جه‌نابی عه‌بدوڵڵا موهته‌دی بۆچی ده‌بێ خه‌ڵكی كوردستان متمانه‌ت پێ بكه‌ن؟!
جوامێر مارابی
ئاگادار بوون له ئاڵوگۆڕه سیاسییه‌كانی جیهان و ناوچه‌كه و كوردستان و حزبه‌كانی ناوگۆڕه‌پانی بزوتنه‌وه‌ی كوردستان، به‌شێك له به‌رنامه‌ی رۆژانه‌ی ئێمه‌یه. یه‌كێك له‌م حزبانه‌ش (حزبی كۆمه‌ڵه‌ی كوردستان)ه به رێبه‌رایه‌تی جه‌نابی عه‌بدوڵڵا موهته‌دی. له هه‌ر كۆنگره‌و كۆنفرانسێكی ئه‌م حزبه‌دا ده‌بێ چاوه‌ڕوانی بین ئاڵوگۆڕێكی كوت و پڕ بێته ئاراوه و له هه‌ر ئاڵوگۆڕیكیشدا كه ئامانجه راسته‌قینه‌كه‌ی له پشت كۆمه‌ڵێك دروشمی زریقه و بریقه‌داره‌وه خۆی حه‌شار داوه، به‌شێك له هێزه‌كانی ئه‌م حزبه ده‌بنه قوربانی. قوربانی كردنی هێزی ئینسانی و كایه‌كردن به بیروباوه‌ڕی سیاسی كه‌سه‌كان له ناو ئه‌م حزبه‌دا بۆته دیارده‌یه‌كی ئاسایی. ئه‌و قوربانییانه له كۆمه‌ڵگایه‌كه‌وه هاتوون كه ئه‌م حزبه ئیده‌عا ده‌كات، ده‌یه‌وێ رێبه‌رییان بكات.
به پێی ته‌جروبه‌ی كاركردنی من له‌گه‌ڵ ئه‌م حزبه، منی به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یاندوه، بۆ ره‌خنه‌گرتن له‌م حزبه پێویسته ده‌ور و كاریگه‌ریی كاك عه‌بدوڵڵا بدرێته به‌ر ره‌خنه. سه‌ره‌ڕای رێزم بۆ كاك عه‌بدوڵلا موهته‌دی (وه‌كوو دۆستێك كه له رابردوودا ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك له‌گه‌ڵی كارم كردووه)، پێویسته ئه‌وه بڵێم كه ناوبراو له‌مباره‌یه‌وه دنیایه‌ك ره‌خنه‌ی له سه‌ره‌و بیلانێكی باشی نییه. ده‌وری نێگه‌تیڤی ناوبراو وه‌كوو رێبه‌ر، هۆكاری سه‌ره‌كی شكستی ئه‌م حزبه‌یه. كاتێك ده‌ڵێم بۆ ره‌خنه‌گرتن له‌م حزبه ده‌بێ له كاك عه‌بدوڵڵا موهته‌دیه‌وه ده‌ست پێبكه‌ین، مانای وایه ناوبراو هه‌موو شتێك دیاری ده‌كات. ته‌جروبه نیشانی داوه هه‌ر كات نه‌یتوانیوه بیروڕای خۆی بسه‌پێنێت، یان ئینشعابی كردووه یان به‌رامبه‌ری ناچار كردووه ئینشعاب بكات. كه‌سانێك له ناو ئه‌و حزبه‌دا جۆرێك خۆیان نیشان ده‌ده‌ن كه خاوه‌ن راوبۆچوونی سه‌ربه‌خۆن و به‌داخه‌وه كه‌سانێكیش بڕوایان پێكردوون. به‌ڵام پێویسته بڵێم به پێی ته‌جروبه‌ی من له ناو ئه‌و حزبه‌دا، ئه‌مانه هیچ كات نه‌یانتوانیوه له‌به‌رامبه‌ر عه‌بدوڵلا موهتهدیدا خۆیان ده‌ربخه‌ن و پێداگری بكه‌ن له سه‌ر بیروڕای خۆیان. تا ئه‌و كاته ئێمه له‌و حزبه‌دا بووین، له دانیشتنه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئێمه، پشتگیریان له راوبۆچوونی سیاسی ئێمه ده‌كرد، به‌ڵام هیچ كات نه‌یانتوانی له به‌رامبه‌ر عه‌بدوڵڵا موهتهدیدا خۆیان رابگرن. ئه‌مه له نیشانه‌كانی ئه‌وه‌یه ئه‌م حزبه به‌ته‌واوه‌تی له پاوانی كه‌سێكدایه كه سه‌رچاوه‌ی مادی و ئامرازی رێكخراوه‌یی به‌ده‌سته‌وه‌یه. نمونه‌ی زۆرم هه‌یه له هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌م كه‌سانه.
دوای ئه‌م پێشه‌كییه كورته، ئه‌مه‌وێ چاوێكی خێرا بگێرم به سه‌ر هه‌ڵوێست و كار و كرده‌وه‌ی كاك عه‌بدوڵڵا موهته‌دی له قۆناغه جۆراوجورهكاندا كه چاره‌نووس سازه له هه‌ر حزبێكدا. كارنامه‌یه‌ك كه پڕه له كرده‌وه‌ی دژ به یه‌ك و شكست.
ره‌نگه كه‌سانێك بڵێن ئه‌م باسه شتیكی تازه نییه و كارنامه‌ی كاك عه‌بدوڵڵا بۆ هه‌مووان روونه. راسته. به‌ڵام خاڵی گرنگ ئه‌وه‌یه كه‌سانیكی وه‌كوو من تا راده‌یه‌ك له به‌ره‌ی نوێی كوردستانین و كاك عه‌بدوڵلا ده‌بێ بزانێت ئه‌گه‌ر باوه‌ڕی وایه كرده‌وه‌كانی ئه‌و له ژێر ته‌م و مژی زه‌مه‌ندا ون بوون و له بیر خه‌ڵك چوونه‌ته‌وه، به‌هه‌ڵه‌دا چووه. هه‌روه‌ها من هه‌وڵم داوه له گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه ئاماژه به كاره‌كانی كاك عه‌بدوڵڵا بكه‌م كه كه‌متر ئاماژه‌ی پێكراوه ئه‌م قۆناغانه بریتین له:
1- سه‌رده‌مێك كه كۆمه‌ڵه له كوردستانی ئێران، له گه‌رمه‌ی خه‌باتی چه‌كداریدا بوو بۆ دیفاع له مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان.
