چه‌ند په‌یڤێک له‌سه‌ر ئاڵتوونی ڕه‌ش ( نه‌وت)
ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا
Ardellen4@yahoo.de
بۆ ئێمه‌ی کورد زۆر گرنگه له‌سه‌ر پرسی نه‌وت شاره‌زابین ، چونکه قووربانی سیاسه‌تی نه‌وتی ووڵاته ئیمپریالیسته‌کانی جیهان و داگیرکه‌رانی کوردستان بووین . نه‌وتیش یه‌کێک له‌و هۆکارانه بووه ، که کوردستانی پارچه پارچه کردووه. ماوه‌یه‌کی زۆره له‌ناو میدیای کوردی‌دا قسه‌وباسێکی زۆر ده‌رباره‌ی نه‌وت ده‌کرێت. له‌لایه‌که‌وه ئه‌مه کارێکی باشه که پرسی نه‌وت ببێته پرسی هه‌موو کۆمه‌ڵگا، به‌ڵام له‌لایه‌کی تره‌وه کاتێک سه‌یری ئه‌و ووتارو نووسینانه ده‌که‌یت ، که‌له‌م ماوه‌یه‌ی پێشوودا له‌سه‌ر نه‌وت نووسراوه، پیاو تووشی شۆک ده‌بێت . زۆرجار خۆزگه‌ی ئه‌وه ده‌خوازیت ، بریا ئه‌م باسه هه‌ر باس نه‌کرایه. له‌پڕێک چه‌ند که‌سێک خۆیان لێبۆته پسپۆری نه‌وت و زۆریش ره‌خنه‌گری بواری نه‌وت. دیاره ئه‌مڕۆ نووسینی ووتاری سیاسی ، له‌هه‌موو شتێک ئاسانتره . هیچ پێویستی به خۆ هیلاککردن ناکات. کۆمه‌ڵێک جنێو دژی حکومه‌ت ڕیزبکه و پاشان بۆ سایت یان رۆژنامه‌کانی بنێره. هه‌مووشیان ئاماده‌ن بۆت بڵاوبکه‌نه‌وه. به‌هه‌رحاڵ من لێره‌دا حه‌زده‌که‌م چه‌ند دێرێکی کورت ده‌رباره‌ی ئه‌م باسه گرنگ و چاره‌نووسسازه بنووسم ، هیوادارم سوودبه خوێنه‌رانی ئه‌م رۆژنامه به‌ڕێزه بگه‌یه‌نێت.
نه‌وت له پیره داری مێژوودا
به‌پێی بۆچوونی زۆرێک له پسپۆرانی نه‌وت ، پێیان وایه که نه‌وت ، له‌ئه نجامی له‌ناوچوونی ئه‌و دارستان و گیانله‌به‌رانه بووه ، که پێش هه‌زاران ساڵ له‌سه‌ر زه‌وی ژیاون . پاشان که‌وتوونه‌ته ژێر زه‌وییه‌وه . له‌ئه‌نجامی تێکه‌ڵاوبوونی ئه‌و ماددانه که ماوه‌یه‌کی زۆری پێچووه ، تا بۆته ئه‌م نه‌وته ڕه‌شه‌ی ئه‌مڕۆ. بۆیه‌که‌مجار ووشه‌ی نه‌وت ، له‌لایه‌ن بابلیهکۆنهکانهوه به‌کارهات پێیان ده‌ووت (Naphtha) نفتا. ووشه‌ی (نفت) عه‌ره‌بیش له ووشه سریانیهکهوه هاتووه. پاشان ووشه‌یPetroleum به‌کارهێنرا، که ووشه‌یه‌کی لاتینی کۆنه ، به‌مانای ( به‌ردی نه‌وت، یان زه‌یت) دێت. بۆیه‌که‌مجاریش بابلیه‌کان نه‌وتیان به‌کارهێنا، به‌تایبه‌ت له ڕێگاوبانه‌کاندا، پاشان له زۆر شتی تریش به‌کاریانهێنا. حاموورابی کاتێک ساڵی 1875 پێش زایین بۆ نووسینی ده‌ستووره‌که‌ی ، مره‌که‌بی نه‌وتی بۆ به‌کارهێنابوو. پاشان له ئیمپراتۆریه‌تی بیزهنتهو یۆنانیدا وه‌کو گووله تۆپ به‌کارده‌هێنرا. لێ یه‌که‌مجار نه‌وت وه‌کو مادده‌یه‌کی گرنگی ژیانی خه‌ڵکی له ئه‌مریکا به‌کارهێنرا. کاتێک دکتۆرێکی بایلۆژی که‌نه‌دی که‌له ئه‌مریکا ده‌ژیا ناوی Abraham P. Gesner ساڵی 1855 له ولایه‌تی په‌نسلڤانیا، توانی له نه‌وت مادده‌یKerosin بدۆزێته‌وه‌و پاشان بۆ چرای رووناکی به‌کارهێنرا. به‌م شێوه‌یه‌ش یه‌که‌مینجار نه‌وت وه‌کوو ووزه به‌کارهێنرا. پاشان له‌گه‌ڵ دروستبوونی ئۆتۆمبیل و پێشکه‌وتنی پیشه‌شازی ، نه‌وت به‌جارێک باڵی به‌سه‌ر هه‌موو ژیانی ئابووری جیهان دا کێشا.
