده‌کات و ده‌یکوژێت به بێ هۆ؟
مونا ده‌ڵێت: ئه‌وه چێژ وه‌رگرتنه له تووندوتیژی له‌وانه‌دا که وه‌ک من نین، ئه‌و منداڵانه به جۆرێک گه‌وره ده‌بن تا بتوانن له گه‌وره‌ییدا پیاوێکی به‌هێز بن، چێژ له لێدان و ئازاردانی ژنه‌کانیان وه‌رده‌گرن چوونکه له ڕه‌گه‌زدا جیاوازن، زۆر جار پیاوان بۆ ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی گاز له ژنه‌که‌ی ده‌گرێت!، به قژ ڕاکێشان خۆشه‌ویستی خۆی ده‌رده‌بڕێت بۆی!، وه‌ک ڕاکێشانی تووک وکلکی پشیله له منداڵی‌دا، منداڵان فێری هه‌موو تووندوتیژیه‌ک ده‌که‌ن و دواجاریش ده‌ڵێن: بۆچی جیهان پڕ بووه له تووندوتیژی.
نوال ده‌ڵێت: ئێمه ئاژاڵه‌کان سه‌رده‌بڕین و ده‌یانخۆین وه‌ک ئه‌وه‌ی رۆحیان نه‌بێت و ئازار نه‌چێژن، ئه‌مه بیرێکی کۆنی سه‌رده‌می کۆیلایه‌تی بوو، خاوه‌نی عه‌قڵێکی دواکه‌وتوو بوون و وایان ده‌زانی هه‌موو زینده‌وه‌ران شتومه‌کێکی بێ ڕۆحن، گه‌وره پیاوانی سه‌رده‌مێکیش، له ناویاندا (ئه‌رستۆ) هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌کانی ناو گه‌ردوونی کردووه به دووبه‌شه‌وه:
مرۆڤ و شتومه‌ک.
1/ مرۆڤ، ئه‌وانه‌ن که له چینه به‌رزه‌کانن و ده‌سه‌ڵاتداران و خاوه‌ن موڵکه گه‌وره‌کانن.
2/ شتومه‌ک، وه‌ک ئاژاڵه‌کان و ژنان و کۆیله‌ی زه‌وی کێڵه‌کان.
مونا ده‌ڵێت: ئه‌رستۆ خۆی له خاوه‌ن موڵکه گه‌وه‌ره‌کان بووه و له‌گه‌ڵ نه‌جیبزاده‌کاندا چووه بۆ ڕاو وشکار، پیاو زۆر جیاوازی ناکات له نێوان ڕاوکردنی ئاسکه کێویه‌ک و ژنێکدا، ئه‌رستۆ و فه‌یله‌سوفه‌کانی سه‌رده‌می کۆیلایه‌تی چێژی جه‌نگ و کوشتنی دیله‌کان هه‌مان چێژیان هه‌یه له ڕاوکردنی نێچیره‌کان و به زۆر سێکسکردن له‌گه‌ڵ کچاندا، ئه‌مه‌ش جۆرێکه له وه‌رزشی خۆش و ئاماژه‌شه بۆ پیاوه‌تی و ئازایه‌تیان، ئه‌م چه‌مکه له جه‌نگ و ڕاوشکار و پیاوه‌تی تا ئه‌مڕۆش له هه‌موو جیهاندا له ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوادا ده‌ژی و به‌رده‌وامه. ئایه له جه‌نگه‌کانی ئه‌مڕۆدا ئه‌شکه‌نجه‌ی پیاوه دیله‌کان و ده‌ستدرێژی سێکسی بۆ سه‌ر ژنان به‌رده‌وام نیه؟!، نوال ده‌ڵێت: به‌ڵێ مونا وایه، ئه‌خلاقیاتی مرۆڤه‌کان به تێپه‌ڕبوونی ڕۆژگاره‌کان نه‌گۆڕدراوه، هه‌رچه‌نده خه‌ڵکانێک هه‌ن ئه‌مڕۆ که دژایه‌تی هه‌موو ئه‌شکنجه و تووندوتیژیه‌ک ده‌که‌ن له ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژ ئاواد و به‌رامبه‌ر به داگیرکردنی وڵاته‌کانیان و وڵاتانی تر ده‌وه‌ستنه‌وه، به‌ڵام ئه‌مانه ژماره‌یان که‌مه، ئه‌م ژماره که‌مانه بوون که دژایه‌تی ناتانیاهۆ و جۆرج بۆش و هتله‌ریان کرد.