2- سه‌رده‌می هاتنه ئارای فراكسیۆنی كۆمۆنیزمی كرێكاری.
3- سه‌رده‌می دوای ئینشعابی كۆمۆنیزمی كرێكاری هه‌تا ئینشعابی ساڵی 2000.
4- له سه‌رده‌می ئینشعابی ساڵی 2000 تا 2010.
سه‌رده‌مێك كه كۆمه‌ڵه له كوردستان بۆ دیفاع له مافه‌كانی گه‌لی كورد له‌گه‌ڵ رژیمی تازه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو تووشی خه‌باتێكی چه‌كداری بوو، به‌داخه‌وه له‌م سه‌رده‌مه‌دا سیاسه‌تی پاوانخوازانه‌ی حیزبی دیمۆكرات، كۆمه‌ڵه‌ی به‌ره‌و شه‌رێكی نه‌خوازراو پاڵپێوه‌نا كه له كوردستان به شه‌ری كۆمه‌ڵه‌و دیمۆكرات ناسراوه. به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كان، له‌م سه‌رده‌مه‌دا عه‌بدوڵڵا موهته‌دی ده‌ورێكی نێگه‌تیڤی هه‌یه، ئێستاش حیزبی دیمۆكرات بۆ پاساوهێنانه‌وه بۆ سیاسه‌ته نادروسته‌كانی خۆی، ئاماژه به داڕشتنی به‌رنامه‌یه‌ك ده‌كات، له‌لایه‌ن عه‌بدوڵڵا موهته‌دییه‌وه، له‌م سه‌رده‌مه‌دا عه‌بدوڵڵا موهته‌دی كۆمه‌ڵگا ده‌شوبهێنێت به سێگۆشه‌یه‌ك:. بورژوازی سه‌راسه‌ری، بورژوازی ناوچه‌یی و پرۆلتاری، ئه‌م سێ گۆشه پێكدهێنن. كۆمه‌ڵه كه نوێنه‌ری پرۆلتاریایه، بۆ له‌ناوبردنی بورژوازی سه‌راسه‌ری، ده‌بێت له بورژوازی ناوچه‌ییه‌وه ده‌ست پێ بكات كه حیزبی دیمۆكرات نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات. به‌خۆشییه‌وه ئه‌م بۆچوونه هیچ كات نه‌یتوانی له ناو كۆمه‌ڵه‌دا ببێت به سیاسه‌تی زاڵ. سیاسه‌تێك كه به كرده‌وه ده‌رهێنانی، كۆمه‌ڵگای كوردستانی تووشی كاره‌ساتێك ده‌كرد كه برینه‌كان و ئازاره‌كانی بۆ سه‌ده‌یه‌كیش سارێژ نه‌ده‌بوونه‌وه (ئه‌م مه‌یل و بۆچوونه دوای ئینشعابی ساڵی 2000 به جۆرێكی دیكه به‌رامبه‌ر به هاوسه‌نگه‌رانی دوێنێی خۆی دوپات ده‌كاته‌وه).
2- سه‌رده‌مێك كه عه‌بدوڵڵا موهته‌دی له روانگه‌ی كۆمۆنیزمی كرێكارییه‌وه هه‌موو هه‌وڵی خۆی ده‌خاته گه‌ڕ بۆ سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واری به وته‌ی خۆی، هه‌رچی ناسیۆنالیسته، له ناو كۆمه‌ڵه‌و بزوتنه‌وه‌ی كوردستاندا. ئه‌و یه‌كێك له ئاژیتاتۆره سه‌ره‌كییه‌كانی فراكسیۆنی كۆمۆنیزمی كرێكاری بووه. له پلێنۆمی 16 حیزبی كۆمۆنیستی ئێران‌دا، له وتارێكی توند و تیژدا، دیفاعێكی سه‌رسه‌ختانه له بۆچوونی كۆمۆنیزمی كرێكاری ده‌كات و له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه كه ده‌ست به‌جێ كۆمه‌ڵه‌و بزوتنه‌وه‌ی چه‌پ، ده‌بێت له بوونی ناسیۆنالیسته‌كان پاك بكرێنه‌وه. پرۆسه‌ی دروستبوونی كۆمۆنیزمی كرێكاری هه‌تا سه‌رده‌می رۆشتنیان، سه‌رده‌مێكه كه شه‌پۆلێك له تێكۆشه‌رترین كه‌سه‌كان ده‌خرێنه ژێر گوشاره‌وه كه واز له بیروباوه‌ڕی خۆیان بێنن یان كۆمه‌ڵه‌و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران به‌جێ بهێڵن یان ناچار به هه‌ڵبژاردنێكی سیاسی ده‌كرێن كه هیچ كات بڕوایان پێ نه‌بووه. جگه له‌م كاره‌ساتانه، ئه‌م رووداوانه كۆمه‌ڵگای كوردستانی بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ تووشی نائومێدی و بێ هیوایی كرد. عه‌بدوڵڵا موهته‌دی له به‌ڕێوه‌به‌رانی سه‌ره‌كی ئه‌م پرۆژه تهوابسازییهیه، له‌م سه‌رده‌مه‌دا (به‌پێی به‌ڵگه‌نامه حیزبییه‌كان) خه‌ڵكانێكی زۆر به‌ره‌و وڵاتانی ئه‌وروپایی به‌ڕێ ده‌كرێن. بۆ ناردنی ئه‌م كه‌سانه‌ش كۆمیته‌یه‌ك پێكده‌هێنرێت به ناوی كۆمیته‌ی (اعزام). ئه‌م كۆمیته پێكهاتووه له سێ كه‌س: عه‌بدوڵلا موهته‌دی، فاروق بابامیری و ئه‌بوبه‌كری موده‌ڕسی كه عه‌بدوڵڵای موهته‌دی به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌م كۆمیته‌یه‌ی له ئه‌ستۆ بووه. ئه‌مانه هه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ن كه ئێسته‌و به‌پێی هه‌لومه‌رج به‌ناو بوونه‌ته پشتیوانانی بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی ره‌وای گه‌لی كورد. لێره‌دا پرسیارێك دێته ئاراوه كه ئه‌م كه‌سانه بۆچی له‌گه‌ڵ كۆمۆنیزمی كرێكاری نه‌ڕۆیشتن؟ هه‌ر لایه‌نێك به جۆرێك پاساو ده‌هێنێته‌وه‌و باسی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌كه‌ن، (كه مه‌به‌ستی ئه‌م وتاره‌ی من نییه)، به‌ڵام ئهجروبه نیشانی داوه، هۆكاری نه‌ڕۆیشتنی ئه‌م كه‌سانه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به روانگه‌كانی عه‌بدوڵڵا موهته‌دی له نامیلكه‌ی (ئه‌م بڵقه كه‌ی ده‌ته‌قێ)دا نییه، به‌ڵكو ده‌بێت له شوێنێكی دیكه‌و له زونگهیهكی دیكه‌وه به‌دواداچوون بۆ راستییه‌كانی بكه‌ین. (لێره‌دا نامه‌وێ هه‌ڵسه‌نگاندن بكه‌م بۆ دروستی یان نادروستی سیاسه‌ته‌كانی كۆمۆنیزمی كرێكاری كه مه‌به‌ستی ئه‌م وتاره نییه).