ڕۆڵی نه‌وت له‌جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م و دووه‌م دا
یه‌کێک له هۆکاره‌کانی جه‌نگی یه‌که‌می جیهان ، هه‌وڵی زلهێزه‌کانی ئه‌وکاتی جیهان ( ئه‌ڵمانیا ، ئینگلیز، فه‌ره‌نسا، رووسیا) بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر چاوگه نه‌وتیه‌کانی جیهان. هه‌روه‌ک پێشتریش باسمانکرد، له‌پاش ساڵی 1860 وه ، ڕۆڵی نه‌وت زیادی کرد . ڕێژه‌ی به‌کارهێنانی سالانه بۆ نه‌وت ساڵی 1861 له هه‌موو جیهاندا ته‌نها 300 هه‌زار بوو. پاش ده‌ساڵی تر واته ساڵی 1871 گه‌یشته 800 هه‌زار ته‌ن . رۆژ به‌رۆژیش زیادیکرد ، ساڵی 1914 گه‌یشته54.3 ملیۆن ته‌ن . هه‌ربۆیه زلهێزه‌کانی جیهان هه‌وڵی ته‌واویان بۆ ده‌ستکه‌وتنی نه‌وت ده‌دا.
نه‌وت وه‌کو چه‌کێک
لۆرد فیشه‌ر ، که سه‌رۆک ئه‌رکانی ده‌ریاوانی ئینگلیزبوو له‌کاتی جه‌نگی یه‌که‌می جیهانیدا،ووتی:( قووڕ به‌سه‌ر ئه‌و که‌سه‌ی که جه‌نگ ده‌کات و خاوه‌نی نه‌وت نییه) . یه‌کێک له جه‌نه‌ڕاله‌کانی ئه‌ڵمانیا ئاریک لۆندۆرف ده‌ڵێت( ئه‌گه‌ر نه‌وت له‌ژێر ده‌ستی هاوپه‌یمانه‌کاندا نه‌بووایه ، نه‌یانده‌توانی له جه‌نگدا به‌سه‌رماندا سه‌ربکه‌ون ) . پاشتر ده‌ڵێت( پێویستیه‌کانمان به نه‌وت ، یه‌کێک بوو له هۆکاره سه‌ره‌کیه‌کانی دۆڕاندنمان له جه‌نگدا) . بۆ یه‌که‌مجار هاوپه‌یمانه‌کان نه‌وتیان وه‌کو چه‌کێک له دژی ئه‌ڵمانه‌کان به‌کارهێنا. چونکه هه‌روه‌ک نوێنه‌ری حکومه‌تی فه‌ره‌نسی( هنری بیرانجه) له کۆنگره‌ی رۆمای ساڵی 1918 ووتی ( نه‌وت وه‌کو خوێن وابوو بۆ جه‌نگه‌که) . نه‌وت له‌پاش جه‌نگی یه‌که‌می جیهانیه‌وه ، رۆڵی ته‌واوی له‌پرسی ئاشتی و جه‌نگدا گێرا. هه‌ر له‌وکاته‌وه دورشمی ( کێ خاوه‌نی نه‌وت بێت، خاوه‌نی هه‌موو جیهانه) به‌رزکرایه‌وه.