مونا ده‌ڵێت: ئه‌م ژماره که‌مه دڵنه‌رم و مرۆییانه مامه‌ڵه‌ی مرۆڤ و ئاژاڵ و هه‌موو زینه‌وه‌ره‌کان و ژنه‌کانیان به سۆز و خۆشه‌ویستیه‌وه ده‌که‌ن.
نوال ده‌ڵێت: مونا، له به‌رده‌م ڕه‌گه‌زی مرۆڤدا ڕێگایه‌کی سه‌خت و درێژ هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی بگاته ئه‌و ئاسته‌ی که تیایدا دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانی فه‌راهه‌مبکرێت بۆ هه‌موو که‌س، زۆربه‌ی خه‌ڵک له دڵه‌وه له ڕاستیی ده‌ترسن، وه‌ک خێرخواز خۆیان پیشان ده‌ده‌ن، ئه‌م کۆمه‌ڵه خێرخوازانه زۆرن له جیهاندا.
ملیارده‌ره‌کان وه‌ک (بیل جیتس) و (کارتر) و (بیل کلینتۆن) و ئه‌میره‌کان وپاشاکان له سه‌رده‌می پاشایه‌تی و سوڵتانه‌کاندا ده‌ستی خێر درێژ ده‌که‌ن بۆ هه‌ژاران و شانازی به‌و گه‌وه‌ره‌یی و ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌مه‌ندیه‌وه ده‌که‌ن که ده‌توانن چاکه بکه‌ن به‌رامبه‌ر به هه‌ژاران و به‌شمه‌ینه‌تان،
ده‌ستی واڵاو به‌رز له به‌خشیندا به به‌زه‌ییه‌وه به‌رامبه‌ر به ده‌ست کورت و هه‌ژار له لایه‌ن خۆشنوودیه، هه‌ستکردن به به‌خشنده‌یی و هاوکاری هه‌ژارن ته‌نها به‌زه‌ییه‌که و هیچی تر.
مونا ده‌ڵێت: به‌زه‌یی هه‌ستێکی مرۆیی و دڵنه‌رمیی نیه؟ نوال ده‌ڵێت: من بڕوام وانیه که به‌زه‌یی مرۆییانه بێت، مونا تۆ ده‌زانیت مێژووی دروستبوونی به‌زه‌یی که‌ی بووه؟
مونا ده‌ڵێت: پێموایه ده‌سته‌واژه‌ی به‌زه‌یی له‌و ڕۆژه‌وه ده‌ستیپێکرد که کۆیله‌کان و ژنان ده‌ستیانکرد به به‌رخوردان دژ به خاوه‌نه‌کانیان، له پێشداخاوه‌ن کۆیله‌کان له کۆیله و ژنان نه‌ده‌ترسان، له ڕاستیدا به‌زه‌یی هه‌ستێکی درۆینه‌یه، خاوه‌ن کۆیله‌کان ده‌ترسان له کۆیله‌کان بۆیه سۆزیان بۆ ده‌رده‌بڕین، هه‌روه‌ک چۆن پیاو که له ژن ترسا به‌زه‌یی بۆ ده‌رده‌بڕێت، هیچ پیاوێک به‌زه‌یی بۆ ژنه‌که‌ی نابێت ئه‌گه‌ر لێی نه‌ترسێت، یان هه‌روه‌ک چۆن هیچ سوپایه‌کی داگیرکه‌ر به‌زه‌یی به گه‌لی ژێر ده‌سته‌دا نایه‌ته‌وه تا گه‌لی ژێرده‌سته به‌چه‌ک به‌رهه‌ڵستی داگیرکارییه‌که‌ی نه‌کات، گه‌لی خۆ ڕاده‌ستکرد وه‌ک ژنانی ژێرده‌سته وان هیچ جۆره به‌زه‌ییه‌ک ناجوڵێنن به‌ڵکو گاڵته‌پێکراون، نوال ده‌ڵێت: مه‌به‌ستت ڕقلێبوونه؟