له دوای جیابوونه‌وه‌ی كۆمۆنیزمی كرێكاری و له‌و سه‌رده‌مه قهیرانئاواییهدا كه دوای رۆشتنی كۆمۆنیزمی كرێكاری، كۆمه‌ڵه‌و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران تووشی ببوون، عه‌بدوڵڵا موهته‌دی به‌ره‌و ئه‌وروپا ده‌ڕوات و دوای 6-7 ساڵ به خه‌یاڵی ئینشعابێكی دیكه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ باشووری كوردستان، ئه‌و خه‌یاڵه‌ی كه ئینشعابی ساڵی 2000ی لێكهوتهوه.
3- ئینشعابێك كه ساڵی 2000ی زایینی روویدا، باڵی عه‌بدوڵڵا موهته‌دی، به جیابوونه‌وه له حیزبی كۆمۆنیستی ئێران ناوزه‌دیان كرد. به‌ڵام حیزبی كۆمۆنیستی ئێران و سازمانه كوردستانیه‌كه‌ی (كۆمه‌ڵه)، جیابوونه‌وه‌ی ئه‌وانیان به جیابونه‌وه له كۆمه‌ڵه ناوزه‌د كرد. ئه‌م جیابوونه‌وه (له‌و ئامانجانه كه هه‌یبوو و ته‌نیا عه‌بدوڵڵا موهته‌دی لێی ئاگادار بوو، له‌گه‌ڵ پاساوه‌كانی زۆر ناته‌با بوو). ئه‌مه ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه كه من بۆ خۆم له‌گه‌ڵی بووم و ته‌جروبه‌م كردووه. منیش له زومره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌م كه درۆم له‌گه‌ڵ كراوه. له ساڵی 2000 به‌دواوه هه‌تا ئێستا كه من خه‌ریكم ئه‌م وتاره ده‌نووسم، سیاسه‌ت و بیركردنه‌وه‌كانی عه‌بدوڵڵا موهته‌دی به سه‌د قات گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه. ئه‌م گۆڕانه‌ش به چه‌ندین قۆناغدا تێپه‌ڕیوه‌و له هه‌ر قۆناغێكیشدا، كۆمه‌ڵێك ئینسانی تێكۆشهرو خه‌باتكار كه به‌داخه‌وه بڕوایان به واده‌و به‌ڵێنه‌كانی ناوبراو كردبوو، ده‌بنه قوربانی.
ئاڵوگۆڕ له بیروباوه‌ڕو سیاسه‌تی ئینسانه‌كان، نه شتێكی تازه‌یه‌و نه تاوانیشه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ره‌وا نییه‌و عه‌بدوڵڵا موهته‌دی زۆر خراپ كه‌ڵكی لێوه‌رگرتووه، ناشه‌فافی سیاسیی و پارادۆكسیاڵبوونی ئه‌م حیزبه‌یه له سیاسهتو دیپلۆماسی و پراكتیكدا. هه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ی كه هه‌تا دوایین كۆنگره‌ی ئه‌م حیزبه‌ش درێژه‌ی هه‌یه، ئه‌گه‌ر گوێ له وتار و هه‌ڵوێسته‌كانی عه‌بدوڵڵا موهته‌دی بگرین، بۆمان ده‌رده‌كه‌ویت كه له هیچ كۆنگره‌و كۆنفرانسێكدا ئه‌م قسه‌و هه‌ڵوێستانه یه‌ك ناگرنه‌وه. ئه‌م ئاڵۆگۆڕانهش هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به خواسته‌كانی گه‌لی كورده‌وه نییه. قسه‌و باسه‌كانی عه‌بدوڵلا موهته‌دی له دوایین كۆنگره‌ی ئه‌م حیزبه‌دا، كه به‌پێی سه‌رده‌م دیسان گۆڕانی به‌سه‌ر هاتووه، ئه‌م ئیدیعایه‌ی من روون ده‌كاته‌وه. به‌تایبه‌ت ئه‌و كاته‌ی كه باس له ده‌وری كۆمه‌ڵه له خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی كورد له رابردوو و ئێستادا ده‌كات. ئه‌مه ده‌توانێت دوو هۆكاری هه‌بێت: ره‌نگه له‌وه‌وه سه‌رچاوه بگرێت كه هۆكاره‌كانی ئه‌و ئینشعابه جیاواز بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و پاساوه سیاسیانه‌ی كه باس ده‌كران و ئاڵوگۆره‌كانی دواتری ناوچه‌كه بوونه‌ته بنه‌مای سیاسه‌ت داڕشتنی ئه‌و حیزبه. یان ئه‌وه‌ی كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئاگاهانه له باسكردنی ئامانجی راسته‌قینه‌ی ئه‌م ئینشعابه، خۆی بواردووه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت خه‌ڵكانێكی زۆر به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی بیروباوه‌ڕی سیاسی‌یان، به‌ره‌و لای خۆی راكێشێت و ریزه‌كانی حزبه‌كه‌ی پێ به‌هێز بكات، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئاكامه زیانباره‌كانی ئه‌م جۆره سیاسه‌تكردنه، ئه‌و سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی كه له ساڵی 2000ه‌وه هه‌تا ئێستا، قوربانی كردنی خه‌ڵكانێكی زۆری به‌دوای خۆیدا هێناوه. ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم كه هه‌ردوو لایه‌نی ئه‌و هۆكاره كه باسكران، ناڕه‌وایه‌و نیشان ده‌دات كه عه‌بدوڵڵا موهته‌دی هه‌وڵی داوه بۆ ده‌سته‌به‌ربوون و ره‌واییدان به ده‌سه‌ڵاتی خۆی، خه‌ڵكانێكی زۆر قوربانی بكات.