حه‌وت خوشکه هاوپه‌یمانه‌که
بۆ کۆنترۆڵکردنی نه‌وت ، کۆمپانیا گه‌وره‌کانی جیهان به‌تایبه‌ت ( ئینگلیزی و ئه‌مه‌ریکی)له شه‌ڕێکی به‌رده‌وامدا بوون. ئه‌م شه‌ڕه تاساڵی 1928 به‌رده‌وام بوو. به‌ڵام له 17 سێپته‌مبه‌ری 1928 له سکۆتلاند به ده‌ستپێشخه‌ری Sir Henri Deterdingسه‌رۆکی کۆمپانیای Shell، ڕێکه‌وتنامه‌یه‌ک له‌نێوان هه‌ر 7 کۆمپانیا گه‌وره‌کانی جیهان مۆرکرا، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وتی جیهان له نێوان خۆیاندا دابه‌شبکه‌ن و کۆتایی به شه‌ڕی کۆمپانیاکان بهێنرێت. ئه‌و 7 کۆمپانیایه‌ش بریتی بوون له Shell, BP, Esso. Mobil, Texaco, Chevron,Gulf Oil. ) ) . ئه‌م 7 کۆمپانیایه‌ش هه‌موویان ئینگلیزی و ئه‌مه‌ریکی بوون. دیاره له‌وکاته‌وه هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆش ، ئه‌م کۆمپانیایانه زاڵ بوون به‌سه‌ر نه‌وتی جیهاندا و ڕۆڵی سه‌ره‌کیشیان له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ردوو وڵات‌دا هه‌یه.
نه‌وتی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و زلهێزانی جیهان
پاش ئه‌وه‌ی ڕۆڵی نه‌وت زیادیکرد، ساڵی 1889 ،سوڵتان عه‌بدالحمید فه‌رمانێکی بۆ ماڤی گه‌ڕان و پشکنینی نه‌وت له عێراق و کوردستان ده‌رکرد. ئه‌م مافه‌ش ته‌نها به ناوی خۆیه‌وه بوو، واته ئه‌و خاوه‌نی سه‌ره‌کی کۆمپانیاکان بوو. یه‌که‌م ده‌وڵه‌تیش که هه‌وڵی سوود وه‌رگرتنی له‌م فه‌رمانه کرد، ئه‌مه‌ریکیه‌کان بوون . یه‌کسه‌ر ئه‌دمیڕاڵێکی ده‌ریاوانی ئه‌مه‌ریکی به‌ناوی ئه‌دمیرال شستر، نارد بۆ ئه‌ستانه‌و له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عوسمانی که‌وته گفتووگۆ. به‌ڵام سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو ، چونکه ئه‌ڵمانیه‌کان هه‌وڵی باشتریان دا. ئه‌وه‌بوو ئیمپراتۆری ئه‌ڵمانی غلیوم ، سه‌ردانی ئه‌ستانه‌ی کرد و پاشانیش سه‌ردانی دیمه‌شقی کرد و چووه سه‌ر مه‌زارگه‌ی سه‌لاحه‌دینی ئهیبووی و چه‌پکه گوڵێکی له‌سه‌ر دانا. به‌م شێوه‌یه‌ش ئه‌ڵمانیه‌کان چوونه دڵی جیهانی ئیسلامه‌وه. ساڵی 1911 کۆمپانیای نه‌وتی توورکی دامه‌زرا. پاش ساڵێک واته 1912 بۆ یه‌که‌مجار تیمێکی ئه‌ڵمانی ، له قه‌راج نزیکی که‌رکووک ، نه‌وت ده‌دۆزنه‌وه. به‌م شێوه‌یه‌ش نه‌وتی کوردستان که‌وته به‌رچاوی جیهان.
