Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
ئەی پایز .. ئەی جادوگەرەکەی ژیان!

ئەی پایز .. ئەی جادوگەرەکەی ژیان!

Closed
by December 8, 2010 ئەدەب

هێمن ڕەئووف
www.hemnrauf.kurdblogger.com

ئەی چایچی
ئەو تەپڵەکە شەقوشڕەم بۆ بێنەرە بەر ئەم بایە
با بەدەم نۆشینی چاوە کۆچی گەڵاکان ببینم
با لەم سەنتەری شارەوە ماڵئاواییان لێبکەم، دڵنەواییان بەمەوە…
کاتێک بەدەم گریانەوە، بە ڕەنگێکی زەردهەڵگەراوی ماتەوە
نیشتیمانی دایکەکانیان جێدەهێڵن.

ئەی کەناسی سەر ئەم شەقامە گشتییە
پایزان گسکەکەت دانێ
گەڵاکان تێکەڵ بە خەوشوخاشاکی ئەم شارە مەکە
ئەوان بەناچاری ئێرە جێدەهێڵن
بەدەم هەنسک و ئاهەوە لە بەرۆکی درەختەکان دەبنەوە.
شانەی پیس و زبری گسکە دڕکاویەکەت بە شان و پشت و باڵایاندا مەهێنە
ئەوان بە نابەدڵ دەڕۆن
ئەوان بۆخۆیان هەر دەڕۆن
ئەوان بەحوکمی با و باران کەوتوونەتە بەرپێیەکانی من و تۆ
بەنامە پڕ زریانەکەی ئەم زستانە بوون بە مەهزەلەی بەردەمی گسکەکەی تۆ.
لێیان گەڕێ و هەنگاویان بەسەردا بنێ
ئەوان بە شێنەیی دەڕۆن
ئەوان بە نابەدڵ دەڕۆن
ئەوان هەر بۆ خۆیان دەڕۆن

ئەی پایز .. ئەی جادوگەرەکەی ژیان!
چۆن بەم هەموو تاوانەوە خۆت لە دڵی هەرچی عاشقانی دنیادایە شاردۆتەوە!!
چۆن دەتوانی وا بەجوانی بچیتە نێو دێڕی ئەم هەموو شیعرەوە!!
درەخت نەما دەستدرێژی نەکەیتە سەر
ساڵێ نەبوو بە جادووەکانی خۆت ئێمەو زستان لەیەک مارە نەکەیتەوە
تۆ پڕ پڕی لە ڕەشەبا، پڕی لە هەور و لە باران، پڕی لە زریان و سەرما
تاوانباری بە کورتکردنەوەی ڕۆژگار
بە جینۆسایدی گەڵاکان
بە ڕووتکردنەوەی درەخت
دە پێم بڵێ چۆن دەتوانی لە دامێنی ساڵەکاندا جێتبێتەوە؟؟؟!

پایزی ٢٠١٠

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.