به چاوخشانێك به‌سه‌ر پێكهاته‌ی ئه‌و خه‌ڵكانه‌دا كه له ساڵی 2000ه‌وه به ریزه‌كانی حیزبه‌كه‌ی عه‌بدوڵڵا موهته‌دی په‌یوه‌ست بوون، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه: خه‌ڵكانێكی زۆر به‌مه‌به‌ستی بووژاندنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی بزوتنه‌وه‌ی چه‌پ له كوردستان، به ریزه‌كانی ئه‌م حیزبه په‌یوه‌ست ببوون (واده‌و به‌ڵێنێك كه به‌وان درابوو). له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه هۆكاره‌كانی ئه‌م جیابوونه‌وه‌یان بۆ خه‌ڵكانێكی دیكه، به‌جۆرێكی دیكه شرۆڤه كردبوو. به‌و كه‌سانه‌یان راگه‌یاندبوو كه كۆمه‌ڵكه هه‌تا ئێستا هه‌ڵه‌ی كردووه‌و له‌مه‌وبه‌دوا ده‌ست له خه‌باتی چینایه‌تی هه‌ڵده‌گرێت و ته‌نیا وه‌كو حیزبێكی نه‌ته‌وه‌یی درێژه به خه‌باتی خۆی ده‌دات. ته‌جروبه نیشانی‌دا كه هه‌موو ئه‌م واده‌و به‌ڵێنانه بۆ راكێشانی كه‌سه‌كان و ره‌واییدانه به‌م ئینشعابه كه ده‌سه‌ڵاتخوازی عه‌بدوڵڵا موهته‌دی، به‌رچاوترین ئامانجیه‌تی. ئینشعابێك كه كورد و ئاوات و ئاره‌زووه‌كانی، له بیركردنه‌وه‌ی عه‌بدوڵڵا موهتهدیدا، كه‌مترین بایه‌خی پێدراوه. كورد‌و مافه‌كانی، كۆمۆنیزم و سۆسیالیزم و دیمۆكراسی، تا ئه‌و كاته بۆ ئه‌و بایه‌خیان هه‌یه كه ببنه هۆی پاراستنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی. له 10 ساڵی رابردوودا خه‌ڵكانێكی زۆر به‌تاوانی كۆمۆنیستبوون له‌م حیزبه ده‌ركراون، خه‌ڵكانێكی زۆریش هه‌ر له‌م حیزبه‌دا هه‌بوون كه هیچ باوه‌ڕێكیان به خه‌باتی چینایه‌تی نه‌بوو و نییه، به‌ڵكو شه‌فاف و راست و ره‌وان، بڕوایان به خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی و رزگاریی گه‌لی كورد هه‌یه، ئه‌مانیش وه‌به‌ر ئه‌م شاڵاوه كه‌وتن. جگه له‌م لایه‌نانه‌ی كه باسكران، خه‌ڵكانێكی زۆریش به قبوڵكردنی هه‌زاران گیر‌و گرفت و مه‌ترسی له ناوه‌وه‌ی وڵات، له ده‌وری ئه‌و واده‌و به‌ڵێنانه‌دا كۆببوونه‌وه. ئه‌مانیش له ناشه‌فافی سیاسی ئه‌م حیزبه، ره‌خنه‌یان هه‌بوو، به‌ڵام به‌جێگه‌ی گوێگرتن بۆیان و بایه‌خدان به سرنج و تێبینییه‌كانیان، له‌لایه‌ن عه‌بدوڵڵا موهته‌دییه‌وه به جۆرێك ههڵسووكهوتنێكیان له‌گه‌ڵ كرا كه بۆ هه‌میشه ده‌ستیان له هه‌رچی حیزب و حیزبایه‌تی و كاری سیاسییه هه‌ڵگرت.
كاك عه‌بدوڵڵا نازانم جه‌نابت چۆن له باره‌ی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه بیرده‌كه‌یته‌وه؟ و چه‌نده بڕوات به وشیاری خه‌ڵكی كوردستان هه‌یه؟ (ئه‌ڵبه‌ت من گومانم هه‌یه كه زۆر بڕوات به وشیاری خه‌ڵكی كوردستان هه‌بێت، چونكه له وتووێژێكدا ده‌ڵێیت: من پێم وانییه خه‌ڵكی كوردستان وشیارتر بن له به‌شه‌كانی دیكه‌ی ئێران). هه‌ر له سه‌ر بنه‌مای ئه‌م جۆره تێگه‌یشتنه‌یه باوه‌ڕت وایه خه‌ڵكی كوردستان زوو هه‌موو شتێكیان له بیر ده‌چێته‌وه.