هێڵی ئاسنی رۆژهه‌ڵات( هێڵی / به‌غداد
هێڵی ئاسنی رۆژهه‌ڵات(هێڵی /به‌غداد) ، به‌یه‌کێک له پرۆژه گه‌وره‌کانی سه‌ده‌ی پێشوو ده‌ژمێرێت. ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌م هێڵه‌ش نه‌وت بوو. ئه‌وه‌بوو ساڵی 1903به‌پێی ئه‌و ڕێکه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عوسمانی کرابوو. ئه‌ڵمانیاکان بۆیان هه‌بوو ، 20 کم بهههردوودیوی هێڵه‌که‌دا بۆ نه‌وت بگه‌ڕێن . ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش له‌لایه‌ن حکومه‌تی ئه‌ڵمانیاوه پشتگیری ده‌کراو ، بانکی ئه‌ڵمانیش Deutsche Bank، له‌ڕووی دارایه‌وه پشتگیری ده‌کرد. ئه‌م هێڵه نزیکه‌ی 1600 کم درێژ بوو. هه‌تا سنووری ده‌وڵه‌تی کوه‌یتی ده‌گرته‌وه. ئامانجی عوسمانیه‌کانیش زیاتر سه‌ربازی بوو تا ئاوه‌دانکردنه‌وه. بۆئه‌وه‌ی هه‌موو ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیان له ڕێگای ئاسنینه‌وه کۆنترۆل بکه‌ن. هه‌ر لێره‌شه‌وه نه‌وتی عێراق و کوردستان بوو به یه‌کێک له شوێنه گرنگه‌کانی جیهانی نه‌وت .
ئینگلیز و نه‌وتی رۆژهه‌ڵات
ئینگلیزه‌کان وه‌کو زلهێزێکی ئه‌وکاتی جیهان، گرنگیه‌کی گه‌وره‌یان به رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ده‌دا. هۆکاری سه‌ره‌کیش نه‌وت بوو. پاش کۆتایی جه‌نگی یه‌که‌می جیهان ، له ڕێگای ڕێکه‌وتننامه‌ی سایک بیکۆ، هه‌موو رۆژهه‌ڵات له نێوان ئینگلیز و فه‌ره‌نسا دابه‌شکرا. سه‌ره‌تا ولایه‌تی موسڵ به‌ر فه‌ره‌نسیه‌کان ده‌که‌وت ، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی که نه‌وتی تێدا دۆزرایه‌وه ، ئینگلیزه‌کان توانیان له فه‌ره‌نسای بستێننه‌وه‌و بیخه‌نه سه‌ر عێراق. پاش جه‌نگی یه‌که‌می جیهان ، به‌هاوبه‌شی کۆمپانیایه‌کی ئه‌مه‌ریکی ، ساڵی 1929 کۆمپانیای نه‌وتی عێراق دروست ده‌کرێت. له 27 ئۆکتۆبه‌ری 1930 ، بۆ یه‌که‌مجار ده‌ست به ده‌رهێنانی نه‌وتی که‌رکووک ده‌کرێت. ئینگلیزه‌کان جگه له نه‌وتی عێراق ، هه‌وڵی نه‌وتی ئێرانیشیان دا. بۆ یه‌که‌مجار له ئایاری 1908 ، کۆمپانیای به‌ریتانی و فارسی دروست ده‌کرێت. ساڵی 1909 / 1910 ده‌ست ده‌که‌ن به دروستکردنی پاڵاوگه‌ی نه‌وتی عه‌بادان . ساڵی 1913 به‌رهه‌می ئه‌م پاڵاوگایه گه‌یشته 400 هه‌زار ته‌ن . ساڵی 1933 ئینگلیزه‌کان له‌گه‌ڵ ڕه‌زا شای ئێران‌دا ڕێکه‌وتنێکیان مۆرکرد. به‌پێی ئه‌م ڕێکه‌وتنه ، ئینگلیزه‌کان مافی ده‌رهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی ئێرانیان وه‌رگرت . له‌به‌رامبه‌ردا ده‌بوایه ساڵانه 4 ملیۆن پاوه‌ند به حکومه‌تی ئێران بدده‌ن، ساڵانه‌ش به‌رهه‌می نه‌وت به‌رزبکرێته‌وه‌و ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ش تاساڵی 1950 بۆ 16 ملیۆن پاوه‌ند زیادبکرێت. دیاره ئه‌م کۆمپانیایه ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی له باری ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئێران‌دا بینی . له شاری عه‌بادان گه‌وره‌ترین پاڵاوگه‌ی نه‌وتی له جیهاندا دروستکرد. زیاتر له 53 هه‌زار کرێکار کاری تێدا ده‌کرد. به‌ڵام له باری سیاسیه‌وه ، هه‌موو ئێرانیه‌کان به چاوی ڕقه‌وه سه‌یری ئه‌م کۆمپانیایه‌یان ده‌کرد. پرسی خۆماڵیکردنی نه‌وتی ئێران ، بوو به باسی گرنگی هه‌موو سیاسیه‌کانی ئێران. ئه‌وه‌بوو سه‌رۆک وه‌زیرانی ئێران محمد مصدق ساڵی 1951 سیاسه‌تی خۆماڵیکردنی ئیعلان کرد. بۆ ئه‌م سیاسه‌ته‌ش پارتی کۆمۆنیستی ئێران ( توده) و باڵی ئایینیش به سه‌رۆکایه‌تی ئایه‌ته الله ابو قاسم کاشانی پشتگیریان کرد. به‌ڵام ئینگلیزه‌کان به‌یارمه‌تی ئه‌مه‌ریکا ، توانیان کوده‌تایه‌ک دژی مصدق بکه‌ن و هه‌وڵه‌که‌ی پووچ بکه‌نه‌وه. جێگای ئاماژه‌یه ئه‌وکات زیاتر له 28 هه‌زار عه‌سکه‌ری ئه‌مه‌ریکی له ئێران بوون. که جه‌نه‌ڕاڵ ( نۆرمان شوارتس کۆپف) سه‌رۆکایه‌تی ده‌کردن. له 11 ئۆگوستی 1953 CIA ئه‌مه‌ریکا ، له‌ڕێگای جه‌نه‌ڕال شوارتس کۆپفهوه ، کۆتایی به حکومه‌ته‌که‌ی مصدق هێنا. ئه‌مه‌ش یه‌که‌مین کووده‌تای سه‌ربازی بوو که CIA له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا کردی.
ڕۆڵی نه‌وت له ئابووری جیهاندا
ئه‌مڕۆ نه‌وت به یه‌کێک له شاده‌ماره‌کانی ئابووری جیهان ده‌ژمێرێت. هیچ ده‌وڵه‌تێک ناتوانێت ئابووریه‌کی به‌هێزی هه‌بێت، گه‌ر بیر له نه‌وت نه‌کاته‌وه. رۆژ له دوای رۆژیش پێداویستی جیهانی زیاد ده‌کات . ئه‌مڕۆ پێداویستی جیهان رۆژانه 87 ملیۆن به‌رمیل نه‌وته. ئه‌مه‌ریکا زۆرترین رێژه‌ی به‌کارهێنه‌ری جیهانه. رۆژانه 20.1 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی پێویسته. پاشان کۆماری چین دێت رۆژانه 6 ملیۆن به‌رمیل . پاشان ژاپۆن 5.5 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت . یه‌که‌مین ده‌وڵه‌تی هه‌نارده‌ی نه‌وتیش ، عه‌ره‌بستانی سعودیه. که ڕێژه‌ی17.1% هه‌نارده‌ی نه‌وتی جیهان به‌رهه‌م ده‌هێنێت. پاشان رووسیا رێژه‌ی 11.4% جیهان. ئێران 5.7% ی جیهان. ئیماراتی عه‌ره‌بی 5.5% ی جیهان پێک ده‌هێنێت. ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ش به‌هۆی نه‌وته‌وه ،له‌لایه‌که‌وه توانیویانه داهاتێکی باش بۆ خۆیان په‌یدابکه‌ن ، له‌لایه‌کی تریشه‌وه له‌سیاسه‌تی جیهانیدا شوێن و پێگه‌یه‌کی باشیان هه‌بێت. بۆ نموونه سعودیه ، به‌هۆی نه‌وته‌وه توانیویه‌تی پێگه‌یه‌کی باش له سیاسه‌تی ناوچه‌که‌و جیهاندا هه‌بێت. ئه‌مڕۆ نه‌وت به‌یه‌کێک له کۆڵه‌که سه‌ره‌کیه‌کانی ئابووری سعودیه و عێراق و ئێران ، وڵاتانی که‌نداو ده‌ژمێرێت. له‌لایه‌کی تره‌وه نه‌وت ڕۆڵێکی گرنگی هه‌یه ، له پیشه‌شازی پترۆکیمیاوی و کیمیاوی ، ده‌رمانسازی دا. ئه‌م پیشهشازیانهش داهاتێکی باشیان ده‌ست ده‌که‌وێت. جگه‌له‌وه‌ی نه‌وت به‌شداری به‌شێکی زۆری به‌رهه‌مهێنانی کاڵاجۆربهجۆرهکانی تر ده‌کات.