مونا ده‌ڵێت: نا، ڕقلێبوون هه‌ستێکی به‌رزتره له گاڵته‌پێکردن، پیاو ڕقی له ژنی خۆڕاده‌ستکه‌ر نیه، به‌ڵکو گاڵته‌ی پێده‌کات، ئه‌و جۆره ژنانه شایه‌نی ڕێزنین لای پیاوه‌کانیان، که هه‌موو شت قبوڵده‌که‌ن بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌رخوردێکیان هه‌بێت، خیانه‌تیان لێده‌که‌ن بێ ئه‌وه‌ی ناڕه‌زایی ده‌ربڕن، ژنیان به‌سه‌ر ده‌هێنن بێ ئه‌وه‌ی ناڕه‌زابن، له‌وانه‌یه چاوه‌ڕوانی سوپاسگوزاریش بکات چوونکه ته‌ڵاقی نادات، به‌ڵی گاڵته‌پێکردن نه‌ک ڕقلێبوون هه‌ستی ئه‌و پیاوانه‌یه که ژنه‌کانیان هه‌موو شت قبوڵ ده‌که‌ن، له‌گه‌ڵمدای له‌سه‌ر ئه‌مه نوال؟
نوال ده‌ڵێت: به‌ڵێ به ته‌واوه‌تی له‌گه‌ڵتام، ناپه‌سه‌ندی له خۆشه‌ویستیه‌وه ده‌بێت نه‌ک له ڕقلێبوونه‌وه، مرۆڤ به‌رخ په‌سه‌ند ناکات چوونکه خۆشی ناوێت، مرۆڤ ڕێز له شێر زیاتر ده‌گرێت وه‌ک له به‌رخ، چوونکه شێر هێزی شکۆمه‌ندی و به‌رخوردی تێدایه، پیاو ناتوانێت به‌سه‌ر شێردا زاڵ‌بێت له ململانێیه‌کدا نه‌بێت که یان دۆڕاو ده‌بێت، یان براوه، ئه‌م ترسه له تێکشکان و ئه‌و هه‌سته له به‌رخوردی شێره‌که کارێکده‌کات که شێر به به‌هاو به‌نرخ سه‌یربکرێت له لای پیاو، بۆچی به پیاوی ترسنۆک ده‌ڵێن: وه‌ک مه‌ڕ وایه؟
مونا ده‌ڵێت: چوونکه به‌رخوردی نیه.
نوال ده‌ڵێت: به‌ڵێ به‌رهه‌ڵستیکردنی درۆ و زوڵم و داگیرکاری پایه‌ت به‌رزده‌کاته‌وه چه‌ند خه‌ڵک ڕقیشیان لێتبێت.
مونا ده‌ڵێت: ئه‌نجامی به‌رخوردم دژ به ژێرده‌سته‌ییم ڕێزم زیاد ده‌کات، و ناپه‌سه‌ندیشم ده‌کات لای به‌رامبه‌رم، ئه‌و ناپه‌سه‌ندیه‌م لا باشتره له‌و خۆشه‌ویستیه‌ی که له ئه‌نجامی خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانم دێته دی بۆ پیاوه‌که‌م.
سه‌رچاوه:
http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=235375
http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=236006
وه‌رگێر: جیهاد موحه‌مه‌د حه‌مه‌که‌ریم