لێره‌دا ئاماژه پێكردن به خاڵێك به پێویست ده‌زانم. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: ماوه‌ی چه‌ند ساڵیك عه‌بدوڵڵا موهته‌دی زۆر باسی دێمۆكراسی و پلۆرالیزمی سیاسی ده‌كات و خۆی به پشتیوانێكی راسته‌قینه‌ی ئه‌و چه‌مكانه ده‌زانیت. ئه‌گه‌ر بۆ راستی و دروستی هه‌ر ئیدهعایهك، پراكتێك پێوانه بێت، نه‌ك ته‌نیا دروشمی زریقه و بریقه‌دار، جه‌نابی عه‌بدوڵڵا موهته‌دی ناتوانێ له‌مباره‌یه‌وه ئیدهعایهكی هه‌بێت. ئه‌گه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌و له‌گه‌ڵ نه‌یارانی سیاسی ناوخۆی ریكخراوهكهی یان حزبه‌كانی دیكه، به پێوانه وه‌ربگرین، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌م جۆره چه‌مكانه له لای ئه‌و ته‌نیا بۆ بازار گه‌رمییه و له كرده‌وه‌دا نیشانی داوه كه بڕوای به هیچ كام له‌م دروشمانه نییه. ئه‌م دروشمانه له‌م سه‌رده‌مه‌دا كڕیاری زۆره‌و ئه‌ویش كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گرێت. باسی به‌ره‌ی كوردستانیش له‌مه سه‌یرتره:
ماوه‌یه‌ك هه‌رایه‌ك له لایه‌ن ئه‌و رێكخراوه‌یه‌وه ساز كرا له باره‌ی به‌ره‌ی كوردستانییه‌وه و له كۆنفرانسی هه‌شته‌می ئه‌م حزبه‌دا گه‌ڵاڵه‌یه‌ك بۆ ئه‌م مه‌به‌سته په‌سند كرا. ئه‌م گه‌ڵاڵه له رواڵه‌تدا گه‌ڵاڵه‌یه‌كه بۆ به‌ره‌ی كوردستانی، به‌ڵام له راستیدا هه‌وڵێكه و چاولێكهریه له كوردستانی باشوور. له‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌دا داوا له حزبی دێمۆكرات ده‌كرێ كه له‌سه‌ر ئه‌م گه‌ڵاله‌یه رێكه‌وتن بێته ئاراوه (به قه‌وڵی خۆیان ئه‌م دوو حزبه سه‌ره‌كییه)، دواتر حزبه‌كانی دیكه ناچار ده‌بن له‌مان پێڕه‌وی بكه‌ن. به بینینی ئه‌م راستییه، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ لێره‌ش به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و له سه‌رو حزبهكهشهوه به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌كه‌سی عه‌بدوڵڵا موهته‌دی ده‌كه‌وێته پێش به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه. ئه‌مه هه‌ر ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه كه ناوبراو بۆ ره‌وایی دان به ئینشعابه‌كه‌ی هه‌موو رێگایه‌كی گرتبووه به‌ر (پێویسته ئه‌وه‌ش باس بكه‌م كه ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه له لایه‌ن حزبی دێمۆكراته‌وه هیچ كات قبوڵ نه‌كرا و راده‌گه‌یه‌نن كه به‌بێ به‌شداری حزبه‌كانی دیكه مه‌یسه‌ر نابیت)، به‌ڵام له چه‌ند وتووێژێكدا سه‌رانی حزبی دێمۆكرات باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌مه زۆرتر هه‌وڵێكه بۆ ره‌واییدان به‌حزبه‌كه‌ی خۆیان و به‌هاوشان زانینی خۆیانه له‌گه‌ڵ حزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران (هێشتا حزبی دێمۆكرات نه‌بوو به دوان).
له‌م سه‌رده‌مه و به‌دوای بێ ئاكام بوونی هه‌موو سیاسه‌ته‌كانی، عه‌بدوڵڵا موهته‌دی به ده‌ركه‌وتن له كه‌ناڵه‌كانی بی بی سی و ده‌نگی ئه‌مریكا و پشتیوانی هه‌مه‌لایه‌نه له موسه‌وی و كه‌روبی، كه به‌خه‌یاڵی خۆی چه‌ند هه‌نگاوێك له حزبه‌كانی دیكه پێش كه‌وتووه، خۆی خستۆته داوی هه‌ڵه‌یه‌كی دیكه‌وه. كه‌س له‌وه‌دا گۆمانی نییه كه راگه‌یاندن ده‌ورێكی سه‌ره‌كی هه‌یه له شكڵگرتنی رای گشتیدا. به‌ڵام هه‌ڵه‌ی جه‌نابی موهته‌دی لێره‌دایه كه نازانێ سه‌رده‌می مۆنۆپوڵكردنی فه‌زای راگه‌یاندن له لایه‌ن چه‌ند كه‌ناڵیكی جیهانییه‌وه به سه‌رچووه. سه‌رده‌م گۆراوه و ئه‌و سه‌رده‌مه به سه‌رچوو كه بی بی سی بتوانێ رێبهریك به سه‌ر خه‌ڵكدا بسه‌پێنێت، (به‌ڵام دڵنیام باش ده‌زانێت، به‌دوای رێگایه‌كدا ده‌گه‌ڕێ مه‌شرووعییه‌ت بۆ رێبه‌ریی خۆی ده‌سته‌به‌ر بكات). له‌م سه‌رده‌مه‌دا زۆربه‌ی حزب و رێكخراوه سه‌راسه‌ری و كوردستانیه‌كان له پاڵ كه‌ڵك وه‌رگرتن له هه‌موو ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن، خاوه‌ن كه‌ناڵی ئاسمانی تایبه‌ت به خۆیانن. ئه‌م لایه‌نانه رۆژانه له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و به‌رده‌نگی خۆیان قسه