کێشه‌کانی نه‌وت
یه‌کێک له کێشه‌کانی نه‌وت نرخه‌که‌یه‌تی . هه‌تاوه‌کو ئه‌مرۆش نرخی نه‌وت جێگیر نییه. زۆرجار کێشه سیاسیه‌کانی ناوچه‌که ، نرخی نه‌وت دیاری ده‌که‌ن. ساڵی 1864 نرخی یه‌ک به‌رمیل 8.4 دۆلاری ئه‌مه‌ریکی بوو. پاشان ساڵی 1876 دابه‌زیه سه‌ر 2.5 دۆلار. ساڵی 1931 که‌مترین نرخی هه‌بوو کاتێک گه‌یشته 65 سه‌نت بۆ یه‌ک به‌رمیل نه‌وت. به‌ڵام نه‌وت له‌پاش ساڵی 1974 به‌تایبه‌ت پاش کێشه‌ی نه‌وت، نرخی به‌رزبوویه‌وه بۆ 11.48 دۆلار. به‌م شێوه‌یه‌ش ئه‌و وڵاتانه داهاتێکی باشیان ده‌ستکه‌وت و توانیان چه‌ندین نه‌خشه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی گه‌وره ئه‌نجام بدده‌ن. به‌تایبه‌ت عه‌ره‌بستانی سعودی سوودێکی زۆری له به‌رزی نرخی نه‌وت بینی. ساڵی 2007/2008 نرخی نه‌وت گه‌یشته لووتکه‌ی ، کاتێک گه‌یشته نزیکی 150 دۆلار بۆ به‌رمیلێک . به‌ڵام له‌هه‌مانکاتیشدا وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا ، داهاتێکی زیاتریان له ڕێگای باجه‌وه له‌سه‌ر نه‌وت ده‌ستده‌که‌وێت. به‌تایبه‌ت ئه‌وروپا له‌رێگای باجی نه‌وته‌وه ، داهاتێکی زۆری ده‌ستده‌که‌وێت.
کێشه‌یه‌کی تر ئه‌وه‌یه، نه‌وت بۆ گه‌ڕان و پشکننین، ده‌رهێنان و گواستنه‌وه‌ی، پێویستی به سه‌رمایه‌یه‌کی زۆری بێگانه هه‌یه . له‌هه‌مانکاتیشدا پێویستیه‌کی زۆریش به ته‌کنه‌لۆژیای مۆدێرن هه‌یه، که‌به‌شێکی زۆری ئه‌و وڵاتانه نیانه. هه‌ربۆیه ده‌بێت به‌ناچاری پشت به وڵاتانی رۆژئاوا ببه‌ستن ، چونکه ئه‌وان له‌م بواره‌دا زۆر پێشکه‌وتوون.