ده‌كه‌ن و كاریگه‌ریان ده‌بێت و كاریگه‌ری وه‌رده‌گرن. جگه له‌م راستیانه خه‌ڵك به ده‌رس وه‌رگرتن له ئه‌زمونه‌كانی عێراق و ئه‌فغانستان، به‌و وشیارییه گه‌یشتوون كه ئه‌مریكا و بریتانیا ناتوانن رێبهرێكیان به سه‌ردا بسه‌پێنن. هه‌روه‌ها خاڵی گرنگ و جێی سرنج لێره كه پێویست به ئاماژه پێكردنه، ئه‌وه‌یه له باری ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگییه‌وه، كۆمه‌ڵگای ئێران به كوردستانیشه‌وه زۆر جیاوازه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای عێراق و ئه‌فغانستان. هه‌رچه‌ند ئه‌گه‌ر ئه‌مریكاش پرۆژیه‌كی جیدی له به‌رنامه‌دا هه‌بێت بۆ لێدانی ئێران (كه به دووری ده‌زانم)، باش ده‌زانن كه هه‌ر حزب و لایه‌نێك چ سه‌نگ و پێگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه، هه‌ر بۆیه له‌گه‌ڵ هه‌ر حزبێك به پێی سه‌نگی خۆی هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن. هه‌ر حزب و لایه‌نێك بۆ دانوستان له سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ك ده‌بێ سه‌ره‌تا ره‌وایی خۆی له‌و كۆمه‌ڵگایه وه‌ربگرێت كه خه‌باتی بۆ ده‌كات و ده‌بێ سه‌ره‌تا پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی خۆی له‌ناو جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی خۆی به هێز بكات. به بوونی ئه‌م ئیمتیازه‌یه ده‌توانێت بڕواته پای مێز گفتگۆ. ئه‌گه‌ر به پێچه‌وانه‌كه‌ی بێت، ئه‌و لایه‌نه ده‌بێته كه‌ره‌سته‌یه‌ك به‌ده‌ست لایهنهكانهوهو بۆ مه‌به‌سته‌كانی خۆیان به‌كاری ده‌هێنن (ئه‌مه هه‌ر ئه‌و خاڵه‌یه كه له دیپلۆماسی جه‌نابی موهتهدیدا جێگه‌ی به‌تاڵه. یان ره‌نگه له رووی ناچاریه‌وه مل به‌م كاره بدات).
سه‌ره‌ڕای چه‌ند پاتبوونه‌وه‌ی پشتیوانی عه‌بدوڵڵا موهته‌دی له بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز و موسه‌وی و كه‌روبی و له وتووێژه‌كانیدا له سه‌ر حیسابی بزوتنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌ست ئاواڵه‌یی نواندوه، تا به‌ڵكو وه‌كوو رێبهریك قبوڵ بكرێت، به‌ڵام بۆی مه‌یسه‌ر نه‌بووه. رێبه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز و له سه‌روویانه‌وه موسه‌وی و كه‌ڕوبی هه‌ر هه‌وای كۆن ده‌ڵێنه‌وه. بڕوایان به كۆماری ئیسلامییه (نه یه‌ك وشه كه‌متر و نه یه‌ك وشه زیاتر). سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ئه‌م سیاسه‌ته چه‌ندین بار له لایه‌ن موسه‌ویه‌وه دوپات كراوه‌ته‌وه و شانازی ده‌كات كه رێبواری راسته‌قینه‌ی خومه‌ینی جه‌لاده، عه‌بدوڵلا موهته‌دی له وتووێژێكدا له سایتی (روز آنلاین) راشكاوانه رایده‌گه‌یه‌نێت كه حازره موسه‌وی وه‌كوو سه‌ركۆماری ئێران قبوڵ بكات.
لێره ده‌بێ له جه‌نابی عه‌بدوڵڵا موهته‌دی بپرسین ئایا خه‌ڵكی كوردستان ئه‌وه‌نده ساویلكه‌ن كه تا ئێستا پشتیوانی‌یان له موسه‌وی و كه‌روبی نه‌كردووه؟ بێگۆمان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره نه‌رێنییه. خه‌ڵكی كوردستان له مانگرتنی شكۆداری 23ی گوڵاندا نیشانیاندا خاوه‌ن تێگه‌یشتنێكی سه‌رده‌میانه‌ی به‌رزن و لێكدانه‌وه‌یه‌كی زۆر ژیرانه و پێشكه‌وتویان بۆ رووداوه‌كان هه‌یه. به‌ڵام به‌داخه‌وه عه‌بدوڵلا موهته‌دی چاوی له حاست ئه‌م راستیه هه‌ڵنایه‌ت. ده‌بێ ئه‌وه بڵێم كه ناوبرا ئه‌مانه زۆر به‌باشی ده‌بینێ و هه‌ستی پێده‌كات، به‌ڵام سه‌ودای رێبه‌ریی و ده‌سه‌ڵات له پاڵ هه‌ستكردن به بێ متمانه‌یی له لایه‌ن خه‌ڵكی كوردستانه‌وه، به‌ره‌و ئه‌م ئاراسته‌یه‌ی ده‌بات. من ده‌یڵێم و تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌نیش ده‌یسه‌لمێنێت، كه مافه‌كانی گه‌لی كورد و ئاوات وئاره‌زوه‌كانی، كه‌مترین جێگایان له‌م دیپلۆماسیهدا هه‌یه. ئه‌م هه‌وڵانه بۆ نواندنی هێز و ده‌رخستنی خۆیه‌تی وه‌كوو رێبه‌رێك كه به‌بێ ئه‌و بزوتنه‌وه‌ی كورد به هیچ ئاكامێك ناگات و گرنگتر له‌مانه بۆ چاوترسێنكردنی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه ده‌یانه‌وێ گومان دروست بكه‌ن له‌باره‌ی توانایی رێبهریكردنی جه‌نابی.