ڕۆڵی نه‌وت له ئابووری عێراق
نه‌وت هه‌تا ساڵانی حه‌فتاکان ، ڕۆڵی هێنده نه‌بوو له ئابووری عێراق دا. بۆ نموونه ساڵی 1932 ته‌نها له 12.4 % ئابووری عێراقی پێک ده‌هێنا. پاشان ساڵی 1941 گه‌یشته 14.4% ئابووری عێراق. به‌ڵام ساڵی 1979 گه‌یشته 61.4 % . ئه‌مرۆ داهاتی سه‌ره‌کی عێراق نه‌وته. داهاتی ساڵی 1932 نه‌وت ته‌نها 524 هه‌زار دیناری عێراقی بوو. ساڵی 1941 گه‌یشته 1.463 هه‌زار . واته نزیکه‌ی یه‌ک ملیۆن و نیو دینار. به‌ڵام پاشتر رۆڵی سه‌ره‌کی له داهاتی عێراق گێرا، به‌تایبه‌ت له ده‌ستکه‌وتنی دراوی گران به‌ها ( دۆلار). ساڵی 1977 گه‌یشته 9.631 ملیۆن دۆلار. ساڵی 1979 ، 21.291 ملیۆن دۆلار . 1980 ، گه‌یشته 25.281 ملیۆن دۆلار . ئه‌مه‌ش لووتکه بوو بۆ ئه‌و ساڵانه. به‌ڵام پاشتر به‌هۆی جه‌نگی عێراق و ئێرانه‌وه، هاته خواره‌وه، ساڵی 1986 ته‌نها 6.600 ملیۆن دۆلار . ساڵی 1988 واته کۆتایی جه‌نگه‌که ، 11.700 ملیۆن دۆلار بوو.
به‌ڵام رژێمی به‌عس له‌جیاتی ئه‌وه‌ی داهاتی نه‌وت بۆ خۆشگووزه‌رانی و پێشکه‌وتنی عێراق به‌کاربهێنێت، نه‌وتی کرده زووخاوو کردی به قوورگی هه‌موو گه‌لانی عێراق دا. به‌شی زۆری داهاتی نه‌وت ، خرایه قوورگی کۆمپانیاکانی چهکو ته‌قه‌مه‌نی جیهانیه‌وه. گه‌لی عێراقیش جگه له ماڵوێرانی و کووشتن و برسێتی و هه‌ژاری و نه‌خۆشی ، هیچ سوودی له‌م ئاڵتوونه ڕه‌شه نه‌بینی.
کورد و نه‌وت
دیاره له هه‌رچوار پارچه‌ی کوردستاندا نه‌وتێکی زۆر هه‌یه. به‌ڵام هه‌مووکاتێک جگه له‌زیان هیچ سوودێکی به‌گه‌لی کورد نه‌به‌خشیوه. داگیرکه‌رانی کوردستان ، داهاتی نه‌وتیان بۆ کوشتن و سووتاندنی کوردستان به‌کارهێناوه. له‌پاش ڕاپه‌ڕینه‌وه له باشووری کوردستان ، قسه‌وباسێکی زۆر له‌سه‌ر ده‌رهێنان و سوود وه‌رگرتن له نه‌وتی کوردستان کرا. وه‌لێ به‌هۆی جه‌نگی ناوخۆوه ، ئه‌م قسه‌وباسانه هیچی سه‌وز نه‌کرد. له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا ، نه‌وت به‌شێوه‌یه‌کی ره‌سمی له کوردستان ده‌رده‌هێنرێت و کۆمه‌ڵێک کۆمپانیای جیهانیش سه‌رمایه‌گووزاری له بواری نه‌وت دا کردووه. ئه‌وه‌ی که زۆر گرنگه ، پێویسته حکومه‌تی کوردستان ، سیاسه‌تێکی تۆکمه و گوونجاو بۆ نه‌وت و داهاته‌که‌ی دابنێت. زۆر گرنگه ئه‌م نه‌وته بۆ خۆشگووزه‌رانی و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی کوردستان دابنرێت. پێویسته وه‌کو ده‌وڵه‌تانی که‌نداو ، سندوقێکی تایبه‌ت بۆ داهاتی نه‌وت دابنرێت. ئه‌م سندوقه‌ش بۆ پرۆژه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه ته‌رخان بکرێت. جێگای ئاماژه‌یه ،له‌عێراقیش ئه‌م سندوقه هه‌بوو. ساڵی 1950 ( مجلس الاعمار ، ئه‌نجومه‌نی ئاوه‌دانکردنه‌وه) دامه‌زرا . که‌له