به كورتی، ئه‌گه‌ر به وردی چاو له قسه و نوسراوه و هه‌ڵوێسته‌كانی عه‌بدوڵڵا موهته‌دی بكه‌ین، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه سه‌لماندن و سه‌پاندی هێژمۆنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی وه‌كوو رێبه‌رێك له به‌رجه‌سته‌ترین ئامانجه‌كانیه‌تی. با چه‌ند نموونه‌یه‌كی دیكه‌تان بۆ باس بكه‌م:
ئه‌گه‌ر گوێ له قسه‌وباسه‌كانی ناوبراو بگرین له یادی كاك فوادی رابه‌ردا، له‌و یاده‌دا له رواڵه‌تدا جه‌نابی دیفاع له كاك فواد و كه‌سایه‌تی ئه‌و ده‌كات و باسی لێهاتووییه‌كانی ده‌كات، به‌ڵام له راستیدا ئه‌و قسه و باسانه دیفاع كردنه له كاره‌كانی خۆی و خۆ شوبهاندنه به كاك فواد. ده‌یه‌وێ له ژێر ناوی دیفاع له كاك فواد و به كه‌ڵك وه‌رگرتن له ئیعتباری ئه‌و، پاساو بۆ ئه‌م هه‌موو چه‌پ و راستكردنهی خۆی بهێنێته‌وه. وه‌كوو كه‌سێك كه داهێنان ده‌كات (ئه‌گه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه جارێكی دیكه گوێ له‌و قسه‌وباسه بگرن ئه‌م راستیه‌تان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت).
نموونه‌یه‌كی دیكه قسهوباسهكانیهتی له كۆنگره‌ی ئاخری ئه‌م حزبه، له به‌شی هه‌لومه‌رجی سیاسی ئێران‌دا. له‌م به‌شه‌دا كوردستانی ئێران به جه‌زیره‌یه‌ك وێنا ده‌كات كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی دیكه‌ی ئێران نییه و به‌شه‌كانی دیكه‌ی ئێران هیچ زانیاریهكییان له سه‌ر مه‌سه‌له كورد و مافه ره‌واكانی نییه و ناوبراو به چالاكییه دیپلۆماسیه‌كانی له‌م دواییانه‌دا توانیویه‌تی ئه‌و خزمه‌ته به گه‌لی كورد بكات و بزوتنه‌وه‌كه‌ی به‌و به‌شانه‌ی دیكه‌ی ئێران بناسێنێت. ئه‌مه ئیدعایه‌كی ناراسته. ئه‌م ئیده‌عایه ئه‌گه‌ر ده‌یه‌ی شه‌ستی هه‌تاوی باس بكرێت، ده‌توانێ راستییه‌كی تێدا بێت چون هێشتا به‌شێك له خه‌ڵكی ئاسایی به‌شه‌كانی دیكه‌ی ئێران شاره‌زاییه‌كه‌ی ئه‌وتۆیان له‌گه‌ڵ كورد و مافه ره‌واكانی نه‌بوو. له‌م ساڵانه‌ی دواییه‌دا، سه‌ره‌ڕای هه‌موو هه‌وڵه‌كانی كۆماری ئیسلامی بۆ به‌دناوكردنی بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی كوردستان، گه‌لی كورد بۆ ناساندنی مافه ره‌واكانی، له زۆر شێواز‌و ئامرازی جۆراوجۆر كه‌ڵكی وه‌رگرتووه و په‌یوه‌ندییه‌كی فه‌رهه‌نگی، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی دیكه‌ی ئێران‌دا دامه‌زراندووه. خویندكارانی شاره‌كانی كوردستان كه بۆ درێژه‌دان به خوێندن روویان كردۆته شاره‌كانی دیكه‌ی ئێران، له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م كۆنتاكتانهن. نازانم ئه‌گه‌ر سه‌ودای رێبه‌ریی و خوبهزل زانین نه‌بێ، ده‌بێ له جه‌نابیان بپرسین كه ئایا ئه‌م دیپلۆماسیه‌ی جه‌نابت خزمه‌تی زیاتری كردووه به كورد‌و ناساندنی وه‌كوو نه‌ته‌وه‌یه‌كی ئاشتیخواز، یان فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر و نامه‌كانی له زیندان؟ ئه‌و كه‌سه‌ی كه له زیندان و له ناو قوڕگی ئه‌ژدیهادا توانیوه بێتێته سیمبولی ئازادی و مرۆڤدۆستی؟
جگه له‌مانه مه‌گه‌ر زیاتر له ئه‌ده‌بیاتی هه‌ر حزبیكی دیكه، له ئه‌ده‌بیاتی كۆمه‌ڵه‌دا ره‌نگی نه‌داوه‌توه كه كوردستان سه‌رده‌مانێك بۆته سه‌نگه‌ری دیفاع له ئازادی و شۆڕش له ئیران‌دا و ئازادیخوازان بۆ رزگار كردنی گیانیان په‌نایان بۆ هێناوه؟ ئه‌ی بۆچی ئێستا ناوبراو ئیده‌عای ئه‌وه ده‌كات توانیویه‌تی كورد و مافه ره‌واكانی به گه‌لانی دیكه‌ی دانیشتووی ئێران بناسێنێت؟ ئه‌گه‌ر كوردستان بۆته په‌ناگه‌ی ئازادیخوازانی ئێران و ئه‌وان له نزیكه‌وه هه‌ستیان به ره‌وایی و داواكاریی گه‌لی كورد كردووه، ئه‌ی ئه‌وانه كێن كه جه‌نابی هه‌وڵی داوه له‌مباره‌یه‌وه رونیان بكاته‌وه؟ ئه‌وانه هه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ن كه خۆیان به رێبواری راسته‌قینه‌ی خۆمه‌ینی جینایه‌تكار ده‌زانن و بڕوایان به كۆماری ئێسلامی نه یه‌ك وشه زیاتر و نه یه‌ك وشه كه‌متر هه‌یه. ئاكامی ئه‌م جۆره ئیدهعایانه دیسان هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ودای رێبه‌ریی. ده‌یه‌وێ بڵێت هه‌نگاویكی هه‌ڵهێناوه‌ته‌وه تا ئێستا هیچ رێبه‌رێكی كورد هه‌ستی به‌و پێویستییه نه‌كردووه و گه‌لی كورد ئه‌ركی سه‌رشانیانه كه شانازیی به‌م رێبه‌ره‌وه بكه‌ن. له‌م باره‌یه‌وه نمونه زۆرن.
جه‌نابی موهته‌دی، ئێستاش له‌گه‌ڵ گه‌لی كورد و رای گشتی راستگۆ نیت. سه‌ره‌ڕا هه‌بوونی سه‌دان به‌ڵگه‌ی نوسراوه‌یی و بیندراوهیی و بیستراوهیی حاشا ده‌كه‌یت له رابردووی خۆت. ئه‌م كاره‌ی تۆ نه ته‌نیا چه‌واشه‌كردنی رای گشتییه، به‌ڵكوو خه‌ریكیت رابردووی حزبێك دهشوێنیت كه هه‌زاران قوربانی داوه و ئه‌و كه‌سانه كه گیانیان به‌ختكرد به دروشمێك چوونه سه‌نگه‌ر كه ئێستا جه‌نابت سه‌رسه‌ختانه دژایه‌تی ده‌كه‌یت. جگه له‌مه زۆر ئینسانی تێكۆشه‌ر هه‌ر ئێستاش شانازیی به‌و رابردوه‌وه ده‌كات و خۆی به درێژه‌ده‌ری ئه‌و رێبازه ده‌زانێت. حاشا له رابردوویه‌ك ده‌كه‌یت كه كورد و مافه‌ره‌واكانی هیچ جێگه و پێگه‌یه‌كیان له بیركردنه‌وه‌ی تاكه كه‌سی تۆدا نه‌بووه. سه‌رباری هه‌موو هه‌وڵه‌كانی تۆ بۆ مانه‌وه له ده‌سه‌ڵات، ئه‌گه‌ر له‌م قۆناغه دان به رابردوو بنیت و نه‌قدی بكهێتهوه و ئه‌وه روون بكهێتهوه كه من پێشتر خاوه‌ن بیروباوه‌رێكی دیكه بوومه و ئێستا بڕوام پێی نییه و جۆرێكی دیكه سیاسه‌ت ده‌كه‌م و روانگه‌یه‌كی تازه‌م هه‌یه، ده‌یتوانێ نیشانه‌ی راستگۆیی و نیه‌تی پاكی تۆ بێت. له‌و حزبه‌دا كه رێبه‌رییه‌كه‌ی له ئه‌ستۆی جه‌نابته، هه‌ر ئێستاش خه‌ڵكانێك ده‌بنه قوربانی پاكتاوكردنی سیاسیی. ده‌بنه قوربانی ئامانجێك كه له پشت كۆمه‌ڵیك دروشمی ره‌نگاو ره‌نگه‌وه خۆیان هه‌شار داوه. ئه‌مانیش له زومره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ن كه سه‌رده‌مانێك بروایان به واده و بهڵێنێهكانی تۆ كردبوو و هه‌تا ئێستاش له‌گه‌ڵت مابوون. ئێستا به‌تاوانی دژایه‌تیكردنی موسه‌وی و كه‌روبی و عه‌لیره‌زا نووریزاده ناچارن حزبه‌كه‌ی جه‌نابت به جێ بهێڵن. هه‌موو ئه‌م ناشهفاییه له پێناو به‌هێزكردنی پێگه‌ی جه‌نابته. راگرتنی خه‌ڵك تا ئه‌و كاته‌ی پێویستت پێیان هه‌بێت. هه‌موو ئه‌م راستییانه درهی ده‌خه‌ن كه بۆ مانه‌وه‌ت له ده‌سه‌ڵاتدا هیچ سنوورێك ناناسیت. حازریت ته‌نانه‌ت وه‌فادارترین كه‌سه‌كانیش كه بروایان به تۆ كردبوو بكه‌ێته قوربانی.
جه‌نابت ناتوانی ئیده‌عا بكه‌یت رێبه‌ری گه‌لی كوردیت. دیپلۆماسی كردن له ژێر ناوی ناساندنی كورد و مه‌سه‌له ره‌واكانی و پشت ئه‌ستوور بوون به پشتیوانییه‌كانی ئه‌مریكا، ته‌نیا بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵات و نواندنی هێزه له به‌رامبه‌ر نه‌یارانی سیاسی خۆتدا. ئه‌و كه‌سانه هه‌ڵه‌یان كرد كه له روانگه‌ی كه‌سێكی ناسیونالیسته‌وه جه‌نابتیان دایه به‌ر ره‌خنه و به‌ناوی كورد بوونه‌وه دژایه‌تی تۆیان كرد. بۆ ره‌خنه‌گرتن له حزبه‌كه‌ی تۆ ده‌بێ له ره‌خنه‌گرتن له تۆه‌وه ده‌ست پێبكه‌ین و بۆ ره‌خنه‌گرتن له تۆش ده‌بێ له گۆشه‌نیگای ده‌سه‌ڵاتخوازییه‌وه تیشك بخه‌ینه سه‌ر راستییه‌كان. ره‌خنه‌گرتن له تۆ له ره‌وانگه‌ی كورد بوونه‌وه، هۆكاری مانه‌وه‌ی تۆیه له رێبه‌ریی ئه‌و حزبه‌دا به هه‌موو ئاكامه‌كانییه‌وه. ئه‌مه رێك هه‌ر ئه‌و شته‌یه كه خۆت ده‌ته‌وێت.
ئه‌وه‌ی له‌م وتاره‌دا هاتووه، ته‌نیا سه‌ردێڕی راستییه‌كانه، هه‌ر كام له‌م باسانه پێویستیان به نووسینی زیاتر و شیكاریی زیاتر هه‌یه.