( 6 عێراقی و ئینگلیزێک و ئه‌مه‌ریکیه‌ک) پێکهاتبوو. کاری ئه‌م ئه‌نجومه‌نه ئه‌وه‌بوو ، که داهاتی نه‌وت بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه به‌کاربهێنرێت . سه‌ره‌تا هه‌موو داهاتی نه‌وتیان بۆ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه ته‌رخانکرد . به‌ڵام دواتر له کۆتایی پهنچاکاندا بۆ ڕێژه‌ی 70% دابه‌زی . پاشان ساڵی 1961 ئه‌م ڕێژه‌یه بۆ 50% دابه‌زی و پاشانیش وه‌زاره‌تێکیان به‌ناوی ( نه‌خشه‌کێشان ، التخطیط) دامه‌زراندا. به‌ڵام پاشتر به‌هاتنی به‌عسیه‌کان ئه‌م ئه‌نجومه‌نه نه‌ما و هه‌موو داهاتی نه‌وت بۆ عه‌سکه‌رتاری به‌کارهات. واته عێراق له‌سه‌رده‌می ئینگلیزدا زیاتر سوودی له داهاتی نه‌وت ده‌بینی ، تا کاتی ده‌سه‌ڵاتداری به‌عسیه‌کان . زۆر گرنگه ئه‌مرۆ ئه‌نجومه‌نێکی ئاوا پێکبهێنرێت . له‌هه‌مانکاتدا ئه‌م سامانه مافی نه‌وه‌کانی تری کوردستانیشه. پێویسته هه‌ر له ئێستاوه مووشوری نه‌وه‌کانی تریش بخورێت. هه‌ر وه‌ک چۆن له وڵاتانی که‌نداو ئه‌م کاره‌یان کردووه. له‌لایه‌کی تره‌وه پێویسته وه‌زاره‌تی نه‌وت ، پشت به کۆمه‌ڵێک که‌سانی پسپۆر له‌بواری نه‌وت ( ده‌رهێنان، گواستنه‌وه، ساخکردنه‌وه له‌بازاره‌کانی جیهان) ببه‌ستێت. که‌سانێک که شاره‌زایی ته‌واویان ده‌رباره‌ی پیشه‌شازی نه‌وت هه‌بێت. یه‌کێک له‌و هه‌وڵه دڵخۆشکه‌رانه‌ی پارتی ئه‌وه‌بوو ، که‌سێکی پسپۆری وه‌کو ( ئاشتی هۆرامی) کرد به وه‌زیری نه‌وت . به‌ڕاستی کاک ئاشتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که هه‌ندێک ڕه‌خنه و گله‌یی لێده‌کرێت ، به‌ڵام که‌سێکی شاره‌زاو به‌توانای بواری نه‌وته . هیوادارین له داهاتوودا هه‌وڵی جددی تر بدات ، بۆ پێشخستن و گه‌شه‌سه‌ندنی پیشه‌شازی نه‌وت .
له‌کۆتاییدا هیوادارم له ڕێگای ئه‌م چه‌ند دێڕه کوورتانهوه ، تیشکێکی بچووکم خستبێته سه‌ر جیهانی پان وبه‌رینی نه‌وت .
سه‌رچاوه‌کان :
1. عادل عبد المهدی . الاقتصاد العراقی : اقتصاد مرتهن / اقتصاد مافیوی. الثقافة الجدیدة. العدد. 305. آذار 2002.
2. یوسف ابراهیم یزبک. النفط مستعبد الشعوب. الطبعة الثانیة. منشورات وزارة الثقافة فی الجمهوریة السوریة. دیمشق. 1990.
3. محمد حسنین هیکل . مدافع آیة الله . قصة ایران و الثورة . الطبعة الثالثة . 1983 . دار الشروق. القاهرة.
4. F.William Engdahl. Mit der Ölwaffe zur Weltmacht. Dr, Böttiger Verlag.2000.
5.. Erdöl. Das Grüne Gold der Erde. W. Fischer .Verlag. Franz Kurowski
Göttingen. 1971.
6..de. Erdöl www. Wikipedia
7. www.Wikipedia. De. Eröl Weltförderung